“سرووشتێک لە مێژوودا هەیە و مێژوویەکیش لە سرووشتدا”
کارل همبل
مێژوو چییە؟ ئایا لێکۆڵینەوە لە مێژوو ئەوەندە گرنگە کە گەلانى دنیا لەپێناویدا توانا و ماڵ و کاتیان پێوە سەرقاڵ دەکەن؟ ئایا ناوەڕۆکى مێژوو بەو هێندە گرنگە کە بچیتە بنج و بنەوان و ناواخنییەوە؟ ئایا سوود لە واتا و خوێندنەوە و زانینى مێژوو چییە؟ بۆ زانینى ئەو پرسیارانە پێویستە لە واتاى مێژوو تێ بگەین. تێگەیشتن لە واتاى مێژوو، بیروڕاى جیاوازى لەسەرە: بەشێک پێى وایە مێژوو هەموو ئەو زانیارییانە دەگرێتەوە و پێویستە بیزانین کە لەبارەى دروستبوونى بوونن، کە ئەویش بریتییە لە زەوى و ئاسان و ئەستێرەکان و هەموو ئەو ڕووداوانەشى کە پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە. بەشێکى تر (کە زۆرینەن) واتاى مێژوو لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە ڕووداوەکانى ڕابردوودا کورت دەکەنەوە. وەک چۆن زاراوەى (Istoria) کە بنەچەکەى یۆنانى کۆنە و سەرەتاى دەرکەوتنى بۆ سەدەکانى شەشەم و پێنجەمى پێش زایین دەگەڕێتەوە، دەلالەتى ئەکات. زاراوەکە لەسەرەتادا بەو مانایە بەکار دەهێنرا کە گەڕانە بە دواى هەر شتێکدا مایەى زانین بێت. ئەمەش بێگومان واتایەکى گشتگیرى هەبێت و شتانێک کە مایەى زانین بن، زۆر و جۆراوجۆن؛ گەڕان بەدواى ئەو شتانەشدا دەکرێت بە ڕێباز و ڕێگاى جیاواز و هەمەچەشن بێت. بەو واتایەى ئاخۆ ئەوە کامە زانیارى و زانینە کە دەمانەوێ پێى بگەین و کام ڕیبازى گەڕان و لێکۆڵینەوە دەمانگەیەنێتە ئەو زانیارییە باسکراوە؟
بەتێپەڕینى کات واتاى ئەو زاراوەیە بەرتەسک کرایەوە بە جۆرێک تەنها گوزارشت لە یەک جۆرى زانیارى و زانین بکات کە بریتییە لە زانیارى ئەو ڕووداوانەى لەڕابردوودا ڕوویانداوە. واتا هەر ڕووداوێک پەیوەندى بە مرۆڤەوە هەبێت لەسەرەتاى دانانى پەنجە مۆرییەوە لەسەر زەوى. بەو جۆرەش وشەکە و واتاکەى بۆ بەو مێژووەى کە یەکەمجار مێژوونووسە یۆنانییەکانى نمونەى “هێرۆدۆت و “تیۆکیدیس” بەکارهێنرا. لەو ڕووەوە هێرۆدۆت (باوکى مێژوو) لە دەربڕینى پێناسەیدا بۆ تێگەیشتن لە مێژوو وتویەتى: مێژوو گەڕان و پشکنینە بەدواى ڕاستى ڕووداوەکاندا. ئەوەى لەناوەڕۆکى ئەو پێناسەیەوە بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە دەتوانین واى لەیەک بدەینەوە خودى مێژوو ئەوە نییە کە نووسینەوەى بەسەرهات و ڕووداو و تەنانەت ڕاستییەکانى ڕابردوو بێت بەتەنها. بەڵکو، مێژوو گەڕان و پشکنین و توێژینەوەى ئەو ڕووداوانەیە بۆ دەرخستنى ڕاستییەکانیان بە ڕێباز و ڕێگاى وردبونەوە و خستنەبەر تیۆرى ڕەخنەگریى و پێداچوونەوە. زاراوەکە و دەلالەتەکەى بەپێى تێپەڕینى رۆژگار و لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەى زیاتر و پێشکەوتنى زانیارى و زانست و دەرکەوتنى بیریار و نووسەر و لێکۆڵینەوەى نوێ، گۆڕانکارى بەسەردا هات. هەتا، بوو بە (History) کە بە واتاى ئەو کردارە دێت کە شتێکى تایبەت دەگاتە ئاستێکى تایبەت لە پێشکەوتنیدا. ئەو شتە ڕابردووەش بەپێى تێڕوانینى کۆن بۆ مێژوو بریتى بوو لە مرۆڤ و بەتایبەتیش چالاکى و دامەزراوە سیاسییە مرۆییەکان. بەڵام، لەسەدەى نۆزدەیەمى زاییندا هزر و واتاى زاراوەى مێژوو گۆڕا بە واتایەکى گشتگیر و وەک “ئەرستۆ” پێى وایە لەسەر هەموو شتێک کە درکى پێ دەکرێت جێبەجێ دەبێت، ئیتر ئەو شتە گیانلەبەر بێت یان نا. ئەمەش لۆژیکى ترە و مێژوو بەو واتایەوە دەبێتە هزرێکى گشتگیر.
لە زمانى عەرەبیشدا وشەى (التاریخ، التوریخ) دەگەڕێتەوە بۆ زانینى کات. ئاماژەیە بۆ مێژووى شتێک کە کاتەکەى بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە.
لە زمانى کوردیشدا هەمان واتاى هەیە و بریتییە لە خوێندنەوە و باسکردنى هەر ڕووداو و بەسەرهاتێک کە لەڕابردوودا ڕووى داوە و کاتێکى هەیە. بۆ ئەوەى لە گرنگى ڕابردوو و پێویستبوونى لێکۆڵینەوە لە مێژوو تێ بگەین. با گریمانەى ئەوە بکەین کە تواناى ئەوەمان هەیە بەهەر ڕێگایەک بێت پەیوەندیمان بە شێوەیەکى کۆتایى بە ڕابردوەوە دەپچڕین. توانیمان ڕۆڵى کتێب بسوتێنین، هەموو شوێنەوارێکى بونیاد و بوونى ڕابردوو لەناو دەبەین، خۆمان لەبیر دەبەینەوە؛ ئایا چاوەڕێى چى لە دۆخى مرۆڤ و چارەنووسى شارستانیەت دەکرێت لەدواى ئەوەوە؟ بێگومان لە باشترین حاڵەتدا جارێکى تر مرۆڤ ناچار دەبێت بگەرێتەوە بۆ ئەوەى ئەوەى لە هەزاران ساڵى پێش ئێستاوە بونیاد نراوە، سەرلەنوێ بیناى بکاتەوە (وەک خۆى یان جیاوازتر لەوەى ڕابردوو). ئەمە تەنها بۆ ئەوەى بگاتەوە ئەو شوێنەى کە لێى دابڕا و پەتەکە پچڕا. بۆیە، ڕابردووى گەلان و ڕابردووى مرۆڤ پڕە لە وێنە و دیمەنى جۆراوجۆر؛ لەهەموو سەردەمەکانى ژیانیدا بەلایەوە گرنگە، ئیتر ئەگەر ئەو وێنانە بریتى بێت لە دیمەنى سەردەمى توانا و هێز و خۆشگوزەرانى و سەرکەوتن، یان سەردەمەکانى کارەسات و ئازار و مەینەتى. ئەو گەلانەى ڕابردوویەکى دیاریکراو و باوەڕپێکراویان بەگوێرەى توانا نازانن، ناخرێنە چوارچێوەى گەلانى خاوەن شارستانیەتى سەر زەوییەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت پشت لە ڕابردووى خۆى بکات؛ ئیتر ڕابردوویەکى دوور یان نزیک، یان زۆر نزیکتر بێت. لەبەر ئەوەیە خودى فەلەسەفەى مێژوو لەسەر ئەوە بونیاد نراوە کە سوود لە خوێندنەوە و زانین و لێکۆڵینەوەى مێژوو بریتییە لە سوود وەرگرتن لە پەند و ڕووداو و بەسەرهاتەکانى ڕابردوو بۆ بەراوردکردنى بە ژیانى ئێستا و پێشبینى و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانەى لە داهاتوودا ڕوو دەدەن. ئایا مێژوو زانستە یان هونەرە، یان هیچیان نییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە هەمیشە بیروڕاى جیاوازى لەسەر هەیە و ئەوانەى لەدەرەوەى تێگەیشتن لە مێژوو بیردەکەنەوە و کەمتر بەلاى ناوەڕۆکى واتاى مێژوودا دەچن، گومانى زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دروست دەکەن.
