سینەمای هیندستان بەگشتی، بە تایبەتی بۆلیوود، تەنیا پیشەسازییەکی هونەری و سینەمایی کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی و هونەرییە بۆ سەپاندنی وتارێکی ناوەندیی هیندستانی. بۆلیود لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا بووەتە ئامرازێکی هێزی نەرم بۆ بەرهەمهێنانەوەی گوتاری نەتەوەیی و نەتەوەپەرستی هیندستانی، جۆرە وتارێکی هاوشێوە کۆلۆنیال یان کۆلۆنیالیزمی نوێ، بە تایبەت کە بابەتەکە دێتە سەر کشمیر. لە زنجیرە و فیلمەکاندا کشمیر وەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن مێژوو و کولتوور و دەنگ نیشان نادرێت، بەڵکو وەک بۆشاییەکی بە ڕۆمانسیکراو و جوان یان گۆڕەپانێکی سەربازی پڕ لە گێژاوی سیاسی دەبیندرێت، کە بابەتەکە لە پاشخانێکی سادەدا چڕ دەکرێتەوە و گەلی کشمیر، مێژوو و فەرهەنگ و هونەرەکەی دەسڕدرێتەوە. ئەمە بە ئەندازەیەک بووە وێڕای ئەوەی خەباتکارانی بە تێکدەر و لادەر و تیرۆرست دەبیندرێن، خواستی سەربەخۆیی و لایەنە تووندڕۆ و تیرۆرستییەکانیش دیسان تێکەڵ دەکرێن و وەکو یەک بابەت لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت، ئەزموونێک کوردستان بە بیر دەهێنێتەوە.
کاتێک فلمە سینەمایی و زنجیرە هندستانیەکان تەماشا دەکەیت، تایبەت ئەوانەی ڕووماڵ و نیشاندەری کشمیرن یان ڕووداوەکانیان لە کشمیرستان روودەدەن، ئەو هەستەی لا دروست دەبێت کە کشمیر لە جوگرافیایەکی خۆش و کێشە و گرژی لابەلا بترازێت هیچی تر نابەخشێت. زۆرجاریش وەکو تەواوکاری وتار و وێنە، یان دەنگ و ڕەنگی هیندستان نیشان دەدرێت بە بێ گرنگیدان بە پەراوێز و کێشە و گرفتەکانی ئەو هەرێمەی لە دوای کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا هاوشێوەی کوردستان لەت لەت کراوە. لە بەرامبەریش لە پاکستان بەجۆرێک لە ژێر وتاری موسڵمانبوون مامەڵەی پێوە دەکرێت لە کاتێکدا لە هیندستان زیاتر لە ژێر وتاری تیرۆر و تۆقاندن و ناسەقامگیریی، هاوشێوەی ئەزموونی کورد لە عێراق، مامەڵەی پێوە دەکرێت. زۆرجار کشمیر وەک ناوچەیەک وێنا دەکرێت کە “دەکرا چێژ لە ئاشتی وەربگرێت” ئەگەر دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان نەبووایە، بە پلەی یەکەم لایەنی لۆمەکراویش پاکستانە. لەم نێوەندەدا، دانیشتوانی ناوچەکە یان ئامادە نین یان وەک خەڵکێکی بێدەنگ یان چەشنە چەقبەستووییەکیان بەبەرکراوە و لە چیرۆکێکی ئامادەکراو پێشکەش دەکرێن. بەم شێوەیە کشمیر گۆڕاوە بۆ دیمەنێکی هیندی کە لە قاڵب دراوەتەوە، نەک کۆمەڵگایەکی زیندوو، کە بۆ خۆی و لە بری خۆ و بەخۆی بدوێت و بڕیار بدات. ئەم بەرهەمانە پشت بە دوو ستراتیژی نەگۆڕی هیندستانی دەبەستن؛ ڕۆمانسیکردنی سرووشت لە لایەک و، بەسەربازگەکردنی کشمیر لە لایەکی دیکەوە. لە فیلمەکانی وەک میشن کشمیر 2000 و فتوور 2016 دا، کشمیر وەکو فانتازيا و کەشێکی سۆزداری یان دەروونیی بەرجەستە دەکات، لە کاتێکدا شوێنەکە لە چوارچێوە سیاسی و مێژوویی خۆی بەتاڵ دەکرێتەوە. فیلمی بەڵگەنامەکانی کشمیر 2022 مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا بەهۆی گێڕانەوەیەکی یەک رووانگە، کە ئازارەکانی مرۆڤ دەقۆزێتەوە بۆ خزمەتکردنی ئەجێندایەکی نەتەوەپەرستی هندستانی. وێرای بە قوربانیکردن و بەقوربانی نیشاندان وەکو لە فیلمی حەیدەر 2006 ئەو کێشەیە بە تەواوی زەقە؛ کشمیر قوربانی و داماڵراوە لە وتار و پێناسی سیاسی.
ڕەخنەی رژد لەم چوار فیلمە و دەیان فیلمی دیکە دەگیردرێن بە تایبەت لەسەر چۆنیەتی دەستکاریکردنی کشمیر بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستی و بازرگانی و قازانج بگونجێت. میشن کشمیر ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت کە خەباتێکی سیاسی ئاڵۆزی بچووککردووەتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی خێزانی کەسی، تیایدا بەرخۆدانی کشمیرەکان وەک پرسێکی “بە لاڕێداراو” وێنا دەکات نەک وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی. لە حەیدەر، کە هەرچەندە دان بە تووندوتیژی دەوڵەتدا دەنێت، بەڵام زۆر بەوەش تۆمەتبار دەکرێت ئەجێندای “شێتکردن”ی بەرامبەر کشمیر گرتۆتە بەر، کشمیرییەکان، بە بەکارهێنانی شێتی شکسپیری بۆ مەرامی سیاسی و ستراتیژی ئەو کارە دەکەن. لە لایەکی دیکە فیلمی فتور وەک جۆرێک لە سڕینەوەی کەلەپور سەیر دەکرێت، کە “ڕوانگەیەکی گەشتیاری” بەرکار دەکات، کە ناوچەکە وەک ژینگەیەکی جوان و بەرفراوان بۆ ڕۆمانسیزم مامەڵەی لەگەڵ دەکات لە هەمان کاتدا دۆخی ڕۆژانەی بەسەربازگەکردنی کشمیر نیشان نادات و پشتگوێ دەخات. هەرچی بەڵگەنامەکانی کشمیر – ە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بانگەشە و بە ئامانجگرتنی موسڵمانان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، کە بە دژە-ئیسلام و ترس لە ئیسلام وێنا کراوە. واتا مێژوو بەکاردەهێنێت بۆ بە شەیتانکردنی تەواوی دانیشتوانی موسڵمانی کشمیر و تەنانەت پشتگوێ خستنی وتاری نەتەوەیی، سەرەڕای ئەوەی کۆچی کارەساتبارانەی پاندیتەکانی کشمیر وەکو پاساو بۆ لابردنی سەربەخۆیی سیاسی هەرێمەکە دەهێنێتەوە و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و نەژادی هان دەدات. ئەمە دەچێتە قاڵبی جڵەو کردنی دەق و گێڕانەوە؛ واتا هیندستان بڕیار دەدات کێ کشمیریی بێت لە نێو چیرۆکەکان، کێ نواندنی بۆ بکات و چۆن و کوێش ڤیدیۆکەی تیادا تۆمار بکرێت. لە چوارچێوە بیردۆزییەکاندا، بە تایبەت بیردۆزەکەی گایاتری سپیڤاک بە “ئایا ژێردەستە دەتوانێت قسە بکات؟” بە بیر دەهێنێتەوە، گەلی کشمیر لەو کارە هونەرییانەدا ناتوانێت قسەبکات، لێرەش لەبەر ئەوە نیە کشمیری قسە نەکات، بەلکو لەبەر ئەوەیە بواری قسەکردنی پێنادرێت.
نوێنەرایەتی کشمیر لە سینەما و گوتاری فەرهەنگ و کەلەپوری هیندستاندا لە ڕوانگەی بیرمەندی دیکەی پۆستکۆلۆنال زۆر کێشەدارە، بۆ نمونە، ئێدوارد سەعید لە چوارچێوەی رەخنەی لە وتاری بە ئەویدی کردن ئاماژە بەوە دەدات چۆن ئەویدی وەکو پێکهاتەیەکی دەستەمۆ بۆ خزمەتکردنی دەسەڵاتی ناوەند بەکاردەهێندرێت، هاوکات لەو ڕێگەیەوە پاساو بۆ هەژموونی ناوەند بۆسەر پەراوێز دەدۆزێتەوە. واتا کشمیر وەکو لە سەرەوە ئاماژەم بۆ کردووە، دیمەن و خەڵک و چیرۆکەکانی بێدەنگ و کپکراون بۆ جوانکردنی هیندستان بەکار دەهێندرێن. فرانز فانۆن لە کتێبی “بەدبەختانی سەر زەوی” دا ئاشکرای دەکات کە چۆن ئەم بەرجەستەکردنی و نیشاندانە کەلەپورییە دەبێتە جۆرێک لە تووندوتیژیی هێمایی، واتا کۆلۆنیالیزم لە ڕێگەی ئامرازە جیاوازەکانەوە بەردەوامیی پێدەدرێت بۆ داگیرکردنی خەیاڵ و یادەوەری گشتی کشمیرییەکان و خەڵکیش بە گشتی. لە بۆلیوود، دەکرێت ئەمە لۆلیوودی پاکستانیش بگرێتەوە، پاکستان وەک دوژمنی تاهەتایی و کشمیریش وەک قوربانی سووتماک و کارەساتێک دەمێنێتەوە کە بە زمانی تایبەت و جڵەو کراو و ئاراستەکراو لە وێژە و هونەردا دەگێڕدرێتەوە و قسەشی لە بر دەکرێت، نەک پرسێکی سیاسی کە خەڵکەکەی ڕاستەوخۆ، خۆیان، باسی ژیان و بارودۆخی خۆیان بکەن.
مامەڵەی بۆلیوود لەگەڵ کشمیر شێوازێکە لە دەستکاریکردنی گێڕانەوەی فراوانتر، کە سینەما بۆ بەهێزکردنی بیرۆکەی “هیندستانێکی تاهەتایی” و بێهیوایی خواستی سیاسیی کشمیر ئافراو و سازاوە. هاوکات بەردەوامیش پاکستانی وەکو ناپاک تەماشا دەکرێن، کە جوداخوازی هەڵە بووبن و لە وڵاتێک جیابوونەتەوە لەوەتەی خودا دونیا دروست کردووە هەیە واتا بە هەمان بیرکردنەوەی شۆڤێنی عەرەبی و تورکی و فارسەکانی ناوچەکەمان، کە دروستبوونی وڵاتانی خۆیان بە پێویستییەکی مێژوویی و بۆ کوردیش بە کێشەیەکی بەردەوام و قەیران تەماشای دەکەن، لە کاتێکدا ئەمانە و هیندستان و زۆربەی دەوڵەتە هاوچەرخەکانی دوای کۆلۆنیالیزم تەمەنیان کەمترە لە سەدەیەک. لەم چوارچێوەیەی بۆلیوود، هونەر ئەوەندە باسی کشمیر ناکات، بەڵکو بەناوی ئەوەوە قسە دەکات- جیاوازییەکی چارەنووسساز دروست دەکات؛ کاتێک گەلێک لە مافی نوێنەرایەتیکردنی خۆی بێبەش دەکرێت، هونەر لە ناوەند و کەناڵی دەربڕینەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەپێندراوی هەژموونی کولتووری و ئەجێندای ناوەندیی، کە پەیوەندییەکی خراپ و سەپێندراو نێوان ناوەند و پەراوێز بەرهەم دەهێنێتەوە. لە بەرامبەردا گوتاری فەرمی پاکستانی زۆرجار زمانی قوربانیبوون بەکاردەهێنێت لە کاتی باسکردنی کشمیردا. لە کاتێکدا ئەم گوتارە بێ کاریگەری سیاسی نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتی هێمایی و میدیایی سینەمای هیندستان لە ئاستی جیهانیدا بە کاریگەرییەکی کەمتر دەمێنێتەوە. بە کورتی، پرسیارەکە لەسەر چۆنایەتی فیلمەکان یان سەرکەوتنی بازرگانییان نییە، بەڵکو پرسیارەکە پەیوەندی بە بەرپرسیاریەتی هونەرەوە هەیە. ئایا سینەما دەبێ بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت یان گێڕانەوەیەکی ناوەندیی بێت و هەموو ئەوانی دیکە بێدەنگ بکات؟ لە دۆخی کشمیردا، هونەر و سینەما و گۆرانییەکانی فیلمە هندستانیەکان کشمیرێکی بێ ڕۆح و زمان و هەڵوێست نیشان دەدرێت، واتا هونەر زۆر قسە لەسەر کشمیر دەکات، بەڵام کشمیرییەکان بێدەنگ و لە دەرەوەی چوارچێوەکە دەمێننەوە.




































































