دڵێکم ده‌ڵێ ئه‌م به‌شه بسڕمه‌وه. ڕه‌نگه لای هه‌ندێک ناله‌بار بێت. به‌ڵام ئه‌ی خوێنه‌ری عابید و زاهید، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه ئه‌مه بیره‌وه‌ریه‌کانی منه نه‌ک هی تۆ و ڕاستییه‌که‌ش ئه‌مه‌یه که له ته‌نیشت ئه‌و خانمه جوانه خواستێکی نه‌ناسراو و لێڵ هه‌موو گیانمی ته‌نیبوو، ئه‌و نوێنه‌ری دووفاقێتی مرۆڤ له سۆنگه‌ی پاسکاله‌وه بوو: فریشته و گیاندار.
ماشادۆ دێ ئاسیس، بیره‌وه‌رییه‌کانی پاش مه‌رگی براس کوباس، وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵلا که‌وسه‌ری، به‌شی 98″ بسڕدرێته‌وه”، ل 218
“کاره‌سات و گێڕانه‌وه، بیره‌وه‌ری و دڵه‌ڕاوکێ”
ده‌رکه‌وتن و نواندنه‌وه‌ی “کاره‌سات” له زمان و به گوێره‌ی ئه‌وه‌ش له شیعردا به شێوه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر له‌گه‌ڵ دوو توخمی “بیره‌وه‌ری” و “دڵه‌ڕاوکێ” له په‌یوه‌ندی دایه. ئه‌م بابه‌ته سامناکه‌ش به‌هۆی ماهییه‌ت و چییه‌تی و واقیعی کاره‌ساته. به‌ڵام کاره‌سات چییه؟ ده‌توانین له ده‌ربڕینێکی گشتی و سه‌ره‌تاییدا بڵێین ئازار و ڕه‌نجێکی وێنانه‌کراوه که له ده‌ره‌وه‌ی سنووری شوێن-کاتی شێوازه‌کانی ئه‌زموونکردنی ئێمه وه‌کوو مرۆڤێک ڕووی داوه و ئێمه‌ش هه‌نووکه له تاو دڵه‌ڕاوکێی دووباره‌بوونه‌وه‌ی، هه‌ناسه‌بڕکێمانه و ئه‌گه‌رچی ناتوانین به ئاسانی بیگێڕینه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ناچارین له گێڕانه‌وه‌ی و ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ش ده‌شێت به دوو واتا بێت؛ هه‌م به‌واتای تۆمارکردنی ئازارێکی مرۆیی بێت وه‌کوو خودی ئازار و هه‌میش به مانای نه‌مرکردنی تراژیدیایه‌ک له‌ڕێگه‌ی خودی گێڕانه‌وه به‌مه‌به‌ستی پێشگریی له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی. له هاوکێشه‌یه‌کی ئاوه‌هادا ئێمه هه‌میشه دوای کاره‌سات ده‌گه‌ین و به ڕاده‌ی خه‌ست و خۆڵیی وجوود و قووڵایی بیره‌وه‌ری و تواندتی بیره‌وه‌ریئافرێنی و ڕێژه‌ی دڵه‌ڕاوکێمان له ڕووداوه‌که تێده‌گه‌ین و هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بگێڕینه‌وه و له چوارچێوه‌ی زمان و وێنه‌دا کاره‌سات بنوێنینه‌وه.
له ڕوانگه‌یه‌که‌وه زێده‌بێژی نییه گه‌ر بڵێین له کاتی شه‌ڕه جیهانییه‌کانه‌وه تاکوو ئێسته سامدارترین و تۆقێنه‌رترین وته‌زا و ڕووداوی ناسرووشتی و سامناک که شاعیران و هونه‌رمه‌ندان و وێنه‌کێشان و له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونه بابه‌تی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات و هاوکات و دواتر کاره‌ساتی گێڕانه‌وه‌یه؛ حه‌قیقه‌ت و کرۆکی کاره‌سات دوور و مه‌وداداره له تێگه‌یشتنی ئه‌زموونه‌کی و ئه‌زموونی تێگه‌یشتنی ئێمه و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت نواندنه‌وه و پیرفۆرمێنسێک(نواندنێکی زمانی) له کاره‌سات بخه‌ینه ڕوو و ئه‌م ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون و پێکداهه‌ڵشاخانه له‌گه‌ڵ ئه‌زموونێکی ئاوه‌ها نامۆ و سه‌یردا به ڕێگایه‌کی پڕ دڵه‌کورکێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت که ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت کاره‌ساتی گێڕانه‌وه و شکستی ڕیسواکه‌رانه‌ی نواندنه‌وه‌ی زمانی و نیشانه‌یی گێڕانه‌وه ڕوو ده‌دات و بێگومان هه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوو که هه‌ندێک له بیرمه‌ندانی ڕێبازی فرانکفۆرت له‌وانه‌ش “تیۆدۆر ئادۆرنۆی” به‌ره‌و تێڕوانینی مه‌رگی شیعر و شکستی شیعر یان خیانه‌تی شیعر له پاش کاره‌سات له دوای ڕووداوه‌کانی ئاشۆیتس په‌لکێش کرد. ئه‌ده‌بی کورد له مێژوویه‌کی کاره‌ساتاویدا گه‌شه‌ی سه‌ندووه و باڵای کردووه به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات له‌م ئه‌ده‌به‌دا هه‌ڵگری قووڵایی و دڵه‌کورکێیه‌کی شیاو و پڕ به باڵای کاره‌سات نییه. مێژووی کاره‌ساتاوی و بیره‌وه‌رییه ئه‌به‌دی و سامناکه‌کانی کاره‌ساتی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرهێنانه‌وه و فه‌رامۆشنه‌کراوی زه‌ین و ده‌روونی ده‌سته‌جه‌معیی کوردن، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات بابه‌تێک نییه که ته‌نها هه‌ڵپێکراو به زه‌ینی گشتی و ده‌سته‌جه‌معی بێت، گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات نواندنه‌وه‌ی تاکه‌که‌سیی کاره‌ساتیشه له مه‌ترسیدارترین و دووره‌ده‌ستترین و پڕمه‌وداترین شێوازی پۆڕاوی خۆیدا به‌ڵام هه‌ر ئه‌م گێرانه‌وه تاکه‌که‌سییه‌ش دیسان ده‌بێت به به‌شێک له زه‌ین و خه‌یاڵدانی گشتی و کۆیی ئێمه وه‌کوو کاره‌ساتلێکه‌وتووان، زه‌ینی گشتی هه‌رێم و خاکێکه بۆ چاندنی هه‌ر جۆره تۆ‌و و گیا و زانست و ئایدیا و دڕک و ئالیک و هزر و خه‌یاڵ و…ێک واته سیسته‌مێکی سه‌ره‌تایی ئاماده بۆ هه‌ر جۆر گێڕانه‌وه یان نه‌گێڕانه‌وه‌یه‌ک و بێگومان به پڕچه‌کبوونی به توانست و توخمه‌کانی بیره‌وه‌ری و دڵه‌ڕاوکێ. کاره‌سات ڕووداوێکی گشتییه به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات ڕووداوێکی تاکه‌که‌سییه. کاره‌سات له ئاستی گشتیی ئامار و شێوازی تۆمارکردن و وردبوونه‌وه له ژماره‌کاندا دووباره‌بوونه‌وه‌ی قۆچی قوربانی و ئیسماعیلی هاجه‌ره له نێوان تاقیکردنه‌وه‌ی خودا و خه‌وف و ڕجای ئیبراهیمدا.
“ئه‌نفال؛ گێڕانه‌وه‌ی جه‌للاد و قوربانی”
له کاره‌ساتی ئه‌نفالدا که له 23/2/1988 ده‌ستی پێ‌کرد له درێژه‌ی حه‌وت مانگ و له هه‌شت قۆناغدا به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌کان 182 بۆ 200 هه‌زار که‌س به ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز جیاواز و جۆراوجۆر له‌وانه کچانی عازه‌و، منداڵان، مێرمنداڵان، پیره‌پیاوان و پیره‌ژنان له ده‌سته‌گه‌لی جیاجیا و به‌پێی تێڕوانینی ئه‌نفالچیان و نه‌خشه‌ی ئه‌نفالیزم له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵاواردن و هاوکات به‌پێی ته‌مه‌ن له بیابانه‌کانی باشووری ئێراق و قوولاییه‌کانیدا “تا نزیکه‌ی سنووری سه‌عوودیه” زینده‌به‌چاڵ یان به ده‌ربڕینی ئه‌نفالچیان ئه‌نفال کران. واته پاش ئه‌شکه‌نجه، ده‌سدرێژی و سووکوچرووککردن له دواجاردا زینده‌به‌چاڵ کران. به‌پێی قسه‌ی هه‌ندێک له پاشماوه‌کانی ئه‌نفالکراوان و شایه‌تحاڵانی ڕزگاربوو له گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان، شێواز و چۆنێتی ئه‌شکه‌نجه و ده‌سدرێژی و ته‌نانه‌ت مردنه‌کان(کوشتنه‌کان) جیاواز بووه. گێڕانه‌وه‌ی شایه‌تحاڵان له ئه‌نفال جۆرێک گێڕانه‌وه و نواندنی تایبه‌تی زمانییه که به‌زۆریی له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی ئێمه و چاوه‌ڕوانییه باوه‌کانی ئێمه‌دا جێگیر ده‌بێت؛ به شیوه‌یه‌کی بیره‌وه‌ریئاسا ده‌ست پێ ده‌کات و له کاتێکی کورت‌دا ده‌بێت به فرمێسک و ئاخ و مه‌خابن و له دواجاردا له ڕێگه‌ی په‌نابردنه به‌ر بابه‌تی پیرۆز و قودسی و خودا و بێده‌نگی ده‌گاته کۆتایی گێڕانه‌وه‌که. “ئه‌و” خۆی وه‌کوو شایه‌تحاڵ و گێڕه‌ره‌وه کۆتایی پێ هاتووه، چۆن کۆتایی پێهاتنێک؟ مه‌رگێکی ئاماده و گیاندار یان گیانێکی پڕ له مه‌رگ و دڵه‌ڕاوکێ و زمانکورت؟ “ئه‌و” خۆی تاقانه شایه‌ت و نیشانه‌یه که بۆ ناوه‌نده باڵاکانی یاسا و دادوه‌ری و بۆ دادگاییکردنه‌وه‌ی خولقێنه‌رانی کاره‌سات بانگهێشت ده‌کرێت بۆ گێڕانه‌وه (به‌ڵام ئایا ده‌توانێت بۆ جه‌للادان و تاوانبارن بگێڕێته‌وه؟) “دادوه‌ر و پارێزه‌ره‌کان ده‌توانن نێونجێکی شیاو و دڵه‌ڕاوکێهه‌ڵگر له نێوان گێره‌ره‌وه‌ی قوربانیی و ئه‌نفالچیی گوێگردا بن؟” په‌یوه‌ست به‌م پرسیاره‌وه وه‌ڵامه‌کان زیاتر نه‌رێنین و ده‌بێت بڵێم دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتمان له پرۆسه‌ی دادگایی‌کردنی به‌رپرسانی باڵای حیزبی به‌عس له ئێراق له ساڵی 2003دا بینی.
