“دیاربهكرلی کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز” کەسایەتییەکی سیاسی و نیشتیمانپەروەر و ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردە. یەکێکە لە ئەستێرە وەنبووەکانی پەرەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕووناكبیری كوردی باكووری کوردستان لە ڕێگەی کارەکەیەوە لە بواری چاپەمەنی و بڵاوکراوەی کوردی لە سەدەی بیستدا خزمەتێکی گەورەی کردووە بە بواری فەرهەنگی كوردی تەنانەت بەهۆی ئەو چالاکییانەوە لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی سوڵتانی عوسمانییەوە ڕووبەوڕووی سزا بۆتەوە و لە کوردستان دەربەدەرکراوە. “کوردیزادە ئەحمەد رامیز” لە ساڵی ١٨٧٨ لە گوندی مەحمودا لە ناوچەی زێنگێسۆر (ئاکسابوداک) لە قەزای لیج لە دیاربەکر لەدایکبووە. باوکی مەلا عەبدوڵڵا و دایکی فاتیمە حەنیمەیە. ئەحمەد رامیز، لە ماڵێکدا گەورە بووە “نۆ خوشک و برا” حەوت کوڕ و دوو کچ بوون. قۆناغی یەکەمی پەروەردەی لەژێر دەستی مەلا عەبدوڵڵای باوکیدا دەستپێکردووە و دواتر بەهۆی ئەرکی باوکییەوە ڕووی لە دیاربەکر کردووە و بەردەوام بووە لە خوێندن لە قوتابخانەی مەسعودییە. هەر لەسەرەتاکانی تەمەنییەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی مامۆستاکانی لەبواری ڕۆشنبیریی و هۆشیاری سیاسی-و نەتەوەیی كوردی و، بەشداریکردووە لە دابەشکردنی نامیلکە و بڵاوکراوە كوردیەکانی ئەو سەردەمی چاپکراون لە دژیی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەگشتی و سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بەتایبەتی لە پارێزگای دیاربەکر. لە ساڵی ١٩٠٠ دا چووەتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بەخوێندن و لەوێدا چەندین کەسایەتی نیشتیمانپەروەرو ڕوناکبیری كوردی ناسیووە، بەتایبەتی بەدرخانییەکان. دواتر گەڕاوەتەوەو بۆ دیاربەکرو لەگەڵ “دیاربەکرلی فیکری نەجدەت ئەفەندی و حاجی عومەرین ئۆغلو مستەفا و مەلا ئەحمەدی غازی” و هەندێک لە هاوڕێکانی /کۆمەڵەی عەزمی کاڤڤیان لە کوردستان لە ساڵی ١٩٠٠” دامەزراندو دەستیان بەکارەکانیان کردووەو چالاکییەکانیان ئەنجامداوە.
ئەحمەد ڕامیز بەهۆی چالاکییە نیشتیمانپەروەیی و كوردیەکانی لەساڵی ١٩٠٤ لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دوورخراوەتەوە بۆ میسڕ. بەڵام وازینەهێناوە و لە زانکۆی ئەزهەر دەستیکردووە بەخوێندن و کاریکردووە بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی کوردی.
یەکەم بەرهەمی کوردی کە چاپی کرد، ناوی (Mawlûd Nebî ) مەولودی نەبی (Mele Ahmed Baety ) مەلا ئەحمەدی باتە بوو. (25) دراوی زێڕی بە پارەی خۆی خەرجکرد بۆ چاپکردنی ئەم کتێبە. هەر لەوێش چاوی کەوت، بە دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت و پەیوەندییەکی نزیک و دڵسۆزانە لە نێوانیاندا درووست بوو بۆ خزمەتکردنی بواری ڕووناکبیریی كوردی. ئەحمەد ڕامیز لە ساڵی ١٩٠٨ گەڕایەوە بۆ ئەستەنبوڵ و لەناو “کۆمەڵەی یەکێتی و گەشەپێدانی كوردی” بەردەوام بوو لە کار و چالاکییەکانی و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە كوردییەکان لە ساڵی ١٩٠٩دا، مامۆستا “خەلیل خەیاڵی مۆتکی” کتێبێکی نووسی بە ناوی “ئەلفبای کرمانجی” گرنگی بە بواری “مۆڕفۆلۆژی و ڕێزمانی و خوێندنەوە” داوە، دەتوانین بڵێین یەکەمین کتێببە لە باكووری کوردستان کە بەشێوەیەکی زانستیی ورد نووسرابوو بۆ ئەوەی ڕۆڵەی کورد فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی بکات و کاری چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە ئەحمەد ڕامیز ئەنجامیداوە. بەهۆی فشاری دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی “کۆمەڵەی یەکێتی و گەشەپێدانی کوردی” لە ساڵی ١٩٠٩ کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا و دواتر ئەحمەد ڕامیزو هاوڕێکانی لە ساڵی ١٩١٠ “کۆمەڵەی نەشری مەعاریفی کورد” یان دامەزراند. لە پێڕەوی کۆمەڵەکەدا هاتبوو (منداڵانی وڵات و گەورەکان زۆرترین ئەوانەی بێبەش بوون لە سوودەکانی زانین و پەروەردە، کوردن. ئامانجمان پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردنی کوردەکانە، کۆمەڵەکەی ئێمە ئامانجیەتی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی کورد لە ئەستەنبوڵ بکاتەوە و پێداویستییەکانیان دابین بکات”. توانیان کاربکەن ئەم قوتابخانەیە بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نیشتمانی پەروەردە لە ئەستەنبوڵ دانیپێدابنرێ و ئەحمەد ڕامز بوو بە بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانەیە. بەڵام دوای ماوەیەک لە کاروچالاکییەکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە داخرا. “کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز” دەستبەرداری ئامانجە نەتەوەییەکەی نەبوو بۆیە لەگەڵ دکتۆر “عەبدوڵڵا جەودەت” کتێبخانەیەکیان دامەزراند بەناوی ئیجتیهاد و گۆڤارێکیشیان بەهەمان ناو دەرکرد و لەپاڵیشیدا بەرهەمی تریان چاپدەکرد و بڵاوییان دەکردەوە. لەو ماوەیەدا زۆرێک لە بڵاوکراوەکان لە ژێر ناوی ئەحمەد ڕامیزدا چاپدەکران و بڵاودەکرانەوە. سالێ ١٩١١ لە یادی ٣١ ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی “سەربەستی” چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا لەوانە “دووبارە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە و وتار و کتێبی کۆنی نووسەرانی کوردی ناڕازیی دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان”.
هەرچەندە زمانی زگماکیی ئەحمەد ڕامیز کوردی-زازاکییە، بەڵام زۆربەی نووسینەکانی بە شێوەزاری کورمانجی و ئەلف بێی عوسمانی نووسراوە. لە ساڵی ١٩١١ دا کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز وتارێکی بەناوی (ڕەشبەڵەک) بڵاوکردەوە، کە یەکەم دەقی ناسیۆنالیزمی كوردیە، لەم تارەیدا باسی نووسینەکانی مەلا جەزیری و، ئەحمەد خانی و، مەلا ئەحمەد باتەو فەقێ تەیران دەکات و بەباشترین شێوە شیکاریی بۆچوونە نەتەوەییەکانی ناوبراوان دەکات و هەست و بیرکردنەوە ناسیۆنالیستەکانی خۆی دەردەبڕێت و. داوا دەکات هەموو کوردێک ئەم دەقانە بخوێنێتەوە و ڕەخنە لە ڕۆشنبیران و زانایان و ئەدەیبانی ئەو سەردەمەی کورد دەگرێت کە خزمەت بە نەتەوەکەیان ناکەن، بەڵکو لەبری ئەوە خزمەت بەگەلانی دیکە دەکەن و دەڵێت “ئەوانەی خزمەت بە نەتەوەکەیان ناکەن، یاخیبوون”. هەروەها کتێبێکی گەورە شۆڕشگێڕی کورد شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بە ناوی “پوختەی عەقاید” هەردوو کتێبی “ئاخاوتن و قوتابخانەی کێشەکان”ی مەلا سەعیدی کوردی چاپکرد و بڵاویکردەوە. لەکۆتاییەکانی ساڵی ١٩١١دا کتێبی (دیڤانچە دێهری)- حوسێن کامی چاپکردوو بڵاویکردەوە، لەبەرئەوە جارێکی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە سزای دەربەدەری بەسەردا سەپێندرا و حوسێن کامیش دەستگیرکرا، هەرچەندە بەشێک لە سەرانی دەوڵەتی عوسمانی پێشنیاری ئەوەیان بۆ “ئەحمەد ڕامیز” کرد ئەگەر بێت واز لە کارەکەی بهێنێت و پەشیمان بێتەوە مۆڵەتی مانەوەی پێدەدەن، بەڵام ڕەتیکردەوەو نامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسی؛ “ستەمی ستەمکاران ناتوانێت بمترسێنێت و ناتوانم لە ڕێگاکەم بگەڕێمەوە، ئەگەر ناچار بم ژیانم بفرۆشم، بەبێ دوو دڵی دەیفرۆشم و لە ڕێگای کوردەکاندا بەسەری دەبەم، لە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەرەوە وەک کوردێک هاتووم و هیوادارم بۆ هەمیشە وەک کوردێک بڕۆم. وەک کوردێک دەژیم و وەک کوردێک دەمرم. هیوادارم بوونی کوردەکان لەبەردەم پەروەردگارمدا بسەلمێنم. هەرگیز دەستبەرداری خەونەکەم نابم”. دوای (٦) مانگ حوسێن کامی بە کەفالەت ئازادکراو ئەحمەد ڕامیزیش لە ساڵی ١٩١٢، بەپێی یاسای لێبوردن توانی بگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بەردەوام هەوڵی بێدەنگکردنی نەتەوەخوازانی کوردی دەدا. کاتێک زانی فشار و بەرتیل و دەربەدەرکردن بۆ پەشیمانبوونەوەی نیشتیمانپەروەرانی کورد سوودی نییە، ڕووی لە تیرۆر کرد، سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەربەستی “حەسەن فەهمی”، یەکەم کەس بوو بووە قوربانی ئەم تووندوتیژییە و لە ٦ی نیسانی ١٩٠٩دا لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا شەهیدکرا. بەڵام کوردەکان لە بواری ڕێکخستن و چالاکییە نەتەوایەتی و سیاسی و کولتوورییەکان و بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەوانی دەستیان هەڵنەگرتوو بەردەوام بوون، لەدوای ئەوە کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز بۆ پاراستنی خۆی هەندێك لە وتار و بەرهەم و چاپکراوەکانی لە ژێر ناوی خوازراودا بڵاودەکردەوە وەک ناوی “ئەمیر بەدرخان و لوتفی”.
بەهۆی کاریگەریی ئیتیحاد و تەرەقییەکان بیری نەتەوەیی لەناو گەلە جیاوازەکانی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بڵاوبووه و کەسانی وەک “ئەحمەد ڕامیز” کاریگەربوون بە بیریی نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی ڕۆژئاواییەکان و هەر لەم چوارچێوەیەشدا کەوتنە چالاکیی نەتەوەیی بەڵام دوای جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤ – ١٩١٨ ) ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی داڕما و هەربۆیەش بزووتنەوە سیاسیەکانی وەک ئیتیحاد و تەرەقی کاریگەری خۆیان لەدەستدا، بەڵام نەتەوەخوازە کوردەکانی وەک ڕامیز و هاوبیرەکانی دەستبەرداریی بیروباوەڕەکانیان نەبوون، بۆیە مستەفا کەمال ئەتاتورک هەوڵیدا زاراوەی (ئومەت ) بگۆڕێت بە زاراوەی (عنصر الاسلامى) بنەمانی ئیسلامی بۆ ڕێگریکردن لە گەشەپێدانی بیرۆکە ناسیۆنالیستەکان. لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا، بیرمەندانی ناسیۆنالیستی لە نێو کوردەکاندا سەریان هەڵدا و ڕێکخراوی نوێیان دامەزراند. لەو سەروبەندەدا لەسەر بنەمای ١٤ بەندەکەی وێڵسنی سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە جەختی دەکردەوە لەسەرئەوەی دەبێ هەموو نەتەوە ژێردەستە ئازادبووەکان مافی خۆیان وەربگرن، بەپێی ئەوە کوردەکان کۆمەڵێک ڕێکخراویان دامەزراند، وەک (کۆمەڵەی تیلی کوردستان، کۆمەڵەی هیوای کورد، کۆمەڵەی نەشری مەعاریفی کوردی، کۆمەڵەی ژنانی كوردی تیلی، پارتی عەوامی توندڕەو، پارتی نەتەوەیی کورد..هتد). کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز بووەتە ئەندام لەناو کۆمەڵە نەتەوەییەکانی کورد و کاروچالاکی کردووە. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، زۆرێک لە کوردەکان و “ئەحمەد ڕامیز” پەیوەست بوون بەکۆمەڵەی تیلی کوردستان کە مینبەری نیشتیمانپەروەرانی کورد بوو لەو قۆناغەدا، ئەم کۆمەڵەیە ١٩ لقی لە کوردستان هەبوو و نوێنەری ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی تێدابوو. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەهەندێک لە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەدا هاتووە دەوترێت. “ئەحمەد ڕامیز” نوێنەرایەتی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن دەکات دژی هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وئیتیحادو تەرەقییەکان.
لە نیوەی دووەمی ساڵی 1920 لە ژێر سەرکردایەتی مستەفا کەمال و دەستپێشخەری هاوبەشی حکومەتی ئەستەنبوڵ “کۆمەڵەی تیلی کوردستان” داخراو لە ئەنجامدا سەنتەری چالاکیی کوردەکان لە ئەستەنبوڵ پەکی کەوت. لەبەرامبەردا نیشتیمانپەروەرانی کورد، “کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردستان” یان لە ئەرزەڕۆم دامەزراند، وەکو ڕێکخراوێکی ئازادو سەربەخۆی کوردی ناساندیان، کاتێک شاری ئەستەنبوڵ لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٢ بەتەواوەتی کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ئەنقەرە بە سەرکردایەتی ئەتاتورک، زۆربەی نەتەوەخوازانی کورد لە ئیستەنبوڵ کەوتنە بەر شاڵاوی مەترسیی و پەلاماری پیاوانی ئەتاتورک، بۆیە زۆربەی ڕۆشنبیرە کوردەکان ئەستەنبوڵیان بەجێهێشت. ئەحمەد ڕامیزیش گەڕایەوە بۆ زێدی لە دایکبوونی خۆی زێنەنگسۆر بۆ ناوچەی لیج لە دیاربەکر، لەوێ بەردەوام بوو لە کارو چالاکییەکانی. دوای شکستی شۆڕشی “شێخ سەعیدی پیران” لەساڵی ١٩٢٥، دروستبوونی مەترسی گەورە لەسەر کورد لە تەواوی باكووری کوردستان “ئەحمەد ڕامیز” بەشێوەی نهێنی بەردەوامیدا بە کارو چالاکییەکانی. بەڵام نەیتوانی زۆر بمێنێتەوەو بە ناچاری کوردستانی بەجێهێشت و ڕوویکردە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ لەگەڵ نەتەوەخوازە کوردەکانی بنەماڵەی بەدرخان یەکیگرتەوە. دەکرێت کاروچالاکییەکانی “کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز” زۆر لەوە زیاتربێت کە باسمانکرد، ئێمە تەنها ئەوەندەمان لەبەردەستە، ئەوەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم بەهۆی داگیرکاریی خاکی کوردستان لەلایەن دوژمنانمانەوەو شێواندن و لەناوبردنی بەشێکی زۆری نووسراو و بەرهەمی ناوبرا، دووەم “ئەحمەد ڕامیز” هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ میراتگرێک لە دوای خۆی بەجێنەماوە هەوڵی هێشتنەوە و پاراستنی تەواوی بەرهەمەکانی بدات، سەرەنجام کوردیزادە ئەحمەد ڕامیز لە ساڵی ١٩٤٠ دوای ٦٢ ساڵ ژیان کردن لە پێناوی خزمەتکردن بە نەتەوەی کورد لە بواری ڕووناكبیری و چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەم كوردیەکان لە دیمەشق کۆچی دوایی کردو لەگۆڕستانی کوردەکان بە خاک سپێردراوە.






































































