“بەرایی”
“تۆماس بوا”، قەشەی دۆمینیکانی فەرەنسی و یەکێک لە دیارترین کوردناسەکانی سەدەی بیستەم، كە ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گەلی کورد تەرخانكرد، بوا، کە لە ساڵی ١٩٠٠ لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٧٥ کۆچی دوایی کردووە، لە ساڵی ١٩٢٧ەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیاوە و بە وردی زمانی عەرەبی، سریانی و کوردی خوێندووە، بەرهەمی سەرەکی و پڕ بایەخەكانی کتێبی (کوردەکان/ The Kurds)ە، کە لە ساڵی ١٩٦٦ بە زمانی فەرەنسی بڵاو کراوەتەوە و دواتر وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانی دیکە، ئەم کتێبە کۆکراوەی لێکۆڵینەوە و وتارەکانییەتی کە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە لەسەر زمان، ئەدەب، مێژوو، دابونەریت و ئایینی گەلی کورد نووسیویەتی، دیدگای بوا لەسەر پرسی “کورد کێیە؟” دیدگایەکی مرۆڤدۆستانە و زانستییانەیە، کە تێیدا کورد وەک گەلێکی جیاواز و خاوەن ڕەچەڵەک و ناسنامەیەکی تایبەت دەناسێنێت، کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن گەلانی دیکەوە بە هەڵە نیشاندراوە یان پشتگوێ خراوە، شیکارییەکانی بوا بە دەوری سێ تەوەرەی سەرەکی دەسوڕێنەوە:- ڕەچەڵەکی مێژوویی و جوگرافی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری، و بێداربوونەوەی نەتەوەیی.
“ڕەچەڵەک و مێژوو: کورد وەک میراتگری میدییەکان”
“تۆماس بوا” لە لێکۆڵینەوەکانیدا بەدوای وەڵامێکی زانستی و مێژووییدا بۆ پرسی ڕەچەڵەکی کورد دەگەڕێت، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەو ئەفسانە و گێڕانەوە باوانە دەکات کە لەبارەی کوردەوە هەن، هەربۆیە بە ڕوونی ئاماژە بەو ئەفسانە میللییانە دەکات کە لە (شانامە)ی فیردەوسیدا هاتوون، وەک ئەفسانەی زوحاک (یان ئەژدیهاک) کە تێیدا کورد وەک نەوەی ئەو کەسانە دەناسێنرێن کە لە شاخەکان پەنایان گرتووە بۆ ڕزگاربوون لە دەستی زوحاکی ستەمکار، هەروەها ئاماژە بەو گێڕانەوە عەرەبییە دەکات کە گوایە کورد نەوەی جنۆکەکانن کە لەگەڵ ٤٠٠ کچە کۆیلەی سولەیمانی مەزن جووت بوون، بوا ئەم گێڕانەوانە بە (گریمانەی بێ زیان) و (ئەفسانەی سادە) دادەنێت کە تەنها هەندێک تایبەتمەندیی کورد ڕوون دەکەنەوە، بەڵام بەس نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕەچەڵەکیان. لە بەرامبەردا، بوا پشت بە بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییەکان دەبەستێت و بە شێوەیەکی قووڵ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناوچەی کوردستان لە کۆنترین سەردەمەکانەوە ئاوەدان بووە، وەک ئەوەی لە هەڵکۆڵینەکانی ئەشکەوتی شانەدەر لە نزیک ڕەواندز و هەزارمێرد لە نزیک سلێمانی دەردەکەوێت، کە سەلمێنەری بوونی مرۆڤن لە چاخی بەردینی کۆنەوە، بەڵام گرنگترین خاڵ لە دیدگای بوا، بەستنەوەی ڕەچەڵەکی کوردە بە گەلی میدییەکانەوە، هەربۆیە ئاماژە بەوە دەکات کە گەلانی کۆن وەک لولوبییەکان (Lullubi)، گووتییەکان (Guti)، و کاسیتەکان (Kassites) کە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس ژیاون، بە ئەگەری زۆرەوە باوباپیرانی کورد بوون، بەڵام میدییەکان، کە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینەوە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریدا بینی، بە لای بواوە گرنگترین پێکهێنەری ڕەچەڵەکی کوردن، هەرچەندە هەندێک لە نووسەران وەک ئارشاک سافراستیان بوونی میدییەکان بە هەڵەیەکی مێژوویی دەزانن، بەڵام بوا بەردەوام جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە دەکاتەوە و بەشێک لە هۆزە کوردییەکان بە نەوەی ڕاستەوخۆی میدییەکان دەزانێت. بوا، کوردستان وەک (پشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست / the backbone of the Middle East) وەسف دەکات، کە ناوچەیەکی شاخاوییە و بەشێکی گەورەی ئەو ناوچەیە داگیر دەکات کە دەکەوێتە نێوان دەریای ڕەش و دەشتەکانی میزۆپۆتامیا لە لایەک، و چیاکانی دژە-تەورەس و دەشتی ئێران لە لایەکی ترەوە، ئەم جوگرافیایە، کە بە شێوەی مانگێکی نیمچەبازنەیی وەسف دەکرێت، هۆکارێک بووە بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد و جیاکردنەوەیان لە تورک، فارس و عەرەبەکان، سەرەڕای دابەشبوونی خاکیان بەسەر چەندین دەوڵەتدا. بۆیە، بۆ بوا، کورد گەلێکن کە بە ڕەچەڵەک، زمان و مێژوو بە ڕوونی لە گەلانی دەوروبەریان جیا دەکرێنەوە، و بوونیان لەو ناوچە شاخاوییەدا هۆکارێک بووە بۆ مانەوەیان و پاراستنی دابونەریتە ڕەسەنەکانیان.
“پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری؛ لە خێڵەوە بۆ نەتەوە”
شیکارییەکانی “تۆماس بوا” تەنها لەسەر ڕەچەڵەکی مێژوویی ناوەستن، بەڵکو بە وردی دەچێتە ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردەوە، بەم پێیە بوا کورد وەک گەلێک دەبینێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای سیستەمی خێڵەکی ڕێکخراون، کە تێیدا ئاغا و شێخەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە و بڕیاردانەکاندا، بوا ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانی کورد لە نێوان کۆچەری (شوانکارە) و نیشتەجێ (گوندنشین)دا دابەش بووە. شوانکارەکان بەهایەکی زۆریان بۆ ئازادی و ژیان لەژێر ئاسمانی کراوەدا هەبووە، لە کاتێکدا گوندنشینەکان خۆشەویستییەکی قووڵیان بۆ خاک و کشتوکاڵ هەبووە، و بە لێهاتووییەوە زەوییەکانیان بەکارهێناوە. بوا بە سۆزێکی مرۆڤدۆستانەوە باس لە ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی کورد دەکات و تێبینی دەکات کە کورد (مرۆڤناسێکی سارد و سڕ نییە)، بەڵکو پڕە لە سۆز و هاوسۆزییەکی قووڵ بۆ ئەو گەلەی کە بە ئاشکرا خۆشی دەوێن، لەبارەی ئایینەوە، بوا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە سەرەڕای ئیسلامبوونی کورد، بەڵام هەندێک لە باوەڕە کۆنەکان و خورافیات کە ڕەنگە پاشماوەی ئایینە کۆنەکانی پێش ئیسلام بن، هێشتا لەناو دابونەریتەکانیاندا ماونەتەوە، ئەم تێکەڵبوونەی ئایین و کولتوور، سیمایەکی تایبەتی بە ناسنامەی ئایینی کورد بەخشیوە، کە لە هەندێک کاتدا لەگەڵ ئایینە ڕەسەنەکانی وەک زەردەشتی و ئێزیدی و یارساندا تێکەڵ بووە. گرنگترین لایەنی کولتووری کە بوا جەختی لەسەر دەکاتەوە، ئەدەبی کوردییە، بوا ئەدەبی کوردی بە دوو بەشەوە دەبینێت: ئەدەبی زارەکی (گێڕانەوە، حیکایەت، گۆرانی، و پەندی پێشینان) و ئەدەبی نووسراو. بوا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەدەبی زارەکی کورد، بە تایبەتی گۆرانییەکان، پڕن لە وەسفی جوانیی سروشتی کوردستان و پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان مرۆڤ و خاکەکەی. لە ئەدەبی نووسراودا، بوا ڕۆڵی شاعیرانی وەک ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧) بەرز دەنرخێنێت، کە بەرهەمە مەزنەکەی (مەم و زین) تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی نییە، بەڵکو بە وتەی بوا، بەڵگەنامەیەکی نەتەوەییە کە تێیدا خانی بە ئاشکرا داوای یەکگرتن و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەکات،بوا ئەم ئەدەبە بە (پایەی ناسنامە)ی کورد دەزانێت، کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی زمانی کوردی و هەستی نەتەوەیی گەلەکەدا بینیوە، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا کە کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبووە. شاعیرانی وەک نالی، حاجی قادری کۆیی، گۆران، و جگەرخوێن، بە لای بواوە، درێژەپێدەری ڕێبازی خانی بوون لە بەکارهێنانی ئەدەب بۆ بێدارکردنەوەی نەتەوەیی و داواکردنی چاکسازیی کۆمەڵایەتی.
“بێداربوونەوەی نەتەوەیی و خەبات بۆ سەربەخۆیی”
“تۆماس بوا” بە ڕوونی دەڵێت؛ کە نەتەوەخوازیی کوردی (Kurdish Nationalism) هێزێکی زیندووە و بوونی هەیە، هەر کەسێک نکۆڵی لێ بکات، “پێویستە کوێر بێت”، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەستی نەتەوەیی کورد، وەک هەستی نەتەوەیی گەلانی دیکە، هەستێکی گەردوونییە و ڕەوایە، بە مەرجێک نەبێتە هۆی هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر گەلانی دراوسێدا، بوا پێی وایە کە ئەم هەستە نەتەوەییە لای کورد، لانیکەم بە ئەندازەی نەتەوەخوازیی عەرەبی کۆنە و لە نەتەوەخوازیی زۆربەی دەوڵەتە نوێیەکانی ئەفریقاش دامەزراوترە. “بوا” مێژووی نەتەوەخوازیی کورد بە چەند قۆناغێکدا دابەش دەکات. قۆناغی پێش مێژووی نەتەوەخوازیی (ThePrehistory of Kurdish Nationalism) لە دوای ڕووخانی نەینەوا (٦١٢ پ.ز) و بەردەوامبوونی ژیانی کورد لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی فارسیدا دەست پێ دەکات، دواتر لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، بوا ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسلام نەیتوانیوە بە تەواوی تاکڕەویی کوردی بسڕێتەوە، بەڵکو لە (قۆناغی نێوان ئێرانیدا/the Iranian interlude) چەندین میرنشینی کوردی سەربەخۆ سەریان هەڵدا، وەک شەدادییەکان (٩٥١-١٠٨٨)، حەسەنەوییەکان (٩٤١-١٠١٤)، و بە تایبەتی مەروانییەکان (٩٩٠-١٠٩٦) لە دیاربەکر، کە خاوەنی دەسەڵاتێکی بەهێز و کولتوورێکی گەشەسەندوو بوون، بوا بە شانازییەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سەڵاحەدینی ئەیووبی (١١٣٧-١١٩٣)، دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەییووبی و پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئیسلام لە دژی خاچپەرستان، کوردێکی ڕەسەن بووە و هێزە کوردییەکانی لە هۆزەکانی هەکار و هادبانی کۆ کردووەتەوە، ئەم میرنشین و دەوڵەتانە، هەرچەندە بە تەواوی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی نەبوون، بەڵام بە لای بواوە، پێشەنگی بێداربوونەوەی نەتەوەیی بوون. لە سەردەمی نوێدا، بوا تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکان لەسەر دابەشبوونی کوردستان و دەرکەوتنی سیستەمی دەرەبەگایەتی لەناو کورددا. بەڵام دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتننامەی سێڤەر لە ساڵی ١٩٢٠، کە بۆ یەکەمجار مافی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی دانیشت، هەستی نەتەوەیی کوردی گەیشتە لووتکە، بوا ئاماژە بەو ڕاپەڕین و بزووتنەوە نەتەوەییانە دەکات کە لە سەدەی بیستەمدا سەریان هەڵدا، وەک کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦، کە بە لای ئەو وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی دادەنرێت.
بوا لە کۆتاییدا جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕۆشنبیران و شاعیران دەکاتەوە لە بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە شاعیرانی وەک گۆران و جگەرخوێن، سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە شێوازی نووسین و بیروباوەڕی سیاسی (وەک لایەنگریی جگەرخوێن بۆ سۆسیالیزم)، بەڵام هەردووکیان خەمی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و ئازادیی گەلی کوردیان بووە، بۆ “تۆماس بوا”، پرسی “کورد کێیە؟” تەنها پرسی ڕەچەڵەک و مێژوو نییە، بەڵکو پرسی گەلێکە کە خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەند و هەستێکی نەتەوەیی قووڵە، کە بە درێژایی مێژوو لە خەباتدایە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەو خاکەی کە بە کوردستان ناسراوە.
“ئەنجام”
دیدگای “تۆماس بوا” لەسەر کورد، دیدگایەکی فرە ڕەهەند و مرۆڤدۆستانەیە. ئەو کورد وەک گەلێکی دێرین و ڕەسەن دەناسێنێت کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ میدییەکان و لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچەیەکی ستراتیژیدا نیشتەجێن، بوا بە شێوەیەکی تایبەت بایەخ بە لایەنی کولتووری و ئەدەبی کورد دەدات، بە تایبەتی ڕۆڵی ئەدەبی نووسراو و شاعیرانی وەک ئەحمەدی خانی لە دروستکردنی ناسنامەی نەتەوەییدا. لە کۆتاییدا، ئ”تۆماس بوا” نەتەوەخوازیی کوردی بە هەستێکی ڕەسەن و مێژوویی دەزانێت کە لە ڕێگەی میرنشینە کوردییەکان و بزووتنەوە نوێیەکانەوە بەردەوام بووە. بۆیە، وەڵامی بوا بۆ پرسی “کورد کێیە؟” بریتییە لە: “کورد نەوەی میدییەکانن، خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەند و ناسنامەیەکی نەتەوەیی قووڵن، کە بە درێژایی مێژوو لە خەباتدان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی لە خاکە ڕەسەنەکەیاندا”.
سەرچاوەکان؛
- Institut Kurde de Paris, Father Thomas Bois.
- History Commons. The Kurds by Thomas Bois: A Summary.
- Thomas Bois:The Kurds. Khayats, Beirut, 1966.
- Thomas Bois: The Kurds. Chapter II: In Search of the Kurdish People, Chapter, Chapter II, Chapter IV, Chapter IX: On the Fringes of Religions, Chapter XI: Kurdish Nationalism, Chapter III: Life Among the Kurds.
[5] Bois, Thomas. The Kurds..




































































