“خود و بابەت [ سەبجێکت و ئۆبجێکت ] لە پڕۆسەی زانیندا”
سەبجیکت و ئۆبجێکت دوو چەمکن لە فەلسەفەدا، دەشێ بگوترێت تەواوی فەلسەفەی لەسەر بنیاتنراوە، لە زمانی کوردیدا [ خود-بابەت ] لە بەرانبەریان دانراوە. خود کەسی بیرکەرەوەیە، ئەو مرۆڤەیە لە بابەت ڕادەمێنێت، سەبجێکت لە کۆندا هەروەک و سەبجێکت دەمایەوە، بەڵام لە دوای پەرەسەندنی زانست و فەلسەفە سەبجێکت دەبێتە ئۆبجێکت، بەو مانا بیرکەرەوە هەم بیرلێکراوە. دوای پەرەسەندنی زانستەکان توێژینەوە لەسەر جەستەی مرۆڤ کرا، لە کۆندا دەستبردن بۆ مرۆڤ نەکردەبوو، هەروەک لە توێژینەوەکانی ئەرستۆدا دەردەکەوێت لە جەستەی ئاژەڵانی کۆڵیوەتەوە و بە مرۆڤی چواندوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە [ داب ] لەو سەردەمەدا لە ژێر هیچ پاساوێک ڕێگەی بە ئۆبجێکت بوونی سەبجێکت نەداوە. ئەمە لە دوای ڕۆشنگەری دەرگای لە بەردەم دەکرێتەوە و ئۆبجێکت بە گشت بوون دەگووترێت، هەموو ئۆبجێکتێک بۆ مرۆڤ شایەنی لێ توێژینەوەیە بۆ نمونە: مادە، کۆمەڵ، کولتور، داب، نۆرم، وڵات، گشت دیاردەکان هتد. هەر بابەتێک بکەوێتە بەر لێ توێژینەوە و تێفکرین ئەمە ئۆبجێکتە. زانین پڕۆسە [کردە] یەکە لە نێوان سەبجێکت و ئۆبجێکت ڕوودەدات. لە پڕۆسەی زانینی ناڕاستەوخۆد ناوبژیوانکەر هەن، بەڵام زانینی ڕاستەوخۆ پێویستی بە هیچ ناوبژیوانیکەرێک نیە، زانینێکی سادەیە لە ڕۆژانەدا ڕوودەدات، بەڵام ناڕاستەوخۆ پڕۆسەیەکی هەمەگیر و هەنگاو بە هەنگاوە، تیۆری زانین لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە لە ئاست و سنوری زانینی سەبجێکت و سەرچاوەکانی ئەم زانینە دەکۆڵێتەوە. هەروەها کۆششدەکات سروشت و چیەتی زانین ڕوونبکاتەوە. ئەم لقە وەک فەلسەفە خۆی داهێنانێکی ئەورووپاییە، ئەم تیۆرە لە لایەن جۆن لۆک بیرمەندی ئەزموونی ئینگلیز خەتووخاڵی داوە[1]
“پرسە سەرەکییەکانی تیۆری زانین”
لە تیۆری زانیندا چەند پرسێکی گرنگ و بنەڕەتی هەن، کە هەموو بەشەکانی دیکەی تیۆرەکە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندیدارن بەم چەند پرسەوە. ئاستی زانین و سنووری زانین تا کوێیە، ئەم پرسە لە تواناو تاقەتی سەبجێکت دەکۆڵێتەوە، ئایە زانینی مرۆڤ تا کوێی بڕ دەکات؟ سنورێک هەیە بۆ زانین [ مەعریفە ]ی مرۆی، ئایە مرۆڤ دەتوانێت پەی بە ڕازەکانی جیهان بەرێت؟ پێشتر زۆر ئایین و ئەفسانە لە هەوڵدابوون، بەڵام دەرئەنجامی ئەوتۆی نەبوو، مرۆڤی ئەم چەرخە دڵی بە وهڵامە ئایینیەکان تێر ناخواتەوە بەو مانا: ئەو وهڵامانەی ئایین وڵامێک نین، مرۆڤ ئاسوودە بکەن. گەشەسەندنی مرۆڤ و بەرەو پێش چوونی لە گشت کایەکاندا باوەڕی مرۆڤی زیاتر بە بنەواشە ئایینەیەکان لەق کرد. هەروەها پرسێکی دیکە سەرچاوەی زانینە، ئایە سەرچاوەکانی زانین چین؟ لە ڕێگەی چیەوە سەبجێکت زانین دەستدەخات و درکی پێدەکات، لە گریکی کۆندا پلەیتۆ [ ئەفلاتوون] وەک یەکەمین بیرمەندی Rationalism]] ڕاشیۆنالیزم سەرچاوی زانینی ڕاستەقینەی گەڕاندۆتەوە بۆ [ ژیر ] تاکە سەرچاوەی ڕاستەقینە و بێ خەوشی گوومانهەڵنەگر تەنها ژیرە، زانین لە تاقیکردنەوە، شارەزای و ئەزموون، هەستەکان ناکەوێتەوە، دواتر ڕێنیە دێکات درێژە بەم ڕێبازە دەدات لە ڕێگەی گوومانی میتۆدیەوە، هەنگاو بە هەنگاو لە گوومانکردنەوە بەرەو دڵنیای دەڕوات هەروەها سپینۆزا و گۆتفرید لایبنیز دوو فەیلەسووفی دیکەی ژیرەکین لە بەرانبەر ژیرەکیەکان ئەزموونیەکان هەن : فڕانسیس بیکۆن، جۆن لۆک، دەیڤد هیوم، ئەمان سەرچاوەی زانینیان گەڕاندۆتەوە بۆ [sense] هەستەکان داتاو کەرەستە بە ئێمە دەدەن، لە نێوان ئەم دوو ڕێبازەدا ململانێیەکی درێژ هەبووە، بۆ خودی پڕۆسەی زانین بێگوومان ئەو دوو سەرچاوەیە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە. جیاوزی ئەم دوو ڕێبازە لەوە دەستپێدەکات کە ژیرەکیەکان بایەخێکی کەمیان بە هەستەکان داوە و ئەمەش وەک گازندە و لایەنی نەرێنی ڕووبەڕووی ژیرەکیەکان دەکرێتەوە.
سرووشتی زانین یەکێکە لە پرسە گرنگەکان، ڕێبازی Realism ]] ڕیالیستی، لەسەر [ماهیەت] چیەتی زانین قسەیان کردووە، ئەم ڕێبازە دوو ڕوانگە یان ڕەوتی هەیە، ڕیالیستی ساکار و ڕیالیستی ڕەخنەی. ڕیالیستەکان پێیان وایە سرووشت پێویستی بە پەیبەر نیە، درکپێکەر هەبێت و نەبێت هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، ئەم ڕەوتە پێداگریەکی زۆریان لەسەر ئەزموون کردوە و بە سەرچاوەی زانینیان داناوە. ڕیالیستە ساکارەکان پێیان وایە ئەم وێنەی سروشت کە بۆ سەبجێکت دەردەکەوێت ڕاستینەیە [ هەقیقەت ]ە، بەڵام ڕیالیستە ڕەخنەیەکان پێیان وایە ئەمە ڕاستینەی سرووشت نیە، بەڵکو وێنەیکیەتی بۆ سەبجێکت دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە جیاوازن. هەروەها دژی هەموو ڕەوتێکی ئایدیالیزمی بوون.
“ترنسندێنتاڵ و ئایدیالیزم”
کانت بە شاکاری” ڕەخنکردنی ژیری بێگەرد ” دابڕانێکی ئیپستمۆلۆژی دروستکرد، قۆناغێکی دیکە دەستی پێکرد[2] ئەو دابڕانە بە بە شۆڕشی کۆپەرنیکۆسیانەش ناودەهێنرێت، کۆپەرنیکۆس دابڕانێکی ڕەها لەگەڵ زانستیی پێش خۆی دروستدەکات. ئیمانوێڵ کانت ڕابەری تڕانسندێنتاڵی ئەڵمانی و فەیلەسوف یەکێکە لە هەرە کەسایەتیە کاریگەرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سەردەمی کانتدا دوو ڕێبازی سەرەکی هەبوون دەربارەی ئیپستمۆلۆجی کە لە سەرەتادا باسم کردوون. ڕێبازی ژیرەکی و ڕێبازی ئەزموونی. وەک باسمان کرد ئەم دووڕێبازە وەک دوو ڕێبازی دژ بەیەک وەستابونەوە، ئیمانوێڵ کانت هەوڵی دا لەو دوو ڕێبازە تێکەڵکێشێک دورستبکات، بە ڕای کانت ناشێ بێ ژیر دەستمان بگات بە زانین، بە هەمان شێوە بەبێ یارمەتی هەستەکان ژیر بە تەنها ئەو توانایەی نیە بگات بە زانین و لەبەر ئەوە کانت هەردوو ڕێبازەکەی بە یەکەوە گرێداوە، کۆشاوە ژیر لە هەست و سۆز دوربخاتەوە، دەستی کردووە بە ڕەخنەکردنی ژیر، بەو مانایە ژیر خۆی هەستێت بە ڕەخنەکردنی خۆی. لە هەردوو ڕێبازی [ ئەزموونی – ژیرەکی ] سەرچاوەی گرتبوو، دەتوانی بڵێن [ کۆتێز] ی ئەم دوو ڕێبازەیە. لای کانت هەستەکان و ژیر بە یەکەوە زانین بەرهەمدەهێنن. کانت چەمکی [ پێشیانە ] ی داهێناوە، ئەم زانینە کە کانت پێی دەگووت پێشیانە یان لە پێش مەبەستی لەوە بوو کە پێش ئەزموون هەر هەن، بێ ئەوەی پێویستی بە ئەزموون و شارەزای هەبێت، سەبجێکت خاوەنی زانینێکی لە پێشترە لە نمونەی ئەم زانینە یاساکانی بیرکاری، لۆجیک، بێ ئەوەی ئەزموون بکرێن هەبوون.
مەبەست لە فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی ئەو جیهانبینیە فەلسەفەیە، کە هەریەک لە فەیلەسوفان [ فیختە، شیڵینگ و هیگڵ] ڕەنگیان ڕشتوە ڕێبازەکە خۆی دەکرێت بە دووبەشەوە:-
- فەلسەفەی ئایدیالیستی خۆی { فیختە } SUBJECTIVE –
- فەلسەفەی ئایدیالیستی ڕەها { هیگڵ } – APSOLUT [3]
ئەم فەلسەفەیە هەموو جیهان [بوون] بە چەمک و بیرۆکە لێکدەداتەوە، ئەگەر ئیتمۆلۆژی وشەکە وەرگرین وەک چەمکەکانی دیکە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان کە بە مانای نموونە دێت یان بیرۆکەی نموونەیی. فیختە بە فەیلەسووفی ئایدیالیزمی خۆیی [من و نامن] تیۆری زانست ناسراوە[4] . پێوایە ئیپستمۆلۆژیا بەم شێوەیە دیالێکتک دەکات:- خود ئاگامەندە و خاوەنی دیدگایە، خود تێزە و دیدگاگە ئەنتی تێزە، دیالێکتیک بەم شێوەیە دەستپێدەکات، لە هەناوی خۆوە با ڕونتر بڵین لە خۆی پۆسەتیڤەوە ئەویدی نێگەتیف دەردەچێت، خۆی ڕەهای ئاگامەند هەڵگری دژە لە ناو خۆیدا، خودی بیرکەرەوە ئاگای دەچتە سەربابەتێک و درکی پێدەکات، بە کورتی لای فیختە بۆ ئەوەی خود خۆی ساخ بکاتەوە پێویستی بەویترە، بۆ ئەوەی من خۆم پشتڕاستبکمەوە پێویستە نا منیش هەبێت. فەلسەفەی ئایدیالیستی ڕەها’ فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ سروشت و مێژوو لە ڕێگەی دیالێکتی ئاگامەندی ڕەها شرۆڤە دەکات، بەو مانا دیالێکتیک تەنها لۆجیک نیە، بەڵکو کۆی بوون لە ڕێگەی دیالێکتیکەوە دەتوانین لێتێگەین و شرۆڤەی بگەین.
خۆی ئاگامەند بیر لە خۆیدەکاتەوە ئەوە تێزەیەکە و دواتر لە خۆیەوە ئەنتی تێز جیادەبێتەوە، ئەویدی لە خۆوە دەردەچێ، دوای ئەو جیابوونەوە ئاگامەندی ڕەها بەم ترازانە تووشی نامۆی دەبێت، لەبەر ئەوە ئاگامەندی ڕەها هەوڵدەدات لەو نامۆبوونە ڕزگار بێت و خۆی تەکامول بکات لە ڕێگە یەگرتنەوە لەگەڵ ئەنتی تێزەکەی کە لە خۆی جیابۆتەوە. بەو دیالێکتیەکە، یەکگرتنە خۆی ئاگامەند زانین بە دەست دێنێت، ئاگامەندی ڕەها لەویترەوە دەگەڕێتەوە بۆخۆی، ئەو دیالکتیکەش لە ناکاو بە پەڕجوو ڕوونادات، بەڵکو بە پێ کات وگەشەسەندن ڕوودەدات.
لێرەدا ڕوونبۆوە بە پێ ڕێبازەکان چۆن زانین بەدەست دێت سەرەتا مرۆڤ [ سەبجێکت ] لە ڕێگەی هەستەکانەوە دیاردەکان، ئۆبجێکت دەبینێت یان هەستیان پێدەکات، سەبجێکت بۆ ئەم پڕۆسەیە کەرەستەی هەیە، بەڵام زانین هەروا پڕۆسەیەکی سادە نیە لە بیستن و تێبنیکردنێکی ڕاستەوخۆوە سەرچاوە بگرێت و پەیداببێت، بە چەند قۆناخێکدا تێدەپەڕێ. سەبجێکت لە دوای وەرگرتنی داتاکان، تێگەشتن دێتە کایەوە و لەو داتایانە ورد دەبێتەوە، هەڵیاندەسنگێنێت و ئامادەیان دەکات بۆ ژیر، ژیر چەمکەکان ڕۆدەنێت. لەم پڕۆسەیەدا سێ ئاست هەیە [ هەڵسەنگاندن، تێگەشتن، ژیر ] دواتر ژیر پاساودانی بەڵگەکان دەکات.
سەرچاوەکان
- . د.حەمید عەزیز، تیۆری زانینی زانستیانە، ساڵی ٢٠١٦، دەزگای ئایدیا.
- د . محمد کەمال، لۆجیکی هیگڵ ، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی ٢٠١٦