“تایبەتمەندیی کولتووریی هندییە ئەمریکییەکان”
ئەمڕۆ هندییە ئەمریکییەکان زۆرترینی گرووپە ئیتنیکییەکانن لە ئەمریکادا لە ڕووی جۆراوجۆریی کولتوورەوە. ژیانی خێزانی، پراکتیزەی کولتووری و ئایینی، سیستەمەکانی بەها و زمان و پۆشاک جیاوازییەکی گەورەیان هەیە لە نێوان گرووپە هیندییەکانی ئەمریکادا کە بۆ ماوەی چەندین سەدە لە هەمان کیشوەردا ژیاون (درەوس و ئەوانیتر، 1982). هندییەکانی ئەمریکا و خەڵکە ڕەسەنەکەی ئالاسکا وەک ئەوروپییەکان جۆراوجۆریی ڕەگەزییان هەیە و جیاوازیی کولتووری و زمانیان زیاترە (هۆ، ١٩٨٧). لە ڕووی مێژووییەوە، هندییە ئەمریکییەکان کۆمەڵگەکانیان بە باشی پەرەپێداوە کە سیستەمی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی و حکوومەت و سیستەمە ئابوورییەکان و شێوازی خۆشنوودی و کات بەسەربردن و سرووت و ڕێوڕەسمی ئایینی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لە هەر گرووپێکدا، هاوبەشی و پاڵپشتی و کۆدەنگی ڕۆڵی سەرەکییان دەبینی. نەریتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی ئەوان ڕەنگدانەوەی جەختکردنی بەهێز بوو لەسەر پێکەوەیی و بڕیاردان (ئێدواردس و ئێدواردس، ١٩٨٠).
ئاڕاستەی بەهاکانی هندیی ئەمریکی ڕووی لە شوناسی گەردوونی و هارمۆنییەتی تاک لەگەڵ خێڵەکەیدا و خێڵ لەگەڵ زەویدا و زەوییش لەگەڵ ڕۆحی گەردووندا. مەسەلە ناوەندییەکانی ئەم هەوڵە بۆ بۆ بەدیهێنانی تەبایی و گونجان هەستکردنە بە جێگیری و نەمری و توانای پێشبینیکردنە بە سرووشت وەک بناغەیەک بۆ بوون. ئەم سووڕە هێمایە بۆ هەتاهەتایی و یەک ڕاستی و هەموو شتێک لە ڕەهایی خۆیدا تێدەپەڕێنێت و ڕێز دەداتە هەموو شتێک (هێرینگ، ١٩٨٩). کولتووری هندیی ئەمریکی جەخت لەسەر گونجان و هارمۆنییەت دەکاتەوە لەگەڵ سرووشت، خۆگرتن لەبەرانبەر ئازار و مەینەتی، ڕێزگرتن، دەستوەرنەدان لە کاری کەسدا، باوەڕبوونی بەهێز بەوەی کە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی باشە و پێویستە ڕێز لە بڕیارەکانی بگیرێت. ئەم چەشنە بەهایانە وا لەو تاک و خێزانانە دەکات کاتێ بەرەوەڕووی ئاستەنگی و ناڕەحەتی دەبنەوە کە زۆر دووڵ بن لە داواکردنی یارمەتی. هەڵبەت ترس و بێمتمانەیی ئەوان بەرانبەر خەڵکانی غەیرە هندی لە ئەنجامی ئەو سەرکوت کردن و جیاکارییەی پێشتر ڕوویداوە وایکردووە کە تا ڕادەیەک مەحاڵ بێت بۆ کەسێکی خزمەتگوزاری غەیرە هندی بچێتە ناو سیستەمی خێزانی هندییەوە (هۆ، ١٩٨٧). خێزان بە بەردی بناغەی دانپیانراو دادەنرێت لە کۆمەڵگەی هندیی ئەمریکیدا و بە چەشنی کۆگایەکە بۆ ئەو بەهایانەی کەوا ڕەفتاری مرۆڤ ئاڕاستە دەکات و ناوەندێکە بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە درێژایی ژیان و ڕۆڵێکی بنەڕەتیی چالاککردنی کولتووریی هەیە (ڕێد هۆرس، ١٩٨٠). لە کولتووری ئەنگلۆ ئەمریکیدا چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکرێت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک، بەڵام لە زۆربەی کولتوورە هندییەکاندا هەمیشە چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە نەوەکان خۆیان دووبارە بکەنەوە (مێتکاڵف، ١٩٧٩).
هەردوک خێڵەکێتی و ئایینی مەسیحیی هندییە ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە ژیانی گەلانی ڕەسەنی هندییە ئەمریکییەکاندا، چونکە ئایین تێکەڵی بوونیانە لە ساتەوەختی دووگیانییەوە، کاتێ کە هەندێک لە خێڵەکان سرووت و ڕێوڕەسمی تایبەت بەجێدەهێنن بۆ مسۆگەر کردنی سەلامەتیی لەدایکبوونی منداڵێک و هەروەها ڕێوڕەسمی مردن، کە بایەخێکی گەورە دەدرێت بە زەمانەت کردنی گەڕانەوەی ڕۆحی مرۆڤ لە دوای ئەم ژیانەوە. هندییە ئەمریکییەکانی کەوا بە زمانی دایکیی خۆیان قسە دەکەن مەیلیان بە لای ئەوەوەیە کە ئاهەنگ و و ڕێورەسم و ترادیسیۆنی ئاینیی خۆیان بپارێزن. هەروەها متمانەیەکی زۆریشیان هەیە بە خەڵکی ڕەسەنی خۆیان لە ڕووی پێداویستیی تەندروتیی جەستەیی و ئەقڵییەوە زیاتر لەوەی بە پزیشکان و چارەسەرکارانی خێزانیی ئەنگلۆ ئەمریکی هەیانبێت (هۆ، ١٩٨٧). بەها هندییەکان لە تەواوی کولتووری هندیی ئەمریکی و شێوازی ژیان و ئایین و چالاکییەکانی ڕۆژانەدا چوون بەیەکدا. زۆرێک لەو بەهایانە لە ڕێگەی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەکانەوە دەسەپێنرین (ئێدواردس و ئێدواردس، ١٩٨٠). بێجگە لەوەش، سیستەمەکانی بەهای گرووپەکانی هندیی ئەمریکی جۆراوجۆرن وەک شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژیانیان. لەگەڵ ئەوەشدا وا دیارە هەندێک لە بەهاکان گشتی و هاوبەش بن لەلایەن زۆربەی گرووپەکانی هندیی ئەمریکییەوە. هێرینگ (هێرینگ، ١٩٨٩) ئەمانەی خوارەوەی وا باس کردووە کە بەهای هاوبەش و باوبن:-
ئەنگلۆ ئەمریکی | هندیی ئەمریکی |
سەرکەوتن | خۆشحاڵیی |
خاوەندارێتی | هاوبەشی |
“ژمارە یەک” | یەکەم خێڵ و خێزانە گەورەکە، پێش خۆت |
شیاندن و ڕاهێنانی گەنج | ڕێز لە گەورە و تەمەندارەکانت بگرە |
فێربوون لە قوتابخانە دەستەبەر دەبێت | فێربوون لە ئەفسانەکانەوە دەستەبەر دەبێت |
بڕوانە پاشەڕۆژ | بڕوانە نەریت و ترادیسیۆنەکان |
کار بکە بۆ خانەنشینی | کار بکە بۆ مەبەستێک |
خۆ پێبگەیەنە و ئاگات لە کات بێت | کات تەنها ڕێژەیە |
خۆئامادە بکە بۆ خانوو، کار، تاد. | خۆ ئامادە بکە بۆ زەوی |
بۆ پێشەوە بڕوانە، نەک بۆ ڕابوردوو | وابەستەی یادەوەرییەکانی گەنجیت بە |
ڕەخنەگر شیکارێکی باشە | ڕەخنە لە خەڵکی خۆت مەگرە |
“تۆ چیت – جۆرێک لە ئاژەڵ” | وەک ئاژەڵان بژی، ئەوان برا و خوشکی تۆن |
ئەمە ئەمریکایە، بە ئینگلیزی بدوێ | پابەندی زمانەکەی خۆتبە |
من خۆم پێدەگەیەنم، تۆش هەمان شت بکە | منداڵان دیاریی ڕۆحی مەزنن دەبێ ئەوانی تریش بەشدارمان بن |
یاسا یاسایە! | بڕوانە سروشتی ڕێژەیی تاوان، کەسایەتیی تاک و بارودۆخی تاوانەکە |
ڕێسایەکت هەبێ بۆ هەر شتێکی لەناکاو | چەند ڕێسایەک باشترە، کراوە و لەسەرخۆبە |
ئایین بۆ تاکە | ئایین بۆ گەردوونە |
تێگەیشتن لە بەها نەریتییەکانی هندیی ئەمریکی و ئەگەری پێچەوانەکانی لە لای دانیشتووانی غەیرە هندی خاڵێکی بەسوودە بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجی بەرنامە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان کە لە ڕووکاری دەرەوەیاندا بۆ یارمەتیدانی ئەو تاکانە داڕێژراون کەوا کەمبەختترن بێ دەستێوەردان لە مافی بڕیار لەخۆدانیاندا. مەسەلەیەکی حەتمییە کە دابینکارانی خزمەتگوزاری ئەو گرووپە خێڵەکییە هندییە دیاریکراوانە بناسن کەوا کاریان لەگەڵدا دەکەن و بەم مانایە ئەمە دەستێوەردانی سەرکەوتووتر دەڕەخسێنێت. بێجگە لەوەش، پێویستە لەسەر دابینکارانی خزمەتگوزاری لەسەرخۆ بجووڵێن و کێشە و ڕێکارەکان بە شێوەیەکی ڕوونتر دەسنیشان بکەن و ئەو پابەندییانە پێشکەش بکەن کەوا پەیوەندییان هەیە بەو هەڵوێستانەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بکەن و بەکارهێنانی گونجاوی هێزی سوودمەند بۆ پەرەپێدانی هەستی متمانە بەخۆکردن و دامەزراندنی پەیوەندییەکی پیشەیی. بێجگە لەوەش، لە کاتی کارکردن لەگەڵ سوودمەندێکی هندیی ئەمریکی، پێویستە لەسەر دابینکاری خزمەتەکە دۆخێکی دەسەڵاتداریی گونجاو مسۆگەر بکات کە سوودمەند بتوانێت بە بەرپرسیارێتییەوە مامەلەی لەگەڵدا بکات بۆ چالاکی و بڕیارەکانی.
“هێزی هندییە ئەمریکییەکان بۆ دەستێوەردانی کولتووری”
پراکتیزەی سرووت و ڕێوڕەسمی ئاهەنگسازیی خێڵەکی کۆدێک دەستەبەر دەکات ڕەفتاری ئەخلاقی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کەوا لە مانای ژیاندا ڕۆڵی خۆیان دەبینن. هەروەها هۆکارێکیش دابین دەکات بۆ دەستێوەردان لە خەوش و ناتەواویی تاک یان کۆمەڵدا. هندییە ئەمریکییەکان لە نێوان دوو کولتووردا گیریانخواردووە و هەوڵی ئەوەیانە باشترینەکانی ئەوانی کۆن بهێڵنەوە و پابەندی ئەوانەش بن کە باشتر و پێویستترن لە نوێدا. هەرچەندە پێشکەوتنێکی گەورە بەدەستهاتووە لە کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشیدا، بەڵام هێشتا تێکڕایەکی بەرزی مردن هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ فشاری دوولایەنەی کولتووری. زۆرێک لەم مردنانە بە هۆی ڕووداو، خۆکوژی، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تووندوتیژییەوەن”. هەندێ دەربڕینی سۆزداری لەلایەن ئەو تاکانەوە کە لە کولتوور و نەریتی خۆیان دایانبڕیون و ناچاری ژیانێکی دوو کولتووری کراون” (گیلمێت و وایتد، ١٩٨٧). ڕاسیزم و سەرکوت کردن، لەنێویشیاندا چەوساندنەوەی ناوخۆیی، هێزگەلێکی بەردەوان کەوا ئەم ڕەفتارە ڕووخینەرانە دروست دەکات “برەیڤ هێرت و دی بروین، ١٩٩٨”. خەمۆکیی درێژخایەن کە زۆر لە هندییە ئەمریکییەکان گرفتای بوون پەیوەندییان بە هۆکاری وەک شکستهێنان لە بەدەستهێنانی جوولە و چالاکیی ڕوو لە هەڵکشان لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، لە ناخدا هەستکردن بە ڕەتکردنەوە و جیاکاری، هەستکردن بە گوناهـ لەئەنجامی نکووڵی کردن لە کەلەپووری بەکۆمەڵ و شەخسی و شڵەژانی مۆراڵی بە هۆی کەرت و پەرتبوونی پراکتیزە نەریتییەکانەوە. گیلمێت و وایتد (١٩٨٧) باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی ڕوو لە زیادی نووسین و ئەدەبیاتی پزیشکیی دەروونی ئاماژە بە لێکدانی پراکتیزەکانی چارەسەری هندی دەکەن لەگەڵ ستراتیجەکانی مامەلەی پزیشکیی ڕۆژاواییدا کە دەکرێ کاریگەرییەکی ئەرێنیی هەبێت لەسەر خەمۆکیی هندییەکان.
تێکەڵکردنە کولتوورییەکان ئەم بوارانە دەگرنەوە: ڕێوڕەسمەکانی ناونان، پاککردنەوەی ڕۆحیی تاکەکان و هەروەها ماڵ و فەرمانگەکان، فێرکردنی نەریت و پراکتیزە خێڵەکییەکان. بەهێزکردنی شوناسی ئیتنیکی لە فێرکردنی بەشداربوون لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی، وانەکانی زمانی خێڵەکی، هونەر و کاری دەستیی هندییە ئەمریکییەکان و دەرس وتنەوەی خەڵات و بەها نەریتییەکان بەراورد بە کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی سەرچاوە دەگرێت. ئەو ئەندامانەی خێڵ کە پابەندی یاسا و ڕێسا و کار و فەرمانە کولتوورییەکان نابن بەو لایەدا دەیشکێننەوە کە هەست بە دابڕان بکەن و بکەونە ململانێوە لەگەڵ شوناسدا و ڕەنگە سەر بکێشێتەوە بۆ بۆ نائومێدی و مەیخواردنەوە یان گرفتار بوون بە جۆرەکانی تری ڕەفتاری وێرانکەر. سرووت و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بایەخێکی تایبەتییان هەیە بۆ تەواوکاریی سیستەمی کۆمەڵایەتیی/ کولتووریی هندی (دیچاری، ١٩٨٦). بەو پێیە پیادەکاران “ڕاهێنەران” پێویستیان بە تێکەڵکردنی ستراتیجە ڕۆژاواییەکانە لەگەڵ کولتوور و بەها نەریتییەکان لە کاتی کارکردن لەگەڵ کڵاینتە هندییە ئەمریکییەکاندا. کەسانی سەرچاوەی سەرەکیی کۆمیونیتی و تەمەندارەکان پێویستە بەشدارییان پێبکرێ لە پەرەپێدانی بەرنامە کولتوورییە کاریگەرەکاندا (گیلمێت و وایتد، ١٩٨٧). ناوەندی کواواچی بۆ ڕاوێکاریی تەندروستیی دەروونیی سەر بە خێڵێ پویالوپی هندی ئەم ڕێبازەی گرتووەتەبەر لەگەڵ ئەو کەسانەی سەر بە خێڵەکان کەوا گرفتاری کۆمەڵێک کێشەی تەندروستیی ئەقڵی و دەروونیی بوون و ئەمەش کەمکردنەوەی قۆناخەکانی چارەسەری لێکەوتووەتەوە بۆ هەمان نەخۆش.
بیروباوەڕە نەریتییەکانی هندییە ئەمریکییەکان لەبارەی تەندروستییەوە و هەروەها تەواوی لایەنەکانی ژیان لە ئایینەکەیانە سەرچاوەی گرتووە. تەندروستی نەک تەنها غیابی نەخۆشییە بەڵکوو گونجان و هارمۆنییە لەگەڵ خوددا، بە جەستە و ئەقڵ و ڕۆحەوە، واتە هارمۆنی لەگەڵ ئەوانی تردا و هارمۆنی لەگەڵ دەوروبەری تاک یان ژینگەکەیدا. کەواتە لێرەوە چەمک و تێگەیشتنی ڕۆحانییەت و ئایین لە تەندروستیی مرۆڤ جیا نابێتەوە. کولتووری هندیی ئەمریکی پاڵپشتی لایەنی ڕۆحیی لەشساغی و چارەسەرە، لەکاتێکدا کە پزیشکیی ڕۆژاوایی بە پلەی یەکەم جەخت لەسەر لایەنە فیزیکییەکە یان جەستەییەکە دەکات. هندییە نەریتییەکان باوەڕیان وایە کە سێ جۆر لە نەخۆشی هەیە: ١) سرووشتی وەک برین، شکاویی ئێسک و.. تاد. ٢) بانسرووشت “نەفرەت”، ٣) نەخۆشیی غەیرە هندی کە پەیوەستە بە پەیوەندی کردن بە کولتووری ئەوروپییەوە (بەینز، ١٩٩٢). بەينز تەنها سێ ڕێگەی دیاریکردووە بۆچارەسەری نەخۆشی: ئەو نەخۆشییەی کە تەنها چارەسەرکار یان حەکیمە نەریتییەکان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەو نەخۆشییەی کە تەنها پزیشکیی ڕۆژاوایی دەتوانێ مامەلەی لەگەڵ بکات، ئەو نەخۆشییەی کە هەردوو ڕێگاکە دەتوانێ مامەڵەی لەگەڵ بکات و بریتییە لە زۆربەی نەخۆشییەکان. وێستەرمەیەر و نەیدەر (١٩٨٥)، لە توێژینەوەیەکی ئینتیمای کولتووریدا بۆ بەرنامەی بەدمەستانی مەیخواردنەوەی هندییە ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن کەوا ئەو سەرچاوانەی پاڵپشتیی ئیتنیکیی هندییە ئەمریکییەکان دەکەن پێدەچێت کێشەکانی تەندروستیی ئەقڵی و دەروونییان کەمکردبێت لە کۆمەڵگە هندییەکاندا. ئەم سەرچاوانە مەڵبەندەکانی کۆمەڵگەی هندیی ئەمریکی، گرووپەکانی هاوکاریی هندییەکان و ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵەی هندییە ئەمریکییەکان و چالاکییە کولتوورییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەگرێتەوە. هەرچەندە ئەم مەسەلانە وا تەماشا دەکرێن کە تەنها بەهایەکی کولتوورییان هەبێت، بەڵام ڕەنگە کاریگەریی ئەرێنیشیان هەبێت لە سەر پاڵپشتیی تەندروستی و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەکان.
برەیڤ هێرت و دیبروین (١٩٨٨) مۆدێلێک پێشکەش دەکەن بۆ ئاسانکاریی چارەسەری کێشەی خەمە مێژووییە چارەسەر نەکراوەکان لە ڕێگەی لێکدانی مامەڵە کلینیکی و نەریتییەکانی هندییە ئەمریکییەکانەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە مۆدێلەکەیان فاکتەری ورووژاندنی پرۆسەی خەمی هێدمە (تراوما) مێژووییەکەیە. بە پێی ئەم مۆدێلە، تاکەکان دەتوانن بەردەوامیی بە پرۆسەی چاکبوونەوە بدەن لە ڕێگەی چارەسەری تاکەکەس و بەکۆمەل و خێزانییەوە، کاتێ کەوا لە پەرەپێدانی ڕۆحییاندا ئامادە دەبن. دەگونجێ ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە بکرێت لە ڕێگەی خێڵە هندییە ئەمریکییەکان و بەشداری پێکردنی کەسانی بەساڵداچووی خێڵەکان و چەندین پرۆگرامی چالاکیی نواندنی تێدایە لەگەڵ سوودمەندان، وەک چیرۆک و حیکایەت گێڕانەوە و وانە وتنەوەی مێژووی خێڵەکی و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هۆشیاریی مێژوویی. ئەم مۆدێلە جەخت لە سەر گرنگیی تۆڕی بەرفراوانی خزمایەتی دەکات کە پاڵپشتیی شوناسی پێکهاتن و هەستی وابەستەیی و داننان بە مێژووی هاوبەش و مانەوەی گرووپێک دەکات. بێجگە لەوەش، ئەم مۆدێلە پاڵپشتی لە پەرەسەندنی توانای کولتووری و خودهۆشیاری و هەروەها ئیدارەدانی خەم و ناسۆریش بدات.
“هەنگاوەکانی پەرەپێدانی ئەو بەرنامانەی لە ڕووی کولتوورییەوە گونجاون”
دامەزراوەکانی فیدراڵی و حکوومەتی ویلایەتەکان و دامەزراوە تایبەتەکان ئەگەری سەرچاوەی پرۆژە نوێکانی ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەن کە بەدەم پێداوستیی دەستە و تاقمە تایبەتییە تایبەتەکان یان مەسەلەکانی کۆمەڵایەتیی-ڕەفتارین. بەزۆری خێڵەکان دەتوانن داوای بەدەستهێنانی ئەم سەرچاوانە بکەن ئەگەر پێداویستییەکانیان بسەلمێنن و بتوانن کارمەندانی شیاو دابمەزرێنن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. ئەو هەنگاوانەی کە دەبێ بیانگرینەبەر بۆ داڕشتنی بەرنامەکان کەوا بەها و باوەڕ و ڕیوڕەسمە نەریتییەکان دەگرێتەوە ئەمانەی خوارەوەن:
أ) پێداچوونەوەی ئەو ئەدەبیاتەی کە زانیاریی دەستەبەر دەکەن لەسەر بەها و باوەڕ و هەڵوێست و بەکارهێنانی پراکتیزە نەریتییەکانی هندییە ئەمریکییەکان لە بەرنامەکانی چارەسەر و خۆپارێزیدا.
ب) ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی هەواڵ و زانیاریی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکان، بەساڵداچووان، ئەندامانی خێڵەکان و کڵاینتەکان بۆ تاقیکردنەوەی باوەڕ و هەڵوێست و پێناسەی شوناسی کولتوورییان و بێجگە لەوەش تێگەیشتن لەوەی کەوا کام جۆر لە باوەڕ و بەها و ڕێوڕەسمە نەریتییەکان تێکەڵ بە بەرنامەیەک بکەن کە مامەڵەی ڕێگرتنی مادەی هۆشبەر و بکارهێنانی بکات لەلایەن هندییە ئەمریکییەکانەوە.
ج) ئەنجامدانی ڕووماڵ کردن بۆ گرووپەکانی کۆمەلگە یان بەشدارانی گەڕان بە دوای زانیاریدا لەبارەی باوەڕ و بەها و تێگەیشتنە کولتوورییەکان بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو ئەندامانی کۆمەڵگەدا و هەروەها هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڕاسپاردە نەریتییانەی کە دەکرێ سوودبەخش بن بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە مامەڵەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن.
د) چاوپێکەوتن یان هەڵسەنگاندن لەگەڵ دابینکارانی خزمەتگوزاریدا-ڕەنگە جەردکردنی خزمەتگوزارییەکان و تاقیکردنەوەی هەڵوێستی دەزگاکان بگرێتەوە لە ئاست خزمەتگوزاریی هندییە ئەمریکییەکان و توانا کولتوورییەکانی ئەو دەزگایە بگرێتەوە.
ها) پێداچوونەوەی ئەو تیۆرییە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەی کە دەکرێت بەکاربێت بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی ئەو خزمەتگوارییانەی کە باوەڕ و بەها و پراکتیزە نەریتییە نەریتییەکان لەخۆدەگرن. هەروەها دەکرێ بەکاربێن بۆ دیزاین کردنی ڕێکارەکانی هەڵسەنگاندنی دەستێوەردان.
و) شیکردنەوەی زانیارییە کۆکراوەکان بۆ ئاڕاستەکردنی پەرەسەندنی ئەو بەرنامانەی لەگەڵ کولتووردا یەکدەگرنەوە پێویستە هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی سوودمەندان لەخۆ بگرێت.
ئەمە پرۆسەیەکی قورس و بێزارکەرە، بەڵام ڕەنگە بنەمایەکی پتەو دابنێت بۆ پاڵپشتیی پەرەپێدانی بەرنامەیەکی گونجاو لە ڕووی کولتوورییەوە بۆ ئەندامە خێڵەکییەکان. بێجگە لەوەش، ئەگەر کارەکە بە شێوەیەکی ڕاست بکرێت، ئەوە سترۆکتوورێک دابین دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دەستێوەردانەکە، کە ئەگەر سەرکەوتنی سەلمێنرا ئەوە دەکرێ زەمانەتی دەستیوەردانەکە بەردەوام بێت بۆ چەندین ساڵ، لەکاتێکدا کە یارمەتیی هندییە ئەمریکییەکان دەدا بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی مامناوەندی و نەریتی. ئەگەری سوودێکی ئیزافییشی دەبێت کە ئەویش ڕەنگە دووبارەکردنەوەی مۆدێلی خزمەتگوزارییە لەنێو گرووپە خێڵەکییەکانی تردا بە دەسکاریکردنیکی گونجاو بۆ گرووپە کولتوورییەکەیان. پاشان زۆر مەسەلە کە دەبێ ڕەچاو بکرێن لە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی وەڵامدەرەوەدا لە ڕووی کولتوورییەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەمانەن:
ئە) پێویستە کارمەندان لەنۆرم و باوەڕە کولتوورییەکانی ئەو دانیشتووانە تێبگەن کە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت و تەنها هندی بوونیان بەس نییە و دەبێ هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت کەوا تەنانەت لە ناو گرووپە خێڵەکییەکەماندا، ئێمە جیاوازییەکی گەورە دەبینین لە بەها و باوەڕە کولتوورییەکاندا.
ب) لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا پێویستە ڕەهەندی کولتووریی لەخۆی بگرێت و ئەوە دەربخات کە چۆن کولتووری سوودمەندان (کڵاینتەکان) کار دەکاتە سەر ڕەفتاری تەندروستی. هەروەها ئاستی شوناسی کولتووریی سوودمەندانیش کاریگەری دادەنێت لەسەر بەدەمەوە هاتنیان بۆ خزمەتگوزارییەکان و پێویشتیی شەخسیی بۆ خوێندن و فێرکردنی نەریتی.
ج) ئامادەبە بۆ مامەڵە و چارەسەر بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەک هەژاری و دواکەوتوویی و نائومێدی “گشتگیریی مامەڵەکردنی خزمەتگوزاری”- چونکە ناتوانین بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر جیابکەینەوە لە پێویستییە شەخسییەکانی تر. بێجگە لەوەش، ناکرێ ئێمە بەتەنها مامەڵە لەگەڵ سوودمەند (کڵاینت)دا بکەین، بەڵکوو دەبێ ئامادەبین بۆ کارکردن لەگەڵ خێزان و کۆمیونیتییەکەیان بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و هارمۆنییەتی تەواو لە ژیانیاندا.
د) هەڵسەنگاندنی سیستەمی پاڵپشتیی سوودمەندان وەک (خێزان و کۆمەڵگە و .. تاد.)، تۆ بیخەرە زەینی خۆتەوە کە تاک ئەندامێکی کۆمەڵگەیە و بەو پێیە ئێمە هەموومان هاوبەشی بەرپرسیارێتین لە خۆشگوزەرانییان و ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بەشدارە لە خۆشگوزەرانیی ئێمە و شوناسی گرووپەکەمان.
ها) بەشداری پێکردنی دەسەڵاتە خێڵەکییەکان و کەسە بەتەمەنەکان و سەرۆکە ڕۆحانییەکان و ئەندامانی تری کۆمەڵگە لە پەرەپێدان و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی سەرکەوتوو – چونکە ئەوان مێژوو، کولتوور، بەها و باوەڕمان دەزانن و ئەوان خاڵی هاتنە ناوەمانە بۆ کۆمەڵگە و ئەوان ڕێنماکاری گەورە و نایابی هەموومانن.
و) داکۆکی کردن بۆ ئەوەی سوودمەندان (کڵاینتەکان) بگەنە ئەو مێتۆدی چارەسەرە نەریتییانەی کە خۆیان هەڵیدەبژێرن، هاوکات و تێکەڵ بێت لەگەڵ پزیشکیی ڕۆژاواییدا یا بەجیابێت.
ئەو خزمەتگوزاری یان چالاکییانەی کە لەوانەیە تۆ بتەوێت بیانخەیتە مۆدێلی خزمەتگوزارییەکانتەوە و باوەڕ و بەها و پراکتیزە نەریتییەکان لەخۆدەگرێت ئەمانەی خوارەوەن:
ئە) ئاهەنگ و ڕێوڕەسمە خێڵەکییەکان.
ب) خوێندن و فێرکردنی مێژووی خێلەکی، پێشبینییەکان، ئەفسانەکان، باوەڕەکان، گێڕانەوەی چیرۆکەکان، گۆرانییەکان، سەما، زمان، یارییەکان، هونەر و کارە دەستییەکان، بەها نەریتییەکان، خورافات و … تاد.
ج) ڕێنماییکاران بۆ ئاڕاستەکردنی باوەڕ و بەها نوێیەکان.
د) چالاکییەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی بۆ سوودمەندان (کڵاینتەکان) و خێزانەکانیان.
“چەند نموونەیەکی دەستێوەردانی هەستیار لە ڕووی کولتوورییەوە بۆ هندییە ئەمریکییەکان”
یەک- پرۆژەی پاراستنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان دژ بە ئەیدز و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان (باڵدوین و ئەوانیتر، ١٩٦٩) پاراستنی پەرە پێداوە دژ بە ڤایرۆسی ئەیدز و ئەلکوهوول (مەی) و بەرنامەی تری ڕێگرتن لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن گەنجانەوە لە ناو قوتابخانە و کۆمەڵگەدا و پەرەپێدانی مێتۆدی دەستێوەردان بە پێی بنەمای تیۆریی زانستی بۆ گۆڕینی ڕەفتار کەوا سیستەمەکانی باوەڕی گشتگیری تەندروستیی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکیی ئاوێتەی ڕوانگەی پزیشکیی بایۆمیدیکاڵ و نەخۆشیی کردووە. سێ پرەنسیپی ڕێنماییکار پەیڕەویکراون لە پەرەپێدانی بەرنامەی پاراستنی تایبەت بە خۆیان:-
(1) پێویستە دەستێوەردانەکە پەیوەندیدار بێت بە پرسەکانی گەشەپێدانەوە بۆ گرووپە بەئامانجکراوەکان.
(2) پێویستە دەستێوەردانەکە ڕەجاوی بەها و باوەڕ و هەڵوێستی وەرگرەکان بکات لە سیاقی سیستەمە کۆمەڵایەتیی – کولتوورییەکانیاندا.
(3) پێویستە دەستێوەردان پاڵپشتیی گۆڕانکارییە پەیوەندیدارەکان بکات لە ڕەفتاری تەندروستیی کەسەکان لە سیاقی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئاساییاندا.
ئەو مێتۆدەی پەرەی پێدراوە و ڕێکارەکانی بنیاتنانی زانیاری و پەرەپێدان و پراکتیزەکردنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونی پاراستنی دیاریکراو و بەهێزکردنی نۆرمەکانی گرووپی هاوشێوەی نوێ بۆ پەیوەندی و ڕەفتاری خۆپارێزی لە دۆخ و سیاقی بەها و باوەرە تەندروستییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا. ئەمە دەستێوەردانێکی دوو قۆناخییە کە ٤٨ دانیشتنی پۆل یان کلاسی خوێندن دەگرێتەوە، (قۆناخی یەکەم) بریتییە لە ٢٤ دانیشتنی یان وانەی پۆلی هەشتی ئامادەیی و (قۆناخی دووەمیش) بریتییە لە ٢٤ دانیشتنی یان وانەی پۆلی نۆی ئامادەیی.
دوو- مۆدێلی پەرەپێدانی ئەهالایا کە پرۆژەی نیشتمانیی ئەمریکیی ڕەسەن پەرەی پێداوە بۆ ڕێگریکردن لە ئەیدز، کە بنکەی لە شاری ئۆکڵاندی کالیفۆرنیایە. ئەم مۆدێلە مامەڵەیەکی گشتگیری پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە بۆ ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئەیدز بوون. مۆدێلەکە شەش پێهاتەی خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت: (1) چارەسەری نەریتی، (2) هەواڵەکردنی بۆ خزمەتگوزاری، (3) مەسەلە بنەڕەتییەکانی ژیان و گوزەران (واتە خۆراک و نیشتەجێبوون و پۆشاک و داهات)، (4) ئیدارەدانی ئەو حاڵەتانەی بەرەوڕووی دەزگای تەندروستیی دەبنەوە، (5) خزمەتگوزاریی پارستنی لاوەکی، (6) پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەروونی. پێکهاتەنی بەرنامەکە بەگوێرەی پێویستییە تاکەکەسییەکانی سوودمەندەکە (کڵاینتەکە) جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوە جەخت لەو پێکهاتانە دەکرێتەوە کە بۆ سوودمەندێک تەرخان دەکرێن زیاتر لەوانیتر. هەروەها جەختی توندیش دەکرێتەوە لەسەر یەکخستنەوەی تاک لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەی خێڵەکیدا. پرۆژەکە ڕەچاوی ئەوە دەکات کەوا لەسەر هەواڵدان و تێبینیی خودی سوودمەند بەڕێوەبەری کەیس یان حالەتەکە هەڵدەسەنگێنرێت و ئەمەش هۆکاری سنووردانانە بۆ ڕەفتارە زۆر مەترسیدارەکان و زیادبوونی بایەخدان بە شکۆدانان و ڕێزگرتنی سوودمەند بۆ خودی خۆی و ئاشنایی زیاتر دەکات بە بەها و کولتوورە هندییە ئەمریکییەکان. وا دیارە سوودمەندانیش گرنگییەکەی زیاتر بە چاودێریی تەندروستییان دەدەن لە ڕووی جەستەیی و ئەقڵییەوە. لە ماوەی هەڵسەنگاندنی پرۆژەکەدا (١٩٩٤)، ٤٤%ی سوودمەندان باس لە پێویستیی زیاتریان دەکەن بۆ چارەسەرە نەریتی و ڕۆحانییەکان. کارمەندان باس لەوە دەکەن کەوا گەیشتن بە چارەسەری نەریتی و ڕۆحانی سوودمەند توانادار دەکات بۆ گەڵاڵەکردنی ئەندامێتی لە گرووپێکی کولتووریدا و ڕێزگرتنی زیاتری خود و چەسپاندنی ئەو بەهایانەی کە ڕەفتار و بەکۆمەڵایەتی بوونی و ئەمەش سەر دەکێشیتەوە بۆ چاکتربوونی تەندروستی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان (دوران، ١٩٩٥).
References سەرچاوەکان
- Baines, D. R. (1992). Issues in cultural sensitivity: Examples from the Indian peoples. In e. al. (Ed.), Health Behavior Research in Minority Populations (pp. 230-232). Washington, DC: National Institutes of Health.
- Baldwin, J. A., Rolf, J. E., Johnson, J., Bowers, J., Benally, C., & Trotter, R. T., II. (1996). Developing culturally sensitive HIV/AIDS and substance abuse prevention curricula for Native American youth. Journal of School Health, 66(9), 322 – 327.
- Brave Heart, M. Y. H., & DeBruyn, L. M. (1998). The American Indian Holocaust: Healing historical unresolved American Indian and Alaska Native Mental Health Research, 9 (2), 56 – 78.
- Dicharry, E. K. (1986). Delivering home health care to the elderly in Zuni Pueblo. Journal of Gerontological Nursing, 12 (7), 25 – 29.
- Duran, B. (1995). Traditional healing for American Indians infected with HIV. AIDSLink: NCIH HIV/AIDS Network Newsletter(36), 4 – 5.
- Edwards, E. D., & Edwards, M. E. (1980). American Indians: Working with individuals and groups. Social Casework, 61(8), 498 – 506.
- Guilmet, G. M., & Whited, D. (1987). Cultural lessons for clinical mental health practice: The Puyallup tribal American Indian and Alaska Native Mental Health Research, 1 (2), 32 – 49.
- Herring, R. D. (1989). The American Native family: Dissolution by coercion. Journal of Multicultural Counseling and Development, 17 (1), 4 -13.
- Ho, M. K. (1987). Family Therapy with Ethnic Minorities. Newbury Park, CA: Sage Publications.
- Metcalf, A. (1979). Family reunion: Networks and treatment in a Native American community. Group Psychotherapy, Psychodrama, and Sociometry, 32, 179 – 189.
– Red Horse, J. G. (1980). Family structure and value orientation in
American Indians. Social
Casework, 61(8), 462- 467.
– Westermeyer, J., & Neider, J. (1985). Cultural affiliation among
American Indian alcoholics: Correlations and change over a ten year
period. Journal of Operational Psychiatry, 16 (2), 17 – 23.
- Young, Thomas J. “Substance Use and Abuse among Native Americans.” Clinical Psychology Review, 8 (1988): 125 –
11ی نیسانی 2002
نووسەر: بێتی ئی. ئێس. دوران، MSW، MPH
مەڵبەندی توێژینەوە و هەڵسەنگاندن، کۆڵێجی کاری کۆمەڵایەتی
زانکۆی ئۆکڵاهۆما
نورمان، ئۆکڵاهۆما 73019
April 11, 2002
Author: Betty E.S. Duran, MSW, MPH
Evaluation Research Center, School of Social Work
The University of Oklahoma
Norman, OK 73019
(405) 325 – 0442
bduran@ou.edu
سەرچاوە: ئینتەرنێت
American Indian Belief Systems and
Traditional Practices
Betty E. S. Duran, MSW, MPH
The University of Oklahoma
بێتي ئی. ئێس. دوران، MSW، MPH، زانکۆی ئۆکڵاهۆما
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق