خوێنەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ناو ڕووبەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی پێش هەر قسەکردنێک لەسەر یاداشتنامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئیمزای جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی لەسەرە بفەرموون لەگەڵ دەقی نووسراوەکە وەک خۆی و بەهەڵەکانەوە:
هاوپێچ لەگەڵ نوسراوماندا وێنەیەک لە یاداشتی هەر یەکە لە لیژنەی تەندرووستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا دەنێرین بۆتان سەبارەت بە پرسی (جێندەر) بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان لەئەنجام نەدان و ڕێگەنەدان بەهیچ جۆرە چالاکیەکی لەم جۆرە لەناو بینای فەرمانگەکان کە ئەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو مەترسی بۆ سەر گەنجان و نەوەکانمان.
لەگەڵ ئەوەی نە ئەنجومەنی پارێزگا، نە سەرۆکەکەی و نە جێگرەکەشی دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لەم شێوەیەیان نیە، بەڵام یاداشتنامەکە لەبارەی جەندەرەوەیە، بەزمانی بڕیار نووسراوە، هیچ پاساوێکیش دەربارەی بوونی هەڵەی تایپ ئەم فەزیحەیە ناشارێتەوە، چونکە هەموو دەقێکی لەم شێوەیە بەبێ پێداچوونەوەو دووبارە بینینەوەی لەلایەن خاوەن ئیمزاوە بڵاوناکرێتەوە، کەواتە ئەوە تایپێست نیە هەڵەی کردووە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ئیمزای کردووە، بەلای منەوە ئەمە فەزیحەیە کە بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی زمانی دایک بەباشی نەزانێت و هەڵە لە نووسیندا بکات.
ئاستێکی تری فەزیحەکە لەوەدایە کە هەردوو لیژنەی تەندرووستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا، ڕۆڵی خۆیان لەبیردەچێتەوەو دەبنە ئەو پۆلیسەی لە خەونی خۆیدا خەڵک سەرکوت دەکات. باشە خۆ مەسەلەی جەندەر کە ئیسلامی و سەلەفییەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ شێواندنی چەمک و بەکارهێنانی پەیوەستە بەو ڕۆڵەی کە تاکەکان دەیبینن نەک جەستە و سێکس. یانی ژنێک لە کێڵگەکدا کار دەکات یان پیاوێک لە مەتبەخدا، هەروەها چەندەها بواری تری ژیان کە لە کۆنەوە کۆمەڵگەی کوردی پێی ئاشنا بووەو ژن و پیاوە پێکەوە کاریان تیاکردووە، بەڵام بەردەوام مافی لایەنێکی تیا پێشێلکراوە، واتە ژن کاری کردووەو مافی نەبووە. کەواتە، زەحمەت نەبێت پێمان نالێن تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی لە کوێدایە، لە کاتێکدا مەسەلەی جەندەر پەیوەست بێت بە یەکسانیی لە ڕۆڵ و مافدا؟
دەکرا یاداشتنامەکە داخوازییەک بێت بۆ دیبەیتێکی کۆمەڵایەتی و بەشداریکردنی خەڵک و ناوەندو سەنتەرە ئەکادیمییەکان لەسەر بابەتێک کە بوەتە هۆی دابەشبوونی ڕای گشتی، بەپێچەوانەی ئەمەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و دوو لیژنەی ئەنجومەنەکەش، بوونە بەشێک لە بەرەی سەلەفی و ئیسلامییەکان و دژایەتی بەرەکەی تر دەکەن کە داخوازن یەکسانیی هەبێت لە دابەشکردنی ڕۆڵ و ئەرک و مافدا لەنێوان ژنان و پیاواندا.
بەم شێوەیە ئەوان نەک تەنها نیەت خراپیی خۆیان خستەڕوو، بەڵکو بوونە بەشێک لە خودی کرداری خراپەکاری، چونکە ئەرکی سەرەکی سیستمی حوکمڕانیی لە هەر ئاستێکدا بێت، پاراستنی ڕووبەری گشتی و ڕاگرتنی بێلایەنییە، هەروەها دابینکردنی مافی گروپ و تاکەکان لەو ڕووبەرەدا نەک پاڵپشتی بەرەیەک دژی بەرەیەکی تر.
ئاستێکی تری گرفتەکە لەوەدایە لۆمەی میدیا بکرێت، گوایە ڕۆژنامەنووسان لە ناوەڕۆکی یاداشتانەکە تێنەگەیشتوون. لە ڕوویەکەوە ئەمە راستەو دەکرا ڕۆژنامەنووسان پێش بڵاوکردنەوە پرسیار لە سنووری دەسەڵات و بڕیاری ئەنجومەن بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم دەبێت لۆمەی خودی ئەنجومەن و ئاستی زمانەوانی ئەندامان و بیرکردنەوەیان بکرێت.
هەڵەکە هی ئەوانەو میدیا بێبەرییە لێی. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ڕۆژنامەنووسیش نەبێت، بەڵگەنامەکە وەک بڵاوبکاتەوە، خەڵک چۆن لێی تێدەگات؟ بەدڵنیاییەوە وەک بڕیار، چونکە بەزمانی بڕیارو بە کوردییەکی خراپ نووسراوە.
بەڕاستی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەسینای پایتەختی یۆنان، پێنچ سەدە پێش زایین، واتە پێش ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، زۆر لەئێوە باشتر حوکمی شارێکیان دەکرد. هەر لەم ڕووانگەیەوە پێشنیاری ئەوەتان بۆ دەکەم کتێبی (ئەسینا لە سەردەمی پێرەکلیس)دا بخوێننەوە، لەوانەیە کتێبێکی لەم جۆرە قەناعەتتان پێبکات کە ئێوە لایەقی حوکمڕانیی نین.