“دەستپێک”
پرۆژەیەکە، چین بە نیازە جێبەجێی بکات و کاڵاى چینى بە خێراترین و هەرزانترین شێوە بگەیەنێتە بازاڕەکانى جیهان، ئەمکارە کۆمەڵێک ئالەنگارى و دەرفەتى لە بەردەمدایە هەرچەند وڵاتى چین کۆمەڵێک پرۆژەى جێبەجێ کردووە، هاوکات چین لە ڕؤژ هەڵات و ڕؤژئاوا خەرێکى دانووستاندن و بوونیادنانى پرۆژەکەیە لە تەک هاوکارەکانیدا.
“پێکهاتەى کۆمەڵگاى چین”
دەوڵەتى چین لە زۆر لایەنى جوگرافیا، ئایین و مێژووەوە پەیوەستە بە کیشوەرى ئاسیا، کولتوورى چینى کاریگەری لە سەر بەشێکى زۆرى دانیشتوانى جیهان هەیە، چونکە یەکێکە لە کۆنترین شارستانێکانى جیهان و خاوەنى مێژوویەکى درێژە، هەروەها بەهێزترین کاریگەرى لە سەرپێشهاتە ئابوورى و کۆمەڵایەتییهکان هەیە، چونکە ڕێژەیەکى زۆرى دانیشتوانى ئاسیا بە ڕەگەز چینین. لە ناوخۆدا نەتەوەى هان ٩٢% دانیشتوانى وڵات پێکدەهێنێت، هاوکات پاشماوەى وڵات لە (٥٥) نەتەوەى جیاواز پێکدێت و بە چەندین زمان قسە دەکەن. بەر لە (50) سەدە چینێکان خاوەنى دەوڵەتى خۆیان بوون و ڕۆژگارێک تاوەکو کەنداوى فارس لە ژێر دەسەڵاتى چینێکاندا بووە. كولتوورى چینى زادەى رێنمایەکانى کۆنفۆشیۆسە کە لە پیکهێنانى خێزان، ڕێزگرتن لە کەسانى بە تەمەن، کارکردن و وردەکارى لە ئیشکردندا و گوێڕایەلى فەرمانڕەواى وڵاتدا ڕەنگڕێژبووە، دواتر ئەم ئامۆژگارى و ڕێنمایانە لە رێکخراوەکانى وڵاتدا لە هه ردوو کەرتى تایبەت و گشتى ڕەنگیداوەتەوە و بوون بە بەشێک لە تێڕوانین و دیدگاى ڕێکخراوەکان لە بوارى بەرهەمهێنان و دابینکردنى خزمەتگوزاریدا.
“ئابوورى وڵاتى چین”
ساڵى (١٩٧٩) چین لە ڕووى ئابوورى، ڕامیارى و بازرگانییەوە دەستى بە سیاسەتى کرانەوە کرد، لە ڕووى بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەوە دروشمەکانى پارتى کۆمۆنیست گۆڕا بە سۆشیالیزم گەڕانەوە بۆ فەلسەفەى کۆنفۆشیۆس و گرنگیدان بەبیرى نەتەوایەتى چین و پەیڕە و کردنى سیاسەتى ئابوورى بازاڕ و جەخت کردنە سەر ئەو شوێنانەى لێیان داگیر کرابوو وەک هۆنگ گۆنگ، ماکاو و تایوان. سەرەتای گۆڕانکارى لە سەردەمى “دینگ سیاو پینگ” ەوە لە ساڵى١٩٧٩ دەستی پێکرد، ئەو جەختیکردەوە کە ئابوورى دارێژراو لە لایەن حکوومەتەوە بگۆڕدرێت بۆ ئابوورى بازاڕ، ئازادى سنووردار بدرێت بە بازاڕ و ئازادى تەواو بدرێت بە ئەقڵ و هۆش بە گوێرەى تایبەتمەندى چین، هەروەها باوەڕى وابوو دەوڵەمەندەکانى چین گەشە بە ئابوورى چین دەکەن بۆیە دژى کۆبوونەوەى سەروەت و سامان نەبوو لە لایەن چەند کەسێکى کۆمەڵگاى چینى. چونکە ئەو دەڵێت؛ مارکسییەت گرنگى زۆر دەدات بە گەشەکردنى هێزەکانى وەبەرهێنان، دامەزراندنى سوشیالیستى پێویستى بە گەشە پێدانى هێزى وەبەرهێنانە. بەرئەنجامى ئەم چاکسازیانە تەنها لە بوارى پەروەردەدەا هاوکارە کە دوو سەد ملێون خوێندکار لەو وڵاتەدا هەبێت و ساڵى (٢٠٠٩) حکوومەت بڕى (١٧.٥)ملێون دۆلارى وەک پاڵپشت بۆگەشە پێدانى خوێندنى توبزى لە ڵادێکاندا تەرخانکردووە، ئەمکارەش لە ساڵى (٢٠٠٦) ەوە دەستى پێکردووە.
لە ئێستادا چین دووەمین گەورە ئابوورییە لە دنیادا و ساڵى (٢٠23) ڕێژەى گەشەکردن(٦.3%) بووە، بەگشتى فاکتۆرى سرووشتى و هۆکارى ئابووریى دوو کۆڵەکەى بنچینەیین بۆ بونیادنانى ئابوورى هەر وڵاتێکن، هەردوو هۆکار لە وڵاتى چیندا بوونیان هەیە، وڵاتێکى فروان و پان و پۆڕ کە سێهەم وڵاتە لە ڕووى ڕووبەرەوە لە جیهاندا، هەبوونى سەرچاوەیەکى سرووشتى زۆر و زەوەند بۆ نموونە چین خاوەنى (١٥٠٠) ڕووبارە و(٨.٥%) ئاوى خواردنەوەى جیهان لە سەر زەمینى ئەو وڵاتەدایە، هاوکات یەکەم وڵاتە لە بەرهەمهێنانى کارەبادا. هەروەها ژمارەى زۆرى دانیشتوان هۆکارێکیترە بۆ هەڵکشانى ئابوورى وڵات بە نموونە لەو وڵاتەدا زیاد لە (٣٠٠٠) زانکۆ بوونیان هەیە و(٤٠%) تێکرایى دەستى کار لە وڵاتدا خوێندکارانى ئەو زانکۆیانە، ئەم پێشکەوتنە بوارەکانیترى بەرهەمهێنانیش دەگرێتەوە وەک دەرهێنانى خەڵوزو ئاڵتوون، بەرهەمهێنانى ماسى و کەلوو پەل، بە گشتى لە ماوەى (٣٠) ساڵى ڕابردوودا بەرهەمى ناوخۆیى نەتەوەیى چین (١٠) جار زیادى کردووەو ئەو وڵاتەى گەیاندۆتە ئاستى دووەم ئابوورى لە جیهاندا، تەنانەت چین یەکەم وڵاتە لە ڕێگاى قەواڵەى داراییەوە قەرزى دابێت بە وڵاتى ئەمریکا لە کاتى قەیرانى دارایی ساڵى (٢٠٠٨) دا. لە ئێستادا چین زیاتر سەرقاڵى گەشەپێدانى زانست و تەکنەلۆجیا و پیشەسازییە پێشکەوتوو نوێیەکانە، لە ڕاپۆرتێکى باڵێوزخانەى ئەمریکا لە چیندا نووسراوە: چین بووەتە خاوەن توانایەکى زۆر لە بوارى گەشەپێدان بە لێکۆڵینەوەى زانستى بە تایبەتى لێکۆڵینەوەى چاندنى خانەکاندا بووەتە خاوەن بڕێکى زۆر لە خانە و کرۆمۆسۆمەکانى مرۆڤ بۆ کۆپێکردنیان و لێکۆڵینەوەى زانستى لە سەریان.
“ڕێگاى حەریر چییە؟”
لە ڕابردوودا هێڵێکى گواستنەوە بوو لە باکورو ڕۆژئاواى چینەوە درێژ دەبووەوە بۆ ناوچە نزیکەکان لە ئەوروپاو ئەفریکا، لەم ڕێگایەو ئاڵوگۆڕى فراوان لە بوارەکانى کولتوور، ئابوورى و ڕامیارى لە نێوان نەتەوەو ناوچە جیاوازەکاندا ڕوویدەدا. ڕێگاى ئاوریشم تەنها ڕیگایەک نەبوو دوو شا ڕێگاى زستانەو هاوینە بوو کە کۆمەڵێک ڕێگا و ڕاڕەوى لە خۆ دەگرت و کاروانچییەکان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان پێدەگەیاندە یەک. هەموو ئەو وڵات و شارانەى دەکەوتنە سەر ئەم ڕێگایە لەگەڵ بوژانەوەو پێشکەوتنى ئەو بازرگانیەدا دەبواژنەوەو پێشدەکەوتن. بۆ ماوەى (١٥٠٠) سەدساڵ رێگاى ئاورێشم ڕاڕەوێکى کولتوورى و کۆمەڵایەتى بوو، کاریگەرى لە سەر هەموو ئەو ناوچانە هەبوو کە دەبوون بە ڕا گوزەرى ڕێگاى ئاوریشم.
“مێژووى ڕێگاى حەریر”
ناوى ڕێگاکە لە ئاوریشمەوە هاتووە، چینێکان (٣) هەزار ساڵ بەر لە دایکبوونى مەسیح پیشەسازى ئاوریشمیان داهێنا و جیهانى ئەو ڕۆژگارەیان بە داهێنانەکەیان سەراسیمە کرد، تەنانەت بۆ بە دەستهێنانى ئاوریشم خەڵک پارسەنگى ئاوریشم کانزاى بەنرخیان دەدا. یەکەم تۆڕى ڕێگاى ئاوریشم لە نێوان چین و ڕؤژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى دووەمى پێش زاین لە ساڵى (١٣٩) ، کاتێک ژەنەڕاڵ “زانگ کیان”، وەک نێردەیەکى دیپلۆماسى نێردرا بۆ ڕؤژئاوا تا هاوپەیمانى لە تەک گەلانى “گیۆنگۆ” ببەستێت کە دوژمنێکى سەرسەختى چین بوون، ئەوان نێردەى وڵاتى چینیان گرت و بۆ ماوەى (١٣) ساڵ لە گرتووخانەیان پەست، دواتر هەڵھات، کاتێک دەربارەى ئەوەى دیتبووى ڕاپۆڕتێکى ورد و جوانى خستە بەردەست ئیمپراتۆر، خاوەن شکۆ زۆر سەرسامبوو بە وردەکارى زانگ، ساڵى (١١٩) بەر لە زاین ئیمپراتۆر نێردەیەکى ترى نارد بۆ وڵاتان تا سەردانى کۆمەڵێک وڵاتى دەرهاوسێى چین بکات. وەختایەک ڕێگاى ئاوریشم لە شارى “چانگان” پایتەختى چین درێژدەبووەوە تا ئاسیاى ناوەڕاست و ڕؤژهەڵاتى ناوەڕاست، لە کۆتایدا دەگەیشتە ئەوروپا، گواستنەوەى شمەک و کاڵا لەم ڕێگایانەوە بەردەوام بوو تا سەدەى (١٦)، دواتر ڕێگاى دەریایی شوێنى گرتەوە. ساڵى (٢٠١٤) بەشێک لەم ڕێگایە وەک کەلەپورى جیهانى ناسێندرا ئەو بەشە (٥٠٠٠) کلیۆمەترە و دەکەوێتە نێوان وڵاتانى چین، کازاغستان و ئۆزبەکستان.، لەو ڕێگایەوە ئایینەکان لە نێو میللەتانى ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە بۆ نموونە ئیسلام و بوداى لە ڕێگاى ئاوریشمەوە گەیشتنە ئیندەنوزیا و مالیزیا، ڕێگاى ئاوریشم تەنها ڕێگایەک نەبووە بۆ ئاڵوگؤڕى بازرگانى و کولتوورى، بەڵکو هۆکارى ملمڵانى و بڵاوبوونەوەى نەخۆشیش بوو لە نێوان گەڵانى ناوچەکەدا لە وانە نەخۆشى “خوریکە” ئاوڵە لە لە ساڵى (١٣٤٦) خۆرهەڵاتەوە گوازرایەوە بۆ ئەوروپا و لە ماوەى (٤) ساڵدا نیوەى دانیشتوانى ئەو کیشوەرەى قڕکرد، کە بە مردنى ڕەش ناسراوە. لە ڕابردوودا ڕێگاى ئاوریشم وەک دەروازەیەک بوو بۆ بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى چینى کە کاریگەرى لە سەر ئەندێشەى تەواوى کۆمەڵگاى ئەوروپاکردبوو، لە ئـێستادا (پشتێنە و ڕێگە) چاوەڕوان دەکرێت ببێتە کەناڵێک بۆ بڵاوکردنەوەى شارستانیەتى چین، ئەو کارە هۆکارە پرۆژەکە ڕوو بە ڕووى گەلێک ئالەنگارى ناوچەیى و جیهانى ببێتەوە.
“جۆرەکانى ڕێگاى ئاوریشم“
یەکەم:- رێگاى وشکانى، گوتەیەکى چینى هەیە دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت ببوژێتەوە پێویستە یەکەمجار ڕێگاو بانەکانت بوونیاد بنێیت. لەم بوارەدا چین هەوڵ دەدات تۆڕى ڕێگاکانى و هێڵى شەمەندەفەرى نوێ بکاتەوە، ڕێگاکە ڕەهەندى ئابووری هەیە بەتەواوکردنى رێگاکان و پێکەوەبەستنیان چاوەراندەکرێت بازرگانى ئەم رێگایانە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا ملیارێک دۆلار تێپەڕێنێت. ڕێگاى یەکەم لە چینەوە دەست پێ دەکات و بە سیبریادا بە ئاراستەى دەریاى باڵتێکدا درێژدەبێتەوە بۆ ئەوروپا، رێگای دووەم لە ناوەڕاستى چینەوە دەست پێدەکات بۆ ناوەڕاستى ئاسیاو ئێران و نیمچە دوورگەى عەرەبى لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. بێگومان ئەمکارە سوودێکى زۆرى بۆ وڵاتانى ئەوروپا هەیە، بۆ نموونە وڵاتێکى وەک ئیتالیا دەتوانێت کەڵک لە پێگە جوگرافیەکەى وەربگرێت (ئیتالیا لە ناوەڕاستى دەریاى سپى ناوەڕاستدایە) بۆ ڕاکێشانى وەبەرهێنانى چینى لەمکارەش دەتوانێت سوود لە کەرتى دەیاریی و بەندەرەکانى وەربگرێت. ڕێگای سێیەم لە ناوچەى “سیشوان” لە چینەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئاسیاو هیندستان، ئەم رێگایە بە هیڵى شەمەندەفەر بەکتر دەبەسترێنەوە و زیاتر لە (٣) ملیار مرۆڤ دەکەونە نێو ئەم هێڵە. بیرمەندێکى بوارى ستراتیژى دەنووسێت: چین هەوڵدەدات لە ڕێگاى شەمەندەفەرى زۆر خێراوە قورسایەک دژ بە ئەمریکا پەیدا بکات و یتوانێت دەسەڵاتى لە کەنارەکانى چینەوە تا دڵى ئۆراسیا بسەپێنێت. چونکە لە ئێستادا هەموو هێڵى شەمەندەفەرى نێوان چین و ئەوروپا بە ڕووسیادا تێدەپەڕێت ئەمکارە جۆرێک لە دیوارى کیشوەرى پێکدەهێنێت ئەگەر گرژى دەریایی ڕوبدات.
دووەم:- رێگاى ئاسمانى یەکێک لە ئامانجەکانى پشتێنە و ڕیگە بەستنەوەى ناوچەکانى ئاسیا، ئەفریکا و ئەوروپایە بە یەکتر، هەموو ئامرازەکانى گەیاندن ئەمڕۆ لە بەردەستدان. لەم پێناوەدا وڵاتى چین (١٤٤) هێڵى ئاسمانى و نێوخۆییان دروستکرد. لەم بوارە شدا (٨) فرۆکەخانەى دروستکرد کە تێچوویان زیاتر لە (٣٦٧) ملێون دولار بوو، بۆ نموونە بەمکارە تواناى گەشتیارى فرۆکەخانەى (چینگچۆ) لە نیوەى یەکەمى ساڵى (٢٠١٨) بۆ (١٨٧% )بەرزبکاتەوە.
سێیەم:- ڕێگاى ئاویی بریتییە لە کۆمەڵە ڕێگا و ڕێرەوى ئاوى وەک ڕووبارى چینى باشوور، تەنگەى مەلەکا، زەریاى هندى، کەنداوى بەنگال و فارس، دەریاى عەرەب و سوور، لەم پێناوەدا چین لەگەڵ زۆرێک لەو وڵاتانەدا کە ڕێگاى ئاوییان هەیە هەوڵدەدات کەڵک لەو بەندەرانە وەربگرێت و لە زۆرێکیاندا وەبەرهێنان دەکات یان یارمەتى وڵاتەکە دەدات چاکسازى و فراوانکارى لە بەندەرەکەدا بکات، یاخود وڵاتان بۆ خۆیان ئەو کارە لە ئەستۆ دەگرن، بۆ نموونە وڵاتى تورکیا هەوڵدەدات پەیوەندى ڕێگاى ئاوریشم لەگەڵ بەندەرەکانى تورکیا و (١٦) هێڵى نێودەوڵەتى لە دەریاى ڕەش و دەریاى سپى ناوەڕاست بەهێز بکات، تواناى بەندەرى مێرسین کە لە سەر کەنارەکانى دەریاى سپى ناوەڕاستە بە (١١) ملێۆن تۆن و بە تێچووى (٣٨$) ملێۆن دەخەمڵێندرێت باشتر بکات، هەروەها بەندەرى “فیلێۆس” کە لە سەر کەنارەکانى دەریایی ڕەش هەڵکەوتووە بە تێچووى (٧٨٠$) ملێۆن و توانى (٧٠٠٠٠٠) حاویە “کەنوو” دەخەمڵێندرێت بە هێزتربکات، هەموو ئەوکارانە تورکیا لە ژێر هەژموونى ڕوسیاو ئێران دەربازدەکات، هاوکات ماوەکەیشى کەمترە، چونکە بەشى زۆرى هەناردەکانى تورکیا لەڕێگاى ئێرانەوەیە. هەروەها وڵاتى ئـێران گەورەترین هاوبەشى چینە چونکە ساڵانە بایی ملیاران دۆلار نەوت لەو وڵاتە دەکرێت، هاوکات ئێران گەروى (هورمز) ى لە ژێردەستدایە ڕؤژانە (١٧٥) ملێون بەرمیل نەوت بە گەروى هورمزدا دەگواسرێتەوە کە دەکاتە (٤٠%) بازرگانى نەتوتى جیهانى.
“ئێراق ڕێگاى سەرەکى پشتێنە و ڕێگە”
ئێراق دەکەوێتە ناوچەرگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، شا ڕێگایەکە بۆ یەکتر بەستنەوەى ڕێگاکانی ترى پشتێنە و ڕێگە، جگە لەوەى دەروازەیەکە بۆ دەریاى سپى ناوەڕاست، هاوکات بەندەرى شارى بەسرە هەردوو ڕێگاى وشکانى و دەریا بەیەک دەگەیەنێت، هاوکات دەوڵەتێکى دەوڵەمەندە بە سەرچاوەى وزە، چین هەلى ناسەقامگیرى ئێراقى دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسى بە دەرفەت زانى تا بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوەى ئێراق، بۆ نموونە کاتێک سەرەککۆمار لە ساڵى (٢٠٠٧) سەردانى ئەو وڵاتەى کرد، چین ڕازیبوو (٨٠%) قەرزەکانى سەرئێراق بسڕێتەوە، دواتر (١٠٠) ڕێکەوتنامە لە نێوان ئێراق و چین واژۆ کرا و لە سەر لایەنەى دووەم بوو جێبەجێ یان بکات.
“کوردستان و ڕێگاى ئاوریشم”
پرۆژەى (پشتێنە و ڕێگە) زیندوکردنەوەى ڕێگەى ئاوریشمى کۆنە بە شێوازێکى نوێ، کاریگەرى زۆرى لە سەرداهاتووى کوردستان دەبێت و هاوشێوەى هێڵى ئاسنى بەغداد بەرلینە، چونکە ئەم پڕۆژەیە کوردستان دەکاتە شار رێگایەک بۆ بەستنەوەى ڕێگا لاوەکییەکانى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و رۆژهەڵاتى ئاسیاى ناوەڕاست بە دەروازە دەرییایەکانى هەڵکەوتوو لە سەر کەنداوى فارس و دەریاى سپى ناوەڕاست، بە داخەوە لە پرۆژەى پشتێنەو ڕێگەدا بە هیچ شێوەیەک ناوى کوردستان نەهاتووە، چونکە پرۆژەکە لە جوگرافیایەکى فراوانتر لە سنوورى وڵاتان نەخشە ڕێژکراوە. هەرچى هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەکى ستراتیژى و گرنگ بایەخیکى گرنگى بۆ پرۆژەکە هەیە، چونکە بەرهەمە چینێکان زۆربەى بازاڕى وڵاتیان قۆرخکردووە، بەشێکان لە ڕێگاى “بەندەرعهباس” و دواتر لە ڕێگاى قەزاى “پێنجوێن” و لە دەروازەى “باشماخ” دەگەیەنرێنە هەرێمى کوردستان، بەشێکی ترى لە رێگاى “دوبەى” دەگاتە شارى (بەسرە) و پاشان لە ڕێگاى وشکانییەوە دەگاتە کوردستان.
“بەربەستەکانى ڕێگاى ئاوریشم”
وڵاتانى دنیا بە تایبەت ئەو وڵاتانەى دەکەونە سەر ئەم شا ڕێگایە، یاخود کاریگەر دەبن بە جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕێگاى ئاوریشمى نوێ هەر یەکێکیان بە گوێرەى بەرژەوەندى و، مەترسێکانى تەماشاى دەکات و چاوى تێ بڕیووە.
١. پرۆژەکە زۆر وڵات بە نموونە هندستان، ئەمرێکا و ئەوروپا وەک ئامرازێک سەیری دەکەن کە چین لەو ڕێگایەوە مەبەستێتى هەژموونى جیهانى خۆی بسەپێنێت.
٢. چین لە ڕێگاى پرۆژەکەو هەوڵ دەدات دەست بە سەر ئابوورییەکانى ئاسیادا بگرێت، هەروەها دروستکردنى ڕێگایەکە بۆ ئەوروپا تا لەو ڕێگایەوە بەرهەمەکانى هەناردەى وڵاتانى ئەوروپا بکات و لە رێگاى بەرهەمهێنانى زیاترى چیمەنتۆ، ئاسن و ئامێرە ئیلکترۆنێکان هەلى کار بۆ هێزى کارى وڵاتەکەى دەستەبەربکات.
٣. زۆربەى ئەو دەوڵەتانەى دەکەونە سەر ئەو ڕێگایە جیاوازن لە بوارەکانى سەرچاوەى سرووشتى، گەشەى ئابوورى، سیستمى ڕامیارى، ئاستى ڕۆشنبیرى و کاریگەرى فاکتەرى جیۆپۆلۆتیکى، هەموو ئەم فاکتەرانە هۆکاران لە یەککاتدا نەتوانرێت دژایەتى (١٦) وڵات بکرێت.
“ئەنجام”
لە بنەڕەتدا پرۆژەى پشتێنە و ڕێگە هەوڵێکە بۆ بە دەستهێنانى ئامانجى ڕامیارى و جیۆپۆلیتیکى لە ڕێگاى ئابوورى و گۆڕانى ژێرخانەوە، بەڵام چین دەڵێـت: ئامانجى پرۆژەکە ئاسانکارییە بۆ فراوانبوونى ئابوورى و یارمەتیدەرە بۆ بۆ واڵا کردنەوەى بازارى دەرەکى لە بەردەم کاڵاو شمەکى چینیدا، لەم بارەوە ڕۆژنامەى ((New work نوسیووێتى: گرنگترین پاڵنەرى پرۆژەکە بریتییە لە زیدە بەرهەمى پیشەسازى چین، بۆ نموونە ساڵانە ئەو وڵاتە (١.١) ملیار تەن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت و لە ناوخۆى وڵاتدا تەنها (٨٠٠) ملیۆن تەنى ساخدەکرێتەوە، واتە چین گەرەکێتى لە ڕێگاى پرۆژەکەوە بە دروستکردنى بەندەرى بازرگانى، فرۆکەخانە، هێڵى شەمەندەفەر و کۆمەڵگاى بازرگانى پەیوەندى نێوان ئاسیا، ئەفریکا و ئەوروپا باشتر بکات. بەمشێوەیە پرۆژەکە کاریگەرى لە سەر زیاتر (٦٠%) دانیشتوانى جیهان دەبێت و تا ێستا (٢٥٠$) ملیار دۆلار لەو پێناوەدا خەرجکراوە.
سەرچاوەکان:
محەمەد سابیر، چین لە ڕوانگەى دیپلۆماتێکى کوردەوە، سلێمانى .٢٠١9
کامەران مەنتک. كوردستان لە پرۆژەى رێگەى ئاوریشمى نوێدا ساڵى ٢٠٢٠.
کامەران حەسەن ڕێگاى ئاوریشمى نوێ، سالى ٢٠٢٠.