لەم نووسینەدا؛ هەوڵ دەدەین شيكردنەوەیهک بكەین لەبارەی كاريگەری سەردانی پزيشکییان بۆ ئێراق لەسەر بەرژەوندييەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و ئێراق لەناوچەكەدا. لە هەفتەی دووەمی ئەم مانگەدا، یەکەمین سەردانی دەرەکی “مەسعود پزیشکییان”، سەرۆک کۆماری ئێران لە دوای دەستبەکاربوونی لە کۆتایی مانگی تەموزی ڕابردوودا بە ئێراق دەستی پێکرد، كە سەردانی هەرێمی كوردستان و چەند شارێكی تری ئێراقیشی كرد، لەلایەن چاودێرانەوە ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی “ستراتیژی و گرنگ” ناوبرا، بە ئاراستەی دووبارە پێناسەکردنەوەی پەيوەندييە سياسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاته.
ئەم سەردانە جێگرەوەی ئەو سەردانه بوو كە “بۆ ئیبراهیم ئەلڕەئیسی” دانرابوو، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، کە بڕیاربوو سێ ڕۆژ پێش مردنی لەناکاوی، سەردانی ئێراق بکات. چاودێران ئەم سەردانە بە سەرەتایەکی گرينگ دەزانن بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئێراقدا، ھەروەها “عیماد مسفیر“ شرۆڤەکاری سیاسی جەختی لەوە کردەوە؛ کە سەردانەکەی پزيشكیان لەم كاتەدا زۆر گرينگه، بەھۆی بارودۆخی ناوچەکە و بەردەوامی قەيرانه نێودەوڵەتييەكان، لەوانە شەڕی ئیسرائیل- غەزە و گرنگی جیۆپۆلتیکی ئێراق، کە “ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی هاوبەشە لەسەر پرسە ناوچەییەکان، لەوانەش پرسی فەلەستین”. ھەروەها “محەمەد مههدی“ شرۆڤەکاری سياسی بۆ شەفەق نيوزی ڕوونكردەوە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ دوو پارته سياسيیه سەرەکییەکانی کوردستان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، “ئەمە پابەندبوونی ئێران نیشان دەدات بۆ قووڵكردنەوەی پەيوەندييەکانی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئێراق بەگشتی و بەتايبەتی كورد”.
ئەگەر سەيری مێژوو بکەين دەبينين كە پەيوەندی ئێراق و ئێران لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩، بەرەو گرژی چوو، بەھۆی نيگەرانی ئێراق لە ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، ناكۆکی لە بارەی سنوورەکان بووه ھۆی ھەڵگيرسانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەم دوو وڵاته لە ساڵی١٩٨٠، ئەمەش یەکێک بوو لە خوێناویترين جەنگەکانی ناوچەکە کە ھەشت ساڵ درێژەی کێشا، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە لە ساڵی ١٩٨٨، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ھەر بە گرژی مایەوە، ئێران پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی شیعەی ئێراقی دەکرد کە هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێنیان دەدا. لە هەمان کاتدا ئێراق پاڵپشتی گرووپەکانی دژبەری ڕژێمی ئێرانی دەکرد، واتا ھەر یەک لە دوو وڵاتەکە بوو بوون بە ھەڕەشە بەسەر ئاسايش و ستراتيژیەتی یەکتر، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، پەیوەندی ئێران و ئێراق چووە قۆناغێکی نوێوە. دوای ڕووخانی حکوومەتی ناوەندی ئێراق، ئێران سوودی لەو بۆشاییە سیاسییە وەرگرت بۆ زيادكردنی نفوزی خۆی لە ناوخۆی ئێراقدا. ئێران پشتیوانی زۆرێک لە کوتلە سیاسی و سەربازییە شیعەکانی ئێراقی کردووە بەتايبەتی لە دوای دروستكردنی حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش لەسەردەمی حكومەتی نوری ئەلمالیکی، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێراقدا، بەجۆرێک ئەمڕۆ ئێراق به هاوبەشێکی گرنگی ئابووری و سیاسی ئێران هەژماردەکرێت. لێرەدا دەتوانين شیکارییەکی ورد بۆ سەردانەکەی پزیشکییان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی بخەينەڕوو:-
1. ڕەهەندە ئاسايشییەکانی سەردانەکە:- سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە ئەمنییه بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە ململانێکانی غەزە و یەمەن و کاریگەربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و پرسی ئەمنی، چەقی گفتوگۆکانی نێوان پزيشکیان و بەرپرسانی ئێراق و کوردستان بوو. لەڕاستیدا ئێران نیگەرانە لە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێراق، هاوکات دژایەتی چاڵاکی گرووپە ئۆپۆزسيۆنه كورديیەکان دەکات لە سنورەکانی ھەرێمی كوردستان، لەپاڵ ئەمەدا لە میانەی سەردانەکەدا باس لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنێکی ئەمنی کرا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە نێوان ئێراق و ئێران واژۆ کرابوو، کە تێیدا چەک داماڵینی ئەو گرووپانە و گواستنەوەیان بۆ ناوچەکانی دوور لە سنوورەکانی ئێران دیاری کراوە، ئەمەش کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ئاسایشی سنوورەکانیدا بەهێزتر دەکات.
2. بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان:– پرسە ئابوورییەکان بەشێکی گرنگی سەردانەکە بوون، چونکە ئێران کە بەدەست گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا، و هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەناڵێنێت، هەوڵدەدات بازنەی بازرگانی لەگەڵ ئێراق و هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات، هەروەک دەزانین کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی نێوان ئێران و ئێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2024دا گەیشتە 5 ملیار دۆلار، ئەمەش گوزارشت لە گرنگی ئێراق دەکات وەک یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. “محەمەد كازم ئال سادق“، باڵوێزی ئێران لە بەغدا گوتی: ئێراق هاوبەشێكی گرنگی بازرگانییە بۆ ئێران و قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانی لە نێوانیاندا 12 ملیار دۆلارە، لەوانە هەناردنی نەوتی ئێران بۆ ئێراق 20%ی ئەم رێژەیە پێكدێنێت، ئێراق بواری باشی وەبەرهێنانی تێدایە و پێویستە كارسازانی ئێران وەبەرهێنانی تیادا بكەن.
جێگەی ئاماژە پێدانە “هەیسەم خەزعەلی“، توێژەری سیاسی و ئابووری روونی كردەوە، کە لە رووی ئابوورییەوە هەردوو وڵات بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، ئەم بەرژەوەندییەی بە رەهەندی سەرەكیی سەردانە هەژمارکرد، ئەو پێی وایە ئێران خواستی هەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕیی ساڵانەی بازرگانیی لەگەڵ ئێراق لە 10 ملیار دۆلارەوە بۆ 50 ملیار دۆلار لەسەر ئاستێكی درێژخایەن بەرز بكاتەوە، جیا لە هاوبەشیی ئابووری جیاواز لە دامەزراندنی شاری پیشەسازی وەک پڕۆژەیەک لە چوارچێوەی رێگەکانی پەرەپێدانەوە، لەپاڵ بازرگانیکردن، ئێران غاز هەناردەی ئێراق دەکات بۆ دابینکردنی نزیکەی 30%ی پێداویستییەکانی ئێراق بۆ کارەبا، وە ئەم هەناردەکردنانە بەشێکن لەو پەیوەندییە ئابوورییانەی کە ئێران هەوڵی بەهێزکردنی دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییە ناوخۆییەکان کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە، وە بەتايبەت ئەمريكا سەپێنراون.
3. پەیوەندی سیاسی و هاوکاری ھەرێمی:– سەردانەکە خواستی ئێران نیشان دەدات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراق و کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ھەرێمییەکان كە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەسەنن، هەروەک دیارە کە ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئێراق بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەکانی ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هەوڵدەدات هاوپەیمانییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق، وە لەم سۆنگەیەوە “عەباس ئاراغچی“، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ئێراقییەکان ڕایگەیاند: “تاران زۆر دڵخۆشە بەوەی کە پەرلەمانی ئێراق ڕەشنووسی ئەو یاسایەی پەسەند کرد کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئێراق دەکات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: “به بوونی هێزی بیانی ئارامی و ئاسایش له ناوچەکەدا به دی نايێت”. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئێران ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیەتی، وەک یاریزانێکی ھەرێمی بە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ئێراق وھەرێمی کوردستان، بە گرنگیدان بە پێشوەبردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی دیکەی وەک گەشتیاری، ڕۆشنبیری، و پەروەردە.
4. کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان:– لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئێران لە ڕێگەی ئەم سەردانەوە هەوڵ دەدات ئەو گۆشەگیرییەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت لە ئەنجامی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکا کەمیان بکاتەوە، لەم ڕوانگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێراق و هەرێمی کوردستان دەرچەیەکی ئابووری و ئەمنی بۆ ئێران دەڕەخسێنێت کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان. هەروەها بوونی ئێران وهک یاریزانێکی سەرەکی له ئێراقدا دەتوانێت ببێتە بەربەستێک لە هەمبەر هەنگاوەکانی ئەمریکا له ناوچەکە، ئەمەش هەمان ئەو بابەتە بوو کە سەڕۆک کۆماری ئێران له میانەی قسەکانیدا سه بارەت به گرنگی هاریکاریی ھەرێمی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی “فشاره دەرەکییەکان” بەڕوونی ئاماژەی پێکرد. بەڵام ئەگەر باسی بەرژەوەنديیەکانی ئێراق بكەين لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، ئەوا دەبينين کە:-
یەکەم:- ئێراق دەیەوێ هاوسەنگی نێوان زلهێزە ھەرێمیەكان بەديبێنێت، چونكه ئێراق بە گۆڕەپانێکی گرينگ دادەنرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ھەر یەکە لە ئێران، تورکیا و سعودیه، بۆیە سەردانەکەی پزیشكییان ڕەنگە ڕێگەیەک بێت، بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا هەوڵدانێکە بۆ پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ زلهێزەکانیتردا.
دووەم:- ھەروەها بۆ ئێراق هاوکاری لەگەڵ ئێران پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی شیعەن، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی بوونی میلیشیا چەکدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
سێیەم:- ئێراق پێویستی بە بەهێزکردنی ئابووری خۆی هەیە، بەھۆی ئەوەی ئێراق بە بارودۆخێکی دژواری سياسی و ئابووری تێدەپەڕيت، بۆیە هاوکاری لەگەڵ ئێران، چ لە ڕووی وزەوە بێت یان بازرگانی هاریکار دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە “مستەفا حەنتوش“ توێژەر و شارەزا لە کاروباری دارایی و خەرجییەکان بە کەناڵی “بی بی سی”ی ڕاگەیاندووە، کە ئێراق سنوورێکی هاوبەشی ھەیە لەگەڵ ئێران بە درێژایی ١٤٠٠ کیلۆمەتر، ئەمەش وایكردووه كە هاوکاری ئابووری لەنێوان ئەم دوو وڵاتە زيادبێت، هەروەها ئاشکرای کرد، عێراق زۆر کەلوپەل لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، وەک کارەبا، وغاز، ئاسن، جگە لە نەوت و سەوزە و بەرهەمی شیرەمەنی، بە بەهای 10 ملیار دۆلار.
لە کۆتاييدا دەتوانين بڵێين؛ كە سەردانەکەی “مەسعوود پزیشكییان”، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ستراتیژی دادەنرێت کە ئامانج تێیدا؛ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە لە ژێر ڕۆشنایی هاوکێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا و ئێران لە ڕێگەی ئەم سەردانەوە هەوڵ دەدات سەقامگیری ئەمنی لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ دراوسێکانیدا پتەوتر بکات، بەمەش پێگەی ھەرێمیی خۆی بەهێزتر دەکات و کاریگەریی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە کەمدەکاتەوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم سەردانە کاردانەوەی گرنگی هەبێت لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئێراق، هەروەها لەسەر سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی.
سەرچاوەكان؛