سەرەتا بۆ تێگەیشتن لە پەیماننامەی لۆزان دەبێ لە پەیماننامەی سیڤەر تێبگەین و مێژووی پێش لۆزان بە پووختی بزانین چییە و چۆن بووە؟
پەیماننامەی سیڤەر، لەڕاستیدا پەیمانێکی ئاشتی بووە لە نێوان ئیتالیا، ژاپۆن، ئیمپراتوری عوسمانی، ئاڵمان، ئۆتریش، مەجارستان، بۆلغارستان، فەڕانسە، ڕووسیا، ئامریکا، بهریتانیا و… لە کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم لە ١٠ی ئاگۆستی ١٩٢٠دا واژۆ کراوه. ئەوەش لە ئەنجامی شکستی ئەو وڵاتانە بەتایبەت عوسمانی بوو کە دژی وڵاتانی هاوپەیمانان لەجەنگدا بوون، کە دواتر ئاگربەستی “مۆدرۆسی” لێ کەوتەوە، واتا تەسلیم بوونی تەواوی عوسمانی. ئاگربەستی مۆدۆرس (Armistice of Mudros) لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ۱۹۱۸ لە مۆدۆرس لە نێوان “ئەدمیڕال کالتروپ” نوێنەری بهریتانیایی بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانان(متفقین) لەگەڵ “ڕەئوف ئۆربا”ی نوێنەری عوسمانی لە دوڕگەی لیمنۆسی یۆنان، لە نێو کەشتی “ئێچ ئێم ئێس ئاگامێمنۆن ١٩٠٦” مۆر کرا.
ئەم ئاگربەستە بە واتای شکستی تەواوی عوسمانییەکان و خۆ بەدەستەوەدانیان بوو، کە لە ۲٤ بەند پێکهاتبوو. بەگشتی لە شەڕی جیهانی یەکەم کە لە ساڵی ١٩١٤ تا ١٩١٨ی خایاند وڵاتانی متفقین(هاوپەیمانان) کە زۆرینە و باڵادەست بوون سەرکەوتن و ئیمپراتوری ئاڵمان، عوسمانی، ئۆتریش، مەجارستان هەڵوەشانەوە. دواتر کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ لە ئوروپا و ڕۆژئاوای ئاسیا درووست بوون. هەروەها شۆڕشی ١٩١٧ دژی حکومەتی تێزاری ڕوسیا ڕوویدا کە بوو بە یەکییەتی سۆڤییەت. کە بە گشتی شۆڕشی فێبریوەری ١٩١٧، شۆڕشی دوو جەمسەری شوڕای کرێکاران و دەوڵەتی کاتی سۆسیالیست دێموکراتەکان لە ١٩١٧، دواتر شۆڕشی گەورەی ئاکتۆبر و شەڕی ناوخۆیی روسیە لە ١٩١٧ تا ١٩٢٣ی خایاند. کە بەگشتی ٦ ساڵ و ٣ مانگی خایاند. دواتر جامعە ملل یا مجتمع اتفاق ملل یا کۆمەڵەی گەلان لە ژوئیە ١٩٢٠ دامەزرا و کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم ڕاگەیەندرا. دوای ئەم شەڕەو شکستی عوسمانییەکان زۆرینەی ناوچەکانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی چووە ژێر دەسەڵاتی بریتانیا و فەرانسە. لەو شەڕەدا واتا لە ١٩١٤ تا ١٩١٨ زیاتر لە ١٨ میلیۆن کەس کوژرا.
“هۆکاری شەڕی دووەمی جیهان لە ١٩٣٩ تا ١٩٤٥”
دۆخی سیاسی ئاڵمان لە سەردەمی بەهێزبوونی هیتلێر و نازییەکان، هەڕەشەکانی ژاپۆن دژی چین کە بووە هۆی ڕوودانی شەڕی دووهەمی ژاپۆن و چین، داگیرکردنی ئیتیوپی لە لایەن ئەرتشی ئیتالیا کە بووە هۆی شەڕی دووەهی ئیتالیا و ئیتیوپی، سەرکەوتنی ئاڵمان لە وتووێژەکانی پەیمانی مۆلۆتۆف ڕیبێنترۆپ لەگەڵ شوڕەوی بۆ دابەشکاری و کۆنتڕۆڵی خاکی ڕۆژهەڵاتی ئوروپا. هێرشی ئاڵمان بۆ سەر لەهستان لە ١ی سێپتامبەری ١٩٣٩ و لێکەوتەکانی دوای پەیمانی وەرسای (لەنێوان ئاڵمان، بریتانیا، ئامریکا، فەرانسە، ئیتالیا و ژاپۆن) لە ١٩١٩ کە لە ١٩٢٠ ئیجرایی بووە.کۆماری وایمار یا کۆماری ئاڵمان دژی ڕێکەوتنەکە و بەندەکانی پەیمانی وەرسای بوو. بە گشتی لەدوای هێرشی ئاڵمان بۆ سەر لەهستان، شەڕی جیهانی دووهەم دەستی پێکرد، کە لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ی خایاند و زیاتر لە ٧٠ میلیۆن سەرباز و خەڵکی مەدەنی لەو شەڕەدا کوژران. ئەوە بەگشتی باسێک بوو لەسەر ڕووداوەکانی شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، بەڵام با بزانین پەیماننامەی “سیڤەر” چییە و باسی چی دەکات؟ ئایا بەپێی یاسا پەیماننامەی سیڤەر دەتوانێت پەیماننامەی لۆزان نامەشروع بکات و بهێنێتە ژێر پرسیار؟ یاخود ئایا پەیماننامەی سیڤەر دەتوانرێت جێ بە جێ بکرێت؟
دەبێ بزانین پێش پەیماننامەی سیڤەر لە ١٠ی ئاگۆستی ١٩٢٠ی زایینیدا، بهریتانیا و فەڕانسا بە نهێنی پەیماننامەیەکیان بەیەکەوە واژۆ کردبوو بەنێوی پەیماننامەی سایکس پیکۆ، کە لەلایەن دوو ئەفسەر و دیپڵۆماتی پلەبەرزی بهریتانیایی و فەڕانسایی بەنێوی سەرهەنگ “سێر تاتون ماڕک سایکس” و “فڕانسوا ماری دێنیس پیکۆ” پێکهاتبوو. شەرتی ئەو پەیماننامەیە شکستی عوسمانی بوو لە جەنگدا و دابەشکردنی خاکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر خۆیاندا، کە بەڕەزایەتی ڕووسیاش بووە لە ساڵی ١٩١٦دا. لەسەر ئەم ئەساسە قەرار وابوو کە ناوچە عەرەبییەکان لەژێر کۆنترۆڵی ئینگلیس و فەرانسە دابێت. هەروەها باشووری ئیسرائیل و فەلەستین و ئۆردۆن و باشووری ئێراق و بەشێکی حەیفا و عەکا بۆ گەیشتن بە ئاوی دەریای مەدیتەرانە بە ئینگلیس بدرێت. لە بەرامبەردا باکوور و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و سووریا و لوبنان بدرێتە دەستی فەڕانسا. هەروەها لەسەر ئەساسی “سازنۆف پالئۆلۆگ” قەرار وابوو ناوچە ئەرمەنییەکان و ئیستانبوڵ و باریکە یا تەنگەی بۆسفۆر کە ئاسیا و ئهوروپا لە یەک جیا دەکاتەوە، بدرێتە ڕوسیا، هەورەها لەسەر ئەساسی ڕێکەوتنامەی سەنت ژان دومۆریەن کە ڕێکەوتنێکی نێوان سەرۆکوەزیرانی بهریتانیا و فەرانسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا کرابوو، قەرار وابوو ئاناتۆلی جنوبی یا بەشێکی زۆری باکوری کوردستان کە دەبێتە (ئادیامان، باتمان، ئامەد، ئورفا، شەڕناخ، غازی عەنتاب، کیلیس و ماردین) بدرێت بە ئیتالیا. هەروەها بەشێکی فەلستین ژی لەژێر کۆنتڕۆلی نێودەوڵەتی دا بێت. بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩١٨ دوای شکستی عوسمانی، دەوڵەتی فەڕانسا فەلستین و موسڵی دا بە ئینگلیس. ڕۆژنامەی گاردیەن لە ٢٦ی نوامبەری ١٩١٧دا دەنوسێت کە ئینگلیسییەکان شەرمەزار بوون، عەڕەبەکان نائومید بوون، تورکەکان خۆشحاڵ بوون و کوردیش ناوی نەم، دوای سایکس پیکۆ و شکستی عوسمانی، دواتر لە ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر دەبەسترێت کە دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد بە فەرمی دەناسێت لە مادەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤دا. جا لێرەدایە کە پێویستە تاکی کورد و حیزب و دەسەڵاتی کورد ڕۆڵی جەنڕال شەریف پاشای خەندان بزانێت. کە بە دیزاینەری دەوڵەتی کورد دادەنرێت. با بزانین شەریف پاشا لە کۆنفڕانسی ئاشتی پاریس چی کردووە؟
شەریف پاشای خەندان (١٨٢٥ – ١٩٤٥) کوڕی سەعید پاشا کوڕی حوسێن پاشای ئەحمەد ئاغای خەندانە. بنەماڵەیەکی ناودار و دەست ڕۆیشتوو و خاوەن پلە و پایە و هێز لە ئیمپراتوری عوسمانیدا بوون، هەروەها ئەو بنەماڵەیە هاوکارێکی باشی پاشاکانی بابان بوون. بەپێی سەرچاوەکان و گێڕانەوەکان شەریف پاشا له دایکبووی شاری سلێمانی باشوورە، بەڵام دواتر سەعید پاشای باوکی لە نێوەڕاستی سەدەی ١٩هەم دا دەچێت بۆ ئیستانبوڵ و لەوێ جێگر دەبن. شەریف پاشا چەندین زمانی وەکوو فارسی، عەڕەبی، ئینگلیزی، تورکی، فەڕهنسی، سویدی، ئیتاڵی فێر دەبێت. ئەو پلەدارێکی سەربازی عوسمانی دەبێت و دواتر لە ساڵی ١٨٨٩ لە کۆلێژی سەربازی سانت سیری فەڕهنسا پلەی ژەنڕاڵی وەردەگرێت. ناوبراو لە ساڵی ١٨٩٠ کچی عەباس حیلمی ئامۆزای مەلیک فاروقی پاشای میسر بە هاوسەری هەڵدەبژێرێت کە بە بنەچە کوردن و لە بنەماڵەی مۆحەممەدعەلی پاشای خەدیون کە بە باوکی میسری نوێ دادەنرێت.
ساڵی ١٨٩٨ دەبێتە باڵوێزی دەوڵەتی عوسمانی لە سوید، دوای چەندین ساڵ لەو پۆستەدا بە باشترین باڵوێزی عوسمانی دەناسرێت و خەڵاتی شاهانە دەکرێت. ساڵی ١٩٠٠ پەیوەندی بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی دەکات، بە نێوی نهێنی کوردە، دواتر هەر لە سوید سەرەتای ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی دەردەکەوێت، بەهۆی پشتیوانی لە کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی. کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی یەکەم پارتی سیاسی بووە لە مێژووی عوسمانیدا کە لە کۆمەڵێک کەسانی خوێندەەوار و دەست ڕۆیشتووی کورد و تورک پێکهاتبوو و دژایەتی سیاسەتی زوڵم و زۆری سوڵتان عبدالحەمیدی دووهەم و سەرانی عوسمانی دەکرد و پاڵپشتیان لە مافی نەتەوە و خەڵکی جیاوازی نێو ئیمپراتوری عوسمانی دەکرد. ساڵی ١٩٠٨ شەریف پاشا دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن ئیتحادییەکانەوە دەگەڕێتەوە ئیستانبوڵ و بە هاوکاری ئەمین عالی بەدرخان و شێخ عبدالقادری شەمزینی و هەندێک کەسایەتیتری کورد ڕێکخراوێکی سیاسی کوردی بە نێوی کۆمەڵەی یەکییەتی و پێشکەوتنی کورد (کورد تعاون تەرەقی جەمعیەتی) دادەمەزرێنێت و ڕۆژنامەیەکیش بە نێوی (کورد تعاون تەرەقی غەزەتەسی) بڵاو دەکاتەوە کە پیرەمێردی شاعیر سەرنووسەری دەبێت. دواتر ئیتحاد و تەرەقی کە تورکەکان تێیدا باڵادەست دەبن، کۆمەڵەی شەریف پاشا و هەندێک شوێنی ڕوناکبیری کورد دادەخەن. گرژییەکان زۆر دەبێت و ساڵی ١٩٠٩ شەریف پاشا دەگەڕێتەوە پاریس.
ئینجا لەوێش کۆڵ نادات و حیزبێکی دژی ئیتحاد و تەرەقی دروست دەکات بە نێوی حیزبی ڕادیکاڵی عوسمانی، گۆڤارێکیش بە نێوی مەشروتییەت دەردەکات کە ٥٥ ژمارەی لێ دەردەچێت. شەریف پاشا بە تەواوی حەول دەدات دۆست بۆ کورد پەیدا بکات و لە چوارچێوەی عوسمانی دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات، ناوبراو تا ئەوکات هەر باوەڕی بە ڕێفۆڕم و چاکسازی لەنێو دەوڵەتی عوسماندا هەبوو، بۆیە لە سەرەتاکانی شەڕی جیهانی یەکەم پەیوەندی بە بهریتانییەکان دەکات، تا لە ویست و خواستی کورد ئاگاداریان بکاتەوە. هەر بۆیە نامەیەک بۆ وەزارەتی دەرەوەی بهریتانیا دەنێرێت کە لە نامەکەدا دەڵێت: کورد هاوکاری هاوپەیمانان دەکات بە مەرجێک شتێک بۆ کورد دابین بکەن. ئیتر شەریف پاشا لە بیری چاکسازی دێتە دەرو پێش تەواو بوونی شەری جیهانی بهریتانیا دەیهەوێ لەگەڵ کورد وتووێژ بکات، هەر بۆیە ئەفسەرێک بە نێوی سێر پێرس کۆکس لە شاری مارسیلیای فەڕانسە لەگەڵ شەریف پاشا کۆ دەبێتەوە. لەوێ شەریف پاشا پێشنیاری دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد دەدات. ساڵی ١٩١٨ شەریف پاشا بەهۆی تێگەیشتنی لە مێژووی کورد و سیاسەتی نەتەوەکانیتر بەرامبەر بە کورد، ئیتر دەبێتە کەسێکی ناسیونالیست و نەتەوەیی کە پێشتر کەسێکی پان عوسمانیزم و ڕێفۆرمخواز بوو، هەر لەو کاتەدا لە پاریسەوە پەیوەندی دەکات بە “سمکۆی شکاک و شێخ مەحمود و سەید تەهای نەهری” و هێندێک کەسایەتی تر، وە لە بارەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ڕاوێژیان پێوە دەکات.
ساڵی ١٩١٨ دوای تەواوبوونی جەنگی یەکەمی جیهانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ دەکاتەوە و دوو نامە دەنێرێ بۆ وەزیری دەرەوەی بهریتانیا. لەنامەکەدا باسی زوڵم و زۆری تورکەکان دەکات و دەڵێ ئێمە نامانهەوێ لەگەڵیاندا بژین، بۆیە داوا دەکات کە بهریتانیا پشتیوانی لە دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد بکات و داوا دەکات سەرۆکێکی باش و لێزان و سیاسەتمەدار بۆ کوردستان هەڵبژێرن و ئامادەیی خۆشی بۆ ئەو کارە دەردەبڕێت. بەڵام بەداخەوە بهریتانیا بایەخ بە هەوڵەکانی کورد و خواستی میللەتی کورد نادات. شەریف پاشا ماندوو نابێت و لەوسەروبەنەی بەستنی کۆنگرە ئاشتی لە پاریس لە ڕێکەوتی٨/٢/١٩١٩دا نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆنگرە دەنێرێت لە بارەی داواکاری و خواستی میللەتی کورد. شەریف پاشا ئیجازەی بەشداری وەردەگرێت، لەو کۆنگرەدا چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا بوون دیاری دەکڕێت. هاوکات “ئەمین عالی بەدرخان و شێخ عەبدولقادر و شێخ عۆبەیدوڵڵای نەهری” بە ناوی کۆمەڵی تەعالی کوردستان لە ڕێگای کۆمیساریای ئەمریکا و بهریتانیا و فەڕانسە لە ئیستانبول نامەیەک دەنێرن و ڕادەگەێنن کە شەریف پاشا نوێنەری فەرمی میللەتی کوردە و قسەی ئەو قسەی ئێمەیە و هەروەها نامەیەکیش بۆ کۆنفرانسەکە دەنێرن. لە هەمان کاتدا لە کوردستان “شێخ مەحموود” لە باشوور نامەیەک بە خێڵ و عەشیرەت و کەسایەتییەکانی کورد واژۆ دەکات بۆ پشتگیری شەریف پاشا. ئەم نامەیە بەدەستی “ڕەفێق حیلمی” نووسراوە و بە دەستی “ڕەشید زەکی کابان” و “سەید ئەحمەد بەرزەنجی” ڕەوانەی پاریس دەکرێت کە بە داخەوە لە شاری حەڵەبی سوریا لەلایەن هێزەکانی فەڕانسە زیندانی دەکڕێن و نامەکە ناگاتە کۆنفرانسی پاریس. بەڵام شەریف پاشا پێشتر ڕاوێژی بە سمکۆ شکاک و شێخ مەحموود و سەید تەهای نەهری و سەرکردەکانی تری کوردستان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەکوو (تەعاون و تەرەقی کورد، هیوا، تەشکیلاتی کۆمەڵایەتی، فیرقەی دێموکراتی کورد، جەمیعەی ئیستقلالی کوردستان) کردبوو و ئەو ڕیکخراوانە نامەی پشتگیریان بۆ شەریف پاشا ناردبوو و بە نۆینەری ڕاستەقینەی کوردیان ناساندبوو، بۆیە کوردی هەموو بەشەکان بە گشتی یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بوون و شەریف پاشایان وەک نۆینەری خۆیان قەبووڵ بووە، بۆیە شەریف پاشا پێداگری دەکات لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. بەمبۆنەیەوە شەریف پاشا نەخشەیەکی رێک و پێکی کوردستان بە زانیارییەوە پێشکەشی کۆنفرانسی ئاشتی پاریس کرد، بۆیە هاوپەیمانان نێوی کوردیان وەکوو نەتەوە بۆ دیاریکردنی مافی سەربەخۆیی خستە نێو بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیماننامەی سیڤەرەوە. لە ڕێکەوتی ١٠/٨/١٩٢٠دا پێکهێنانی دەوڵەت بۆ کورد پەسەند دەکرێت و تورکیاش بەوە ڕازی دەبێت، بەڵام تورک بە ڕواڵەت ڕازی ببون! دوابەدوای ئەوە تورکەکان و عەڕەبەکانی عێراق و سوریە دەست دەکەن بە دژایەتی دەوڵەتی کوردی و شەریف پاشا، هەر بۆیە بەداخەوە ناکۆکیش دەکەوێتە ناو ماڵی کورد. بە تایبەت لە نێوان شێخ عبدالقادری نەهری و شەریف پاشا، کە شێخ داوای ئۆتۆنۆمی دەکات و دەڵێت ئێمە دەوڵەتمان ناوێت. هەروەها نۆینەرە کوردەکانی ئورفا، وان، بەتلیس، مەڵاتیا، دەرسیم و دیاربەکر ڕادەگەیەنن ئێمە نامانهەوێ لە تورکیای نوێ جیا بینەوە. ئیتر بەداخەوە خەونی شەریف پاشا لە گۆڕ دەنێن و ئینگلیسیش دەست دەکات بە دژایەتی کورد و ئیتر شۆڕشی شێخ مەحمودیش دەست پێدەکات…
بەمشێوەیە زەمینەی پەیماننامەی لۆزان بە پێداگری تورکە فاشیستەکان دێتە ئاراوە. شەریف پاشا لە کۆتاییدا واز لە دیپلۆماسی دەهێنێت و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە ناپۆلی ئیتالیا لە ماڵی کچەکەی دا کۆچی دوایی کرد. شەریف پاشا لە کۆتایی ژیانیدا وەسییەت دەکات ئەگەرکوو مرد تەرمەکەی بسوتێنن و خۆڵەمێشەکەی فڕێ بدەنە نێو دەریا، چۆن بێدەوڵەت و بێوڵاتە.
“پەیماننامەی لۆزان چۆن بوو؟”
پاش دەرچوونی پەیمانی سیڤەر تورکە فاشیستەکان بە سەرکردایەتی کەماڵ ئەتاتورک دەستیان کرد بە دژایەتی. کەماڵیستەکان ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ لەباربردنی پەیمانی سیڤەر، بۆیە لە ئەنجومەنی نیشتمانی تورکیادا لە کاتی کۆبونەوە مستەفا کەماڵ ئەتاتورک ڕوو لە بەنێو نۆینەرانی کورد دەکات یا باشتر بڵێم جاشە کوردەکان و هەندێک تورک کە جل و بەرگی کوردیان لەبەر کردووە و خۆیان بە نۆینەری کورد لە قەڵەم داوە، یەک لەو جاشانە “حوسێن عەونی و حەسەن خەیری” بووە، کە لەوێدا ڕادەگەیێنن تورکیا وڵآتی کورد و تورکە و ئێمە نامانهەوێ جیا بینەوە و براین. هەروەها دەڵێن هیچ وڵاتێک بۆی نییە تەداخولی ویست و ڕای ئێمە بکات. پێشتر ئەتاتورک لەکاتی دەرچوونی پەیمانی سیڤەردا دەستی کردبوو بە ڕێکخستنی تورکەکان و لە ٩ی سێپتامبەری ١٩١٩دا کۆنگرەی سیواس دەبەستێ و بڕیارێک دەردەکات و دەڵێت نیشتمانی تورک هەر یەکە و نابێ دابەش بکرێت و بڕیار دەدەن کۆتایی بە حکومەتی ئیستانبوڵ بهێنن. بۆیە لە ئۆکتۆبەری ١٩١٩دا لە کۆنگرەی ئاماسیا ئەتاتورک بەسەر نەیارەکانیدا سەردەکەوێت و کۆتایی بە حکومەتی ئیستانبوڵ دەهێنێت. پاش بەستنی کۆنگرەی سیواس تورکیا لە ساڵی ١٩٢٠ بەیاننامەیەک بەسەر باڵوێزەکانی بهریتانیا، فەڕانسە، ئهمریکا، ئیتالیا، سێربیا، سوید، دانمارک و ئیسپانیادا دابەش دەکات و ڕادەگەیەنێت کە حکومەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک پەیمانی سیڤەری قەبوڵ نییە و دانی پێدا نانێت.
پاش ئەو بڕیارە شوڕەوی یەکەم دەوڵەت دەبێت کە ڕێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی تورکیە واژۆ کردووە و بە فەرمی ناسیوە. هەر بۆیە بهریتانیا بەتایبەتی لە ترسی لەدەستدانی بەرژەوەندی خۆی و لە ترسی هەژمونی شوڕەوی لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر پاشگەز دەبێتەوە. بۆیە لە ڕێکەوتی ٢٠ فیبریوەری ١٩٢١دا لە لەندەن ڕادەگەیێنێت کە ئامادەیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیماننامەی سیڤەردا بکات. دوابەدوای ئەو فەڕانسەش ڕادەگەیێنێت کە ئامادەیە چاو پێداخشاندن بەسەر پەیماننامەکەدا بکات، ئیتالیاش ڕادەگەیێنێت کە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە هێزی سەربازی بۆ جێبەجێ کردنی پەیماننامەی سیڤەر دژی تورکیا بجۆڵێنێت، مادام بهریتانیا و فەڕانسە دەیانهەوێت ئاڵوگۆڕی تێدا بکەن. لەولاشەوە عەڕەب وەخۆ کەوتوون و ئیدعا دەکەن زوڵمیان لێکراوە و دژایەتی تەواوی کورد دەکەن و کورد بە خێڵ و عەشیرەت ناو دەبەن و دەڵێن بۆیان نییە دەوڵەت لەسەر خاکی عەڕەب دروست بکەن! بەمشێوەیە زەمینەی پەیماننامەی لۆزان خۆش دەبێت. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئوتی ١٩٢٣دا لۆزان واژۆ دەکرێت و بە یەک وشەش باسی کوردی تێدا ناکرێت. تورکیاش وازی لە موسڵ هێنا و داوای کرد چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لەلایەن ئەنجومەنی کۆمەڵی نەتەوەکان دیاری بکرێت. بەمشێوەیە زۆربەی کوردستانی عوسمانی وەبەر تورکیە کەوت، بەشێکی کەوتە سەر سوریە و بەشێکیشی کەوتە سەر ئێراقی نوێ.
لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا کە ئایا بەپێی یاسا پەیماننامەی سیڤەر دەتوانێت پەیماننامەی لۆزان نامەشروع بکات و بهێنێتە ژێر پرسیار؟ یاخود ئایا پەیماننامەی سیڤەر دەتوانرێت جێ بە جێ بکرێت؟ دەبێ بڵێم کە بەپێی ڕێکەوتنامەی ڤییەنی (١٩٦٩) لە مادەی ٢ و ٦٠ و هەروەها تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی تورکیادا لە بەندی ٣٩داو لە بەشی ١ی پەیماننامەکانی نێونەتەوەیی بۆ مافی مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوی ١٩٦٣، هەروەها بەندی ٢٠ی پەیمانی کۆمەڵەی نەتەوەکان، بەندی ١٠٣ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بەپێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە بەندەکانی ١٥١4 (XV) پەسەندکراوی ١٤ دێسامبری ١٩٦٠، مادەی ٥، بڕیارنامەی ١٥١1 (XV) پەسەندکراوی ١٥ی دێسامبری ١٩٦٠ مادەی ٧٣ و مادەی ٣ و هتد…. هەم پەیماننامەی لۆزان نایاساییە و هەم کورد دەتوانێت بەرگری لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر بباتە دادگا باڵاکانی جیهان و هەروەها کورد وەکوو نەتەوە مافی خۆیەتی بە پێی یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت. هەروەها بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، پەیمانی سیڤەر کاتێك هەڵدەوەشێتەوە کە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت و ئەو لایانانەی واژۆیان کردووە بە ئاشکرا ڕابگەیێنن و لە پەیماننامەی نوێدا ئاماژەی پێ بکرێت. بەڵام پەیماننامەی لۆزان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە فەرمی پەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاوە ڕانەگەیاندووە و لە پەیماننامەی لۆزاندا هیچ باسێک لەسەر سیڤەر نەکراوە و پێویستە ڕوونکردنەوە لەسەر گۆڕانکاری ئەو پەیماننامەدا یان هەڵوەشاندنەوەی بدرێت. لە حاڵێکدا پەیمانی سیڤەر ١٨ وڵات واژۆیان کردووە، بەڵام پەیمانی لۆزان ٨ وڵات واژۆیان کردووە.
کەوابوو پەیماننامەی لۆزان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای ڕێکەوتنامەکان و یاسای ماڤی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی یاساییەوە ڕەوایی نییە. چۆن هێشتا ١٠ وڵات واژۆیان نەکردووە کە تەنانەت نیوە کۆی یەکیش نییە. کە وابوو ١٨ وڵات ڕەزامەندیان لەسەر سیڤەر دەربڕیوە و واژۆیان کردووە، بەڵام لەڕووی یاسایی وە لە ڕووی سیاسییەوه جێبەجێ نەکراوە، کەوابوو ئەو پەیماننامەیە هەر لەسەر جێی خۆی ماوەو ڕەوایی هەیە، هەروەها سیڤەر لە ئەنجامی کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی عوسمانیدا هاتووەتە کایەوە، بەڵام لۆزان دەرئەنجامی شەڕە نێوخۆییەکانی تورکیایە لە ١٩١٩ تا ١٩٢٣. کەوابوو ئەنجامی ئەو دوو ڕێکەوتنە تەواو جیاوازە. سیڤەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتوری عوسمانی و دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و دروستکردنی دەوڵەتانی نوێ بوو، بەڵام لۆزان تەنیا پەیوەندی بە دروستکردنی دەوڵەتی نوێی تورکیاوە هەبووە؟!
سەرچاوهكان:-
- یادداشتەکانی ڕەفیق حیلمی
- زوبدەی تاریخی کورد و کوردستان – محەممەد ئەمین زەکی بەگ
- کورد له ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکاندا – مستەفا مەولودی
- جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان