لەهەموو ڕەوتی مێژوودا، بەتایبەت لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانیەوە تەنها “هاوپەیمانیی، یان هاریکاری ڕێژەیی و ناو-بە-ناوی نێوان گەلان” هەبوە نەک برایەتی و ئاشتی هەمیشەیی. قەت لە سویدییەک و فینلەندییەک، فەڕەنسییەک و ئەڵمانییەکتان بیستوە، نەخێر ڕووسییەک و ئۆزبەکییەک، هیندییەک و پاکستانییەکتان دیوە باسی “برایەتی گەلان” بکەن لە نێوان خۆیاندا! لە سەدان هەزار زانکۆ و دامەزراوەی جیهاندا بەشی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە؛ بە ملیۆنەها پڕۆفیسۆر و پسپۆڕی ئەو بوارە هەن، یان دەبێت ئەو زانستەو ئەو ملیۆنەها پڕۆفیسۆرە بەهەڵەدا چوو بن؛ یان ئەم تێزی “برایەتی گەلان” ەی کە ڕێبەری “چەپی ڕادیکاڵی کوردیی” خستویەتییە ڕوو، هەڵەیە:
لە برایەتی گەلان دا؛ جیۆپۆڵەتیک نییە، باڵانسی هێز- Balance of Power نییە، کێبڕكێ-Competitive نییە، ململانێ-Conflict نییە.. مۆدێرنیتە درۆیە و لیبراڵیزم هیچی وا پێشکەش ناکات. لە تێزی “برایەتی گەلان” ی بەڕێز ئاپۆ دا تیۆری ڕیالیزم ڕاست ناکات کە لایوایە: دەوڵەت بەهێزترین ئەکتەرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مەیدانەکە “فەوزا”یە. لە ڕیالیزم دا وەک هانس مۆرگێنتاو دەبێژێت؛ دەبێت تێبکۆشیت بۆ “هێز” و “بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانیی” بۆ ئەمەش دەبێت “بەرژەوەندیی-Interest” بناسین. ئاخەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو شتانەی لێ دەربکەی هیچی وای لێ نامێنێتەوە.
“برایەتی گەلان” زیاتر چەمکێکی “ئایدیاڵی” ە و لە یۆتۆپیا دەچێت؛ پێش بەڕێز “ئۆجەلان” زۆر پێشووتر “ئیمانوێڵ کانت” کتێبی “ئاشتی هەمیشەیی- Perpetual Peace” ی لە (١٧٩٥) دا نووسی، ئەم هەوڵەی تاقیکردەوە، بەتایبەت کاتێک دواتر لە ٨ ی جانیوەری ١٩١٨ دا “ودرۆ وڵسن” چواردە خاڵەکەی بڵاوکردەوە، بە ئاشکرا وتی ئیلهامی لە “ئاشتی هەمیشەیی” کانت ەوە وەرگرتوە و، دەیەوێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ئاشتی و ڕێزگرتن لەیەکتر بونیاد بنرێت!
لە تێزی “بەرەو ئاشتی هەمیشەیی” ئیمانوێڵ کانت دا، ئەویش چوارچێوەیەکی جوان و ڕەنگاڵە بۆ ئاشتی بەردەوام لە جیهاندا دەخاتە ڕوو و دەڵێت؛ ئاشتی تەنیا نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکو پێویستییەکی ئەقڵانی و ئەخلاقییە. پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەوڵەتەکان فیدراسیۆنی نەتەوە ئازاد و کۆمارییەکان پێکبهێنن و ڕەزامەندی هاوڵاتیان بۆ شەڕ و مافە نێودەوڵەتییەکان و میوانداری گشتگیر مسۆگەر بکەن. دوای تێپەڕینی (١٢٠) ساڵ بەسەر تێزەکەی “کانت” دا، ووڵسن ئەو هەوڵەی دا؛ کۆمەڵەی گەلان (عوسبەتولئومەم) یان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراند. دواتر ئەوەبو نەک سەرۆک و نوخبەکانی جیهان، بەڵکو دارتاش و ئاسنگەر و جوتیارێکیش ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەو تێزە هەرەسی هێنا و بەکەڵک نایات جارێکی دیکە هەر بخرێتە سەر مێز. بۆیە لە جیاتی ئەوە “نەتەوە یەکگرتوەکان” لەدوای دوەمین جەنگی جیهانی لە ١٩٤٥ دامەزرا و، ئەمیش لە دیباجەکەی نوسراوە؛ “بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی جیهانی و پەرەپێدانی هاوڕێیەتی نێوان دەوڵەتەکان” دامەزراوە..ئیتر ئەوەتا وەک دەبینن نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە هیچ کوێی جیهان نەیتوانیوە ئاشتی و ئارامی بەرپابکات، نەیتوانیوە ڕێگە لە سەرهەڵدانی یەک شەڕیش بگرێت لە لا-کۆڵانێکدا نەک لە زۆنگاوێکی گەورەی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تەنها لە ئێراق دا چ نەتەوە یەکگرتوەکان و چ ئەمریکا بە جیاجیا لە (٢٠٠٣ ەوە بۆ ٢٠٢٦) سەدان ملیار دۆلاریان بۆ هەزاران ڕێکخراو و دامەزراوە خەرجکرد کە کار لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتی و مافی مرۆڤ بکەن، سەدان کۆڕبەندو لوتکەو کۆنفرانسی گەورە لەو پێناوەدا بەسترا؛ ئایا ئێوە ئاشتی دەبینن؟ لە دوای جەنگی سارد و بەدیاریکراوی لە ١٩٩٦ دا “ساموێل هۆنتیگتۆن ” بەیەکداکێشانی شارستانییەتەکان” ی بڵاوکردەوە، هێشتا تێزەکەی ئەو بە بەهێزی ماوەتەوەو ئیش دەکات کە لایوایە “گەلان لەمەولا لەڕێگەی شوناس و کەلتور” ەوە خۆیان پێناسەدەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە “شوناس” ەو ئەو “شووناس”ەش بوو وایکرد هەرچوار پارچەی کوردستان بکاتە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست لە هەڕەشە بوونیەوییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستاندا. هۆنتیگتۆن لایوایە ململانێ گەورەکانی جیهان لە دوای جەنگی سارد ئایدۆلۆجی و تەنانەت ئابورییش نین، بەڵکو کەلتورین، واتە گەلانی دونیا لەڕێگەی شووناس، زمان، هونەر، ئاینەوە خۆیان نمایش دەکەن. هێزەکانی جیهانگیری و یەکانگیریی لە جیهاندا هەر خۆیان دەبنەهۆی ئەوەی کە دژە هێز لە بەرانبەر هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوادا دروست ببێت! چوونکە بەلای هۆنتگتۆنەوە مۆدێرنیزاسیۆن و ڕۆژئاواییبوون یەک شت نین. مەرج نییە بیانییەکان کە کاڵای ڕۆژئاوایی بەکاردەهێنن، بەهاکانی ڕۆژئاوا قبوڵ بکەن.
بۆیە ئەو پێشکەوتنەی دیموکراسی کە لە کۆتایی شەڕی سارددا ئاهەنگ دەگێڕدرێت، بەهای گشتگیر (ئەمریکی) بەرەوپێش نابات، بەڵکو لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە ڕێگا بۆ ئەم کولتوورە هەمەچەشنانە دەکاتەوە وەک ئەوەی لەگەڵ زۆرێک لە ئەزموونەکانی دیموکراسیکردن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بینیمان، کە بزووتنەوە ناسیۆنالیستە دژە ڕۆژئاواییەکان و گرووپە تایەفییەکانی بەهێز کرد. لێرەدا کۆمەڵگا غەیرە ڕۆژئاواییەکان پێویستیان بە کۆمەڵگەیەکی جیهانی فرە- کەلتوریی دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی جیهانی، ئەوەی لێرەدا پێویستە جیهانگەراییە نەک ئیمپریالیزم. ئەگەرچی هۆنتگتۆن نایشارێتەوە کە جیهانی خۆرئاوا سوودی لە خۆرهەڵات وەرگرتوە، بەڵام ئەوە جیهانی ئیسلامی و خۆرهەڵاتییە نایەوێ سوود لە کڕۆکی دیموکراسی خۆرئاوایی وەربگرێت
مانای وایە، گەلان زیاتر بەتەنگ بەهێزکردنی شوناسی خۆیانەوەن؛ وەک بینیتان ئێران لە خانەقینەوە تا دەگاتە داقووق تا شەنگال و سوریا دیمۆگرافیای ناوچەکەی گۆڕی؛ کوردەکان (بەتایبەت کاکەکەییەکان) یان لەشوێنی خۆیان هەڵکەند، سووننەکانیان سڕییەوە لە هەموو ناوچەکان و شیعەو میلیشیای شیعەیان پێکهێنا. واز لە تورکیاو ئێران بهێنە؛ قەتەر و ئیماراتی عەرەبی ڕووبەرەکەیان شتێک لە کەلار گەورەترە کەچی ڕۆژ تا ئێوارە لە لیبیاو یەمەن و سوریا و سۆدان ململانێ دەکەن. ئایا قەتەر و ئیمارات بە تەنیشت یەکەوە نین؟ براو هاو-زمانی یەکدی نین!؟ ئەی بۆچی ململانێی یەکدی دەکەن!؟ پەن و گۆبەنگەکە “ئایدۆلۆجیا” یە، قەتەر ی بارگاویی بە ئیخوان موسلیمین و فێربوو بەوەی ئیسلامیی جیهادی پەروەردە بکات، ئیماراتی هێمنتر کە ئیسلامێکی کراوەتر پێشنیار دەکات، بەیەک ناگەن!
بۆیە، سەرنجڕاکێشترین و باشترین دیدو تێڕوانین ئەوەیە “شووناس و کەلتور”ی کوردیی لە جیۆپۆڵەتیکێکی سەخت دا پەروەردە بکات؛ ئەم پەروەردە-کردنە لە ڕێگەی پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانەوە دەبێت؛ پیشەسازیی پیترۆل، پیشەسازیی ئاسن، درۆن، کەلتور، پەروەردەو ڕاهێنانی نیشتیمانیی، کرانەوەو بەهێزکردنی دیبلۆماسیی، بەمجۆرە هێڵی کوردایەتی و هەڵسانەوەی کوردستان پرۆژەیەکە بەو ئاڕاستەیە ئیش دەکات (دەبێت وا بێت)، کوردایەیی هێڵی گەندەڵی و بڵاوکردنەوەی نا-ئومێدیی و کوتلەبازیی و نا-یەکسانی نییە، بەڵکو هێڵی دامەزراوەی توندوو تۆڵی هاوچەرخ و ڕۆیشتنە لەگەڵ ڕەوتی واقیع و داینامیکییەتی جیۆپۆڵەتیکیدا؛ هێڵی نیشتیمانسازیی کوردیی بەمانای دەستهەڵگرتن نییە لەو “بەها گەردوونی”یانەی کە “ئۆجەلان” باسی دەکات؛ بە پێچەوانەوە کورد تووند دەستیگرتوە بەو بەها ژینگەیی و مرۆییانەوە، قەت کورد تەقینەوەیەکی لە پایتەختەکانی داگیرکەردا نەکردوە؛ هەرئەوانن هاتوون کۆمەڵکوژیی دەکەن..بەڕوونتر بڵێم؛ نابێت دەستگرتن بە فەلسەفەو بەهای گەردوونی وامان لێ بکات دوورمان بخاتەوە لە “سیاسەت” کردن. کەس نەیوتوە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە سەتا- سەت تەواوە؛ بەڵام سەرکەوتوە (بەلای کەمەوە لە ڕێگەی سەرکەوتندایە). من بە (شانازییەوە) دەنگم بەسەربەخۆیی و ڕیفراندۆم دا لە ٢٠١٧ دا، یەکەمین کۆنفڕانسی سەربەخۆیی کۆردستان بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی چەرموو و ئامادەیی میدیا جیهانییەکان ئێمە (پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی) کردمان، بەرپرسانی باڵای (پ،د،ک)یش ئامادەبوون، کە ڕەخنەکانی خۆمان تەنانەت لەبەرانبەر “ڕیفراندۆم” خستە ڕوو، چەندین وتاریشمان لەسەر بڵاوکردەوە، بۆ؟ چوونکە “کاتێک ئێمە دەتوانین سەربەخۆیی چێ بکەین کە لەناوەوە دامەزراوەی بەهێز و لە دەرەوەش لە ڕۆحی سەردەمەکە تێگەیشتبین و کۆدەکانی دان پیانان بدۆزینەوە.” نەک لە ناوەوە دژی خۆمان بین و دژی تواناکان بین، لە دەرەوەش زەوی بەیار مان نەکێڵا بێت!
کاتێک بەڕێز ئۆجەلان و زۆربەی پەکەکە لەم بابەتە تێناگەن. ئیتر چۆن داوا لە “ئیسرائیل” ی سەردەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەی هاوکاریت بکات لە دۆخی وەحشیگەرانەی سوریادا!؟ بۆچی هاوکاریت بکات کە تۆ دەڵێی من سەر بە ئایدۆلۆجیای “چەپی ڕادیکاڵ”م !؟ چەپی ڕادیکاڵ ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە سەرمایەداریی و ئەمریکاو ئیسرائیل مڵۆزم و خۆرەی مرۆڤایەتین و دەبێت هەڵبوەشێنەوە. ئەگەر برادەرانی پەکەکە لە “جیۆپۆڵەتیک” و ” باڵانسی هێز” و ‘هاوپەیمانیی نەک برایەتی” تێگەیشتبان، وێنەی “بەڕێز ئۆجەلان” یان لە عیفرین و سەرێکانی هەڵنەدەواسی، دانانی وێنەیەکی وا وەک ئەوەیە کە پەڕۆی سوور نیشانی “گا”ی شێت بدەیت [ لای من بارزانی سەرۆکە و سەرۆکێکی مێژوو کردیشە؛ ئەگەر ئازادبوونی بەڕێز ئۆجەلان و کوردان لە باکور پێویستی بە ڕۆح و ژیانی من بێت، بێگومان دەیبەخشم]. ئەگەر لە “هێز” و “باڵانسی هێز” و “جیۆپۆڵەتیک” گەیشتبان، چوار کەستان تەرخان دەکرد کە “موخاتەبە” ی ئیسرائیل بکات لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا، لەکاتێکدا لە چەندین شوێن دا بەڕێز قەرەیلان و بایک داکۆکی لە ئێران دەکەن و، لە زیندانیشەوە ئاپۆ دەڵێت؛ زیندانەکەی من ئەوەی باشە ئیسرائیل نابینم! نابێت…نا…
ئەوە یەکەمجار نییە لەلایەن پەکەکەوە هەڵەی کوشندە و ستراتیجیی دەکرێت، ساڵی (٢٠١٥) ش کورد سەرکەوتنی بێوێنەی لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمارکرد و (٨٣) کورسی بەدەستهێنا (کە قەت شتی وا بەدەست نەهاتوە) دەیانجار ئەردۆگان داوای لێکردن حکومەتیان لەگەڵ پێک بهێنێ [ئەوکاتە دەوڵەت باخچەلی هەر ناویشی نەدەهات!] کەچی ئەم برادەرانە وتیان ئەوە خیانەتە، ئەردۆگان کوردکوژە و.تادوایی، ڕێبەری لیستەکە “سەڵاحەدین دەمیرتاش” قسەی سەیرو سەمەرەی دەکرد. بۆیە دوای چەند مانگێک بە ناچاریی هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە؛ کورد بیست دانە کورسی کەمیکرد! شەڕ هەڵگیرسایەوەو، هەزاران پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی و ڕۆڵەی کورد بە ئێستاشەوە لە زیندانن، هەزارانیشیان بە کوشتن دا، ناوچە کوردنشینەکان وێرانبوون.ئەگەر بچوونایەتە حکومەت و لەپاڵ حکومەتەوە لەوێ باشتر لە جیهانەکەو سیاسەت نەدەگەیشتن؟ کەچی تازە- تازە هاتوونەتەوە “باسی پرۆسەی ئاشتی” دەکەن و لە زیندانەوە دوای ئەوەندە ساڵە “دەمیرتاش” بانگی “ئەردۆگان” وەک سەرۆکێکی ڕزگارکەرو ئاشتیخواز دەکات! ئێستا ئەگەر “برایەتی گەلان” پرۆژەیەکە دەشێت ئیش بکات، بۆچی هەرخۆتان هاوار دەکەن کە تورکیا دەیەوێت لۆزانیكی تر بسەپێنێت!
بۆیە، وەک لای سەرەوە بیرهێندرایەوە؛ ئەم “برایەتی گەلان” ە دژە بە زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. تەنانەت لە “زانستی کیمیا” شدا هەموو کاتێک دوو گەردیلە ئۆکسجین (O2) و گەردیلەیەک هایدرۆجین (H) هەموو کات و لەهەموو شوێن پێکەوە نین بۆ ئەوەی (ئاو- H2O) پێک بهێنن، بەڵکو ئۆکسجین و هایدرۆجین لەگەڵ دەیان توخمی دیکەدا پێکهێنەری چەندین توخم و ماددەن و، توانای یەکگرتن و هاوپەیمانییان هەیە.
لەکۆتاییدا، ئەوەی ئێوە ناوتان ناوە “برایەتی گەلان” و سوورن ناسنامەشتان هەر بە “چەپی ڕادیکاڵ”ی بمێنێتەوە؛ دەشێت و دەبێت و دەگونجێت جێگەی ببێتەوە لەناو پرۆژەی ناسیۆنالیزمیی هاوچەرخی کوردیدا؛ بۆ نموونە دەشێت بڕواتان بەهاریکاریی و لێبوردەیی بێت، ژن و ژیان و ئازادیی بەرز ڕابگرن، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بکەن و تەونەکە بەدەست خۆتان بێت، ژینگە بپارێزن، مۆراڵی بەرزتان هەبێت، تەنانەت پرۆژە خۆرئاوایی و ئەمریکییەکانیش ناو-بە-ناو ڕەت بکەنەوە [ئیتر خۆ بەها گەردوونییەکانیش ئەوانەن]. بەڵام لەوە زیاتر دەبێتە “قسەی پڕوپووچ” کە لاتانوایە “نەتەوە سازیی” بەسەرچوە! ئەگەر بەسەرچوە بۆچی لەم چەرخەدا بینینمان “بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا بوەوە!؟”، قسەی پووچە تۆ پێتوابێت “باڵانسی هێزی جیهانی” درۆیەو، مۆدێرنیتە و خۆرئاوا و سەرمایەداری هیچ خزمەتێکی نەکردوە ؛ کێ لە دوای ١٩٨٩ ەوە هەرێمی کوردستانی لە ئێراق درووستکرد و پاراست؟ کێ ئەو واقیعەی ڕۆژئاوای کوردستانی درووستکردو پاراست؟ کێ سەدان هەزار کوردی بردە ناوەندە پێشکەوتوەکانی دونیاو دەرفەتی پێدان؟ ئەم سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ میدیایەی جیهانی لەسەر کورد هێناوەتە لەرزە هی کێیە؟ کێ مانگانە ڕاهێنان و مەشق بە پێشمەرگە دەکات و تکایان لێدەکات یەکڕیز و یەک هێز بن!؟ سەرباری ئەوانەش، مۆدێرنەو کۆڵانەکانی ڕێگەی ڕەخنەو گازندەیان دانە-خستوە، خۆشیان تانەو تەشەرەکان لەسەر خۆیان بڵاودەکەنەوە؛ بەو مەرجەی ئەو ڕاستییە سادەیە لەبیر نەکەی کە “زانست” لایەنی کەم “زانستی هاوچەرخ” بەتەواوەتی بەرهەمی جیهانی مۆدێرن و فەلسەفەی لیبراڵە.
هەر بۆیە ناکرێت، نا… تۆ سواری فڕۆکەو شەمەندەنەفەر دەبیت، پارەش نادەی، کە دادەبەزی جنێوێکیش بە شۆفێرەکە دەدەیت!





































































