زمان بەسەرەکیترین ئامرازەکانی پێشکەوتنی شارستانیەت و مرۆڤایەتی دادەنرێت. بۆ دۆزینەوەی رەگ و ریشەی زمان دەبێت لەدۆزینەوەی رەگ و ریشەی پەیدابوونی مرۆڤەوە دەست پێ بکەین، مرۆڤ و زمان دوو رووی یەک دروان، پەیدابوون و گەشەکردنیان پەیوەستە بەیەکەوە، ناتوانرێت لەیەکتری جیابکرێنەوە. زۆربەی زاناکان لەسەر ئەو رایەن کە قۆناغەکانی گەشکردنی مرۆڤ وەکو مرۆڤێکی تەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی پلیسیتوسینPleistocene)) کە دواقۆناغی سەردەمی جێگیربوونی جیولۆجی بووە، چونکە گۆڕانکاری گەورە لە جوگرافی و جیولۆجی و رووی زەوی و دۆڵ و شاخەکان روویداوە، لەرووی خۆشبوونی ئاو و هەوا و ژینگە و سرووشتێكی گونجاوتر بۆ ژیان، ئەمەش بووە هۆی جموجوڵ و بڵاوبوونەوەی مرۆڤ و گەڕان بەدوای خۆراک و راودا، بەتایبەتی لەچاخی جیولۆجی نوێدا، لەم ماوەیەشدا ناوچەکانی میسۆپۆتامیا، دەریای ناوەڕاست، ئاسیای بچوک و دۆڵی ئیندۆس بوونە پردی پەڕینەوەی مرۆڤ لەئەفریقاوە بۆ ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا.(١)
وەکو ئەوەی دەبینرێت لەم ناوچانەوە مرۆڤ بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە، وەکو ئەوەی گەیشتونەتە ناوچەکانی سیبیریا و ئەندەنوسیا لەوێ ژیاون کە بوونەتە بەشێکی سەرەکی لەباوە گەورەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ.(٢) هەروەها لەچاخەکانی دواتردا زیاتر پەرەی سەند و گەشتە پلەیەکی باڵاتر و پێشکەوتوتر، ئەم دەرکەوتن و پێشکەوتنەی مرۆڤ (Homo Sapiens) دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی جوگرافی و ژینگەیی و کەش و هەواو پەرەسەندنی لایەنی بایۆلۆژی و جێگیربوونی وەک جۆرێکی جیاواز و گرنگ لەچاو جۆرەکانی تری گیانداراندا، پاشان جێگیربوونی لەچەند شوێنێک بووە هۆکاری زۆربوون و گەشە و پەرەسەندنی زیاتری مرۆڤ، هەرچەندە کاریگەری ژینگە و کەش و هەوا و سرووشتی لەسەربووە بەدرێژای چاخەکانی بەردین و چاخەکانی پێش مێژوو، بەتایبەتی چاخی بەردینی کۆنی سەروو(Upper Palaeolithic Age) لەو ماوەیەشدا مرۆڤ پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە دیوە، بەوماوەیەیش دەوترێت فەرهەنگ و کولتووری راوکردنی باڵا(High hunting Culturers ).(٣)
هەرچەندە لەم قۆناغەدا هەندێ جۆری ئاژەڵی ماڵی کردووە وەک، گا، مەڕ و بزن، سەگ، دروستکردنی ئامێری بەردینی جەنگی وەک تیروکەوان، تیری نوک تیژی بەردین، نوکی رم، چەقۆ، مشار، هەندی ئامێری تری بەردینی شێوە جیاواز لە (٢٨٠٠٠) هەزارساڵ پ.ز لە ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای ئاسیادا.(٤) دواتر لەچاخەکانی تردا مرۆڤ زیاتر پەرەی سەندووە و گەشەی بە ژیانی داوە، قۆناغێک زیاتر هاتۆتە پێشەوە بەتایبەتی لەچاخی بەردینی خواروو(lawer Palaeolithic Age) لەم چاخەدا وەکو مرۆڤی ژیر ژیاوە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بڵاوبوونەتەوە.(٥) بەکۆتای هاتنی چاخی بەردینی کۆن و هاتنی چاخی بەردینی نوێ(Neolithic / New Ston Age ) مرۆڤ پێی نایە قۆناغێكی پێشکەوتوترەوە، خۆی رێکخستەوە لەرووی راوکردن و بەرهەم کۆکردنەوەوە، هەوڵی دروستکردنی کێڵگەی داوە، دواتر گوندی دروست کرد، ئەمەش هەنگاوێکی خێراتر بوو بۆ دروست بوونی لایەنی کۆمەڵایەتی و خێزان و ئایینی و شارستانی و هێز و چەک، بە تایبەتی لەسەرکەنارەکانی رووباری دیجلە و فورات ونیل.(٦) لەم قۆناغەدا مرۆڤ گەیشتە پلەیەکی باڵای رۆشنبیری و داهێنانی زۆربەی بنەماکانی شارستانی وەکو گوند و کشتوکاڵ و پەرستگا و کەلوپەلی پێوستی ژیانی رۆژانە و جەنگ و ئامێری کشتوکاڵی پەروەردەکردنی کشتوکاڵ و بەکارهێنانی، ئاژەڵ ماڵیکردن و پەروردەکرنی ئاژەڵ و سود لێ وەرگرتنی، بەتایبەتی لە باشووری رۆژئاوای ئاسیا لەم بارەیەوە (گۆردن هێڵمان-Gurdn Hillman) پێی وایە لەم قۆناغەدا زۆرینەی گیا رووەکیەکان و خۆراکیەکان لەم ناوچانە دوای ناساندن و چاندنەوە و سود لێ وەرگرتیان بەدنیادا بڵاوبۆتەوە، گەیشتۆتە ئەوروپا، بەتایبەتی گەنم وجۆ وەکو دۆزراوەکانی گوندی ئەبو هەریرە.(٧)
هەربۆیە دەرکەوتن و گەشەسەندنی زمان پەیوەندی سەرەکی بە پەیدابوون و گەشەی مرۆڤەوە هەیە، زمان تاکە ئامرازی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ و گیاندارانە، لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ و ژیاندا بۆتە پێویستیەکی گرنگی رۆژانە و لەگەڵ مرۆڤدا رۆژ لەدوای رۆژ گەشەی کردووە، زمان و زمانناسی و رەگ و ریشەکەی کەی و چۆن پەیدا بووە، یەکجار ئاڵۆزە تا ئەمڕۆش جێی تێڕامان و پرس و لێکۆڵینەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زاناکانی بواری زمان لایان وایە زمان مێژووەکەی هاوتەریبە لەگەڵ مرۆڤدا، هەربۆیە لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤدا زمانیش پەیدابووە، بەڵام بەپێی سەردەم و کات گۆڕان و گۆرانکاری بەسەرەدا هاتووە و گەشەی کردووە، چۆن مرۆڤ لایەنی ژیری و بایۆلۆژی گەشەی کردووە بەو شێوەیە زمانی مرۆڤ لە گەشە و پێشکەوتنێکی بەردەوامدا بووە، لەگۆڕانی زیاتریشدا دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاری ژیانی مرۆڤ کۆمەڵگادا. راستە لەسەرەتادا مرۆڤ لەشانشینی ئاژەڵاندا ژیاوە و بەشێک بووە لەو ژینگەیە، بۆ ئاخافتن و بەدەنگەوە چوونی یەکتر و ئاگادارکردنەوەی یەکتر و دەربڕین، هاوار و دەنگی بەکارهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ ماوەیەکی یەکجار زۆر لەسەردەمێکی ئاڵۆزدا ژیاوە و لەقۆناغی گەشەکردنیدابووە. بێگومان زمانیش هەروابووە لەسەردەمێکی زۆر سەرەتایی و قۆناغی ئاڵۆز و دژواردا گەشەی کردووە.
ئەوەی تا ئێستا زانرابێت و بتوانرێت پێی بوترێت زمان لەماوەکانی نێوان( ٧٠٠٠٠بۆ٣٢٠٠٠ساڵ پ.ز) دەبێت. ئەگەر بەوردی خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت، هەرچەندە دیاریکردنی ئەم سەرەتایە کارێکی ئاسان نیە، ناتوانرێت لەسەرخاڵێکی دیاریکراو راوەستین، چونکە لەراستیدا کردەی زمان و دروستبوونی زمان و گەشەکردنی یەکجارئاڵۆزە. بۆنمونە ئاژەڵیش زمانی هەیە و لەیەکتری تێدەگەن. هەروەها مێرووەکانیش زمانی دەنگی بەکاردێن و بانگی یەکتر دەکەن لەکاتێکدا کە خۆراک دەدۆزنەوە دێن بەدەنگی یەکتریەوە. زاناکان زۆر لەمێژە تێبینی ئەوەیان کردووە، هەمیشە لەهەوڵی زۆرتردان بۆ ساغکردنەوەی ئەو بابەتانە. بۆ ئەو مەبەستەش نمونەی زیندوو باس دەکەن کەپێی دەوترێت (زمانی دەنگی). زاناکان جۆرێک لە مەیمونی سەوز (گرین مۆنکی ) بەنمونە دەهێننەوە، تێبینی ئەوەیان کردووە مەیمون دەتوانێت بانگی مەیمونێکی تر بکات، دەنگی یەکێک لەوانە تۆمار کراوە لە کاتێکدا مەیمونێک لەگەڵ مەیمونێکی تر بەکاری هێناوە، پاشان جارێکی تر هەمان دەنگ تۆمارکراوەتەوە کە لەلایەن مەیمونەکانەوە بۆ هەمان مەبەست، واتە بانگکردن یان بانگکرنی یەکتر بەکارهاتووە لەلایەن مەیمونەکانەوە، ئەمەش مانای بوونی زمانە لەنێوانیاندا. هەروەها شێرەکان دەنگێکی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ باگهێشتکردنی یەکتری، بۆ ئەم مەبەستەش زاناکان چەند شێرێکیان دیاری کرد، چەند جارێ دەنگیان تۆمارکراوە کە هەمان دەنگ بەکاردەهێننەوە، دەرئەنجام ئەوەیان بۆسەلمێنرا کە ئاژەڵان لەنێوان خۆیان دا زمان بەکاردەهێنن. هەروەها (ئەلبێرت ئەنیشتاین) تێبینی ئەوەی کردبوو بەبەغا هەموو شتێک دەزانێت، دەنگی تەلەفۆن، جیڕەی دەرگا، ئاگاداری ئاگرکەوتنەوە.(٨) هەروەها توێژینەوەی وردکراوە لەسەر خێزانی شامپانزییەکان، کەلەناوخۆیاندا جۆرێک ئاخافتن بەکاردێنن وەک خێزان و کۆمەڵی بچوک پێکەوە دەژین، هەرچەندە لەو ئاستەدا ناگەنە پلەوپایەی رێکخستنەکانی ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
بۆیە بۆ ئەم مەبەستە زانایان (ئالین گاردنەربیتریک) (Allen Gardner-Beatrice) چەند کەسێکی تر لەساڵی ١٩٦٠هەستان بە راهێنانی شامپانزیەک بەناوی (واشۆ) لەسەر بەکارهێنانی هێمای زمانی ئەمەریکی، لەماوەی (٣) ساڵدا واشۆ توانی هەشتا و پێنج(٨٥) هێما وەربگرێت، هەڵسوکەوتی پێ بکات و ئاخافتنی پێ بکات لەگەڵ مرۆڤدا. پاشان شامپانزیەکی تربەناوی (سارا) راهێنانیان پێ کرد، توانای ئاخافتن و نووسین و خوێندنەوەی هەبووە، توانای وەرگرتنی (١٣٠) وشە وهێمای هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی توانای تێگەیشتنی رستەی نەبوو. هەروەها لەتاقیکردنەوەیەکی تردا کە لەلایەن ژنە توێژەر (سو سافاج رامبۆ) و هاوڕێکانیەوە ئەنجام درا، پیگی شامپانزیایەکیان بەکارهێنا بەناوی (کانزی) لە سنوورێکی دیاری کراوی دارستانێک دا کە (٢٢) هێکتاربوو، ئەمەش گرنگی لەوەدا بوو لەژینگەکەی خۆیاندا ئەنجام درا. کانزی لەگەڵ شامپانزیەکانی تر تێکەڵاوی دەکرد، کانزی فێری ئەوەبوو کە چۆن تێ بگات لە قسەکردن و وشەکان، هەروەها فێری وشە و هێماکانی سەر کیبۆردی کۆمپیوتەر کرابوو. ئەم راهێنراوە لەتەمەنی (٦) ساڵیدا ئەیتوانی (١٥٠) وشە و هێما بناسێتەوە و لەمانای رستەش تێ بگات. لەکاتێکدا رستە لە چەندین وشەی ئاڵۆز پێکهاتووە. هەروەها لەتەمەنی (٨)ساڵیدا وای لێ هاتبوو لەرووی تواناوە بگاتە ئاستی مناڵێکی دووساڵان. هەروەها کانزی لایەنی رێزمانی گەشەی کرد و ئەی توانی ئەو رستانە بەکاربهێنێ کە داواکاری شتومەک بوون، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤێکی( ٦) ساڵی توانای وەرگرتنی (١٣٠٠) وشە و مانای هەیە سەرەڕای پرسیارکردن لەسەر شتەکان.(٩)
سەرەڕای ئەمانەش دەرکەوت هێشتا جیاوازی زۆرهەیە لەنێوان زمانی شامپانزیەکان و مرۆڤدا. لەم بارەیەوە زانای بەناوبانگی زمانناس (ستیفان بیکنەر)دەڵێت؛ “کانزی و ئەو شامپانزییانەی راهێنانیان پێکراوە بۆ قسەکردن لەئاستێکی زۆر باڵادا فێرکراون، ئەوە بڕیارێکی ئاسان نابێت بەراوردی نێوان ئەمانە و مرۆڤێکی ژیری پێ بکرێت، لەکاتێکدا قسەکردن لای مرۆڤ سرووشتێکی گەشەکردووی هەیە و سنووردارنیە و کراوە دەبێت بەدرێژای ژیان”. سەرەڕای ئەمانەش کە باسکران زاناکان تاکو ئێستا شتێکی ئەوتۆیان لەسەر نیشانەکان و هێماکانی قسەکردن نەدۆزیوەتەوە لای ئەیپەکۆنەکان (جۆری کۆنی مرۆڤ و هاوشێوەکانی کە لەبەشی یەکەمی ئەم پەرتووکەدا باسکراون) بەتایبەت جۆری هابیلیس، بەڵام دووخاڵی گرنگ و شوێنی کراوە بۆ قسەکردن هەبووە لەمێشکیاندا. لەو بارەیەوە زانا (دین فاڵک)ساڵی ١٩٨٤ هەستا بە توێژینەوەیەک لەسەر خانە شێرپەنجەییەکانی ناوەوەی مرۆڤی کۆن، پاشان ئەوەی دۆزیەوەکە لە ئەیپە سەرەتایەکاندا وەک (ئوسترالۆپیکوس)قەبارەی مێشکیان( ٣٠٠-١٤٧٠ سی سی) گەورە بووە و شوێنی قسەکردنیان تێدابووە بەتایبەتی لەناوچەی برۆکا (ناوچەی قەسەکردن لەمێشکدا)، بەم شێوەیەش نزیک لەمرۆڤ دادەنرێن کە بۆکسە دەنگەکانیان (ڤۆیس بۆکس) لەمێشکیانداهەبووە، بەڵام کەمێک لەگەڵ مرۆڤ جیاوازن.
هەروەها زانا (فیلیپ تابیاس)توێژینەوەیەکی لەسەر ئێسکەپەیکەری جۆری مرۆڤی هابیلیسی دۆزراوەکانی ئوڵڤاری ئەنجامدا، بەباوەڕی ئەو، ئەم جۆرە مرۆڤە کۆنترین جۆرێکن کە توانیویانە قسەبکەن، لەچاو کۆمەڵە و ئەیپە جۆراوجۆرەکانی پێش خۆیان وەک ئوستراپیلۆکوس. ئەوەشی بە پێشکەوتنێکی گەورە داناوە کەناسراوە بە (سۆنگ) بە وشەی قسەکردن، هەروەها هەندێ لەرەگەز ناسەکان باوەڕیان وایە مرۆڤی هابیلیس قسەیان کردوە، بەڵام سنوورداربووە.(١٠) ئەگەر ئەم توێژینەوە و لێکدانەوانە بەهەند وەرگرین ئەوە مێژووی زمان و قسەکردن بۆ چەند ملوێن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر ئەوە سەلمێنرا جۆری هابیلیس قسەیان کردبێت ئەوا بە٢ ملوێن ساڵ دادەنرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا رەگەزناس (رۆبین دونبار)ساڵی ١٩٩١توێژینەوەیەکی ئەنجام داوە لەسەر زمان، ئەوەی دەرخست زمان پێشدەکەوێت و گەشەدەکات لەئەنجامی گۆڕینەوەی زانیاری نێوان کۆمەڵەی گەورە و بچوک و ئاڵۆز، هەروەها بەهۆی گەشەی مێشک و لایەنی زیندەیی بایۆلۆژی و ژینگە و کولتوورەوە بەردەوام لەگۆڕانکاریدایە.(١١) هەروەها لەبەر گرنگی و ئاڵۆزی بابەتەکە چەندین گریمانە و تێورهەن بۆپەیدابوونی زمان وەکو ئەمانە، لاسایکردنەوەی دەنگە سرووشتییەکان، رێکەوت، کۆمەڵایەتی، سەرەرای توێژینەوەزانستیەکان بۆسەلماندنی ئەم گریمانانە، مەرج نیە زمان لەسەرەتادا یاسا و رێسا و رێکخستنی هەبووبێت، بەڵکو تەنیا وشە ومانناو دەنگ بووە، بەشێوەی سادەوساکار، ئەمەش بەشێوەی رێکەوت یان لاسایکردنەوەبووە،مرۆڤی سەرەتای دەنگ یان جۆری جوڵەی بەرگوێ کەوتووە، بەشێوەیەک لەشێوەکان وەریگرتووە، پاشان دووبارەی کردۆتەوە، دیسان وەریگرتۆتەوە، تا لەکۆتایدا دەنگ و جوڵەکە بووە بە مانا لای مرۆڤ، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵایەتیەوە بووە، چونکە بووە بە پێویستی، واتە رێکەوت و پێویستی کۆمەڵایەتی دووخاڵی گرنگن بۆ دروست بووونی وشە، مانا، ناو و زمان، لێرەدا بەڵگەی گرنگ خراوونەتە روو بۆ ئەم باسەکە ئەوانیش زانستی کەللە سەرەکان بوون کە لەلایەن زانای فەرەنسی (پیار پۆل برۆکا)ەوە کاری لەسەرکراوە، لەساڵی ١٨٦١زدا، ئەوەی روون کردەوە کە هەندێ پێکهاتەی مێشک دەبێتە هۆی لەدەستدانی قسەکردن، بۆیە ئەو شوێنی بوونی زمانی لای سێیەم بەرگ لای چەپی مێشک دیاری کرد، لەوکاتەوە زانیاری لەسەر هێڵکاری مێشک و کەللەسەرەکان پەرەی سەند، شارەزایان توانیان جیاوازی نێوان (زمان تەتەڵەکردن) کە ئەو بارەیە مرۆڤ ناتوانێت دەنگەکانی دەربڕێت پەیوەندی بەلایەنی کەم و کوڕی قسەکردنەوە هەیە لەناوچەی (٤٤)مێشک. هەروەها لەنێوان (کەڕ-کەڕی) کە مرۆڤ ناتوانێت دەنگە بیستراوەکان لەیەکتری جیابکاتەوە، ئەمەشیان پەیوەندی بەشێوەی هەر دوو ناوچەی(١)،(٢)مێشکەوە هەیە، لێکۆڵینەوە لەسەر کەللە سەرە بە بەردبووەکان، دوو لایەنی گرنگی روون کردەوە وەکو: یەکەم:- پەرەسەندی ئەو ناوچانەی مێشک راستەوخۆ بەندە بەشێوەی وەستانی بوونەوەرەکان کە لە سەردوو پێکانی راوەستاوە، دووەم:- ئەم پەرەسەندنە هاوسەنگە لەگەڵ پەیدابوونی ئیشی دەست.
ئەمانە مانای ئەوەیە پەیوەندی پتە و هەیە لەنێوان دەست و روو (زمان)، تەتەڵەی قسەکردن و شوێنی بوونی زمان و کاری دەست هەردووکیان لەیەک کات دا و لەگەڵ یەکدا پەرەیان سەندووە، شیکردنەوەی کەللە سەرەکان ئەوەی سەلماند کە مێشکی پاشماوە بە بەردبووەکانی مرۆڤی جۆری (ئەنسرۆپیانس) کەبەبنەچەی مرۆڤ دادەنرێن لەنێوان قۆناغی مەیمون و مرۆڤدا، چونکە ئەم جۆرە قەد و باڵای راستە، قەبارەی مێشکیان بەقەدەر مێشکی مرۆڤ بووە، هەروەها دەرکەوت مرۆڤی یەکەم لە ئوسترالیا و چین و مرۆڤی نیادەرتاڵ قسەیان کردووە، توێژەر (لێروا گورهان)دەڵێت: “رەوشی ئەو بوونەوەرانەی لەسەر دووپێ راوەستاون دەستیشیان ئازادانە دەجوڵێنن، کەللەسەرهکانیان بەشێوەیەک فراوان بووە کە مێشکێکی گەورەی هەڵگرتووە، ئەمەش وای کردووە توانای قسەکردنیان هەبووبێت،هەروەها توانای سرووشتی جەستەیی هۆکاره بۆ رێکخستنی دەنگەکان و جوڵەکان کە لەلای یەکەم مرۆڤ لەجۆری ئەنسرۆپپیانس هەبووە”، لێرەدا کارێکی ئاسان نیە لە چاخە جیولۆجیەکاندا رەوشی زمان روون بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەچاخەکانی پێش مێژوودا زۆر شوێنەوار هەن بەڵگەن لەسەربوونی زمان و کاری دەست (دەست وروو)یان کاری دەستی لای مرۆڤی (ئەنسرۆپییان) وەکو کەرەسەتە سەرەتایەکان و وێنەکێشان، ئەگەر پەیوەندیەکان و بەکارهێنانی ئامێروکەرەستەکان دووشێوەی جیاکەرەوەی تایبەتمەندی مرۆڤ بن، ئەوا بە دووهێڵی تەریب و بەیەکەوە بەستراونەتەوە، ئەوەش روون دەکاتەوە کە مرۆڤ بەزمان پەیوەندی دەکات و بەدەستی کاردەکات، واتە لەبەرامبەر توانای پەیوەندی کە جوگرافی مێشک شێوەکەی دەست نیشان دەکات.
ئەمە سەرەتایەکە بۆدەستنیشانکردنی مێژووی پەیدابوونی زمان. هەروەها چەندین چالاکی تری مرۆڤ لەگەشەی کەللەسەر، ددان، روو، دەست کاریگەربوون لەسەرپەیدابوونی زمان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ ئەو بابەتە، بەکورتی دوو تێوریای گرنگ هەن بۆ دروست بوونی زمان، وەکو؛یەکەم، بایۆلۆجی، لەوکاتانە دەکۆڵێتەوە کە شێوەی کەللسەرەکان و مێشک تێێدا پەرەیان سەندووە، تا ئەوکاتەی زمان پەیدابووە، هۆکار و هاوکار بووە بۆ بەردەوامی پەیوەندیکردن، دووەم؛ کۆمەڵایەتی، ئەم تێورە لەو کاتە دەکۆڵێتەوە کەپەیوەندی کۆمەڵایەتی تێیدا پەرەی سەندووە، بووە بە هۆکارێکی بەردەوامی پەیوەندیکردن. لێرەدا ئەوە روون دەکرێتەوەکە زمانی مرۆڤیش لەسەرتادا لەشێوەی زمانی دەنگی بووە و لەچوارچێوەیەکی سەرەتایی و بەرتەسکدابووە، لەشێوەی ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتیدا. پاشان دروستبوونی کۆمەڵ کۆمەڵ و بەیەکگەیشتنی دووکۆمەڵەی جیاواز و تێکەڵاوی و زۆربوون و گەشەی مرۆڤ و خێزان و بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ بووبە کلیلی پێشکەوتنی زمان لای مرۆڤ. واتە بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ هۆکارێکی سەرەکی گەشەی زمان و دەرکەوتنی بوو لە شێوەیەکی جیاواز و پێشکەوتووتردا، ئەوەش لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریدابوو.(١٢)
شۆڕشی زانیاری بەسەردەمی داهێنان دادەنرێت لەماوەی ٧٠،٠٠٠ساڵ پ.زدا. لێرەدا پێوست دەکات ئاماژە بەسەرەتای داهێنانی هێمای زمان بدەین، واتە کەی مرۆڤ هەوڵیداوە زمان بخاتە چوارچێوەی وێنەو بتوانێت بەهێما و وێنە بەرامبەرەکەی تێ بگەیەنێت، یان روودانی کارێکی بۆ روون بکاتەوە، زاناکان سەرەتای وێنەکێشانی ئەشکەوت و دانانی وێنە و هێما لەو شوێنانەدا بەبنەمای دروستبوونی سەرەتاکانی زمانی شێوە نووسین دادەنێن. بۆنمونە دۆزینەوەی وێنەی دەس لەقەد دیواری ئەشکەوتەکان یان بەردەکان یان بناری شاخەکان مانای ئەوە بووە (من لێرەبووم)، واتەکەسێک بۆ کەسێکی تری کێشاوە و پێی دەڵێت من لێرەبووم. هەروەها کۆمەڵێک بۆ ناسینەوەی کەسەکانی کۆمەڵە خەڵکەکەی خۆی هێمای بەکارهێناوە. ئەم وێنانەش (٣٢٠٠٠ب٣٠٠٠٠)ساڵ پ.ز دەبێت وەک دۆزینەوەکانی ئەشکەوتەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا.
هەروەها توێژەر “کارین بۆیس” توێژەری سوێدی لەئەنجامی توێژینەوەکانیاندا گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی مرۆڤی نیادەرتال ئاخافتنیان کردووە لەگەڵ یەکتری و زمان و ئاخافتنیان لەئاستێکی باشدابووە. مرۆڤی نیادەرتال لە فلۆرنسەکان بەهێزتر بوون مرۆڤیان ناشتووە. گوڵیان لەگەڵ مردوو داناوە، هەروەکو ئەوانەی لەکوردستان و لەشانیدار دا دۆزراوەتەوە.(١٣) ئەم هەنگاوەش بەڵگەی ئەوەیە مرۆڤ لەداهێنان بەردەوام بووە، لەهەر قۆناغێکدا جێ دەستی جوڵە و پێشکەوتنی لەدروستکراو و بیرکردنەوەیدا دیارە، هەموو سەردەم و هەنگاوەکانی دواتری وپێشکەوتنی هزری رۆژ لەدوای رۆژ رەوتی داهێنانی پێشخستووە، تا لە قۆنەغەکانی دواتردا بنەماکای شارستانیەتی لەسەر داهێنانە کەڵەکەبووەکانی پێشوتر دروستکردووە، کە لە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگی مێژوویدا ئاستی ژیری مرۆڤ گەیشتە رادەیەک وێنە بکاتە بنەمای دروستبونی پیت و وردە وردە پیتی نوسینی داهێنا، کە ئیتر لێرەوە مرۆڤایەتی پێی نایە قۆناغێکی هەستیار و پێشکەوتووی ئەوتۆ کە بەسەردەمی سەرهەڵدانی نووسین یان دۆزینەوەی نوویسن دادەنرێت، کە ئەویش کوردستان و میسۆپۆتامیا بەلانکی ئەو داهێنانە گرنگەی شارستانیەت دادەنرێت.
زۆربەی ئەو زانا و بیرمەند و شوێنەوارناس و توێژەرانەی لەو بوارەدا کاردەکەن ئەو راستیە پشتراست دەکەنەوە، بۆ نموونە کاتێک (میچێڵ کۆک) باسی سەرهەڵدانی شارستانیەت دەکات دەڵێت: ”کۆنترین شارستانیەت لە وڵاتی میسۆپۆتامیا سەری هەڵداوە لەسەردەستی سومەریەکان” ئەمەش دوای ئەوەی هاتووە سەرجەم شارستانیەتەکانی بەراورد کردوە وەک میسر و هند و چین و ئەورپا و میسۆ ئەمریکا.(١٤) ئەم قۆناغەش زمانی کردە بنەمایەکی گرنگ بووە هۆی مانەوە و درێژە پێدان و گەشەکردن و تۆمارکردنی وشە و زمان، لێرەشەوە زمان هەر زمانی ئاخافتن نەبوو، بووە زمانی کاروباری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و بازرگانی و فێرکردنی زمان و وەرگێڕان. هەروەها “مێشێل کۆک” کاتێک باسی نووسین و بەراودکاری دەکات لەگەڵ مێژووی دەرکەوتنی لای گەلانی تر، دێتە سەر باسی نووسین لە میسۆپۆتامیا و هەوڵی نووسین لەلایەن سومەرەوە بەیەکەمین هەنگاوی مرۆڤایەتی دادەنێت بۆ ئەوبوارەی شارستانیەت. هەروەها دەڵێت ”یەکەم جار لە میسۆپۆتامیا و دواتر میسر، پاشان هیند و چین دەرکەوت”، چونکە ئەو پێی وایە کاتێک ئەلفوبێ داهات و زمانی تێدا بەکار هات ئەوە بە نووسین دادەنرێت و گفتوگۆی ئەوەش دەکات ئایە وێنەی سەرئەشکەوتەکان بە نووسین و مێژوو دادەنرێت یان گفتوگۆی زیاتر هەڵدەگرێت.(١٥) لەم روانگەیەوە سومەر و نووسین وەک دوودیوی یەکدراون، دۆزینەوەی نووسین بوو بەناسنامەی شارستانی سومەر، هەرلەم رووەوە زۆربەی زاناکان وتوێژەرەکان جەخت لەم راستیە دەکەنەوە، باس لەوەدەکەن کەسەرەتاکانی شێوە نووسین و نووسین و یەکەم ئەلفوبێی نووسین کە پەیوەندی بە زمان و قسەکردنەوە هەیە دەگەرێتەوە بۆ سومەر لەمیسۆپۆتامیادا لەسەرئاستی شارستانیەتە جۆر بەجۆرەکانی هەموودنیا، کە بۆ هەزارەی ٤و٣ی پ.ز دەگەڕێتەوە لەشێوەی تابلۆی قورینی مێخی لەشاری ئوروک.(١٦)
لەگەڵ ئەمانەشدا شارستانیەتی سومەر بەتایبەت خەت و نووسین و ئەدەب لەسەردەستی ئەکەدیەکان گەیشتە ناوچەکانی دەرەوەی میسۆپۆتامیا. هەروەها لەم بارەیەوە مێشێل کۆک ئەڵێت ”وردبوونەوە لە تاتە قوڕینەکانی سومەردەردەکەوێت بەشێوەی زمانی سامیتیک و هیندوئەوروپی –Semitic-Indo-European بەکارهاتووە. پاشان بڵاوبوونەوەی ئەوشێوازی خەت و نووسینە لەلایەن (Aramaic) ئارامیەکانەوە لەسەر شێوەی دەنگ و زمانی سامیتیک- (Semitic زیاتر بڵاوبۆیەوە گەیشتە وڵات و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی زاگرۆس”.(١٧) لەگەڵ ئەمانەشدا شێوازی خەت و نووسینی سومەر بۆ ماوەیەکی زۆر یەک شێوەیی خۆی پاراست بوو تا کۆتایی دەستەڵاتی بابلی نوێ و هاتنی فارس بۆ ناوچەکە، بەڵام دواجار لەژێر کاریگەری ئەلفوبێی ئارامی و بووبە ٢٢ پیت یان ئارامیەکان توانیان ئەو خەتە پێش بخەن بیکەن بەخەتێکی کاریگەر.(١٨) بەکۆی هەموو ئەو شیکاری و لێکدانەوانەی سەرەوە ئەوە دەردەخەن کە نووسین بۆ ئەوە داهێنرا تا زمان و زانیاری تۆماربکات، نووسینی سومەریش خۆی لەدوو جۆردا دەبینێتەوە:-
یەکەم/ نوسین یان داهێنانی پیت (حرف) بڕگە کە لەسەر تاتە قوڕ دروست دەکران.
دووەم/ ژمارە.
بە هەردوو جۆرەکەوە بە یەکەم سەرچاوە دادەنرێن بۆ پێدانی زانیاری نوسراو و تۆمارکرا و لەروانگەی مرۆڤی ژیرەوە. واتە نووسین یان پەیدابوونی نووسین و سەردەمی نووسین، رۆشنبیری و زانیاریەکی راست و دروستی بە شارستانیەتی مرۆڤ بەخشی، ئەوەی بەپێی لێکدانەوەی (DNAدی ئێن ئەی، بەقۆناغێکی هەرە بەرزی ژیری مرۆڤ دادەنرێت. ئەگەرچی لەسەرهتادا نووسینەکان سنوورداربوون دەربارەی زانیارییەکان و ژمارەی شتەکان و راستی رووداوەکان بوون.(١٩)
لەگەڵ ئەوەشدا نوسین وداهێنانی ئەلفوبێ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەیەکەم هەوڵی گرنگی سومەریەکان دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی روودا و وژیانی مرۆڤ، ئەوەش هەنگاوێکی یەکجار گرنگ بووە لەگێڕانەوەی سەرەتاکانی شارستانیەتی مرۆڤ، بەتایبەت کاتێک نووسین گەشەی کرد و سنووری خۆی فراوان کرد، داستان و چیرۆک و رووداوکانی جەنگی تۆمارکرد. وەک چۆن سۆرکیلد یاکوبسین دەڵێت؛ ”سومەریەکان کە دانیشتوی باشووری میسۆپۆتامیا بوون لەباوانێکەوە هاتوون لە زاگرۆس نیشتەجێبوون، بە بەراوردی گلێنەسازی ئەمان و ئەوەی لە باکووری سوریا باکوری ئێراق هەیە، ئەمە مانای بوونی جوڵەی دانیشتوانە لەو ناوچەیە”.(٢٠) بۆ نمونە دۆزینەوەی پارچە نووسینەکەی (کوشیم) مێژووی زۆرشت دەگۆڕێت وەک مێژووی زمانی نووسین و مێژووی ئەلفوبێ و مێژووی مێژوو، مێژووی بیرکاری و مێژووی ئابووری و ژمارە و زانست و …هتد،( کوشیم) ناوێکی نووسراوی سەر تاتە قوڕێکی سومەریەکانە کە بەیەکەمین ناو یان نووسەری تۆمارکرا و لە مێژوو دادەنرێت و تاکو ئێستا نووسینێکی تر پێشی نەکەوتووە. هەروەکو توێژەر و زانا “یوڤاڵ نوح هەراری” لەپەرتووکەکەی خۆیدا باسی دەکات و دەڵێت” ئەگەر بەدوای یەکەم وشەی تۆمارکراودا بگەڕێین ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ (٥) هەزارساڵ پێش ئێستا، بۆ لای باوە گەوەرکانمان کە سومەر بوون، ئەویش لەدۆزینەوەی (کوشیم)ەوە دەست پێ دەکات”.(٢١) کوشیم بە یەکەمین نامە یان یەکەمین دەق یان یەکەمین نووسینی تۆمارکراو دادەنرێت کە بۆماوەی نێوان(٣٤٠٠-٣٠٠پ.ز) دەگەڕێتەوە، لە شاری ئوروکی سومەردا دۆزرایەوە.
کوشیم بریتیە لەدەقێکی نووسراو لەسەر تاتە قوڕێک کە باسی لایەنی کارگێڕی و ئابووری دەکات.(٢٢) ئەمەش وەرگێڕانی وردی دەقەکەیەتی؛ (٢٩،٠٨٦پێوانە لەجۆ،٣٧مانگدا،کوشیم) بەم شێوەیەش روون دەکرێتەوە یان دەخوێندرێتەوە کۆی ئەو (٢٩،٠٨٦) پێوانەیە لەجۆ بەتەواوەتی گەیشت، بۆ ماوەی یان لەماوەی ٣٧مانگدا، ئیمزا کوشیم .(٢٣) ئەم تاتە قوڕینەیە کە بەکوشیم ناسراوە لەناو دەقە مێخیە سومەرییەکاندا پەیوەندی بەپێدانی بڕی پارەی جۆوە هەیە، قەبارەکەی بریتیە لە ( ١٣سم درێژ و ٧سم پانە) بەکۆنترین دەق دانراوە.(٢٤) ئەوکارە بەبۆچوونی زانای مرۆڤناس (براین فاگان) یەکەم هەنگاو بووە هێما و دەنگ و قسەکردن و زمانی خستۆتە سەرتەختی قوڕین لە٣٤٠٠ساڵ پ.ز، واتە کوشیم بە گرنگترین ئەو تابلۆ قوڕینانە دادەنرێت کەپارەی جۆی تۆمارکردووە لەشوێنێکی فەڕمیەوە بۆ کەسێکی تر کە مەزەندە دەکریت بە(٣٥،٦٦٣گاڵۆن یان ١٣٥،٠٠٠)لیتر.(٢٥) ئەم کارەش بەیەکەمین رستە تۆمارکراوە لەمێژووی نووسیندا. پاشان لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەیەکەم ناو و یەکەم رستە دادەنرێت.
کوشیم ناوی نووسەری دەق یان هەڵگری تۆماری دەقەکەیە یان کەسێکی دیاری کراوە. ئەگەرکەسێکی دیاری کراو بێت ئەوا بە یەکەم کەس دەناسرێت کە ناوی تۆمارکرابێت لە مێژوودا یان یەکەم ناوی تۆمارکراوی مێژوو دەبێت کە تاکو ئەمرۆ دۆزرابێتەوە، دەکرێت کوشیم تەنها ژمێریارکێک بووبێت نەک پاشا و پیاوی گەوەر و شاعیر و پەیامبەر. دەبێت ئەوەش بزانین لەو سەردەمانەشدا نووسین کورت و پوختکراوەتەوە لەسەر رووداوی راستی و ژمارە.(٢٦) کوشیم پڕێتی لەنهێنی یەکەم دەقی ئابووری و ژمێریارەیە لەمێژوودا، کەدەشێت وەک ناوی بەرپرسی ئابووری و گەنجینە و ژمێریارێک ناوی خۆی نووسیبێت، یەکەم رستەی بواری زمانەوانیە، یەکەم دێڕی ریزکراوی ئەلفوبێیە، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆتۆمارکردن و رێکخستنی لایەنی کارگێڕی، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆ ژماردن و ژمارە و بیرکاری، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆدانانی پێوانە و نرخ و پارە و بازاڕ و بازرگانی کە تا ئەمڕۆ دۆزرابێتەوە. ئەگەر ئێمە وا دابنێین کوشیم دراوسێی هەبووە یان بۆکێ ئەم بارە جۆیەی ناردووە. لەگەڵ کێ پەیوەندی هەبووە پێدەچێت لەگەڵ ناوچەکانی باکوورو رۆژهەڵات بەتایبەت گردەناڤۆکی بوبێت، هەرچەندە لەم شوێنەوارەدا هێشتا نووسین نەدۆزراوەتەوە، یان هەربۆشارەکانی تری نزیک سومەربووە وەک نوزێ و خەمازی و شوبیرم، هەرچۆن بێت پارچە نووسینەکەی کوشیم دەیسەلمێنێت یەکەم نووسین دەربارەی ئابووری و ژمێریاری و پارە و باجدان بووە نەک ئەفسانەو فەلسەفە و یاساو دەستور، بەڵام دواتر نووسینەکانی تر لەسەر بابەتی هەمەجۆر و جیاواز پەیدابوون لەنێوان ساڵانی (٣٠٠٠بۆ٢٥٠٠ساڵ پ.ز) لەم قۆناغەشەوە بوو بە نوسینی سومەری و زمان و خەتی سومەر، ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت دەقی نوسراوی مێخی یان بزماری سەر تاتە قوڕەکان.
لەم ماوەیەدا نووسینی ئایینی و نامەی تایبەتی پاشا و یاسا و ژیانی خەڵک بڵاوبۆتەوە، پاشان خەتی هیرۆگلفی لەمیسر داهات.(٢٧) نووسینی هیرۆگلفی(Hieroglyphs )ئەمە کۆنترین شێوەی نووسینی میسرییە کۆنەکانە کە بەکارهاتووە لەنێوان ساڵانی (٣٢٥٠پ زتا٣٩٤پ ز)و کاری پێکراوە، کۆنترین دەقیان پەیوەندی بە پەرستگا و پاشایەتیەوە هەبووە وەکو ئەوەی (ئەبیدۆس)کە لەسەر عاج و بەرد و ئێسک نوسراوە، ئەمانە زیاتر بەکارهاتوون بۆ دەرخستنی چۆنێتی شتەکان و چۆنێتی و چەندایەتی هەرێمەکان و زیاتر ناو و ناونیشان بوون بەمەبەستی ناسینەوە و بەڕیوەبردن بووە، بەشێوەی وێنەیی نوسراوە بەبێ دەنگ، هەربۆیە ئەم خەتە لەسەدەی حەوت گەشەی کرد و دەنگ و مانایان بۆ بەکارهێناوە بۆ مانای شتێک کە بتوانی بیخوێنیتەوە و لێی تێبگەی، ئەم زمانە کۆنەش ساڵی ١٨٢٢ز لەلایەن زانای شوێنەوار ناس و زمانناسی فەرەنسیەوە(Jean Francois-جان فرانسوا چامبلون-ەوە خوێنرایەوە، توانی لەنهێنی ئەم خەتە بگات و چارەسەری کلیلی کێشەی خەتی هیرۆگلفی کرد، بە بەراوردکردنی خەتی یۆنانی کۆن کە لە میسریش بەکارهاتووە، توانی ناو و وشەو ماناکان بناسێتەوە لەسەر بەردی رەشید(Rosetta ston).(٢٨)، دواتر بۆیەکەم جار ساڵی(١٢٠٠)پ.ز لەچین خەت و نووسینی کۆنیان بەکارهێناوە، لەدوایشدا لەئەمەریکای لاتین لەنێوان ساڵانی( ١٠٠٠ب٥٠٠پ.ز) نووسین بەکارهاتووە.(٢٩) ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە تا ئێستا شوێنەوار ناسەکان نووسینێکیان نەدۆزیوەتەوە پێش کوشیمی سومەر یان خەت و نووسینی سومەر و خەتی ئیلامی بکەوێت.
سومەریەکان لە داهێنانی خەت و نووسین و تۆمارکردنی زماندا، لە وانەوتنەوە و فێرکردن و پەروەردەشدا پێش خەڵکانی ترکەوتوون. دەقەکەی کوشیم بەتەواوەتی مێژوو دەگۆڕێت، وەکو پێشتر ئاماژەی پێدراوە لەزۆر بواردا وەک بەڵگەیەکی گرنگ بەهەند وەردەگیرێت. بۆ نمونە مێژووی نووسین کەپێشتر کۆنترین دەق و خەت و نووسین بە ساڵی(٢٨٨٥پ.ز) دادەنرا. ئێستا دەردەکەوێت زۆر لەوە کۆنترە بۆ سەرووی ( ٣٠٠٠تا٣٤٠٠ساڵ پ.ز) دەگەڕێتەوە. هەروەها مێژووی پارە و ئاڵوگۆڕی شتومەک لەبازاڕدا دەگۆڕێت. پێشتر ئەوە سەلمێنراوە کە لیدییەکان پارەیان داهێناوە، بەڵام ئێستا گومان لەو مێژووە دەکرێت مێژووی پارە زۆر لەوە پێشتربووە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سومەر، چونکە کوشیم باسی دانی پارە و باج دەکات. دەکرێت کوشیم بەسەرەتای داهێنانی پارە دابنرێت. مرۆڤ هەرلەکۆنەوە بۆ پرکردنەوەی بەشێک لە خۆراک و پێویستی رۆژانەی بیری لە گۆڕینەوەی شت بەشت کردوە، پاشان ئەم بیرۆکەیە گۆڕا بۆ دروست کردنی شتێک کە بەهای هەبێت و بتوانێت لە بری شتێک بگۆرێتەوە یان شتی پێبکڕێ و بەنرخ بێت. مەرج نیە ئەو شتە تەنیا لەشێوەی پارە (کویین) بێت، رەنگە پارچە زێڕێ یان ئاسن زیو، هەرشتێکی دروستکراو بێت. ناکرێت لەشارستانیەتێکی پێشکەوتووی میسۆپۆتامیا و کوردستان دا بەتایبەت لەسەردەمی سومەردا پارە و دراو نەبووبێت، شارستانیەتی سومەر وەک پلەیەکی باڵا لە مێژووی مرۆڤ و مرۆڤایەتی سەیردەکرێت، گرنگی ئەم دەقە لایەنە ئابوورییەکەی نیە لایەنی زمان و زمانەوانیە، کە چۆن لەوکاتەدا زمانی نووسین گەشەی کردووە.
هەرچۆنێک بێت میسۆپۆتامیا بەتایبەتیش سومەر بەداهێنەری خەت و نووسین و پیت و خوێندنەوە و پەروەردە و فێرکردن دادەنرێن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، هەرچەندە لە زاگرۆس و ناوچەکانی تری کوردستاندا لەهاوشانی سومەر خەت و نووسینی ئیلامی پەیدابوو نووسینی پێکراوە و بایەخێکی گرنگی شارستانی و زانستی هەیە. هەروەها زۆرێک لە زانایانی شوێنەوارناس باس لە بوونی شارستانیەتێکی گەورە دەکەن لەهاوشانی شارستانیەتی سومەر لەناوچەکانی تری زاگرۆس و دیجلە و فوراتدا لەماوەکانی نێوان(٣٥٠٠-٣٠٠٠) ساڵ پ.ز دا، کۆمەڵە خەڵکانێک لەو ناوچانە ژیاون بەکشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون، خاوەن لایەنی شارستانی و گوند و شاربوون وەکو ئەوانەی لەسوسەو خوسزتان دۆزرانەوە، هەروەها دۆزینەوەی تابلۆی قوڕینی سەرەتایی پێش نووسین لە ئیلام و لەشاری سوسە لەساڵی ٣٢٠٠ ساڵ پ.ز لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتایەکی گرنگی شارستانیمان بۆ دەردەخات هەرچەندە ماوەکەی کەم و کورت بووە، بەپێی بۆچوونی هەریەک لەزانایان (کارتەر) و (ستۆلپەر) لەساڵی ١٩٨٤زدا ئەم دۆزینەوانە هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و پڕبایەخ بووە، چونکە دەرکەوتنی تاتە قوڕینەیەکانی ئیلام و بڵاوبوونەوەی لەو ناوچەیە تا ئەفغانستان، ئەوە دەسەلمێنن کە لەو ناوچانەدا شارستانیەتێکی گەورە و پێشکەوتوو هەبووە لەنێوان ئەو ناوچەیە و میسۆپۆتامیادا، ئیلامیەکان خاوەن هێز و توانایەکی زۆربوون تا هاتنی ئەکەدیەکان، ئیتر رۆڵیان کەمی کرد و داگیرکران، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٠ پ.زجارێکی تر خۆیان کۆکردەوە هاتنەوە گۆڕەپانی رامیاری و توانیان هێڕش بکەنە سەر وڵاتی سومەر و شاری ئور.(٣٠) دوای ئەوەی سومەریەکان خەت و نووسینیان داهێنا و لای پاشا و بنەماڵە دەستەڵاتدارەکان بەکاردەهات، پاشان وردە وردە دەستیان کرد بەفێرکردنی خەڵکانی تر، ئەم سەردەمەش دادەنرێت بەسەرەتای فێرکردن و بنەماکانی پەروەردە لەمێژوودا کە بۆ (٥)هەزارساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەپێی ئەو تاتە قوڕانەی لەبەردەستدان باس وخواستی زۆری شێوازی فێرکردن دەخەنەروو.
ئەگەرچی ئەم پەروەردە و فێرکردنە لە سنوورێکی دیاری کراودا بووە، شارەزایانی ئەم بوارە بەکارێکی گرنگ و سەرسوڕهێنەر و پربایەخ سەیری دەکەن و بەیەکەم هەنگاوی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنێن لەبواری پەروەردە و فیرکردنی ئەلفوبێ و خوێندن و زمان و زانستدا.(٣١) پاشان لەماوەکانی دواتردا زمان چووە قۆناغێکی نوێترەوە کە ئەویش بواری فێرکرن و پەروەردە بوو بەشێوەیەکی گشتی، ئەمەش زیاتر بایەخی زمانی دەرخست و سەرجەم کایە رامیاری و ئایین و لایەنەکانی تری گرتەوە و بەهەموولایەکدا بڵاوبۆیەوە بووە زمانی فەڕمی و نێودەوڵەتی، چیتر لەناوچەیەک یان سنووری کۆمەڵە خەڵکێکدا قەتیس نەماو بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆیەوە، لێرەشدا نمونەیەکی روون باس دەکەین کە ئەویش هی سەردەمی سومەرە. بۆ یەکەمجار پەروەردە و فێرکردن لەسەردەمی سومەردا پەیدابووە، بەپێی دەقێک کە دۆزراوەتەوە، زاناکان باس لەئەوەدەکەن کە ئەم دەقە ژیانی مامۆستا و فێرخوازێک رووندەکاتەوە، ئەوەش بەشێوەی فێربوونی ئەلفوبێ و ژمارە و چۆنێتی نووسینی خەتی مێخی بووە لەسەر تاتەقوڕ. پاشان ئەکەد و گەلانی تر وەک خەت و نووسین بەکاریان هێناوە لەمیسۆپۆتامیادا. ئەمەش دەقەکەیە؛
“چووم و دانیشتم، مامۆستاکەم تابلۆکەمی خوێندەوە، ئەو ووتی، لێرە هەندێ شت دیار نیە یان روون نیە، نەنوسراوە! ئەو توڕەبوو لێی دام بەعەساکەی، یەکێکیتر لەخەڵکەکان کە سەرپەرشتیار بوو بەمنی ووت، بۆ دەمت ئەکەیتەوە بەبێ پرس(مۆڵەت)ی من؟پاشان ئەویش تووڕەبوو لێی دام. یەکێکیتر کە بەرپرسی رێزمان بوو، وتی بۆچی بەبێ پرس(مۆڵەت)ی من هەستایتە سەرپێ؟ پاشان ئەویش تووڕەبوو لێی دام. پاسەوانی دەرگاکانیش ووتی، بۆچی بەبێ پرس(مۆڵەت)ی من ئەچیتە دەرەوە؟ پاشان ئەویش تووڕەبوو لێی دام. یەکێکیتر کەبەرپرسی سولاحی بیرەکان(شەراب) بوو، وتی بۆچی بەبێ پرس(مۆڵەت)ی من دەستت برد یان هەندێکت دەستکەوت؟ پاشان ئەویش تووڕە بوو لێی دام. پاشان مامۆستا سومەریەکە ووتی؛ تۆبۆچی بەزمانی ئەکەدی قسە ئەکەی؟ ئەویش توڕە بوو لێی دام. دواجار مامۆستاکەی خۆم ووتی؛ دەستنووسەکەت (تاتەقوڕ)باش نیە، ئەویش تووڕەبوو لییدام” (٣٢)
سەرجەم ئەو دەق و پاشماوانەی دۆزراونەتەوە؛ ئەوە دەسەلمێنن کە فێربوون تەنیا ئەلفوبێ و خوێندەواری نەبووە، بەڵکو شێوەکان و ژمارە و خشتە و ڕۆژ ژمێر و ساڵنامە، فەرهەنگ و راهێنان و ناسینی شتەکانیش بووە، پاشان دواتر بووە زمانی وێژە و شیعر و داستان و مێژوو وەک نمونەی داستانی گەلگامیش.(٣٣) پاشان یاساکان و ناوی پاشاکان و باسکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و بازرگانی و سەربازی و ئایینی و دەوڵەتداری هتد، ئەو خەت و نووسینەش بەدرێژایی ماوە و سەردەمەکان بەکار هات و نووسینی پێکراوە بەزمانی جیاواز و لەلایەن زۆربەی گەلانەوە بەکارهات، لەهەمان کاتدا گەشەی پێدراوە تاکو گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ و هەموو گەلان و مرۆڤایەتی بەکاری دێنن و کەڵکی لێوەردەگرن، بەوشێوەیە زمان و نووسین پەیدابوون و گەشەیان کرد.
پەراوێزوسەرچاوەکان:
(13) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed, p37-189-199.
14) Michael Cook: ABRIEF HISTORY OF THE HUMAN RACE, NEW YORK, LONDON,2003,p37-38.
Harriet Crawford: Sumer and The Sumerians,Camberge Universty,2002,UK,p151-153.
J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History, NewYork,2002,p51-53.
15) Michael Cook: ABRIEF HISTORY OF THE HUMAN RACE, LONDON,2003,p44-46.
(16)Susan Pollock; Ancient Misopotamia,Universty of Cambrige,UK,1999,p162.
Harriet Crawford: Sumer and The Sumerians,Camberge Universty,2002,UK,p151-153.
J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History,p51-70.
17) Michael Cook: ABRIEF HISTORY OF THE HUMAN RACE, LONDON,2003,p135.
(18) Joan Oates, BABYLON, London, Thames, Hudson, 2000,p130.
(19)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p122-123-
Harriet Crawford: Sumer and The Sumerians,Camberge Universty,2002,UK,p151-153
J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History,p51-70.
(20)Thorkild Jacobsen:Ancient Civilization ,p72.
(21)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p123.
(22)Magnus Vasterbro,101 historiska handelser en annorluda Varldshistoria, Lund,2015,p9-10.
(23)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p123
(24)Susan Pollock; Ancient Misopotamia,Universty of Cambrige,UK,1999,p165.
(25)Brian. M. Fagan: People of the Erarth,USA,1998,p384.
(26)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London, 2014,p124.
(27)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London, 2014,p26.
(28)Reter Der Manuelian: Anciet Egypt, Ivy Press, UK,2014,p120121,
(29)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London, 2014,p126.
(30) Brian. M. Fagan:People of the Erarth,USA,1998p188-389.
(31)Taina Kantola &Lennart Warring, Arvet och Arvtagarna fem tusen ar av Mesopotamisk lardomshistoria, Natur& Kultur,Stockholm,2015,39-82.
(32)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London, 2014,p128-129.
(33) Stephen Mitchell : GILGAMESH, FreePress,NEWYORK,LONDON,2004,p2-5
1) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,p15 – Brian. M.Fagan: People of the Earth, USA,1998),,p72-73.
2) Brian. M. Fagan People of the Earth, USA,1998) ,p148.
3) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,p3.
4) ) Brian. M. Fagan People of the Earth, USA,1998) ,p160.
5) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,p6-7.
6) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964,p8.
7) Brian. M. Fagan People of the Earth, USA,1998) ,p243-244.
(8)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p22-25.
9) Brian. M. Fagan: People of the Earth, USA,1998,p66.
10) Brian. M. Fagan: People of the Earth, USA,1998,p67.
11) Brian. M. Fagan: People of the Earth, USA,1998,p68.
(12)Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p22-25.