به بنه‌چه خه‌ڵكی رانیه‌یه، له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا له كۆلێژی پزیشكی فه‌سڵ ده‌كرێت، عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌یگێڕێته‌وه بۆ خوێندن، كه‌چی دواتر هه‌وڵی تیرۆركردنی ده‌دات. یه‌كێكه له سه‌ركرده دیاره‌كانی به‌عس و كه‌سایه‌تیه‌كی نزیكی سه‌دام حسێن بووه، ده‌بێته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێراق‌و نوێنه‌ری ئێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، سه‌ره‌نجام موخابه‌راتی ئێراقی له شاری به‌غدا ده‌یكوژێت، ئه‌مه چیرۆكی عه‌بدولكه‌ریم شێخلی یه.
عه‌بدولكه‌ریم عه‌بدولستار شێخلی له ساڵی (1935) له شاری به‌غدا له‌دایكبووه. بنه‌چه‌ی خێزانه‌كه‌ی بۆ قه‌زای رانیه‌ی پارێزگای سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، باوكی بووه‌ته مامۆستا له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی به‌غدا، بۆیه له‌وێ نیشته‌جێ بوون. قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له به‌غدا خوێندوه. له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا چووه‌ته كۆلێژی پزیشكی.
“تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ به‌عس”
له ساڵی (1954) بووه‌ته ئه‌ندامی رێكخستنه‌كانی حیزبی به‌عس. له (29/12/1956)، خوێندكارانی لایه‌نگری به‌عس له كۆلێژه‌كاندا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، شێخلی یه‌كێك ده‌بێت له رێبه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه له كۆلێژی پزیشكی، به‌و هۆیه‌وه ده‌ستگیرده‌كرێت‌و ره‌وانه‌ی زیندانی مه‌ركه‌زی ده‌كرێت، پاشان به‌هۆی چالاكی سیاسییه‌وه له كۆلێژه‌كه‌ی فه‌سڵ ده‌كرێت.
دوای شۆڕشی (14/تهمموز/1958)و روخانی رژێمی پاشایه‌تی، به بڕیاری عه‌بدولكه‌ریم قاسمی رێبه‌ری شۆڕشه‌كه، شێخلی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خوێندن، به‌ڵام له‌بری درێژه‌دان به خوێندن، له (7/10/1959) سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی تیرۆركردنی قاسم ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه ئێراق جێده‌هێڵێت و رووده‌كاته سوریا و پاشان ده‌چێته میسر.
هانی فكێكی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبی به‌عس له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا، ده‌ڵێت: له كۆتاییه‌كانی ساڵی (1958)دا ئێمه له شارۆچكه‌ی حه‌ره‌ستای سوریا بووین، راهێنانمان له‌سه‌ر چه‌ك ده‌كرد. له‌وێ كتوپڕ عه‌بدولكه‌ریم شێخلیمان بینی، حیزب له به‌غداوه ناردبووی بۆ راهێنان له‌سه‌ر چه‌ك، له‌وه زانیمان كه حیزب وه‌كو به‌شێك له پرۆسه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی كوده‌تا، پلانی بۆ تیرۆركردنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم داڕشتووه.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سوریا، شێخلی له ناوچه‌ی حه‌سوه‌ی نزیك له قه‌زای موسه‌یه‌ب سه‌رپه‌رشتی تیمی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی تیرۆركردنی قاسم ده‌كات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی خۆشی یه‌كێك ده‌بێت له ته‌قه‌كه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی قاسم له شه‌قامی ره‌شیدی به‌غدا.
ئه‌و تاقمه وه‌كو پلانیان بۆ داڕشتبوو، ئێواره‌ی (7/10/1959) ته‌قه له قاسم ده‌كه‌ن، له ئاكامدا قاسم و یاوه‌ره‌كه‌ی به‌ناوی قاسم جه‌نابی بریندار ده‌بن و شۆفێره‌كه‌شی ده‌كوژرێت، له هێرشبه‌رانیش عه‌بدولوه‌هاب غه‌ریری كوژرا، سه‌میر نه‌جم و سه‌دام حسێن-یش برینداربوون.
دوای روداوه‌كه، شێخلی له ده‌ستگیركردن رزگاری دهبێتو به‌ره‌و سوریا هه‌ڵدێت، له‌وێ هه‌وڵده‌دات زانكۆ ته‌واوبكات، به‌ڵام به‌هۆی له‌مپه‌ره‌كانی سه‌رۆكی زانكۆوه ناتوانێت بخوێنێت، بۆیه رووده‌كاته میسر و له‌وێ زۆر په‌رۆشی خوێندن نابێت. دوای سێ ساڵ مانه‌وه له‌و وڵاته، به نهێنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێراق، له ئێراقیش سه‌رقاڵی كاری حیزبی ده‌بێت و ناچێته‌وه بۆ زانكۆ، تا ئه‌و رۆژه‌ی مرد قۆناغی دووه‌می كۆلێژی پزیشكی نه‌بڕی.
“له‌گه‌ڵ سه‌دام”
شێخلی له كۆتایی (1959) هه‌تا (1963) له میسر ده‌مێنێته‌وه، له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن پێكه‌وه له ژورێكدا ده‌ژین. به‌و هۆیه‌وه ئاگاداری ورد‌و درشتی چالاكی و جموجۆڵه‌كانی سه‌دام ده‌بێت، هه‌ر له‌وێوه نازناوی گه‌نجینه‌ی راسته‌قینه‌ی نهێنییه‌كانی سه‌دامی به‌سه‌ردا ده‌بڕێت. به‌ڵام هه‌تا له ژیاندا بوو هیچ كام له‌و نهێنیانه‌ی نه‌دركاند، له‌دوای خۆشی هیچ نوسراوێكی له‌باره‌ی ژیاننامه‌و بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌جێنه‌هێشت.
سه‌دام دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته ده‌سه‌ڵات و كاری به شێخلی نه‌ما، كه‌وته سه‌ركۆنه‌كردنی. بۆیه له كۆبونه‌وه‌یه‌كی حیزبی‌دا وتی: عه‌بدولكه‌ریم شێخلی رازگری سه‌ركردایه‌تی لقی میسر بوو، ئه‌م لقه‌ش به‌رپرس بوو له سه‌ركردایه‌تیكردنی رێكخستنه‌كانی حیزب له مه‌غریبی عهرهبیو فهڵهستینو كوهیتو یهمهنو سعودییه. كه‌چی كه‌سێكی ته‌مه‌ڵ بوو، گه‌نجێكی گورج و گۆڵ نه‌بوو. ئه‌و رۆژگاره ئێمه كاتی جموجۆڵ و كۆبوونه‌وه حیزبیه‌كانمان خستبووه پێش خۆرهه‌ڵاتن، ئه‌وكاته ده‌رگاوانی باڵه‌خانه‌كه نوستبوو، هیچ كه‌سێك نه‌یده‌توانی چاودێری هاتن و رۆیشتنمان بكات، یاخود دیاری بكات و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی لێ ئاگادار بكاته‌وه، كه‌چی شێخلی حه‌زی له خه‌و بوو، هه‌ر كاتێك هه‌وڵمده‌دا خه‌به‌ری بكه‌مه‌وه تاوه‌كو چاوی به‌و هاوڕێیانه بكه‌وێت كه به‌رپرسیان بوو، وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه. منیش چارم نه‌بوو ده‌بوو بڕۆم و مه‌وعیدێكی دیكه‌ی بۆ رێكبخه‌م، پاشان بێمه‌وه و سه‌رله‌نوێ خه‌به‌ری بكه‌مه‌وه تاوه‌كو بچێت چاوی به هاوڕێكانی بكه‌وێت و له‌گه‌ڵیاندا كۆببێته‌وه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی به‌رده‌وام بوو.
“گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێراق”
له سه‌روبه‌ندی رووداوه‌كانی (8/شوبات/1963)دا، شێخلیو سه‌دام ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێراق و پێكه‌وه له نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت كارده‌كه‌ن، كۆشكی (نیهایه) ده‌بێته باره‌گای ئه‌م نووسینگه نوێیه، هه‌موو ده‌سته‌كانی لێكۆڵینه‌وه سه‌ر به‌م نوسینگه‌یه بوون.
شێخلی ماوه‌ی سێَ مانگ له‌و نووسینگه‌یه ده‌مێنێته‌وه. پاشان به یاریده‌ده‌ری پاشكۆی سه‌ربازی ره‌وانه‌ی باڵێوزخانه‌ی ئێراق له به‌یروت ده‌كرێت. شه‌ش مانگ له‌و پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێراق، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له رێكخستنه نهێنییه‌كانی حیزب‌دا كارده‌كات.
له ئازاری (1964) تا ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌كرێت به رازگری سه‌ركردایه‌تی قوتری به‌عس و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان، له‌كاتێكدا سه‌دام ئه‌ندامی ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه بووه. له (14/ئۆكتۆبه‌ر/1964) ده‌ستگیر ده‌كرێت، رۆژی (23/تهمموز/1966) دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ مانه‌وه له زینداندا، سه‌دام و شێخلی له زیندان هه‌ڵدێن. له‌و ماوه‌یه‌شدا دووچاری ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی سه‌خت ده‌بێت، به‌هۆیه‌وه زۆرینه‌ی رێكخستنه‌كانی حیزب ئاشكرا ده‌كات.
له (1964) به دانان نه‌وه‌كو هه‌ڵبژاردن، ده‌كرێت به ئه‌ندامی قیاده‌ی قوتری، له كۆنگره‌ی شه‌شه‌می به‌عسدا له ساڵی (1966) به هه‌ڵبژاردن ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت، له كۆنگره‌ی نۆیه‌می نه‌ته‌وه‌یی به‌عس كه له شوباتی (1968) به‌سترا، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده‌بێت، به ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی (قیاده قومی) هه‌ڵبژێردرا. له‌وكاته‌دا سه‌دام هێشتا به‌و پله گه‌وره حیزبیه نه‌گه‌یشتبوو.
“كوده‌تای به‌عسییه‌كان”
رۆژی (17/تهمموز/1968) ئیڤایه‌كی سه‌ربازی كه سه‌دام حسێن و عه‌بدولكه‌ریم شێخلی و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی دیكه‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌عسی هه‌ڵگرتبوو، له ماڵی كه‌ریم نه‌دا تكریتیه‌وه به‌ره‌و كۆشكی كۆماری به‌ڕێكه‌وتن. ئۆتۆمبێلێكی مارسیدسی سپی كه حه‌ردان تكریتی خاوه‌نی لێی ده‌خوڕی له‌پێشیانه‌وه ده‌ڕۆیشت.
كاتێك گه‌یشتنه به‌رده‌م كۆشك، عه‌بدولره‌حمان عارفی سه‌رداری كۆشكه‌كه له خه‌وێكی قوڵدا بوو، تاقمێكی ناو كۆشك كارئاسانیان بۆ چونه ژوره‌وه‌ی ئه‌م تاقمه كرد، به‌و هۆیه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت.
دوای دوو هه‌فته له‌و كوده‌تایه، شێخلی ده‌كرێته وه‌زیری ده‌ره‌وه. كه‌چی هه‌ر ده‌ستبه‌رداری قه‌سر نیهایه نابێت و زوو زوو سه‌ردانی ده‌كات. له ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌ی كه وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو، كاره‌كه‌ی زیاتر هه‌واڵگری بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی دیبلۆماسی بێت، چونكه زیاتر ئه‌وله‌ویه‌تی به كاری موخابه‌رات دابوو، كاری دیبلۆماسی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌لای ئه‌و پله دوو بوون. ته‌نها پاش نیوه‌ڕوان ده‌چووه بینای وه‌زاره‌ت. چونكه زۆربه‌ی كاته‌كانی له قه‌سر نیهایه به‌سه‌رده‌برد. ئه‌و هۆگری كاری لێكۆڵینه‌وه و ئهشكهنجهدانو دانپێدانان بوو، ئاره‌زوی له كاركردن بوو له شوێنه توندوتیژهكاندا.
له (9/11/1969) ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش ده‌ستووری كاتی هه‌موارده‌كاته‌وه، به‌گوێره‌ی هه‌مواره‌كه ئه‌ندامه ئێراقییهكانی سه‌ركردایه‌تی قوتری و نه‌ته‌وه‌یی ده‌بوونه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش. له‌و ساته‌وه سه‌دام بووه جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش‌و شێخلی بووه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش.
