سێ كچم هەیە، لە یەكێك لە سەفەرەكانماندا لەگەڵ خێزانەكەمان چووین بۆ ئێران، كیژە نێوەنجییەكەم كە ئێجگار فرەزان و عەیارە و لە هەمان كاتدا بوێرە لە دەربڕینی بیروڕاكانی، ئەوكات وەكوو پێویست فارسیی بە باشی نەدەزانی. لەگەڵ فەرهەنگ و زمان و كۆمەڵگەی ئێران زۆر ئاشنا نەبوو گوتی: “بابە ئەو شۆفێرانە لە پشتی ئۆتۆمبێلەكانیان قورئان دەنووسن؟” گوتم: “بابە گیان، ئەوانە قورئان نین درووشمە مەزهەبییەكانن. بۆ نموونە: یا فاتمە، یا زەهرا، یا عەلی، یا مەولا، یا ساحیبولزەمان”. بۆم ڕوونكردەوە ئەو نووسراوانە لەگەڵ ئایەتەكانی قورئان جیاوازن، بەڵام كچەكەم بەهۆی خەتە عەربییەكانەوە وای دەزانی ئایەتەكانی قورئانن. گوتم: “باشە مەبەستت چییە لەم پرسیارە؟” گوتی: “بۆچی هەندێ لەو كەسانەی ئەم وتە پیرۆزانە لە پشتی ئۆتۆمبێلەكانیان دەنووسن، هێندە بێ ئەدەبی دەكەن؟ بۆچی بە ڕقەوە پێش لە یەكتری دەگرن؟ بۆچی جنێو و بە یەكدی دەدەن؟”
زۆر سەرم سوڕما و پێمگوت: “بابە گیان ئەو كەسانەی ئەم وتانەیان نووسیوە و چەسپاندویانە بە پشتی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە، هەمان ئەو كەسانە نین كە شۆفێری دەكەن”. پرسیاری كچەكەم گەلێك ڕایتەكاندم، بڕیارمدا بە جدی و قووڵتر بیر لەم بابەتە بكەمەوە. لە خۆمم پرسی: ئایا ئەو كەسانەی ئەم دەستەواژانەیان لە پشتی ئۆتۆمبێلەكانیان چەسپاندووە، بە ڕاستی بڕوایان بەم نووسراوانە هەیە؟ واتە بۆ نموونە كەسێك لە ئۆتۆمبێلكەی نووسیوە “بیمەی ئەبولفەزڵ” بڕوای وایە ئەگەر حەزرەتی ئەبولفەزڵ پشتیوانی بێت، پارێزراو دەبێت و كێشەی تووش نابێت؟ ئەی بۆچی لە كردەوەدا ڕەفتاری لەگەڵ ئایین و ڕەوشتی ئەم كەڵە پیاوانەدا هێندە جیاوازە؟ هیچ یەك لە گەورەكان قسە و هەڵسوكەتیان نەشیاو نەبووە، یاخود بە ئەنقەست هیچ كەسێكیان نەڕەنجاندووە. ئەوان هەرگیز غەرەزێكیان بۆ ئازاری كەسانی دیكە نەبووە، بە پێچەوانەوە و بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، نییەت و ڕەفتاریان هەمیشە بۆ خێر گەیاندن بە خەڵك بووە. هەر لەبەر ئەمەشە هێندە بە مەزنی ناوبانگیان دەركردووە. بیرمكردەوە هۆكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بە بۆ چوونی ئێوە هۆكارەكان چین؟ بۆچی هێندە مەودا هەیە لەنێوان گوفتار و رەفتارماندا؟ بۆچی لەگەڵ ئەو شتەی بانگەشەی بۆ دەكەین، هێندە جیاوازین؟ بۆچی لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە هزرماندا سەبارەت بە خۆمان كێشاومانەنە، هێندە جیاوازین؟
كەسێك دەناسم یەكێكە لە ئازیزانم و ئێجگار ڕێزم بۆی هەیە، زۆریش منی خۆش دەوێت. ئەویش بە جۆرێك خۆی لە موریدان و پەیڕەوانی ئیمامی عەلی دەزانێت و زۆر بە ڕێزەوە باسیشی دەكات، ڕێوڕەسمی تایبەتیشی بۆ دەگێڕن. بەڵام بۆ نموونە بە ئاسانی خەڵك لە خۆی دەڕەنجێنێت، وەكو خەڵك دەڵێن، بەرانبەرەكەی بریندار دەكات، یان بۆ نموونە ئەگەر لەگەڵ كەسێك كێشەیەكی هەبێت، نایبەخشێت و ساڵانێك لەگەڵی لووتەلا دەبێت و قسەی لەگەڵ ناكات، هەوڵی ئاشكردنەوەشی نادات. بە بۆچوونی من ئەو تەنیا یەك جار ژیانی “ئیمامی عەلی” سەرلەنوێ بخوێنێتەوە، درك بە جیاوازیی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات و ئەوەی هەیە، دەكات. ڕەفتاری “ئیمامی عەلی” كەی لەگەڵ ڕق لێبوونەوەدا بووە؟ كەی لەگەڵ سووك و ڕیسواكردنی ئەوانی تر گونجاو بووە؟ بە هەرحاڵ زۆر بیرم لێكردەوە, پێم باشبوو ئەم پرسیارە بكەم تا هەموو لایەكمان بیر بكەینەوە. ورد بینەوە, ئەگەر بە ڕاستی بەو جۆرە نین كە دەیڵێین و بانگەشەی دەكەین, دانی پێدا بنێین!
هەرچەند بە یارمەتیی زانستی دەروونزانی ئەم بابەتە ئاوەڵاتر بووە. لە ڕاستیدا جیاوازی و مەودا هەیە لە نێوان ئەو شتەی ئێمەی مرۆڤ (دەیڵێین و ئەنجامی دەدەین) ئەم فەرمانەش هەڵبەت نیشانە و بەڵگەیشی هەیە. ئایا ڕوویداوە بڕیار بدەی وەرزش بكەیت، یان ئاگاداری چێشت و خواردنەكەت بیت، یان ئەگەر فڵانەكەس قسەیەكی كرد، تووڕە نەبیت و كۆنترۆڵی خۆت لەدەست نەدەیت؟ بە ئەگەری زۆر وەڵام دەدەیتەوە: “چەندین جار هەوڵمداوە!”. چەندین جار لەگەڵ خۆت بڕیارتداوە، بەڵام لە كرداردا دەبینیت نەوتوانیوە بەو جۆرەی بەڵێنت دابوو، بە كردەوە بیكەیت. دووبارە وەك پێشتر تووڕە بوویت، وەكوو جاران هەڵەشە دەبی یان وەك ڕابردوو بێدەنگ دەبی و وشەیەك نادركێنی، پاشان پەشیمان دەبیت كە بۆچی قسەت نەكرد و ڕەنگە سەریشت سوڕ بمێنێ بۆچی ڕەفتارەكانت هێندەی دەتەوێت لەژێر كۆنترۆڵی خۆتدا نین؟ جوانترین وتە لەمبارەیەوە “حافزی شیرازی” لەم بەیتەدا بەیانی كردووە و دەڵێ: لەنێو ئەم دەروونە ماندووەی مندا نازانم كێیە، كەوا من بێدەنگم و ئەو هەر لە هەراوهوریادایە. ئەم مەودایەی نێوان “هەست و نەست” لەم بەیتەدا بە جوانی و ڕوونی خراوەتە ڕوو. بە ڕاستی لە دەروونماندا شتێك هەیە ئێمە ئاگایانە كۆنترۆڵمان بەسەریدا نییە. هەمان “نەست یان ناخوود ئاگا” لە دەروونزانیدا هێمای بۆ دەكرێت. پێدەچێت ئێوەش پێی ئاشانا بن. هەڵبەت لە نێوان هەست و نەستدا دۆخێكی دیكەش هەیە, بەڵام بۆ ئەوەی باسەكە ئاڵۆز نەكەین, كورتی دەكەمەوە. ئێمە لە مێشكماندا دوو بەشمان هەیە: بەشێكی “هەست” و ئەوی دیكە (نەست)ە. لە بەشی نەستمان زۆر لە كارەكان ئەنجام دەدرێن، بێ ئەوەی ئاگامان لێیان بێت. بۆ نموونە: ئێستا كە تۆ خەریكی ئەم وشانە دەخوێنیتەوە، هاوكات مێشكت دەیان و سەدان چالاكیی دیكە تۆمار دەكات، بێ ئەوەی خۆت ئاگات لێ بێت: دەنگی كۆڵان، دەنگی منداڵ، بۆنی چێشتی چێشتخانە, دەنگی تەلەفزیۆن و ناو ماڵ و هتد… مێشك بە چەشنێك بەرنامەڕێژی كراوە، كاتێك ئەم چالاكییانە وەردەگرێت، ئەگەر پێویست بكات، بە لای كەمەوە دوو كاردانەوە نیشان دەدات: ئەگەر پێویست بكات ئەوە دەینێرێ بۆ بەشی (ئاگاتان – هەست).
بۆ نموونە دەڵێیت: چێشتەكە كوڵا، جەڕەسی دەرگایان لێدا، منداڵەكە خەبەری بووەوە، یان پەنجەرەكە كراوەیە، ئێستا با هەڵدەكات، دەڵێت دەرگاكە دابخە، بڕۆ بە شوێن منداڵەكەدا، یان دەنگی تەلەفزیۆنەكە كز بكەو لەم جۆرە دۆخانەدا هانتان دەدات هنگاو بۆ كارە پێویستەكە بنێن. لە حاڵەتی دووەم خودی مێشك بە شێوەی (خۆكار – ئۆتۆماتیكی) كارێك لە قەواڵەی چالاكیی وەرگیراودا ئەنجام دەدات، بێ ئەوەی ئاگاتان لێ بێت. بۆ نموونە كاتێك تەماشای تەلەفزیۆن دەكەیت و هاوكات هەست بە گەرما دەكەیت، مێشكت بەبێ ئەوەی شتێكت پێ بڵێ، دەست دەكات بە عەرەقكردن یان ئەگەر سەرماتان بێت دەست دەكات بەگرمۆڵەبوون، ئەگەر بەتانییەك لەبەردەستدا بێت، بێ ئەوەی ئاگات لەخۆت بێت دەیدات بە سەر پێیەكانتدا. “نەست – ناخوود ئاگا” كاری ئاسانكردنی ژیان و خێراییدانە بە ڕێچكەی ژیانمان. بەم هۆیەشەوە مرۆڤە سەركەوتووەكان ئەو كەسانەن كە ناخودئاگایەكی سەركەوتوویان هەیە، واتە ناخودئاگایان زانیارییەكان وەردەگرێت، بەڵام لەسەر بنەمای بەرنامەیەك كە پێشتر پێیانداوە، ئیتر (بەرنامەیەكی هەڵە بێت یان دروست) كار دەكات. ئەگەر من ئۆتۆمبێلێك لێبخوڕم كە ناوی كەسێكی مەزن لە شووشەی پشتەوەی نووسراوە و خراپ شۆفێری بكەم، لە ڕاستیدا سووكایەتی بە مەزنایەتییان و بەوانەی كە بڕوایان بە گەورەیی و كەرامەتی ئەوان هەیە، دەكەم. ئەگەر من بانگەشەی ئەوە دەكەم كە مرۆڤێكی خواناسم، لە هەمان كاتدا ڕق لەدڵ بم، بیرم چووە كە یەكێك لە سیفەتەكانی خوا بەخشندەییە. ئەگەر من خۆم بە مرۆڤێكی باوەڕدار دەزانم (هەر دینێكم هەبێت)، بەڵام بێ پلان و بێ بەرنامە بم، كەواتە بیرم چووە كە خوا ژیانی لەژێر یاساگەلێك داناوە كە هیچ شتێك بۆ چركەیەك پاش و پێش ناكەوێت و هەر شتێكی لە گەردووندا “لە بچووكترین تا گەورەترین” هەمووی بە یاسایەكی ڕێكوپێك ڕێكخستووە و بێدەنگ و لەسەرخۆ، بەڵام پایەدار و هەمیشەیی. ئەم ڕێكخستنە خوا بەدیی هێناوە و لە گەردووندا بەرقەرارە. كەوابوو من بۆچی بەبێ رێكخستن كار دەكەم؟ چۆن بەم بێ پلانییە ناوی خۆم بنێم خواپەرست و خودا دۆست؟ یان بۆ نموونە لە نزاكانمدا دەڵێم خوایە بمبەخشە، منت خۆش بوێ و یارمەتیم بدە ژیانم باشتر بێت و داهات و داراییم زیاد بكەم، ئایا خۆم ئەم كارە لەگەڵ هاوسەرەكەم دەكەم؟ لەگەڵ منداڵەكانم و لەگەڵ دراوسێ و دۆستانم دەیكەم؟
ئەم جیاوازی و مەودایانەی نێوان هەست و نەست، بە هۆی ئەوەیە كە هەستم دەڵێت: ئەگەر بڕوات بە فڵان شەخس و مەشایەخ هەبێ و پشتی پێ ببەستی، ژیانت باشتر دەبێت، ئایندەت ڕوونتر دەبێت، بەڵام لە نێو نەستم بڕوایەكی پێچەوانە و دژ هەیە كە هەر سازی خۆی لێدەدات. ئێمە پێویستە فێر بین كە (هەست و نەست) پێكەوە گرێ بدەین. واتە بە مێشكی ئاگامان بیربكەینەوە و ڕێگەچارەكان پەیدا بكەین و بە نەستمان پیادەی بكەین. ئەگەر بمانەوێ كارێك تەنیا بە هەستمان ئەنجام بدەین، گەلێك دەكەوینە زەحمەتەوە. پێت وایە كەمانچەژەنێك، ژەنیارێكی پیانۆ یان هەر ئامێرێكی دیكەی مۆسقا، كاتی ژەنین بیر لەوە دەكاتەوە چۆن دەستەكانی بەر كلاویە و ژێیەكان بكەوێت؟ ئەگەر ژەنیار بیەوێت لە كاتی ژەنین بیر بكاتەوە، ناتوانێت! ئەو تەنیا دەتوانێت بە خۆی بڵێت دەمەوێت بۆ نموونە بەشی ژمارە پێنج لێبدەم، دواتر دەست دەكات بەژەنین.
كەواتە ژەنینی سرووشتی، ژەنینی چاك، كارێكە كە بە نەست ئەنجام دەدرێت. دەزانم كە هەمووتان دەتانەوێت سەربكەون، سەركەوتنیش لە هزری هەر یەك لە ئێوەدا جیاوازە، بەڵام با وایدابنێین بۆ نموونە: ئێستا غەمباریت و دەتەوێت شاد بیت، یان دەتەوێت هاوسەرگییری بكەیت، یاخود دەتەوێت لەگەڵ هاوسەرتان جیابنەوە، یان دەتەوێت منداڵانێكی چاكتر پەروەردە بكەیت، یاخود دەتەوێت كارێكی چاك پەیدا بكەیت، یان دەتەوێت داهاتت بەرزببێتەوە، یاخود دەتەوێت وەرزش بكەیت و كێشت كەم كەیتەوە، یان كێشت زیاد بكەیت. شتێك یا چەند شتێكت لە هزری خۆتدا وەكوو ئامانجێك دیاری كردووە، دەتەوێت ئەنجامیان بدەیت، بەڵام لە پراكتیكدا سەركەوتوو نیت، لەم دۆخەدا پێویستە بزانیت هەڵەی كار لەوەدایە كە دەتەوێت تەنیا بە (هەست – ئاگا)ت ئەم كارە ئەنجام بدەیت. بە پێچەوانەوە، پێویستە بتوانیت ویست و هێزی (نەست)ت لەم كارەدا بەشداری پێ بكەیت، ئەگەرنا لە كارەكەت دووچاری شكست و دڵساردی دەبیت.
بێگومان دەپرسن چۆن؟ بۆ ئەوەی سوود لە هێزەكانی “نەست”تان وەربگرن، چەند شێوازێكی سادە بوونیان هەیە، یەكێك لەوانە (وتنەوە – تەڵقینە)یە. ئەگەر بەردەوام چەند وشەیەك یان بابەتێك لەبەر خۆتانەوە دووپات بكەنەوە، پاش 21 ڕۆژ ئەو زاراوە و بابەتە دەڕواتە نێو “نەست”تان و ئیدی بەبێ ویست و بە بێ ئەوەی پێویست بكات لەبارەیەوە بیربكەنەوە، ئەنجامی دەدات. ڕەمزی ئەم تەڵقینانەش لەوەدایە ڕستەكان (بە زەمانی ئێستا و سادە) و (بە واتای كورت) و (بە چەشنێكی ئەرێنی) بەیان بكرێن. بۆ نموونە لە بریی ئەوەی كە بڵێیت: “من ئیدی جگەرە ناكێشم و تەندروستیم ناخەمە مەترسییەوە” یان “ئیدی تووڕە نابم و كۆنترۆڵی خۆم لەدەست نادەم، چوونكە زەرەری بۆم هەیە” پێویستە بڵێیت: “من جگەرەم تەرك داوە” یان بڵێیت: “من هەوای پاك هەڵدەمژم”، “من شاد و تەندروستم”، “من خوێن سارد و لەسەرخۆ ڕەفتار دەنوێنم” “من بە تەواوی خوێنسارد و ئارامم”، چما لە دەروونی ناخودئاگاتان جگەرە نەكێشان یان توڕە نەبوون بەڵگەی هەڵبژاردن و ئەنجامی ڕەفتاری درووست نییە. بۆ نموونە: ئەگەر توڕە نەبیت، بەڵگەی ئەوە نییە كە كاری دروست ئەنجام دەدەیت. چوونكە مردووەكانیش تووڕە نابن، بۆ نموونە لەبریی ئەوەی كە بڵێیت: “من خەمۆك نییم” بڵێ: “من شادم، من شادم، من شادم…” هەر ئەمە بڵێرەوە.. هەتا چاكترە تەسبیحێك بگرن بە دەستانەوە و لە حاڵێكدا كە تەسبیح دادەخەی بۆ هەردانە تەسبێحێك لە دوای یەك بە ئارامی بڵێ: “من شادم، من شادم، من شادم…” پێشهاتێك كە لەدوای ئەم تەڵقین و دووبارەكردنەوە ڕوو دەدات، گەلێك لەبەرچاو و جوانە.
