قەنات كەلەش خدر، ڕۆژی 9/ ئەیلول/ 1909 لە گوندی سوزی لە ناوچەی قانزمان لە هەرێمی قارس لە دایبابێكی ئێزیدی هاتۆتە دنیاوە، قارس، ئەو ڕۆژگارە بەشێك بووە لە ئیمپراتۆریای عوسمانی، ئێستا یەكێكە لە پارێزگاكانی توركیا و دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كورد؛ ئەرمهن، تورك و ئازەری. سوزی ئەوكات لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسەكان دا بوو، بەڵام لە جەنگی جیهانی یەكەمدا خاپوور كرا و ئەمێستاكە ئاسەواری نەماوە.
ساڵی 1918 توركان قەتڵوعامی ئەرمەنێكانیان كرد، ماڵباتی كۆردۆیڤ ئاوارە و پەڕاگەندە بوون و لە ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستان بوون بە پەناهەندە و لە گوندی كۆربڵاخ گیرسانەوە، ئاواییەكە پاكیان كوردبوون، ئەوكات ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا بوو، توركان ناوچەكەیان داگیركرد و پەلاماری گوندە كوردنشینەكانیاندا، ماڵباتی “كۆردۆیڤ” هەڵهاتن و ناوچەكەیان بە جێهێشت، پاشماوەیەك لە ئاوارەی و پەڕاگەندەیی گەڕانەوە پاپاران، بابی دەستی بە كۆڵكێشی و بارەبەری كرد، ساڵی 1920 ڕوویان لە گورجستان كرد و لە شاری تەفلیس نیشتەجێبوون، دووبارە كەلەشی بابی شانیدایە بەر حەماڵی و ڕەنجبەری تا لە ساڵی 1921 ژین ئاوایی كرد.
ساڵی 1921 بە دەستپێكی خوێندنی “كۆردۆیڤ” لە خوێندنگەی “هاكۆپ گازرایانی” ئەرمەنی دیاریكراوە، ئەو قوتابخانەیە تاكە خوێندگەی كوردی بووە لە شارەكەدا، ساڵی 1928 خوێندنی سەرەتایی لەو مەكتەبە تایبەتیە تەواوكردووە، دواتر پەیوەندی بە كۆلێژی “كارگەران” لە لینینگراد كردووە، ئەوكات كۆلێژی ناوبراو بەرانبەر خوێندنی ناوەندی ئامادەیی بووە، لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەیدا درێژە بە خوێندن دەدەن، ساڵی 1936 بڕوانامەی دیبلۆم بە دەستدەهێنێت، ساڵی 1941 بڕوانامەی دكتۆرا لە بەشی زمانە ئێرانێكان وەردەگرێت و لە پەیمانگای “ئەسنۆگرافیا” ی ئەكادیمیای زانستی سۆڤیەت دامەزراوە. لە نێوان ساڵانی “1939 تا 1941” جێگری یاریدەدەری ڕۆژهەڵاتناسی لە پەیمانگای ئەكادیمایی زانستی بووە، دواتر ڕەوانەی كارگەی “شەفەقی سوو” دەكرێت، لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە نێوان ساڵانی 1941 تا 1943 بەشداری جەنگی كردووە و چووەتە بەرەكانی شەر، بەرگری لە وڵات كردووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە؛ لەوانە خەڵاتی سوپای سوور و چەندین مەدالیای زێڕ.
ساڵی 1945 دەگەڕێتەوە لینیگراد و لە نۆوە تێهەڵدەچێتەوە، ساڵی 1950 دەبێت بە بەڕێوەبەری بەشی زمانی كوردی لە زانكۆی لینینگراد. ساڵی 1958 لە تەك ڕۆدینكۆ، ئیسحاق تسوكەرمان لە بەشی ئێرانی پەیمانگای ڕۆژ هەڵاتناسی خەریكی كوردناسیبوون، هەر لەو ساڵەدا بەشی كوردی جیاكراوەتەوە و كراوە بە بەشێكی سەربەخۆ، سەرەتا ” ئۆربێلی” سەرۆكی بە شەكە بووە، دواتر “كۆردۆیڤ” بە سەرۆك هەڵبژێراوە، ساڵی 1960 دكتۆرای ناوك وەردەگرێت و پلەی زانستی بۆ پرۆفیسۆر بەرز دەكرێتەوە، بەردەوام بووە لە خزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی تا ڕۆژی ژین ئاوایی لە 31/ تشرینی یەكەمی/ 1985 لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.
قەناتی كۆردۆیڤ، بەشی هەرە زۆری ژیانی بۆ نووسین و مان تەرخانكرد لە بوارەشدا خەرمانێك نووسینی بە جێهێشتووە لە وانە:-
1. بیرو باوەڕی قارەمانێتی لە وێژەی ئەحمەدی خانیدا.
2. ئەحمەدی خانی و بەرهەمی وێژەیی.
3. دروستبوونی وشە لە زمانی كوردیدا.
4. بیروباوەڕی ناڕاست لە بارەی زمانی كوردییەوە.
5. كورد لە پەرتووكی نەتەوەكانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا.
6. ڕێزمانی زمانی كوردی، وەرگێڕانی د. كوردستانی موكریانی 1983.
7. فۆلكلۆری كوردی چاپی 1972 بەغداد.
8. فەرهەنگی كوردی “زاراوەی سۆرانی و ڕووسی” بیست و پێنج هەزار وشەیە، چاپی مۆسكۆ 1983.
9. وەرگێڕانی شەرفنامە و …هتد.
لە یەكێك لە ماڵپەڕەكاندا بە زوانی ئینگلیزی و ڕووسی بە مشێوەیە گوزارشت لە فەرهەنگە كوردی ـ ڕووسیەكەی كۆردۆیڤ كرابوو “فەرهەنگەكە بیست و پێنج هەزار وشەی سۆرانی لە خۆ دەگرێت، لە وانە دەستەواژەكانی ڕۆمان، ئەدەبی كۆمەڵایەتی، ڕامیاری، هاوكات دەستەواژەكانی ماڵداری، پیشەی و پیشەسازی و …هتد.
فەرهەنگەكە تایبەتە بە زانایانی كورد و شارەزایانی ئێرانی، وەرگێر، مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆی ڕۆژهەڵاتی، دەتوانرێت لە لایەن كوردەكان و كوردەكانی شۆرەوییەوە بۆ فێربوونی زمانی ڕووسی كەڵك لە فەرهەنگەكە وەربگرن.
سەرپەرشتیاری چەندین نامەی خوێندكارانی خوێندنی باڵای كورد و بیانی كردووە؛ بە نموونە مارف خەزنەدار، ئەورەحمانی حاجی مارف و كاوس قەفتان و چەندانیتر. ئەندامی كۆڕی زانیاری ” ئەكادیمیا” ی كورد و پەیمانگای كوردی بووە لە پاریس.