“گفتوگۆ لهگهڵ شاعیری فهڵهستینی؛ مهحمود دهروێش”
- لە شعرەکانتدا باوکت زیاتر لە دایکت ئامادەیە، هەستدەکەین زیاتر لە باوکت دایکت دەناسین، چی لەبارەی پەیوەندی باوکت؟
+ دەمەوێت ئەم قسەیە ڕاست بکەمەوە. لە شیعرەکانمدا باوکم بە ئەندازەی دایکم بوونی هەیە. بۆ نموونە لە “عاشق من فلسطین، نهانی من السفر، اری ماذا ارید، رب الایائل یا ابی، لماذا ترکت حصان وحیدا”. لەڕووی چەندێتییەوە ئەو زیاتر لە دایکم بوونی هەیە. پەیوەندییم لەگەڵ باوکم، وەکو ئەوەی شیعر دەیڵێت، پەیوەندییەک بوو لەوەی کێ باوکە و کێ کوڕە. هەر ئەمەشە لە “رب الایائل یا ابی”دا دەیڵێم. باوکم پیاوێکی زۆر شەرمن و خەمبار بوو. خەمی ژیان زوو دەستی بە ڕوویەوە نابوو، لە خاوەن زەوییەوە بوو بە کرێکاری زەوییەکانی. بە سرووشتی خۆی هەرگیز نەیدەخوێند لەسەرمان. کەسایەتی بەهێز و تووندی ماڵەکەمان دایکم بوو. بەمنداڵی وامدەزانی خۆشی ناوێم و بەخراپم دادەنا، دەستم بەم بڕوایەمەوە گرت تا ئەوەی بۆ یەکەمین جار زیندانی کرام. ئەوکات زانیم خۆشی دەوێم، بەڵکە زانیم چەندی خۆشدەوێم.
هەرچۆنێک بێت ڕەفتاری دایکم و باوکم نامۆ نەبوو. وەکو ئەوەی نەنگی بێت، لە خوڵق و خووی لادێنشین نەبوو ژن و پیاو خۆشەویستی بۆ یەکتری دەرببڕن. وەکو ئەمڕۆ ئاسایی نەبوو باوانەکان خۆشەویستی خۆیان بۆ منداڵەکانیان دەرببڕن. شتێکە دەبوایە حەشاری بدەی لەناو هەستەکان.
- بۆ نموونە وشەی “خۆشمەوێی” نەبوو؟
+ هەرگیز ئەم وشەیەم لەدایکم و باوکمەوە نەبیست. نایەتەوە بیرم بە منداڵیش وتبێتیان، لەوانەیە زۆر له بچووکیم وتبێتیان. خانەوادەیەکی شەرمنین، هەر ئەم شەرمەش لە باوکەوە گوازرایەوە بۆ کوڕەکانی. لەنێوان خۆماندا بابەتی گشتی نەبێت هەرگیز باسی بابەتی سۆزداری ناکەین. بۆ نموونە کچەکانی برا گەورەکەم؛ گازندەی ئەوەیان دەکرد کە سۆزیان بۆ دەرنابڕێت خۆی لە کاروباریان وەرنادات. هەرچەندە بەڕێوبەری قوتابخانەیە، وەلێ تێکەڵ بە کاروباری قوتابخانەیان نابێت و لێیان ناپرسێت، جۆرێک لە دوورەپەرێزی سۆزدارییە. ئەمە مانای ئەوە نییە براکەم هەستی نەبێت، بەڵام هیچ ڕەنگدانەوەیەکی سۆزداری بوونی نییە. لەگەڵ ئەمانەشدا لەبەرئەوەی بەڕێوبەرە، پێویستە تووند بێت.
ئەم جۆرە سۆزدارییە سەرکوتکراوە، میراتی لادێنشینی عەرەبە. بەلامەوە دۆخی فەلەستینیش هۆکار بوو. گرنگترین شت بەلای باوکمەوە، پاراستنی منداڵەکانی بوو. وەک یەکەم کۆچمان، کە بۆ شوێنێکی پارێزراو ئێمەی ڕفاند و ژیانێکی پارێزراوی بۆ دابین کردین. زۆربەی جار ئەمەش لەسەر سۆزداری ڕاستەوخۆ دەهاتە بوون. وەک ئەوەی پێم وتی پەیوەندیم بە باوکمەوە دواتر خەوت، لەگەڵ بە ئاگا هاتنەوەم لە چیرۆکی باوکم و هێنانە ناو جیهانی خۆمەوە، تێگەشتم. ئەم تێگەشتنەشم وەرگێڕا بۆ شعر.
- چی دەربارەی نزار قەبانی؟
+ نزار قەببانی، لەدەرەوەی مانای سیاسی و حزبییەوە بوو. لەگەڵ هەرزەکاریماندا دەدوا. شتانێک کە نەدەوترا نزار قەببانی گۆی پێدەکرد. بەمانایەک شعر دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت. قەبانی فێری کردم شعر سام و هەیبەتی نییە، دەتوانی لە پانتۆڵێکەوە گڕ لە شیعر بەردەی. ئەوەی کە تیایدا دەژین، زۆر بەساددەیی دەتوانین بدوێین لەسەری.
- شعری “سجل انا عربی” یەکێکە لە دیارترین و بەناوبانگترین شعرەکانت، هەندێک دەڵێن حەزت لەم شعرە نییە و هیوات دەخواست نەتنووسیبایە؟
+ ئەمە ڕاست نییە، کێشەکەم لەگەڵ خوێنەرەکانییەتی نەک شیعرەکە. هەڵگری سیاسیەت و هێمایی بۆ من بارگرانی نییە، بەڵکە ئاریشە لە خوێنەرە، بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن وەک ئەوەی ناسنامەی شعری من بێت. بەواتایەک، بەلای خوێنەرێکی دیاریکراو مەحموود درویش “سجل انا عربی” یە و بەبێ ئەو من ناناسێ. با باسی چیرۆکی پشت ئەم قەسیدەیەت بۆ بکەم؛ ڕۆشتم بۆ وەزارەتی ناوخۆ، باش بیرم نییە بۆ دەرکردنی ناسنامە بوو یان نوێکردنەوەی. بۆشاییەک کە پەیوەندی بە شوێن و ئاکنجی بوون و لەدایکبوونەوە هەبوو، دەبوایە پڕبکردرایەتەوە.
کارمەندەکە لێی پرسیم: نەتەوە؟
بەرسڤمم دایەوە: عەرەبم.
دووبارە بە تۆنێکی جۆرێک لە نکۆڵی پرسییەوە، دووبارە هەم بەرسڤمم دایەوە، لەم ئاسۆیەدا بە عیبری وتم: سجل انا عربی.
لە پاسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، پێش ئەوەی لەسەر پارچە کەغەزێک بینووسم، لەمێشکمدا نووسیم. بنەڕەتی قەسیدەکە وەک فۆڕمێک کە زانیارییەکانی من لەخۆ دەگرێت دەچوو. وەلێ شیعر لە قژێکی زەردەوە بوو بە ڕەش، ڕەق وەک بەرد. وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ کارمەندەکە منداڵەکانم بوون بە هەشت، ئەو مێشکە ئیسرائیلیەی کە زۆری ژمارەی منداڵەکانمان تێکی داون. هەر شتێک کە ئەم مێشکە تێکی دەدات لەم قەسیدە کۆبوویەوە، ناسنامەکەم ئەمەندە فراوان کرد تا بوو بە هی هەمووان.
- فەلسەفەی پشت ” لاتعتذر عما فعلت” چییە؟
+ هەموو مرۆڤێک، لە کۆتایی شەودا لەکاتێکی دیاریکراوی ژیانیدا، چاوێک بە ڕێچکەی ژیانی و ئەزموون و پەیوەندییەکانی بە بابەتی گشتییەوە دەخشێنێت. مرۆڤ هەڵەی زۆر دەکات و کاری ڕاستیش کەم دەکات. بەڵام لە دەرئەنجامدا “مرۆ بەرهەمی ئەزموونی خۆی و واقعی کۆمەڵایەتی و مێژووییە”. بەپەشیمانی و ئازارەوە ئاوڕ بدەیتەوە بۆ دواوە، سوودێکی بۆ خوود نییە. پێویستی بەردەوامبوونی وزەی ناوەکی، ڕێگە بە مرۆ دەدات، مانایەک بۆ بوونی خۆی لەم سەر زەمینەدا بدۆزێتەوە. گەڕانە بەدوای “من “و پارچە پارچەکردنی. ڕوانینە لە ژیانێک کە پڕم کردبوو لە ئاریشە و ئازار و پچڕان. لە دەرئەنجامدا، بە قیرسیمچەیەکی شاعیرانەوە، بڕیارم دا نە داوای لێبووردن بکەم، نە لە هیچ کارێک کە کردوومە پەشیمان بم. چونکە من ناتوانم ڕابردوو بگەڕێنمەوە و هیچ کام لە بەشەکانی نە چاک بکەم نە گۆڕانکاری تیا بکەم.
- پێش ئەوەی شیعرێک بڵاو بکەیتەوە، پیشانی هاوڕێکانتی دەدەی، ئایا ئەمە لە خۆهەڵکێشانە یان ماڵیکردنە؟
+ جۆرێکە لە پێوەردانانی یەکەمی شیعرەکە. بێگومان، هەموو شاعیرێکی ڕاستگۆ ئەوەیە کە سەرەتا گومان لە خۆی دەکات، نەک ئەو شاعیرەی جگە له ڕاستگۆیی هیجی تر ناڵێت! ڕاستگۆیی لە پەیامبەرانە و گوفتار باشی لە شاعیرانەوەیە. وەک ئەوەی کەسێک وتی، ڕاستگۆیی ئەوەیە پڕ بی لە توانای گومان. یەقین بکوژی هەر داهێنانێکە، متمانەی تەواوت بە کارەکەت هەبێت و یەقینت هەبێت کارێکی کامڵە! خوودی خۆم، تا زیاتر گەورەبم و شوێنێکی باڵاتر لەلای ڕەخنەگران و خوێنەران بکەمەوە، زیاتر ترساوم، ئەم ترسەش لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هاتووەتە بوون. ڕوویداوە زۆرێک لە شاعیرەکان شتێکیان دەیان و سەدان جار دووبارە کردووەتەووە. نوێکردنەوەیەکی سەرنەکەوتوو لە لاسایکردنەوەیەکی سەرکەوتوو باشترە. چونکە من ناتوانم بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستنووسێک بدەم. چەند شتێک هەیە دەیکەم:-
یەکەم:- دەستنووسەکە دادەنێم و دوای دوو مانگ دەیخوێنمەوە. ئەگەر تێبینیم کرد زۆر لە خۆم دەچێت، ئەوا دەزانم شتێکی نوێم نەکردووە. ئەگەر زانیم کەسێکی دیکە نووسیوێتی و من نا، و سەرسام بکات – سەرسامیش لەوە نایە کە تۆ کردووتە، لەوەوە دێت کە کەسێکی دیکە کردوویەتی- ئەوکات پەی بەوە دەبەم شتێکی تێدایە بڵاو بکرێتەوە بۆ خەڵکی. هێشتا ئەمەش بەس نییە، ئەوەی دەینووسم پیشانی سێ جۆر لە دۆستانی دەدەم؛ شاعیرەکان، ڕەخنەگران، خوێنەری ئاسایی. زۆر بە وردی گوێ لە تێبینییە نەرێنییەکان دەگرم و کاری لەسەر دەکەم. هەندێک جار بە گومانم، پێویستم بە یەکێکە لە گوومانی ئەو پەڕانە قووڵ ببێتەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن شعر ئیلهامێکە لەلایەن خوداوە، من وای نابینم. من بڕوام وایە بەشێک لە نووسین ئەوەیە بزانیت چۆن مەحف بکەیت، چۆن گۆڕانکاری بکەیت. لەم پرسیارانەی کۆتایدا، شاعیر خۆی لەبەردەم جۆرێک لە یاری پرسیاری کورت و خێرا وەڵام دانەوە، دەبینێتەوە.
- شەو؟
+ کەیفم پێی نایە، لێی دەترسم. لە شەودا جگە لە خوێندنەوە هیچی دیکە ناکەم. تەنانەت لە شەودا ناتوانم یەک وشەش بنووسم.
- تەنها لە بەیانیاندا دەنووسی ؟
نازانم بۆچی، وەلێ لە ڕووناکیدا نەبێت نانووسم. خۆی شەو کاتی شیعرە و کاتێکی زیاتر فەراهەم دەکات، بەڵام لەم کاتە بێبەشم.
- بێدەنگی؟
+ بێدەنگی بوونی نییە. بێدەنگی ژاوەژاوی گەردوونی هەڵگرتووە، گرنگ ئەوەیە چۆن گوێ لەم بێدەنگییە بگرین.
- خەون؟
+ خەون، دووبارە توانای نووسینەوەی واقعە بەشێوەیەکی نەبینراو.
- خەوتن؟
پەرستشە. زۆر کەیفم بە خەو دێت، کاتێک دەخەوم و دەزانم خەوتووم، دڵخۆشم. وای نابینم کە مانای مەرگی لە خۆ گرتبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە مەلەکردنە لەسەرو هەورەکانەوە. ئاسوودەییەکی کامڵە.
- خۆشەویستی؟
+ پرسیارێکی دژوارە، چونکە دەگۆڕێت. هەموو سەری کاتژمێرێک پێویستی بە وەڵامێکی جیاوازە. دوو کەسن، لەبەرەوپێشچوونی هەڵە تێگەشتن هاوکاری یەکدی دەکەن.
- هاوڕێیەتی؟
+ سەختترین و بە ئازارترینە.
- ژن؟
+ جوانییە، جوانی گەردوونە.
- قەسیدە؟
+ خۆشەویستییەکی بەدی نەهاتووە.
سەرچاوەکان؛
مجلة نزوي/ سامر ابو هواش
مجلة ندوة/ حسن نجمي/ 2007
مقابلة رحلة في عالم محمود درويش
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد