“چەمک و پەیام و ئاڵنگارییەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی؛ ئاوڕێک لە داهاتووی هەڵبژاردنەکان”
لە هەر وڵاتێکدا یەکێک لە نیشانەکانی هەنگاونان بەرەو دیموکراسی، ڕەوتی هەڵبژاردن و دروستکردنی ئاسایش و شەفافییەتە لە هەڵبژاردندا. کۆڵەكەی سیستمە سیاسییەکان، ڕۆڵی مرۆڤەکان لە سیاسەت و حکومەتدا، پرۆسە و پلەی کاریگەریی هاووڵاتیان لە بڕیارە سیاسییەکان و دواجاریش سیستەمی هەڵبژاردن لە وڵاتان ئەو توخمانەن کە پەیکەر و سیستەمی “هەڵبژاردن” دیاری دەکەن.
شۆڕشی دیجیتاڵی نزیکە لەوەی کە هەموو لایەنەکانی ژیانی مۆدێرن بخاتەژێر کاریگەری خۆی، گۆڕانکاری بە سەر شێوازی پەیوەندیکردن و کارکردن و تەنانەت بازاڕیکردن و پرۆسەی کڕین دا هێناوە. بەڵام یەکێک لەو بوارانەی کە تەکنەلۆژیا هێشتا بە وریاییەوە ڕێگەی خۆی دبۆ دەکاتەوە، هەڵبژاردنەکانە- بە تایبەتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی. بیرۆکەی دەنگدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، جا چ لە بنکەی دەنگدان بێت، یان کۆمپیوتەری ماڵەوە، یان تەنانەت مۆبایل، هەم ئومێدبەخشە و هەم مشتومڕی زۆری لەسەرە. ئەم بابەتە و نووسینە ورد دەبێتەوە لە سوودە ئەگەرییەکان و ئاڵنگارییەکان و دۆخی ئێستای دەنگدانی ئەلیکترۆنی، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ڕەنگە داهاتووی پرۆسەکانی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا لە قاڵب بدات.
“تیۆرییەکانی گواستنەوە بۆ دیموکراسی”
هەندێک لە تیۆریستەکان، دیموکراسی بە ئامرازێکی قازانجخواز بۆ یارمەتیدان لە دەستەبەرکردنی بەرزترین ئامانجی سیاسی واتا ئازادی دەزانن. گرنگترین سوودی دیموکراسی بەسەر جۆرەکانی تری حکومەتدا ئەوەیە کە دەتوانێت حاکمە ناشایستە و گەندەڵەکان لاببات. دیموکراسی پەیوەندییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ ئەو پرەنسیپە گشتییەی کە بیری بەڕێوەدەبات، کە بریتییە لە کراوەیی جیهان و نادیاری و ناتەواوی هەموو ڕاستییەکان. هەنتینگتۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی “شەپۆلی سێیەم؛ گواستنەوە بۆ دیموکراسی لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا”، بەدواداچوونی بۆ بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گواستنەوە بۆ دیموکراسی کردووە و سێ شەپۆلی دیموکراسی لە دوای دروستبوونی سیستەمی دیموکراسی لە ئەوروپا تا ئێستا جیاکردۆتەوە. “ئادەم پێرزۆرسکی” دیموکراسی بە ئەنجامی سازانی چینایەتی و گۆران تێربۆرن دیموکراسی بە ئەنجامی خەبات و سەرکەوتنی چینی کرێکار دەزانێت.
هەندێک لە شارەزایان لەو باوەڕەدان کە دامەزراندنی دیموکراسی ڕاستەوخۆی ئەلیکترۆنی ڕووداوێکی شۆڕشگێڕانە و وەرچەرخانێکی گەوەرە دەبێت، هەرچەندە گروپی تریش هەن کە پێیان وایە ئەم پەرەسەندنە هێواش و وردە وردە دەبێت. ئینتەرنێت وەک پەرلەمانە دیموکراسیەکان لە سەردەمی میدیا و کۆمپیوتەردا، خەڵکی جیهانی لە گوندی جیهانی کۆ کردۆتەوە. ئەمڕۆکە ئینتەرنێت هەم دەستڕاگەیشتن بە زانیاری پەرلەمانی زیاتر کردووە و هەم توانای زیاتری بەشداری کۆمەڵگا لە پرۆسەی دانوستانەکانی پەرلەمانیدا دابین کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە هەموو کاتێک زیاتر لە سەردەمی دیموکراسی جیهانی نزیک دەبینەوە. یەکێک لەو چەمکانەی کە پەیوەندییەکی نزیکی بە دیموکراسی ئەلیکترۆنیەوە هەیە، چەمکی دەنگدانی ئەلیکترۆنییە، بەجۆرێک زۆربەی خەڵک پێیان وایە ئەو دوو چەمکە یەکن. زاراوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بە واتای بەکارهێنانی ئامرازە جۆراوجۆرەکانی وەک کارتی پانچ، دەنگدانی هەستیار بە نیشانە کە لەلایەن هەستەوەرە هەستیارەکانی ڕووناکی دەخوێندرێتەوە، هەروەها تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە پرۆسەی دەنگداندا دەووترێت. ئەمڕۆ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتوو دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ ئاسانکاری و خێراکردنی هەڵبژاردنەکانیاندا.
“دەنگدانی ئەلیکترۆنی چییە؟”
دەنگدانی ئەلیکترۆنی e-voting)) ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان لە هەڵبژاردنێکدا. هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی بریتییە لە ئامرازە ئەلیکترۆنیەکان کە بۆ کۆکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان بەکاردەهێنرێن. ئەم سیستمانە دەتوانن لە ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی ڕاستەوخۆ (DRE) لە بنکەکانی دەنگدانەوە دەست پێبکەن تا دەگاتە پلاتفۆرمی دەنگدانی ئۆنلاین کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەستیان پێدەگات. چەمکی سەرەکی پشت دەنگدانی ئەلیکترۆنی بریتییە لە گۆڕینی دەنگدانی کاغەزی و شێوازە تەقلیدییەکانی ژماردنەوەی دەنگەکان بە سیستەمی دیجیتاڵی کە خێراتر و کاراتر و بە شێوەیەکی ئایدیاڵ پارێزراوتر بێت. هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی سیستەمێکی هەڵبژاردنە کە دەنگدەر بە بەرزترین فاکتەری ئاسایش و پاراستنی ئەلیکترۆنی دەنگەکەی پێشکەش دەکات.
“سێ جۆری سەرەکی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی”
١-دەنگدانی ئەلیکترۆنی شوێنی دەنگدان وێستگەیی:- ئەمە ئەو شوێنەیە کە دەنگدەران ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بنکەیەکی دیاریکراوی دەنگدان بەکاردەهێنن بۆ دەنگدان. ئامێرەکە دەنگەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکات، زۆرجار پسوڵەیەکی چاپکراو بۆ پشتڕاستکردنەوە پێشکەش دەکات.
٢-دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە دوورەوە (ئینتێرنێت):- ئەمەش بریتییە لە دەنگدان لە هەر شوێنێکەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئۆنلاینەوە. بە تایبەتی سەرنجڕاکێش و شیاو و گونجاوە بۆ دەنگدەرانی غیابی (کە لە شوێنی دەندانەکانیان نین) یان ئەو هاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، وە ڕێگەیەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بەبێ ئامادەبوونی جەستەیی (فیزیکی) دابین دەکات.
٣-دەنگدان لە ڕێگەی کورتەنامە و تاچ فۆن:- ئەم جۆرە لە دەنگدان کە هێشتا بە فەرمی لە جیهاندا تاقی نەکراوە، شێوازێکی دەنگدانی دوورە. کەسی شایستە دەنگەکەی دەنێرێت بۆ سێرڤەری دەنگدان. سروشتییە ئەو دەنگەی بەدەست دێت بەناوی ئەو کەسەوە تۆمار بکرێت کە خاوەنی مۆبایلەکەیە.
“دۆسیەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی”
لایەنگرانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەڵێن کە دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەتوانێت چەندین کێشەی بەردەوام لە سیستەمی دەنگدانی تەقلیدیدا یان کلاسیکیمان بۆ چارەسەر بکات، لەوانە:-
١- زیادبوونی دەستڕاگەیشتن:- دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەتوانێت دەنگدان بۆ ئەو کەسانە ئاسانتر بکات کە بە سەختی دەگەنە بنکەکانی دەنگدان، وەک هاووڵاتیانی بەساڵاچوو، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، یان ئەوانەی لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە دەژین. بە پلاتفۆرمی دەنگدانی ئۆنلاین، تاکەکان دەتوانن لە ئاسوودەیی تەواو لە ماڵەکەی خۆیانەوە دەنگی خۆیان بدەن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئاستەنگی لۆجستیکی ڕێگری لە بەشێکی زۆری دانیشتووان دەکات بۆ ئەوەی کە دەنگ بدەن.
٢-خێرایی و کارایی:- ژماردنەوەی دەنگە کاغەزییەکان دەتوانێت پرۆسەیەکی بەفیڕۆدەر کات بێت و ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ئەگەری هەڵەی مرۆڤ لێیدا بەرز بێت. لەبەرامبەردا سیستەمی ئەلیکترۆنی دەتوانێت لە چەند خولەکێکدا لە دوای داخستنی هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامەکان بگەیەنێت، ئەمەش دواکەوتنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئەگەری ناکۆکی لایەنەکان و شک و گومانەکان کەمدەکاتەوە. هەروەها ئەنجامە خێراکان دەتوانێت گرژییەکان لە هەڵبژاردنە توندەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
٣-کەمکردنەوەی تێچوون:- هەرچەندە دانان و دامەزراندنی سەرەتایی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەتوانێت گران بێت و لە سەرەتاوە تێچوویەکی بەرزی هەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، لەوانەیە تێچووی پەیوەست بە چاپکردنی دەنگدان، دامەزراندنی کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی بنکەکانی دەنگدان و گواستنەوەی فیزیکی دەنگەکان بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان کەم بکاتەوە.
٤- سوودە ژینگەییەکان:- بەکارهێنانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی پێویستی بە کاغەز کەمدەکاتەوە، کە زیاتر دۆستی ژینگەیە. کەمبوونەوەی پشتبەستن بە ماددە فیزیاییەکان هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان بۆ ئەوەی زیاتر بەردەوام بین لە بەکارهێنانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتێکی بەهێزە بۆی. وە چەندەها خاڵی تر.
“نیگەرانییەکانی دەربارەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و مافی هاووڵاتییان”
شێواندنی دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەتوانرێت بە هۆی ساختەکاری لە ڕێگەی دزینی دەنگ و هێرشی دەرزی کۆد لەلایەن ئامێری دەنگدانەوە ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە: ئامێری دەنگدان بەرەوڕووی ئەو هێرشانە دەبێتەوە کە دەنگەکانی لە کاندیدێک دەدزرێت و دەدرێت بە کاندیدێکی دیکە. هەروەها ئامێری دەنگدان چەندین لۆگ و ژمێرەری جۆراوجۆر دەهێڵێتەوە کە ئاماژە بە چەندین بەکارهێنانی ئامێرەکە دەکەن، هێرشێکی سەرکەوتووی هاککردن دەبێت ئەم تۆمارانە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە لەگەڵ ئەو مێژووەی کە لەناو ئامێرەکەدا دروستکراوە بگونجێت. هەندێک لەو هێرشانە لە ڕێگەی دەرزی کۆدەوەیە، پاشان هێرشبەرەکە نەرمەکاڵا زیانبەخشەکانی خۆی لەسەر یەکێک یان ژمارەیەک ئامێری دەنگدان دادەمەزرێنێت.
تەنانەت ڤایرۆسی فێڵبازیش دەتوانرێت بە شێوەیەک بنووسرێت کە بەرنامەی زیانبەخشی تری وەک دزینی دەنگ یان ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزاری لەسەر هەر ئامێرێکی تووشبوو دابمەزرێنێت. لەم ڕووەوە خۆشبەختانە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و چارەسەری گونجاو مەترسی و مەترسییەکانی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی کەمدەکاتەوە. بە بەکارهێنانی کۆدی کاپچا دەتوانرێت ڕێگری لە هێرشی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزاری و دەرزی لێدانی کۆد بکرێت. سەرەڕای سوودەکان کە باسکران، پەسنکردن و قبوڵکردنی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە ڕوانگە و تێڕوانینی ڕای گشتی زۆر لاوازە. نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایش، دەستڕاگەیشتن (دەستگەیشتن) و شەفافییەت کۆمەڵێک بابەت و پرسن کە تاوەکو ئێستاش زاڵن بەسەر گفتوگۆکان لە دەربارەی کۆدەنگی گشتی و پەسەندکردنی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە بەردەم ڕای گشتیدا.
١-مەترسییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity Risks):- گرنگترین نیگەرانی سەبارەت بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی ئەگەری هاککردن و هێرشی ئەلیکترۆنییە. هەڵبژاردنەکان ئامانجێکی سەرەکی دەستوەردانن و سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنیش لەم بابەتە بێبەری نییە. ئەکتەرە زیانبەخشەکان دەتوانن دەنگەکان بگۆڕن، پرۆسەی هەڵبژاردن تێکبدەن و بیخەنە ژێر پرسیار، یان سازش لەسەر داتای دەنگدەران بکەن. تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە دەستێوەردانانەش ڕوونەدات، تەنیا ئەو تێڕوانینەی کە دەکرێت ئەم هێرشە ئەلیکترۆنیانە ئەگەری ڕوودانیان هەیە، ڕەنگە متمانە بە سیستەمەکە بشێوێنێت.
٢-نەبوونی شوێنپێی کاغەزی یان تۆماری فیزیکی:- زۆرێک لە سیستەمەکانی دەنگدانی تەقلیدی پشت بە دەنگدانی کاغەزی دەبەستن کە تۆمارێکی فیزیکی هەر دەنگدانێک دابین دەکەن. لە ئەگەری ناکۆکی یان ژماردنەوەی دووبارە، دەتوانرێت ئەم دەنگە کاغەزیانە بە ژماردنی دەستی پشتڕاست بکرێتەوە. هەندێک لە سیستەمەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی ئەوانەی کە تۆمارێکی کاغەزی پشتڕاستکراوە بەرهەم ناهێنن، ئەم پارێزبەندییە لەناو دەبەن، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی شەفافیەتی پرۆسەکە دەوروژێنێت. هەر لەبەر ئەمەشە هەندێک لە دەسەڵاتەکانی دادوەری ئەو جۆرە سیستەمانە بەکاردەهێنن کە پسوڵەی چاپکراو بۆ هەر دەنگێکی ئەلیکترۆنی بەرهەم دەهێنن و چاپ دەکەن، وە ڕێگە بە وردبینی دەدەن ئەگەر پێویست بوو.
٣- درز یان دابەشبوونی دیجیتاڵی:- لە کاتێکدا دەنگدانی ئەلیکترۆنی پرۆسەی دەنگدان و دەست گەیشتنی زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ ئەم پرۆسەیە ئاسانتر دەکات، بەڵام دەتوانێت نایەکسانییەکانیش زیاتر بکات و درزێکی گەورە بخولقێنێت. هەموو هاوڵاتیان دەستیان بە ئینتەرنێتی متمانەپێکراو یان خوێندەواری تەکنەلۆژی ناگات بۆ گەشتکردن و تێگەیشتنیان بە پلاتفۆرمی دەنگدانی ئۆنلاین. ئەم “دابەشبوونە دیجیتاڵییە” بەو مانایەیە کە لە هەندێک حاڵەتدا، دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەتوانێت مافی هاووڵاتیانی لاواز لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لێ وەرگرێتەوە یان بێبەشیان بکات لە مومارەسەکردنی ئەم مافەیاندا، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان یان ناوچە کەم داهاتەکان و ئەو شوێنانە یان کەسانە کە بە ئاسانی دەستیان ناگات بە تەکنەلۆژیا، یان لاوازن لە بەکارهێنانیدا یاخود هۆشیاری تەکنەلۆژیان زۆر کەمە.
٤- پرسەکانی ڕەسەنایەتی دەنگدەر یان پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی دەنگدەر:- دڵنیابوون لەوەی کە هەر دەنگێک لەلایەن دەنگدەرێکی شایستە دەدرێت، زۆر گرنگە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و شەفافییەت و متمانەی هەڵبژاردنەکان. لە سیستەمی دەنگدانی تەقلیدیدا، ئەمە لە ڕێگەی ناسینەوەی فیزیکی لە بنکەکانی دەنگدان بەڕێوەدەچێت. لە ژینگەیەکی ئۆنلایندا، پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی دەنگدەران ئاڵۆزتر دەبێت. پێویستە سیستەمی ناسینەوەی دیجیتاڵی پارێزراو جێبەجێ بکرێت، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان هێشتا ژێرخانی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی ئەم کارە بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدەن.
٥- متمانە و تێڕوانینی گشتی:- تەنانەت ئەگەر سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە ڕووی تەکنیکییەوە پارێزراو بێت، تێڕوانینی گشتی ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە سەرکەوتنەکانیاندا. ئەگەر دەنگدەران متمانەیان بەوە نەبێت کە دەنگەکانیان بە دروستی ئەژمار دەکرێت، یان ئەگەر پێیان وایە سیستەمەکە بەرەوڕووی دەستکاریکردن دەبێتەوە، ئەوا ڕەنگە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەم ببێتەوە. دروستکردن و پاراستنی متمانەی گشتی بە سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی پێویستی بە شەفافیەت و وردبینی سەربەخۆ و تاقیکردنەوەی ورد هەیە. وە چەندەها خاڵی تر.
“دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە کردار دا”
چەندین وڵات و هەرێم سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنییان بە پلەی جیاوازی سەرکەوتن تاقیکردۆتەوە یان بە تەواوی جێبەجێیان کردووە:-
١-ئەمریکا:- لە ئەمریکا لە زۆرێک لە ویلایەتەکاندا ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدانی کەسی بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەنگدانی ئۆنلاین دەگمەنە. هەندێک لە دەسەڵاتەکانی دادوەری ڕێگە بە دەنگدەرانی ئامادەنەبوو دەدەن، بەتایبەتی کارمەندانی سەربازی، کە دەنگەکانیان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی پێشکەش بکەن، بەڵام نیگەرانییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی پەسەندکردنی فراوانتریان بۆ ئەم جۆرە دەنگدانە سنووردار کردووە. هەروەها ئەمریکا مشتومڕی زۆری لەسەر لاوازی ئامێرەکانی دەنگدانی بەخۆیەوە بینیوە، هەندێک لە شارەزایان داوای گەڕانەوەیان بۆ دەنگدانی کاغەزی کردووە بە مەبەستی دڵنیابوون لە یەکپارچەیی و دەستپاکی و شەفافییەتی هەڵبژاردنەکان.
“کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا”
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەکارهێنانی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستیپێکرد و لە هەڵبژاردنەکانی پارتەکانی ویلایەتەکاندا بەکارهێنرا. پێدەچێت ئەوەی گرنگە لەبارەی ئەمەریکا و دەنگدانی ئەلیکترۆنی زیاتر لەوەی هەڵمەتێکی سیاسی-مەدەنی بێت، جۆرێکە لە پرۆسەی ئاسانکاری تەکنیکی بۆ هەڵبژاردن. بۆیە ناکرێ وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوە بۆ دیموکراسی گریمانە بکرێت. بێگومان لەم ڕووەوە خەمی سەرەکی پرسی ئاسایشی دەنگدان. بۆ نموونە ڕێبێکا هیلی لە ماڵپەڕی ڤۆکسدا نووسیویەتی: پێدەچێت ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا زیاتر لە جاران لە مەترسیدابێت.
پرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا دەبێتە نیگەرانییەکی گەورە کاتێک بە بڕوای شارەزایانی ئەم بوارە، نزیکەی هەرگیز ناتوانرێت دڵنیا بین لە ئاسایشی تەواوەتی سیستەمێکی دەنگدان. دوای هاککردنی بنکەدراوەی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی دوو ویلایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦، بەرپرسانی FBI فشاریان خستە سەر بەرپرسان بۆ ئەوەی سیستەمی پەیوەندیدارەکە پارێزراوتر و بەهێزتر بکەن. یەکەی ئەلیکترۆنی FBI لە هۆشدارییەکەی ١٨ی ئابدا جەختی لەوە کردەوە کە هاکەرە بیانییەکان (ڕووسیا یان وڵاتانی دیکە) بەنیازن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەناوببەن و بیگۆڕن. هاککردنی زانیارییەکانی کۆمیتەی نیشتمانیی پارتی دیموکرات کە دواتر دەرکەوت کە لەلایەن هاکەرە ڕووسییەکانەوە ئەنجامدراوە، وایکرد “گومان لە حکومەتی ئەمریکا هەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی”. لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی نیشتمانی دیموکراتەکان دوای بڵاوبوونەوەی ١٩ هەزار ئیمەیڵی پەیوەست بە ستراتیژی حزبەکە لە واسەرمان شوڵتز، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، جەی جۆنسۆن ڕایگەیاند؛ کۆنفرانسێکی بەپەلە بۆ ئاسایشی سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان سازدەکەن سەبارەت بە هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هاککردنی ئەم سیستەمە لەلایەن حکومەتی مۆسکۆوە ، لەوێ بڕیار دەدەن کە پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا دەکرێت سیستەمەکە ئەمنیەتی زیاتر بکرێت یان پێویستە بەهیچ شێوەیەک ئەنجام نەدرێت.
لەمبارەیەوە یاهوو نیوز بڵاویکردەوە، لە مانگی تەمموزدا، دوای دزینی زانیارییەکانی 200 هەزار دەنگدەر، سێرڤەری سەرەکی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کۆژاندۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی، بەڵام کێشەکە بەردەوام بوو. لە هێرشەکەدا بۆ سەر سیستەمی ئەریزۆنا، بەرنامەیەکی زیانبەخشی زۆر زیرەک بەکارهێنرا بۆ دزینی زانیاری. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بە پشتبەستن بە سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی وەک یەکێک لە خاڵە کێشەدارە ئەگەرییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ پلانی پێشکەوتووتری پێشنیار کردووە بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی سەلامەت. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کرابوو کە ٤١ ویلایەتی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن. هەندێک کەس لەوە زیاتر ڕۆیشتوون و باسیان لە ئەگەری کڕینی هەڵبژاردن کردووە. ئەوان ئامادە نەبوون ئاشکرای بکەن، ئێستا دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببینەوە کە “جۆن کێری” و “ئەل گۆر” دەڵێن، بەو پێیەی ئێمە گیرۆدەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بووین، ئەنجامی هەموو هەڵبژاردنێک دەکرا لە درەنگانی شەودا لەلایەن پارێزگارەوە و وەزیری دەرەوە دەستکاری بکرایە. سەدان ملیۆن دەوڵەمەند دەیانەوێت پارە خەرج بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەت. تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە کە دەکرێت ئەوان هەڵبژاردن بکڕن؟
لە دەرەوەی هەموو گومانێکی مەعقول، واقیع نیشانی داوە کە تا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە ناوەندی ژماردنی دەنگەکاندا بن، شتێک بە ناوی دیموکراسی ئەمریکی بوونی نییە. بەڵکو وەسوەسەی پیلانگێڕی، خۆبەدەستەوەدان، شاردنەوە، چالاکیی دژە دیموکراسی و زیادکردن (یان لانیکەم) بردنەوەی زیادکردنی ئەلیکترۆنیمان هەیە. بەگشتی دەکرێ بانگەشەی ئەوە بکرێت کە لە ئەمریکا وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو دەنگدانی ئەلیکترۆنی زیاتر لەوەی ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و بەهێزکردنی ماف و ئازادییە مەدەنییەکان بێت، میکانیزمێکە بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەشداری سیاسی بە ئاسانکاری بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان.
٢- ئیستۆنیا:- ئیستۆنیا پێشەنگە لە دەنگدانی ئەلیکترۆنیدا، یەکەم وڵاتە کە دەنگدانی ئۆنلاین لەسەر ئاستی وڵات بۆ هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان پێشکەش دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە خەڵکی ئیستۆنیا توانیویانە بە بەکارهێنانی سیستەمێکی ئۆنلاینی پارێزراو دەنگ بدەن کە پشت بە ناسنامەی دیجیتاڵی دەبەستێت. سیستەمەکە تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە هەر هەڵبژاردنێکدا دەنگدان بە شێوەی ئۆنلاین هەڵدەبژێرن. ئەزموونی ئیستۆنیا ئەوە نیشان دەدات کە بە ژێرخانی دروست و ڕێوشوێنی ئەمنی، دەتوانرێت دەنگدانی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەر ئاستی نیشتمانی جێبەجێ بکرێت.
٣- سویسرا:- چەند کانتۆنێکی سویسرا لە ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکاندا دەنگدانی ئەلیکترۆنییان تاقیکردۆتەوە. لە کاتێکدا سیستەمەکە هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایش و پاراستنی شەفافیەت و دەستپاکی بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاتی فراوانکردنی زیاتری دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە ساڵی ٢٠١٩دا، لەگەڵ ئەوەی حکومەت داوای تاقیکردنەوەی بەهێزتری کردووە پێش ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوان پەسەند بکرێت.
“داهاتووی دەنگدانی ئەلیکترۆنی”
لەگەڵ بەردەوامبوونی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ئەگەری ئەوە هەیە کە دەنگدانی ئەلیکترۆنی ڕۆڵێکی گرنگتر لە هەڵبژاردنەکاندا بگێڕێت. پەتای کۆڤید-١٩ کە زۆرێک لە وڵاتانی ناچار کرد بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا بچنەوە، گرنگیدان بە بژاردەکانی دەنگدان لە دوورەوەی خێراتر کرد، لەنێویاندا پلاتفۆرمی دەنگدانی ئۆنلاین. بەڵام پەسەندکردنی بەرفراوانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەندە بە چارەسەرکردنی ئەو تەحەدایە بەرچاوانەی کە دروستی دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایش، شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن. بۆ بەدیهێنانی توانای تەواوی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، حکومەتەکان پێویستیان بە وەبەرهێنان دەبێت لە ژێرخانی بەهێزی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، پەرەپێدانی سیستەمی ناسینەوەی دیجیتاڵی متمانەپێکراو و کارکردن بۆ پڕکردنەوەی دابەشبوونی دیجیتاڵی. هەروەها ڕەنگە هەڵمەتەکانی پەروەردەی گشتی و هۆشیاری تەکنەلۆژی پێویست بن بۆ دروستکردنی متمانە بە سیستەمە نوێیەکان و دڵنیابوون لەوەی کە دەنگدەران ئاسوودەن لەگەڵ تەکنەلۆژیاکە.
لە کاتێکدا کە ڕەنگە هێشتا دەنگدانی ئەلیکترۆنی ئامادە نەبێت بۆ ئەوەی بە تەواوی جێگەی شێوازە تەقلیدییەکانی دەنگدان بگرێتەوە، بەڵام توانای بەرزکردنەوەی کارایی و دەستڕاگەیشتن بە هەڵبژاردنەکان وای لێدەکات ببێتە بابەتێک کە گرنگییەکی زیاتری پێدەدرێت. لەگەڵ تاقیکردنەوەی زیاتری وڵاتان لەسەر سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، ئەو وانانەی کە لە هەردوو سەرکەوتن و شکستەکانەوە فێردەبن، داهاتووی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرکردە و نوێنەرانی کۆمەڵگا دیموکراسیەکان لە قاڵب دەدات.
“ئەنجام”
دەنگدانی ئەلیکترۆنی پەیامێکی ڕوونی هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئاسانتر و کاراتر و ژینگەدۆستتر بن. بەڵام تەحەدای نوێش دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی لە ڕووی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و متمانەوە. لە کاتێکدا گەلان لە سەرانسەری جیهان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای دەنگدانی ئەلیکترۆنیدا، هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و ئاسایشدا زۆر گرنگ دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە یەکپارچەیی هەڵبژاردنەکان دەپارێزرێت. بێگومان نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە هەموو ئەو بابەتانە کاتێک گرنگ دەبن کە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسسازدا دەبین. دەنگدانی ئۆنلاین دەتوانێت لە هەڵبژاردنە ئاست نزمەکان و کەمتر گرنگدا سوودێکی زۆری هەبێت (بۆ نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکی فاکەڵتی لە زانکۆیەک و هتد)، بەڵام تا گرنگی و پانتایی هەڵبژاردنەکە زیاتر زیاد بکات، ئەوا… مەترسی و زیانەکانی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی گەورەتر دەبێت، بەتایبەتی لەسەردەمی ئەمڕۆدا بابەتە ئەلیکتڕۆنییەکان مەترسی هێرشی ئەلیکتڕۆنی زیاتر لەسەرە کە بە هێرشی “سایبەری” ناسراوە دەتوان درێت بەئاسانی دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت، هەروەک ئاماژەمان پێدا هەڵبژاردنی ئەلیکتڕۆنی دەبێتە هۆی کارئاسانی و پاراستنی ژینگە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە هەڵبژاردنی ئەلیکتڕۆنی بابەتێکی بێ خەوش و کێشە بێت.
سەرچاوەکان:–
- Norris, Pippa. Why Elections Fail. Cambridge University Press, 2015.
- Ryan, Peter G. Security in Electronic Voting Systems. Springer, 2020.
- Gartner, John. “Block chain for Secure Voting.” Block chain and Beyond, vol. 10, no. 2, 2021, pp. 45-67.
- Lindeman, Mark, and Philip B. Stark. “A Gentle Introduction to Risk-Limiting Audits.” IEEE Security & Privacy, 2022.
- Eddington, Ian. “The Paper Trail Debate in Voting Systems.” Journal of Voting and Democracy, vol. 14, no. 1, 2019.
- Mosier, Kathryn. “Bridging the Digital Divide in E-Voting.” Journal of Digital Democracy, 2020.
- Drummond, Kevin. “Cybersecurity and Voter Authentication Challenges.” Digital Democracy Review, 2023.
- Meredith, Marc, and Neil Malhotra. “Can Electronic Voting Increase Public Trust?” American Political Science Review, vol. 115, no. 4, 2021, pp. 1025-1037.
- Madise, Ülle, and Tarvi Martens. “E-Voting in Estonia: Technological Advances and Democratic Integrity.” Journal of E-Government, 2021.
- Wuest, Kay. “Electronic Voting in Switzerland: Challenges and Future Directions.” Swiss Review of Democracy, 2019.
- Smith, A. D. and Clark, J. S. (2005). “Revolutionizing the voting process
- Burn, J. and Robins, G. (2003). “Moving towards e-government: a case study of organizational change processes”, Logistics Information Management. Vol, 16. No, 1.
نوسین و ئامادەکردنی:
د.علی عبدوڵڵا ئەحمەد
توێژەری سیاسی.مستەفا مەقسود شێخ محمد