“وه‌زیری ده‌ره‌وه”
ئێواره‌ی (30/ تهمموز) ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌ت پێكده‌هێنێت. به‌ر له راگه‌یاندنی كابینه‌كه، بڕیار ده‌درێت حامید جبوری بكرێته وه‌زیری ده‌ره‌وه، به‌ڵام عه‌بدولكه‌ریم شێخلی تامه‌زرۆی ئه‌و پۆسته بوو، بۆیه ده‌ستی جبوری ده‌گرێت و ده‌چنه ژورێكی ته‌نیشت ژوره‌كه‌ی به‌كره‌وه، شێخلی داوا له جبوری ده‌كات ده‌ستبه‌رداری پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ببێت و ئه‌ویش قایل ده‌بێت، بۆیه شێخلی و جبوری پێكه‌وه ده‌چنه لای به‌كرو هه‌واڵه‌كه‌ی پێ راده‌گه‌یه‌نن. سه‌دام-یش به‌و كاره خۆشحاڵ ده‌بێت.
وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌لایه‌ن شێخلییهوه، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گه‌یشتنی پیاوانی هه‌واڵگری و لێكۆڵینه‌وه و جه‌لاده‌كانی ناو زیندانه‌كان بۆ سلكی دیبلۆماسیه‌وه. له‌و رۆژه‌وه سهدامو تاقمه‌كه‌ی له نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان (دواتر ناوه‌كه‌ی بووه موخابه‌رات) ده‌ستیانكرد به تێكه‌ڵكردنی پیاوانی ئاسایش و هه‌واڵگری له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، له باڵێوزخانهكانی ئێراق له جیهاندا، تاوه‌كو كاری موخابه‌راتی و دیبلۆماسی بوونه دوو ڕووی یه‌ك دراو، به‌ڵكو ئه‌ركی باڵێوزخانهكانی ئێراق له ده‌ره‌وه زیاتر بووه هه‌واڵگری نه‌وه‌كو دیبلۆماسی.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، به‌رزان تكریتی له سه‌رۆكی موخابه‌راته‌وه ده‌كرێت به نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێراق له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له ژنێڤ، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی له موخابه‌رات كه ناوی فازیل سهلفیج عه‌زاوی بوو، له هه‌مانكاتدا پورزاشی بوو، ده‌كرێته باڵێوزی ئێراق له هیندستان، عه‌بدولره‌حمان ئه‌حمه‌د دوری به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی ئاسایشی گشتی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌كرێته باڵێوزی ئێراق له مۆسكۆ. رافیع ده‌حام مجۆل تكریتی له باڵێوزی ئێراق له توركیاوه ده‌كرێت به سه‌رۆكی موخابه‌رات. ئه‌حمه‌د حسێن سامه‌ڕایی كه یه‌كێكبوو له ئه‌فسه‌رانی لێكۆڵینه‌وه له نه‌یارانی شۆڕش و ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی پاره‌كانیان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كردبوو، ده‌كرێته باڵێوز له رۆمانیا. دواتریش له ساڵی (1991) كرایه وه‌زیری ده‌ره‌وه. فاروق حیجازی یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی ده‌زگای موخابه‌رات ده‌كرێته باڵێوزی ئێراق له توركیا‌و دواتریش له تونس.
“باڵێوزی بیانی”
یه‌كێك له داهێنانه‌كانی شێخلی له سه‌رده‌می وه‌زیریدا، دانانی كه‌سانی غه‌یره ئێراقی بوو له باڵێوزخانهكانی ئێراق له وڵاتانی ده‌ره‌وه. به نمونه پارێزه‌ری لوبنانی جیهاد كه‌ره‌م ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی قوتری حیزبی به‌عس له لوبنان، كرایه باڵێوزی ئێراق له هیندستان، پاشان گواسترایه‌وه بۆ بهرازیلو بۆ ماوه‌ی سیازده ساڵ له (1/1/1971) تا (27/12/1983) له‌و پۆسته‌یدا مایه‌وه.
باڵێوزی دووه‌م پزیشكی ئوردنی عه‌بدولكه‌ریم كهراسنه بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زاییه‌كی له بواری دیبلۆماسیدا هه‌بێت، كرایه باڵێوزی ئێراق له جه‌زائیر. به‌هۆی نه‌شاره‌زایی له كاری دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی جه‌زائیر تووشی كێشه هات، ئه‌وه‌ش ئێراقی ناچاركرد دوای چه‌ند مانگێك له دامه‌زراندنی به باڵێوز، بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی بده‌ن بۆ ناو دیوانی وه‌زاره‌ت، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكرده‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا، له‌بری ئه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ ئوردنی زێدی خۆی. پاش ماوه‌یه‌ك نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی باڵێوزخانه‌ی ئێراق له عه‌ممان كرد، تیایدا هێرشیكرده سه‌ر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراق و هه‌موو ئێراق و پاسپۆرته دیبلۆماسیه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه، له‌كۆتایی نامه‌كه‌یدا نوسیبووی “شه‌ره‌فمه‌ند نیم به هه‌ڵگرتنی پاسپۆرتهكهتان”.
