دیپلۆماتی ئه‌مریکی؛ ڕیچارد هالبرووک سه‌باره‌ت به قه‌یرانی یوگۆسلاڤیا له ده‌یه‌ی 1990دا ده‌ڵێت: “‘وای دانێن که هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه له ئارادابێت و ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵده‌بژێردرێن ژماره‌یه‌ک ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست، فاشیست و جودایی‌خواز بن. کێشه‌ی سه‌ره‌کییش هه‌ر ئه‌مه‌یه. له ڕاستیدا ئه‌م پرسگره نه‌ک ته‌نها له ڕابردووی یۆگۆسلاڤیا به‌ڵکوو له ئێستادا له هه‌موو جیهاندا هه‌یه. بۆ نموونه ئه‌و ئالنگارییه بهێننه پێش چاوی خۆتان که له ئێسته ئێمه له دونیای ئیسلامدا گیرۆده‌ی بووین. زۆربه‌ی ئێمه ده‌زانین که له‌م وڵاتانه‌دا که به زۆری حکوومه‌ته‌کان سه‌رکوتکارن حه‌وجه و پێویستییه‌ک به دیموکراسی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیموکراسی ببێت به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێک تیۆکراسی “دین سالاری” ئیسلامیی یان شتێکی هاوشێوه. ئه‌وکات ده‌بێ چ بکه‌ین؟ ئه‌مه نیگه‌رانییه‌کی بێ بنه‌ما نییه. له سه‌رانسه‌ری دونیادا کۆمه‌ڵێک سیسته‌می سیاسیی هه‌ن که به شێوه‌یه‌کی دیموکراسیانه هه‌ڵبژێردراون و به زۆریش له ڕێگه‌ی گشتپرسی و ڕیفراندۆمی دووباره‌وه هه‌ڵبژێردراونه‌ته‌وه و په‌سه‌ند کراون، به‌ڵام زۆربه‌ی کات سنووره یاساییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان نه‌دیو ده‌گرن و هاووڵاتیانی خۆیان له مافه سه‌ره‌کییه‌کانیان بێ به‌ش ده‌که‌ن. ئه‌م دیارده جه‌رگبڕه که له وڵاتی پیرۆوه تاکوو فه‌له‌ستین و له غیناوه تاکوو ڤینۆزیۆلا ده‌بینرێت، ده‌کرێت به “دیموکراسیی نالیبراڵی” ناو ببه‌ین.
بۆ خه‌ڵکی ڕۆژئاوا دیموکراسی به واتای “دیموکراسیی لیبراڵی”یه، واته سیسته‌مێکی سیاسیی که تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی نه‌ک ته‌نها هه‌ڵبژاردنێکی ئازادانه و دادپه‌روه‌رانه‌یه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها سه‌روه‌ریی یاسا، سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناو حکوومه‌ت (له‌وانه جێبه‌جێکار، یاسادانان و دادوه‌ری)، و پارێزگاری له ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ڕاده‌ربڕین، کۆبوونه‌وه‌کان، ئایین و مافی خاوه‌ندارێتییه. به‌ڵام ئه‌م جۆره له ئازادییه‌کان که ده‌کرێت به “لیبرالیسمی یاساسالار” ناوی ببه‌ین له جه‌وهه‌ردا په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ دیموکراسیی نییه و ئه‌م دووه به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام هاوڕێ و هاوشان نه‌بوون، ته‌نانه‌ت له ڕۆژئاواشدا، با ئه‌وه‌مان له بیر بێت که “ئادۆلف هیتله‌ر” له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌وه بوو به ڕاوێژکاریی ئاڵمان، له درێژه‌ی نیو سه‌ده‌ی ڕابردوودا دیموکراسی و ئازادی له ڕۆژئاوا پێکه‌وه هه‌ڵپێکراون و تێکه‌ڵ بوون. به‌ڵام هه‌نووکه دوو به‌شی پێکهێنه‌ری دیموکراسیی لیبراڵی که له زه‌مینه‌ی سیاسیی ڕۆژئاو پێکه‌وه نووساون، له سه‌رانسه‌ری دونیادا خه‌ریکن لێک داده‌بڕێن. دیموکراسی له حاڵی گه‌شه و نهشهدایه؛ به‌ڵام دۆخه‌که بۆ ئازادی زۆر له‌بار نییه.
له هه‌ندێک له ناوچه‌کانی جیهان وه‌کوو ئاسیای ناوه‌ڕاست، هه‌ڵبژاردن ڕێگه‌ی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی حکوومه‌ته دیکتاتۆرییه‌کان خۆش کردووه. له هه‌ندێک ناوچه‌ی دیکه‌دا هه‌ڵبژاردن کێشه و گێرمه‌وکێشه‌ی ئیتنیکی و نه‌ژادیی قووڵتر کردووه‌ته‌وه. بۆ نموونه له یۆگۆسلاڤیا و ئه‌ندۆنۆزیا، هه‌ر دووک، له سه‌رده‌می حوکمڕانی سیاسییه به‌هێزه‌کانی وه‌کوو “تیتۆ و سوهارتۆ” زۆر لێبوورده‌تر و سیکۆلارتر له ئێسته بوون که دیموکراسییان هه‌یه. له زۆرێک له وڵاتانی نادیموکرات، هه‌ڵبژاردن دۆخه‌که به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ باشتر ناکات. ئه‌گه‌ر هه‌ر سبه‌ینێ له جیهانی عه‌ره‌بدا هه‌ڵبژاردنێک به‌ڕێوه بچێت به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه ده‌بێته هۆی هاتنه سه‌رکاری ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که له سیسته‌مه دیکتاتۆرییه‌کانی هه‌نووکه دۆگماتر، دهمارگرژترن و زیاتر دژهڕۆژئاوایی و دژه جوو ده‌بن.
له دونیایه‌کدا که ڕۆژ له دوای ڕۆژ دیموکراتتر ده‌بێت، ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که له هه‌مبه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا بوه‌ستنه‌وه ده‌بنه هۆی به‌دیهاتنی کۆمه‌ڵگای ناکارامه ڕێک وه‌کوو جیهانی عه‌ره‌ب. خه‌ڵکی ئه‌م وڵاتانه زیاتر له هه‌موو کات هه‌ست به بێبه‌شبوون له ئازادی ده‌که‌ن چونکه ئه‌ڵته‌رناتیڤ و جێگره‌وه‌کان ده‌ناسن و ده‌توانن له ڕێگه‌ی که‌ناڵ و تۆڕه‌کانی وه‌کوو سی ئێن ئێن، بی بی سی و ئه‌لجه‌زیره شته‌کان ببینن. به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی که تازه پێیان ناوه‌ته ناو پرۆسه به دیموکراسیبوون له زۆر حاڵه‌تدا ده‌بن به فۆرمه شه‌رمه‌زار و قێزه‌وه‌نه‌کانی دیموکراسی و دواجار ده‌بن به هۆی دواکه‌وتنی زیاتر، بشێوه‌ی، تووندوتیژی و شێوازه نوێکانی دیکتاتۆری، چاو له ئێران و ڤینزیۆلا بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه هۆکارێک بۆ وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن نییه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه وا له ئێمه ده‌کات له خۆمان بپرسین سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌م گۆڕانکارییه نیگهرانکهرانانه چین؟ بۆچی زۆرێک له وڵاتانی له حاڵی گه‌شه هێنده له دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی جێگیر و پته‌و و له ڕاستیدا دیموکرات کێشه‌یان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئالنگاریی گه‌وره‌ی دامه‌زراندنی دیموکراسیی له ئێراق بهێنینه به‌ر باس، چۆناوچۆن ده‌توانین دڵنیا بینه‌وه که سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌که‌ین؟
سه‌ره‌تا با بێین ئه‌م بابه‌ته ڕوون بکه‌ینه‌وه که مه‌به‌ستمان له دیموکراسیی سیاسیی چییه. هه‌ر له سه‌رده‌می هیرۆدۆتی مێژوونووسه‌وه، دیموکراسیی له پله‌ی یه‌که‌م به مانای حوکمڕانیی خه‌ڵک بووه. ئه‌م پێناسه‌یه له دیموکراسی به مانای ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ته‌کان له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن دێنه ئاراوه و ئه‌م مانایه‌ش به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له لایه‌ن تۆژهرانهوه به‌کار ده‌هێنرێت. زانستمه‌ندی سیاسیی دیار؛ سامیۆل هانتیگتۆن، هۆکاری ئه‌مه له کتێبی “شه‌پۆلی سێیه‌م” به‌م شێوه‌یه باس ده‌کات: “هه‌ڵبژاردنی کراوه، ئازاد و دادپه‌روه‌رانه کۆڵه‌که‌ی دیموکراسی و به‌شی دانه‌بڕاوه‌ی دیموکراسییه. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که له ڕێگه‌ی دیموکراسییه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست ڕه‌نگه ناکارامه، گه‌نده‌ڵ، بهرتهسکبین، نابه‌رپرس و له ژێر کاریگه‌ریی گرووپه بهرژهوهندخوازهکاندا بن و له جێبه‌جێکردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بیت بێدهسهلات و لاواز بن. به دڵنیاییه‌وه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ئاوه‌ها دهوڵهتانیک ده‌کات به ده‌وڵه‌تانی نادڵخواز و نه‌خوازراو به‌ڵام نایانکات به ده‌وڵه‌تانی نادیموکرات. دیموکراسی یه‌کێک له چاکه و سهرێتییه گشتییه‌کانه، به‌ڵام تاقانه چاکه‌ی گشتیش نییه، و ته‌نها ئه‌و کاته ده‌کرێت له په‌یوه‌ندیی دیموکراسیی له‌گه‌ڵ چاکه و خراپه گشتییه‌کانی دیکه بگه‌ین که دیموکراسی به ڕوونی له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی سیسته‌مه سیاسییه‌کانی دیکه هه‌ڵاوێرد و جوێ بکرێته‌وه”.
ئاوه‌ها پێناسه‌یه‌ک له دیموکراسی له گه‌ڵ خوێندنه‌وه و تێگه‌ی باو له‌م ده‌سته‌واژه‌یه گونجاو و هاوده‌نگه. ئه‌گه‌ر وڵاتێک هه‌ڵبژاردنێک له سه‌ر بنه‌مای کێبڕکێ و چه‌ند حیزبیی به‌ڕێوه ببات به‌و وڵاته ده‌ڵێین “دیموکرات”. بۆ نموونه کاتێک که ئاستی به‌شداریی گشتیی له کاروباری سیاسیی ده‌چێته سه‌ره‌وه له ڕێگه‌ی پێدانی مافی ده‌نگدان به ژنان و له ئاوه‌ها حاڵه‌تێکدا-ئه‌و وڵاته به دیموکراسیانه‌تر ده‌زانرێت. هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵبژاردن ده‌بێت ئازاد و دادپه‌روه‌رانه بێت که ئه‌مه‌ش خۆی پێویستیی به هه‌بوونی هه‌ندێک له پارێزگارییه‌کان له ئازادیی ڕاده‌ربڕین و کۆڕ و کۆمه‌ڵه جۆراوجۆره‌کان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی بکه‌ین و ته‌نها به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ندێ له پێویستییه لانیکه‌مه‌کان له وڵاتێک‌دا ئه‌و ولاته به دیموکرات ناو ببه‌ین واته ته‌نها به‌هۆی گه‌ره‌نتیکردنی کۆمه‌ڵێکی دیاریکراو له مافه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و ئاینییه‌کان(که له چاودێرێکه‌وه بۆ چاودێرێکی دیکه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و جیاوازه” ئه‌وکات “دیموکراسیی” ده‌بێت به ده‌سته‌واژه و وشه‌یه‌کی بۆش و بێ واتا. بۆ نموونه سوید سیسته‌مێکی ئابووریی هه‌یه که زۆرێک ده‌ڵێن مافی خاوه‌ندارێتیی تاکه‌که‌سیی به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه، ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌ره‌نسه تا ئه‌م دواییانه‌ش له ژێر مۆنۆپۆل و هه‌یمه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تدا بوو، و وڵاتی ئینگه‌لته‌را ده‌وڵه‌تێکی ئایینیی هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌م وڵاتانه هه‌ر هه‌موو به شێوه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا و دیار دیموکراسین. ئه‌گه‌ر “دیموکراسی” له ڕووی تیۆرییه‌وه هاوواتا له‌گه‌ڵ “ده‌وڵه‌تی باش” بزانین ئه‌وا له ڕووی شیکارییه‌وه بێ که‌ڵکی ده‌که‌ین. له لایه‌کی دیکه‌وه “لیبرالیسمی یاساسالار” هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ڕه‌وت و ڕێبازی هه‌ڵبژاردنی ده‌وڵه‌تدا نییه، به‌ڵکوو زیاتر په‌یوه‌سته به ئامانجه‌کانی ده‌وڵه‌ت. لیبرالیسمی یاساسالار له‌خۆگری نه‌ریتێکه که ڕیشه‌ی له مێژووی ڕۆژئاوادا داکوتاوه و عه‌وداڵی پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و پێگه‌ی تاکه‌که‌سیی که‌سه‌کان له هه‌مبه‌ر زۆر و پێملکردنه جۆراوجۆره‌کانه، جیاواز له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م پێملکردنه ده‌وڵه‌ت، کڵێسه یان کۆمه‌ڵگه بێت. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه دوو ئه‌ندێشه لێک هه‌ڵده‌پێکێت، دوو ئه‌ندێشه که زۆر په‌یوه‌ندییان به یه‌که‌وه هه‌یه. یه‌که‌میان لیبراڵییه چونکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میراسێکی فه‌لسه‌فیی که به یۆنان و ڕۆمه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و له سه‌ر ئازادیی تاکه‌که‌سی پێداگریی ده‌کات. دووه‌م یاساسالارانهیه چونکه سه‌روه‌ریی یاسا ده‌خاته ناوه‌ندی سیاسه‌تکردنه‌وه. لیبرالیسمی یاساسالار له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له پێگه‌ی به‌رگری له مافه که‌سییه‌کانی ژیان و خاوه‌ندارێتی و ئازادییه‌کانی ڕاده‌ربڕین و ئاییندا بوو که گه‌شه‌ی کرد. بۆ پارێزگاریکردن له‌م مافانه، “لیبرالیسمی یاساسالار” پێداگریی له لهقاوکردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، یه‌کسانیی له هه‌مبه‌ر یاسا، دادگا و ناوه‌نده‌کانی دادوه‌ری و جودایی کڵێسه و ده‌وڵه‌ت کرد.
“لیبرالیسمی یاساسالار” ته‌قریبه‌ن له هه‌موو شێوازه‌کانیدا ده‌ڵێت مرۆڤ کۆمه‌ڵێک مافی سرووشتی و جه‌وهه‌ریی دیاریکراوی هه‌یه و ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌بێت بۆ پارێزگاریکردن له‌م مافانه یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تیی قبووڵ بکه‌ن، واته یاسایه‌ک که ده‌سه‌ڵاتی خودی ده‌وڵه‌ت به‌رته‌سک و سنووردار ده‌کات. به‌م شێوه‌یه بوو که بارۆنه‌کانی وڵاتی ئینگلیس له ساڵی 1215ی زاینی له ڕانیمید پاشایان پێمل کرد تاکوو ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی سنووردار بکاته‌وه(که به ڕێکه‌وتنی ماگناکارتا ده‌ناسرێته‌وه). له ناو کۆچبه‌رانی ئه‌مریکادا ئه‌م مافانه زیاتر ڕوون کرانه‌وه و له 1638ز شاری هارتفۆرد یه‌که‌مین یاسای بنه‌ڕه‌تیی نوسراوی له مێژووی هاوچه‌رخدا هه‌ڵبژارد. له ساڵی 1789شدا یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مریکا چوارچێوه‌یه‌کی فه‌رمی بۆ دامه‌زراندنی وڵاتی نوێ بونیات نا. له ساڵی 1975ز وڵاتانی ڕۆژئاوایی کۆمه‌ڵێک پێوه‌ریان بۆ هه‌ڵسوکه‌وت و کرده‌وه‌ی سیسته‌مه‌کان ته‌نانه‌ت سیسته‌مه نادیموکراتیکه‌کان ده‌ستنیشان کرد. ماگناکارتا، بڕیاره بنه‌ماییه‌کانی کانتیکار، یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مریکا و جاڕنامه‌ی کۆتایی هیلسینکی هه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵێک دهبڕینن که ته‌عبیر له لیبرالیسمی یاساسالار ده‌که‌ن.
له ساڵی 1945دا ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییه‌کان له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا ئیدی هه‌م به‌رجه‌سته‌کراوی دیموکراسی بوون و هه‌میش لیبرالیسمی یاساسالار. هه‌ر بۆیه به ئه‌سته‌م ده‌کرێت ئه‌م دووه به شێوه‌یه‌ک جودا و هه‌ڵبڕاو له یه‌ک بهێنینه پێش چاوی خۆمان، واته یان به شێوه‌ی دیموکراسیی نالیبراڵی یان به شێوه‌ی دیکتاتۆریی لیبراڵی وێنایان بکه‌ین. له ڕاستیدا ئه‌م دوو شێوه‌یه له ڕابردوودا هه‌بوون و ئێسته‌ش هه‌ن. تا سه‌ده‌ی بیسته‌می زاینی زۆربه‌ی وڵاتان له ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا حکوومه‌ت و سیسته‌می سیاسیی دیکتاتۆریی لیبراڵیان هه‌بووه، یان له باشترین حاڵه‌تدا حکوومهتانێکی نیمچه دیموکراسی بوون. مافی ده‌نگدان به شێوه‌یه‌کی جیدی به‌رته‌سک و سنووردار بوو و هێزی یاسادانانی هه‌ڵبژێردراویش ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رته‌سکی هه‌بوو. له ساڵی 1830دا له وڵاتی ئینگلیس که یه‌کێک بوو له دیموکراتترین وڵاتانی ئه‌وروپی ڕێژه‌یه‌ک که‌متر له دوو له سه‌دی حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته بواریان هه‌بوو له هه‌ڵبژاردنی یه‌کێک له دوو ئه‌نجوومه‌نه‌کاندا به‌شداری بکه‌ن. ئه‌مه له کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی 1940 بوو که زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بوون به دیمکراسیی ته‌واو و هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی که گه‌یشتبوونه ته‌مه‌نی یاسایی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو. به‌ڵام یه‌ک سه‌ده پێش له‌وه واته له ساڵی دا1840، زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لایه‌نه گرینگه‌کانی لیبرالیسمی یاساسالاریان قبووڵ کردبوو، واته سه‌روه‌ریی یاسا، مافی خاوه‌ندارێتیی تاکه‌که‌سی و به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو سه‌ربه‌خۆبوونی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناو حکوومه‌ت و هه‌روه‌ها ئازادیی ڕاده‌ربڕین و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانیش. له به‌شیکی گه‌وره‌ی مێژووی هاوچه‌رخدا ئه‌وه‌ی وا خاڵی جیاکه‌ره‌وه و تایبه‌تمه‌ندی ده‌وڵه‌ته ئه‌ورووپییه‌کان و ئه‌مریکای باکوور بوو و ئه‌وانی له ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی دونیا جیاواز و جوێ ده‌کرده‌وه، نه‌ک دیموکراسیی به‌ڵکوو لیبرالیسمی یاساسالار بوون. باشترین ڕه‌مز و هێمای “سه‌رنموونه‌ی ڕۆژئاوایی ده‌وڵه‌ت”نه‌ک گشت‌پرسیی به‌ڵکوو دادوه‌رێکی بێلایه‌نه.
دوورگه‌ی بچووکی “هۆنگ کۆنگ” بۆ چه‌ندین ده‌یه نموونه‌یه‌کی گچکه به‌ڵام ڕاشکاو بوو که به ئێمه‌ی ده‌وت ئازادی گرێ‌دراو له‌گه‌ڵ دیموکراسی نییه. “هۆنگ کۆنگ” یه‌کێک له به‌رزترین ئاسته‌کانی لیبرالیسمی یاساسالاری له جیهاندا هه‌بوو، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک دیموکراسی نه‌بوو. له ڕاستیدا له ده‌یه‌ی 1990دا هه‌رچی له چرکه‌ساتی لکان و په‌یوه‌ستبوونی “هۆنگ کۆنگ” به چین نزیک ده‌که‌وتینه‌وه زۆرێک له ڕۆژنامه و گۆڤاره ڕۆژئاواییه‌کان له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌ک که ئه‌م په‌یوه‌ستبوونه بۆ دیموکراسیی “هۆنگ کۆنگ” ده‌هاته ئاراوه هاتنه گۆ، به‌ڵام له ڕاستیدا هۆنگ کۆنگ دیموکراسییه‌کی وای نه‌بوو که بکرێت له‌سه‌ری قسه بکه‌ین. مه‌ترسییه‌ک که له ئارادابوو مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ریتی ئازادی و سه‌روه‌ریی یاسا بوو. ئێمه هێشتاش ئه‌م دوو چه‌مکه تێکه‌ڵ ده‌که‌ین و به هه‌ڵه لێیان تێده‌گه‌ین. سیاسییه‌کانی ئه‌مریکا و ئیسرائیل زۆر جار سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌له‌ستین ده‌ده‌نه به‌ر ڕه‌خنه به هۆی نه‌بوونی دیموکراسی. به‌ڵام له ڕاستیدا یاسر عه‌ره‌فات تاقه ڕێبه‌ره له جیهانی عه‌ره‌بدا که له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ته‌قریبه‌ن ئازاده‌وه ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست. کێشه‌ی سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی فه‌له‌ستین نه‌ک له‌باری دیموکراسییه‌وه-(له‌گه‌ڵ هه‌بوونی لاوازیی زۆر له‌م ڕووه‌وه! به‌ڵام لانیکه‌م کارکردێکی خاو و خلیچکی هه‌یه)-به‌ڵکوو له لیبرالیسمی یاساسالار یان له ڕاستیدا له نه‌بوونی ئه‌م لیبرالیسمهیه.
به تایبه‌تی ئه‌مریکییه‌کان ناتوانن ببینن که ده‌کرێت چ کێشمه‌کێشێک ده‌توانێت له نێوان دیموکراسی و ئازادی‌دا هه‌بێت، چونکه ئاوه‌ها کێشمهکێشانێک له بابه‌ت و مژاره زاڵه‌کانی مێژووی ئێمه‌دا بوونی نییه. کۆیله‌داری و ههڵاورادنی نه‌ژادی له باشووری ئه‌مریکا له ڕێگه‌ی سیسته‌می دیموکراسییه‌وه بوو که جێگیر و په‌سه‌ند کرابوو. هه‌ر له سه‌ره‌تای بونیاتنانی سیسته‌می کۆماریی له ئه‌مریکادا ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕقیان له کۆیله‌داری بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌دا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه که زۆربه‌ی ده‌نگده‌رانی باشوور به هه‌موو تواناییانه‌وه پشتگیری‌یان له کۆیله‌داری کردووه. له دواجاریشدا کۆیله‌داری له ڕێگه‌ی گشت‌پرسیی نه‌بوو که له ناو چوو و پووچه‌ڵ کرایه‌وه به‌ڵکوو به لاوازبوون و کهمهرشکانی ئه‌و تێڕوانینه‌ی باشوورییه‌کانی ئه‌مریکا بوو که هه‌ڵوه‌شایه‌وه. له ئه‌نجامیشدا هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی بوو بوو به جێگره‌وه‌ی کۆیله‌داری له ده‌یه‌ی 1950 و 1960دا که ئه‌ویش وه‌ک ئاماژه‌م پیدا نه‌ک له ڕێگه‌ی دیموکراسییه‌وه به‌ڵکوو له‌و ڕێگایانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵسکه‌وتی دیموکراسیانه بوون. ئه‌گه‌رچی یاسای کۆتایی ڕزگارکردنی کۆیله‌کان واته جاڕنامه‌ی مه‌ده‌نیی 1964ز له لایه‌ن کۆنگرێسه‌وه په‌سه‌ند کرا، به‌ڵام هه‌موو پێشکه‌وتنه‌کانی پێشوو یان ئه‌نجامی بڕیاره‌کانی هێزی جێبه‌جێکار بوون (وه‌کوو لابردنی هه‌ڵاواردنی نه‌ژادیی له ناو هێزه چه‌کداره‌کان)یان ئه‌نجامی بڕیاره‌کانی دیوانی باڵا وه‌کوو له‌ناوبردنی هه‌ڵاواردنی نه‌ژادی له قوتابخانه‌کاندا. به‌م شێوه‌یه ئێمه تێده‌گه‌ین که له گه‌وره‌ترین تراژیدیای مێژووی ئه‌مریکادا زۆربه‌ی کات دیموکراسی و ئازادی دژ به یه‌ک بوون.
سه‌رچاوه: فه‌رید زه‌که‌ریا. داهاتووی ئازادی. وه‌رگێڕان؛ ئه‌میر حسێنی
نووسین: فه‌رید زه‌که‌ریا
وه‌رگێڕان: حه‌بیب ساڵحی