با لە پرسیارە باوەکەوە دەست پێ بکەین. چۆن دەستت بە نووسین کرد؟
محەمەد زەفزاف:- بەڕاستی باوە. لەساڵی ١٩٦٢ ەوە دەستم بە نووسین و بڵاوکردنەوە کردووە. لە سەرەتادا شیعرم دەنووسی و دواتر یەکەم چیرۆکی کورتم بە ناوی “سێ هەفتە” لەساڵی ١٩٦٣ لە گۆڤاری ئەتڵەس بڵاوکردووەتەوە، چیرۆکێکی زۆر کرجوکاڵە و نەمخستووەتە لیستی کۆچیرۆکەکانم، سەردەمی هەرزەکاریم بوو، کاتێک دووبارە خوێندمەوە. لەخۆمم دەپرسی:- هەر بەڕاست من شتی وام نووسیوە؟ ئاخر چیرۆکێکی زۆر کرجوکاڵ بوو. لە هەریەک لە ڕۆژنامەکانی مەغریبی و گۆڤاری “ئەدەبی” لوبنانی و “زانین” ی سووری و “گۆڤار”ی میسری کە یەحیا تەقی کۆچکردوو سەرنووسەری بوو، بەردەوام بووم لە نووسینی شیعر و هەوڵی ڕەخنەیی، لەگەڵ هەریەک لە گۆڤارەکانی “فیلمەکان” و “وشە”ی ئێراقیش کارم کردووە.
یەکەم کتێبم بەناونیشانی “دیدارێک لە درەنگانی شەودا” بوو کە وەزارەتی ڕۆشنبیری سووری لەساڵی ١٩٧٠ بڵاوی کردبوویەوە. ئەم ڕۆمانەم تووشی هەندێک تەنگەژە بوویەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی وەشانخانە مەغریبیەکە کە وەشانخانەیەکی یەکگرتوویی عەرەبییە، نکۆڵی لێکرد. دوای بیست ساڵ دووجار “ژن و گوڵ” لە چاپ درایەوە. وەکو خۆت دەزانی لەزانکۆی بۆردۆی فەڕەنسا و لەندەن لە هۆڵەندا و هەندێک زانکۆی مەغریب دەخوێنرێت. دواتر کۆمەڵە چیرۆکم نووسیوە. کتێبیشم لە فەڕەنسییەوە بۆ مەغریبی و لە مەغریبییەوە بۆ فەڕەنسیش وەرگێڕاوە.
لەوانەیە بەردەوامیت لە نووسین پێچەوانەی ئەوە بێت کە دەردەکەوێت بەلاتەوە؟
محەمەد زەفزاف:- با سەرەتا ئەوە بڵێم کە نووسین ئیمتیازێک نییە، کاتێک هەر گەنجێک دەست بە نووسین دەکات هیوای ئەوە دەخوازێت بەناوبانگ و دەوڵەمەند بێت، وەلێ من بەدوای ئەوەوە نیم ناوبانگ و پارەم دەستبکەوێت. نووسین بووە بە بوونی من، ئەگەر نەنووسم وەکو ئەوە وایە چیتر ئارەزووی ژیانم نەمابێت، کە دەشڵێم ئەگەر نەنووسم لەپاڵیشیدا دەڵێم ئەگەر ڕۆژانە نەخوێنمەوە وەکو ئەوە وایە کە نەژیم. خودی خۆم قەناعەتم بەوە هەیە، کە من بۆ منداڵ خستنەوە و بوونی سەروەتێک و پۆستێکی دنیایی نە ئافرێنراوم. لە هەریەک لە ڕۆمانەکانی “گوڵفرۆش و چەنەبازەکان” لە مردن چڕدەبمەوە، ئەم چڕبوونەوەیەش لە مردن، بە دەستگرتن بە ژیان و بەهای چاکە لەم دونیا فانییە دادەنێم. بۆیە دەمەوێت لە ئاوازی مردن چڕ ببمەوە، چون ئەم جیهانەی ئێمەی لەنێو نراوە، چ دادوەر بین یان مەحکومدارو هەر بەجێی دەهێڵین. کاتێکیش هەست بەمردن دەکەین، حەزدەکەین خۆشەویستی و کاری چاکە بکەین.
جوگرافیای نووسینەکانت خۆی لە کازابلانکا و المحمدیە و القنطیرە و چەند شوێنێکی وڵاتی بێگانەدا دەبینێتەوە.
محەمەد زەفزاف:- جوگرافیای نووسینەکانم هەمەڕەنگە، کورتە چیرۆک هەن کە لە مۆسکۆوە ئیلهامەیەکەم وەرگرتووە وەکو چیرۆکی “چۆن خەون بە مۆسکۆوە ببینین”. چیرۆکێک بەناوی “قەلەڕەشەکانی بۆرمالا”هەیە، کە کە شارێکی بچووکە و دەکەوێتە نزیک ڕێگای پایتەخی کۆماری لیتۆنیا نزیک دەریای بەڵتیق. ڕۆمانی ” ژن و گوڵ” هەیە، کە بەشێکی چیرۆکەکەی دەکەوێتە مەغریب و بەشەکەی دیکەشی دەکەوێتە ئیسپانیا.
دەمویست پێشتریش ئەمەت لێ بپرسم. داخۆ جوگرافیا ئیلهام بەخشە بۆ نووسین یان بابەت؟
محەمەد زەفزاف:- بێگومان هەمەجۆری جوگرافیا لە چیرۆکەکانمدا شایەتحاڵە، هەندێکجار خودی شوێنەکە خۆی بەسەر من و هەر نووسەرێکی دیکەدا فەرز دەکات.
هیچ شتێکی تایبەت هەیە پێش نووسین بیکەیت؟
محەمەد زەفزاف:- من نووسەرێکی لێزان نیم، هیچ جۆرە ڕێککار و ڕێوشوێنێکیشم پێش خوێندنەوە و نووسین نییە. زۆربەی کاتەکانم لە خوێندنەوەدا بەسەردەبم و هەرکاتێکیش بمەوێت دەخوێنمەوە، بەپێی بڕستی خۆشم دەنووسم. هەندێک کەس دەڵێن خودی زەفزاف خۆی لە کتێب، زیاتر بەرهەمدارترە. وەک وتم سەری خۆم بە کاروباری دنیاوە مژووڵ ناکەم و ڕێزیان دەگرم. ئەوان هەموو خەمێکیان پەروەردەکردنی مناڵ و ڕاکردن بەدوای بوونیادنانی ڤێلا و فڕینی باخەوە بووە، منیش هەرگیز بیرم لەو شتانە نەکردبووەوە. خوێندنەوە و نووسینم هەڵبژارد و خۆ فرۆشیم ڕەتکردەوە و ئەوەشی دەینووسم بازرگانی پێوە دەکەم. بەپێی بڕستی خۆم دەنووسم، هەروا ئاسوودەم و بە ئاسوودەیی دەمرم. داوای لێبوردنەکەم ئەمەندە باسی مردن دەکەم، باخوێنەرە ئەزیزەکانیش لەوەی ڕۆژێک دادێت دەمرن و کاری چاکە بکەن ئاگاداربکەمەوە.
ئەگەر لە جوگرافیا و شوێنی نێو ڕۆمانەکانت بڕوانین، دەبینین قاوەخانە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە. گۆڕستانیش شوێنی کات و بیرکردنەوەیە؟
محەمەد زەفزاف:- پێویست نییە، وەلێ وەک بەرچاوییەک قاوەخانە لە دەقەکانمدا هەیە. دەقی دیکەشم هەیە کە ڕووداوەکانی لە شوێن و جوگرافیایی جیاوازدا ڕوودەدات، لەگەڵ ئەمانەشدا لە دەقی هاوچەرخدا دەبێت قاوەخانە هەبێت. لە ڕۆمانی “گۆڕەکانی ناو ئاو” ڕووداوەکانی لە نزیک کەنار دەریا ڕوودەدەن و دەریاوانەکانیش دەمرن، لەکۆتایشدا دوو کەس نزیک لە قاوەخانەکە قسەدەکەن. لەبەرئەوەی قاوەخانەکە بەشێکە لە واقع، لەوێش ئامادەیە.
لەوەیە ئاماژە بەوە بکەیت گۆڕستانی فکر، قاوەخانەیە. لەم کەین بەینەدا گرنگە بەلامەوە کە بڵێم لەبری چەنەبازییەکی بەتاڵ، دەبێت شەنوکەوکردن بەرهەمدار بێت. ئەم قسەیەشم لەوەوە دێت چەندین دیداری پڕ لە چەنەبازیی کە هیچ کام لە دۆسییەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر ناکات، هەیە. لەوانەیە ئافراندنی دیداری نێوان دوو کەس بەلاتەوە ئاسان بێت، بەڵام ژمارەیەکی کەمی کتێب هەیە کە دەتوانێت دیدارێکی باش بئافرێنێت. ساموێڵ پێکێت بە نموونە وەربگرە، دیداری زۆر ئاسایی و ساددە دەردەکەون، بەڵام مرۆڤایەتییەکی زۆری تێدایە.
ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی بەرچاو لە نووسینەکانتدا بەدی دەکرێت. داخۆ ئەمە واقعە یان جۆرێکە لە هێما و موتوربەیە بە سروشتی بەڕێوبردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی؟
محەمەد زەفزاف:- داگیرکاری فەڕەنسی و ئیسپانی و پورتوگالی و پەیوندییەکانمان لەبەرچاو بگریت، هێشتا ڕۆژاوا بوونی هەیە. پێش ئیسلامیش داگیرکاری فینیقی و ڕۆمانی کە ماوەی حوکمڕانیان هەزار ساڵ بووە، هەبووە. دواتریش ئیسلام هات کە هەزار و پێنج سەد ساڵ فەرمانڕەواییان کرد، لە ڕووی فەرمانڕەواییەوە نزیکن لەیەک. جیهان بەرەو پێشەوە چووە، تەنانەت ئەگەر ڕەتیش بکرێتەوە هێشتا بوونی هەیە. وێڕای ئەوەی ڕۆژاوا پێشتر دەروازەکانی بەرەو ڕوومان کراوە بووە، ئێستاش داخراوە، دەبێت هێشتا مەغریب بە ڕۆژاوا سەرسام بێت.
لە ڕۆمانی “چەنەبازەکان” تێبینی تووڕەیی، توندوتیژی یان هەندێک ژیری دەکەین؟
محەمەد زەفزاف:- ئەمە ڕای هەندێک لە ڕەخنەگران و ئەوانەیە شتیان لەبارەوە نووسیوە. ناتوانم بڕیاری لەسەر بدەم، وەلێ تەنها دەتوانم بڵێم دوای چەند ئەزموونێک لەدوای تەمەنی پەنجا ساڵییەوە نووسراوە. ئومێدەوارم ڕۆژێک ئەم چەنەبازانە لەدەم بکەون، چوون زۆر دەخۆن و زۆریش دەڵێن. لای خۆشمان دەمی سیاسییەکان درۆی زۆر پێدەکرێت، هیوادارم بۆ کەمێکێش بووبێت ڕۆژێک ئەم دەمانە دابخرێن. کەسایەتییەکانی نێوی بەگژ نووسەردا دەچنەوە، نووسەر پێی وایە هەقیقەتی لایە، وەلێ پاڵەوانەکان و خەڵکەکە ڕایەکی دیکەیان هەیە. نووسەر پێی وایە ئەو- ئەوخەڵکانەی ئافراندووە، لەکاتێکدا ئەوە ئەوانن جڵەوی ئەمیان بەدەستە، بۆیە خۆی بووە بە قوربانیان.
بێ ناو بوون.
محەمەد زەفزاف:- بەڵێ، جگە لە فەقێ فەرتەلی نەمویست ناو لەکەسیان بنێم.
ئەمە لەبەرئەوەی وەکو عەوامن یان بێ بەهان؟ بەرهەمێکی بەلزاکم هاتەوەیاد لەبەرئەوەی پاڵەوانەکەی نغرۆی قومار بوو، ناوی لێنابوو “سفر کۆمەڵایەتی”.
محەمەد زەفزاف:- بەڕاستی شتێکی جوانە. یەکێک لە نووسەرە ئافرەتەکانی سعودییەم بیرهاتەوە، وێڕای ئەوەی نایناسم، وەلێ یەکێک لەڕۆمانەکانی خۆی بۆ ناردم، ناوی لە کەسایەتییەکان نەنابوو تەنها پاڵەوانەکەی ناو نابوو “سفر چوار”. منیش نەمویست ناویان بنێم، چون ڕۆمانێکی فکرییە و ڕۆمانێکی ناولێنان و هاموشۆی کەسایەتییەکان نییە.
لەبەرئەوەی لە “چەنەبازەکان” دا گێڕەوە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و هەندێ خاڵی وەکو تایبەتی (شخصی) و کۆمەڵایەتی و جیهانی و مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە، جەخت لەوە دەکرێتەوە ڕۆمانی “چەنەبازەکان” ڕۆمانێکی فکری و تێڕامانە یان شێوەیەکی پانۆرامی هەیە.
محەمەد زەفزاف:- بەپێی قسەی ڕەخنەگران، ڕۆمانەکە هەوڵیداوە بە تەکنیکێکی تایبەت لەڕێگەی هونەرییەوە، هەندێک دۆسییەی تایبەت بوروژێنێت. وەکو وتیشم، شتەکە پەیوەندی بە ڕیپۆرتاژێکی ڕۆژنامەوانی نییە، وەلێ لەڕێگەی هونەرییەوە توانیومە هەندێک شت کە بگات بە خوێنەر بوروژێنم.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://banassa.info/%25D9%2585%25D8%25AD%25D9%2585%25D8%25AF-%25D8%25B2%25D9%2581%25D8%25B2%25D8%25A7%25D9%2581-%25D9%2581%25D9%258A-%25D8%25AD%25D9%2588%25D8%25A7%25D8%25B1-%25D8%25BA%25D9%258A%25D8%25B1-%25D9%2585%25D9%2586%25D8%25B4%25D9%2588%25D8%25B1-%25D9%2584%25D8%25B3%25D8%25AA-%25D9%2583%25D8%25A7%25D8%25AA%25D8%25A8%25D8%25A7%25D9%258B/&ved=2ahUKEwiO_5v9tLaIAxWkRfEDHWlWHSgQFnoECBUQAQ&usg=AOvVaw1OuJnIkqVsOPh9Kn35-ybK
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد