“له پێسوا بۆ ئۆڤیلیا”
ئازیزە بە نرخ و بچکۆلەکەم
نزیک بە چواری بەیانییە. هەرچەندە جەستە بەئازارەکەم زۆر پێویستی بە پشووە، بەڵام ئومێدی خەو لێ کەوتنم لەدەست داوە. ئەمشەو سێیەم شەوی لەسەریەکە کە ئەمەم بەسەر دێت، بەڵام ئەمشەو یەکێکە لە خراپترین شەوەکانی ژیانم. خۆشەویستەکەم، بۆ بەخت باشیت ناتوانیت وێنا بکەیت کە چۆنە دۆخم، هەر بە تەنها خورانی قوڕگم و ئارەزووە گەمژانەکەی دوو خولەک جارێ تفکردنم ڕێگر نەبوون لە خەو لێ کەوتنم. هەرچەندە تام زۆر بەرز نەبوو بەڵام وڕێنەم دەکرد، هەستم دەکرد شێت دەبم، دەمویست هاوار بکەم، یان دەنگ هەڵبڕم، هەزار شتی شێتانە بکەم. هەر بە تەنها نەخۆشییەکەم منی نەخستبووە ئەم دۆخە، بەڵکو تەواوی دوێنێ لە تەواونەکردنی ئەو شتانەی کە دەبوایە پێش گەشتنی خێزانەکەم بمکردایە تووڕەبووم. بۆ خراپتربوونی دۆخەکە کوڕی پورم کاتژمێر حەوت و نیو بە هەواڵی ناخۆشەوە گەشتە لام، کە ئێستا باسیان لێوە ناکەم، چونکە خۆشەویستەکەم هیچی پەیوەندی بە تۆوە نییە. بەختی خۆمە کە دەبێت لەوکاتانەی کە ئیشی زۆر هەن و جگە لە من کەسی تر ناتوانێت بیکات نەخۆش بکەوم.
بینیووتە بە چ دۆخێکی دەروونیدا تێ دەپەڕم، بەتایبەت لەم دوو ڕۆژەی کۆتایی؟ بچکۆلانە جوانەکەم؛ نازانیت کە چەند شێتانە هەموو خولەکێک بیرت دەکەم. نەبوونت ئازارم دەدات، خۆشەویستەکەم، تەنانەت یەک ڕۆژیش بێت، بیری لێبکەوە دۆخم چۆن دەبێت ئەگەر سێ ڕۆژ نەتبینم!
یەک شتم پێ بڵێ خۆشەویستەکەم، لە نامەی دووەمدا ئەوەی دوێنێ لەگەڵ ئۆسۆریۆ ناردت، بۆچی ئەوەندە خەماوی دەردەکەوتی؟ دەتوانم لەوە تێبگەم کە چۆن من بیرت دەکەم تۆش ئاوا بیرم دەکەی، بەڵام زۆر نیگەران دەردەکەوتی، خەمبار، ئەوەندە تواو کە ئازارم دەچەشت، کە نامەکەتم دەخوێندەوە بۆ ئازار چەشتنت ئازارم دەچهشت. چیت بەسەرهاتووە، خۆشەویستەکەم جیابوونەوەشمانی بۆ زیادبکە؟ شتێکی خراپتر هەیە؟ بۆچی ئەوەندە تۆنی دەنگت دەربارەی خۆشەویستییەکەم بێ ئومێدانەیە، وەک ئەوەی گومانت لێی هەبێت، لەکاتێکدا هیچ هۆکارێک بۆ گومانت نییە؟
من بەتەواوی تەنهام – بەڕاستی بە تەنهام. خەڵکی ناو ئەم ئەپارتمانە زۆر باش مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، بەڵام هەرگیز لێمەوە نزیک نین. بەڕۆژدا شۆربا، شیر، دەرمانم بۆ دەهێنن بەڵام هەرگیز لەگەڵمدا دانانیشن، کە شتێکە هەرگیز چاوەڕێی ناکەم. لەم کاتەی شەویشدا، هەستدەکەم لە بیاباندام تینوو کەسێکیش نییە خواردنەوەیەکم پێ بدات. بەهۆی ئەم تەنهاییەمەوە وەختە شێت ببم و کەسێکیش نییە لەسەرمی سووک بکات، تەنها لەتەنیشتمەوە بێت تا خەوم لێدەکەوێت. هەست بە سەرما دەکەم. ڕادەکشێم خۆم وا پیشان دەدەم کە پشوو دەدەم. نازانم کەی ئەم نامەت بۆ دەنێرم یان ئاخۆ شتێکی بۆ زیاددەکەم.
ئاھ خۆشەویستەکەم، بووکەڵەکەم، بچکۆلە بەنرخەکەم، تەنها ئەگەر لێرە بایت! ماچی زۆر زۆر زۆر هەمیشە بە ئەمەک دەبن بۆت.
فرناندۆ
١٩ی مارسی ١٩٢٠
چواری بەیانی
لە بیسواوە
“له پێسوا بۆ ئۆڤیلیا”
خۆشەویستە شیرین و ئازیزەکەم
نووسینم بۆ تۆ وەکو دەرمانێکی ئەفسووناوی وابوو. بەبێ ئەوەی چاوڕێی خەو لێ کەوتن بکەم گەڕامەوە سەر نوێنەکەم، بەڵام سێ بۆ چوار کاتژمێر زیاتر نا خەوم لێ کەوت، جا چ جیاوازییەک! هەستدەکەم زۆر باشترم، لەگەڵ ئەوەی گەرووم هێشتاکە ئازارم دەدات بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تەندروستیم زۆر باشبووە، بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەم لە کۆتایدایە. ئەگەر نەخۆشییەکە زوو بڕوات، بۆ ماوەیەکی کورت لە نووسینگە دەمێنمەوە، لەم بارەدا خۆم نامەکەت پێ دەدەم. هیوادارم بتوانم وابکەم، کاری بەپەلە هەیە دەتوانم لەوێ بیکەم (بەبێ ئەوەی ناچاربم خۆم بڕۆم بۆ کردنی)، بەڵام ناتوانم هیچ شتێک بکەم کە پەیوەندی بە ئێرەوە هەیە.
بەمزووانە دەتبینم، فریشتەی شیرین. ماچ و ماچی زیاتر بۆ ئەو بچکۆلەیەی بیری دەکەم.
دڵسۆز و بە ئەمەکی هەمیشەت، فرناندۆ
١٩ی مارس ١٩٢٠
نۆی بەیانی
“لە ئۆڤیلیاوە بۆ پێسوا”
خۆشەویستە هەمیشەییەکەم فرناندینۆ
خۆشەویستەکەم، سوێند دەخۆم وشەی شەرەفت پێدەدەم، هەر ئێستا بە چاوی فرمێسکەوە و لەسەر ئەژنۆ لەبەردەم خاچی دایک؛ نزای ئەوەم دەکرد هەمیشە منت خۆشبوێت، هەرگیز لەبیرم نەکەی، هەمیشە بەدڵی تۆ بم؛ خۆشەویستە ئازیزەکەم، ناتوانیت وێنای ئەوا بکەیت چەند بە ئازار بوو کە ئەمڕۆ گرنگی پێنەدانە زۆرەکەت بە من بەڕوونی دەربڕی. چەند سارد و سڕ بوویت بەرامبەر ” بچکولانە خۆشەویستەکەت” . سوێند دەخۆم بە هەرچی شتێک کە بەلامەوە بە نرخە بە درێژایی ڕۆژ نەمتوانی ئەوە پەسەند بکەم کە بوەستم لە خۆشەویستی کەسێک کە بەم شێوە دانی بە خۆشەویستییەکەیدا ناوە. هیچم نەخوارد، ئارەزووی خواردنی هیچم نییە، تاکە شت دەتوانم بیکەم گریان (لەگەڵ ئەوەشی کە حەزدەکەم لەگەڵ تۆدا بم) بڕوام پێبکە ئەوەند گریاوم چاوەکانم ئازارم دەدات، ناتوانم بڕوا بەوە بهێنم کە لەبیرم دەکەی، کە بووەستی لە خۆشویستنی “بووکەڵە بچووکەکەت” نا، خۆشەویستە بچووکەکەم! ناکرێت لەبیرت کردبێتم؟ ناکرێت لەخۆشویستنم وەستا بیت؟
ئۆڤیلیا
٢٠ی مارس ١٩٢٠
١١:٣٠ خولەکی شەو
“له پێسوا بۆ ئۆڤیلیا”
فریشتە بچکۆل و ئازیزەکەم
ئازیزە هار و هاجەکەم، کاتی زۆرم بۆ نووسین نییە، تەنانەت بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی باشیش بدەم جگە لە سبەینێ، ڕووبەڕوو، لەکاتی پیاسەکردنمان لەشەقامی ئارسناڵەوە بۆ ئەپارتمانی خوشکەکەت، نامەوێت تووڕەببیت دەمەوێت بە سرووشتی خۆت دڵخۆش بیت. بەڵێنم پێ دەدەیت تووڕەنەبی، یان هەوڵی خۆت بدەیت وانەبیت؟ دڵنیات دەکەمەوە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی تووڕەبیت. گوێبگرە بچکۆلەکەم، دەمەوێت داوای شتێکت لێ بکەم. نزا بکە بەڕێز کرۆس یەکێک لە خەڵاتە گەورەکان -هەزار جونییە- کە کێبڕکێی لەسەر دەکات بباتەوە، چ جیاوازییەک بۆ ئێمە دروست دەکات؟ لە ڕۆژنامەی ئینگلیزی کە ئەمڕۆ پێم گەشت، دیتم تەنها یەک جونییەی بردبوویەوە (لە پێشبڕکێیەکدا کە تەنانەت تیایدا باشیش نییە)، ئەوە مانای ئەوەیە هەموو شتێک ئەگەری هەیە. ئێستا لە کۆی ٢٠٠٠٠ هەزار پێشبڕکێکار پلەی ١٢ یەمی هەیە. کێ چوزانێ، لەوەیە ڕۆژێک بگاتە پلەی یەکەم. تەنها بیربکەرەوە دەکرێت چی ڕووبدات، خۆشەویستم، ئەگەر یەکێک لەو خەڵاتە گەورانە (هەزار جونییە بێت و ٣٠٠ جونییە نەبێت، کە بەس نییە) دەتوانیت وێنای بکەیت چی دەبێت؟
هەر ئێستا لە ئیستریلاوە هاتم، ڕۆشتم بۆ بینینی ئاپارتمانێک لە نهۆمی چوارەم بە ٧٠٠٠٠ ڕۆیاڵ ( ڕات چییە، کەس لە نهۆمی چوارەم ناژیت و دیزاینی نهۆمی سێیەمیش وەک هی چوارەمە) بڕیاری گۆڕانم دا. شوێنێکی ئەفسووناوییە! ئەوەندە بەسە کە جێگەی دایکم، خوشک و براکانم، سستەرەکە، پورم و منیش ببێتەوە (بەڵام شتی تر هەیە لەسەر ئەمە پێتی بڵێم، سبەینێ بۆت باس دەکەم).
ماڵئاوا خۆشەویستەکەم، بەڕێز کرۆس لەبیرمەکە، بەڕاستی هاوڕێمانە و زۆر سوودی دەبێت بۆمان.
تەنێک ماچی بچووک و گەورە لە هەمیشە دڵسۆزەکەتەوە.
٢٢ی مارسی ١٩٢٠
لە بیسواوە
فرناندۆ
“لە ئۆڤیلیاوە بۆ پێسوا”
زۆرنیگەرانم لە نووسین، چونکە جارێکی دیکە درکم بەوە کرد ئەو خەونانەی لەم دوایەدا دەیان بینیم چەند وەڕاست دەگەڕێن. دەریا، پشیلە و ئاڵتون، فرمێسک، خیانەت؛ هەر دوێنێ شەو جارێکی دیکە خەونم بە پشیلە و دەریاوە بینی؛ پێم نەوتی چونکە نەمدەویست بێزارت بکەم. ساڵێک پێش ئێستا، خۆشەویستە ئازیزەکەم بۆ یەکەمین جار پێکەوە قسەمان کرد، زۆر دووربوم لەو هیوایەی کە ببیتە مێردم، ئێستا گەورەترین ئاواتمە! ساڵێک تێپەڕی، هیوادارم لەدووەم ساڵیادا پێکەوە بین. خۆشەویستە بچووکەکەم دەڵێت ئەگەر هاوسەرگیری بکەم دڵخۆش نابم وەلێ کە هەڵەیت، دڵنیام دەزانم چۆن دڵخۆشت بکەم. دەزانی قەبارەی وەرهمەکەم لە زیادبوونە؟ دەڕۆمە سەر جێگا، ئەوەندەی نەماوە ببێتە کاتژمێر دە، بەڵام حەزناکەم بە ئاگا بمێنمەوە، حەزمدەکرد لەم ساتەدا قسەم لەگەڵ بکردیتایە.
٨ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٠
ئۆڤیلیا
سهرچاوه؛
رسائل و نصوس، المؤلف: فرناندو بيسوا، ترجمة و تحرير: وائل عشرى
وهرگێڕانی له عهرهبییهوه؛ مهدینه ئهحمهد