“گەلی کورد وەک نموونە”
پێشکەشە بەڕووحی هاوڕێی کۆچکردووم؛ ئەبوبەکر حەسەن
“ژیانی کوردەکان بوونێک نییە لە مافدا، ئەبوبەکر حەسەن”
مێژووی دەوڵەتی مۆدێرن، مێژوویی کابوسێکی ترسناکە، کە سیاسەتە نا ئینسانییەکانی پڕاو پڕە لە تراژیدیا و زەبر و تووندووتیژی و پیادەکردنی سیاسەتی خوێناوی بەرانبەر گرووپ و ئەتنی و کەمینەکان. سەرەتای سەدەی بیستەم شایەتی سیاسەتی وێرانکردن و قڕکردن و جینۆسایدکردنی دەستەجەمعیانەی دەوڵەتی مۆدێرنە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داماڵینی مرۆڤ لە هەموو ماف و ئیمتیازیاتە سیاسییەکانی. ئەگەر گوزارە ئەڕستۆییەکە (ئاژەڵی سیاسی) ناوێک بێت بۆ بوونی مرۆڤ لەناو یەکەیەکی ڕێخراوی سیاسی، کە پێی دەگوترێت دەوڵەت. ئەوا چیدی ئاژەڵی ڕووت، ناوێکە بۆ مرۆڤی بێماف. ناوێکە بۆ گرووپ و کەمینە و ئەتنییەکان، کە لە هەموو مافێکی سیاسی بێ بەشن. لێسەندنەوەی مافی سیاسی تەعبیرە لە هەندێ تایبەتمەندی مرۆیی، وەکوو ئەوانەی لەبەر نەبوونی ئەم تایبەتمەندییانە “ئەڕستۆ” لە نێو بوونی مرۆیدا وەکوو کۆیلە دەستنیشانی کردوون.
“هانا ئارێنت” لە کتێبی “ڕەگەزەکانی تۆتالیتاریزم” بەقووڵی سەرەنج دەخاتە سەر پرسی مەترسییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و بە ئەنیماڵیزەکردن و بێماف کردنی ئینسان. بەدیدی “ئارێنت”، بەرلەوەی دەوڵەت ژیانی ئەتنییەت و گرووپە دیینییە جیاوازەکانی ناو هەناوی خۆی لەناو بەرێت، پێویستە شەرعییەت بۆ سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن بەدەستبهێنێت. بۆیە پەنا دەباتە بەر بە ئەنیماڵیزەکردن و بێ ماف کردن و بە نائینسانی کردنیان وەکوو گرووپێکی بێ ماف و ڕووتیان دەکاتەوە لە هەر میکانیزمێکی یاسایی بۆ پاراستنی ژیانیان. “ئارێنت” ئەمە بە گۆڕانی ئینسان لە گرووپێکی دەستەجەمعییەوە بۆ (Paria_ چیینی سووک) ناوزەددەکات. کە ئاماژەیە بۆ ئەو گرووپانەی دەکەونە دەرەوەی کاستەوە و بەخاوەنی ماف دانانرێن. بەگوێرەی ئارێنت گۆڕینی ئینسان بۆ پاریا هەنگاوی یەکەمی داماڵینی ئینسانە لە هەموو گوزارشتێکی ئینسانیانە، گۆڕینێتی بۆ پاشەڵی زەمین و شتێکی بێنرخ. ئارێنت پێی وایە، نازییەکان تەنها ئەوکاتە توانیان جووەکان لە فڕنی غاز و کەمپە زۆرەملییەکاندا بکوژن، کە پێشووتر توانیان مافی ئینسان بوونیان لێوەربگرنەوە.