لە مێشكی ئێمەدا لەنێوان ئەوشتەی كە “دەیڵێین” و “ئەنجامی دەدەین”، یان ئەوشتەی كە “بیری لێ دەكەینەوە” و “هەستی پێ دەكەین”، پێویستە “هەماهەنگی” هەبێت. ئەگەر “ڕەفتار و ئاخاوتن هەست و بیر” پێكەوە هەماهەنگ نەبن، یەكێكیان دەبێت تەرك بكرێت. بۆ نموونە من بە ئێوە دەڵێم: “من ئێوەم خۆش دەوێت”. لە كاتێكدا بە ڕاستی خۆشم دەوێن. هەر ئەوەندەی كە دەمەوێت بڵێم ئێوەم خۆشناوێت، مێشكم دەڵێت تۆ كە خۆشت دەوێن؛ ئەم دژیەكییە دەبێتە بایسی گۆڕانی ڕەفتاری من و ئێوەش درك دەكەن كە ڕاست ناكەم چوونكە لە مێشكی مندا هاوئاهەنگی لە نێوان بیر و هەست و ڕەفتارمدا بوونی نییە. ئێستا من دەڵێم: ئێوەم خۆش دەوێت، مێشكیشم دەڵێت بەڵێ خۆشت دەوێن، چما لە ڕەفتارمدا ئەم خۆشویستنە دەردەكەوێت، بە بێ ئەوەی كە هیچ گرفت و بەربەستێك بوونی هەبێت. لە هزری ئێمە، دەبێت هەستەكانمان لەگەڵ ئاخاوتنەكانمان و ڕەفتارەكانمان بخوێنرێنەوە، ئەگەر نەخوێنرێنەوە، خۆشبەخت نابین. بۆچی دەڵێن درۆ خراپە؟ چوونكە درۆ واتە گوتنی شتێك لە قووڵایی هزرتا باوەڕت پێی نییە. كاتێك كەسێك درۆ دەكات، لە مێشكیدا لینجاوێك درووست دەبێت لە ئەنجامدا شیمیی خوێنی دەگۆڕێت, مرۆڤێكی خۆشبەخت نابێت. هەموو ئەوانەی گوتمان، چ پەیوەندییەكی بە باسەكەمانەوە هەیە؟ ئێوە ئەگەر بەردەوام وتەگەلێك بڵێنەوە, مێشكی نائاگاتان ئەو وتانە وەكوو پەیامێك پێناسە دەكات, بە “هەڵبژاردنی ڕەفتارێكی ئاگایانە”. بەو هۆیەوە ئەو هەستەی پێشتر لەگەڵ وتە و ڕەفتارەكانمدا هەماهەنگیی نەبوو، لادەبات و هەستێكی تازە و خوازراو لە شوێنی دادەنێت. كە دەڵێیت: “من شادم، من شادم، من شادم” مێشكت دەڵێت: “شاد نیت، شاد نیت, شاد نیت،” ئەگەر درێژە بە دووپاتكردنەوەی ڕستە پۆزەتیڤە هەڵبژێردراوەكەتان بدەن، مێشكتان كە دەبینێت ئێوە كۆڵ نادەن، لە ئەنجامدا دەڵێت: “كە وابوو دەبێت من شاد بم!” مێشكیش كاتێك باوەڕی كرد كە پێویستە شاد بێت، ناڕەحەتییەكان وەلا دەنێت. وتەیەكیش هەیە دەڵێت: “داوەتی فریشتەكان بكەیت، دێوەكان دەچنە دەرەوە”، بە پێچەوانەوە هەر كاتێكیش دێو بێتە ناوەوە، فریشتە دەڕواتە دەرەوە. ئێوە فریشتە بنێرنە ناوەوە، دێو خۆی دەڕواتە دەرەوە. مێشك ناتوانێت كارێكی دیكە بكات. ڕاستە سەرەتا مێشك بەرگری دەكات و نایەوێ بڕوا بهێنێت، بەڵام دواجار ناچارە خۆ بەدەستەوە بدات. یان بۆ نموونە ئەگەر دایم بە خۆتان بڵێن: “من سەركەوتووم، من سەركەوتووم، من سەركەوتووم”، مێشكتان دەڵێت: “كوا لە كوێ سەركەوتووم؟ شتی وا نییە، ڕەوشی ژیانم خراپە، ژیانی هاوسەریم خراپە، خوێندنم خراپە، بەڵام ئێوە گوێ لەم وتانە مەگرن، تەنیا بڵێن من سەركەوتووم.
تەسبێحێك بگرن بە دەستتانەوە و بەردەوام ئەم وتە پۆزەتیڤانە دووپات بكەنەوە. بە واتایەكی باشتر، لێرەدایە كە بە یارمەتیی “ئاگاتان – ناخودئاگاتان” بەرنامەڕێژیی دەكەن. بە تەسبێح دەتوانین گەلێ وتە هەن كە دووپاتیان بكەینەوە، یەكێك لەوانە وتەكانی خودسازییە وەك: “من خۆمم خۆش دەوێت, من خۆشەویستم, من دەتوانم, من دەوڵەمندم, من سەركەوتووم, من خۆشحاڵم, من بە تەواوی سەلامەت و تەندرووستم… هتد”. بە دووپاتكردنەوەی ئەم زكرانە، هەرچەند لە ساتی مەشقدا هەماهەنگی نەبێت لەگەڵ هەستەكاتان و باوەڕەكانتان، كەم كەم مێشكتان ڕادێت و هەست و بیرێكی نوێ كە بگونجێت لەگەڵ “زیكرەكانی” ئێوەدا، چالاك دەكات و باوەڕی پێ دەكات. دەتوانین بەم كارە هاوڕێیانی خراپ، ڕەوشی ژینگەی ناجۆر و كاریگەرییەكانیان لەسەر خۆمان و منداڵەكانمان، ئاگایانە لە بەرژەوەندیی خۆمان و ئازیزانمان بەكاربەرین. هەمیشە خاڵە پۆزەتیڤەكان بیری خۆت و كەسە نزیكەكانت بهێنەرەوە، ئەگەر لەو چركەساتەدا باوەڕ نەكەن، ئاساییە، وردە وردە بڕوا دەكەن و تەسلیم دەبن و بۆ هەمیشە سوپاسگوزارت دەبن. كەواتە ئەگەر بمانەوێت خاڵەكانی سەرەوە كۆبكەینەوە، دەبێت هێما بۆ ئەم لایەنانە بكەین:-
- زكرەكان بە شێوەی ڕستەی كورت و چاكتر بە شێوەی واتای سادە بوترێن.
- بە زەمانی ڕانەبوردووی بەردەوام بەیان بكرێن.
- زكرەكان و وتەكان پێویستە بە جۆرێكی (ئەرێنی – پۆزەتیڤ) بەیان بكرێن. “بزانین چیمان دەوێت، نەك بزانین چیمان ناوێت”.
- دووپاتی بكەینەوە، تا دەتوانین دووپاتی بكەینەوە، سێ جار لە ڕۆژێكدا بۆ ماوەی لانیكەم 21 ڕۆژ. دووپاتكردنەوەی ئەم جۆرە زكرە ئەرێنی و بنیادنەرانە، بەگوێرەی پێویست دەتوانێت هۆكارێك بێت كە ئیدی لە پشتی ئوتۆمبێلەكەمان شتێك نەنووسین كە لە كرداردا بەو جۆرە نەبین. ئەگەر ئەو وتانە لەبری چەسپاندن بە پشتی ئۆتۆمبێلەكانمانەوە، لە پێش چاومان دایانبنێن و بیانبینین و بیانخوێنینەوە، ئیدی منداڵەكان ڕەخنە لە من و تۆی گەورەتر ناگرن كە بۆچی لە پشتی ئوتۆمبێلەكانتان و دەرگای ماڵەكانتان و لەسەر مێزی كارەكانتان، شتانێكتان نووسیوە ئەنجامیشی نادەن. ئەگەر ئەم كارە بكەین، پێشهاتێكی زۆر چاك ڕوو دەدات. یەكەم كەس پێش هەمووان هەست بە شادومانی و خۆشبەختی دەكەین، چوونكە ئیدی ئەوەی كە ئەنجامی دەدەین، لەگەڵ ئەوەی كە لە هزرماندایە، یەك شتە. دەبینە ئەوەی كە بانگەشەی بۆ دەكەین. ئەوكات خەڵك دەڵێن: مرۆڤێكی ڕاستگۆیە، خۆشەویستە، بەڕێزە. دەمەوێت داواتان لێ بكەم لە ژیانتاندا بڕیار بدەن: درۆ نەكەن! دەتوانی ڕاستیی مەسەلەیەك نەڵێیت، چونكە هەندێ جار لە بەرژەوەندیی مرۆڤ نییە ڕاستییەكان بڵێ، بەڵام درۆش مەكە، هەوڵ بدە قسە مەكە، بڵێ من وەڵام نادەمەوە، بەڵام تكایە درۆ مەكە! ئەوكات دەبینیت كە ژیانت چەند هێندە خۆشتر دەبێت! ئەگەر بڵێیت: “ناچارم!”. باشە ئەگەر ناچاریت, بیكە، بەڵام بزانە كە خۆشبەت نابیت و ناچاریت بە بەدبەختی بژیت! هەتا زۆر شت كە گوتنیان و ئەنجامدانیان بۆمان ئاسایی بووەتەوە، لە خۆیدا درۆیە. بۆ نموونە: ئێوە هاتوون بۆ میوانی بۆ ماڵی من و منیش خوڵكتان دەكەم و دەڵێم: “فەرموون وەرنە ماڵەوە”، لە حاڵێكدا نامەوێت میوانداریتان بكەم، رەنگە كارێكی دیكەم هەبێت، یاخود ماندوو بم و بمەوێت بنووم، یان دەمەوێت بڕۆمە دەرەوە پیاسە بكەم، دەڵێم: “نا نا, لە خزمەتاندام، فەرموون، خۆشحاڵم”. ئەمانە هەمووی درۆن، دەتوانم بڵێم: “دەمەوێت بڕۆمە دەرەوە پیاسە بكەم، ئەگەر دەكرێت پێكەوە بڕۆین، ئەگەر ناشكرێت لە ماڵەوە دەمێنینەوە، گەرچی لە ماڵەوە بین، خۆشحاڵ نیم”. لەم حاڵەتەدا درۆمان نەكردووە، سەرباری ئەوەش قسەی خۆمانمان كردووە.
با هەوڵ بدەین ئەم درۆ و ڕۆتینانە لە ژیانماندا بسڕینەوە. ئەگەر شتێك لە پشتی ئۆتۆمبێلكەمان دەنووسین, ئەگەر تابلۆیەكمان هەیە لە ماڵەوە, ئەگەر وتەیەك دەڵێین و ئەگەر بانگەشەیەك دەكەین, پێویستە بزانین خەڵكانێك هەن كە چاودێریمان دەكەن و لە خۆیان دەپرسن: “بۆچی ئەم وتانەی كە دەیڵێن، خۆیان كاری پێ ناكەن؟!” ئەگەر وتەیەك كە دەیڵێن، كرداری پێ بكەین، دەبینە سەرمەشق بۆ هەزاران و ملێونان مرۆڤی دیكە. ئەوەش بزانین كە من و ئێوەش تەنیانین و باوەڕ بكەین كە دەتوانین دنیا بگۆڕین؛ بە مەرجێك ئەو شتە بین كە دەیڵێن. گەورەترین پاداشتی ئەم كارەش خۆشبەختییە.” ئەوە بین كە دەیڵێین و بانگەشەی دەكەین”، ئەمەش پاداشتێكی كەم نییە. بە هەرحاڵ قسەكردن لەم بارەیەوە زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە بزانن زۆرێك لە چاوەكان, زۆرێك لە گوێیەكان و زۆرێك لە هەستەكان, لە حاڵی خەمڵاندنی من و ئێوەشدان. ڕەنگبێت خۆمان فریوو بدەین و لامان وابێت ئەوانی دیكەمان فریوو داوە, بەڵام زۆر بە سەختی دەتوانین هەست و داوەری و نێوانگیریی خەڵكی لە بەرژەوەندیی خۆمان بگۆڕین. ئەوانی دیكە فریوودانەكانمان وەكوو هەستێك و وەكوو شاردنەوەیەك, لە من و تۆ وەردەگرن. دەڵێن: “نەچووە دڵمەوە, ئێستا با تێپەڕێت لەبارەیەوە بیر دەكەمەوە.” لە یادمان بێت كە بە مەشقی سادەی تەسبێحێك دەەتوانین حاڵمان بگۆڕین و باشتری بكەین. هەوڵ بدەن پێدا چوونەوەی ئەم دوو زیكرە سادە لە ژیانماندا بگونجێنین:
“من خۆمم خۆش دەوێت, من خۆشەویستم”
هەوڵ بدە هەموو ڕۆژێك بەیانیان پێش هەستان و هاتنە دەرەوەت لە نێو نوێنەكەت، نیوەڕوان و شەوان كاتێك كە دەچیتە نێو پێخەفەكەت، ئەم زیكرانە دووپات بكەرەوە. كاتێك دانكێك تەسبێح دادەخەیت، بۆ هەرخولێكی تەسبێحێك یەكێك لەم زیكرانە دەڵێیت كە بە كۆ دەكاتە 100 جار دووپاتی هەریەكەیان لە ڕۆژێكدا، ئەو كات دەبینیت كە حاڵت چەند باشتر دەبیت، دەبینیت چەند بۆ خۆت و ئەوانی دیكەش خۆشەویست و بەڕێزتر دەبیت. ئەو كات كیژێك كە دەیەوێت هاوسەرگیری بكات و پێی وایە كوڕانی گەنج تەنیا لە شوێن كچانی شۆخ و شەنگ و پارەدار دەگەڕێن، دەبینێت كەسانی لەبار و گونجاو دێنە سۆراغی، یان كوڕێك كە وا بیر دەكاتەوە ئیش و كار یاخود هاوسەری لەبار لەم چەرخ و زەمانەدا پەیدا نابێت، دەبینێت هەموو ئەو شتانەی دەیەوێت دێنە سەر ڕێگەی و سۆراغی، بۆچی؟ چوونكە مێشكی مرۆڤ میكانیزم و ماشێنێكە باوەڕەكان ئیسپات دەكات! ئەگەر پێت وابێت بۆ نموونە: چوونكە ڕەوشی داهاتم باش نییە، كەس سۆراغم ناكات، ئەگەر بیر بكەیتەوە لەبەرئەوەی من لەهجەم جیاوازە، كەس منی خۆش نەگەرەكە، ئەگەر بیر بكەیتەوە چوون قەڵەوم لای ئەوانی دیكە پەسەند نیم، هەموو ئەمانە ئیسپات دەكەیت. كەسانێك هەن بۆ سۆراغت دێن كە ئامادەن گیانیان دەربهێنن بۆت، بەڵام چوونكە تۆ خۆتت خۆشناوێت و خۆت بە شایستە نازانیت، ڕەتیان دەكەیتەوە! چوون ڕەفتاری ئەوانی دیكە (هەماهەنگی یان – congruency) نییە لەگەڵ ئەو باوەڕانەی كە لە هزری تۆدان.
ئەگەر من بڕوام كردبێت كە مرۆڤێكی بەدبەختم، هەرچی خۆشبەختییە لە خۆمی دوور دەخەمەوە، چوونكە خۆشبەختی لە ڕێچكەی باوەڕی مندا نییە و لە شوێن بەدبەختییەكان دەگەڕێم. كەواتە ئەو بیروباوەڕ و عادەتانە پەسەند بكە كە یارمەتیت دەدەن هەست بكەیت مرۆڤێكی باشتریت و دۆخێكی چاكترت هەیە. ئەو كیژەی كە دەڵێت: “مادام من پارەم نییە، خوازبێنیكەرم نابێت” پێی دەڵێم: خۆشبەختانە هەڵە دەكەیت! من زۆرێك دەناسم كە ڕەوشێكی دارایی باشیان نییە، بەڵام هاوسەرانێكی باشیان هەیە، ژیانێكی خۆش دەژین و ئاسوودەشن، زۆرێكیش دەناسم كە دۆخێكی دارایی باشیان هەیە و ژیانێكی باشیان هەیە، بەڵام دانوویان پێكەوە ناكوڵێت. دەتوانیت پارەدار و ساماندار و خۆشبەخت بیت، هەموو ئەمانە بەدەستی خۆتە، بەڵام ئەگەر باوەڕت وابێت كە: “منیان خۆشناوێت و كەس لێم ناپرسێت” ئەوا ئەو باوەڕت دەسەلمێنیت و تا كۆتایی تەمەنت تەنیا دەبیت. ئەی ئەو لاوەی كە پێت وایە ئەگەر پاڵپشتت نەبێت، كار پەیدا ناكەیت، بزانە كە ئەو بڕوایەت دەسەلمێنیت! ئەگەر بڵێت بۆ هەر كارێك پاڵپشتی پێویستە، دڵنیابە كە پاڵپشتی تۆ خۆتیت, پاڵپشتی تۆ ڕفتارەكانەتە, پسپۆڕییەكەتە، بیركردنەوەكانتە، ئەندێشە و جوورئەتی دەستبەكاربوونتە، بڕوات بە خۆت هەبێت، دەپرسی چۆن؟
خۆت تەڵقین بكە! ئەو شتەی ئەرێنییە، بە خۆتی تەڵقین بكە! زۆر تەڵقینی بكە, لانی كەم ماوەی 21 ڕۆژ بەردەوامبە. ڕستەكان تەئكیدی و ئەرێنی بنووسە و بیانچەسپێنە بە ئاوێنەی دەستشۆرەكەتاندا، بۆ ئەوەی هەركات ویستت دەموچاوت بشۆیت، قژت شانە بكەیت، دەستەكانت بشۆریت، ئەم پەیامە ئەرێنییانە ببینی و هەمیشە لە بەرچاوت بن. پەیام بە پشتی ئۆتۆمبێلەوە مەچەسپێنە تا ئەوانیتر بیبینن، لە پێش چاوت دایبنێ تا خۆت بیبینی، هێندە بیڵێ و دووپاتی بكەوە، تا ئەنجامەكەی دەبینی. بڵێ: من خۆمم خۆشدەوێت، من خۆشەویستم، من دەتوانم, من هەمیشە بڕی زیاد لە پێویست پارەم هەیە، من خۆشبەختم، من زۆر ئاسایی سەركەوتووم, من خۆشحاڵم، من شایستەی ژیانێكی باشترم، شایستەی هاوسەرێكی باشم… هتد. كاتێك ئەمانەت گوت و دووپاتت كردنەوە و باوەڕت كرد، ئەوكات مێشكت دەستدەكات بە ئیسپاتكردنی ئەم باوەڕە نوێیانە، دەبینیت ئەو شتانەی دەتویستن، بەجارێ دێنە سەر ڕێگەكەت.
جیهان و گەردوون هیچ دەست قونجاوو نین، بە پێچەوانەوە زۆریش بەخشندە و دەست و دڵ كراوەن، ئەوە ئێمەین ئامادەی قبووڵكردن دەبین، یاخود دەستی ڕەتكردنەوە بە نیعمەتەكانەوە دەنێین. زیاتر لە وەی بتوانین پێشبینیی بكەین، بەهێز و بەتواناین. خۆشبەختی بەدەستی خۆتە!. تا قسەكردن لەسەر بابەتێكی دیكە، ئارەزووی دڵێكی شاد و لێوێكی پڕ لە خەندەتان بۆ دەكەم.
نووسینى؛ مەحمود موعەزەمى
وەرگێڕانى ؛ شاهۆ لەتیف