“کورتە مێژوویەکی نووڕۆژ(نەورۆز)”
نووڕۆژ هەر وەکوو لە بەشانێکی کوردستان بێژە دەکرێت و نەورۆز یان شێوە دەربڕینەکانی دیکەی کە لە ئێران، ئێراق، سووریە، ئەفغانستان، تاجیکستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست دەناسرێتەوە، تەقریبەن خەریکە دەگات و هەر ساڵ لە کاتی خۆشکردن و هاوسەنگیی بەهاردا کە ڕێک هاوکاتە لەگەڵ ٢٠ 1±ی مارس، دەگات. ئێستە ساڵی ٢٠٢١ی زاینییە و ئەمساڵ لە ڕۆژی شەممە، کاتژمێر ٩:٣٧:٣١ ی بەیانیی بەپێی UTC (کاتژمێری هاوکۆکی جیهانی) و ١:٠٧:٣١ ی دوانیوەڕۆ لە ناوچەی زەمەنیی شاری کوردیی کرماشان و بە پێی کاتی خۆجێیی لە لۆس ئانجێلێس لە کاتژمێر ٢:٣٧:٣١ ی دوانیوەڕۆ، ڕوو دەدات. ئەمە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە زەوی گەشتی ساڵانەی خۆی بە دەوری خۆردا بەناوی “هاوسەنگی” لە خاڵێکی سەرچاوەوە و لە فەزادا کامڵ دەکات و ساڵێک دواتر لە حاڵێکدا بە دەوری خولگەی خشتەبەندیکراوی خۆیدا بەنیسبەت خولگەی خۆرەوە دەسووڕێتەوە، دیسان دێتەوە سەر هەمان خاڵ.
چوار خاڵی سەرچاوەی فەزایی لە دەوروبەری خۆردا هەن کە بریتین لە : ١)هاوسەنگیی بەهاری کە نزیکەی ٢٠ 1±مانگی مارس ڕوو دەدات ٢)هاوسەنگیی پاییزی، کە شەش مانگ دواتر لە سێپتەمبەردا ڕوو دەدات کە هەر دووکیان ١٨٠ پلە لێک دوورن و دەکەونە بەرامبەر خۆر، ٣) شۆڕشی هاوینە کە نزیکەی ٢٠ مانگی ژووەن ڕوو دەدات، ٤) شۆڕشی زستانە کە نزیکەی ٢١ی مانگی دێسەمبەر لە بەرامبەر شۆڕشی هاوینەدا ڕوو دەدات، بەڵام لە مەودایەکی هاوسان لەگەڵ خۆردا. مەودای زەوی تا خۆر لە خاڵەکانی سەرچاوەی ١ و ٢ دا ئەگەرچی یەکسانە بەڵام کورتترە لە مەودای زەوی لە خۆر لە خاڵەکانی ٣ و ٤ دا. لە خاڵەکانی هاوسەنگیدا درێژیی ڕۆژ( کاتی خۆرهەڵاتن تا خۆرئاوابوون) تەقریبەن لەگەڵ درێژیی شەو( کاتی خۆرئاوابوون تا خۆرهەڵاتن) یەکسانە.
هەر بۆیە نووڕۆژ ڕێک لە ساتی دەسپێکردنی هاوسەنگیی بەهاری، هەر ساڵە لە نزیکی ٢٠ مانگی مارسدا ڕوو دەدات، واتە کاتێک کە درێژیی ڕۆژ هاوسان و هاوتایە لەگەڵ درێژیی شەو. مەودای زەمین لە خۆر هەر ڕۆژ گۆڕانی بەسەردا دێت چونکە خولگەی سووڕانەوەکەی هێلکەیی(بیضوی) و دووئیل-تەوەرە. لەگەڵ ئەمەشدا بەشێوەی تێکڕایی، مەودای زەوی لە خۆر ١٤٩.٦٠٠.٠٠٠ کیلۆمەتر( ٩٢.٥٧٠.٠٠٠مایل)ە و ٣٦٥.٢٤٢٢ ڕۆژ(ی ساڵێکی هەتاوی) دەخایەنێت تاکوو زەوی یەک جار بە دەوری خۆردا بسووڕێتەوە، واتە لە خاڵی ١ەوە دەست پێ بکات و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی ١، کە پێی دەڵێن هاوسەنگیی بەهاری. ئەمە بەو مانایەیە کە زەوی بە خێراییەکی نزیکەی ٣٠ (٢٩.٨) کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا، ١٧٨٨ کیلۆمەتر لە خولەکێکدا یان ١٠٧٣٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا گەشت دەکات تاکوو مەودایەکی نزیکەی ٩٣٩٩٩٢١٣٠ کیلۆمەتر (٥٨٤.١٠٠.٠٠٠) لە ساڵێکدا بە دەوری خۆر بپێوێت.
سەرنجی ئەمە بدەن کە ئەم خێراییە نزیکەی ٩٠٠ قاتی خێرایی ماشینێکی ئاساییە کە بە خێراییەکی ئاسایی لە شاڕێگە(ئۆتۆبان)یەکدا نزیکەی ١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەپێوێت. لە کاتێکدا زەوی بەم خێراییە بەدەوری خولینگەکەی خۆیدا وەکوو تۆپێکی بەسکێتباڵی لەحالی خولخواردندا دەسووڕێتەوە، لە کاتی ئاوەژووبوونەوەی گەشتەکەی بۆ پێشەوە بە لەبەرچاوگرتنی تیژڕەویی ئیستیواویی زەوی کە ٦٣٨٠ کیلۆمەتر و ٤٠.٠٩٠ کیلۆمەتر سووڕانەوە(٢٤٩١٠.٧٧مایل) و ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕۆژێکی هەتاوییە، خێرایی خولانەوەی هەر خاڵێکی دیاریکراو لەسەر هاوکێشەی زەوی ١٦٧٠.٥ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا واتە نزیکەی دوو هێندەی خێرایی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئاسایی! یەکێکی دیکە لە دیاردە ناوەکی(عیرفانی)یەکان کە هێشتاش بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتووین، گۆشە(زاویە)ی لێژایی خولانەوەی زەوییە کە گۆشەی خولینگەی سووڕانەوەی زەوییە بە نیسبەت ڕووبەری ئاسۆیی وێناکراوی خۆر. ئەم گۆشەیە کەمێک زیاتر لە ٦٦.٥٦ پلە لە ڕووبەر(تەختە)ی خولگەیی(صفحەی مداری) یان ٢٣.٤ پلە لە خولینگەی ئەستوونی خۆی جێگیر کراوە. ئەم لێژییە لە خولینگەدا یان ئەم لێژتەوەرییە، بەڕاستیی دیاردەیەکی جادوویی و تەنانەت سەرسووڕهێنەری سرووشتە، ئایا بەپێی پلانێکە یان بەهەڵکەوتە؟ تا ئێستەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەلمێنەرانە بۆ ئەم بابەتە لەئارادا نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم دیاردەیە هۆکاری گۆڕانکارییە وەرزییە سەرسووڕهێنەرکان لە بەهار تا هاوین و لە پاییز تا زستان و هەروەها گۆڕینی پلەی تێکڕایی و نێونجیی سەرەکیی زەوییە.
ئەم دیاردە جادووییەی سرووشت هەمان ئەو شتە بوو کە موغ(ماجی)ەکانی کوردستان (بەدیهێنەرانی ئایینی ماجییەکانی ماد) لە سەردەمی کەونارا لە ڕێگەی توێژینەوەی ئەستێرەناسی و حەساوگەری(فاڵگرەویی/طالع بینی)ەوە ویستیان ڕوونی بکەنەوە. ئێستە وای وێنا بکەن کە ئەم زەوینە لە حاڵی سووڕانەوەی ئێمە وەکوو تۆپێکی بەسکێتباڵ لە کاتی سووڕاندا یان وەکوو دەروێشێکی حاڵگرتوو(لە کاتی سووڕاندا)، بە باڵێکی فەزاگیرەوە بەرەو دەرەوەی هێڵی ئیستوا گەشە بکات. لەگەڵ مندا زیاتر وێنای ئەم بابەتە بکەن کە ئەم باڵە بەرەو دەرەوە بۆ فەزای دەوروخولی ئەستوونیی سەر خولینگەی جەمسەریی، پەرە دەستێنی تا شوێنیک کە ئاوێزانی سنووری وێناکراو(خەیاڵکراو)ی دەروونی ئاسمان کە ئێمە ناومان ناوە “گۆمەزی ئاسمانی”، ببێت. بە هەمان شێوە کە زەوی بە خێرایی خۆیەوە خەریکی سووڕان و گواستنەوەی خۆیەتی، بە لێژایی خولێنگەیی جێگیری خۆی وەکوو فڕۆکەیەکی شینی خڕ (کروی) بۆ پێشەوە بە دەوری خۆردا دەجووڵێت، لە سەرەوەی باڵی وێناکراو، نیوەگۆی سەروو لە نیوەی یەکەمی گەشتی ساڵانەی زەویدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەر تیشکەکانی خۆر و لە ژێرەوەی باڵەکەشدا بە درێژایی نیوەی دووهەمی گەشتی ساڵانەیدا تیشکی خۆر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی زیاتر لێی دەدات.
خاڵێک کە تێیدا ئێمە ئەم گۆڕانە لە تیشکلێدانی ڕاستەوخۆتری باشووری بۆ تیشکلێدانی ڕاستەوخۆتری باکووری ئەنجام دەدرێت، هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە پێی دەڵێین “هاوسەنگیی بەهاری”. ئەمە وەکوو خاڵی سەرچاوەی دەسپێکی وەرزی بەهار(نووڕۆژ) لە نیوەگۆی باکووری و دەسپێکی وەرزی پاییز(گەڵا-ڕێزان)یش لە نیوگۆی باشووری بەکار دەهێنرێت. ئەم گۆڕانکارییە ساڵانەیە لە چرکەساتێکی زۆر ورددا ڕوو دەدات کە پیشاندەری دەسپێکی ڕاستەقینەی بەهارە. لەم دۆخەدا، درێژیی ڕۆژ تەقریبەن لەگەل درێژیی شەودا هاوسانە و لە ڕاستیدا “هاوسەنگیی بەهاری” بە مانای “ڕۆژی بەهاریی هاوسان لەگەڵ شەوی بەهاری” دا دێت یان بە دەربڕینێکی دیکە “نوێکردنەوەی هاوسانی ڕەشایی شەو=سپێتیی ڕۆژ”ە.
بە دەسپێکی شۆڕشی زستانە، ڕۆژ لە نیوەگۆی باکووریدا درێژتر دەبێتەوە و شەوەکان تا شۆڕشی هاوینەی زەوی(٢٠ مانگی ژووەن، دەسپپێکی وەرزی هاوین) کە ڕۆژ دەگاتە درێژترین رادەی خۆی، کورتتر دەبنەوە. پاش شۆڕشی هاوینە هەروا کە زەوی دەسووڕێت، ڕۆژەکان بەرەو کورتتر بوون دەڕۆن و شەوەکان درێژتر دەبنەوە تا کاتێک کە ماوەی زەمەنییان دووبارە لە هاوسەنگیی پاییزەدا هاوسان بێتەوە، کە ئەمەش هەموو ساڵێک لە نزیکەی ٢١ی سێپتەمبەر لە سەرەتای وەرزی پاییزدا ڕوو دەدات. پاش هاوسەنگیی پاییزە، لە ژێر باڵی خەیاڵکراو(وێناکراو)ی زەویدا، نیوەگۆی باشووری نووری ڕاستەوخۆی خۆر وەردەگرێت. نیوەگۆی باکووری دەست دەکات بە فێنکبوونی زیاتر و زۆرتر تا کاتێک کە زەوی بگات بە شۆڕشی زستانە، کە نزیکەی ٢١ی دێسەمبەر ڕوو دەدات و دەسپێکی فەرمیی وەرزی زستانە. لە مەودای زەمەنیی نێوان شۆڕشی هاوینە و شۆڕشی زستانەدا، ماوەی تیشکپژانی ڕۆژ لە نیوەگۆی باکووری کورتتر دەبێت و شەوان درێژتر و دریژتر دەبنەوە و ژیان لە نیوەگۆی باکووری دەست دەکات بە خەوێکی زستانی و لە خەوێکی قووڵ چیژ وەردەگرێت. زستان تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە زەوی یەک خولگەی تەواو پڕ بکاتەوە و بیگەیەنێت بە خاڵێکی گۆڕانی دیکە لە هاوسەنگیی بەهارە کە جارێکی دیکە وەرزی بەهار بەدی دەهێنێت. هاوسەنگی بەهار یان هاوسەنگی بەهارە، کاتی مزگێنییەکە لە سروە خەیاڵبزوێن و دڵخوازەکانەوە کە هەوای نوێ، توانەوەی بەفرەکان و ئاوی زوڵاڵ و گەرما لەگەڵ خۆیدا دێنێت، چونکە سرووشت و ژیان لە خەوی قووڵی زستانەی خۆیان لە نیوەگۆی باکووری بێدار دەبنەوە.
بەم لەدایکبوونەوەیەی ژیان و سرووشت لە زمانی کوردیدا دەڵێن “نووڕۆژ” و وەکوو مانای وشەش بە واتای “ڕۆژی نوی” یان “ڕۆژی نوێبوونەوە” یە. ڕۆژێکە کە کوردەکان لەگەڵ زۆرێک لە کەلتوورانی دیکەی سەر گۆی زەوی، جەژنی داهاتنی بەفەڕ و پڕبەرەکەتی وەرزی بەهار بەشێوەیەکی تایبەت بە خۆیان دەگێڕن. لەم ڕۆژەدا تەپۆڵکە سەرسەوز و جوانە پڕ هەڵبەز و دابەزەکان و فڕندە باڵکراوەکانی مێزۆپۆتامیا و چیاکانی زاگرۆس لە کوردستان دەبن بە شانۆ و ڕووبەری کۆمەڵێک جەژن و ڕێوڕەسم لە دیمەن و فەزایەکی کراوەدا. بنەماڵەکان لە دەوری یەکتر خڕ دەبنەوە تاکوو خۆراک و چێشتە بەتام و تەندروستەکان لە بەردەم یەکدیدا دابنێن، ئاگری گەورەی بڵێسەدار گەش دەکەنەوە، تۆڕ و گرووپەکانی مۆسیقا تەپڵی دێرین و نەریتی دەژەنن و هەڵپەڕکێ و شادیی زۆر هەمووانی گرتووەتەوە. ئەمە بەڕاستی ئەو دەیمەنەیە کە دەبینرێت و هیوایەکی دووبارە دەبەخشێتە هەموو ئامادەبووان. نووڕۆژ هەروەها ڕۆژی کاڵبوونەوەی پڕ شانازیی هەستی خەم و پەژارەیە بۆ ڕابردوو بەمەبەستی لە ئامێزگرتنی شادی و خۆشحاڵییە نوێکانی ژیان. ئەم نەریتە کەونینە و دێرینە کە هەزاران ساڵ پێش لە کوردستانەوە لەدایک بووە، بە دریژایی پەرەسەندنی ئیمپراتۆریی مادەکان بۆ سەرزەمینی سەرەکیی ئێران و ئاسیای ناوەڕاست شۆڕ بوویەوە. هەمان ئەو مادانەی کە لە ساڵی ٧٢٨ی پێش زاین، یەکێک لە یەکەمین سیستەمە حوکمڕانییە ڕیژێمگەرا و یاساتەوەرەکانیان دامەزراند و هەروەها هەر ئەوان بوون کە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ڕێکخراوەکانیان بوونیاد نا.
ئەمە ئەو ساڵەیە کە مادەکان (ناسراو بە مادا) لەڕێگەی مەعریفەی زۆری حەساوگەری و ئەستێرەناسییەوە کە لە لایەن موغەکانی پێش زەردەشتەوە گوازرابوویەوە بۆیان(کەلتووری موغەکان)، لە قەڵەمڕەوی لەحاڵی پەرەسەندنی ئیمپراتۆرییەکەیاندا نووڕۆژیان جەژن گرت و پیرۆزیان کرد. ئەمساڵ کە سالی ٢٠٢١ی زاینە، ٢٧٤٩ ساڵەی مێژووی کوردە و خاڵی دەسپێکی ئەم کاتە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دامەزرانی پاشایەتیی مادەکان. یەکێکی دیکە لە هۆکارە زۆر گرنگەکانی ئەم جەژنە ئەمە بوو کە مادەکان پاش هەزار ساڵ ژیانی کۆچبەری و عەشایەری لە سەرانسەری پانتای هەرێمێک کە هەنووکە بەناوی ئێران دەناسرێت، لە کێوەکانی زاگرۆس و لە ناوچەی باکووری مێزۆپۆتامیا بوون بە فەرهەنگی زاڵ و باڵادەست. مادەکان پاش سەرکەوتنە مانەوی و ڕۆحانییەکانیان بەسەر هاوتا ئاشوورییەکانیان، یەکەمین دەوڵەتی ڕێکخراو و یاسامەندی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئێکباتانا (کە دەکاتە شاری هەمەدانی ئێستاکە) لە ساڵی ٧٢٨ی پێش زاین دامەزراند. ئەوان بە جەژنێکی ڕێوڕەسمدار و پڕشکۆوە وەکوو نیشانەی یەکەمین سەرکەوتنیان کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکی وەرزی بەهار، ئەم بۆنەیەیان بەرز ڕاگرت. لە سەردەمی پاشا فەروەرتیش (فرائۆرتێس) کە لە ٦٧٥-٦٥٣ی پێش زاینی حوکمڕانی دەکرد و دووهەمین پاشای مادەکان بوو، پاسارگاد(پاسار: لێوار/گادا: جێگە= شوێن یان بنکەی پاسەوانیکردن)یان {بە مانای بنکەی پاسەوانی}، لە لێواری ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانیان دروست کرد تاکوو لە هەمبەر دوژمنە ئاژاوەگێڕەکانیان لە ڕۆژهەڵات واتە سەکاکان، پاسەوانی لە قەڵەمڕەوی پاشایەتی بکەن. خەڵکی خۆجێیی بە ڕێبەرایەتیی پاشا فرائۆرتێس ئەرکی سووڕانەوە، پاسەوانی و پاراستنیان (لە قەڵەمڕەوی پاشایەتیی مادەکان لە هەمبەر سەکاکان پێ سپێردرا بوو)، ئەم خەڵکە بە پاررس-ەکان(شکڵی کۆیی وشەی “پارس” کە وشەیەکی کوردییە و بە واتای پاسەوان دێت) ناو دەبران و هەنووکە بە فارسەکان ناویان ڕۆشتووە.
فارسی، (کە مانای سەرەکیی وشەکە سەردێڕ و تایتڵی پیشەیەکە)، بە دەستەیەک لە سنووروانان دەوترێت کە لە ڕووی ئیتنیکییەوە جودا و جیاوازن و هەنووکە بە ناوی سوپای پاسداران IRGC دەناسرێنەوە. یەک سەدە دواتر لە ٦١٥ پێش زاین، کیاکسێرس (کە لە زمانی کوردیدا لە ژێر ناوەکانی ها-خووی-سارا، کای-سارا، یان سادەتر بڵێین ((قەیسەر/کایسەر)) دەناسرێتەوە) وەکوو سێیەمین پاشای مادەکان ئاراپخا (شاری کەرکووکی ئێستاکە)ی داگیرکرد و خستییە ژێر دەسەڵاتی مادەکانەوە. سەرنجدان بەم خاڵە گرینگە کە سەردێڕ یان نازناوی کایسێر/قەیسەر یان تیزار(کای-سار) لە نازناوی پاشا کیاکسێرسەوە وەرگیراوە؛ وشەیەکی کوردی بۆ سەرۆکی دەوڵەتێک کە ئیمپراتۆریی مادەکانی لە هەمەدان و کرماشانی ئێستاوە تا ئانادۆڵی ناوەڕاست لە ڕۆژئاوا و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕۆژهەڵات پەرە پێدا. دواتر و لە ساڵی ٥٤٥ی پێش زاین، کاتێک پارسەکان کە خێڵێکی خۆجێی بوون و لە ژێر ناوی هاخووی-مانیشییەکان(ناسراو بە ئاکیمێنید: کەویکراو و دامەزرێنراو لە کرداردا) دامەزراو و تەعیین کرا بوون، و پێڕەوکراو و ملکەچی مادەکان بوون، ڕێبەرێکی نوێیان لە ناو خۆیاندا بینییەوە کە ناوی کوروش بوو. کوروش( ناسراو بە کوڕە-ڕەش)، نەوەی دوا پاشای مادەکان واتە ئاستیاگوس بوو. “کوروشی گەورە” لە ماندانا، کچە گەورەی پاشا ئاستیاگووس، کە خۆی کوڕی کای-سار بوو، لەدایک بوو. ئەو لەگەڵ کەمبوجیەی یەکەم؛ فیۆداڵی خێڵی ئاکیمێنید کە سەرۆکی دامەزرێنراوی پارسییەکان و هەروەها سەرۆکی هەموو سنوورەوانانیش بوو، هاوسەرگیریی پێکهێنا.
کچی دووهەمی پاشا واتە ئامیتیس، لەگەڵ نەبووکەدنەسەری دووهەم(بەختەنەسری دووهەم)ی پاشای بابیل کە لە ٦٠٥ تا ٥٦٢ی پێش زاین دەژیا، هاوسەرگیری کرد. لەبەر شانازی و ڕێزی ئەو، پاشا باخە هەڵپەسێردراوەکانی بابیلی دروست کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەم هاوسەرگیرییە سیاسییانە، ژیانی پاشا یان داهاتووی پاشایەتییەکەی (پاشایەتیی مادەکان)ان لە داوی ئەو پیلانانەی کە لە لایەن سوپای فارسەکانەوە دژی ڕێکخرابوو، گەرەنتی و ڕزگار نەکرد. شۆڕشەکەی دژی پاشا لە لایەن ئاسنگەرێکی ناسراو بەناوی کاوەوە ڕێبەرایەتی کرا، کاوە بە یارمەتیی فارسەکان بەمەبەستی ڕووخانی پاشا بە تاوانی ستەمی ناڕەوا دژی فارسەکان ڕاپەڕی. یەکێک لەو تۆمەتە گاڵتەجاڕانە و ساختەکارانانەی کە دەدرایە پاڵ پاشا، چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە بوو کە لە لایەن سوپای فارسەکانەوە بڵاو دەکرایەوە، ئەویش ئەمە بوو کە گوایە پاشا لە سەر هەر کام لە شانەکانی مارێکی بەخێو کردووە و ڕۆژانە مێشکی مناڵانیان دەرخوارد دەدا تاکوو مارەکان داسەکنێن، ئەگینا مارەکان خودی پاشاش هەڵدەلووشن. پاشا بە ئاگاداربوون لەسەر پیلانی سوپای فارسەکان و پڕوپاگەندا و بانگەشەکانیان دژی خۆی، سوپاکەی بەرەو پارس گاد (وێستگەی پاسەوانە فارسەکان) جووڵاند و دەسبەجێ زاواکەی خۆی واتە کەمبوجیەی یەکەمی فارسی، بەهۆی خیانەت و بانگەشە گاڵتەجاڕانەکانی سەر بڕی و نەوەکەی خۆی واتە کوروش(کوڕی کەمبوجیەی یەکم)ی وەکوو فەرماندە و سەرۆکی بنکەی پارسەکان دامەزراند. پاشا دوای تۆڵەسەندنەوە لە پاسەوانە گچکە و بێوەفاکانی سوپای فارسەکان، سوپاکەی خۆی بەرەو کوردستان وەڕێخستەوە.
کوروش دواتر لە لایەن ئاکیمێندییەکان و پاشماوەکانی پاسەوانان دنە درا تاکوو تۆڵەی مەرگی باوکی بکاتەوە. پارسەکان پاش سوێندخواردنی وەفا بۆ کوروش، پیاوانی خێڵ و پاسەوانانی شۆڕشگێڕی خۆیان کۆ کردەوە و لە ڕێگەی گەڕانەوەی پاشا بەرەو کوردستان بۆسەیان دانا و گەمارۆی پاشا و سوپاکەیان دا. لە بۆسەیەکدا کە بە (بۆسەی دەربەندی قووڵ) ناسراوە، فارسەکان سوپاکەی خۆیان لەسەر بەرزاییەکانی دەربەندەکە کۆ کردەوە و چاوەڕوانی تێپەڕینی سوپای پاشا بوون. لە حاڵێکدا کە ڕێگەی چوونەدەرەوە لە ڕێڕەوی دەربەندەکە پێشتر بە بەرد داخرابوو و بەتەواوەتی سوپاکە گەمارۆ درابوو، سوپای پاشا کەوتە بۆسەکەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ ئامان بەردباران کران و دواتریش پاشا خۆشی کوژرا. پاش ئەوە کوروشی گەنج کۆنترۆڵی مادەکان و پارسەکانی گرتە ئەستۆ و ئیمپراتۆریی گەورەی ئێرانی دامەزراند کە لە ڕۆژئاوادا (بەهەڵە) بە ئیمپراتۆریی فارس ناوبانگی دەرکردووە. مێژوونووسە یۆنانییەکان بەشێوەیەکی هەڵە و نادروست ئیعتیبار و متمانەیان بە فارسەکان بەخشیوە. چونکە لە سەردەمێکدا کە کوروش و جێنشینەکانی، ئیمپراتۆریی مادیان بەرەو ڕۆژئاوا پەرە پێ دا، بە بێ ئاماژەدان بە مێژووی نزیکەی هەزار ساڵەی مادەکان پێش لە پاسەوانە فارسەکان، ئەوانیان لە ژێر ناوی فارسەکان بە یۆنانییەکان ناساند. هەربۆیە ئەدەبی ڕۆژئاوا کە لەو سەردەمە بەدواوە نووسراوە، بەزۆری متمانە و ئیعتیبار بە کەسانێک دەدات کە لە پێگەیەکی شایستەی دروست و تەواودا نین. ئاوەها ئیعتیبار و متمانەیەک بۆ مێژووی شارستانی لەو گۆشە لە جیهان بەشێوەیەکی هەڵە دراوەتە پاڵ فارسەکان.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە پاشماوەکانی سوپای پاشای ماد، واتە کەسانێک کە بەرەو بەرزاییەکانی چیاکانی کوردستان ڕۆشتن، تا هەنووکەش لەگەڵ فارسەکاندا شەڕ دەکەن و هەنووکە پێکهاتوو و تێکەڵەیەک لەو پیاو و ژنانەن کە لە ژێر ناوی “پێشمەرگەکانی کورد” دەناسرێنەوە (پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە کە تەقریبەن بە مانای “کەسێک کە نیشتماندۆست و وەفادارە و گیانی خۆی بۆ نیشتیمان بەخت دەکات” دێت). پارسەکان بۆ گێڕانی جەژنی سەرکەوتن و ڕزگاربوون لە دەستی مادەکان، جەژنێکی گەورەیان لە پاسارگاد لە نزیک شوێنی کوژرانی پاشا ئاستیاگوس بەڕێوە برد و نووڕۆژی ئازادیی خۆیان کە بەناوی “نیوروز/نەورۆز” دەناسرا پیرۆز کرد.
لە ساڵی ١٩٧١ شای ئێران ئەم ڕووداوەی لە قەوارەی جەژنێکی گەورە لە پەنا گۆڕی کوروش لە پاسارگاد بەرز ڕاگرت. ئەو ناوی جەژنە شکۆدارەکەی! خۆی نا فێستیڤاڵی ٢٥٠٠ ساڵەی جەژنی پاشایەتی. لە ڕاستیدا، دەسەڵاتی فارسەکان بەسەر ئێران لە ساڵی ٣٣٠ی پێش زاین بە داگیرکردنی پێرسێپۆلیس لە لایەن ئەسکەندەری مەقدۆنییەوە کۆتایی پێ هات. پێرسێپۆلیس ناوێکە کە یۆنانییەکان داویانە بە تەخت-ی-جەمشید؛ ئەو شوێنەی وا داریوشی یەکەم (لە پێڕەوکارانی کوروش) کۆشکەکەی خۆی تێدا بیناکردووە، واتە تەنها چەند مایل دوورتر لە پاسارگاد! پاش سەرکەوتنی یۆنانییەکان بەسەر فارسەکاندا لە ٣٣٠ پێش زاین، ناوی تەخت-ی-جەمشید گۆڕا بۆ پێرسێپۆلیس کە بە مانای ((شاری فارسەکان یان پاسەوانەکان))ە. مێژووی ئێران پاش ڕووخانی پارسەکان لە ساڵی ٣٣٠ی پێش زاین، لە نووسراوەکانی دیکەدا کەوتووەتە بەر لێکدانەوە و شیکاری. ئێستە دەشێت بپرسین بۆچی ئێمە لە ناوی “نووڕۆژ” کەڵک وەردەگرین نەک “نەورۆز”؟ تەنها و تەنها بەم هۆیەیە کە زمانی کوردی زمانی سەرەکیی ئێرانییەکانە و ئەم دەربڕینە وەکوو دەستەواژەی سەرەکی نزیکەی ١٢٠٠ ساڵ پێش هاتنەسەرکاری حوکومەتی فارسەکان و زمانەکەیان هاتووتە ئاراوە. زمانی کوردیی ڕەسەن لە تێکەڵە و لێکدانێک لە زمانی فەهلی (کە بە شێوەی دروستی بە زمانی “پەهلی” بێژە دەکرێت) و زمانەکانی هامیتۆ-سێمیتیک دروست بووە. “پەهلی” لە سەردەمە دێرینەکان لە ژێر ناوی پەهلەوی یان زمانی “پاڵەوانەکان” دەناسرا کە پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میترائیسم کە وتە و دەستگرۆیی پیاوێک(پاڵەوانێک) شانازییەکانی ئەو پیاوە بووە.
پاش هێرشی عەرەبەکان لە ساڵی ٦٤٠ی زاین، دەنگی پیتی “ف” وردەوردە جێگەی دەنگی پیتی “پ”ێی لە هەموو بێژەکردنە باوەکاندا گرتەوە. ئەمە خاڵێکی گاڵتەجاڕانەیە کە ڕەزا شا بە هاتنە سەر دەسەڵات، نازناوی خۆی لە نازناوە عەرەبییەکەوە گۆڕی بۆ پەهلەوی و هەوڵی دا شوناسی ڕەسەنی ئێرانی وەربگرێتەوە. لە سەردەمی هێرشی ئیسلام بۆ سەر کوردستان و ئێران لە ساڵی ٦٣٧ی زاین، و دواتر زاڵبوونی زمانی عەرەبی، بێژەکردنی زۆرێک لە وشە ڕەسەن و موعتەبەرە ئێرانییەکان لە فۆرم و پێگە و بایەخی بێژەکردنی سەرەکیی خۆیان دەرهێنران و ئەم بێژەکردنەی ئێستایان وەرگرتووە. ئەم حاڵەتە لە زمانی خەڵکی ئاسایی و گشتیی فارسیی هەنووکەدا زەق و دیارترە. لەگەڵ ئەمەشدا، لە زمانی کوردیدا، بەهۆی ژینگەی کەلتوور و جوگرافیایی دوورەدەستتر، زمانەکە بەڕادەیەکی زۆر بێخەوشتر ماوەتەوە و کارتێکەریی زمانی عەرەبیی تێدا کەمترە. بۆ نموونە لەکاتی بەراوردی زمانی کوردی لەگەل فارسی(پارسی) دەکرێت لە ڕێسایەکی گشتیی بۆ گۆڕینی وشەکانی نیوان هەردوو زمانەکە کەڵک وەربگیرێت و لەم دەروازەیەوە خاوێنی زمانی کوردی و دەسبۆبراویی زمانی فارسیمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت. یەکێک لەم یاسا گشتییانەی گۆڕینی وشەکان ئەمەیە کە دەنگی پیتی “ژ” لە زمانی کوردیدا پاش هاتنی ئیسلام دەبێت بە دەنگی (ز) لە زمانی فارسیدا. ئەمە لە نموونەکانی خوارەوەدا ڕوون و دیارە:-
کوردی فارسی ئینگلیزی
ڕۆژ(ڕووژ) روز Day
تیژ تیز sharp
ژێر زیر below
درێژ دراز long
ژن زن woman
ڕێژ ریز یا ریختن small
ژەنن زدن to play
قاژ غاز a bird
ژیانن زیستن to live
ژەهر زهر poison
ژاری زاری to mourn-weeping
ژەنگ زنگ rust
لێژ لیز slippery or steep
ڕیژ ریز bits
نموونەی دیکەی لەم چەشنە زۆرن.
بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر ئەو زانیارییە تۆمارکراوە مێژووییانەی کە خراونەتە ڕوو و هەورەها بەراوردە زمانناسانەکانی ئێستە کە لە سەرەوە باسی لێوە کرا، و بەپێی میتۆدە کەلتوورییە مۆدێڕنەکان، ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەبێت کە بۆچی ناگەڕێینەوە بۆ شیوازی بێژەکردنی “نیو ڕووز”، بوار بدەن ئەم وشەیە بۆ دەسپێکی ساڵی نوێ بە هەمان شیوە کە لە سەرەتادا بێژە دەکرا دەرببڕین و بێژەی بکەین، بوار بدەن بە “نووڕۆژ” بێژەی بکەین. نووڕۆژ ساتەوەختی جەژنی جیهانگیرە تاکوو بوار بدەین نووری بەهەشت بێتە ناو نیوەگۆ(نیمکرە)یەکانی زەینمانەوە. نووڕۆژ هەروەها ئەو چرکەساتەیە کە کوردەکان و فارسەکان و جیهان پێکەوە لە جەژنی هاوبەشی ڕۆحی هاوکۆک و هاودەنگی ئاسمانیدا بەشدار دەبن و جەژن دەگێڕن. وەرن پێکەوە بە هاتنی نووڕۆژ وەکوو یەک شادی بگێڕێن و بهێڵن گڕی ئاگرێکی نوێی بڵێسەدار ژیانی ئێوە بە هیوایەکی نوێ بتەنێتەوە تاکوو لە ڕێتم و نەوا و هاوئاهەنگی مۆسیقایەکی پڕ وزەدا، شیعر و هەوای نوێ کە هەر ساڵ گیان دەخاتە بەر ژیانمان، بژێتەوە و بەهای نوێ دابێت.
سەرچاوە و تێبینی:- ئەم وتارە لە دوو بەشی جیاواز و هاوکات پێکەوە هەڵپێکراو پێکهاتووە و هەر بە هەمان ڕوانگەش نووسراوە و سەر یەک خراوە. بەشی یەکەم کە تایبەتە بە “بووژاندنەوەی مانەویی(مەعنەویی) نەریتە لەبیرکراوەکانی نووڕۆژ” لە ڕێکەوتی ١٨ی مارسی ٢٠٢٢ بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە Ekurd.net بڵاوکراوەتەوە. بەشی دووهەمیشی کە تایبەتە بە “کورتە مێژوویەکی نووڕۆژ)نەورۆز)” لە ڕێکەوتی ١٩ی مارسی ٢٠٢١ هەر بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و لە Ekurd.net بڵاوکراوەتەوە.
نووسەر: ئەردەشیر ڕەشیدی-کەڵهوڕ، سەرۆکی کۆمەڵەی فێرکاریی کوردی-ئەمریکی، لۆس ئانجێلێس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاراس ڕۆژهەڵاتی