باڵێوزی سێیه‌م زه‌ید حه‌یده‌ر بوو، ئه‌و كوڕی خانهوادایهكی ناسراو بوو كه له سوریا‌و لوبنان ده‌ژیان. ئه‌و له ساڵی (1929) له شاری بهعلهبهكی لوبنان له‌دایكبووه. دكتۆرای له زانست له یۆگسلاڤیا به‌ده‌ستهێناوه. له ساڵی (1968) بووه‌ته ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی به‌عس. له سه‌رده‌می شێخلیدا كرایه باڵێوز له به‌له‌گراد. دوای چه‌ندین ساڵ گوازرایه‌وه بۆ به‌رازیل و پاشان بۆ برۆكسل و دواتر بۆ دیوانی وه‌زاره‌ت، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكرده‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غداو هه‌ر له ئه‌وروپا مایه‌وه.
باڵێوزێكی دیكه كه‌سایه‌تی پڕ له رهمزو راز عه‌لی سومێدهیه. عه‌لی محه‌مه‌د سمێده ساڵی (1935) له تونس له‌دایكبووه. له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردودا به پاساوی ئه‌وه‌ی ژیانی له مه‌ترسیدایه و نه‌یاری حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌تی، سه‌ره‌تا رووده‌كاته فه‌ره‌نساو پاشان ده‌چێته سوریا‌و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه. له سوریا ده‌بێته ئه‌ندامی حزبی به‌عس و ده‌ست به كاركردن ده‌كات، به‌ڵام پاش ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا رووده‌دات، ناوبراو سوریا به‌ره‌و ئێراق جێده‌هێڵێت.
له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كاندا دێته ئێراق. له سه‌رده‌می شێخلیدا ده‌كرێته باڵێوزی ئێراق له پۆڵه‌ندا و پاشان بۆ فلیپین ده‌گوازرێته‌وه، دواتر ده‌كرێته یاریده‌ده‌ری نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێراق له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان. دوای ئه‌وه‌ی موخابه‌راتی ئێراق ئاشكرای كرد عهلیو حسێنی كوڕی بوونه‌ته سیخوڕ‌و له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یارانی ئێراق كار ده‌كه‌ن، جارێكی دیكه به ئێراقدا نه‌هاته‌وه و به‌ره‌و كه‌نه‌دا هه‌ڵاتن.
یه‌كێكی دیكه له‌و كه‌سانه‌ی له سه‌رده‌می شێخلیدا كرانه باڵێوز، عه‌ره‌بێكی سوری بوو به‌ناوی (عه‌بدو الدیری)، سه‌ره‌تا كرایه باڵێوزی ئێراق له سریلانكا، پاشان بۆ كه‌نه‌دا، پورتوگال و سویسرا گوازرایه‌وه، كاتێك بانگ كرایه‌وه بۆ به‌غدا، نه‌گه‌ڕایه‌وه و له كه‌نه‌دا نیشته‌جێ بوو، ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی وه‌رگرت.
“دوورخستنه‌وه‌ی شێخلی”
چیرۆكی هاوڕێیه‌تی شێخلی و به‌عس تا سه‌ر به‌رده‌وام نابێت. به‌ڵكو به رێكه‌وتنێكی نهێنی ته‌واوی پۆسته حیزبی و حكومییه‌كانی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه. له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی به‌عس تایه عه‌بدولكه‌ریم له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت: له كۆتایی ئه‌یلولی (1971) سه‌رۆك به‌كر هاته كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌وه، له دۆخێكی توڕه‌یی و هه‌ڵچوندا بوو، پرسی كه‌ریم شێخلی له‌كوێیه؟ سه‌دامی جێگری وه‌ڵامی دایه‌وه، ئه‌و له ئه‌ركێكی فه‌رمیدایه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات. به‌ڵام ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر وتی كه‌ریم شێخلی بایه‌خ به كاره تایبه‌ته‌كانی ده‌دات له‌سه‌ر حیسابی به‌رپرسیارێتیه فه‌رمی و حیزبییهكانی، بۆیه پێویسته له هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كانی ده‌ربكرێت.
له‌درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا عه‌بدولكه‌ریم ده‌ڵێت: به‌پێی رێكه‌وتنێك له‌نێوان سه‌دام و به‌كر، ئه‌و بابه‌ته شه‌وی پێشتر رێكخرابوو، بۆ دورخستنه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له شێخلی و سه‌میر عه‌بدولعه‌زیز نه‌جم جێگری به‌رپرسی نووسینگه‌ی سه‌ربازی (جێگری سه‌دام) و ساڵح مه‌هدی عه‌مماش.
دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه، شێخلی دهكرێیه نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، سێ ساڵ له‌و پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌زگای موخابه‌رات به‌وردی هه‌موو جموجۆڵێكی ده‌خه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه. له كۆتایی ساڵی (1974)دا ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا. له مانگی شوباتی (1978) به‌ناوی به‌شداریكردن له كۆبونه‌وه‌ی ده‌وری باڵێوزانی ئێراق له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بانگ ده‌كرێته‌وه بۆ ئێراق.
له كاتی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به تۆمه‌تی ناوزڕاندنی سه‌رۆك به‌كر و سه‌دامی جێگری به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه ره‌وانه‌ی موخابه‌رات ده‌كرێت، پاشان سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ ده‌رده‌كرێت، به‌ڵام ته‌نها دوو ساڵ له زیندان ده‌مێنێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی به‌ڵێن ده‌دات چیدی كار و چالاكی حیزبی یان فه‌رمی نه‌كات، بڕیاری لێبوردنی بۆ ده‌رده‌چێت.
“كۆتایی شێخلی”
به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ئازادبوونی له زیندان، شێخلی ده‌كوژرێت. ئه‌و له مانگی شوباتی (1980)، له گه‌ڕه‌كی ئه‌عزه‌مییه ده‌چێت تاوه‌كو كرێی كاره‌با و ئاوی ماڵه‌كه‌ی بدات، به‌ڵام له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه ته‌قه‌ی لێده‌كرێت و ده‌كوژرێت. له‌دوای كوژرانی، میدیای فه‌رمی حكومه‌تی ئێراق بڵاویكرده‌وه شێخلی به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كوژراوه.
هه‌ندێك سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ئه‌وه بووه سه‌دام داوای له شێخلی كردووه له‌گه‌ڵ زڕخوشكێكی هاوسه‌رگیری بكات، به‌ڵام شێخلی له وه‌ڵامدا پێیوتووه من پزیشكم چۆن له‌گه‌ڵ كچێكی لادێی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌م كه خوێنه‌واری نییه. ئه‌وه‌شی ئه‌م بۆچونه به‌هێزده‌كات ئه‌وه‌یه له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له نیسانی (2003)، سه‌بعاوی ئیبراهیم تكریتی زڕبرای سه‌دام، له‌به‌رده‌م لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا وتی: من راسپێردرابووم بۆ كوشتنی شێخلی، ئه‌و كردهوهیهشم له ئه‌عزه‌مییه ئه‌نجامدا.
به‌ده‌ر له گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمی حكومه‌ت، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی دیكه باس له هۆكاری سیاسی ده‌كه‌ن له‌پشت كوشتنی شێخلییهوه. به نمونه حه‌سه‌ن عه‌له‌وی ده‌ڵێت: خه‌یروڵا تڵفاحی خاڵی سه‌دام پێیوتین من به یه‌ك رسته به سه‌دامم وت: ئه‌گه‌ر شێخلی نه‌كوژیت، ئه‌و ده‌تكوژێ، بۆیه بۆ خۆت باشتره بیكوژی.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن هۆكاری كوشتنه‌كه‌ی ئه‌وه بووه، سه‌دام بڕوای وابووه دوای ئه‌وه‌ی به‌كر له ده‌سه‌ڵات دوورخراوه‌ته‌وه و خانه‌نشین كراوه، شێخلی په‌یوه‌ندی به به‌كره‌وه كردوه، تاوه‌كو هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌كر بۆ ده‌سه‌ڵات بده‌ن.
سه‌رچاوه:
تاڵب ئه‌لحه‌سه‌ن: بعث العراق فی ظل قادته من الكرد المستعربین، طبعه الاولی، 2015، دار اور للنشر.