چوارده‌وری کاره‌سات و نواندنه‌وه‌ی زمانیی کاره‌سات به شکسته‌کان، دڵه‌کورکێکان و ترسه‌کان ته‌نراون و ئێمه سووکترین شکستمان ئه‌زموون کرد. له ساڵی 2003 و پاش ڕووخانی حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بیی ئیشتیراکی، بکه‌رانی کاره‌ساتی ئه‌نفال که له سه‌رووی هه‌موویان سه‌دام حسێن و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بوون له قه‌فه‌سێکی بنبۆش و ڕه‌مزیدا دادگایی کران، به‌بینینی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شایه‌تحاڵان و قوربانییه‌کانی ئه‌نفال له‌گه‌ڵ جه‌لاده‌کان، توانایی و پێگه و زمانی جه‌لاده‌کانت پته‌وتر و پڕزایه‌ڵه‌تر و به‌به‌ڵگه‌تر ده‌دیت له‌چاوه‌ی قوربانیاندا، قوربانی تووشی ئافازیا1 و زمانپه‌رێشی بووبوو، “ئه‌و: نه‌یتوانی چاو ببڕێته چاوی جه‌لاد و بڵێت چی به سه‌ر هێناوه، قوربانی قوربانی کراوه، قوربانی نابوود کراوه، ئه‌مانه پاشماوه‌کانی ئه‌نفال نین، ئه‌مان پاشماوه نین به‌ڵکوو ڕۆشتوون و ته‌نها له وه‌همی مانه‌وه‌ی خۆیاندان لێره‌دا، و ئێمه‌شیان کردووه به هاوبه‌شی ئه‌م ئه‌زموونه! له ڕۆمانی”کاروباری من مه‌رگه”2 به‌رهه‌می ڕووبێر مێرێل کاتێک یه‌کێک له ئه‌فسه‌رانی نازی؛ واته ڕۆدۆلف لانگ له دانیشتنی دادگاییکردندا ئاماده ده‌بێت و پرسۆه‌ی دادگایی‌کردنی به‌ڕێوه ده‌چێت، دادوه‌ری گشتی پێی وت: “ئێوه سێ ملیۆن و نیو مرۆڤتان کشتووه!” ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتی: “داوای لێبوردن ده‌که‌م! ده‌بێ بڵێم له دو ملیۆن و نیو زیاتر نه‌بووه!” حه‌په‌سان و سه‌رسووڕمانی ئاماده‌بووان و هه‌واڵنێران هیچ په‌یام و مانایه‌کی تایبه‌تی بۆ “جه‌لاد” نییه چونکه کوشتن و ئافراندنی کاره‌سات به مانایه‌ک ته‌نها “کارورباری” ئه‌و بووه. دیاره به‌نیسبه‌ت کورده‌وه بابه‌ته‌که ته‌نها ئامار و ئاوه‌ها وه‌ڵامێکی میکانیکی نییه هێنده‌ی که ده‌رخه‌ری دۆخێکی مێژووییه له مه‌رگئافرێنیی کاروباربه‌ڕێکه‌رانی مه‌رگ! له هه‌مبه‌ر ئێمه‌ی قوربانییه‌وه و تامکردنی به‌رده‌وامی مه‌رگه له لایه‌ن ئێمه‌ی قوربانییه‌وه و دواجار شکستی گێڕانه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی شکست و شکستی شکست! تانه و ته‌شه‌ری تاڵ و گاڵته‌جاڕانه‌ی مێژوو لێره‌دایه که پاش ئه‌نفال له دیدارێکی وه‌فدێکی کوردی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی به‌عس و له‌وانه‌ش عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید یه‌کێک له به‌رپرسانی کورد ده‌پرسێت چاره‌نووسی 182 هه‌زار کوردی ئه‌نفالکراومان بۆ دیاری بکه‌ن! و ئه‌ویش ده‌ڵێت ده‌بێت سه‌ره‌تا بڵێم که سه‌د هه‌زار بووه و دواتریش باشتر وایه له‌بیریان که‌ن کاره‌سات و فه‌رامۆشی…کاره‌سات و بیره‌وه‌ری…کاره‌سات و گێڕانه‌وه…کاره‌سات و قوربانی…کاره‌سات و جه‌للاد…کاره‌سات و کاربه‌ڕێکه‌رانی مه‌رگ.
“ئه‌نفال و بێده‌نگی”
له‌م ته‌نزه تاڵه مێژووییه‌دا جیاوازیی نازییه‌ک “ڕۆدۆلف” و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید له یه‌ک شت دایه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که ڕۆدۆلف به‌پێی گێرانه‌وه‌ی ڕووبێر مرێل بۆ نان و کار و زه‌وی و زار خه‌ڵکی ده‌کوشت به‌ڵام عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بۆ ئاسمانی عه‌ره‌بی و نه‌ته‌وه‌ی یه‌کگرتووی عه‌ره‌ب یه‌کێک له سه‌ودای ژیان مه‌رگ ده‌ئافرینیت و یه‌کێک له شه‌هوه‌تی خزمه‌ت به بابه‌تی قودسی و پیرۆزدا ده‌بێت به په‌یامهێن و داهێنه‌ری مه‌رگ. پیرۆزییه‌ک که میشیل ئه‌فله‌ق به لێکدانی ئیسلام و کۆمۆنیزم ناوه‌رۆکه‌که‌ی گواستبووه بۆ زه‌ین و هه‌ناوی قوتابیی به‌ئه‌مه‌گه‌که‌ی خۆی واته سه‌دام حسێن جیاوازیی له ده‌رهاوێشته‌کانی کاره‌ساتدا مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی من نییه، لێره‌دا وربوونه‌وه له‌سه‌ر جیاوازیی ئاخێزگه‌کانی کاره‌ساته. ئه‌گه‌رچی ناکرێت له هیچ پرۆژه‌یه‌کی قڕانکردن و پاکتاوکردندا میکانیزم و ئایدیا پیرۆزته‌وه‌ر و قودسییه‌کان نه‌دیو بگرین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆدۆلفی گێڕانه‌وه‌که‌ی ڕووبێر مرێل له‌گه‌ڵ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدادا به‌راورد بکه‌ین له یه‌کێکدا ئاخێزگه‌ی کاره‌سات زه‌وی و هاوکێشه‌کانێتی و له یه‌کێکی دیکه لێخوڕ و ختووکه‌ده‌ره‌کانی کاره‌سات ئاسمان و پیرۆزییه‌کانێتی “ئاسمان”ێک که ئێسته بووه به زه‌مین و له زه‌میندا ته‌جه‌لی په‌یدا کردووه و به عه‌ره‌بی ده‌دوێت، پیرۆزییه‌ک که دیکانستراکشێن بووه و به ئیراده‌یه‌کی مه‌رگئافرێنانه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، داوه‌شاوه‌ته‌وه و هه‌ستاوه‌ته‌وه…هه‌رچه‌ند بێگومان ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌نفالیسم و ئه‌نفال له‌م ئاخێزگه دیاره‌شدا کورت ناکرێته‌وه به‌ڵام بێگومان ده‌شێت وه‌کوو لێخوڕ و لۆسه‌یه‌کی ئه‌و مه‌کینه و ئیراده مه‌رگئافرێنه‌ری دابنێین که به ئاوی ئایه‌ت و فرمانی پیرۆز خراوه‌ته گه‌ڕ، گێڕه‌ره‌وه‌ی ئاماده له پانتای ئه‌ده‌بی کوردی‌دا له ئاوه‌ها به‌ستێن و مێژوویه‌ک له کاره‌ساته‌وه ده‌ستی ده‌دایه وشه‌کان و عاره‌قه‌ی زمانی ده‌ڕشت و ده‌که‌وته هه‌ناسه‌سواربوون و گیانه‌ڵڵلا…ئه‌نفال…ئه‌نفال…ئه‌نفال…وه‌کوو جۆرج ئیستاینه‌ری جوو له کتێبی”ویژدانی ژیان”3دا ده‌ڵێت: “ڕه‌نگه ئێمه دۆخێکی باشترمان هه‌بووبا ئه‌گه‌ر دونیا بڕیاری دابا بیست ساڵ پاش ئاشۆیتس بێده‌نگیی لێبکات” به‌ڵام دۆخه‌که باشتر نه‌بوو چۆن بێده‌نگیی به‌شێوه دروسته‌که‌ی پێڕه‌و نه‌کرا هه‌ر بۆیه ناکرێت بێده‌نگیی له گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتدا هه‌میشه وه‌کوو ده‌رکه‌وته‌یه‌کی کاره‌ساتاوی لێک بده‌ینه‌وه و بیخوێنینه‌وه، به‌ڵام له دواجاردا هه‌موو ڕێگاکان ده‌مانباته‌وه سه‌ر زمان و زمانبازی…و ناچارین به‌ره‌و شوێنیک هه‌نگاو هه‌ڵگرین و ده‌ست بده‌ینه نواندنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی مه‌رگی ئه‌نفالیانه له گێڕانه‌وه‌دا به‌و زمان و فۆرمه‌ی که زیاتر ده‌پۆڕێت و مومکینه واته ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تیتر شیعر یان وه‌کوو ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێت: بڕۆینه شوێنێک که شیعر له مێژوو حه‌قیقیتره.4
“ئه‌نفال و ئایدۆلۆژی”
به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته قووڵ و چه‌ند ڕه‌هه‌ندانه له ئه‌ده‌بی پاش ئه‌نفالدا چۆن بووه؟ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌نفال هێشتا له ئاسۆی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا پرس و بابه‌تێکی حه‌په‌سێنه‌ر و پڕدڵه‌ڕاوکێیه، بێده‌نگییه‌کی سامناک وه‌کوو قووڵایی بیابانه‌کانی نوگره سه‌لمان له باشووری ئێراق…بێده‌نگییه‌ک که نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های بیابان و قووڵایی تۆقین و ترس و تراویلکه و وه‌هم و ئیلهامێکه که ده‌ئافرێنێت یان داده‌هێنیت…ده‌کوژێت و ده‌ژێنێته‌وه به زایه‌ڵه‌ی کاره‌سات…نوگره سه‌لمان یه‌کێک له بنکه و باره‌گا کۆنکرێت و زه‌مینییه‌کانی پراکتیزه‌کردنی بابه‌تی قودسی و پیرۆز…تاقیگه‌ی جێبه‌جێکردنی ئایدۆلۆژی ئه‌نفالیسم به کڕاندنه‌وه‌ی ده‌قی قورئان و خه‌ونی سۆسیالیزم و تێکه‌ڵکردنیان و میشیل ئه‌فله‌ق و ئه‌قڵانییه‌تی ئامرازیانه‌ی مۆدێڕنی ڕۆژهه‌ڵاتی و فاشیزمی ئایینی و سه‌رجه‌م ئه‌و توخمانه‌ی که له ڕۆحێکی یه‌کپارچه و یه‌کانگیردا ده‌بن به باوکی مه‌عنه‌ویی ئه‌م ئه‌نفالیسم…ئه‌و ئه‌شکه‌نجه‌خانانه‌ی که به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک له شایه‌تحاڵان سه‌گه دڕه لا‌شه‌خۆره‌کانی به قه‌ڵافه‌ت و ئه‌ندازه‌ی ئه‌سپان ده‌بوون…”عه‌جاج” تیکریتی باوکی ئه‌شکه‌نجه‌خانه، ئه‌فسه‌رێکی باڵا له فێرگه سه‌ربازییه‌کانی ڕژێمی به‌عس، که‌روێشکه‌کانی وه‌کوو مه‌شقێکی سه‌ربازی به زیندووی که‌وڵ ده‌کرد و وه‌کوو گۆچانه‌که‌ی مووسا مارانی هه‌ڵده‌لووشی…ئه‌و قه‌ڵافه‌ت و سیمای پیرۆزی تێڕوانینی ئه‌نفالیسمه…ئه‌و قیدیسێکی کاره‌ساتخولقێنه…قیدیسێکی دێز و تاریک و ئه‌هریمه‌نی له نه‌سڵی بیابان و لم…
“ئه‌نفال و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی”
واقیعی کۆمه‌ڵگای کوردی له دڵی ئه‌م کاره‌ساتانه‌وه هاته پێشه‌وه و ئه‌ده‌بی کوردی له ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره‌ساتانه بێده‌نگیی، بانگهێشت و داهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی کاره‌سات، هاوار و لاڵبوونی تاقی کردۆته‌وه له ناو ئه‌و زمان و ده‌نگانه‌ی که کاره‌ساتیان چڕی و هێنایانه ئاواز “شیرکۆ بێکه‌س” ده‌نگێکی دیاره. ئه‌و به فۆرمی ڕاکێشه‌ر و داهێنه‌رانه‌ی خۆی واته ڕۆمان-شیعر ده‌چێته شه‌ڕی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات و چاو له چاوبڕینی تراژیدیدا و هه‌رێمی ئه‌نفاله‌کان، فۆرمی رۆمان–شیعری شێرکۆ بێکه‌س به زمانێکی چڕ و کورتبێژ و هاوکات میتافۆڕیانه‌ی شیعری و به هه‌ناسه‌یه‌کی درێژ و پێچه‌ڵپڵووچی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی له دواجاردا ده‌توانێت له پێکهاتێکی دیاریکراودا چه‌ند دانه له‌م ئاخ و ئۆف و چریکه و زایه‌ڵه و خه‌م و حه‌سره‌ت و جوانیناسییه ڕه‌شه‌ی چرکه‌ساتی کاره‌سات بهێنێته پانتای زمان. ئه‌م ڕووداوه له ڕۆمان شیعری گۆڕستانی چراکاندا ڕووی داوه!
“شێرکۆ و گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات؛ له ئافاته‌وه بۆ گۆڕستانی چراکان”
شێرکۆ بێکه‌س مامۆستای گێڕانه درێژه‌کان له ده‌ربڕینه کورت و گوشراوه‌کانه، ئه‌و مامۆستای به‌ئه‌زموونی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌رگ و ژیانه. ئه‌و ڕۆحی حه‌ماسه‌ئامێزه که چاوی له چاوی کاره‌سات بڕیوه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وپه‌ڕی ڕووبه‌روبوونه‌وه و گه‌شتی شیعریی زه‌ق و دیاری ئه‌و بۆ شوێنه‌وار و گۆڕستانه‌کانی ئه‌نفال له “گۆڕستانی چراکان”(2004) واته ساڵێک پاش له‌ناوچون و ڕووخانی ئه‌نفالچییان و ڕژێمی به‌عس، هاوکات له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی لاشه و ته‌رم و یادگارییه‌کانی ئه‌نفال، مانیفێست کرا به‌ڵام پێشتریش به‌شیوه‌ی دیکه له “ده‌ربه‌ندی په‌پووله”(1991) ده‌په‌رژێته سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی دێرگه‌یشتن بۆ دیدار له‌گه‌ڵ ڕۆحی هه‌ڵه‌بجه و منداڵه‌کان و ڕه‌نجی په‌پووله‌کان و ڕۆندکی شیعر‌و له کتێبی “ئافات”(1993) ده‌که‌وێته گێرانه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونی ڕۆحی بیابان و به‌فر و ئاگر، ڕۆحی بیابان و تیشکی مه‌زده. ناهیدی میدیی گوڵوه‌نه‌وشه ده‌بێت به قوربانیی شه‌هوه‌تی خه‌لیفه تاکوو کافرستان پیرۆزیی به‌سه‌ردا خاپوور کرێت. به‌ڵام ناهید نه‌مره و هاوتای مه‌سیح و ژاندارک و پیرۆزکانی دیکه‌ی وڵاتی نوور و به‌هه‌شته. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له کاره‌سات دواجار شێوازێکی جیاواز و نوێتر و پڕدڵه‌راوکێتر وه‌رده‌گرێت. له گۆڕستانی چراکاندا چه‌ندین زمان پێکه‌وه ده‌ئاڵێن. چه‌ندین دابڕان و قه‌ڵشت له گێڕانه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه و پێگه‌ی گێڕه‌وه‌کاندا دێته ئاراوه. موسافیری ناو میترۆ یان شاعیر…چه‌ندین بیره‌وه‌ری و چه‌ندین مرۆڤ له هاواره زمانییه‌کانی ئه‌ودا ده‌رده‌که‌ونه‌وه. خه‌یاڵی شیعری به بێ گوێدانه کۆت و به‌نده‌کانی کات و شوێن و پێکهاته که‌لتوورییه‌کان به‌رز ده‌فڕێت و له هێزی ئه‌سپانی باڵدار و توانایی سه‌مه‌نده‌ر له به‌رزه‌فڕی زیاتر ده‌ڕوات چونکه زوڵفی کاڵێ ڕێنوێن و ڕینیشانده‌ره.
کاڵێ ژنێکی گه‌ڕاوه‌یه له مه‌رگ و چاڵه‌کانی ئه‌نفال له خه‌یاڵی شاعیر گێڕانه‌وه‌ی مه‌رگ و ده‌سدرێژی و ئه‌تک و توندوتیژی و عه‌ره‌ب و بیابان و شه‌ڕ و چه‌ک و خه‌یاڵ و ئاو و سه‌راو و بیابان ده‌نوێنیته‌وه، هه‌نووکه شاعیر(گێڕه‌ره‌وه) له وڵاتی لێوانلیو له عه‌تر و ماچ و شووشه‌به‌ندی ڕۆژائاوابیه به‌ڵام خه‌یاڵ و ختووره و زمان و ڕۆحی له تۆپزاوا و گه‌رمیانه و له‌وێ بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و لێره‌دا گیری خوارده‌ووه، گێڕانه‌وه‌ی گۆڕستانی چراکان گێڕانه‌وه‌یه‌که له‌باره‌ی کاره‌ساتێکی مرۆیی، بێده‌نگیی جیهان و میژوو و ئایینه‌کان و بێده‌نگی جه‌لاد و لاڵبوونی قوربانی، بێده‌نگی و شکست و مه‌رگ، به‌ڵام ئه‌و جه‌للاد و قوربانیش له سه‌رووی مێژووه‌وه ده‌بینێت، گێڕانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه‌ی قوربانی و جه‌للاد له زۆر شوێندا ده‌چنه خانه‌ی ڕیژه‌گه‌رێتییه‌وه و ته‌نانه‌ت ده‌که‌ونه به‌رده‌م مه‌ترسی شوێنگۆڕکێوه و ئه‌مه‌ش له جیهانبینیی پرسیارکه‌رانه و فه‌لسه‌فی و جوانیناسانه‌ی شێرکۆه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و کاره‌سات ده‌بێت به شێوه‌یه‌کێ ڕێژه‌یی وا ببینرێت ره‌نگه زمان و شاعیره‌کان وه‌کوو پرد و نێونجیی ئازار و ئه‌زموونی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات ئاوه‌ها بیر ده‌که‌نه‌وه: “وا بیر ده‌که‌مه‌وه ده‌کریت به چاوی به‌سیره‌ته‌وه له جوانیی سزادراوان تێبگه‌ین. ئه‌گه‌رچی به ڕواڵه‌ت گۆڕانێکی دیار له سیمای سزاداروان و تاوانباران به‌دیار ناکه‌وێت به‌ڵام که‌سانێکی وه‌کوو من که ته‌مه‌نه‌ێک ئه‌زموونم خڕ کردۆته‌وه له نێو هه‌زاران که‌س تاوانبارێک ده‌ناسمه‌وه.”5 کافکا، سزادراو، جواهرچی، مٶسسەی مطبوعاتی فرخی، ص177
شاعیران ته‌مه‌نێک ئه‌زموونیان له ئازار کۆ کردۆته‌وه، ئازارێک له سه‌ودای وشه‌کانی ناو بوون و نه‌بوون… ئازاری هه‌ستی به‌رپرسیارێتی بوون له قوماری میتافۆڕه‌کان، له بونیاتنانی خانه‌ی بوون له زماندا. ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له چرکه‌ساتی کاره‌سات و ده‌رکه‌وتنی تراژیدیدا دادوه‌رێکی خه‌مگین و گێڕه‌ره‌وه‌یه‌کی ناکام بن، له ناو هه‌زاران قوربانی و جه‌للاد و تاوانبار و بێگوناهدا، به‌ڵام ده‌ڵێی ئێمه هه‌موومان به‌و گوناهه ئه‌زه‌لییه‌وه ئاڵاوین و ئالووده‌ی بووین و هیج مه‌عریفه و زانست و گێڕانه‌وه‌یه‌ک داوێنی ئێمه له گوناهی ئه‌و سێوه سووره پاک ناکاته‌وه، کاره‌سات له بێده‌نگیدا ده‌رده‌که‌وێت، خۆ ده‌نوێنیت و ڕوو ده‌دات، له بیده‌نگیدا ده‌گێڕدرێته‌وه، بێده‌نگییه‌ک که کرۆک و ماهییه‌تێکی جیاوازی هه‌یه، له بێزمانیدا دێته زمان. زمانێک که ده‌زمانێت تاکوو وامان لێبکات بێده‌نگیی لێبکه‌ین، و ئه‌و مێژوو و جیهانه‌ی که به بێده‌نگیی خۆیان کاره‌ساتیان دروست کرد بێده‌نگ و لاڵ بکات، گۆڕستانی چراکان هاواری چراکان و ئه‌و تیشکانه‌یه له‌و به‌ری مه‌رگه‌وه که له خه‌یاڵی وه‌هماویی و پڕ دڵه‌ڕاوکێی شاعیرێکی ژێره‌زه‌مینیدا بیچم ده‌گرێت و له دواجاردا ملکه‌چی ئه‌م ڕاستییه ده‌بێت که جگه له بێده‌نگی و عه‌ده‌م و بۆشایی ئێمه هیچ شتێک له ئه‌نفال نازانین و ناتوانین بزانین. گۆڕستانی چراکان بانگهێشته بۆ تێڕامان و بێده‌نگیی و نغرۆبوون له مۆته‌که و شه‌وه‌ی”مه‌رگ به تامی ئه‌نفال” و هاواره تا سنووری بێده‌نگی و قپبوون. جوانیناسیی کاره‌سات هه‌ر ئه‌مه‌یه و زۆر تراژیکه که‌وا جوانیناسییه‌ک خۆی بنه‌ماکه‌ی کاره‌سات بێت! ئه‌مه جوانییه له‌گه‌ڵ ئاخ و ئازار و جه‌خار.
“پێکهاتی گێرانه‌وه‌ی گۆڕستانی چراکان و زمانپه‌رێشیی گێره‌ره‌وه”
له به‌شی یه‌که‌می ئه‌م ڕۆمان-شیعره‌دا گێڕه‌ره‌وه نیازی سه‌فه‌رێک ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ڕۆشتنێک به به‌رگی تازه‌ی شیعره‌وه، به‌رگێ له په‌لکه گیای غه‌مگین و په‌ژمورده که خه‌یاڵی شیعر بۆی دوریوه و ده‌یه‌وێت به باڵی ئه‌م به‌رگه نوێیه‌وه بفڕێ و سه‌فه‌رێکی نامۆ بۆ قووڵایی ده‌ست پێ بکات، سه‌فه‌رێک به كاڵا‌و و پێتاوی شیعره‌وه، به‌و كڵاوه‌وه که په‌پووسلێمانکه‌یه‌کی عاشق به ده‌م خوێندنی سوره‌تی ئه‌وینه‌وه وه‌کوو دیاری داویه به شاعیر(گێڕه‌ره‌وه) به‌و کڵاشه دۆمیانه‌وه که داربه‌ڕویه‌کی هه‌ورامان دوای خوێندنی پیده‌شتێکی په‌خشانی له به‌رده‌می هۆره‌یه‌کی کاکۆڵدرێژ و کناله‌یلێکی چاوڕه‌شد، له شاره‌زوور پێشکه‌شی کردووه. سه‌فه‌ر و ڕۆشتنێکی سه‌ربزێوانه‌یه و لێوانڵیوه له بوێری. به بێ مۆڵه‌توه‌رگرتن له که‌س و هیچ شت و ترس و خه‌ونێک. به بێ مۆڵه‌توه‌رگرتن له ڕه‌شه‌با چه‌نه‌بازه‌که‌ی ڕه‌خنه‌گر و ڕۆژنامه و گۆڤار. به سه‌ر کێو و ده‌شت و کۆڵان و دره‌خت و سرووشتدا باڵ ده‌دات، ئه‌و به به‌رگی زایه‌ڵه و چریکه‌وه داویه‌تی له شه‌قه‌ی باڵ، به هه‌موو ئه‌و چریکه و مۆسیقا که‌ونینیانه‌ی که لێوانلێون له خه‌م و په‌ژاره و خه‌فه‌ت و جیهان-ژین و ئه‌زموونی ژینکراوی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان به‌رهه‌م هێناوه، یان له سه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه به‌رهه‌م هاتوون و وتراون، تانوپۆی ئه‌م سه‌فه‌ره به ته‌کنیکێک ده‌گێڕدرێته‌وه که له‌گه‌ڵ چریکه و به‌یته‌کان و به ڕوانینێکی گشتی له‌گه‌ڵ جیهان-ژینی هونه‌ری و بوونناسی کورده‌وه هه‌ڵپێکراو و ته‌نراوه.
به‌و چریکه و جریوه و جووکه و نه‌غمه ئاگرین و گڕگرتووانه له کوانووی ڕه‌نج و ژانه‌وه ده‌ڕوات، پێ به‌پێی ڕۆشتنی شپرزه‌یی، قۆڵ له قۆڵی پایز، شاعیر به‌وێنه‌ی کیژۆڵه‌یه‌کی قوتاربووی ئه‌وسا له هه‌وای هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڕوات، به شمشاڵی ئه‌و ئاخ و داخانه‌وه ده‌ڕوات که برینه‌کانی بۆ ته‌نیایی ئه‌ژه‌نن. ئه‌مه سه‌فه‌رێکه به سواری دووکه‌ڵ به‌ره‌و مه‌مله‌که‌تێ له شاره‌کانی خۆڵه‌مێش، گێڕه‌ره‌وه(شاعیر) له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له ڕه‌نج و ستران و بیره‌وه‌ری و چێژ و جوانی و جه‌خار و ئۆف هه‌یه‌تی ده‌یه‌وێت سه‌فه‌ره‌که‌ی ده‌ست پێ بکات. ئه‌و له هه‌مان سه‌ره‌تای ڕێگادا به جانتایه‌ک که له ده گیرفانی خۆشه‌ویستی زیاتری هه‌یه دۆشداده‌مێنێت و تووشی سه‌رلێشێواوی و ترۆما ده‌بێت و هه‌ناوی پرسیارئاژنگ ده‌بێت. ئه‌و ده‌چێته قووڵایی مێژووی ئازار و کاره‌ساتی ڕۆژهه‌ڵات و شارستانییه‌ته‌وه به سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌وه هه‌تا به‌ر دیواری بابل ده‌ڕوات و له‌وێشڕا سه‌رێک له خاکی سۆمه‌ر و مه‌مله‌که‌تی ته‌مووز ئه‌دات، ئه‌و به شوێن ئێسک و پرووسک و کاسه‌سه‌ردایه، ئه‌و به شوێن خۆیدایه، ئه‌و شوێنپێی مه‌رگی خۆی ده‌گرێت و له خۆی ده‌پرسێت: “له پێشدا پێ بخه‌مه کام خاکی واوه‌یلا و کام عه‌ردی زریکه و کام وه‌رزی کوژراوی له‌شمه‌وه؟” !ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌که‌وێته دیالۆگ و مۆنۆلۆگ و وه‌ک بڵێی به سه‌ر خۆی و به‌رده‌نگان و هه‌موو شتێکدا هاوار ده‌کات و ده‌پرسێت: “له پێشدا پێ بخه‌مه کام خاکی واوه‌یلا و کام عه‌ردی زریکه و کام وه‌رزی کوژراوی له‌شمه‌وه؟!” ئه‌و دیسان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌که‌وێته دیالۆگ و مۆنۆلۆگ و ده‌پرسێت پێم بڵێن: “چۆن بڕۆم؟! له‌گه‌ڵ کێ؟! به قسه‌ی کام خۆڵ و کام لم و کام سه‌حرای عه‌ده‌م و به قسه‌ی کام په‌لکه‌گیا و کام پووش و په‌ڵاشی ڕومادی و که‌ربه‌لا و به قسه‌ی کام لاڕێی ڕه‌شه‌باو و کام داڵی نوگره‌که‌ی سه‌لمان و کام جرجی خوار به‌غا بکه‌م و کام گومان بکه‌مه ڕێبه‌ری سۆراخی سه‌فه‌رم؟”
ئه‌م به‌شه له پێکهاته‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه تا لاپه‌ڕه‌ی 19 درێژه‌ی ده‌بێت و به پرسیارکردن و نیشاندانی داماوی و ترۆما و تۆقان له سه‌رلێشێواوی و وێڵبوون و شکسته‌وه کۆتایی پێ دێت و سه‌ره‌تای هاتنه‌ژووره‌وه و ده‌رکه‌وتنی کارئه‌کته‌ر و که‌سایه‌تییه‌که به ناوی “کاڵێ” کاڵێ له پاشماوه‌کانی ئه‌نفال و شایه‌تحاڵانی مه‌رگه. ئه‌و پرچه شێواوه‌کانی خۆی وه‌کوو ڕێنوێن و چاوساغ ده‌دات به شاعیر و بانگهێشت و ڕاکێشی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی ده‌کات. سه‌فه‌رێک بۆ بینین و دۆزینه‌وه‌ی مه‌رگ، سه‌فه‌رێک که چاوساغه‌که‌ی کاڵێ‌ی ئه‌نفالکراوی خه‌ڵکی زینانه‌یه، له‌م به‌شه‌دا گێڕانه‌وه‌ی کاڵێ به یه‌که‌م که‌سی تاک(من)ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و به کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی ترۆماتیک و تۆقێنه‌ر له مه‌رگ و شێوه سه‌رسووڕهێنه‌ره‌کانی و ئه‌زموونێک که له مه‌رگ و نزیکبوونه‌وه له مردن هه‌یبووه قسه ده‌کات و به دیالۆگێکی کورت له‌گه‌ڵ شاعیر، ڕێنوینی شاعیر ده‌کات بۆ یه‌که‌مین وێستگه و پنتی دابه‌زینی مه‌رگ و ئه‌نفال: “تۆپزاوا!” لایه‌نی ته‌نزئامێز و ئایرۆنیی کاره‌ستئامێزی ئه‌م وشه‌یه که له بنه‌ڕه‌تدا ناوی یه‌کێک له‌و یه‌که‌مین شوێنانه‌یه که ئه‌نفال کراوه ئه‌مه‌یه که له ڕووی ماناییه‌وه تۆپزاوا واته شوێنێک که زۆرداری و ملهوڕی تێیدا زاڵه، تۆپزاوا له دراوسێکانی شارستانییه‌ته کۆنه‌کانی سۆمه‌ر و بابله به ئازار و برینه که‌ونینه‌کانییه‌وه: “سه‌رگوزوشته‌ی دۆزه‌خ و دۆزه‌خه‌وان و به‌یتی حه‌شر و قیامه‌ت و حیکایه‌تی دابڕان و هه‌ڵقرچان و هاتنه‌وه له‌و دنیاوه له لای منه” کاڵی لێوانلێوه له حیکایه‌تی مه‌رگ و نه‌بینراوه‌کان، کاڵێ سێبه‌ری مه‌رگه و له خه‌یاڵدا گێڕه‌ره‌وه و شاعیر ده‌بات بۆ شوێن و کاتی ئه‌زموونێکی سامناک و ترۆماتیک، هه‌مان سه‌فه‌رێک که شاعیر له سه‌ره‌تادا نیازی کردبوو بیکات، له‌م سه‌فه‌ره‌دا کاڵی حیکایه‌ته‌کان ده‌گێڕێته‌وه و باس له ئه‌تککردن، سووکایه‌تیپێکردن، تووندئاژۆیی و ترس و تۆقینه‌کان ده‌کات: “چیتان بۆ بگێڕمه‌وه؟ چی؟ چیرۆکی سه‌مای ئه‌و ئاوه‌ڵکراسانه‌ی که “قه‌حتان” و “عه‌دنان” و “ده‌حام” به پێش ده‌می قافڵه‌ی زیله‌کانه‌وه هه‌ڵیان ئه‌واسین؟ ئاوه‌ڵکراسی خۆم و دایکم و خانزاد و مه‌ستووره و عادیله‌خانم و حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و عه‌نبه‌ر خاتوون؟ که یه‌ک به دوای یه‌کدا له زاخۆوه هه‌تا قه‌ڵاکانی سه‌لمان ئه‌شه‌کانه‌وه؟ چیتان بۆ بگێڕمه‌وه؟! چی؟ حیکایه‌تی منداڵه‌که‌م که له ئاوده‌ستێکدا بووم و ته‌مه‌نی چاره‌که سه‌عاتێک و له دواییدا له ناو قاقای عه‌سکه‌رێکدا مرد؟! ئاخر چی بگێڕمه‌وه، زه‌لیلی که بووبووه کراسی شیتاڵشیتاڵی به‌رمان؟ حه‌یا که قه‌تره قه‌تره ئه‌تکا و ” نه‌زهه‌ت تۆغان” ئه‌یخوارده‌وه؟!” گێڕانه‌وه‌ی کاڵێش به پرسیارکردن و نه‌توانین له درێژه‌دان به ده‌ربڕین و هه‌ڵگرتنی ئازاری بیره‌وه‌رییه‌کان، وێنه‌کان تووشی شکست و جۆرێک دابڕان ده‌کات…کاڵێ له ڕسته‌ی کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا داوه‌ری و گێڕانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت ڕاپێچی میتافیزیک و خودا یان هه‌مان تێڕوانینی ترانسێندێنتاڵ و به‌رزه‌ڕۆ ده‌کات: “ئه‌بێ خودا خۆی ڕۆژێ سه‌رمان لێبداو و پێمانبڵی ئه‌و ڕۆژی حه‌شره چۆن ڕوویدا؟!”
ئاماژه به ناو و ڕه‌مزه‌کانی جیهانی عه‌ره‌ب(ده‌حام، عه‌دنان و قه‌حتان) و ژنانی نموونه‌یی کورد (مه‌ستووره‌خان، عادیله خان و…)نواندنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی مێژوویی و قووڵی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیهانی به‌فر و بیابان، عه‌ره‌ب و کورد له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌یه. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک که گێڕه‌ره‌وه(شاعیر) له درێژه و به‌شی دواتردا له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی جه‌للاد و گێڕه‌ره‌وه وه‌کوو جه‌للاد نیگاری ده‌کات…جه‌للاد له دیمه‌نێکی ڕه‌مزی که هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ دیمه‌نی نومایشه پیرۆز و قه‌ده‌رییه‌کان له سه‌ر سه‌کۆیه‌ک به مه‌ودایه‌کی چه‌ند کیلۆمه‌تریی له‌و لای تۆپزاوه‌وه له‌سه‌ر گردێک وه‌ستاوه و له‌وپه‌ڕی هێز و حه‌ماسه‌ته‌وه ئه‌و شۆڤڵانه ده‌بینێت که خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی چاڵه‌کان بۆ ئه‌نفالکردنن. قه‌حتان و عه‌دنانیش له داوێنی گردۆڵکه‌که‌دا هات و چۆیانه…. ده‌حام له‌به‌ر خۆیه‌وه ئه‌یوت: “ئێمه واهاتووین که نه‌ڕۆین! هه‌ر وه‌کوو چۆن شمشێر هاته ناو خوێنه‌وه و ئیتر نه‌ڕۆی!. ئه‌سپ هاته ناو شاڵاوی قادیسییه و یه‌رمووکه‌وه و ئیتر نه‌ڕۆی….دیجله هاته ناو جه‌سته‌ی ئه‌م عێراقه‌وه و ئیتر نه‌ڕۆی!” له‌م به‌شه‌دا جه‌للاد و ڕۆحی بیابان…ده‌حام…خیتاب و مانیفێستێکی فاشیستی ده‌دات”هه‌موو شتێ به ڕه‌نگی خۆمان ڕه‌نگ ئه‌که‌ین…ڕه‌نگی دوورگه، ڕه‌نگی سه‌رۆک، ڕه‌نگی قائید، ئاووهه‌وا، شاخ و ده‌شت و داروبه‌رد و له‌دایکبوون و مردن و هه‌موو شتێ به ڕه‌نگی خۆمان ڕه‌نگ ئه‌که‌ین. هێز.هێز.هێز.هێز. من ڕاوه‌ستاوم له مه‌جدا، سه‌رم له ناو ئه‌ستێره‌داو قاچم له‌سه‌ر ته‌پڵی سه‌ری شاخ داناوه، وه‌ختێ هاتم هه‌ر له ڕێوه من به‌زه‌ییم فڕێدایه چاڵێکه‌وه و هه‌تا نه‌مرد به‌جێمنه‌هێشت. هه‌ر له ڕێوه من فرمێسکم له‌م چاوانه‌م قه‌ده‌غه کرد هه‌تا نه‌مکوشت به‌جێمنه‌هێشت!” له میانه‌ی ئه‌م هێزه‌ی گێڕانه‌وه و ئه‌م نومایشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جه‌للاددایه که گێڕه‌ره‌وه خۆی له‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌که‌وه ده‌بینێته‌وه که تۆزێک له‌ولاتری جه‌للاده‌وه خه‌ریکه هه‌ڵکه‌ندنی گۆڕه‌کان و له‌گۆڕنانی گوڵ و گۆرانی و چریکه و هاوار و زایه‌ڵه ده‌بینێت، چاڵه‌کان و ئه‌و گۆڕانه‌ی که ته‌نانه‌ت ده‌نگی شه‌پۆلی ده‌ریاش له هه‌ناوی خۆیاندا شوێن‌بزر ده‌که‌ن، له کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا داماوی و ملکه‌چیی گێڕه‌ره‌وه له نواندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کاندا نه‌خشێندراوه، گێڕه‌ره‌وه له سه‌ر گردۆڵکه‌یه‌ک وه‌ستاوه و ته‌نها چاو لێده‌کات و ده‌بینێت! له درێژه و به‌شی دواتردایه که ده‌رده‌که‌وێت بۆچی گێڕه‌ره‌وه(شاعیر) سه‌ره‌داوی گێڕانه‌وه ده‌داته ده‌ست شاعیرێکی دیکه “سه‌ربازی فیراری” “شاعیرێکی خه‌یاڵکرد وه‌کوو کارئه‌کته‌ری ناو شیعره‌که-ڕه‌نگه به‌هێزتر له شاعیری گێڕه‌ره‌وه یان به‌شێک له شاعیری گێڕه‌ره‌وه یان ئه‌و به‌شه سێبه‌ر و ژێرزه‌مینی و نه‌ناسراوه‌یه‌ی شاعیری گێڕه‌ره‌وه” و ئه‌مه نیشانه‌یه‌که بۆ ئه‌مه‌ی که گێڕانه‌وه‌ی شاعیر و کاڵێ و نواندنه‌وه‌ی شاعیری گێڕه‌ره‌وه له جه‌للاد شکستی هێناوه و توخمانێکی دیکه و کارئه‌کته‌ره گێڕه‌ره‌وه‌کانی دیکه بانگهێشت ده‌کات:- “له هاوینی 1989دا و له ژێرزه‌مینی ماڵێکی شاری سلێمانیدا شاعیرێکی گه‌نج، سه‌ربازی فیرار، خه‌ریکی نووسینی کۆمه‌ڵێ له‌و قیژه و زریکه په‌رت په‌رت و خۆڵاویانه بوو که له سه‌حرای عه‌ره‌بستانه‌وه هاتبوون و دوای ساڵێک گه‌یشتبوونه ژێر زه‌مینه‌که‌ی ئه‌م. به‌داخه‌وه ئێمه له‌و هه‌موو هه‌ناسه و قیژه و زریکه و وێنه و ئاوێنه وردوخاشانه، ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌مان ده‌سکه‌وت”
گێڕانه‌وه‌ی شاعیری گه‌نج له‌و زریکه و هاوارانه له قه‌واره‌ی 27 کورته شیعردا ده‌رده‌که‌وێت و له زۆربه‌یاندا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌په‌رژێته سه‌ر وێنه‌سازی و هه‌ندێجار بیچمدانی ده‌ربڕینی خوازه‌یی و میتافۆڕیک. لێره‌دا ئاماژه به چوار له‌و کورته شیعرانه ده‌که‌م: “حه‌وته‌م: شه‌وێک ئه‌سیاری هه‌ناسه‌ی ڕۆژژمێری هه‌شتاوهه‌شت بووم/ ئه‌مویست گۆڕیچه‌ی بژمێرم/ ئه‌مویست هه‌نسکی بژمێرم/ ئه‌مویست فرمێسکی بژمێرم/ هه‌تا خودی ژماره خۆی هاته جواب و وتی: چێکه‌ی؟! منی ڕۆژژمێر ناوێرم مه‌رگه‌ساتی تۆ بژمێرم!شانزه‌هه‌م: ئه‌نفال..ئه‌نفال/ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاوه کوژراوه/ یه‌ک به یه‌کمان نه‌یخۆینه‌وه/ له خۆشه‌ویستی سه‌رچاوه و/ له خۆشه‌ویستی ئاو ناگه‌ین./ ئه‌نفال..ئه‌نفال/ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌نگه کوژراوه نه‌پۆشین و/ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وا خنکاوه هه‌ڵنه‌مژین/ که‌سمان ناژین!”
بیست و سێ: له به‌سره‌دا/ نزیک په‌یکه‌ره‌که‌ی”سه‌یاب”6/ له ئاهه‌نگی تاج و نه‌جمه و سه‌مای بێری و سه‌رخۆشبوونی ده‌مانچه‌دا/ له‌و شه‌وه‌دا/ مێرگێ له کچه سه‌بایای شاخه‌کانیان هه‌ڵڕشته ناو هۆڵێکه‌وه/ هۆڵ ڕووناک و کچ تاریک و بۆ بژاری مێرگی غه‌مگین چه‌ند نه‌جمه‌یه‌ک هاتنه پێشێ/ له‌سه‌ر میزێکی خه‌واڵوو چه‌قۆیه‌ک و سه‌به‌ته‌یه‌کی پڕهه‌رمێ دانرابوون/ چه‌ند نه‌جمه‌یه‌ک هاتنه پێشێ/ ده‌مانچه‌یه‌ک په‌لی یه‌که‌م هێرۆی گرت و ویستی له‌گه‌ڵ خۆیدا بیبات بۆ ژوورێکی چۆڵی سه‌رێ/ له‌پڕێکدا گوڵه هێرۆ/ که چه‌قۆی دی هه‌ڵیگرت و چه‌قاندیه سه‌ر هه‌رمێی دڵی و خوێنی سپیی بوو به فواره‌و به لووزه‌وێ هاته ده‌رێ./ل ه سه‌ر سه‌کۆکه‌ی ده‌ره‌وه‌یش بینییان وا باڵای سه‌یاب/ گوڵه‌هێرۆ تێی ئاڵاوه و لقی ده‌ستیشی وا خه‌ریکه هه‌رمێ بگرێ!”
بیست و شه‌ش: یه‌که‌م شه‌و بوو/ له ناو لمی عه‌رعه‌ره‌وه/ ده‌ستێک هاتبوه ده‌ره‌وه/ هێشتا بازن له مه‌چه‌کدا زڕه‌ی ئه‌هات/ هێشتا خه‌نه له ناو ده‌ستیا پێئه‌که‌نی و/ موستیله‌یه‌ک له قامکدا ئه‌یجریوان/ یه‌که‌م شه‌و بوو/ له لمه‌وه ده‌ستێک هاتبوه ده‌ره‌وه/ له‌و شه‌وه‌دا/ ناوله‌پی ده‌ست بووبوو به ده‌م/ ئه‌ویش بۆ ته‌نها هاوارێ/ که هه‌ر له ڕێگه ئه‌مرد و نه‌ئه‌گیشته گوێچکه‌ی سه‌رێ/خودایه بۆ”
هه‌روه‌کوو پێشتر وتم گێڕانه‌وه له زاری شاعیری گه‌نجدا له قه‌واره‌ی بیست و حه‌وت کورته شیعر به ده‌ربڕینێکی میتافۆڕیک و خوازه‌یی، وێناسایی و هه‌ندێجار ده‌رکه‌وته‌ی ده‌رهه‌ست و ئابستراکتی خه‌یاڵی شیعری درێژه‌ی ده‌بێت، شاعیری گه‌نج بیست و حه‌وت کورته شیعر ده‌ڵێت و کاره‌ساتی ئه‌نفال و قووڵایی و درێژایی ئازار ده‌نوێنێته‌وه و دوای کۆتایی ئه‌م به‌شه له‌گه‌ڵ بڕگه‌ی 27، گێرانه‌وه‌که دووباره ده‌درێته‌وه ده‌ست و زاری “کاڵێ” و شاعیر(گێڕه‌ره‌وه) ده‌ست به پرچییه‌وه ده‌گرێت و کاڵی دووباره ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی، ئه‌و گێرانه‌وه‌ی یادداشته‌کان(یادهێنراوه‌کان)ی ڕۆژی حه‌شر ده‌ست پێده‌کاته‌وه، کاڵێ باس له قافڵه و ڕیزی درێژی زیله‌کان ده‌کات که بێ‌شومار ژن و پیاو و منداڵ و هه‌موو ئاسه‌واری بوونیان له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و قووڵایی بیابانێکی نادیار و دوورتر له‌وه‌ی چاوی خه‌یاڵ بیپێکێت، په‌لکێش ده‌کات: “قافڵه بوو. په‌نجه‌ره‌ی ماشێنمان کوێرو دنیا ون و، هه‌ر خۆمان، خۆمان ئه‌بینی/ کات بزر بوو، شوێن بزر بوو. شه‌و بزرو و ڕۆژ بزرو په‌یڤین له‌گه‌ڵ یه‌کدا بزر!”
له درێژه‌دا کاڵی ده‌که‌وێته مۆنۆلۆگ و تاکبێژی له‌گه‌ڵ خۆی و تاکبێژییه‌که‌ی هه‌موو ئه‌م به‌شه‌ی به‌رهه‌مه‌که ده‌ته‌نێت. ئه‌و چاو له ڕوخساری خه‌واڵووی پاسه‌وانی ناو زیله‌که ده‌کات و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ڵێت: “ئه‌رێ ئه‌میش دایکی هه‌یه؟ کچی هه‌یه؟ کوڕی هه‌یه؟ خه‌و ئه‌بینێ یان نایبینێ؟ بیری پێخه‌فه‌که‌ی ئه‌کات؟ بیری حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌یان؟” کاڵێ لێره‌دا و له‌م کات و سات و شوێنه‌دا به چاولێکردن له سه‌ربازی به‌عسی له چرکه‌ساتی “ئێسته” و هه‌نووکه‌دا ده‌یگێڕایه‌وه به‌ڵام هه‌ر له‌م کاته‌ی ئێسته و دڵه‌ڕاوکێی ئاماده‌ی هه‌نووکه‌دا کاڵی به خه‌یاڵهۆنییه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ڕابردوو و ژیانی گوندی و ئه‌ویندارانه‌ی خۆی و ژینگه و سرووشتی ڕابردووی ده‌وروبه‌ری خۆی: “من گوێم له ده‌نگی تر ئه‌بێ: گه‌فینی سه‌گه‌لی ناو دێ. گاره‌گاری مریشکه‌کان. سوڕانه‌وه‌ی به‌رداشی ئاش. یاخود هۆره‌یه‌کی په‌رت په‌رت و یا خود قیڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌شێکی ئێواران” ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه درێژه‌ی ده‌بێت به‌ڵام له چه‌ند بڕگه‌دا “ئێسته” و “ڕابردوو” پێکه‌وه گرێ ده‌دا. جۆرێک “نیوه وشیاری” که کاڵێ ئه‌زموونی ده‌کات. هه‌مان ونبوون له کات و شوێندایه که له سه‌ره‌تای گێرانه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌دا باسمکرد: “ئۆ‌هـ پیاوه‌که‌م! ئه‌م شۆفێره سه‌روکه‌لله‌ی له پشته‌وه هه‌ر له‌و ئه‌چێ. ئۆ‌هـ پیاوه‌که‌م! ئه‌هاتیته‌وه له ناو ڕان، یان له‌مه‌زراو له کێڵگه‌وه” له درێژه‌دا کاڵی ده‌ست ده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه چێژبه‌خشه ئه‌ویندارانه‌کانی خۆی به توێژاڵێکی ته‌نک و ناسک له ئیرۆتیزمه‌وه…له خۆشه‌ویستیی مێرده‌که‌ی بۆ ده‌نگ و گۆرانیی حه‌سه‌ن زیره‌ک، چێژی خواردن و بینین و ژیان ده‌گێڕێته‌وه و له درێژه‌دا کاڵی له چاره‌نووسی نادیاری مێرده‌که‌ی ده‌پرسێته‌وه و دڵه‌ڕاوکێی نه‌بوون و فه‌نابوونی ئه‌و هه‌موو جوانییه…و هه‌روه‌ها نه‌بوون و عه‌ده‌می کۆرپه‌که‌ی(لاس) ده‌گێڕێته‌وه:-
“له‌و کۆسته‌دا، دایکم بووبوو به باهۆزی زه‌رد و شێت و له تاوانا به بێشکه‌وه”لاس”ی ڕفان. بۆ کوێ دایه؟! بۆ کوێی ئه‌به‌ی؟!”-بۆ ئه‌شکه‌وتێ! بۆ بن به‌ردێ. بۆ لای خودا!-به‌ڵام دایه! ئه‌وان له هه‌موو شوێنێکدان!” له‌م به‌شه‌دا کاڵێ به بیرهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی ڕابردوو له کاتی ئێسته و هیواکانی بۆ داهاتوو و ئاسۆی له‌به‌رده‌م درێژه‌ی ده‌داتێ واته کاڵی به ناو سێ ڕه‌هه‌ندی کاتدا سه‌فه‌ر ده‌کات و ده‌گێڕێته‌وه ونبوونی ناوه‌ندی کات و شوێن له‌م به‌شه‌دا به ته‌واوه‌تی هه‌ست پێده‌کرێت بڕگه‌کانی کۆتایی ئه‌م به‌شه به خۆشه‌ویستی کاڵێ بۆ میرده‌که‌ی و خۆشه‌ویستی مێرده‌که‌ی بۆ هونه‌ر و جیهان-ژینی کورد و کو‌لتووری کوردی و ستران و گۆرانی و ئه‌وین بۆ کوڕه‌که‌ی و گه‌وره‌بوون و ئاشقبوونی و قۆناغی خوێندکاری و بوون به فڕۆکه‌وان و درێژه‌ی ده‌بێت. ئه‌م به‌شه به ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی کورت له گێڕه‌ره‌وه‌ی شاعیره‌وه به زایه‌ڵه‌یه‌کی حه‌ماسی و شؤڕشگێڕانه‌وه و به ناوه‌رۆکێکی قاره‌مانانه‌وه که مزگێنیده‌ری ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و فریادڕه‌سان و قاره‌مانانی خه‌باتگێڕی کورده درێژه‌ی ده‌بێت، ناوه‌رۆکه شۆڕشگێڕانه‌کانی ئه‌م به‌شه له هیوا بچووکه‌کانی خه‌یاڵدانی کاڵێوه هه‌ڵقوڵاوه. به‌ڵام ئه‌م ده‌ربڕینه حه‌ماسی و شۆڕشگێڕانه‌یه به وێنه‌سازیی مه‌رگی کولله‌یه‌ک که به داوێنی کراسه‌که‌ی کاڵیوه نیشتبوو، ده‌بێت به زایه‌ڵه‌یه‌کی پووچ و عه‌به‌س و کێلۆنی ده‌رگای مه‌رگ له مردنی کولله یان کوشتنی کولله له‌لایه‌ن سه‌ربازی پاسه‌وانه‌وه ده‌بینێت: “به دوو په‌نجه‌ی ده‌ستی چه‌پی کولله‌ی گرت و له پێشدا باڵی ده‌رکێشاو له دواییدا ئه‌ویتری فرێدایه ژێر پییه‌وه!.” “نه‌حس بوو ئه‌م ڕێکه‌وته‌یش و کولله کوژرا و له ده‌رکێشانی باڵه‌وه تا کوشتنی چاره‌نووسی هه‌ر هه‌موومانم بینییه‌وه!” ئه‌م به‌شه به ئاوخواردنه‌وه‌ی سه‌رباز و تینوێتی له‌بننه‌هاتوو و وه‌ڕه‌سکه‌ری کاڵی و نائومێدی له شکاندنی تینوێتی درێژه‌ی ده‌بێت:
“دنیا ون و کات بزر و/ به‌ڵام ئێسته بۆنی لم و بۆنی کولله و بۆنی سه‌حرا و چۆڵه‌وانی و هه‌وای ڕقاوی دێ”/ له به‌شی دواتری گێڕانه‌وه‌که‌دا سه‌ربازێک هه‌یه که له ماوه‌ی جه‌نگی ئێراق و ئێران دوو برا و دوو کوڕه مامی له به‌ره‌کانی شه‌ڕی شووش و دیزفوولدا کوژرابوون، ئه‌م به‌شه مۆنۆلۆگ و ورته‌ورت و ورینگه‌ورینگی ملکه‌چانه و ترسئامیزی سه‌ربازه شۆفێره‌که‌یه، سه‌ربازێک که کۆتایی ئه‌م ڕێگا شووم و به‌ده‌وییه ده‌بینێت و له‌گه‌ڵ زریان و ڕه‌شه‌باکانی بیابان و مه‌رگه تۆقێنه‌ره‌کانی هاوڕێ و ناسیاوه، ئایا ئه‌و مه‌کینه‌یه‌کی جه‌نگی و سه‌ربازی مه‌رگخولقێنی جه‌للاده یان نا خۆیشی جه‌للاده؟ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه نواندنه‌وه‌ی ترسی سه‌ربازه شۆفێره‌که‌یه له خۆی و دڵ و زار و ددان و ته‌نانه‌ت خه‌ونه‌کانیشی که نه‌وه‌کوو خه‌وه‌که‌ی بچێته خه‌وی ڕائید حه‌مدانه‌وه و ڕاپۆرتی له‌سه‌ر بدات. ئه‌م به‌شه له به‌رهه‌مه‌که ده‌ربڕ و گێڕه‌ره‌وه‌ی قووڵی ترس و سامی ڕاهێنانی نامرۆڤانه و دژه مرۆیی سیسته‌می به‌عس بووه: “من جارێکیان خه‌ونم بینی خه‌ونێکی سه‌یر! له‌و خه‌وه‌دا ڕائید “حه‌مدان” بووبوو به به‌رازێک ڕه‌ش و له ساحه‌که‌ی موعه‌سکه‌ردا یاری فتبۆڵی ئه‌کردوو خێراخێرا به پاشه‌ڵی له فتبۆڵه‌که‌ی هه‌ڵئه‌دا تا ئه‌که‌وته سه‌ر لمۆزی، وه‌ختێ که خه‌به‌رم بۆوه کێشام به که‌لله‌ی نه‌گریسما و له ترساندا، یه‌که‌نده‌ردوو، گه‌رماوگه‌رم بینه‌قاقای خه‌وم گرت و هه‌ر له جێ‌دا خه‌وم کوشت و چوومه ده‌رێ و لاشه‌که‌یم دوور فڕێ‌دا!. وتم نه‌بادا ئه‌م خه‌وه بۆ شه‌وێ فریا بکه‌وێ و بڕوا‌و بچێته ناو خه‌وی حه‌مدانه‌وه و بڵی که من ئه‌وم له ناو خه‌وێکی خۆمدا بینیوه بۆته به‌راز، من ناوێرم سه‌یری ئه‌م کوردانه بکه‌م. ” له‌م به‌شه‌دا میهر و سۆزی مرۆیی و هاوکات ترس و تۆقینی سیسته‌ماتیکی مرۆیی پێکه‌وه ده‌سته‌یه‌خه ده‌بن و له دواجاردا ترس و مه‌کینه‌ی سیسته‌ماتیکی ترس و تۆقینی به‌عس ده‌یباته‌وه.
ئه‌م سه‌ربازه له دواجاردا خۆی وه‌کوو مه‌ئموور و فه‌رمانبه‌ری سیسته‌مێک ده‌ناسێنێت، فه‌رمانێکی نه‌گریسی پێناسه کردووه. لێره‌دا و له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا جه‌للاد ده‌بێته قوربانی به‌ڵام ناتوانێت ڕۆڵی جه‌لادانه‌ی خۆی واز لێ بێنێت هه‌ر بۆیه له کرده‌وه‌دا وه‌کوو جه‌للاد ده‌مێنێته‌وه، له درێژه‌ی قافڵه‌ی زیله‌کان پنت و وێستگه‌ی مه‌رگ و خه‌رمانه‌ی عه‌ده‌م له زمانی خه‌ڵه‌فه‌وه ده‌بیستێت: “خه‌ڵه‌ف به ده‌نگی به‌رز وتی: نوگره سه‌لمان!”_نوگره‌سه‌لمان، ئافاتێکی قه‌ڵا قه‌ڵا، دووپشکێکی گه‌وره گه‌وره‌ی کۆنکرێتیی. ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی درێژ و کڵپه‌یه‌کی بازنه‌یی.”
له‌م به‌شه‌دا گێڕانه‌وه‌ی گێڕه‌ره‌وه ”شاعیر یان کاڵێ یان هه‌ر دووکیان-تێکه‌ڵاویی و هاونه‌واییه‌ک له گێڕانه‌وه‌د” له پێناسه و باسکردنی نوگره‌سه‌لمانه‌وه وێنه‌سازیی ده‌کات. نوگره سه‌لمان ڕه‌مزێک له مێژوویه‌کی دڕ و تووندئاژۆ و به‌ده‌وییه‌تێکی له‌مێژینه که له قووڵایی بیابانه‌کاندا شوێنی ئه‌شکه‌نجه و ته‌وبه‌پێدانی ژنان و پیاوان و کچان و مێرمنداڵانی بێگوناهن که سه‌ر به زمانێک جگه له زمانی عه‌ره‌بی و سه‌ر به ڕه‌گه‌ز و خوێنێکن جگه له ڕه‌گه‌ز و خوێنی عه‌ره‌ب، له درێژه‌دا گێڕه‌ره‌وه له زمانی با، باڵنده و خشتی دیواره‌کانی نوگره سه‌لمانه‌وه قسه ده‌کات که هه‌موو ئه‌وانه شه‌رم ده‌که‌ن له‌وه‌ی که ڕۆژێک نوگره سه‌لمانیان بینیوه یان به‌وێدا تێپه‌ڕیون یان بوون به به‌شێکی نه‌خوازراو و زۆره‌ملی له‌و بینا تاریکه…له درێژه‌ی ئه‌م به‌شه‌دا گێڕانه‌وه دیسان ده‌درێته‌وه ده‌ست زار و زمانی شاعیر(گێڕه‌ره‌وه) و ئه‌ویش ئێستا له سه‌رده‌می هه‌نووکه و له سۆنگه‌ی داهاتوویه‌ک له په‌نجه‌ره‌ی ڕابردووی نوگره‌سه‌لمان و کاره‌ساتی ئه‌نفاله‌وه قسه ده‌کات: “دوای پانزه ساڵ هه‌تا ئێسته‌ش تینوێتی کۆچم نه‌شکاوه. هه‌تا ئێسته‌یش زه‌مزه‌میه‌که‌و ئه‌و چه‌ند دڵۆپه ڕژاوه و زاری گه‌وره‌ی عه‌سکه‌ره‌که‌م له یاد ماوه. دوای پانزه ساڵ هه‌تا ئێسته‌یش، هه‌موو جارێ به درێژایی خه‌یاڵم ته‌پ و تۆزێک له وڕێنه‌کانم هه‌ڵئه‌سێ/ له بیاباندایه چاوانم و له قاقڕدایه تینوێتیم…” له‌م به‌شه‌دا شاعیر به باسکردن و نه‌خشاندنی وێنه زه‌ینییه‌کانی خۆی له بیابان و دۆخی ده‌روونی خۆی و قسه‌کردن له‌سه‌ر ترس و گومان و خه‌م وحه‌سره‌ت و ئازار و نائومێدی و ته‌نیاییه‌کانی، ناو و شوناس و شوێنی ژیانی ئێسته‌ی خۆی ئاشکرا ده‌کات، ئه‌و باس له ئازار و قووڵایی ڕه‌نجێک ده‌کات که له دیدار له‌گه‌ڵ کاڵێدا تا بنی هه‌ناوی دزه‌ی کردووه، ئه‌و باس له ئیمپراتۆریی بیابان و دڕنده‌یی سه‌حرا ده‌کات و وتووێژێکی خه‌یاڵی و دڵنه‌واده‌رانه له‌گه‌ڵ کاڵێدا ده‌کات: “من دووکه‌ڵکێشی شیعرێکی دووروڵاتم. ناوم مه‌مه و خه‌ڵکی “دووز”م/خه‌ڵکی ده‌شته ته‌نیاکان و کوڕی ده‌غڵه سووتاوه‌کان.” ئه‌و له درێژه‌دا باس له غوربه‌ت و نائومێدی و ئه‌و ئازارانه ده‌کات که له مه‌نفادا شێوه و سیمایه‌کی دیکه‌یان وه‌رگرتووه و هیچ کات بۆ ساتێکیش چییه جێیناهێڵن: “سیانزه ساڵه/ غوربه‌ت بووه به هاوسه‌رم و/ من له‌م ژنه پاییزه‌یه هه‌تا ئێستا/ ده‌یان منداڵه خه‌زانی/ قژزه‌رد قژزه‌ردم لێ بووه/ ئێره پڕپڕه له گڵۆپ/که‌چی من هێشتا تارماییم” ئاخر چیبکه‌م/من شه‌وانی”دووزم” تیایه”…له درێژه‌ی ئه‌م به‌شه‌دا گێڕانه‌وه‌ی شێوه‌ژیانی غوربه‌ت و په‌ناهه‌نده‌یی و ژیانی دوور له نیشتیمانی گێڕه‌ره‌وه ده‌خرێته ڕوو، شێوه‌ژیانێک که به تۆسقاڵێک چییه له ئازاره‌کانی بیابان و کاڵێ و نیشتیمانی له بیر نه‌بردۆته‌وه و له‌بنه‌مادا ڕۆحی له‌وێدا گیری خواردووه و ماوه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌نووکه تارماییه‌که له وڵاتی باده و مه‌ی و کریستاڵ و چرادا”من که ڕۆحم هی خۆم نه‌بێ و هی وڵات و هی خاکێ بێ/ هه‌روام لێدێ! ئاخر چیبکه‌م؟!”
به‌شی دواتر ئاماده‌یی دووباره‌ی شاعیری گه‌نج “سه‌ربازی فیراریی ژێرزه‌مین”ه که بۆ ماوه‌ی دوازده ساڵ ده‌بێت هاتۆته ده‌ره‌وه و له به‌رده‌م میحرابی خۆره‌تاودا شیعری نووسیوه به‌ڵام هێشتا له به‌غدادی نه‌گریس به‌عسه دڕنده‌کان سالارن، تاکوو دواجار بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی گه‌وره به‌غدای هه‌ژاند و مێژووی دڕندانه‌یان(قه‌حتان و عه‌دنان و ده‌حام) سه‌رواوه‌ژوور بوویه‌وه، له‌و ڕۆژه به‌دواوه یه‌ک له دوای یه‌ک گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان ده‌دۆزرانه‌وه و به دۆزینه‌وه‌ی چواره‌مین گۆڕستان ئه‌م شاعیره چوار شیعر له ستایشی پیره‌مه‌گروون و ڕه‌مزی خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان ده‌هۆنێته‌وه. له‌م به‌شه‌دا دووباره شاعیری گه‌نج به کۆمه‌ڵێک شیعری کورت و پوخت ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕێته‌وه و من لێره‌دا ئامژه به یه‌ک شیعریان ده‌که‌م:-
چواره‌م شیعر: به‌و سه‌ره‌وه/ ته‌یرێک له ناو دووکه‌ڵه‌وه/ که منی دی/ هاته خوارێ و /ڕێک به‌رامبه‌رم نیشته‌وه!.”یه‌که‌مجار بوو ته‌یرێ ببینم عه‌مامه‌ی له‌سه‌ردا بێ!”وتی: تۆ ئه‌مناسیته‌وه/وتم: ته‌نها شێوه‌ت ئه‌که‌م!.وتی: من ناوم نه‌جه‌فه و له شیعری جه‌واهیری 7 دا یه‌کمان دیوه/که تۆزێ لێی وردبوومه‌وه/وتم: وایه!/وتی:تۆ هه‌ر چاڵی باڵنده‌کانی خۆت باسکرد/تۆ هه‌ر مۆمت له‌سه‌ر گۆڕی قوربانییه‌کانی خۆت هه‌ڵکرد/به‌ڵام ئاخر…نه‌مهێشت قسه‌که‌ی ته‌واو کا” وتم: هێشتا من فڕینم به‌رده‌وامه!/نه‌گه‌یشتوومه‌ته ناو دڵت!/وتی:ته‌نها من یه‌ک قسه‌م پێیه و ئه‌ڕۆم/ئه‌مجاره‌یان ئێمه و ئێوه/له گۆڕستانی چرادا/ له‌ڕێی ئێسک و پروسکه‌وه/له‌ناو مردنا بۆ ژیان/ به‌ته‌واوی بووین به برا”
به‌شی کۆتایی ئه‌م به‌رهه‌مه زۆر داهێنه‌رانه‌یه و له‌خۆگری مانیفێستێک بۆ داهێنانی ژانێرێک له ستران و گۆرانیی کوردی بۆ گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته. ئاوازی حه‌یران و لاوک له نه‌ریتی سترانبێژیی کوردی‌دا تێکه‌ڵه‌یه‌کن له گێڕانه‌وه تراژیکه ئاشقانه‌کان و هیجران و ترس و دواجار مه‌رگی ئه‌شق و ئاشقان، گێڕه‌ره‌وه به داڕشتنی کارئه‌کته‌رێکی “لاوک/حه‌یرانبێژ”که ناوه‌رۆکه‌کانی ئازار و مه‌رگی ئه‌نفالی له پێکهاته‌ی حه‌یران/لاوکدا گونجاندووه، ده‌ست ده‌داته داهێنان و ئافراندنی ژانێرێکی ئاواز و ستران به ناوی “حه‌یاوک”. ئه‌م حه‌یاوکبێژه له سه‌ر به‌رزیی قه‌ڵای هه‌ولێر به‌رامبه‌ر خه‌رمانه‌ی خۆڵه‌مێشێی مانگ به‌ره‌و باشوور ورده‌ورده ده‌نگی ده‌فڕێت. باڵنده ئاواز به‌ره‌و خوار ده‌فڕێت و له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکدا، دڵۆپ دڵۆپ خوێن له زێکانی ده‌نگی ده‌تکێ و وشه به وشه‌ی گڕ ده‌گرێت و وێنه‌کان ده‌بن به خه‌رمانی به‌جێماو بۆ په‌پووله و یادگاریی بۆ خۆڵه‌مێش.
حه‌یاوک به ڕه‌وت و ڕیتمێک له گێڕانه‌وه و به زایه‌ڵه‌یه‌ک له لاوک ده‌په‌رژێته سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی سته‌م و زوڵم و ده‌سدرێژیی بیابان و هێرشی کو‌لتووری به‌ده‌ویی عه‌ره‌ب بۆ کوردستان و وڵاتی کوردان ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ بڕگه‌ی ناوه‌ڕاست و کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا ئێمه شایه‌تی زایه‌ڵه و هاوارێکی زاره‌کین تاکوو نڤیسکارانه یان هه‌مان حه‌یاوک ده‌بیستین و ده‌خوێنین به‌ڵام نووسینه‌وه و باسکردنی ئه‌م به‌شه وه‌کوو هه‌مان هه‌وڵه که شیعر له گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتدا ده‌یدات و تووشی شکست ده‌بێت و ئه‌گه‌رچی ماهییه‌ت و چییه‌تی شکسته‌کان پێکه‌وه جیاواز بن. ئه‌م به‌شه‌ی کۆتایی ئاڵته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌یه‌کی بوێرانه و داههێنه‌رانه‌یه بۆ ڕاسپارده‌کردنی گێڕانه‌وه له نووسینه‌وه بۆ ئاخاوتن و له ڕاستیدا بۆ ئاواز و ده‌نگ. وه‌کوو دریدا8 ده‌ڵێت ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئاخاوتنه به سه‌ر نووسیندا. ئه‌م به‌شه‌ی کۆتایی ڕێک ته‌عبیر له‌م ڕسته‌یه ده‌کات له گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتدا کاتێک زمان له ده‌ربڕین ده‌که‌وێته گۆ، مۆسیقا ده‌ست پێ ده‌کات…حه‌یاوک ئاوازی هۆنینه‌وه‌ی وشه پیرۆزه و نانڤیسارییه‌کانن که قووڵایی تراژیک و ئازاری جوانیناسانه‌ی له لایه‌ن کورده‌وه درک ده‌کرێت و ئه‌وان به باشی لێی تیده‌گه‌ن…ئه‌م مرۆڤه ئازارچه‌شتوو و مه‌رگچه‌شتوانه‌ی که له باتی هه‌موو دونیا چاو له چاوی مه‌رگ بوونه.
نووسینه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی کۆتایی گۆڕستانی چراکان ناپۆڕێت، ئه‌م به‌شه ته‌نها ده‌بێت گوێی بۆ بگیرێت و به گوێیه‌کی کوردانه یان کوردیناسانه ده‌بێت له‌گه‌ڵ گێرانه‌وه تراژیکه‌که‌ی بچییه پێشێ و خوێنی ئیلهامبه‌خشی جوانی ببیستی که له زێی گه‌رووی حه‌یرانبێژ دێته ده‌رێ و سه‌مفۆنیای مردووان لاوکانه ده‌چڕێ…حه‌یاوکانه! شکستی جوانیناسانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات ده‌بێت به‌م شێوه‌یه سه‌رکه‌وتوو ده‌رکه‌وێت: وەیلێ/ وەیلێ /وەیلێ/ وای لە کیژانێ/ وای لە حەیرانێ/ وای لە ئافاتی دەورو زەمانێ/ وای لە غوربەتی نێو بیابانێ/ وای لە شەوانێ کە مانگ تیا ئەمرێ و/ بەفری کێوانیش چ پێنازانێ!./ وای لە مریەمێ/ وای لە پاکیزێ/ وای لە سووتانی ڕۆحی ئازیزێ/ وەیلێ/ وەیلێ/ وەیلێ/ وەیل! 9
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان:-
1.- زمانپه‌رێشیی یان ئافازیا( Aphasia)تێکچوونی توانستی ده‌ربڕین یان تێگه‌یشتن له زماندا که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسیو یان خه‌سارکه‌وتن له مێشک.
2.-روبر مرل، مرگ کسب و کار من است، ترجمەی احمد شاملو، تهران، انتشارات نگاه،1377
3.-جهانبگلو، رامین، وجدان زندگی –گفت و گو با جرج استاینر-، ترجمە پروین ذوالقدری، تهران؛ نشر نی،1378ص105
.4-همان ص 122
5.-ناباکوف، ولادیمیر، دربارەی مسخ، ترجمەی فرزانە طاهری، تهران، نیلوفر، 1368 ص88
6. به‌در شاکر سه‌ییاب؛ شاعیری عێراقی له‌دایکبووی به‌سره و کۆچی دوایی له- 1964
7.محه‌مه‌د میهدی جه‌واهیری؛ شاعیری شۆڕشگێڕی عێراقی-
8.-دریدا، ژاک، فروید و صحنەی نوشتار(مواجهات)، ترجمەی مهدی پارسا، تهران، کارگاه انتشارات روزبهان،1390
9.-دیوانی شێرکۆ بێکەس، بەرگی شەشەم، گۆڕستانی چراکان، چاپی سلێمانی ل 5 تا 115