دیاریكردنی دەسپێكی ساڵ یان ساڵنامەکان-ڕۆژژمێرەکان، لەنێو نەتەوە و گەل و قەومە كۆنەكانی سەردەمی كشتووكاڵ و ئاژەڵداری دا، لەگەڵ كۆكردنەوەی دەغڵ و دان و بەرهەمەکانیان لە رابردوودا بووە، هەروەها درووستبوونی ئایین و مەزهەبەکانیش هەر لە ڕوداوی سرووشتیی و بەشێکیش له ڕووی بۆچوون و خەیاڵات و ئەفسانەوە سەری هەڵداوە و بەشێکی دانەبڕاون له داب و نەریت و فەرهەنگی گەلان، لە ڕابردوو و ئێستادا. بەو شێوەیە ئهو دەسپێك و سەرەتایە لە نێو گەل و وڵاتان و ئایینەكاندا لە وەرزە جیاوازەکاندا دەست نیشان کراون و مێژوویەکیان لە پشتەوەیە، ئەو کولتوور و داب و نەریتەش بە پێی تێپەڕبوونی کات و زەمان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و لە نێو گەلان دا دەستا و دەستی پێکراوە و شتیان لەیەک وەرگرتووە، واتا زمان و کولتوور و داب و نەریت سنووردار نەبووە و لەنێو زۆر گەلدا هاوبەش کراوە.
جا ئەو نەتەوانەی که دێرینن و لە ڕووی دەسەڵات و فەرهەنگەوە خاوەن هەژمون و زاڵ بوونە، زیاتر توانیویەتی بەسەر خەڵک و گەلانی تردا زال بێت و لاساییان بکەنەوە. بۆ نموونە جەژنی سەری ساڵی کوردی “چارشەمما سۆر-چوارشەممە سوور و نەورۆز” کە جەژنێکی تەواو کوردی و ڕەسەن و خاوەن مێژوویەکی دێرینه بەهۆی هەژمۆنی فەرهەنگ و کولتووری کورد بەسەر گەلانی دەوروبەری خۆیدا بڵاو بۆتەوە و یاخود گەلانی تر لاساییان کردۆتەوە، هەر بۆیە ئیمڕۆ دوای هەزاران ساڵ لە تێپەڕبوونی ئەو جەژنە دێرینەو گۆڕانکاری بەسەریدا ئێستاش تەنیا لە نێو گەلی کورددا خاوەن جێگە و پێگەی تایبەتە و، کورد جیاوازتر لە گەلانی تر بەرەو پیرییەوە دەچێت و ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی کۆمەڵگای کوردی دا داکوتاوەو ئاوێتەی ڕوح و گیان و ئایین و مەزهەبەکەی بووە.
جەژنی نەورۆز جەژنی سەرەتای ساڵی کوردییە، کە لە ڕاستیدا جەژنی زاگموگی سۆمەرییە. سۆمەرییەکان وشەی “Saggiga”ـیان بۆ ناوی خۆیان بەکارهێناوە کە واتای “سەر ڕەش یا خەڵکی زۆر زان و ژیر” دەدات. بەو ناوچەیەش کە لێی نیشتەجێبوونە وشەی””Kengi کێن جی-یان بەکارهێناوە کە واتای “شوێنی باش، جێ یا خاکی بە پیت یا خاکی پێشکەوتوو” دەبەخشێت، “جی” بە زاراوەی کورمانجی سەروو واتا “جێ” بە زاراوەی سۆرانی، واتا شوێنی نیشتەجێ بوون، وار، دەڤەر و… هتد. نێوی سۆمەری له بنەڕەتدا نێوێکی ئەکەدییە کە بە مانای “وڵاتی پاشا ژیرو پێشکەوتووەکان” دێت. بەڵام وەک باسمان کرد سۆمەرییەکان بە خۆیان وتووە “سەر ڕەش”. سۆمەرییەکان بە وڵاتی خۆیان وتووە “وڵاتی سەر ڕەشەکان”. لە کتێبی دەوری کۆنی دانیاڵ(عهد عتیق) سۆمەرییەکان بە نێوی “شێنعار کە هەمان شەنبور یا شەنگار یا شەنگال”ـە هاتووە. هەروەها هەر دوو کەسایەتیی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک، دوو کەسایەتیی ئەفسانەیی کوردی دێرینن. کەسایەتیی کاوەی ئاسنگەر لە کەسایەتیی خواوەند (نینورتا- نەمرود)وەرگیراوە کە خواوەندی ئاودێری و کشتووکاڵ بووە، دواتر بووە بە خواوەندێکی بەهێزی شەڕکەر، کە خواوەند نینوورتا شەڕی لەگەڵ خواوەند ئەژدیها/ دێو (ئاساگ-ئاستیاگ- ئازاگ-زوحاک و هیتد…)کردووە کە خوداوەندی کوردانی شاخ واتا گوتییەکان بووە. خواوەند نینوورتا نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی کشتوکاڵیی دەشتی کردووە و خواوەند “ئاساگ” نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئاژەڵداری و ئەسپداریی چیای کردووە. نینوورتا خواوەندی جەنگ و کشتوکاڵی کوردی دەشت واتا “سۆمەری” بووە و شەڕی لەگەڵ خواوەند ئاساگ-ئەژدیهای کوردی چیا واتا کوردانی “گوتی” کردووە، کە شەڕەکە ئەباتەوە و خواوەند ئاساگ سەرئەبڕێت و بناغەی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی دائەنێت. ئەفسانەکە بەمشێوەیە: نینورتا بە سۆمەری: 𒀭𒊩𒌆𒅁: D-NIN.URTA، هەروەها بە نین-گیرسو -ش ناسراوە، بە خەتی مێخی سۆمەری:𒀭𒎏𒄈𒋢/D-NIN.GIR.SU بە واتای پەروەردگاری گیرسو یا شاری گیرسویە. خوداوەندێکی کۆنی سۆمەرییە کە پەیوەندی بە کشتووکاڵ و چارەسەرکردن و ڕاوکردن و یاسا و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانەوە هەیە و ڕزگاریان دەکات لە دەسەڵاتی جنۆکە. مەبەست لە جندۆکە لای کوردانی سۆمەری گوتییەکان واتا کوردانی شاخ بووەو لێیان ترساون. نینورتا دواتر بوو بە خوداوەندێکی جەنگاوەر لە هەمان کاتدا زۆرێک لە سیفەتەکانی وەک خودایەکی کشتوکاڵی پاراست.
ناوەندی سەرەکی پەرستنی ئەو لە سومەر پەرستگای ئیشومشا بوو لە شاری نیپور. لە سەردەمی حوکمڕانی گوتییەکان لە سۆمەر، نینگیرسو لەلایەن شا گۆدیا/گۆتیا فەرمانڕەوای لاگاش (2144-2124 پ،ز) ڕێزی لێگیراوە و شا گۆتیا پەرستگای نینگیرسوی لە شاری لاگاش ئاوەدان کردۆتەوە. دواتر ئاشوورییەکان بەو خوداوەندە کوردییە سەرسام بوونەو وەک خوداوەندی جەنگاوەری بۆخۆیان وەرگرتووە. نینورتا لە ئەفسانەی لوگال-ئێ (𒈗𒂊): مانای لوگال-ئێ لە زمانی سۆمەریدا “ئەی پاشا”یە. ئەو دەستەواژەیەیە کە ئەفسانە لەوەوە دروست دەبێت. هەروەها نینورتا لە سۆمەری دا بە سارود-شورسود ژی ناسراوە. ئەو ئەفسانەیه باس لەوە دەکات نینورتا جنۆکە (ئەساگ/ئاساگ/ئاستیاک) خواوەندی کوردانی شاخ (کوردانی گوتی) دەکوژێت، کە نوێنەرایەتی هێزە هەڕەشەئامێزەکانی شاخەکانی دەوروبەری سۆمەر دەکات و لەشکرێکی جنۆکە لە شێوەی بەرد پاڵپشتی دەکرێت.
لەو ئەفسانەیەدا مەبەست لە جندۆکە خواوەند(ئەساگ/ئاستیاگە) کە دەبێتە هۆی نەخۆشی و ژەهراوی کردنی ڕووبارەکان. نینورتا بەرە و چیاکانی کوردستان دەڕوات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاساگ کە لەشکرێکی جەنگاوەری بەردین دەپارێزرێت. دواتر نینورتا بە بەکارهێنانی دارە پیرۆزەکەی کە نێوی (شار-ئور) بووە سوپاکانی ئاساگ سەردەبڕێت. پاشان نینورتا جیهان ڕێکدەخات، بە کەڵک وەرگرتن لە بەردی ئەو جەنگاوەرانەی کە شکستی پێهێنان و بۆ سەر لە نوێ دروستکردن و دیزاین کردنەوەی شاخەکان تا هەموو ڕووبار و دەریاچەکان بڕژێنە ناو ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و وایان لێدەکات کە سوودیان هەبێت بۆ ئاودێری و کشتوکاڵ، بەم شێوەیە دووبارە -ڕێکخستنی سەردەمی کشتوکاڵ دەکات. هەر بەم بۆنەیەوە دایکی نینورتا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بۆ پیرۆزبایی سەرکەوتنی کوڕەکەی. نینورتا ڕێزی لێدەگرێت و بە تەرخانکردنی شاخی بەرد بۆی ناوی دەگۆڕێت بۆ نین-خۆرساگ واتا (خاتوونی زنجیرە چیاکان). لە کۆتاییدا نینورتا دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری نیپور لە سۆمەر له وڵاتی سەر ڕەشان و لەوێ وەک پاڵەوانێک ئاهەنگی سەرکەوتنی بۆ دەگێڕدرێت.
ئەم ئەفسانەیە ڕۆڵی نینورتا وەک خوداوەندێکی شەڕکەر و وەک خودایەکی کشتوکاڵی نیشان دەدات. جێگای ئاماژەیە کە لە سەردەمی باب و باپیرانی کاسی/کاشی ماندا له (١٦٠٠-١١٥٥ پێش زایین) کۆتر وەک هێمای نینگیرسو بەکار هاتووە بە مانای ئاشتی و ئاوەدانی و پێشکەوتن و کشتوکاڵ. جا ئەم داستانە پڕ مانایە باڵی کێشاوە بەسەر کولتووری مێزوپۆتامیا و زاگرۆس و تورۆس دا. خواوەند ئاساگ لە ئەنجامی جووتبوونی نێوان خواوەند ئان و کی لە دایکبووە، دواتر خواوەند ئاساگ و کور جووت ئەبن بەوەش منداڵەکانی پەیدا ئەبن، کە خۆی لە نەتەوەیی گوتییەکان ئەبینێتەوە، هەروەها گوتییەکان خۆیان بە منداڵی خواوەند ئاساگ زانیوە و لە ڕوانگەی دەقەکانی مێسۆپۆتامیای کوردی دەشت “سۆمەری”، گوتییەکان “کوردی چیا” بە شێوەی جنۆکەو هەژدیهای چیا، یان هەژدیهای کەڵبەداری چیا هاتووە. لە سەردەمی نوێدا، نەتەوەی کوردی ئێستا، کە میراتگری نەتەوە دێرینەکانی سەر خاکی کوردستانە، وەکو: (سۆمەری، لۆلۆیی، گوتی، ئیلامی، کاشیی، هالدی- ئۆرارتو، هۆری- میتانی، سۆبارتو، لۆڤی، هیتی،مانی، میدی، هەزەبانی و هیتد….) ن، هەروەها لە سەردەمی نوێدا کە کورد ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی (نەورۆز) جەژن دەگرێت لەڕاستیدا هەمان سەری ساڵی سۆمەرییە، کە بە جەژنی زاگموگ ناسراوە، هەروەها لە ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیدا (جەژنی نەورۆز) دوو کەسایەتیی ئەفسایی کاوەی ئاسنگەر و ئاساگ/زوحاک/ئەژدەهاک/ئاستیاگ باڵی بەسەردا کێشاوە، کە لە چیرۆکەکەدا هاتووە، دوای چەوسانەوەیەکی زۆری خەڵکەکە بەهۆی زۆرداری و ستەمکاریی ئەژدەهاکەوە، کاوەی ئاسنگەر ملی هەژدیها دەپەڕێنێت و بەوجۆرە فەرهەنگی کوردی دەشت و کوردی چیا بەزیندوویی مایەوە و لەناو ئەفسانەی کاوە و ئەژدەهاکدا خۆی ئاوێتە کردووە. پێشتر سەرنج درا، کە کۆمەڵگەی کوردی گەشەی سەندووە و لەباری گۆڕانی بەردەوام و هەمیشەییدا بووە، کە ئەنجامەکەی ئەوە بووە گۆڕانکاری لەبارەی ئەفسانەی ڕەچەڵەکی خۆیدا ڕووی داوەو بە شێۆەی جۆراوجۆر باسکراوە کە ڕیشەکەی یەک شتە. بەوجۆرە خواوەند نینورتا گۆڕا بە کاوەی ئاسنگەر لە فەرهەنگی کوردی دەشت “سۆمەری” و خواوەند ئاساگ لە فەرهەنگی کوردی چیا “گوتی” گۆڕاوە بە ئەژدەهاک “زوحاک یا زوخاک”، کە لەلایەن کاوەی ئاسنگەر کە نینوورتای نوێیە دەکوژرێت.
بەوجۆرە لە فەرهەنگی کوردیی نوێدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە فەرهەنگی کوردی دەشت زاڵ بووە بەسەر فەرهەنگی کوردی چیادا و لەگەڵیدا لە کێشە و ململانێدا بووە و سەرکەوتنی نینوورتا-کاوە گوزارش لە سەرکەوتنی فەرهەنگی کوردیی دەشت ئەکات و شکستی ئازاگ (ئاساگ) گوزارش لە شکستی فەرهەنگی کوردیی چیا ئەکات. ئێستاش کەسایەتیی خواوەند نینوورتا و خواوەند ئاساگ بوون بە دوو کەسایەیتیی کاوەی ئەسنگەر و زوخاک. هەروەها لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا کەسایەتییەکی دیکە هەبووە، ئەویش کەسایەتیی میر نەورۆز بووە، کە پادشایەکی ناڕاستی بووە و شای ڕاستی لەو ڕۆژەدا دەسەڵاتی پێ بەخشیوە، بەڵام هەندێ دەسەڵاتی پێ نەبەخیشوە. هەروەها جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، کە جەژنی سەری ساڵی کوردییە، پەیوەستە بە چەندان ڕووی مێژوویی وەکوو: لەنگەرگرتنی کەشتییەکەی پەیامبەر زیوسوودرا (نوح) لەسەر چیای نیموش- نەسیر (جودی-گوتی) لە باکووری کوردستاندا، کە هاوکات بووە لەگەڵ ڕێکەوتی (21ی ئادار/یەکەم ڕۆژی بەهار) و کاتێک کە پەیامبەر برایم لەگەڵ خەڵکی شارەکەی بۆ دەشت و دەر بۆ مەبەستی سەیرانکردن و ئاهەنگ دەرچوون، ئەوە بوو بە تەورێک چووەتە بوتخانەی شار و تەواوی بوتەکانی لەناو بردووە و تەنیا بوتی گەورەی هێشتۆتەوە و دواتر بەو هۆیەوە لەلایەن شا نەمروود خرایە ناو ئاگر، بەڵام لێی ڕزگار بووە. کە بە پێی گێڕانەوەکان لەوێدا کوردێک یارمەتی برایم دەکات و ڕزگاری دەکات. نەمرود لە فەرهەنگی کوردیدا بە کوردومشا-ش هاتووەو خۆیان بە نەوەی ئەو زانیوە، کە گۆیان نمری یا نمرود یا کوردومشا ٦٠٠ساڵ ژیاوەو بەهێزترین پاشا جیهان بووەو ئەو زاراوەو زمانەکانی تری لە زمانی کوردی جیا کردۆتەوە. ئەولیا چەلەبی ئەوەی چوارسەت ساڵ بەر لە ئێستا لە زمانی کوردانی شەنگال باس کردووە.
سەبارەت بە ئیمپراتۆریای میدیای یەکەم(ماد) کە لە ڕێکەوتی (21ی ئاداری 853پ.ز واتا یەک نەورۆز) دا بووە و لەلایەن ئیمپراتۆر کەیقوباد (853- 759پ.ز) یەکەم دامەزرێنەری ئیمپراتۆریای میدیا دامەزراوە و ساڵنامەی کوردی لە ساڵی (700پ.ز) لە سەردەمی ئەو ئیمپراتۆرییە واتا لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپراتۆر کەیتۆس (دیاکۆ) (715- 655پ.ز) سێیەم پاشای ئیمپراتۆری میدیا داهێنراوە کە دەستپێکی ئەو ساڵنامەیە لە ڕێکەوتی (21ی 3ی 700پ.ز) واتا یەکی نەورۆز یا یەکەم ڕۆژی مانگی خاکەلێوەی بەهار دانراوه، کە بە هەڵە زۆرینەی مێژوونووسان ئەو ساڵەیان بە دامەزراندنی ساڵی ئیمپراتۆریای میدیا “ماد” داناوە، بەڵام لەڕاستیدا وانییە و کارەکانی و چاکسازییەکانی ئیمپراتۆر کەیتۆس (دیاکۆ) (715- 655پ.ز) لەو ساڵەدا گەیشتۆتە لوتکە. هەروەها ڕووخانی ئیمپڕاتوری میدیای یەکەم و کز و بچوک بوونەوەی بە پاشایەتی ناوچەیی لە ڕێکەوتی (21ی 3ی 550پ.ز) دا بووە. دوایین پاشای ماد ئەژدەهاک (585- 550پ.ز) بووە کە شەشەم ئیمپڕاتوری ماد بووە، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای کوردانی میدیای پەراسو “پارس و ماد” بە سەرکردایەتی سایرۆس یا کۆرش لە ساڵی (550پ.ز) بە خیانەت و هاوکاری هارگۆس-هارپاگ سوپاسالاری ماد کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەژدیهاک دێت و ئیمپڕاتۆری میدیای پەراسوماد “پارس و ماد” دادەمەزرێت. پارسو/پەراسو/پارسوا بە گوفتەی هێرۆدۆت مەبەست و مانای کەنارەکانی ماد یا سواحل ماد دێت. جێگای ئاماژەیە دواتر لە نەوەکانی کوردانی پارس چەندین پاشایەتی درووست بوونە وەکوو ساسانی، شوانکارە، فەزڵویی، کاکۆیی، زەندی و… هتد.
نەورۆز لە فەرهەنگی کوردی دا ڕەگێکی قوڵ و دێرینی هەیە، بۆ نموونە کۆنترین سەرچاوە ئەبو حەیفەی دینەوەری کرماشانی گەورە زانای کوردستان(٨١٥-٨٩٦) کە خاوەنی دەیان کتێبی زانستییە لەبوارەکانی ئەستێرەناسی، ڕوەکناسی، دەواو دەرمان و پزیشکی، مێژووناس، جوگرافیناس، بیرکاری زان و …هتد، لە کتێبی “اخبارالطوال” دا باسی سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی و نەورۆز دەکات بە پێی تێگەیشتنی ئەو سەردەمە. دینەوەری دەڵێت: “یەکەم پاشا لە جیهاندا کە نەورۆزی کرد، جەم کوڕی یۆنجەهان کوڕی ئەرپەشاد کوڕی سام کوڕی نوح بوو. واتا دینەوەری زیاتر لە هەزارو سەت ساڵ لەمەوبەر ئاوا باسی باب و باپیرانمان دەکات. ئەو دەڵێ ڕوداوەکە دوای لافاوەکە و لە سەرەتای پاشایەتی دا ڕووی داوە.ئەو چیڕۆک و ئەفسانانە وەک خۆی لە تەوڕاتیش دا باس کراوە. دینەوەری زانا سەرەتای شارستانییەت و پەیدا بوونی جەژنی نەرۆز لەیەک گرێ دەدات و بە بۆچوونی دینەوەری یەکەم جەژن ناوەندی کوردستانی گەورەو لەسەرووی موسڵ ڕووی داوە. ئەو هەمووی دەبەستێتەوە بۆ چیڕۆک و ئەفسانەیەک کە پێشتر لای سۆمەرییەکان باسکراوە. یەکەم پاشا کە نەورۆزی کردووە یۆنجەهان کوڕی ئەرپەشادە کە ئەرپەشا پاشایەکی ئەفسانەیی مادەکانە.واتا بە گوفتەی ئەولیا چەلەبیش کە زیاتر لە چوارسەت ساڵ لەمەو بەر باسی کوردەکان دەکات کە دەڵێ کوردەکان باوەڕیان وایە سەرتا ژیان و پەیدا بوونی زاراوە و زمانەکان لە کوردستان بوو لە شەنگار لەسەر دەستی پاشای مەزن نەمرود، کوردومشا و …هتد. کە دینەوەری زیاتر لە حەوسەت ساڵ پێش ئەولیا چەلەبی باسی نەورۆز دەکات هەمان شت باس دەکات و هەر دەکەوێتەوە ناچەی شەنگال و سەرووی موسل. هەروەها ئەحمەدی خانی زانای کورد لە مەم و زیندا بە وردی باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا دەکات. ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە کە هەتاوەکوو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونراوە و هەروەها ناوی کاوەو ئاستیاگ ئێستاش تەنیا لە نێو کوردان دا زۆر و بەرچاوە بە تایبەت ئاستیاگ تەنیا لە نێو کورد دا بوونی هەیە وەکوو ناوی کوڕانه.
هەروەها بەڵگەیەکی کۆنی تر کە سەبارەت بە نەورۆز نووسراوە هی ئەبو ڕیحانی بیروونییە. بیروونی لە کتێبی “آثار الباقیە”دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ “دوای ئەوەی جەمشید(جەمشید شای پێشدادی و ئەفسانەیی زاگرۆسێ کوردان بووە) بە سەر ئەهریمەن دا سەرکەوت کە رێگای خێر و بەرەکەت و باران و شین بوونەوەی گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە، گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ/نو ڕۆژ هاتووە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆز دا لە حەوت قاپ دا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد. دیارە ئێستاش شینکایی بەشێکە له سفرەی نەورۆزی کوردانی ڕۆژهەڵات و هەروەها ئەو فەرهەنگە چووەتە نێو فارسەکانیش و ناویان ناوە “سفرەی حەوت سین” کە هیچ مانایەکی نییە!. چۆن شین تەنیا لە زمانی کوردی دا مانای سەوز بوون و زیندوو بوونەوە دەدات و شین و شینکایی بە واتای سەوزایی دێت و دەشێت لەگەڵ نوێ بوونەوەو بەهار ڕێک بێت. هەروەها وەک نموونە نەورۆز لە ئەدەبیاتی ژاپۆنییەکاندا بە شێوەی چیرۆکێک بۆ منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی هاتووە، بەناونیشانی “کاوە و حەوت کوڕەکەی” کە بە جەژنێکی پیرۆزی کورد باسکراوە. هەروەها لە نووسینەکانی قەترانی تەورێزی شاعیری وڵاتی ئاتەرپاسیان/ئازەربیجان کە لە سەردەمی حوکمڕانی کوردانی شەدادی و ڕەوادی دا ژیاوەو شاعیری شاهانەی ئەو کوردانە بووە کە هەموو ناوچەکانی ئازەربایجان تا سنووری جۆرجیایان لەبەردەستدا بووە. قەترانی تەورێزی له وەسفی ابوالحسن عەلی لەشکری ( 1034 – 1049م) فەرمانڕەوای بەهێزی شەدادی کە بە هانای وەهسودان شای کوردانی ڕەوادی چووەو دژی یەکەم لەشکرکێشی و چەتەگەری تۆغرۆلی سەلجوقی و ئاغوزەکان شەڕی کردووە و توانیویەتی بە سەختی بیانشکێنێت و پاشەکشەیان پێوە بکات.قەتران لە شیعرەکانی دا تۆغرۆلی سەلجوقی و خێڵە تورکە دڕندەکان سەرکۆنە دەکات و با شان و شەوکەتی پاشا ابوالحسن عەلی لەشکری دا هەڵدەڵێت و بە نەوەی بەرحەقی ساسانییەکان و پێشدادیان و کیانیی و مادەکانی دەشوپهێنێت و بە شایستەترین کەسی دەزانێت لەبۆ حوکمڕانی کوردان.
دیاره شیعرەکانی بە زمانی کوردی ئازەری-ئاتەری-ئاگری کۆن(زمانی پاڵەیی یا گۆرانی) نووسراوە کە زمانی فەرمی ئەوکاتی دەسەڵات و خەڵک لە ناوچەکەدا بووەو ئێستاش گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. قەتران لە شیعرەکانی دا بە نەورۆزیش هەڵدەڵێت و وادەردەکەوێت کە ئەو حاکمە کوردانە نزیکەی هەزار ساڵ لەمەوبەریش هەر جەژنی نەورۆزیان بەرز ڕاگرتووە. بەشێک لە شێعرەکە دادەنێم کە وەڕگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی! بەمشێوەیە:- این زمانه شد که چون خویل را شاهی دهد/ وان ولایت شد که چون طغریل را سلطان کند/ این جهان بوده است دائم ملکت ساسانیان/باز سالارش خدا بر ملکت ساسان کند/ نیست کس در گوهر ساسانیان چون لشکری/ تا پس آن چون نیاکان شاهی ایران کند/همچو افریدون بگیرد ملک عالم سر بسر/ وآنگهی تدبیر ملک خیل فرزندان کند/ او به تخت ملک ایران بر نشیند در سطخر[استخر]/ کە بهترین فرزند خود را مهتر اران کند/خسرو لشکر شکن سالار شاهان بوالحسن/ آنکه کمتر سائلش با معطیان احسان کند.
هەروەها له شوێنێکی تردا کە پیرۆز بایی جەژنی نەورۆز لە پاشاکانی کوردی شەدادی و ڕەوادی دەکات و هەڵدەداتە شا فەزڵونی شەدادی و دەڵێت: بر تو فرخ باد و میمون، جشن و نوروز و بهار/ تا جهانت بنده همچون فرخ و میمون بود.
تێبینی: لە نووسراوەکانی دانیاڵی نەبی دا (عهد عتیق) باسی داریۆس یا داریۆشی مادی کردووە کە کوڕی خەشی شا/خەشایار شا/خارخێس بووەو دانیاڵ دەڵێت ئەو بابلی گرت و تەمەنی ٦٢ساڵ بووەو حاکمی بۆ هەموو ناوچەکانی میدیای گەورە یا پارسوماد داناوە. کۆرش تەنیا دەستەواژەیەکی مێژوونووسانه بۆ لەیەک جیاکردنەوەی سەرودەمەکان و لەهیچ سەرچاوەیەک نێوی نەهاتووە، تەنیا نازناوە. دانیاڵ باسی داریۆش ماد و عەردەشێر و گۆبریاس یا گۆبارۆی میدی دەکات. هەروەها دانیاڵ کە وەزیری پایەبەرزی ماد بووە دەڵێ داریۆشی مادەکان یەکەم کەس بوو کە قەومی جووی لە کۆیلایەتی ڕزگار کرد و ئەو یەکەم کەس بوو کە پەرەستگاکانی جووی لە ئۆرشەلیم درووست کردەوە.
سەرچاوە؛
مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد – سۆران حەمەڕەش
کورد کێیە؟ – سۆران حەمەڕەش
مەم و زینی ئەحمەدی خانی
آثار الباقیة – ئەبوڕیحان بیرونی
دانیاڵی نەبی سەردەمی کۆن(عهد عتیق)
سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی
ڕیچارد پی ئیشمەن، مێژووی پاشاکانی ماد و پارس و بابل
چیرۆکی کاوەو حەوت کوڕەکەی- نووسەری ژاپۆنی ئێتسوکۆ نۆساکا
قەترانی تەورێزی شاعیری ناوداری کوردی شەدادی ڕەوادی
دەیان سەرچاوەی تر باسی نەورۆز وەکوو جەژنێکی کوردەوای دەکەن وەکوو:
فیردەوسی شاعیری تاجیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر باسی ئەفسانەی کاوەو زوحاک دەکات.
مەلا عەلیشا مەلا قاسم خاڕەزمی ناسراو بە عەلائەدین مونەجیم حەوت سەت ساڵ پێش ئێستا لە پەرتوکی “اشجار و اثمار”دا باسی نەورۆز دەکات و مژارێکی لەسەر نووسیوە لەژێر ناوی “احکام نوروزنامە کردی” کە ئاماژە بەوەدەکات نەورۆز کوردییەو لەڕاستدا نەوڕۆژە.
محەممەد کوڕی خاوەندشا میر خاوەند پێش شەشسەت ساڵ لەمەوبەر لە پەرتوکی “روضة الصفا”دا باسی نەورۆز دەکات و بە “عید الکردی” ناوی دەهێنێت.
هەروەها بەر لە سەت ساڵ پێش گەڕیدەو نووسەری فەڕەنسی “تۆمابوا” لە پەرتوکێک دا بە نێوی “ژیانی کوردەواری”دا دەڵێت: کوردەکان جەژنێکیان دەگرت بەنێوی نەورۆز کە لەسەر سەربانی ماڵان و چیاکان ئاگریان هەڵدەکرد بۆ وەبیر هێنانەوەی سەرکەوتنی فەرەیدون بەسەر زوحاک دا.
ابن عبد ربه (۸۶۰ – ۹۴۰ ز)، شاعیری خەڵکی کوردۆڤای ئیسپانیا باسی نەورۆز لە ناوچە کوردییەکان لە سەردەمی عەباسییەکان دا دەکات و دەڵێت لەو ڕۆژەدا دیاری بۆ حاکمان و دەسەڵاتداران دەچوو.
“تۆماس بۆیس” لە ١٩٦٦ی زایینی دا له پەرتووکی”The kurd”دا دەڵێت: نەورۆز یا نەوڕۆژ ئەو جەژنەی کوردانی ئێزدی ڕێزی تایبەتی لێدەگرن.
لە پەرتووکی”شارستانییەت و ئەفسانە لە ئێراقی کۆن” دا نووسەر باسی ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر دەکات و بە پاڵەوانی کوردان ناوی دەهێنێت.
لە پەرتوکی “ئیمپڕاتۆری ئاشوور” له نووسینی دان ناردو لاپەڕە ٣٨٣ دا نەورۆز بە سەرکەوتنی سوپای ماد بە سەر ئاشوردا گرێ دەدات و بە جەژنێکی کوردی ناوی دەبات.
لە پەرتوکی یەسناو یاشت-ی ئایینی زەردەشتی دا دەڵێت ئەوانەی دژی زوحاک شەڕیان کرد کورد بوون. نەورۆز بە ناوی زاگمۆگ ناودەبات. لە شوێنێکی تردا دەڵێت نەورۆز هی مۆغەکانە. مۆغ/موغ پیاوانی ئایینی کورد بوونە لە ڕابردوودا.
پرۆفیسۆر جێنی ڕۆز له باسی تەلمودی بابلی و ئۆرشەلیمی دا دەڵێت نەورۆز جێژنێکی میدییە.
شانامەی فیردەوسی کە عوسمانییەکان وەریانگێڕاوەتەوە سەر زمانی خۆیان باسی ئەوە دەکات کە فەرەیدون پاشای شەشەمی پاشایەتی پێشدادیان فەرەیدونی کوردە.
ماکۆ ساوێنی مێژوو نووسی کورد دەڵێت: بوەیهییەکان جەژن و بۆنەکانی ساسانییەکانیان بە زیندوویی ڕاگرت کە یەک لەوان جەژنی نەورۆز بووە. ناوبرا پاشایەتی بوەیهی بە کورد دادەنێت.
و هیتد……
لە کۆتایی دا بەو شێعرەی مەلای جەباری(١٨٠٦_١٨٧٦) کۆتایی بە بابەتەکە دێنم!
درەختەن سەوزەن شنۆی شەتاوەن
نەورۆزەن سۆزەن هەوای پای کاوەن