کۆتاییەکانى سەدەى پێشوو و سەرەتاکانى ئەم سەدەیە، بەشێک لە پیاوانى کایەکانى زانست و مێژوو و هونەر لە پەیوەستکردن یان نەکردنى مێژوو بە زانستەوە ڕاى جیاوازیان خستوەتە ڕوو. هەندێک لەو زانایانە لە نمونەى (و.س.جیڤونز) وتویەتى: ناتوانرێت مێژوو بە زانست دابنرێت. چونکە، ناتوانێت ڕووداوە مێژووییەکان بخاتە ژێر پشکنین و تێڕوانین و وردبوونەوە و لێکۆڵنیەوە و تاقیکردنەوەوە، وەک چۆن زانست ئەمەى پێدەکرێت. بۆیە، لەکاتى لێکۆڵینەوە لەسەرکردنیدا ناتوانرێت یاسایەکى زانستى جێگیر و باوەڕپێکراو بدۆزرێتەوە. وەک چۆن ئەمە لە زانستى سروشت و کیمیادا بوونى هەیە (بۆ نمونە)!.
بەڕاى ئەوان ئەوەى زیاتر مێژوو لە سیفەتى زانستبوون دوور دەخاتەوە بوونى ڕەگەزى “ڕێککەوت” و “کەسێتى مرۆڤ” و “ئازادى ئیرادە”یە. ئەمەش بەڕاى ئەوان هەموو ئەو هەوڵانە لەناو دەبات کە مێژوو لەسەر بنەمایەکى زانستى بونیاد بنرێت. بەشێک لە پیاوانى کایەى هونەریش واى دەبینن کە ئەگەر مێژوو زانست بێت یان نا، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە یەکێکە لە هونەرەکان. چونکە، زانست جگە لە ئێسکێکى وشکى داڕزاو زیاتر چیمان پێدەدات لە گێڕانەوەى ڕابردوو؟ بۆیە، لەپێناو گێڕانەوەى ژیان بۆ ئەو ئێسک و پروسکە وشکە و ڕەقە، پێویستە پشت بە خەیاڵ ببەستین. دواتریش ئەوە پێویستى بە توانا و داهێنانى نووسرێک هەیە بۆ ئەوەى پۆشاکێکى شیاوى بەبەردا بکات. بۆ نمونە؛ زانستى سرووشتى ناتوانێت تەفسیرى ئاگرکەوتنەوەکەى ساڵى ١٨١٢ى مۆسکۆى سەردەمى “ناپلیۆن پۆناپێرت”مان بۆ بکات، تەنها لەسەر بنەماى یاساکانى ئاگرکەوتنەوە نەبێت. بۆ ئەو تەفسیرە بێگومان پێویست بە بوونى مێژوونووسێک دەکات بۆ ئەوەى باسى هۆکار و بارودۆخە سیاسى و سەربازییەکانى پشت ئەو ئاگرکەوتنەوەیەمان بۆ بکات. هەروەها، بێگومان پێویست بە بوونى قەڵەمى مێژوونووس (یان ئەدیب)ێک دەکات بۆ ئەوەى وەسفى ئاگرکەوتنەوەکە و ئاسەوارە بەجێماوەکانى بکات. بۆیە، هەر یەک لە زانایەکى سروشتى و مێژوونووسێک بەڕێگا و دیدى خۆى باسى ڕووداوەکە دەکات و هەر یەکەیان ئەوەى تر تەواو دەکات و هەردوکیشیان بۆ پێشخستنى زانیارى مرۆڤایەتى گرنگن. (ف.هرنچو) دەڵێت: مێژوو زانستى تاقیکردنەوە نییە، بەڵکو زانستى ڕەخنە و وردبوونەوەیە. بۆ نمونە وەک زانستى گەردوونناسى نییە کە کارى پکشنینى ڕاستەوخۆیە. وەک کیمیا نییە کە زانستى تاقیکارییە. نزیکترین زانستێکى سرووشتى هاوشێوەى ئەمەش بریتییە لە زانستى زەویناسى (جیۆلۆجیا). وەک چۆن زاناى جیۆلۆجیا لێکۆڵینەوە لە زەوى دەکات کە ئاخۆ چۆن بووەتە ئەم زەوییەى ئێستا؛ مێژوونووسیش لێکۆڵینەوە لەو پاشماوە و ئاسەوارە بەجێماوانەى ڕابردوو دەکات بۆ ئەوەى ئێستا تەفسیر بکات. هەر یەک لە مێژوونووس و جیۆلۆجى لێکۆڵینەوە لە پاشماوە و ئاسەوارەکانى ڕابردوو دەکەن، بۆ ئەوەى رابردوو و ئێستا بەجیا دەربێنن. بێگومان لێرەشدا ئەرکى مێژوونووسەکە سەختترە بەو پێیەى پێویستە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارە مرۆییەکان بکات بۆ نزیک بوونەوەى لە ڕاستییە مێژووییەکان. لێرەوە دەبینین مێژوو تێکەڵەیەکە لە زانست و ئەدەب و هونەر لەیەک کاتدا.
لێکۆڵینەوە متمانەپێکراوەکان پێناسەى زانستیان بەوە کردووە کە بریتییە لە کۆمەلێک ڕاستى رێک و پێک کە دەتوانرێت بەهۆى پرۆگرام و ڕێگایەکى تایبەتەوە لە گەڕان و پشکنین بگەین بە هەڵێنجان و دەرهێنانى چەند ڕێاسیەکى تایبەت کە بتوانێت بڕیار بەسەر ئەو شتەى لێکۆڵینەوەى لەسەر کراوە، بدات. ئەمە هێڵى تۆخى دروستکراوى نێوان زانست و مێژوو کاڵتر دەکاتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانى زانست ئەوەیە کە وەستانى بۆ نییە؛ هەمیشە بەرەوپێش دەڕوات. زانستەکانى کیمیا و فیزیاى سەد ساڵى لەمەوپێش بەزەحمەت دەگاتە ئەو ئاستەى کە کیمیا و فیزیاى ئێستا هەیەتى. ئەمەى ئێستاش بێگومان ناگاتە زانستى کیمیا و فیزیا لە سەد ساڵى داهاتوودا. ئەمە بۆ مێژوویش بەهەمان چەشنە؛ ڕەوڕەوەى مێژوو هەمیشە بەرەوپێش دەڕوات و ناگەڕێتەوە دواوە. هەموو زەبر و زۆرى هۆلاکۆ نەیتوانى کارى مسگەرى و زەڕەنگەرى و ئاسنگەرى یان پلەى خوێندەوارى و ڕووناکبیرى ئێراقییەکان بگەڕێنێتەوە دۆخى سەردەمى سۆمەر و ئەکەد. مێژوونووسى کورد “کەمال مەزهەر” فەرمویەتى: مێژوو؛ زانستى زانستەکانە. بەو پێیەى هەموو زانستێک مێژوویەکى هەیە و خودى مێژوویش زانستە. خوێندنەوە، لێکۆڵینەوە، وردبوونەوە، زانینى میژوو بۆ هەموو مرۆڤایەتى گرنگى تەواوەتى هەیە و پەیوەستە بە ژیانى ڕابردوو، ئێستا و داهاتووى مرۆڤایەتى و بوونەوە بە دەوروبەرییەوە. بەڵام، هەر کەسێک مێژوو دەخوێنێتەوە یان دەنووسێت، پێى ناوترێت مێژوونووس! یان هەموو کەسێک کە دەیان لاپەڕە لەسەر ڕووداو و بەسەرهاتى ڕابردوو یان ئیستا دەنووسێت ناتوانرێت پێى بوترێت مێژوونووس و ئەوەیشى دەینووسێت ناتوانرێت پێى بوترێت مێژوو. بەڵکو مێژوونووس پێویستى بەوەیە کۆمەلێک خەسڵەت و تایبەتمەندى تیادا دروست بێت و بارودۆخێکى بۆ فەراهەم بێت کە تواناى لێکۆڵینەوە و نووسینەوەى مێژووى هەبێت.
یەکێک لەو خەسڵەتانەى پێویستە لە مێژوونووسدا هەبێت ئەوەیە کە خۆشەویستى بۆ بابەتەکە بە ئاگایى و پشوودرێژییەوە هەبێت. سەختى لێکۆڵینەوە و کێشە و ئاستەنگەکان ڕێگەى بەردەوامبوونى لێ نەگرن. کەمى سەرچاوە نەیوەستێنێت. ناڕوونى ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووییەکان و تێکەڵ و پێکەڵى تیایاندا ساردى نەکاتەوە. بەڵکو، بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە مێژووییەکان و گەیشتن بە ڕاستییە باوەڕپێکراوەکان، پێویستە مانگان و ساڵان بەسەر بەرێت و ئەم جێگا و ئەو وڵات بگەڕێت. پێویستە پەلە نەکات لە تەواوکردنى لێکۆڵینەوەیەکدا بەهەر بیانوو و لەپێناو هەر بەرژەوەندییەکدا بێت. چونکە، دەبێتە مایەى کرچوکاڵى زانستەکە و ڕاستییە مێژووییەکان. مێژوونووس پێویستە ڕاستگۆ، بوێر، دڵسۆز و خاوەن متمانە بێت. لایەنگیرى نەکات، ناڕاستى نەخاتە ناو کارەکەیەوە، هیچ ڕووداو و ڕاستییەک نەبوێرێت. چونکە، دواجار پێچەوانەى ئەو کارانە ڕووبەڕووى ئازارى ویژدانى دەکاتەوە کە تەنها چاودێریکەرێتى. مێژوونووس پابەندە بەوەى هەمیشە بەچاوى ڕەخنەگرانەوە لە ڕووداو و بەسەرهاتەکان بڕوانێت، ناتوانێت هەموو قسە و گوتارێک وەرگرێت و هەر بەڵگەنامە و سەرچاوەیەک پەسەند بکات ئەگەر بە وردى لێکۆڵینەوە و پشکنینى بۆ نەکات.
سەرچاوەکان:
١-د.کمال مەزهەر ئەحمەد (٢٠٠٨)، مێژوو.. کورتە باسێکى زانستى مێژوو و کورد و مێژوو، چاپى دوەم، چاپخانەى هێڤى-هەولێر.
٢-ف.ج.س. هرنشو (١٩٣٧)، وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبى: عبدالحمید العبادى، علم التاریخ، مطبعة لجنة التألیف و الترجمة و النشر-مصر.
٣-د.مصطفى النشار (٢٠٠٤)، فلسفة التاریخ، الطبعة الاولى، شرکة الامل للطباعة و النشر.
٤-دکتور حسن عثمان (١٩٦٤)، منهج البحث التاریخى، الطبعة الثامنة، دار المعارف-مصر.
٥-الدکتور احمد محمود صبحی (١٩٧٥)، فی فلسفة التاریخ، مؤسسة الثقافة الجامعیة-مصر.
٦-سەلام عەبدولکەریم-ئامادەکردن و وەرگێڕان (٢٠٠٩)، دەربارەى فەلسەفەى مێژوو.. زانستى مێژوو، چاپى یەکەم، چاپەمەنى گەنج-سلێمانى.