-
وتت هەستدەکەیت نزیکیت لە ڕۆماننووسە ڤینیسییەکانی وەک مۆزێڵ و هێرمن بروخ. بروخیش وەک تۆ وای دەبینی سەردەمی ڕۆمانی دەروونی کۆتایی پێ هاتووە و بڕوای بە ڕۆمانێکە پێی دەوترێت پۆلیمێژووی polyhistorical ؟
- مۆزێل و بروخ ئەرکێکی زۆریان لەسەر شانی ڕۆمان دانا. وەکو داهێنانێکی فکری درێژخایەن و کۆتا شت کە مرۆ پرسیاری دنیای لێوە بکات. لەو بڕوایەدا بوون ڕۆمان گوزارشتی هێزێکی گەورە دەکات، دەتوانێ ببێتە شعر و خورافیات و فەلسەفە و وتەی کاریگەر و وتار، ببێتە هەموو ئەوانەش لەیەک کاتدا. لە نامەکانی بروخ تێبینی قووڵ لەم بارەیەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەکارهێنانی وەک دەستەواژەیەکی خراپ بژاردەی کوێربوونی نیازەکانی دادەنێم، کە ئەویش ڕۆمانی پۆلیمێژووییە.
لە نیشتیمانەکەی بروخ نووسەرێکی نەمساوی کلاسیکی بەناوی ئاداڵبرت شتفتەر هەبوو، ڕۆمانی پۆڵیمێژووی لە بەرهەمێکی کە ساڵی ١٨٥٧ بە ناونیشانی دییرناخزومەر و دواتر بە ناونیشانی هاوینی هندی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدرا، داهێنا. ڕۆمانێکی بەناوبانگە و نیچە وەک یەکێک لە چوار گەورەترین ئـەدەبی ئەڵمانی دایدەنێت. کە ئەمڕۆ لەبەرئەوەی پڕە لە زانیاری جیۆلۆجی، زانستی ڕووەکی و ئاژەڵ، پیت، وێنە و تەلارسازی بۆ خوێندنەوە نابێت. ئەمەش حاڵی برۆخ نییە بەڵکو بەپێچەوانەوە، هەوڵی زۆری بۆ دۆزینەوەی ئەوەی “نا ڕۆمان ناتوانێت بیدۆزێتەوە” بدۆزێتەوە داوە.
ئەوەی بروخ ناوی ناوە “زانینی گێڕانەوە” بوونە، بەڕای من، دەستەواژەی “پۆڵیمێژووی” دەبێت خۆی بە “هەموو کەرەستە و شێوەکانی زانین بە ئامانجی تیشک خستە سەر بوون” بناسێنێت. بەڵێ من هەست دەکەم لەوەوە نزیکم.
- وتارێکی درێژت لە لونوفڵ ئۆپزرخاتۆر بڵاوکردەوە، وات لە فەڕەنسییەکان کرد دووبارە بە بۆرخدا بچنەوە، لەهەمان ئەوکاتەی بەپیاهەڵدانەوه لە بارەیەوە دەدوێی، بەڵام ڕەخنەیشی لێ دەگری. بەجۆرێک لە کۆتایی وتارەکەدا دەڵێیت: هەموو کارێکی گەورە (لەبەرئەوەی گەورەیە و هیچی تر) بەشێوەیەکی بەشەکی کەم و کوڕی هەیە؟
- بروخ سەرچاوەی ئیلهامی ئێمەیە، نەک هەر ئەوەی بەدەستیهێنا، بەڵکە ئەوەشی کە دەیویست بیکات و نەیتوانی بەدی بهێنێت. هەر خۆی کەموکوڕی کارەکان دەتوانێ یارمەتیمان بدات لە تێگەیشتنی شتەکان بەشێوەیەکی هونەری نوێ، لە نێویدا:-
١ – لابردنی ڕادیکاڵی بۆ هەر شتێک کە پێویست نییە، بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی ئاڵۆزی بوونگەرایی لە جیهانی مۆدێرن بەبێ لەدەستدانی ڕوونی تەلارسازی.
٢ – تێکەڵکردنی دەنگی گێڕانەوە بۆ خوڵقاندنی دەنگێکی یەکگرتوو لە فەلسەفە و سەربووردە و خەون.
٣ – خوودی وتاری گێڕانەوە، بەمانایەکی دیکە، لەبری ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکەین پەیامێک دەگەیەنین وەک گریمانەیەک و یاریزانێک و تەنزنووسێک دەمێنینەوە.
ئەم سێ خاڵە هەموو بەرنامەکەت بۆ کورت دەکاتەوە.
بۆ ئەوەی بتوانی ڕۆمان بخەیتە ژێر ڕووناکی پۆلیمێژوویی بۆ بوون، دەبێت توانای سڕینەوە و هونەری چڕبوونت هەبێت. ئەگەر وانەبێت دەبێتە درێژییەکی بێ کۆتا. ڕۆمانی “پیاوێکی بێ شایستە”ی مۆزێل یەکێک لە و دوو ڕۆمانە یاخوود سێ ڕۆمانەیە لە خۆمەوە نزیکە و حەزی پێدەکەم. بەڵام داوای ئەوەم لێمەکە بە پانتاییە ناتەواوەکەی سەرسام بم! خۆ بە یەکجار تەماشکردن قەڵایەکی گەورە نابینی. پێوەری مرۆڤایەتی هەیە، سنووری ئەنسترۆپۆلۆژی وەکو سنووری یادگە هەیە، کە نابێت بیبەزینی. کاتێک لە خوێندنەوە دەبیتەوە، دەبێت هێشتا تۆ سەرەتاکەت بیربێت. ئەگەر وانەبێ، ڕۆمان شێوەی خۆی و ڕوونییەکەی لەدەست دەدات.
- کتێبی “پێکەنین و لەبیرکردن” لە حەوت بەش خۆی دەبینێتەوە، ئەگەر سڕینەوەت تیا نەکردایە، دەتتوانی بە حەوت بەشی سەربەخۆ و تەواو لێی دەربچیت؟
- بەڵام ئەگەر حەوت ڕۆمانی سەربەخۆم بنووسیبایە، گرنگترین شتم لەدەستدەدا: ئەوکات نەمدەتوانی لەیەک کتێبدا دەست بە، “ئاڵۆزی بوونی مرۆڤایەتی لە جیهانی مۆدێرندا” بگرم. سڕینەوە پێویستییەکی بێ چەند و چوونە. هەمیشە پێویستە مرۆڤ بڕواتە نێو دڵی شتەکانەوە. لەم سەروبەندەدا هەمیشە بیر لە نووسەرێکی میوزیکی چیکی بەناوی “لیۆس جاناسیک” کە لە منداڵییەوە سەرسامم پێی، دەکەمەوە. یەکێکە لە گەورەترین پڕۆفیسۆرەکانی میوزیکی نوێیە. هەر بەخۆی شۆڕشێکی کرد کاتێک مکووڕ بوو لەسەر پوختەکردنی میوزیکی نا پێویست. هەر خۆی هەموو نووسەرێکی میوزیک توانایەکی گەورە تەکنێکییان هەر لە: نمایشکردنی تەوەرەکان و بەرەوپێشبردنی و گۆڕانکاری و کاری پۆلیفۆنی (زۆربەی جار ئۆتۆماتیکییە) و پڕکردنی ئۆرکێسترا لە گواستنەوە، تا کۆتایی هەیە.
لەمڕۆدا هەمووان دەتوانن بە کۆمپیوتەر میوزیک بنووسن، بەڵام هەمیشە کۆمپیوتەر لەسەری مرۆڤەکاندا بووە. دەیانتوانی–کە زروف ناچاری دەکردن–سۆنێتەکان کە بیرۆکەی ڕەسەنی لە خۆ ناگرێت بنووسن و هەموو ئەوەی دەیانکرد فراوانکردن بوو لە یاسایی نووسینی میوزیکی کلاسیکی. ئامانجی جاناسیک شکاندنی ئەو کۆمپیوتەرە بوو: جێگیرکردن لەبری گواستنەوە، دووبارەکردنەوە لەبری گۆڕانکارییەکان لەگەڵ هەمیشە ڕێگای ڕاستەوخۆ بۆ نێو دڵی شتەکان. جگە لە تۆن هیچ شتێکی دیکە ڕێگە پێدراو نییە. بە نزیکەیی لە ڕۆمانیشدا هەمان شتە، لەلایەنی خۆیەوە تەکنیکەکان ئەو یاسایانەی دروستدەبێت بۆ قوورسکردنی کارەکان، نووسەر: پێشکەشکردنی کەسایەتی، وەسفکردنی ژینگەکە، ڕووداوەکان لە ئاسۆیی مێژوو دابنێی، پڕکردنی کەسایەتییەکان بە ڕووداوگەلێکی بێ بەها. هەموو گۆڕانێکی دیمەن و وەسف و ڕوونکردنەوەی دەوێت. ئامانجی منیش هەمان ئامانجی جاناسیکە : پوختەکردنی ڕۆمانە لە ئۆتۆماتیکی تەکنیکی گێڕەوە.
- چ شتێک وا لە گێڕەوە دەکات خۆی لە باسکردنی ڕاستەوخۆی فەلسەفەکەی و جەختکردنەوەی لە ڕۆماندا بێبەش بکات؟
- لەبەرئەوەی شتێکی لەو شێوەی نییە! زۆرێک لە خەڵکی باس لە فەلسەفەی چیخۆف و کافکا و مۆزێڵ دەکات. بەڵام تەنها هەوڵبدە فەلسەفەیەکی یەکگرتوو لە کتێبەکانیاندا بدۆزیتەوە! تەنانەت کاتێک لە تیانووسەکانیاندا باس لە بیرکردنەوەکانیان دەکەن خۆی لە ڕاهێنانی زەهنی و یاریکردن بە جیاکارییەکان دەبینێتەوە، هیچ جەختکردنەوەیەکی فەلسەفی نییە. فەیلەسووفەکانیش کە ڕۆمان دەنووسن جگە لە دەمامک بەستوویەک ڕۆمان بۆ ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوەکانیان بەکاردەهێنن هیچی تر نییە. نە ڤۆڵتێر نە کامۆ ئەوەی “جگە لە ڕۆمان ناتوانێت ئاشکرای بکات” ئاشکرایان نەکردووە.
جگە لە ڕۆمانی jacque le fatalit ی دیدۆر، ئای چ پەرجوویەکە! فەیلەسووفی جدی کاتێک سنوورەکان بۆ ڕۆمان دەبەزێنێت. دەبێتە بیرمەندێکی یاریزان. لە ڕۆمانەکەدا وشەیەکی جدی نییە، بەڵکو هەموو شتێک لە یاریکردندایە. ئەمەش هۆکاری ئەو ستەمەیە لە فەڕەنسا بەرامبەر ئەم ڕۆمانە دەکرێت. لەڕاستیدا ڕۆمانی jacques le fatalsit خۆی لەهەموو ئەو شتانەی فەڕەنسا لەدەستی داوە دەبینێتەوە و فەڕەنساش هەزمی ناکات. ڕۆمانەکە هی ئەوە نییە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی بیرۆکەکان، لە نیشتیمانی بیرۆکەکانیش شایەنی تێگەیشتن نییە.
- دەڵێیت کتێبی ” پێکەنین و لەبیرکردن” ” ڕۆمانێکە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان”، بەڵام ئایا ڕۆمانە؟
تەنهایی لە ڕووداوەکانیدا نییە، ئەمەش وایلێدەکات لە ڕۆمان نەچێت. خەڵکی ناتوانن ڕۆمان بەبێ تەنهایی ببینن. تەنانەت ئەزموونکردنی ڕۆمانە نوێیەکانیش هەر کار لەسەر تەنهایی بوون دەکات. ستیرن و دیدۆر بەدوای ئەوەوەن ڕووداوەکان لەوپەڕی ناسکیدا بێت. لە بیانووییەکی کۆمیدی بۆ خستنەڕووی بیرۆکەکان و چیرۆکەکان هیچی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بیانووەیان لەم چوارچێوەدا بۆ ئەوەی شێوەی ڕۆمان وەربگرێت پێویستە. لە کتێبی “پێکەنین و لەبیرکردن” تەنانەت ئەم بیانووەش نییە. بەڵکو هەمەجۆری یەکگرتووی بە کتێبەکە دەبەخشێت. ئایا ڕۆمانە؟ بەڵێ. ڕۆمانێکە لە ڕێگەی کەسایەتییە خەیاڵییەکانەوە بیر لە بوون دەکاتەوە. قاڵبی ڕۆمانەکە خۆی لە ئازادییەکی بێ سنووردەبینێتەوە.
سهرچاوه؛
بیت حالف المجانین، حوارات باریس ریفیو.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد