بەرخودانی ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان جگە لەوەی لەسەر ئاستی دەرەکی ڕەتکردنەوەی پێشیلکاری و گەلەکۆمەکێی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوو، هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆش زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی دا بەگوێماندا، کە پێویستە کورد لەو جێگەیەی کە خۆی خاوەن حکومەت و دەسەڵات و ڕێسایە چاوێکی ژیرانە بخشێنێتەوە بە بەرنامە و پلان و شێوازی بەڕێوەبردنی دام و دەزگا سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی، بازرگانی وه ونەرییەکانی. بەتایبەت لە ئەزموونی سی و پێنج ساڵەیەی باشوور، کە بووەتە ناوەندی کۆکردنەوەی هەرسێ پارچەکەی دیکەی کوردستان و هێز و گوڕیان پێ دەبەخشێت. کەواتە هەرێمی کوردستان ئەرکی پاراستنی زمان و کولتوور و هونەر و مێژووی لە ئەستۆدایە و پێویستە بەو بەرپرسیاریەتییە نیشتیمانییە هەڵسێت، هەروەك “عوسمان بایدەمیر” لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژەی بەوەدا، کە ” باشوور نەفەسێکە بۆ هەرسێ پارچەکەی دیکەی کوردستان.” هەربۆیە لەدەرئەنجامی ئەم بەرخودانەدا پێویستە ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگیرێن:-
١- هەرچەندە پشتگیری و هاوکاری و یەکدەنگی پێویستی بە زمان نیە، بەڵکو ئەو هەستە خۆرسکە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ لە باش بۆ خراپ و بەپێچەوانەشەوە دروست دەبێت، بەڵام زمان بۆخۆی یەکێکە لە هەرە ئامرازە گرنگەکانی گەیاندنی پەیام و ڕونکردنەوەی ناوەڕۆکی پەیام، کە دواجار لەو ڕێگەیەوە تێگەیشتنی گشتی دروست دەبێت. پسپۆڕان پێناسەی زمان دەکەن بەوەی کۆمەڵە ڕەمزێکی دەنگی لەخۆوەیە، دەتوانرێت بۆ لە یەکتر گەیشتن بەکاربێت. کەواتە تێگەیشتن لەڕێگەی زمانەوە بۆخۆی بنچینە و بنەمای هەر پشتگیری و بەرهەڵستییەکەو ئامرازێکی کاریگەری دروستکردنی ڕای گشتی یە.
ا) گرنگیدانی جدی بە زاروەکانی کرمانجی و بادینی و هەورامی…تاد بەتایبەت لە پرۆگرامەکانی خوێندنی خوێندکاران، بەشێوەیەك، کە کە توانای گوێگرتن و تێگەشتن و قسەکردن بنەمای فێرکردن بێت نەك ڕیزمان. بێگومان ئەمەش بە ڕاوێژ و دروستکردنی لیژنەی کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بواری زمانی کوردی و پەروەردە دەکرێت.
ب) زیادکردنی پێشمەرجی (ساڵێک خوێندنی زمانی کوردی) بۆ ئەوخوێندکارانەی، کە لە شارەکانی ئێراق و هەر وڵات و ناوچەیەکی دیکە دێنە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن، بەتایبەت خوێندنی باڵا.
٢- ڕێگەنەدان بە گواستنەوەی مافی خاوەندارێتی خانوو، زەوی، دوکان یان هەرجۆرە مامەڵەیەکی تر لە کوردەوە بۆ عەرەب یان هەر نەتەوەیەکی دیکە. ئەمەش لە ڕێگەی لیژنەی تایبەت بە یاسا ناس و ماف ناس و شارەزایان تاکو بتوانرێت ستراتیجێکی تایبەت و دوور مەودا بۆ ئەو مەبەستە دابڕێژن، چونکە پاراستنی بست بە بستی خاکی کوردستان لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوورە.
٣- دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە گرنگترین ئامرازی گەیاندنی پەیام دادەنرێت، دروستکردنی میدیاییەکی نیشتمانی ئەرکی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستای ئەم هەرێمەیە بۆ گەیاندن و گەنگەشەی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دوور لە هیچ بیرێکی سیاسی و ئاین و ئادۆلۆجی.
٤- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێتە ئەرکی سەرەکی و لەپێشینەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەڕێگەی بەرنامە جۆراوجۆرەکانی تەلەفزیۆن و پۆدکاست و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای دامەزراوە میدیاییەکان
٥- ڕیگەنەدان بە بڵاوکردنەوەی دوبەرەکی و ئاشوب و ناوزڕاندن و پەنجەبردن بۆ ئابڕو و ڕابردووی هیچ کەس و حزب و لایەنێك، یاخود هەر بیروباوەڕو ئاین و ئایدۆلۆژیایەك، بەڵکو تەنها کار لەسەر یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە جیاوازەکان بکرێتەوە.
٦- سەرجەم حزبە سیاسییەکان بەرنامە و پلانی درێژخایەنیان لە خزمەت نەتەوە و پرسە گرنگە نیشتمانیەکان و بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە هاووڵاتیان بە گشتی بخەنەکار. بەجۆرێك ڕکابەریکردنی نێوانیان لەسەر بنەمای پرۆژەی جۆراو جۆری خزمەتکردنی فعلی خەڵک بێت نەك بەرژەوەندی تایبەت و بەدەستهێنانی دەسەڵات.





































































