“بەفر و بۆرانی دنیا لە ڕادە دەرچووە و جیهان لە گرێژەنەی خۆی ترازاوە”
“لیۆنارد کۆهێن، داهاتوو”
ئایا پۆست مۆدێڕنە تەنها ئایدیایەکە، یان ئەزموونێکی کولتووری، یان دۆخێکی کۆمەڵایەتییە، یان ڕەنگە تێکەڵەیەک لە هەر سێکیان؟ بێگومان پۆست مۆدێڕنە وەکوو ئایدیایەک یان شێوازێک لە ڕەخنە لە زەینی ڕۆشنبیران و لە ناو میدیاکاندا ئامادەیە. لە دەیەی ١٩٨٠ بە دواوە، ئەم ئایدیایە باسێکی بەربڵاوی-هەندێ جار تووند و هەندێجار پڕ نیگەرانی- لە زۆرێک لە باڵەکانی زانست لە جوگرافیاوە بگرە تا ئیلاهیات و لە فەلسەفەوە بۆ زانستە سیاسییەکان، پەرە پێ داوە. مێژووی مشت و مڕی توندوتۆڵ لەسەر “پۆست مۆدێڕنیسم” لە بوارەکانی هونەر، تەلارسازی، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی فیلم بڕێک دوور و درێژترە. هەندێک لە بیناکان لەوانە وەکوو بینای پشتەوەی نیگارخانەی نەتەوەیی ڤێنتۆریی لە لەندەن، ڕۆمانهایەکی وەکوو ئایەتە شەیتانییەکان و، هەڵبەت فیلمانێکی وەکوو “بلید ڕانێر” هەر کامەیان لە قۆناغێکدا زەینی زۆرێک لە خەڵکانی بەخۆیەوە مەژغووڵ کرد. ئاماژە بە پۆست مۆدێڕنە، لە گاڵتەکردنی کۆتاییهاتنی قۆناغی چاپکردنی کاغەزی ڕۆژنامەوە بگرە تاکوو درامایەکی سێ بەشی لەم دواییانە بە ناوی شتە ڕاستییەکە (١٩٩٢) لە تەلەڤیزیۆنی بی بی سی لە بەریتانیا، بەناچاری هاتووەتە پانتای گشتییەوە و لەوێش شوێنپێی بە ئاسانی دەبینرێتەوە. کەواتە {ئایدیا}ی پۆست مۆدێڕنە بەگشتی لە قوولەی قافەوە دابەزیوە و هاتووەتە ناو خەڵکەوە و بۆ زۆرێک بەبیرهێنەرەوەی ژماریەک ئەزموونی زیندووی ڕۆژانەیە کە لەگەڵی دەستەویەخە دەبین.
لەگەڵ ئەمەشدا ڕەنگە ئایدیای پۆست مۆدێڕنە (لە هەمان کاتدا) دەرهاوێشتە و دروستکراوی زەینی کەسانی سەوداسەری ناو زانکۆ، یان دەرئەنجامی غەڵبەغەڵب و هاش و هووشی خەڵکی ڕەشۆک، یان بەرهەمی دەسشۆردن لە هیوا ڕادیکاڵ و سەرکێشەکان بێت. بەڵام شوینپێگرتنی ئەم ئایدیایە بە بایەخە، چونکە ئێمە بەنیسبەت کۆمەڵێک لە پرسیارە گرینگەکان وشیار دەکاتەوە. هەستیاریی ئێمە دەورووژێنێت و یارمەتیمان دەدات تاکوو هەندێک لە بابەتەکان وەکوو کۆمەڵێک پرس چاو لێ کەین کە دەبێت ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدرێت. بەڵام سەرەتا دەمەوێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و لەڕووی هزرییەوە ڕەچەڵەک و ڕیشەکانی پیشان بدەم. مێژووی ئەم ئایدیایە چییە؟ کۆمەڵێکی زۆر گرینگی ئایدیا ڕۆژئاواییەکان بە {چەمک}ی (مەشییەت/خواست-ی ئیلاهی providence)یەوە دەست پێ دەکەن کە سەرەتا جێگاکەیان دەدەن بە (پێشکەوتن progress) و دواتر بەرەو (پووچگەرایی nihilism) لا دەدەنەوە. مەبەست لە خواستی ئیلاهی سەرنج و چاودێریی خودا لەسەر جیهان پاش ئافراندنی و ڕژدبوونەوەیەتی لەسەر پێشکەوتنی مێژوویی بۆ ڕێنوێنییکردنی جیهان بەرەو مەبەستێکی دیاریکراو. یەکێک لە هۆگرانی ئەم ئایدیایە ئۆگۆستین هیپویی، بیرمەندی مەسیحیی سەدەی چوارەم بوو کە تێڕامانەکانی لە شاری خودا کاریگەریی زۆر سازێنەری لەسەر شارستانییەتی ڕۆژئاوا دانا. ڕێبازی ڕەسەنایەتیی خواستی ئیلاهی هەر جۆرە جووڵەیەکی دوور و دەرەوەی مێژووی ڕەت دەکردەوە و لەباتی تەسلیم و ملکەچی و ڕازیبوون یان ڕەشبینی، هیوا و ئومێدی بڵاو دەکردەوە. پێداگری لەسەر جووڵەی بەرەو پێشەوەی مێژوو، بەتایبەتی لە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەریی سەرەتایی، بە ئاسانی لەگەڵ ئەم باوەڕە تێکەڵ کرا کە کاروباری جیهان بەگشتی بەرەو باشی دەڕوات. دەرهێنانی عەقڵ لە چنگی کلتووری سەدەکانی ناوەڕاست و نەریتەکانی، زۆرێکی بەرەو ئەم باوەڕمەندییە ڕاکێشا کە مرۆڤ توانایی ئەوەی هەیە بگات بە پێشکەوتنێکی زیاتر و خێراتر.
