“یەک؛ چەمکی تاوان لە واقیعدا”
تاوان پێش ئەوەی کەیسێکی یاسایی بێت، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، سایکۆلۆژییە. هەر لەسەرەتای دروست بوونەوە تاوان بوونی هەبووە، دیاردەیەکی سرووشتییە کە شانبەشانی ژیان ڕێ دەکات، یەکێکە لەو دیاردانەی کە بەبێ جیاوازی ڕووبەڕووی هەموو کۆمەڵگاکان دەبێتەوە چ کۆمەڵگای پێشکەوتووەکان بێت یانژی کۆمەڵگای پاشکەوتووەکان، تاوان خەسڵەتێکی بۆماوەیی نییە وەک چۆن ڕەفتارێکی زۆرەملێش نییە بەڵکو بڕیاڕێکی خۆویستانەی ئارەزوومەدانەیە. هەڵبەتە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە نێوان هەردوو بەرداشی چاکە و خراپەدا خۆی دەنوێنێت هەروەها خووخدەی ناخی مرۆڤ و هۆکارە دەروونییەکان ڕۆڵێکی گرنک دەگێڕن لە دیاریکردنی ئەو ڕێگایانەی کە تاک دەیگرێتەبەر چونکە ئەو هەست و پاڵنەرانەی کە دەوری تاکیان داوە ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە ئاڕاستەکردنی ڕەفتاری تاکەکەس و پێدانی بژاردەی ڕێگای چاک و ڕێگای خراپ (ئەلجومەیلی 2001 – ل 35) .
تاوان لە ڕووی زمانەوانیی؛ وشەی تاوان(الجريمة) لە وشەی (الجرم: ٲي الذنب)ەوە هاتووە (عەمارە، ل 41)، لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (Crime) بە هەر کردارێک کە پێشێلی یاسا و ئەخلاقی گشتی بکات پێناسە دەکرێت، ئەم چەمکە لە چەند ڕەهەندێکەوە پێناسە دەکرێت بۆ نمونە لە ڕوانگەی یاساوە تاوان وەک کارێکی نایاسایی کە لەلایەن ئیرادەی تاوانکارییەوە سەرچاوە دەگرێت پێناسە دەکرێت و یاسا سزایەکی بۆ دیاری دەکات، هەروەها دەتوانین بڵێین هەموو ئەو شتانەی کە شەرع یان یاسا بە تاوانی دادەنێت جا چ ڕەفتار بێت یان گوفتار و سزایەکی ڕاشکاوی بۆ دانابێت ئەوا بە تاوان لە قەڵەم دەدەرێت (لەیلا 1990 – ل 11). سەبارەت بە پێناسەی تاوان لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بریتییە لە: تێرکردنی ڕەمەکی(غەریزە)ی مرۆیی بە ڕێگایەکی چەوتەڕێ، واتە ئەو کەسە بە ڕێگایەکی ئاسایی و سرووشتی ئەو ڕەمەکەی تێر ناکات ئەمەش بە هۆی کەموکوڕییەکی چەندایەتی یان لادانێکی چۆنایەتی لەم ڕەمەکەدا هاوڕێ لەگەڵ یەک یان چەند گرفتێکی دەروونی (ڕەمەزان 1985 – ل 14). ئایینی ئیسلام تاوان وەک ئەنجامدانی کردەوەیەکی قەدەغەکراو یان نەکردنی کردەوەیەکی فەرمان پێکراو پێناسە دەکات (عەمارە 2008 – ل 47). هەروەها (ئەلئەلفی 2016) تاوانی پێناسە کردووە بەوەی: ئەنجامدانی یان ئەنجامنەدانی کارێکە کە یاسا دیاریکردووە و ئەنجامدەرەکەی بە سزای تاوان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
“جۆرەکانی تاوان”
زانینی جۆری تاوانهکان و پۆلێن کردنیان گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هەر تاوانێک و سزاکەی. هەر وڵاتێک تاوانەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە وڵاتێکی تر دابەش دەکات، لێ دابەش بوونی سێ جۆر تاوان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا سزاکانیان وەکو یەکە، واتە تاوانەوانەکان لە ترسناکرترین تاوان تا ناترسناکرترین – ئەو تاوانانەی زۆر پاتە دەبنەوە و زۆرینەی خەڵکی تێیدەکەون بەم شێوەیەی لای خوارەوە (ئەلقەسیر 2006 – ل 137 – 140).
یەک:- تاوانی گەورە؛ لە ڕیزی تاوانە هەرە قورسەکان دادەنرێت و ئەنجامدانی تووندترین جۆری سزای بەدواوەیە وەک سزای لەسێدارەدان، زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ کاری قورس، نمونەی ئەم تاوانانە (کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی سێکسی)، قورسایی ئەم تاوانانە لە هەندێک وڵاتدا بووەتە هۆی دانانی دادگایەکی تایبەت بۆ ئەم جۆرە تاوانانە وەک ” دادگای تاوانە گەورەکان لە عومان”.
دوو:- تاوانی بچووک – سووکە تاوان؛ بە یەکێک لەو کردەوانە دادەنرێت کە دەکەوێتە نێوان تاوانی گەورە و سەرپێچییەوە، شتێک لە تاوانە گەورەکان کەمترە، بەڵام لە سەرپێچی گەورەترە، نمونەی تاوانە بچووکەکان (تێکدانی موڵک و ماڵی کەسانی تر، دزی کردن) ئەم تاوانانە چەندین سزا بەدوای خۆیدا دەهێنێت لەوانە زیندانی کردن، پێبژاردن(غەڕامە).
سێ:- سەرپێچی؛ هەموو ئەو کارانە دەگرێتەوە کە پێچەوانەی یاسا بن و سزای دیاریکراویان هەبێت، سزاکانیش وەک زیندانی کردن بۆ ماوەیەکی کەمتر لە ماوەی تاوانە گەورەکان و تاوانە بچووکەکان، پێبژاردنێکی ڕەمزی، نمونەی سەرپێچییەکانیش بریتین لە (تێپەڕاندنی چرای سوور – ترافیکلایتی سوور – تیژڕەویی).
“بنەماکانی تاوان”
بۆ ئەوەی کردەوەیەک پێی بگوترێت تاوان ئەوان پێویستە هەموو بنەماکانی تێدا بێت (هـ،س،پ)
یەک:- بنەمای یاسایی؛ کە وەرگیراوە لە پرەنسیپی “هیچ کردەوەیەک بە تاوان دانانرێت و سزای لەسەر نییە مەگەر بە دەقێکی یاسایی نەبێت” واتە هەبوونی بڕگەیەکی یاسایی کە کردەوەکەی بە تاوان پێناسە کردبێت و سزایەکی دیاریکراوی بۆ دانابێت.
دوو:- بنەمای ماددی؛ ئەو کردەوە یان ئەو ڕەفتارەیە کە بەگوێری یاسا بە تاوان دادەنرێت و بەسەر سێ توخمدا دابەش دەبێت ئەوانیش (کردەوەی تاوانکاریی، کاریگەری تاوانکاریی کە لە ئەنجامی کردەوەی تاوانکارییەوە سەرچاوەی گرتووە، پەیوەندی هۆکار بە ماناکەیەوە واتە ئەگەر ئەو کارە نەبوایە ئەوا تاوانەکە ڕووی نەدەدا).
سێ:- بنەمای مانەوی(مەعنەوی)؛ ئەو بنەمایەیە کە پەیوەستە بە نییەت و نیازی تاوانکارەوە واتە تاوانکار ئازادە بووە لە ئەنجامدانی تاوانەکە و لەژێر فشاری زۆرەملێی ئەنجامدانی تاوانەکەدا نەبووە.
“هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوان”
هۆکار و مەبەستی زۆر هەن بۆ ئەنجامدانی تاوان بە هۆی فاکتەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاوانبار، هەروەها فاکتەرە ئابووری و سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان هەیە، ڕەنگە دیارترین هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوان ئەمانەی لای خوارەوە بن (ئەلڕاشد 2015).
یەک:- نەبوونی ئامۆژگاریکەر و پێوار(غیاب)ی پەروەردەی ئایینی دروست، چونکە یاسا و فەرمانە ئایینییەکان ڕێگرییەکی بەهێزی بەردەمی تاکن لە ئەنجامنەدانی تاوان.
دوو:- نەبوونی پەروەردەی خێزانی دروست و لاوازی پەروەردەی ئەخلاقی کە وا لە تاک دەکات بەبێ بیرکردنەوەی هەڵسوکەوت بکات.
سێ:- ژینگەی گەندەڵ کە مرۆڤ لەژێر کاریگەری کەسانی دەوروبەریدایە، هەروەها خوو بە دیاردە و دەرکەوتەکانی گەندەڵی و توندوتیژی و تاوانکاریی دەگرێت تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە ئەم کردەوانە لەلای دەبنە شتێکی زۆر ئاسایی و نۆڕماڵ.
چوار:- بێکاریی و بارودۆخی سەختی ئابووری کە پاڵ به تاکەکانەوە دەنێت پەنا ببنە بەر دزی و ساختەکاریی و گزی بۆ پەیداکردنی پارە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە ڕێگایەکی نایاسایی.
پێنج:- بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کحول، بەو پێیەی بەکارهێنەری ئەم مەوادانە ئەوەندە ئاگاداری – هۆشی بەخۆی نییە – هەڵسوکەوتەکانی نییە تا بزانێت چی ڕودەدات، ئەمەش وای لێدەکات بەبێ ئاگایی و هۆشیاری و لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان و کحولدا کردەوەی تاوانکاریی ئەنجام بدات.
شەش:- توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان کە کاریگەری لەسەر ئاوەز و بیرکردنەوەی تاک جێدەهێڵێت و وای لێدەکات مەیلی بەرەو توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە هەبێت بۆ تێرکردنی ئارەزووە دەروونییەکانی.
“دوو؛ تاوان لە فیلم و سینەمادا”
سینەما جێگەیەکی گرنگی لەنێو کایەی میدیادا داگیرکردووە بەهۆی ئەو تایبەتمەندی و سوودانەی کە لە کرۆکیدا هەڵیگرتوون کە وای لە سینەما کردووە بەربڵاو بێت و توانای یەکخستنی بینەری لە یەک شوێن و تەماشاکردنی هەمان چیرۆکدا هەبێت. ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی زانیاری دادەنرێت بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەوانە زانیاری پەیوەست بە تاوان و توندوتیژی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن بەبێ زیادەڕەوی و شێواندن و هاندان و بە شێوەیەکی بابەتییانە تاوان نیشان دەدەن، لێ لە دراما و فیلمەکاندا دۆخەکە جیاوازە، لە سینەمادا ئەو توندوتیژییەی کە پاڵەوانی چیرۆکەکە پیادەی دەکات وەک نیشانەی هێز و بوێری وەسف دەکرێت، واتە “پاڵەوانەکە بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستەکەی یان تۆڵەسەندنەوە ئەو تاوانانەی ئەنجامداوە، ئیدی پاڵەوان بۆ کردنی ئەم تاوانانە هاندەدەرێت چونکە پاڵەوانە “، لە بەرابەردا ئەو کارەکتەرانەی کە ئارەزووی کردەی تووندوتیژی ناکەن و کردەوەگەلی تاوانکاریی ئەنجام نادەن ئەوە وەک کەسێکی لاواز و ترسنۆک و بێزراو تەماشا دەکرێت.
هەرچەندە گشت ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن بە سینەماشەوە هەولی هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی تاوان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی و ئامڕازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دەدەن، بەڵام مەترسی ئەم بابەتە لە خراپ مامەڵەکردن دایە لەگەڵ پرسی جددی تاوان کە کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە. زۆربەی توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە فیلمە تەلەفزیۆنی و سینەماییەکان کاتێک باس لە بابەتی تاوان دەکەن یەکێکن لە گرنگترین هۆکارە سەرەکییەکانی لادانی گەنجان، ئەمەش لەبەرئەوە نییە کە هانی ئەم توێژە دەدەن بۆ ئەنجامدانی هەندێک تاوان، بەڵکو لەوانەیە لە ئەنجامدا لادان و تێکچوونی ئەخلاقی و گرفتی دروونی کە لە دواجاردا هەڵسوکەوت و ڕەفتاری شەڕانگێزانە و توندوتیژی و تێکدەرانەی لێ دەکەوێتەوە (عەمارە 2007 – ل 54). ئەوەی کاریگەری سایکۆلۆژی سینەما لەسەر وەرگرەکان دەردەخات ئەوەیە کە هەندێک لە بینەر هەندێک جار باوەڕ ناکات کە ئەم چیرۆکی ئەم فیلمانە خەیاڵی و ئەندێشەیین ئەمە ئەگەر فیلمەکە لە شێوەی چیرۆکی واقیعیدا پێشکەش بکرێن. ئەمەش پێوستی بە لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی ئەو ئامڕاز و کەرەستە سینەماییانە هەیە کە مامەڵە لەگەڵ چیرۆکی تاوانکاریدا دەکەن، هەروەها گۆڕانکاریی لە بەها ئەخلاقییەکان و شێوازە مرۆییەکان و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای سینەماوە. زۆرێک لە توێژەران لەو باوەڕەدان کە سینەما تەنها بۆ خۆشی و سەرگەرمی نییە، بەڵکو زۆر ئارەزووی تێرکردن بۆ بینەر دەستەبەر دەکات وەک کارلێکی کۆمەڵایەتی تاک لەگەڵ ئەوانی تر (compsi, 1980).
هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ مەیلی بەرهەمهێنانی فیلمی تاوانکاریی، لێ خواست و ئارەزووی بینەر بۆ ئەم ژانرە لە فیلم هۆکاری سەرەکی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانەیە چونکە جۆش و خرۆش و سەرگەرمی ئەو ئامانجەیە کە سینەما بەدوای خۆیدا دەیهێنێت لەبری پەروەردە و تێرکردنی ئارەزووەکان نەوەک سوود وەرگرتن لە پەند و وانە لە فیلمەکان و دەستخستنی ژیریی و دانایی بۆ باشترکردنی ژیان، ئەمەش ئەوەیە کە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان وەک ئەو لێکۆڵینەوەیەی (compsi, 1980) کە ئاماژەی پێکردووە کە دراما و بەرهەمە سینەماییەکان تەنها ئامڕازی کەیفسازیی و سەرگەرمی نین بەڵکو زۆر ئارەزووی تری بینەر تێر دەکەن بۆ نمونە سینەما لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە هۆی کارلێکی تاک لەگەڵ ئەوانی دی، هەروەک چۆن دەرفەتێکیشە بۆ دەربازبوون لە واقیع و ئاریشەکان.
ئەو فیلمه سینەماییانەی کە باس لە چیرۆکی تاوانکاریی و تاوانکاران دەکەن هەمەجۆر و فرەچەشنن ئەمەش بەهۆی هەمەجۆریی بینەر و فرەچەشنی ئارەزووەکانیان، سینەمای ئەمریکی بەجۆرێک ناوەڕۆکێکی درامی هەمەجۆری دابین کردووە کە هەموو پێداویستییە فیکری و مەعریفی و کەیفکارییەکانی خەڵکی تێرکردووە، بینەر بڕێکی زۆر فیلمی تاوانکاریی وەرگرتووە کە زۆرجار ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەن کە زۆرکەس بەهۆی نەبوونی زانیاری ڕاستەوخۆ لەبارەی واقیعەوە پەنا دەبەینە بەر فیلمە سینەماییەکان بەنیازی دەستخستنی مەعریفە و زانیاری دەربارەی جیهانی تاوانکاریی (تادرۆس 2014 – ل 457).
فیلمه سینەماییەکان ڕێژەیەکی بەرزی بینەری و ئامادەبووانێکی بەرچاوی جەماوەریان هەیە چونکە کاریگەری لەسەر نیهانی بینەر جێدەهێڵێت، هاوڕێ لەگەڵ چێژ و خۆشی و ترس و خوڵقاندنی کەشێکی پڕ لە شڵەژان و دڵەڕاوکی. ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی زیادبوونی خواستی بینەر لەسەر فیلمە ئەمریکییەکان بەگشتی و فیلمە تاوانکارییەکان بەتایبەتی تێچووی زەبەلاحی بەرهەمهێنان و ئامێر و سازوکار(میکانیزم)ە هاوچەرخ و پێشکەوتووانە بێت کە وا لە بینەر دەکەن وەک ئەوەی بەڕاستی لەنێو فیلمەکەدا ئامادە بێت واتە کەمەندکێش کردنی بینەر لەڕووی تەکنیکەوە لەلایەک، ئەمە جگە لە پێشکەش کردنی چیرۆکی ڕۆژئاوایی – دەربارەی کۆمەڵگای خۆرئاوایی – و نامۆ، هەروەها بوونی ئەکتەرە خۆشەویستە بەناوبانگەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ فیلمەکە، هەروەها پلانی بازاڕدۆزیی(مارکێتینگ) سەرکەوتوو ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕاکێشانی جەماوەر، چونکە تیمی بازاڕدۆزیی کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ فیلمەکە و کردنی بە ” دیاردە “.
ئەو بەرهەمە سینەماییانەی کە باس لە بابەتی تاوان دەکەن زۆر زیادەڕەوی دەکەن لە قەبارەی تاوانە توندوتیژییەکان لە جیهاندا بە شێوەیەک کە لەگەڵ سرووشتی تاوان و پاتەبوونەوەی ڕوداوە تاوانکارییەکاندا ناگونجێت، چونکە ئەم بەرهەمانە بە بەردەوامی و دووبارە و ورەپات ڕوانگەیەکی مەترسیدار و توندوتیژ بۆ جیهانەکەمان زیاتر لەوەی لە واقیعدا هەیە نیشان دەدەن و مەترسی ئەم بەرهەمانە لەوەدایە کە پاڵەوان (کارەکتەری تاوانکار) وەک کارەکتەرێکی ئەفسانەیی وێنا دەکات کە بە زیرەکی و کارامەیی دەناسرێتەوە و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات، ئەمە سەرەڕای توانای پاڵەوانەکە لە ڕزگارکردنی خۆی لە دوژمنەکانی و هەموو ئەوانەیشی کە دێنە سەر ڕێی (عەمارە 2008 – ل 49).
(بوسێل – Busselle 2003) پێی وایە کە دراماکانی تاوان بەگشتی سەرنجی لەسەر تاوانکارانە، واتە فۆکەس دەخاتە سەر بکەری تاوانە و کارەکە لە ڕوانگەی جێبەجێکارانی یاسا، پاڕێزەران، یان تاوانبارێکەوە نیشان دەدەن کە سزاکەی وەردەگرێت کە لەسەر بینەر وابشکێتەوە کە لاسایی تاوانکارەکە نەکاتەوە و نەیکاتە نمونە و پێشەنگی خۆی، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی خواستی جەماوەر بۆ فیلمی توندوتیژی و سەرسوڕهێنەر و وروژێنەر کە بابای تاوانبار لە ناخی بینەردا دروستی دەکات وای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و نووسەران کرد کە بەرهەمە سینەماییەکە لە ڕوانگەی تاوانکارەوە دروست بکەن نەوەک لەڕوانگەی یاساوە، هاوکات بابای تاوانکار ببێتە پاڵەوان و ئەستێرەی ئەفسانەیی فیلمەکە، وەک هەندێک لە بەرهەمە سینەماییەکان هەستاون بە جوانکردنی وێنەی تاوانکاران پاساوهێنانەوە بۆ کارەکانیان، کە ئەمەش مەترسی لەسەر کۆمەڵگا و مەترسی وێنەی تاوانکار لە چاوی بینەردا دروست دەکات.
دەشێت هەندێک کەس کە نەخۆشی دەروونی هەیە تەماشای فیلمی تووندوتیژی و تاوان بکەن بۆ ئەوەی ئیلهام لە بیرۆکە و شێوازی نوێ لە ئەنجامدانی جۆرەها تاوان و چۆنییەتی دەربازبوون لێی وەربگرن، بەو پێیەی ئەم کردەوانە بە مەترسیدار بۆ سەر توێژی منداڵ و نێوجەوان دادەنرێت چونکە ئەم تەمەنانە ناتوانن جیاوازی لە نێوان کردەوەی قارەمانانە و کردەوەی نایاساییانە – یاخییانە -دا بکەن ئەمەش وایان لێدەکات لاسایی هەڵسوکەوتی ” پاڵەوانی تاوانکار ” بکەنەوە (بێرنارد 2013)، هەروەها (بێرنارد 2013) باسی لە حاڵەتی ڕاکێشانی سەرنج بۆ سەر کارەکتەری پاڵەوان کردووە کە پاڵەوانی تاوانکار نەک تەنها فیلمسازانی ڕاکێشاوە بەڵکو سەرنجی بینەرانیشی کەمەندکێش کردووە، بۆ نمونە چەتەکان کەسایەتییەکی وزەبەخشن بۆ ژیانی چەقبەستویی ڕۆتینی خەڵک، وە تاوانکاران ئەوەندەی بەکەم و بە گاڵتەجاڕییەوە سەیری یاسایان دەکرد ئەوەندە پێشێلیان نەدەکرد، تاوانکاران شێوازێکی تایبەتییان لە بزوتنەوەی تاوانکاریی داهێنا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو فراوانتر و بەرەو تاوانی گەورەتر هەنگاوی نا، ئەوان بە گیرفانبڕین دەستیان پێکرد و بە بڕینی بانکە گەورەکان کۆتاییان پێهێنا و کاری تاوانکاریی خۆیان وەک تاوانبارێکی ساویلکە و ملکەچ دەستپێکرد و لە کۆتاییدا بوون بە سەرۆکی چەتەکان و خەڵکانی زەنگین و پارەدار، لە هەمووی گرنگتر چەتەکان لە سینەمای ئەمریکیدا ئازادی خۆیان پراکتیزەکرد کە ئەمە ئەو تایبەتمەندییە کە ئەمریکییەکان لە ژیانیاندا بایەخی پێدەدەن، پیادەکەرانی ئازادی – ئەوانەی کە ئازادی خۆیان بەدیهێنا – بینەری ئەمریکی ئیرەییان پێدەبەن.
یەکێک لە نمونە هەرە دیارەکانی لاساییکردنەوەی کردەی توندوتیژی لەلایەن خەڵکەوە ئەوەیە کە لە وڵاتی کۆلۆرادۆ لە ساڵی (2013) ڕویدا، ئەویش ئەوەیە لە ڕوداوێکیدا پێاوێک دەستڕێژی گوللـەی بەنێو هۆڵێکی سینەمایی پڕ لە بینەر کرد، ئەم پیاوە هێندە سەرسامی فیلمی (سوارچاکی تاریکی – The Dark Knight) بوو هاواری دەکرد ” من جۆکەرم “(ماڵپەڕی ئەلعەین 2019). هەندێک لە فیلمە تاوانکارییەکان بە شێوەیەکی ڕاڤەیی تاوانەکە دەخەنەڕوو واتە تاوانەکە و زانیاری ورد لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی و دەربازبوون بە تەواوی دەخرێتەڕوو، ئەمەش ئەزموون و بیرۆکە لەم بوارەدا بۆ بینەر دڕەخسێنێت کە ڕەنگە ژیانی خۆیان و کەسانی تر بخەنە مەترسییەوە (عەمارە 2008 – ل 56). ئەمەش ئەوەیە کە تۆڕی (WBTV)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە کیژێکی تەمەن (31) ساڵ تۆمەتبارکراوە بە پێشکەش کردنی خواردنەوەی ژەهراوی بە دەستگیرانەکەی لە ژەهراوی کردنی شەرابەکەی بە تێکردنی جەند قەترە ژەهرێک، پاش دەستگیرکردنی دانی بەوەدا نا کە ئیلهامی ئەم کردەوەیەی لە فیلمی کۆمیدی (Wedding Crashers)ەوە وەرگرتووە، ئەگەرچی ئەم فیلمە بە ژانری کۆمیدی – کۆمیک – پۆلێن کراوە بەڵام دیمەنی ئاسانی ئەم تاوانەی نێو فیلمەکە سەرچاوەی ئیلهامی کردەوەی ئەم کیژە بووە (ماڵپەڕی ئەلجەزیرە 2019). هەڵبەتە نمونەگەلی زۆر هەن کە چۆن فیلمە تاوانکارییەکان بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی تاک و کاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و تێڕوانین و بیرکردنەوەیان.
ڕەنگە مەترسی فیلمە تاوانکارییەکان لە تاوانایان بۆ جوانکردنی وێنەی تاوان و ئاسانکردنی تاوان بۆ خەڵک بێت، ئەمە جگە لەوەی توانایان بۆ ئیلهام بەخشین بە بیرۆکە نوێ و پاساوهێناوە بۆ تاوانەکان و ئاساییکردنەوەی تاوانکاران بە کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و ناتۆڵەسێن. بە هۆی ئەم کاریگەرییە گەورەیەی فیلمی تاوانکارییەکانەوە ئاسایشی دەوڵەت ترسی لە کاردانەوە خەڵک هەیە لە کاتی تەماشاکردنی ئەم فیلمانە لە سینەماکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەدووی دەروونییەوە ناتەندروستن واتە تێکدەچن، چونکە سینەماکانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە ئەمریکاشەوە لەم دواییانەدا پۆلیسیان لەنێو هۆڵەکانی سینەمادا جێگیر کردووە، هەروەها پشکنینی تەواو بۆ بینەران – لە هۆڵەکانی سینەما – لە ترسی ئەوەی نەبادا کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات یان هەر ڕەفتارێک کە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی بینەرانی نێو هۆڵی سینەماکە (ماڵپەڕی ئەلعەرەبی پۆست 2019). لەلایەکی تریشەوە فیلمە تاوانکارییەکان چەند کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەیە، بەو پێیەی بینەر پەروردە دەکەن بۆ دوورکەوتەوە لە ڕێگای خراپ و چەوت و دووربکەوێتەوە لە پەنابردنە بەر تووندوتیژی و تاوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها ڕێنمایی بینەر دەکەن لەسەر چۆنییەتی ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان وەک تاوانی فێلکردن و ساختەکاریی کە ئەم فیلمانە ڕێنمایی و هۆشداریی دەدەنە بینەر لە بەرابەر ئەم تاوانانە، بە جۆرێک کە بینەر ڕێوشوێنی خۆپارێزیی بگرێتەبەر، هەروەها ئەم فیلمانە چیرۆکی تاوانکاران دەگێڕنەوە دوای ئەوەی ڕادەستی دادگا کران ژیانیان بەرەو خراپتر ڕۆیشت و زیانی گەورەیان پێگەیشت.
نووسینی: ئامینە کامیل خورشید
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
ئهم وهرگێڕانه پێشکەشە بە؛ هاوژین محەمەد