قسەکردن لەسەر مرۆڤی بێماف و دەرەماف و دەرەکولتوور دەمانباتەوە بۆ کێشەیەک لە بنەمادا کێشەیەکی قووڵی فەلسەفەی سیاسی و یاساییە. بەو مانایەی ئەگەر یاسایەک هەیە بۆ ڕێکخستنی ژیان و پاراستنی مرۆڤ، چۆن ئینسان بە حوکمی ڕیسا و جۆرە بەکارهێنانی تاییبەتی یاساکان گۆڕاوە بۆ بوونەوەرێکی دەرەماف و دەرەکولتوور. بونەوەرێک وەکوو مەخولقێکی ڕووت کە تەنها ژیانێکی ڕووتی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ چەترێکی قانوونی ژیانی بپارێزێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستە بگەڕیینەوە بۆ تێزەکەی فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیتاڵی “جۆرجیۆ ئاگامبێن” کە یەكێكە لە دیاریترین فیگۆری مشتومڕسازی کایەی ئەكادیمیی، کە کارەکانی تەنها لە سنوورەكانی ئەكادیمیا نامێنێتەوە و لە دەرەوەى ئەم سنوورانەوە و ناوبانگێکی جیهانی هەیە. ئەویش بەهۆى بەشداریكردنی لە زنجیرە كتێبی (هۆمۆ ساكەردا:1990). لە بنەمادا تێزەکەی “ئاگامبێن” لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانە لەو پارادایمانەی کە بناغەی دەوڵەتی مۆدێرن و ئایدیای یاساکان و حاکمیەتی بیۆ_پۆلەتیکی لەسەر دامەزراوە و گرفتسازیییەکانی نێو سیستەمی یاسایی دەوڵەتی مۆدێرنە دەستنیشان دەکات و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و سیستەمی دیمۆکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر چی “هانا ئارێنت” لە وتارێکدا بەناوی (ئێمەی پەنابەر:1943) و هەریەک لەبەشەکانی کتێبی (ڕەگەزەکانی تۆتالیتاریزم) بەقووڵی سەرەنجی خستووەتە سەر قڕکردنی جووەکان وەکوو بووەیەکی بێماف و دەرەکولتوور. ئاگامبێن بەسەرەنج خستنەسەر تێزەکەی “ئارێنت” ڕیشەی ئەو کێشەیە دەباتەوە بۆ مێژووییەکی دوورتر.
“ئاگامبێن” بۆ ڕوونکردنەوەی تێزەکەی کەڵک لە چیرۆکەکەی کافکا (پیاوێک لە گوندەوە) وەردەگرێت. چیرۆکی پیاوێک کە لە شوێنێکی دوورەوە دێت و لەبەردەرگایەکدا دەوەستێت و دەیەوێت بچێتە ژوورەوە بۆ بەردەمی یاسا، بەڵام ساڵەهای ساڵ چاوەڕوان دەکات و ناکرێتە ژوورێ، تا لەوێدا پیر دەبێت و دەمرێت. لای “ئاگامبێن” ئەو ئینسانەی لە دەرگاکەدا دەچێتە ژوورەوە، ئینسانێکە ژیانێکی یاسایی هەیە و لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و بەپێچەوانەوە دۆخی ژیانی ڕووت، دۆخی هەرکەسێکە یاسا قبووڵی ناکات و وەکوو بونەوەرێکی (دەرەیاسا/ الخارجون عن قانون) تەماشا دەکرێن. “ئاگامبێن” ڕیشەکانی ئەم کێشەیە دەباتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زاین لە حاکمیەتی یاسای ڕۆمانی دێریندا، هۆمۆساکەر سوبێکتێکی دەرەیاساییە کە دەكرێت بكوژرێت بێ ئەوەى هیچ سزایەكی یاسایی بۆ بكوژەکەی دیاری كرابێت[…] هۆمۆساکەر جۆرە کەسانێک بوون نە کوشتنیان سزایەکی لەسەر بوو، نە قبووڵکراون بکرێنە قوربانی هەم لە سنووری یاسا دەرکراون و هەم لە سنووری یاسا ئیلاهییەکانیشدا بێزراو بوون و کەس نەیدەتوانی وەکوو قوربانی پێشکەش بەخوداکانی بکات. لە پێشەکی کتێبی “هۆمۆ ساکەر” دا، “ئاگامبێن” ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە له بنەمادا، ڕۆمانییەکان تێرمێکیان ئامادەنەکردووە کە گوزارشت لە ژیانی ئینسانی بکات. “ئاگامبێن” بایەخێکی گەورە بە جیاکردنەوەی ژیانی ڕووت و ژیانی سیاسی دەدات لە جەوهەری دەوڵەتدا و تێگەشتنێکی دیکە بۆ چەمکی (بیۆ-پۆلەتێک)ی (میشێل فۆکۆ) دەخاتەڕوو.
لای فۆکۆ، بیۆ-پۆلەتیک سیستەمێکە کۆی ستراکتۆری ژیان دەگرێتەوە، سیاسەتێکە بۆ ڕێکخستنی ژیان و کۆنتڕۆڵکردنی زاوزێ و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری دەربارەی لە دایکبوون و مردن. فۆکۆ پێی وایە: سەدەی هەژدەهەم بە سەنتەربوونی جەستەی مرۆیی بوو[…]. ئاگامبێن بەپێچەوانەی فۆکۆ وە ڕیشەی بیۆ پۆلەتیک دەباتەوە بۆ ئەو جیاکارییە دێرینەی لای ئەڕستۆ لە (زۆی_ zoe) و (بیۆس_ bios) دا هەیە، کە لە ڕووی سیمانتیک و مۆرفۆلۆژییەوە لەیەکتری جیاوازن. زۆی بریتییە لە ژیانی ڕووت. ژیانێک داماڵێندارەوە لە هەموو فۆڕمێکی سیاسی. بیۆس ژیانی داپۆشراو دەگرێتەوە. ژیانێک داپۆشراوە بە فۆڕمە یاسایی و سیاسیەکان. بیۆس کۆمینێتێیەکی سیاسی ڕێکخراوە، هەرێمێکی زیندەگی سیاسییە. یەکەیەکی ڕێکخراوی سیاسی و یاسایییە کە ئینسان تێیدا شوناسی هاوڵاتی وەردەگرێت. “ئاگامبێن” بە لێڕامان لە کێشەی پەیوەندییەكانی حاكمییەت بە سوبێکتەکانەوە تێزە سەنتڕاڵەکەی خۆی “هۆمۆ ساكەر” دادەڕێژێت. جیاوازییە ڕیشەییەکانی نێوان ژیانی ڕووت و ژیانی سیاسی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا دەستنیشان دەکات. بەگوێرەی “ئاگامبێن” سالار هەم دەرگاوانێکە ڕێگریی لە هاتنە ژوورەوەی ئەوانیدیكە دەکات، بۆ ناو هەرێمەکانی یاسا، هەم مافی دەركردن یان بەجێهێشتنی سوبێکتەکانی خۆى هەیە[….] ئەگەرچی مەسەلەی “هۆمۆ ساكەر” لە یاسای ڕۆمانیدا گۆڕاوەو هیچ ئاسەوارێکی بەكاربردن و پیادەكردنەكەیشی نەماوە. وەلێ “ئاگامبێن” بەپێچەوانەی “میشێل فۆکۆ” وەکوو دیارەدەیەکی مۆدێرنە تەماشایی ئەم جۆرە لە کۆنتڕۆڵ کردن ناکات، بەڵکو ڕای وایە دەست تێوەردانی بیۆس لە زۆێ بەمانایی بەسیاسی کردنی هەرێمی ژیانی ڕووت دیاردەیەکی دێرینە و لە مۆدێرنیتەدا وەکوو ئاڵوگۆڕێکی ڕادیکاڵی سیاسی و چینایەتی دەردەکەوێتەوە، وەکوو جیاوازی نێوان فۆڕمی ژیان. ئەو جیاوازییەی لەنێوان ژیانەكانی ئەو كەسانەدا هەیە كە ژیانێکی ڕەفاه و تەواو و كافیان هەیە بۆ گونجان لەنێو كۆمیونیتیی كۆمەڵەی سیاسی و ئەوانەى وەکوو چینی بێماف و چەوساوە لە پەراوێزەكاندا ماونەتەوە یان بەتەواوی لەدەرەوە وەستاون.
ئەوانەی لە داڵدەگاکان و کەمپەکان، نێشتەجێکراون، وەکوو دۆخێکی هەرێمی زۆی دەوڵەتی مۆدێرنیتە و پارادایمی بیۆ پۆلەتیکی خۆرئاوا دەردەکەون. “ئاگامبێن” بە خوێندنەوە بۆ تێزەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی ( کاڕڵ شمیت) کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی دیمۆکراسی مۆدێرن بوو، مەسەلەی سالارێتی دەخاتەوە بەر باس و ڕیشەی چەمکی ژیانی ڕووت لەناو پڕۆسەی سیاسیدا دەستنیشان دەکات. مەسەلەی سالار، مەلەسەی بەدەستهێنانی شەرعییەت، کە بنەمایی سەرەکی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک بۆ پاساودانی بڕیارەکانی. “کاڕڵ شمیت” لە “تیۆلۆژیایی سیاسەت” دا، بەوتەیەکی بەناوبانگ مەسەلەی شەرعییەت بۆ دۆخی ئاورتە/ نا یاسایی خستووەتەڕوو:”سالار و خاوەن دەسەڵات ئەوکەسەیە، بڕیار لە دۆخی نائاسایی دەدات.” ئاگامبێن لە خوێندنەوەی بۆ ئەو دەقە، پێی وایە، سالار ئەو کەسە نییە لە کۆدا ماف پیادە بکات، بەڵکو پڕۆسەی بڕیاردان دۆخێکی جەوهەرییە لەسەر ڕاگەیاندنی باردۆخی نایاسایی. ئەوەی لە مەسەلەی سالارێتی و دەسەڵاتدا گرنگە، ئەوە نییە سالار لە چوارچێوەی سرووشتی یاسادا بجوڵێتەوە، بەڵکو دەسەڵات ئەو مافە دەداتەخۆی لە یاسا دەربچێت و دۆخی نائاسایی ڕابگەیەنێت و بە یاسا ڕەفتارە نایاساییەکانی خۆی پاساوبدات.[…] جەوهەر و مانا دەلالییە قوڵەکانی دەسەڵات لێرەدا ئاشکرا دەبێت، کە دەسەڵات هەم توانایی دەرچوون لەیاسایی هەیە و بە یاسا پاساوی دەرچوونەکانی دەدات و هەم ئەو مافەش لەوانی دیکە دەسێنێتەوە. سەروەر ئەو كەسەیە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە کێی زیادەیەکی نایاساییە و بۆ ئەوەش پێویستی بەوە نییە هەق بێت یان ناهەق، چونکە بە یاسا پاساوی ڕەفتارەکانی دەدات. لای “شمیت” سالارێتی و دەسەڵات ئەوە نییە هێز لە دەستی خۆتدا مۆنۆپۆڵ بکەیت، بەڵکو ئەوەیە مافی بڕیاردان مۆنۆپۆڵ بکەیت. مافی پێشێلکردنی ئەو یاسایانەی ئەواندیکە بۆیان نییە پێشیلیان بکەن. لای “شمیت” دۆخی نا ئاسایی پارادایمی حومکردنە، بەڵام “ئاگامبێن” سەرەنج دەخاتە سەر سرووشتی یاسا، بەدیدی یاسا سرووشتێکی مەتاتی هەیە، کە بەردەوام دەکێشت، بەڵام لە کاتی کشاندا تووشی پچڕان دەبێت و بۆشایی نایاسایی بەجێ دەهێڵێت. لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی “دۆخی نائاسایی” بۆچونێک دەخاتەڕوو، کە پێی وایە، بڕیاردان جەوهەری یاسا نییە، بەڵکو بە خۆدەرنەخستن و کشانەوە، بۆ شایییەکی ترسانک بەجێ دەهێڵێت. یاسا تەنیا ئەو کاتە هەستی پێ دەکرێت کە خۆی دەکشێنێتەوە و بۆشاییەک درووست دەکات و هەرێمێکی دەرەیاسایی دەخولقێنێت، خولقاندنی دۆخێکی نایاسایی وەکوو دۆخی خۆحەرامکردن و خۆشاردنەوەی یاسا. “ئاگامبێن” دەڵێت: لەکاتی کشانەوەی یاسادا، دوو هەرێم دروست دەبێت. هەرێمی سیاسەت و هەرێمی ژیانی ڕووت، تەنها ژیان. هەرێمێک تێدا لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و هەرێمێک تێدا یاسا خۆی دەشارێتەوە و بوونەوەرەکانی دەبنە بوونەوەری بێماف و دەرەیاسا و دەرە کولتوور.
گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی مۆدێرن و دەسەڵات وەرگرتنی ڕژێمی بەعسی فاشیزمدا، وەکوو “هۆمۆساکەر” مرۆڤی بێماف داماڵێندرابوو لە هەموو مافە ئینسانییەکانی ناو یەکە سیاسییەکە، گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەک نە لەژێر چەتری یاسادا پارێزراوبوون نە کوشتنیان سزایەکی لەسەر بوو، هەم لە سنووری یاسا ئیلاهییەکانیشدا بێزراو بوون و هەم لە سنووری یاسادا وەدەرنرابوون. شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و جینۆسایدکردنی هەڵەبجە و قڕکردنی فەیلییەکان نموونەی هۆمۆساکەرن لە مێژووی دەوڵەتی مۆدێرندا، نە یاساکانی مافی مرۆڤ و نە یاسا ئیلاهییەکان ڕێگربوون لە قڕکردنی گەلی کورد، چونکە فڕێدرابوونە دەرەوەی هەرێمی (بیۆس) و ڕووتکرابوونەوە لە هەموو مافێکی یاسایی و سیاسی.
ڕەنگە لە مێژووی دەوڵەتی مۆدێرندا، کشانەوەی کشانەوەی یاسا و دابەشبوونی بەسەر دوو هەرێمدا هێندەی ئەو کشانەوەیەی یاسای ئێراقی لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕوون نەبێت، کە هەرێمی سیاسەت و هەرێمی ژیانی ڕووت، دەردەکەوێت. هەرێمێک تێدا لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و هەرێمێک تێدا یاسا خۆی دەشارێتەوە و خۆی حەرام دەکات بوونەوەرەکانی دەبنە بوونەوەری بێماف و دەرەیاسا و دەرە کولتوور. (هەرێمەکانی حەرام و ناوچەی موحەرەمە) دیارترین فۆڕمی کشانەوە و خۆ حەرامکردنی یاسا بوون، لەو ناوچانەدا کە گوندنیشیانی کوردی بوون بە مرۆڤێکی دەرەیاسا و دەرەماف و دەرەکولتوور و هەرکەسێک لەو ناوچانەدا ببیندرایە دەکوژرا بەبێ ئەوەی بکوژەکەی هیچ سزایەکی یاسای بۆ دانرابێت. هەرچی دانیشتووانی ئەو ناوچانەیە بەشێکیان بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران و قڕکران، بەشێکی دیکەشی ڕاپێچی کەمپی زۆرەملی و هەرێمەکانی دیکەی بیۆ سیاسەت کران. لای بەعس، کورد ئەو ئینسانە بوو لە دەرگای یاساوە نەدەچووە ژوورەوە دۆخی ژیانی ڕووتی هەبوو، دۆخی کەسێک یاسا قبووڵی ناکات. ڕژێمی بەعس پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگەی وەکوو بونەوەرێکی دەرەیاسا/ الخارجون عن قانون تەماشا دەکرد و نەک هیچ سزایەکی یاسای بۆ کوشتنیان دیاری نەکردبوو، بەڵکو کوشتیان وەکوو ئەرکێکی دەوڵەتی پیادە دەکرد.
کوردەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان، لەسایەی ڕژێمی بەعسیزم، کەمالیزم و ئەرۆغان، شا و ئایەتوڵاکانی ئێران، دۆخێکی مرۆیی دەرکەوتووی هۆمۆساکەرن، لەناو حاکمییەتێکی بایۆ پۆلەتیکی دەوڵەتی مۆدێرندا. بەو مانایەی کورد بوونێکە لە دەرەوەی ماف. دەسەڵات هەموو مافێکی لە کوردەکان وەرگرتووەتەوە و ڕووتی کردوونەتەوە بۆ مرۆڤی بێماف. جینۆساد و ئەنفال و قڕکردن لە باشووری کوردستان، لە سێدارەدان لە ڕۆژهەڵات، ڕەشەکوژی و قەتڵوعامە گەورەکانی کورد لە سەردەمی تورکیای ئەتاتورک. کوردستانی گەورە بە تەواوی پارچەکانییەوە، دەرکەوتەی هەرێمی دۆخی ژیانی ڕووتە. دەرکەوتەی دۆخێکە لە شێوەی هەرێمی زۆی. بەدرێژایی مێژوو، دۆخی خۆحەرامکردنی یاسا لە کورد وەکوو نەتەوەیەکی بێماف خزاندووییەتییە دەرەوەی هەر سیستەمێکی یاسا کە داماڵێندارەوە لە هەموو مافێک، جگە لە ژیانی خۆی ( خودی ژیانی ڕووت) کورد ملەتێکە لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کە مافی بڕیاری حوکم لەسەر چارەی خۆنووسین دەداتە دەست گەلان.