بۆ پەرژینەسەر ئەم دوو چەمکە چەند پرسیارێک وەکوو: هەتا کەی کورد لە دۆخی شۆڕشدا بمێنێتەوە؟ یان کورد شۆڕش دەکات بۆ شۆڕش یان شۆڕش دەکات بۆ سەروەری؟ دێنە ئاراوە و وهڵامیان لەم وتارەدا تۆزێ ئەستەمە و ڕەنگە گەلێک پرسیاری دیکەی لەم شێوە هاتبێتنە ئاراوە و یان بێنە ئاراوە کە بێوڵام مابێتنەوە. بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک لە پێوەندیی ئەم دوو چەمکە نزیک ببینەوە، باشترە بە دوای پێناسەی دەسەڵات، دەوڵەت و شۆڕشدا بگەڕێن و بۆ ئەم بابەتە پێویستە لە کەسانی دیکە کە لەم ڕاستایەدا بیریان کردووەتەوە و شتیان نووسیوە یارمەتی وەربگرین.
یەکێک لەو کەسانەی کە لەسەر دەسەڵات بیری کردووەتەوە و پێناسەی نوێی بۆ هێناوە “میشیل فۆکۆ”یە، کە “زانستی مرۆڤایەتی، هەقیقەت بەگشتی بە بەشێک لە پرۆسەی زاڵبوونی هێز و دەسەڵات و پێوەندییە هەژمۆنییەکان بەسەر مرۆڤدا دەزانێت (شرت ١٣٩٢، ٢١٨)”(١). ئەمە بە واتای ئەوەیە کە هەقیقەت لە بازنەی دەسەڵاتدایە و بە دەسەڵاتەوە واتا وەردەگرێت و کاتێک بابەتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی کۆمەڵگا کرا ئەو بابەتە بەبێ کەمترین ململانێ دەبێتە هەقیقەت و خۆی بەسەر ئەقڵ و هزری مرۆڤەکاندا دەسەپێنێ و ڕەنگە لە بەشێکی کۆمەڵگا و لە قۆناغێکدا بە زەحمەت و زۆرەملێ لە هەمبەر بابەتە ئاراستەکراوەکانی دەسەڵاتدا ناڕەزایەتیگەلێک سەر هەڵ بدەن، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە دەسەڵات بژیوی کۆمەڵگای بەدەستەوەیە و دەتوانێ جیا لە سەرچاوەکانی داهات کێشەی ئاسایشیش بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا دروست بکات دەتوانێت ئەوەی کە ئاراستەی کۆمەڵگای دەکات وەکوو کەتوار و هەقیقەتێک بیانگونجێنێ.
گرامشی دەڵێت:- “دەوڵەت بە واتای چالاکیی کردەیی و تیۆریکە، ئەم چالاکییە ئامرازێکە بۆ هەژمۆنی و پاساوی چینی دەسەڵاتدار و و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی چالاکانەی چینە بندەستەکان”. هەقیقەت کە گرێدراوی دەسەڵاتە و لە لای کەسێکە کە بەسەر ئەوانی دیکەوە زاڵە، وا لە مێشکی تاکی بندەست دەکات کە سەرەتا بە ڕەزامەندی مل بۆ هەقیقەتەکانی دەسەڵاتدار ڕاکێشێ و لە کۆتاییدا ئەگەر بەپێچەوانە ئەمە بێت لە ڕێگای توندوتیژییەوە ئەوە شتانەی کە پێی وایە ناڕاست و دوورن لە هەقیقەت بەسەریدا دەسەپێت.
“شۆڕش چییە و لە نێوان دەسەڵات و هەقیقەتدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟”
ئەگەر دەسەڵات لە ڕێگای ڕەزامەندکردنی تاکی بندەست بتوانێت داخوازییەکانی خۆی کە لە خزمەت هەژموونی ئەودان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت، ئیتر پێویست بەوە ناکات کە دەست بۆ تووندوتیژی ببات و ئەم کارە لە ڕێگای دامودەزگا هاوشێوە مەدەنییەکانی وەکوو ڕاگەیاندن، پەروەردە و یان لارەملکردنی تاکەکان لە ڕێگای ئابوورییەوە جێبەجێ دەکات. لێرەیە کە دیکتاتۆرەکان شێوەی سەرەڕۆیی و ملهۆڕییان لێ کاڵ دەبێتەوە و سیمایەکی دێموکراتیک لە خۆ دەگرن، چونکە لە نێوان هەژمۆنیی دەسەڵات و لارەملێ، تووندوتیژی نابینرێ و ڕەزامەندیی فاکتەری سەرەکییە لەم پرۆسەیە. ڕەمزی لەنێوچوونی شۆڕش و بەرەهەڵەستکاری ئەوەیە کە دەسەڵاتداران لە جیاتی ئەوەی کە دژبەرانی خۆیان بە ئاگر و ئاسن بکوژن، بە لۆکە سەریان ببڕن؛ لە حاڵێکدا هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە لە هەردوویاندا سەپاندن و باڵادەستیی هەقیقەتی ساختەی دەسەڵاتدارە. جیا لەم حاڵەتە هێندێ جار دەسەڵات بە هۆی ئەوەی کە هەقیقەتەکانی لە ڕێگای ڕەزامەندیی و دڵخوازانە جێ ناگرن، ناچارە دەست بۆ تووندوتیژی ببات و دەنگ و کردە ناڕازییەکان سەرکوت بکات، لێرەدا سیمای ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات کە هەمان سیمای خۆسەپێن و زاڵیەتییە.
چ ئەوەی کە لە ڕێگای تووندوتیژی و سەرکوت بێت و ڕێگای سەرکەوتن لە کاناڵی کوشتن و سڕینەوە بێت و چ لە ڕێگای خۆوەدەستەوەدانی ڕەزامەندانە بێت، هەقیقەتێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە مانەوە و بوونی دەسەڵات گرێدراوی بندەستییە و هەتا بندەستێک نەبێت دەسەڵاتێک بوونی نییە. کە شۆڕشێک سەر هەڵ دەدات و بەربەرەکانێ لە نێوان هەقیقەتێک داسەپاو و هەقیقەتێکی داڕماو چێ دەبێت هاوکێشەکان بەرەو ئاراستەیەکی دیکە دەڕۆن و هەوڵ و تێکۆشانێک دێتە ئاراوە کە هەقیقەتە داسەپاوەکە ڕووی ڕاستەقینەی کە هەمان ناهەقیقەتە بۆ کۆمەڵگای بندەست دەرکەوێت. لەوەیدا کە لە نێوان هەژمۆنی و ڕەزامەندی و یان تووندوتیژیدا داخوازی و ئارەزووەکانی چینی باڵادەست دەبنە هەقیقەت بە واتای ئەوە نییە کە نەگۆڕن، یان قەبووڵکردنی بندەستی هەتا سەر بەردەوامە و باڵادەستی و بندەستی پرسی هەتاهەتایین، چون ئەگەر ئەمە وەکوو ڕاستییەک یان هەقیقەتێک لە نێوان هەقیقەتی خۆسەپێن و هەقیقەتی ڕامکراو ئیمانی پێ بهێنرێت کەواتە شۆڕش واتایەکی نییە. بۆیە شۆڕش هەستانەوەیەکی کردەیی و هزرییە لە هەمبەر هەقیقەتی خۆسەپێن. شۆڕش کە هەم باری کردەیی لە خۆ دەگرێت و هەم باری هزری، کاتێک دەتوانێت ئامانجەکانی دەستەبەر بکات کە لە هەمبەر کردەوەی دەسەڵاتدا کردەوەی هەبێ و لە هەمبەر تیئۆریدا، تیئۆری هەبێت و گوتارسازی بکات.
“دەسەڵات و هەقیقەت؟”
هابز دەڵێت:- دەسەڵات دەبێت لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیان و سامانی مرۆڤدا بێت. ئەو تایبەتمەندییەی کە هابز بە دەسەڵاتی دەدات، تەنیا ڕەهەندێک لە دەسەڵاتی لە خۆ گرتووە ئەویش دەسەڵاتێک کە چینی باڵادەست و چینی بندەستی تێدا بێت و لە دوو گرووپ و نەتەوەی جیاواز پێک نەهاتبێتن، دەنا دەسەڵات بە واتا نادێموکراتیکەکەی دەکرێت دوو چینی باڵادەست و بندەست لە نەتەوەیەک پێک بێنێ کە ئەم دۆخە بۆ دەسەڵاتێک کە بەسەر نەتەوە و خاکێکی دیکەدا هەژمۆنیی خۆی سەپاندووە جیاوازە، چونکە دەکرێت لە وەها دۆخێکدا چینی بندەستی سەر بە نەتەوەی باڵادەست چینی باڵادەستی نەتەوەی بندەست بێت؛ واتە دوو چینی باڵادەست هەیە و دوو چینی بندەست، کە چینی بندەستی نەتەوەی بندەست دوو جار بندەستە. ئەم بندەستییە تەنیا ڕەهەندێک نییە و یەک پرس لە خۆ ناگرێت و ئەگەر ورد نەکرێتەوە پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی وەرناگرێت؛ بۆیە بندەستی هەم ڕەهەندی سیاسی هەیە هەم ڕەهەندی ئابووری و فەرهەنگی و بگرە لەوە زیاتریش. کاتێک نەتەوەیەک دەکەوێتە دۆخی بندەستییەوە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی لە کونتڕۆڵی خۆی دەردەچێت و ئەوەی کە پێی دەگوترێت تاکگەرایی لەم ڕێڕەوە هێندێ جار خوازراو و هێندێ جار سەپاوە دەشێوێت. هێندێ جار خوازراو و هێندێ جار سەپاو بۆ ئەو تایبەتمەندییەی لە دەسەڵات دەگەڕێتەوە کە بۆ مانەوەی خۆی هەم لە شێوازی توندوتیژی کەڵک وەردەگرێت و هەم لە شێوازی ڕازیکردنی تاک و نەتەوەی بندەست.
“بۆچی کورد نابێت بە دەوڵەت؟”
ئەم پرسیارە ڕەنگە ڕەهەندێکی دیکەشی هەبێت یان پرسیارێکی دیکەی لە پشتەوە بێت، ئەویش ئەمەیە “بۆچی ناهێڵن کورد ببێت بە دەوڵەت”؟ ئەگەر بپەرژینە سەر پرسیاری سەردێڕکە ئەوە ڕوومان لە خودی کورد دەبێت و ئەگەر بپەرژینە سەر پرسیاری دووهەم وڵامەکە دەبێت لە دەرەوەی کورد ببینیەوە. لە هەردووی ئەم پرسیارانە خاڵێکی جەوهەری بەرجەستەیە ئەویش دیاردەی هەقیقەتی کوردە کە بوونی دەسەڵاتی داگیرکەران و هەروەها مانەوەیان لە مێژوودا بە بوونی کوردەوە بەستراوە. ئەگەر کورد تا ئێستە سەرەڕای ئەو هەمووە زەبر و زەنگەی کە لە سەریەتی جیا لەوەی کە ئەم نەتەوە خاوەن ڕۆحیەیەکی خۆڕاگرانەیە و یان چەشنی ژیانی جۆرێکە کە بەرگەی سەختییەکان دەگرێت، بەشی سەرەکییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەمانی کورد نەمانی داگیرکەرانیشە و لە حاڵەتی نەمانی کورددا ناکوردەکان بیانوویەکیان بۆ پێناسەی خۆیان نامێنێ. بەڵام لێرەدا قەیرانێک کە بوونی هەیە ئەوەیە کە کورد بە هۆی دابڕان لە مێژوودا لە بەر ئاوێنەی لێڵی ئەوی ترەوە خۆی دەنوێنێ و دەیەوێ بەخۆهەڵواسین بە هەقیقەتە خۆسەپینەکانی ئەوی ترەوە هەقیقەتی خۆی بسەلمێنێ و هەمیشە بە دوای ڕەوایی وەرگرتن لەمولەو بووە.
لە شۆڕشەکانی هاوچەرخدا ئەم قەیرانە بەرچاوتر بووە و لەگەڵ بابەتی جەوهەری کە گەڕانەوەیە بۆ خۆ، نامۆیە؛ کەچی ئەم جەوهەرە دابەزیوە بۆ خواستە نەلواوەکان و لەسەر تەبەقی دێموکراسی، سۆسیالیزم و یان پێکەوە ژیانی ئاشتییانە ئاراستەی قەومی داگیرکەر و دنیا دەکرێت. ئەم خواستانە هێندە نەلواون کە لەلایەن قەومی داگیرکەرەوە بە فێل و فریوێکی کوردەکان سەیر دەکرێت کە بەم بیانووەوە ڕێگا بۆ سەربەخۆیی خۆش دەکەن. لە حاڵێکدا ئەم ڕێڕەوە کە زیاتر لە سەد ساڵە کورد پێیدا دەڕوات بەپێچەوانە کڵاولەسەرنانی خۆیەتی و مخابن هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە کە قەومە داگیرکەرەکان نە لە ڕێگای دێموکراسییەوە دامەزراون نە سروشتی قەومی و سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتییان هەڵگری دێموکراسییە. ئەگەر ئەم خواستانە لە بڕگەی دووهەمدا دابنرێت و بکەوێتە قۆناغی پاش ڕزگارییەوە بەبێ ئەملاوئەولا وزە و پتانسیلەکانی شۆڕش لە جیاتی ئەوەی لە پێناو دێموکراتیکردنی کۆمەڵگایەکی داگیرکەر بەفێڕۆ بچێت دەکەوێتە خزمەت گەڕانەوەی کورد بۆ نێو مێژوو و لەو پەرتبوونە هەزار ساڵەیەدا ڕزگاری دەبێت.
ئەگەرچی ئەوی ترەکانی کورد لە هێندێ کەرەستەی ئاسمانی و خەیاڵی بۆ پێناسەی خۆیان کەڵک وەردەگرن، بەڵام کورد پێی لەسەر گۆی زەوییە و لە نێوان ئاسمان و زەویدا لە ململانێدایە، ئەم بەربەرەکانێیە لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. وێژە و ئەدەبیات یەک لەو ڕەهەندانەیە کە یەکێک لە فاکتەرە گرنگ و جیدییەکانی مانەوەی کوردە لە هەمبەر ئەوی ترەکانەوە و بەپێچەوانەی ڕەمزە ئەفسانەیی و ئاسمانییەکانی وێژەی فارسی و عەرەبی و تورکی، کورد ڕەمزەکانی بەردەست و زەوینین. نموونەی ئەم دێڕیە کە لە دەسپێکی شێعرەکانی ئیل بەیگی جافدایە کە دەڵێت: “من بە قەوڵی گۆران دەکەم…قسە لەژێر هەوران دەکەم” (٢) لێرەدا ئیل بەگی جاف دەڵێت من گوێ بۆ قسەی گەورەکان ڕادەگرم و لە ژێر هەورەکان و ئاسمان قسە دەکەم یان لە ڕووی خەیاڵ و دوورەدەست نادوێم. ئەمە هەقیقەتێکی ڕاستەقینەی بوونی کوردە کە کەوتووەتە بەر پەلاماری هەقیقەتە سەپاوەکانی ئەوی ترەکانی کوردەوە و زۆر جار بە ناو و ناتۆرەی “کورد لە جندۆکە و شەیتان کەوتوونەتەوە”، یان “کورد کافرە” ویستوویانە ڕەواییبوونی خۆیان بە ئاسمانەکانەوە ببەستنەوە کە لە بەردەست نییە و هەتا ئێستە لە توانایی مرۆڤ بەدەرە بۆ ڕەتکردنەوە یان سەلماندنی ئەو ئەفسانە و هەقیقەتە خەیاڵییانەی کە دایدەڕێژن.
کاتێک دەپرسین کورد بۆچی نابێت بە دەوڵەت و ڕووی پرسیارەکە لە خودی کوردە بۆ ئەوەیە کە کورد لەو هەقیقەتە ڕاستەقینەی خۆی کە لەژێر هەورەکانە دابڕاوە و خۆی بە ئۆتۆپیای ئەویترەکانەوە هەڵواسیوە و دەیەوێ لە ڕێگای ئیخلاق، فەلسەفە و دەقە خەیاڵییەکانەوە خۆی ڕزگار بکات. ئەم دۆخە تەنیا لە ڕەهەندی شۆڕش یان سیاسەتدا زۆر زەقە دەنا لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و تەنانەت ئابوورییەکاندا جیاوازییەکی بەرچاو بەدی دەکرێن، تەنانەت ئەم جیاوازییە لە مۆسیقا و ڕێتمەکانی کوردی و ئەوانی تری کورد بەڕوونی ئاشکرایە چونکە ڕیتمە کوردییەکان ورووژێنەر و جووڵێنەرن و تێمێکی شادیهێنەر و هەڵپەڕێنیان لەگەڵە کەچی ڕیتمی مۆسیقای ئەوانی تری کورد تێکەڵ بە عیرفانێکی ئاسمانی و خەیاڵییە و داهێزنەری و دامرکاوییان پێوە دیارە. ئەگەرچی لەم بەشەشدا زۆر جار مۆسیقای خۆیان لەسەر جەستەی مۆسیقای کوردیدا زیندوو کردووەتەوە و سەماکانیان لەگەڵ هەڵپەڕکێی کوردی گونجاندووە کەچی دەبینی هەڵپەڕکێی کوردی هەم ڕەزمە و هەم بەزم بەڵام ئەوەی فارس، تورک و عەرەب سەمایە و بەزم. ڕەنگە ئەم بابەتانە لە چاو وێنە گەورەکەدا کە سەرەوەری و سەربەخۆبوونە کەمتر بێتە چاوەوە، بەڵام جیا لە فاکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سایکۆلۆژیی کورد و ئەوی ترەکانییەوە هەیە ئەوەی کە ئەو قەومە داگیرکەرانەی لەسەر خاکی کورد کردووەتە سەردەست و کوردی لەسەر خاکی باوباپیرانی کردووەتە بندەست و لە مێژوو دەرکراوە، خۆ ڕێکخستنی و خۆ پێناسەکردنی ئەوانی ترە لەسەر بوونی کورد و نامۆبوون و دوورکەوتنەوەی کورد لە هەقیقەتی بوونی خۆی و توانەوە لە هەقیقەتی نەبووی داگیرکەرانە. ئەوەی کە شۆڕشەکانی کورد وەکوو کردەوە لە مانەوەی کورد دەوریان هەبووە نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام ئەوەی کە کورد نەگەیشتووەتە سەرەوەری و یان بە پێناسەی ئەمڕۆیی نەبووە بە خاوەن دەوڵەت، نەبوونی تیئۆرییەکە کە گونجاو بێت لەگەڵ جووڵانەوەکانی کورددا.
“ئەنجام”
ئەگەر بە دوای هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنی کورد بە سەروەری بگەڕێین و لەم گەڕاندا تەنیا چاومان لەسەر فاکتەرە نیزامی و سیاسییەکاندا بێت و ئەو گەڵاڵانەی کە لەم ڕاستایەدا لەلایەن ئەوی ترەکانی کوردەوە بۆ کورد کێشراوە بە فاکتەری سەرەکی ئەم دۆخە بزانین ڕەنگە بۆ دەیان ساڵی تر نەتوانین بە خەونی گەورەمان بگەین. هەر بۆیە جیا لە ڕەهەندی سیاسی و نیزامی دەبێت شەنوکەوی ئەم بابەتە لە نێودڵی مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە بکەین و ئەو ڕاستییە لە ژێر تۆز و خۆڵی مێژووی بزربوومان دەربێنین کە ئەوەی میژووی نووسراوی قەومە باڵادەستەکانە کە لە هەقیقەتی بوونمان دووری خستووین و مێشکی کوردیان بەوە ئاڵۆزاندووە کە هەقیقەت لەم جیهانە نییە و دەبێت بۆ گەیشتن بە هەقیقەتی ڕاستەقینە واز لەم دنیایە بێنی و لە جیهانی خەیاڵدا وێڵ و سەرگەردان بین. ئەگەرچی ناسینی هەقیقەت و باسکردن لەم بارەوە ئاڵۆز و چەند ڕەهەندییە، بەڵام وەک ئەرەستوو لە دەقی نامیلکەی “ما بعد الطبیعە”دا دەڵێت: “مرۆڤەکان بەپێی سروشتیان بە دوای ناسینەکاندا دەگەڕن”.(٣) ئەمە واتە بیرکردنەوە و زەینی هەر تاکێک بۆ ژینگەی ئەو تاکە دەگەڕێتەوە و ڕەوتی ژیانی نەتەوەکان پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سروشت و ژینگەیەکەوە هەیە کە تێیدا گەشە دەکات، بۆیە ئەگەر ئەوی تری کورد هەموو هەوڵی ئەوەیە کە کورد لە ژینگە و نیشتمانی خۆی دوور بخاتەوە یان دەسکاری دێموگرافیای خاکی کورد بکات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد هەموو هەقیقەتی لە ناخی ژینگە و خاکەکەیدایە و وەکوو ئەوی ترەکانی خۆی نییە کە بەستراوی هیچ خاکێک نین و لە ڕەوتی مێژوودا قەوم و هۆزگەلێکی گەڕۆک بوون کە ژیانێکی نانیشتەجێیان بووە و پێش ئەوەی کە لە خاکی کورددا خۆیان بسەپێنن خاوەن خاکێک نەبوون کە پێناسەی بوون و هەقیقەتی ئەوان بکات.
سهرچاوهكان؛
١ـ قادری، زەکەریا، وەرگێڕان: بەهرامی، سەلاح، کوردناسی، سلێمانی، هەژار موکریانی، ٢٠١٨، ٦٢.
٢ـ جاف، ئیل بەیگ، شرۆڤە و وەرگێڕان (بۆرەکەیی، سدیق)
٣ـ حاجیزادە، جەلال، ڕامان و زەینی کوردی، مقدمەای در باب کشف ذهن کوردی، لاپەڕەی ٥، پۆلیتیا، ڕەشەممەی ٢٠١٩