خاڵی ئایرۆنی ئەمە بوو کە ئەم ڕوانگەیە زیاتر لە لایەن شرۆڤەکارە مەسیحییەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرا. بەڵام بە پێداگریی لەسەر ڕۆڵی ئەقڵ و بەهادانی کەم بە چاودێریی خودا، تۆوی جۆرێکی دنیایی لە مەشییەت/خواستی ئیلاهییان چاند، واتە هەمان ئایدیای پێشکەوتن کە پێشتر سووکە ئاماژەیەکم پێ دا. متمانەکردن بە هەستەکانی مرۆڤ جێگەی بە متمانەکردن بە یاسا ئیلاهییەکان لەق کرد و ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی جیهانبینییە زانستییە مۆرێڕنەکان خۆش کرد. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەورووپا خەریکی جووڵە و بازدانێکی پشوودرێژ و خێرا بوو بەرەو پێشکەوتنی ئابووری و سیاسی. بەشێوەیەک کە ئانتۆنی گیدێنز دەڵێت:- “بە دەربڕینێکی دیکە، گەشەسەندنی هێز لە ئەورووپا پشتگیریی مادیی ئەم گریمانەیەی فەراهەم کرد کە تێڕوانینی نوێ لەبارەی جیهان لەسەر کۆڵەکەیەکی پتەو دانراوە کە هەم ئاسایش دابین دەکات و هەمیش دەربازبوون لە دۆگماتیزمەکانی نەریت مسۆگەر دەکات”.
بەڵام ئەم کۆڵەکەیە تا چ ڕادەیەک پتەو بوو؟ ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و هاوکات پرۆژەی مۆدێڕنە بۆ لەناوبردنی نەبوونی دڵنیایی و دووفاقێتی گەڵاڵە کران، بەڵام ئەقڵی خۆسالار گومان و دوودڵییەکانی خۆی هەبوو. لەڕاستیدا ئەگەر دەیەویست خۆی لە کەوتنە دوای دووبارەی “دۆگما” ببوێرێت، ئەرکی ئەوە بوو کە ئاوەها گومانئالوود و دوودڵ بێت. ڕێژگەرێتیی زانست بوو بە بەشێکی بنەمایی لە ئەندێشەی مۆدێڕن. بەڵام ڕەتکەرەوە و نکوڵیکاری دنیایی ئەندێشەی ئیلاهی بەهۆی ئەوەی کە بەدوای “یاسا” گشتگیرەکان بوو، ڕێژەگەرێتی بە مڵۆزمی خۆی دەزانی. هەنووکە، قبووڵکردنی گشتی تری ئەم ڕوانگەیە کە بینین و چاودێرییەکانی ئێمە گرێدراون بە گریمانەکانی ئێمەوە و، ئەم گریمانانەش وابەستەی جیهانبینییەکان و هەڵوێستەکانی دەسەڵاتن، ڕێژەمەندی-ئەگەر نەڵێین ڕێژەگەرێتی- سرووشتیتر دەردەخات. بەڕای ئەو کەسانەی کە تێڕوانینی نیچەییان هەیە، لێرەدا پووچبوونی خەونەکانی سەردەمی مۆدێڕن لەبارەی گشتیگیربوونی {زانست} دەبینینەوە. منداڵی پووچگەرایی لە منداڵدانی مۆدێڕنەدا شکڵی گرت. لە ترۆپکی باوەڕبەخۆبوونەکانی چاخی ڤیکتۆریایی، کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی و نیشتەجێبوون لە سنوورەکانی ئامریکای باکوور، باوەڕداریی بە پێشکەوتن لەوپەڕی خۆیدا ئامادە بوو. وادێتە بەرچاو کە ئەم باوەڕدارێتییە لە ژێر تیشکی هەندێ لە ڕووداوەکان(تا ڕادەیەک تایبەتمەند) پاساو دەدرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕووداوە ڕەشە گەورەکان هاتنە ئاراوە لەوانە “شەڕی مەزن” و “داڕمانی ئابووری”- هیواکان هەر هەمووی نەبوون بە بێهیوایی:- پێشانگای جیهانیی شیکاگۆ لە ساڵی ١٩٣٣دا سەدەیک پێشکەوتنی بەرز ڕاگرت و جەژنی بۆ گرت. سووسە ئیمانێک بە “پێشکەوتن” لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی تەنها بۆ ئەوە بوو کە لەڕێگەی گەشەی زانستی و تەکنەلۆژیی مەزن و بووژانەوەی بێوێنەی بەکارهێنان “بەرخۆری”، “پێشکەوتن” بەشێوەیەکی دەسکرد بووژێتەوە. بەڵام لە بنەوە لە هەنبانەکەدا درا! بە بەخشینی سەربەخۆیی سیاسی یەک لە دوای یەک بە دەوڵەتەکان، ئەو کۆلۆنیالیسمە هەڵوەشایەوە. بە شێواندنی ژینگە، کەمبوونەوەی سەرچاوە بێ جێگرەوەکان، و تەنکبوونەوەی توێژی ئۆزۆن، لێژایی داڕمان و داکەوتنی سیستەمی پیشەسازیی خێراتر بوو و ڕوخسارێکی سامناکی لەخۆی خستە ڕوو.
ئەنجامەکە بریتی بوو لە پرسیارئاژنگبوونی بەربڵاوی بنەما و دیسیپلینە قبووڵکراو و پەسەندکراوەکان. لە جیهانی ڕۆژئاوادا ڕاپەڕینێکی فەرهەنگیی بەرفراوان و مەزن، سنووربەندییە کۆنەکانی سست و کاڵ کردەوە و یان خراپتر هەر لە بنەوە هەڵیتەکاندن. دەیەی ١٩٦٠ کۆمەڵێک ئالنگاری و چالێنجی سیاسی و کلتووریی زۆر گرینگی خستە بەردەم: نەریت و سەلیقەکان ئامادە بوون تاکوو بدرێنە بەر هێرش و ڕەتکردنەوە. کۆمەڵێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ سەریان هەڵدا. شەڕی ڤییەتنام و دواتر ڤاتێرگەیت، ڕەشبینییەکەی زیاتر تۆخ کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، بزووتنەوەی دیموکراسی لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا چەکەرەی کرد و لە ڕووخانی کۆمۆنیسمیشیدا بەر و سەمەری خۆی پێگەیاند. بەم پێیە، ساڵەکانی ١٧٨٩ تا ١٩٨٩-واتە لە شۆڕشی فەرەنسەوە تا ڕووخانی سۆسیالیسمی بۆرۆکراتیکی دەوڵەتی- سەردەمێکی دووسەدەیی ڕەمزیی مۆدێڕنە بوو، کە لە ڕووی سیاسییەوە وەکوو خواستێک بۆ دروستکردنی جیهانێکی ئاوەزمەند بەیاندەکرا. بە نوشوستیکردنی خەونی شکۆمەندانەی بەڕۆژئاواییکردنی جیهان و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک دەنگی جۆراوجۆر لەوانەش ئیسلامی نەریتخواز، ئایدیای زانست یان کولتووری جیهانگیریش کەوتە ژێر پرسیارەوە. پێشکەوتن لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و گەشەی ئابوورییەوە لە باشترین حاڵەتدا وەکوو دیارییەکی دژواز دەرکەوت. ئەقڵ بە بارەتەقای خەونە شیرینەکانی، مۆتەکەشی لەگەڵ خۆی هێنا، و ئەقڵبێزی و دژەئەقڵبوونە هەڵخێزراوەکان لە فۆرمی مادەی هۆشبەر یان ئایینە نوێکان سیمایەکی باشتر و جوانتریان وەرگرت! وا دەهاتە بەرچاو کە ڕەوایەتیی سیاسی و جموجووڵی شارۆمەندی-کرێکاری کاڵ بوونەتەوە. ڕۆشنبیران لەگەڵ ئەم پرسە دەستەویەخەبوون کە ئایا ئەم دۆخە، قەیرانێکی کارەساتهێنە یان قەیرانێکی دەرفەتخولقێنە و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەستەواژەیەک کە باشترین تەعبیر لەم دۆخە بکات قسووریان نەکرد. “پۆست مۆدێڕنە” باشترین دەستەواژەیەکە تاکوو ئێستە بینیویانەتەوە.
کەواتە مەبەست لە پۆست مۆدێڕنە زیاتر لە هەر شتێک کاڵبوونەوە و پاشەکشەی مۆدێڕنەیە. جیاکردنەوەی پۆست مۆدێڕنیسم کە لە کاتی پێداگریی لەسەر بابەتە کلتوورییەکاندا بەکار دەهێنرێت، و پۆست مۆدێڕنە، کە لە کاتی پێداگریی لەسەر بابەت و کاروبارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکار دەهێنرێت، وەکوو پێشەکییەکی ئاسانکارانە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە باسەکە پێویستە. بەڵام بەگشتی “پۆست مۆدێڕنیسم” هاوکات ئاماژەیە هەم بە دیاردە کلتوورییەکان و هەمیش دیاردە هزرییەکان. یەکێک لەم دیاردانە وازهێنانە لە “بناژۆخوازی”، واتە ڕوانگەیەک لە فەلسەفەی زانستدا کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە زانست لەسەر کۆڵەکە و بنەمایەکی پتەو لە واقیعە بینراوەکان دروست دەبێت. سەرووتر لەمەش، پۆست مۆدێڕنیسم هەموو باوەڕ و بیرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری دەباتە ژێر پرسیارەوە. دیاردەی دووهەم کە لە دیاردەی سەرەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕووخان یان هەڵوەشانەوەی ڕیزبەندییەکانی زانست، سەلقە، باوەڕ و سەرنجدان بە بابەتە خۆجێیی و خۆماڵییەکانە لەباتی بابەتە جیهانییەکان. ئەگەر زانست بابەتێکی نەرم و نیان و دوور لە لێبڕاوی بێت، ئەوا هەیمەنە و هێزی لێ دەسێنرێتەوە. (لە لاس ڤیگاس فێر ببە-ناوی کتێبێک کە لە ساڵی ١٩٧٢ بڵاوکرایەوە و لە ڕاستیدا مانیفێستی تەلارسازیی پۆست مۆدێڕنەیە) یان لە خێڵە خۆجێیەکان یان لە سرووشت دەبێت بە دروشمی “پۆست مۆدێرنیسم”. دیاردەی سێیەم، جێگۆڕکیی کتێبی چاپکراوە لەگەڵ شاشەی تەلەڤیزیۆن، کۆچکردن لە وشەوە بۆ وێنە، لە گوتارەوە بۆ جووڵە نومایشییەکان، یان بە هەمان شێوە کە تیۆریداڕێژانی بواری هونەرەکانی وێناکردن دەڵێن کۆچکردنە لە قسەتەوەرییەوە بۆ جووڵەتەوەری!
لە سەرێکی دیکەوە، “پۆست مۆدێڕنە”، لەگەڵ پێداگریی لەسەر کاڵبوونەوە و نوشوستیی مۆدێڕنە، لەگەڵ کۆمەڵێک گۆڕانکاریدا بەرەوڕوویە کە بەشێوەی گشتی لە ژێر ناوی دەستەواژەی “کۆمەڵایەتی”دا جێگیر دەبن. یان جۆرێک کۆمەڵگای نوێ خەریکە لەدایک دەبێت کە چوارچێوەکانی هەر لە ئێستەوە دەکرێت بەشیوەیەکی لێڵ فام بکرێت یان قۆناغێکی نوێ لە سەرمایەداری خەریکە دەست پێ دەکات. لە هەر حاڵەتدا، شێوە پێشووەکانی شیکاریی کۆمەڵایەتی و کرداری سیاسی دەچنە ژێر پرسیارەوە. و لەهەر دوو حاڵەتەکەدا، دوو پرسی چارەنووسساز دێنە ئاراوە: ١-زەقبوونەوەی تەکنەلۆژییا نوێکانی زانیاری و پەیوەندییەکان کە دەبنە هۆی پەرەسەندنانێکی زیاتری وەکوو جیهانگیری و لە بنەمادا ئاسانکارییەکی زۆری بۆ دەکات و ٢-بەکارهێنان(مەسرەفگەرایی) کە تەنانەت ڕەنگە تەوەربوونی پرۆسەی بەرهەمهێنان تەواو بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
سەرچاوە؛ لایون، دیوید. پسامدرنیتە؛ ترجمە محسن حکیمی.-تهران: آشیان. چاپ دوم ١٣٨٣
نووسین: دەیڤید لایۆن
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن