“ڕێزمانی کوردی کرداری؛ تێبینیی وەرگێڕ”
ئەم کتێبە لەلایەن قەشە و مژدەدەر “مسیۆنێر” دکتۆر ئێڵ. ئۆ. فۆسوم نووسراوە و ئامادەکراوە و ساڵی ١٩١٩ لەلایەن کۆمەڵەی مسیۆنێریی (مژدەدان – تبشیری) ڕۆژهەڵاتەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. نووسەر و ئامادەکار “فۆسوم” لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە زیاد لە بیست ساڵی لە کوردستانی ئێران و شاری “سابڵاخ، مهاباد” بەسەر بردووە لە سەرێکەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاری مسیۆنێریی ئەمریکیی کریستیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا “ئێران” و لە سەرێکی تریشەوە ئەو ماوە دوورودرێژەی تەرخانکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕێزمانی “گرامەری” زمانی کوردی و توێژینەوەیەکی پڕ بەها و بایەخی ئەنجامداوە لە بواری دیالێکت یان شێوەزارەکانی زمانی کوردی و بەراوردکردنی سەرجەمی ئەم شێوەزارانە بەیەکتر، کە لەم پێشەکییە هاوپێچە ناوازەیەی کتێبەکەدا، کەوا ساڵی ١٩١٦ نووسیوێتی، تیشکێکی باشی خستووەتە سەر وردەکاریی ئەم بەرهەمە گرنگ و پڕ بەهایە و بەتایبەتی دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی لە بەشەکانی باکوور و ناوەند و باشووری کوردستاندا و ڕا و بۆچوونەکانی خۆی لەم ڕووەوە بەراورد کردووە بە ڕای شارەزا و لێکۆڵەرانی تر، چەشنی “ڕاوڵینسن و لێرخ و گارزۆنی و ئۆسکار مان و سۆن و ڕیچ” و گەلێکی تریش. کتێبەکە بەراوردی وشەو دەستەواژە کوردییەکانی کردووە بە فۆنەتیکی گۆکردنی ئینگلیزی و ڕاهێنانی وەرگێڕانی کورتە چیرۆکە کوردییەکان و داڕشتنی ڕستەسازی و وشەسازیی کوردی و وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی. پاشان جێگیر کردنی وشە و ڕستە و چیرۆکەکان بە ڕێنووسی کوردی (بە شێوە عەرەبی یان ئارامییەکەی). کتێبەکە، لە ٢٨٤ لاپەڕەدا، دابەش بووە بەسەر چواردە بەش یان فەسڵدا، کە هەر بەشەش چەندین لقوپۆی لێبووەتەوە. بابەتە سەرکییەکانی کتێبەکە ئەمانەن: ئەلفبێی کوردی، ناو، سیفەت، ڕاناو، فەرمان، ئاوەڵفەرمان، ڕێنووس .. تاد.
من لێرەدا پێشەکییەکەی نووسەرم وەرگێڕاوە کە بەلامەوە زۆر بایەخدارە و بێجگە لەوەش بابەتە سەرەکییەکانی پێڕستی کتێبەکەم داناوە (بێجگە لە تایتڵ و بابەتە لاوەکییەکانی) و پێموایە وێنەیەکی کورتی ئەم کتێبە بایەخدارە دەخاتەڕوو.
“پێشەکی ل. و. فۆسوم بۆ کتێبەکەی”
گەلی کورد مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. بوونی ئەوان و جووڵەیان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و نیفات و سەرەوەی ناوچەکانی دیجلە و فورات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی ئاشووری. زۆرێک لە پیاوە خوێندەوارەکان ئیددیعای ئەوە دەکەن، کە پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێز هەیە لە نێوان کلدان و کوردە داگیرکەرەکان، بەوەی کەوا یەکێک لە بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئاشوورییەکان و وەچەکانیان بە ڕەچەڵەک کورد بوون. ئەوانی تر وایدەگەیەنن کە کورد سەر بە گرووپی گەورەی میدۆ- فارسییە. هەرچۆنێک بێت، ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین کە کورد نەتەوەیەکە کەسانی وەک سەڵاحەدین و نادرشا و کەریم خان و چەندین کەسایەتی دیار و بەرچاوی تری بەرهەمهێناوە.
زمانی کوردی چەند دیالێکت یان زاراوەیەکی ئاخاوتنی لەخۆگرتووە لە هەرێمە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا و ڕۆژئاوای وڵاتی فارس (ئێران) و لە پارێزگای خوراسانی ئێرانیش. بۆ دەسنیشانکردنی وردتری ئەم خاک و ناوچانە، پێش هەموو شتێک دەبێ باسی ویلایەت یان پارێزگاکانی تورکیا بکەین لە ئەرزڕووم، بەدلیس، دیاربەکر، مەعمورەتولعەزیز، وان و مووسڵ. هەروەها پارێزگاکانی ئازەربایجان، ئەردەڵان و لوڕستان. بێجگە لەمانە، کۆمەلگەکانی کورد لە خوراسان، کە شا عەباسی یەکەم (١٥٨٧- ١٦٢٨) لە سنووری تورکیا- ئیرانەوە گواستوونیەوە بۆ ئێرە تاوەکو وەک حاڵەتێکی ناوبەین دژ بە خێڵە تورکمانەکان بەکاریانبێنێت. هەروەک چۆن مێژوونووسە ئاگادارەکان بەگوێرەی سەرچاوەکان ناکۆکن لەسەر ڕەچەڵەکی کۆنی کوردی، بە هەمان شێوە پسپۆڕانی زمانەوانییش ناکۆکن لەبارەی سەرچاوەی کۆن و زمانی داکیی کوردییەوە. هەندێک بە دڵنیاییەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە زمانی پەهلەوییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەندێکی تر لە دوورەوە دەیبەستنەوە بە گرووپی کلدانییەوە، بەو شێوەیەی کە ئەرمەنی بە فارسییەوە بەستراوەتەوە. ڕاوڵینسن بەم وشانەی خوارەوە دژایەتی بۆچوونی پێشوو دەکات؛ “ئەم زاراوە یان دیالێکتانەی چیانشینانی زاگرۆس تا ئێستاش لەلایەن هەموو نووسەرانەوە وەک پاشماوەی پەهلەویی کۆنی گریمانە دەکەن، بەڵام بە لای منەوە وەک پاساوێکی ناتەواو دەردەکەوێت؛ من وای دادەنێم کە ئەو زاراوانە لە فارسیی کۆنەوە یان وەک دەگوترێ لە فارسیی قەدیمەوە وەرگیراون”. هەندێک ئیددیعای ئەوە دەکەن کە لە زمانی میدیایی کۆنەوە وەرگیراوە، هەندێکی تر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە مۆدێرنە ئێرانییەکان و دەستەخوشکی زمانی فارسیی نوێیە و کە توخمێکی بەرچاوی تێدایە کە ڕاستەوخۆ لەم زمانەوە وەرگیراوە، لە کاتێکدا هەندێکی تر دیسانەوە بە سادەیی دەیکەنە وەرگیراوێک لە فارسیی نوێ. لە هەر زمانێکەوە وەریبگریت، بە دڵنیاییەوە لە زۆر ڕووەوە، بە تاک و تایبەتدا بۆ گەشەپێدانی خۆی تێپەڕیوە. چونکە، ئەوەندەی ڕاستە کە گەورەیی هەیە زۆر وشەی ڕاستەوخۆ لە فارسی و عەرەبی و تورکی و زمانەکانی تری دراوسێ وەرگیراوە یان پەرەیسەندووە، هەروەها ئەوەندە ڕاستە کە وشەیەکی زۆری وای هەیە کە لە هەر زمانێکی تردا نادۆزرێنەوە.
ئەوە مایەی مەترسییە کە زیاد لە پێویست شتەکان ببرێتەوە سەر فارسیی نوێ وەک دایکی ئەم زمانە. هۆکاری ئەم مەیلە بووە بەو ڕاستییەی کە زۆربەی ئەو نووسەرانەی کە لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر زمانی کوردی کردووە، لە چاویلکەی فارسییەوە ئەو کارەیان کردووە، و سواری ‘سەری’ فارسی بوون وەک ‘کلیلی’ هەموو ڕەگ و فۆرمەکان. زۆر باش دەزانرێت کە زمانی کوردی چەندین دیالێکتی لەخۆگرتووە کە جیاوازە لە سنووری ناوچە خێڵەکییە جۆراوجۆرەکان. نزیکەی هەموو ئەم زاراوانە، یان گرووپە زاراوەکان، لەلایەن پسپۆڕە زمانەوانە ئەوروپییە دیارەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، و لەو ئەنجامەوە کە ئەم پسپۆڕانە پێیگەیشتوون، هەروەها بە لێکۆڵینەوەی وردی تێز و نامەکانیان، بە هیچ شێوەیەک پێناچێت مەحاڵ بێت کە ئەم زاراوانە پێکەوە بهێنرێنە سەر بنەمایەکی فراوانتر، بەجۆرێک کە یەک زمان بۆ چەند کۆمەڵە زاراوەیەک بەکاربهێنرێت. شارەزای پێشەنگی ڕێزمان پ. م. گارزۆنی بوو، کە نزیکەی بیست سا وەک میسیۆنێر (مژدەدەر) لە ئامێدیی باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ بەسەر بردووە. کتێبی ڕێزمانەکەی ئەم ساڵی 1779 لە ڕۆما چاپکراوە. خۆشبەختانە ئەم یەکەم تێزە لەسەر زمانی کوردی لە ئامێدیی، لە سنووری ئەو ناوچەیەدا نووسراوە وەک دواتر دۆزرایەوە کە یەکێکە لە باشترین شێوەزارە قسەپێکراوەکانی زمانی کوردی.
لە سەردەمی گارزۆنییەوە چەند نامە یان تێزی زۆر بەتوانا لەسەر هەمان شێوەزارەکانی ئامێدی و شێوەزاری باکووری دوورتر هەیە کە لەلایەن جوستی Justi و لێرخ و Lerch و ڕیا Rhea نووسراوە. هەروەها ئێمە تێزێکی نایابمان له سەر شێوەزارەکانی کوردانی “بەبە” هەیە له دەورووبەری سلێمانی کە لەلایەن “خۆ دزکۆ”وە نووسراوە و تێزیکی تر لەسه دیالێکت یان شێوەزارەکانی ناوچەی مووسڵ و لە کۆمەڵگە کوردەکانی خۆراسان، لە نووسینی پرۆفیسۆر بێریسین. چەند ساڵێک لەمەوبەر کورتەیەک (Schitze) لە شێوەزارەکانی ڕۆژهەڵات -ناوەندی کوردستان لەلایەن ئۆسکار مانەوە نووسراوە. هەروەها تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر تێزێکی زۆر کارامە لەسەر زمانی کوردی نووسراوە لەلایەن ئی. بی. سۆنەوە نووسراوە.
دۆزینەوەی باشترین زمانی کوردی لە ناو دیالێکتە کوردییە زۆرانەدا کارێکی ئاسان نییە. لێرخ دەڵێت کە پرسیارکردن لە کورد لەوەی کام زاراوە باشترینە، ئەوە هەر کوردێک ئیددیعای ئەوە دەکات کە زاراوەی خۆی پاکترین و باشترینە. زمانناسەکان خۆشیان مەیلیان هەیە هەمان جۆری وەڵام بدەنەوە: ئەو شێوەزارەی زۆرترین لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن دەبێتە پوختترین و باشترین ‘بۆ ئەوان’.
پرۆفیسۆر “بێرێسین” بانگەشەی ئەوە دەکات کە پوختترین و باشترین زمانی کوردی ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ قسەی پێدەکرێت. “کێر پۆرتێر” زۆر نزیکە لە هەمان بۆچوونەوە کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کەوا گرووپە دیالێکتی ڕەواندز یەکێکە لە پوختترین و باشترینەکان. لێرخ، لە بەراوردکردنی کرمانجییەکەی خۆی لەگەڵ دیالێکتەکانی تردا، دەڵێت: “بۆم دەرکەوتووە کە ئەو کرمانجییەی کە فێری بووم، زۆر یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی گارزۆنی و بێرێسین”. کە باسیش لەبارەی ئەو شێوەزارە دوورترانەی باشوورەوە دەکرێت، دەڵێت: “زمانی کوردی لە سلێمانیش، بەپێی ئەو وشانەی کە ڕیچ کۆیکردوونەتەوە، دەچێتەوە سەر کرمانجی”. بەم دوو لێدوانە، لێرخ بە کردەوە هەموو شێوەزارەکانی ڕۆژئاوا – ناوەندی کوردستانی پێکەوە گرێداوە، لە هەکارییەوە تا سلێمانی، بۆ یەک گرووپی گەورە کە ناوی دەنێت ‘کرمانجی’.
سەبارەت بەو دیالێکتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی-ناوەڕاستی کوردستان قسەیان پێدەکرێت، هەر لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای ورمێوە بەرەو خوار بیتەوەبە شنۆ و ساوجبوڵاک (سابڵاخ، مهاباد – و) و سەردەشت و سەقزدا، تا دەگاتە ناوچەکانی سنە، جێی سەرنجە بزانین هۆرنلیی Hornli مسیۆنێر چی دەڵێت. لە ساڵی ١٨٣٥دا سەردانی ئەو بەشانەی کردووە، و دوو کوردی سۆمایی Somai وەک مامۆستا دامەزراندووە کە دیالێکتی هەکارییشیان زانیوە، هەروەها کوردێکی برادۆستی کە دیالێکتی شکاکیشی زانیوە و کوردێکی موکرییش. بێجگە لەمانە خزمەتکارە تایبەتییەکەی خۆیشی کوردێکی سواری Soar خەڵکی ماردین بوو. لە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری ئەم دیالێکتانە و لە هەوڵی وەرگێڕانی ئینجیلی یۆحەنای پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردیی موکری بۆ ئەوەی خزمەت بە هەموویان بکات، هۆرنلیی مسیۆنێر (مژدەدەر) گەیشتە ئەم دۆزینەوەیەی خوارەوە: “بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بۆم دەرکەوتووە، کە کوردەکانی ئەم هۆزانە تەواو لە یەکتر تێدەگەن و لەوەش تێگەیشتوون کە بە دیالێکتی موکری بۆم خوێندوونەتەوە”. هەروەها لە قسەکردندا پەیوەندیی نزیک هەیە لە نێوان دیالێکتەکانی سۆمای و برادۆست و شکاک و موکریدا و بەو پێیە بەم وشانە ئەنجامگیریی کردووە:-
“Ihre zusammenfassung unter einen gemeinschaftlichen Dialekt scheint mir nicht unmöglich”.
تێبینیی وەرگێڕ: ئەم ڕستەیە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، بە واتای “کۆکردنەوەکان لە ژێر دیالێکتێکی هاوبەشدا بە لای منەوە مەحاڵ نییە”.
ئەو زیاتر بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەتوانرێت تەواوی زنجیرە دیالێکتەکانی زمانی کوردی لە دوو گرووپی گەورەدا کۆبکرێنەوە، یەکێکیان بۆ باکوور و ئەویتریان بۆ باشوور. بەهەرحاڵ، لەم لێدوانەدا بێ گومان چاوپۆشی کراوە لەوەی کە پەیوەندیی بە گرووپی دیالێکتەکانی زازاوە لە پەڕی ئەوپەڕی باکووردا. بەڵام تەنانەت ئەم کوردە زازایانەش، گەورەترین توانا و دەسەڵاتیان هەیە بەسەر ئەو گرووپە دیالێکتەدا و لێرخ دەڵێ: “بەگشتی کوردەکانی زازاش لە کرمانجی تێدەگەن”. وەک دەرەنجامێک، پێدەچێت ئێمە مافی جەختکردنەوەمان هەبێت، کە بۆ مەبەستی زمانەوانی، ڕەنگە هەموو ئەو دیالێکتە کوردییانە لە سێ گرووپی گەورەدا کۆبکەینەوە، کە هەر سێ هەرێمە گەورەکەی باکوور و ناوەڕاست و باشووری کوردستان بگرێتەوە. لە باکوری کوردستان گرووپی زازامان هەیە، لە ناوەندی کوردستان گرووپی کرمانجیمان هەیە، لە باشووری کوردستانیش گرووپی لوڕ و کەڵهوڕمان هەیە. سەبارەت بەوەی کام لەم سێ گرووپە نوێنەرایەتی پوختترینیان و باشترین زمانی کوردی دەکات، ئێمە دەچینە پاڵ گارزۆنی، لێرخ، ڕیا، خۆدزکۆ، بێرێسین، هۆرنلی و پارتەر بە گەڕانەوە بۆ کوردستانی ناوەند، بە تایبەتیتر بۆ ئەو کۆمەڵە دیالێکتانەی کە لەلایەن هۆز و بەگزادەکانی بەبەوە قسەیان پێدەکرا لە ناوچەکانی سلێمانی. لە ناو ئەم کۆمەڵە خێڵ و هۆزەدا باشترین ئەدەبی کوردی دەبینینەوە لە شێوەی مێژوو و ئەفسانە و شیعر و پەخشاندا.
سەبارەت بە خێڵی موکری کە نیشتەجێی ناوچەکانی وڵاتی فارسن (ئێران) لە باشووری گۆلی ورمێوە، مستەر ئی. بی. .سۆن، لە کتێبەکەیدا، “گەشتێکی نهێنی بۆ میزۆپۆتامیا و کوردستان” دەڵێت: “ئەوان بە زمانێکی کوردیی قسە دەکەن کە تەواو پەتی و پوختە لە ڕووی فۆرمی گۆکردن و ڕێزمانەوە. دیالێکتەکەی ئەوان لە هەموویان کۆنترە، و لەکاتێکدا کۆنییەکەی ڕەنگە زیاتر نەبێت لە هی دراوسێکانی، بەڵام پاراستنی نایابی فۆرم و شێوە کۆنەکانی ئەو هەقەی دەداتێ کە بە ستاندارد دابنرێت بەراورد بە دیالێکتەکانی تر”. ئامادەکردنی ئەم کتێبی ڕێزمانە کاتێکی زۆری ویست، بەڵام بەو شێوە وردە پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە وەک خۆم دەمخواست. نیاز و پرۆژەی من دۆزینەوەی پوختترین زمانی کوردییە لە دیالێکتەکانی کوردستانی ناوەند و بەتایبەتی لە گرووپە دیالێکتەکانی سۆمای – ساوجبڵاخ – سلێمانیدا و بۆ ئەوەی چەند بتوانرێت لە ناو سیستەمێکی ڕوون و سادەدا جێبکرێتەوە، تاوەک ئەوانیتریش، وەک خۆم، ڕەنگە فێری هەندێک زمانی کوردیی پراکتیکی ببن و کارکردن لەپێناوی بەرز ڕاگرتنی کۆمەڵایەتی و مۆراڵی و ڕۆحیی کورددا.
بەهیوام ئەم کتێبە هەندێ سوودی هەبێت، پێشکەشی دەکەم بە تێڕوانینی ئەرێنی و پەسەندی خەڵک.
ئێڵ. ئۆ. فۆسوم L. O. FOSSUM
ساوجبڵاخ، کوردستان، ئێران – ١٩١٦
سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان دەردەبڕین بۆ پەروەردەکاران و پسپۆڕانی زمانەوانی، لەپای تاوتوێ کردن و پێداچوونەوەی دەستنووسی ئەم کتێبە و بۆ سەرنج و تێبینیی ڕاستکردنەوە و پێشنیاز و هاندانیان:- پرۆفیسۆر ئەی. ڤی. دبلیو. جاکسن، دکتۆرا، ئێڵ. ئێڵ. دی. – پرۆفیسۆر ئەی. یۆهانان، دکتۆرا، کە هەردووکیان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، شاری نیویۆرکن -پرۆفیسۆر کارل دی. باک، دکتۆرا لە زانکۆی شیکاگۆ – پرۆفیسۆر ئێف. کڵەیبەر، دکتۆرا لە زانکۆی مینیسوتا – پرۆفیسۆر ئێم. ڕیو، دی. دی.، پەیمانگەی وارتبێری، ئایەوا – پرۆفیسۆر ئۆ. جی. فێلاند، ماجستێر، کۆلێجی سانت ئۆلاف، مینیسۆتا- پرۆفیسۆر مارتن هێگڵاند، دکتۆرا، کۆڵێجی واڵدۆرف، ئایەوا – قەشە ئەی. ئێج. گێڤر، ماجستێر، مینیاپۆلیس، مینیسۆتا.
ئێڵ. ئۆ. فۆسوم L. O. F.
خشتەی ناوەرۆکی کتێبەکە
بەشی یەکەم – ئەلفوبێی کوردی Kurdish Alphabet
بەشی دووەم – ناوەکان Nouns
بەشی سێیەم- سیفەتەکان Adjectives
بەشی چوارەم – ڕاناوەکان Pronouns
پێنجەم – فەرمانVerbs
بەشی شەشەم – ئاوەڵفەرمان (ظرف) Adverbs
بەشی حەوتەم – حرف جر Prepositions
بەشی هەشتەم – حرف عطفConjunctions
بەشی نۆهەم – ئینتەرجێکشنەکان Interjections
بەشی دەیەم – دروستبوونی وشەی کوردی Formation of Kurdish Words
بەشی یازدەهەم – وشەی لێکدراوی کوردی Kurdish Compound Words
بەشی دوازدەهەم – ڕێنووسی (ئۆرتۆگرافیی) کوردیKurdish Orthography
بەشی سیانزەهەم – هەمەچەشن Miscellaneous
بەشی چوارەهەم – ڕستەسازی Syntax
شیعر Poetry
کورتە چیرۆک Short Stories
ئینجیلی یۆحەنای پیرۆز Gospel of St, John
وشەسازی Vocabulary
A Practical
Kurdish Grammar
By
1. O. FOSSUM, Ph. D.
American Missionary
نووسەر: مسیۆنێری ئەمریکی: ئێڵ. ئۆ. فۆسوم
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق