“لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی بەریتانی”
تێبینیی؛ ئەم باسە یان ڕاپۆرتە لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە و من وەک خۆی بە ئەمانەتەوە وەرمگێڕاوە و پێمخۆشە خوێنەری خۆمان ئاگاداری بێت. ئەو زانیارییانەی تێیدا هاتوون دەربڕینی ڕاوبۆچوونی نووسەری ئەم ڕاپۆرتەیە و مەرج نییە لەگەڵ ڕاستی و دروستیی سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکبگرنەوە. ئەم بەڵگەنامەیە و دەیان و بگرە سەدانی تر و زیاتر لەسەر کورد لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و بێگومان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد پێویستن، بەتایبەتی ئەوانەی کە هی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیی ئەو وڵاتەن بۆ کوردستان و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەرگێڕ.
مەحمود پاشای جاف لە ساڵی ١٨٤٥ی زایینی لەدایکبووە و بوو بەو کەسەی کە محەمەد پاشای جافی باوکی لە ڕێگەیەوە ئەو ئامانجەی بەدەستهێنا کە بە درێژایی ژیانی خۆی هەوڵی بۆ دابوو، کە ئەویش لەناوبردن و تێکشکاندنی بنەماڵەی بابانی ڕکابەری سەرسەختی توانا و دەسەڵاتی خێڵی جاف بوو، لەگەڵ عەزیز بەگی جافی ئامۆزای، کە بووکەڵەی دەستی بابان بوو. ئەم هاوپەیمانییە باوکی زۆربەی تەمەنی وەک پەنابەر لە ئێران هێشتبووەوە. بۆ خۆشبەختیی ئەمان لەم کاتەدا سوڵتانی عوسمانی وردە وردە پشتی کردبووە بابانەکان کە پێشتر پارێزەری سنووری باکووری میزۆپاتامیا بوون. هەروەها بابانەکان دەستیان دابووە یاخیبوون لە فەرمانەکانی سوڵتانی عوسمانی و بۆ نموونە هاوکار بوون لە داگیرکردنی شارەزوور لەلایەن ئێرانەوە. بابانەکان دواتر شارەزووریان ڕادەستی فەرماندەی ئێرانی عەباس میرزای قاجار کرد لە جەنگە وێرانکەرەکەیدا دژ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٢١دا. هێزەکانی سوڵتان سوپای بابانی لە ساڵی ١٨٤٧دا لە شەڕی کۆیەدا بە هاوکاریی جاف تێکشکاند و میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥٠ بە تەواوی دەڕوخێت. محەمەد پاشای جاف لەگەڵ هۆزەکەیدا دواتر دەکەونە ژێر دەسەڵاتی سڵێمان پاشای حاکمی مەملووکیی بەغدا، یان دیکتاتۆری سەربازیی عوسمانی کە ئاسەواری بابانی لە شارەزووردا لەناوبرد و دەسەڵاتێکی تەواوی بەخشییە محەمەد پاشای جاف تێیدا. پاشان لەشکرەکەی لەلایەن سوڵتانەوە بە بەشێک لە سوپای عوسمانی ناسێنرا و هەموو ئەو دوژمنانەی تێکشکاند کە نەیاری حوکمڕانیی ئەو بوون. لێرەوە باوکی مەحمود پاشای جاف خاکێکی پڕ لە دوژمنی زۆری بە میرات وەرگرت کە نەیاری حوکمڕانییەکەی بوون. لێرە بەدواوە سەردەمی عەزیز بەگی جافی ئامۆزای باوکی بە خێرایی کۆتایی پێهات و گوڵعەنبەر بوو بە پایتەختی نوێی خێڵی جاف و شارەزووریش قەڵەمڕەوی نوێیان.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بانگهێشتی مەحمود پاشای جافی کرد بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٨٧٣دا وەک فەرماندە و قایمقامی شارەزوور دەستنیشان بکرێت، بە پێی چاکسازییەکانی تەنزیمات، کە دابەشبوونە ئیدارییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە ئەیالەتەوە بۆ ویلایەت ڕێکخستبووەوە. لێرەوە ناوچەی تازە بەدەستهاتووی شارەزووری عوسمانی لەگەڵ گوڵعەنبەر، لە ناو ویلایەتی موسڵدا ڕێکخرا و بە فەرمی بوو بە هەرێمێکی عوسمانی. پاشان مەحمود پاشا بوو بە حاکمێکی فەرمی لە ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. شیاوی باسە کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە پێگەیشتنی هۆشیاریی نەتەوەیی کورددا هەبووە، کە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا دەستی بە دەرکەوتن کردووە، هەروەها لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بە نیشان (میداڵ) و نازناوی وجاخزادەکان ڕێزی لێگیراوە.1 ئەم پیاوە بەهرەمەند بوو لە هەموو سیفەتەکانی سەرکردە و خاوەن ستراتیجێکی زیرەکانە و لێهاتوویەکی سەرنجڕاکێشی ڕێکخستن بوو. مەحمود پاشا دەبوو لە چوارچێوەیەکی جیۆپۆڵەتیکی زۆر ئاڵۆز و لە سەردەمێکی دیاریکەردا بۆ ئایندەی گەلی کورد لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لە لایەک ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی چەقبەستوو لە پرۆسەیەکی ڕوون و ئاشکرای داکشاندا بوو و هێزە دەرپەڕێنەکانی ناوی داواکاریی بەشداری سیاسی و هەستی ناسیۆنالیستی و بەرژەوەندیی ئابووری و گۆڕانکارییەکانی دواخستبوو. بەڵام لە لایەکی ترەوە دینامیکی نێودەوڵەتی بەرەو کۆتایی ئیمپریالیزم دەڕۆیشت و سەرهەڵدانی داواکارییە نەتەوەییەکان لە ناو هەموو ئەو گرووپە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێکهێنابوو، نائەمنی و ناسەقامگیریی لە ژینگەی ڕاستەوخۆی خۆیاندا دروستکردبوو، ئەمەش وایکرد سەرکردەکانی هۆزی جاف هەڵوێستێکی پراگماتیک بگرنەبەر کە دژایەتی نە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و نە دەسەڵاتدارانی قاجاری لە ئێراندا بکەن و لە هەمان کاتیشدا دەست بە هێزێکی چوار هەزار چەکدارییەوە بگرن بۆ بەرگریکردن. ٢، ٣
هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران بەردەوام پەیگیری دۆستایەتی بوون لەگەڵ هۆزی جافدا و ئەمەش گرنگییەکی ستراتیجیی بەم ناوچەیە بەخشیبوو کە بە “ناوچەیەکی جیاکەرەوەی” نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە دادەنرا و ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی سنوورە سیاسییەکانیان. مەحمود پاشا لە ناوجەرگەی ئەم ستراتیجییەتی سنوورکێشانەدا بوو، بۆیە هەردوو دەسەڵاتی ئێران و عوسمانی پلە و پایەی شانازییان پێدەبەخشی داننان بە پێگە هێجگار گرنگەکەی، وەک نازناوی خان کە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پێی بەخشرا و نازناوی پاشا لەلایەن عوسمانییەکانەوە. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بە تەماحێکی گەورەوە تەماشای هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ جافدا دەکرد، چونکە کوردەکان سەلماندبوویان کە سەربازی متمانەپێکراوترن لە خودی سوپای عوسمانی خۆی و ئارەزووی پێکهێنانی هێزێکی کوردی دەکرد لە شێوازی یەکە کۆزاکییەکانی ڕووسیای تزاری، کە باوەڕپێکراوی ئاسایشی بنەڕەتیی دەوڵەت بوون و ئەو هێزە بە سوارەی حەمیدی ناوزەد کرا.4 بەڵام سەرەڕای گرنگیی ناوچەکە بۆ هەردوو دەوڵەت، مەحمود پاشای جاف نیاز و خولیای سەربەخۆیی و پلانی تایبەتی خۆیشی هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە بڕیاریدا خۆی لە هەردوو لایان دوور بخاتەوە. ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی لای ئەستەنبوڵ ورووژاند کە بە چاوی دۆستانە سەیری سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمێکی نەدەکرد کە بتوانێت لە ناوەوە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ناسەقامگیر بکات. ئەو لەشکرکێشییە وێرانکەرەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە هەل و دەرفەت وەرگیرا وەک هەوڵێک بۆ پاڵپشتیکردنی یاخیبوونی ئەرمەنییەکان لە قەوقازی عوسمانی لە ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨دا، کە بوو بە هۆی لاوازکردنی ماشێنی جەنگیی عوسمانی و ئیدارەی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی بە نائارامی هێشتبووەوە. هەروەها ژینگەیەکی لەباری بۆ مەحمود پاشای جاف دروست دەکات کە خۆی لە حکومەتی عوسمانی دوور بخاتەوە. هەندێ لە تاقم و بەشەکانی جافیش چوونە هەورامان بەبێ دانانی بەربەست لەلایەن دەسەڵاتی مەحمود پاشای جافەوە خەریکی تاڵانکاری و توندوتیژیی دەستەگەرایی بوون.٥ لە سەردەمی کەیخوسرەو بەگی جافدا پیاوێک هەبوو بە ناوی خالیدی بەغدادی (لای خۆمان زیاتر بە مەولانا خالید ناسراوە – وەرگێڕ) کە بووبووە شێخێکی گەورەی سۆفی و دوانزە هەزار شوێنکەوتووی لە عەرەبستانەوە بۆ هیندستان هەبوو، لە نێویاندا گەنجێکی وەک محەمەد پاشای جافیش. خالیدی بەغدادی گەشتێکی بۆ دەلهی دەکرد و لەسەر دەستی سوڵتان عەبدوڵڵای سۆفیدا بوو بە شاگرد و خوێندکار و پاشان لە سەردەمی مەحمود پاشای باباندا گەڕایەوە بۆ کوردستان. باسی زۆر بیری گەورەی وەک قوربانیدان و ئەو ڕاستییەی دەکرد کە هەموو شتەکان لە نەبوونییەوە هێنراونەتە ئەم جیهانە و لەلایەن خەڵکی شارەزوور و خودی مەحمود پاشای بابانەوە ڕێزی لێدەگیرا کە خۆیشی یەکێک بوو لە شوێنکەوتووە دڵسۆزەکانی. مەحمود پاشای بابان لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ وڵاتی فارس (ئێران) و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا داوای ڕاوێژی لە خالیدی بەغدادی دەکرد و هەموو نامە و نامەکاریی نێوان خۆی و براکانی لە شازادەی کرماشان و والیی مەملووکیی بەغداد لە ماڵی خالیدی بەغدادیی دەکرایەوە. کوودەتایەک لە دژی مەحمود پاشای بابان لە لایەن عەبدوڵڵا پاشای مامیەوە لەباربرا، بە هاوکاری لەگەڵ سڵێمانی والیی بەغدا، لە ڕێگەی نێوەندگیریی خالیدی بەغدادییەوە.
سوڵتانی دواتری عوسمانی عەبدولمەجیدی یەکەم یەکێک بووە لە شوێنکەوتووانی و زۆرێک لە بنەما و پرەنسیپەکانی بەغدادی لە ماوەی حوکمڕانیی خۆیدا جێبەجێ دەکات. عەبدولمەجیدی یەکەم، لە ناو باخچەی گوڵخانەی (لە سەرچاوەکانی تردا بە خەتی شەریف گوڵخانە هاتووە – وەرگێڕ) تەنیشت کۆشکی تۆپقاپی، لە ساڵی ١٨٣٩ی زاینیدا فەرمانی باڵای گوڵخانە ڕادەگەیەنێت، کە مافی یەکسان بۆ مەسیحییەکان و کەمینەکان دابین دەکات لە هەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، هەروەها لەبەر ڕێزگرتن لە شێخی جافی بەغدادی. دواتر لە پاش کۆچی دوایی، مەزار و گۆڕستانێک بۆ بەغدادی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دروستکرد. بەڵام ئەمە لە کۆتاییدا سەریکێشایەوە بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە و چاکسازییەکان هانی گەلی ئەرمەنیان دا ڕاپەڕین بەرپا بکەن و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ شۆڕشێکی گشتگیر، کەوا کەمینەکانی تری خستە سەر کەڵکەڵەی ڕاپەڕین و شۆڕش و لەنێویاندا چەند بەشێکی خێڵی جافیش بە سەرکردایەتیی مەحمود پاشای جاف. ئەم پەرەسەندنە هانی سوپای ئیمپراتۆریی ڕووسیای دا، کە لە قەوقازدا جێگیر بووبوو، بۆ ئەوەی قەوقازی عوسمانی بگرێت وەک هەوڵدانێک بۆ پشتیوانی کردنی ئەم یاخیبوون و ڕاپەڕینانە. بۆیە هێزەکانی ڕووسیا کە بە پاڵتۆ سپییەکان ناویان دەکردبوو سنووری قەوقازیان بەزاند و بایەزید و ئەردەهان و قارس و ئەرزڕومیان گرت لە هێرشیاندا بۆ سەر هێزەکانی عوسمانی کە بە پاڵتۆ شینەکان ناویان دەرکردبوو بە چەک و چۆڵی ئەڵمانییانەوە. ئەمەش بوو بە هۆی بەرپابوونی ئاژاوە و پشێوییەکی بەرفراوان لە تەواوی ناوچەکەدا، لە وانەوە بۆ موسڵ و سوپای عوسمانی و دامودەزگا دەوڵەتییەکانی ناوچەکە دۆخێکی نائارامی و بێسەروبەرییەکی گەورەی لە سەر سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتەکانی فارس و ڕووسیا و عوسمانی دروست دەکرد. پاشان سوڵتان عەبدولعەزیزی جێگرەوەی ڕووبەڕووی یاخیبوون بووەوە کە لەدژی بەرپاکرا. لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ئیسلام بە توندی لە ژێر کاریگەریی شێخەکانی عەرەبی تائیفیی دەستەگەریدا بوو، کە بێگومان ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ سەر دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولعەزیز. هەروەها تورکەکانیش هێجگار زۆر تائیفی بوون و شوێنی عەرەبەکان دەکەوتن و لەوان زیاتر کۆنترۆڵی مەککەیان کردبوو. توڕەییەکی گشتی کە لە ئیسلامەوە ئیلهامی وەرگرتبوو لە دژی چاکسازییەکانی فەرمانی باڵای گوڵخانە هەبوو کە عەبدولعەزیز لە عەبدولمەجیدی یەکەمی پێش خۆیەوە بە میرات وەریگرتبوو. چاکسازییەکان بەوە لەقەڵەم درابوو کە سەر بە ڕۆژئاوان و زیاتر سوودیان بۆ کەمینە کریستیانەکان هەیە وەک لە موسڵمانەکان. لەو کاتەوە ئۆپۆزسیۆن کەوتە گەشەکردن کە چاکسازییەکانی فەرمانی گوڵخانە خەڵکی لە کۆیلایەتی ڕزگار کردبوو، چونکە بازرگانی کۆیلە دابینکەرێکی سەرەکیی داهات بوو لە نێو عەرەبەکاندا. ئەمەش مەککەی کردبووە دژی عەبدولعەزیز و لێی هەڵگەڕابوونەوە و عەبدولموتەلیبی موتەسەڕیفی مەککە، پیلانی لە دژ دادەنا و دایەپاڵ زۆرێک لە بەرپرسانی تری تووڕەی ناو حکوومەتی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ کە پیلانگێڕییان لە دژی سوڵتان عەبدولعەزیز دەکرد، کە لە ئیمپراتۆرییەتەکەیدا هاوڕێی زۆر کەمی هەبوو و ئەمە گەلەکەی خۆیشی گرتەوە و بەتەنها کورد مابووەوە کە لە ناو ئیمپراتۆرییەتەکەی خۆیدا پشتیان پێ ببەستێت. ئەنجام ڕاوبۆچوون وا کەوتەوە کە سیاسەتێکی لایەنگریی کورد لە چوارچێوەی ئایدیا و باوەڕی سەربازیی عوسمانیدا بگیرێتەبەر بۆ دابینکردنی پشتیوانی لە دژی چەتە و ڕێگری ئیسلامی و عەرەب لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بەم پێیە لە ساڵانی دواتردا سیاسەتی عوسمانی بەو لایەدا دایدەشکاند کە کوردی پێ پەسەندتر و باشتر بێت.
گوڵعەنبەر کە بووە بە پایتەختی نوێی هۆزی جاف، شارەزووریش بوو بە قەڵەمڕەوی حوکمڕانیی نوێی ئەوان. دوای ئەوەی داود پاشای والیی مەملووکیی بەغدا، شکستێکی گەورەی تووشی داگیرکاریی عەباس میرزای قاجار کرد لە باکووری میزۆپاتامیا و لە ساڵی ١٨٥٠دا بابانەکانی [لە سلێمانی] دەرپەڕاند، محەمەد پاشای جاف – لەگەڵ خێڵە کۆچەرەکەیدا – ڕێگەیان پێدرا لە شارەزوور نیشتەجێ بن، بێئەوەی لە لایەن عوسمانی و ئێرانییەکانەوە دەست بێننە ڕێیان و بێزار بکرێن. لێرە بەدواوە سەردەمێکی زێڕین بۆ جافەکان دەستی پێکرد، بەو پێیەی کە بوون بە هێزێکی گەورە لە ناوچەکەدا و کاروانە کۆچەرییەکانیان ڕێگەیان پێدرا لە خانەقین و قزل ڕەباتەوە بۆ پێنجوێن لە ناوچەی شارەزووری کوردستاندا تێپەڕن. لەم ناوچانەدا محەمەد پاشای جاف – لە پێگەی هێز و دەسەڵاتەوە – کەوتە سەرکوتکردنی هەموو دوژمنەکانی، لە جافی سەر بە بابانەکانەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی عەزیز بەگی کوڕی کەیخوسرەو بەگی جافدا بوون، تا دەگاتە سەر هۆزی ڕکابەری هەمەوەند، کە دژە عوسمانی بوون. لە ساڵی ١٨٦٦دا قەڵایەکی لە کەناری ڕووباری سیروان دروستکرد بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەم هەموو ناحەز و دوژمنانە. ناوی ئەم قەڵا و قایمکارییە لە ئێستادا بە قەڵای شێروانە ناسراوە. لە ساڵی ١٨٦٨دا، محەمەد پاشای جاف (باوکی مەحمود پاشا – و) لە لایەن داود پاشای والیی مەملووکیی بەغدادەوە وەک سەرۆکی جاف دەستنیشان دەکرا. بەڵام دەسەڵات و کاریگەریی داود پاشا و محەمەد پاشای جاف لە کاتی شەڕی ڕووسیا و عوسمانیدا، دەوروبەری ساڵی ١٨٧٨، دابوویە کزی و لاوازی. هەمەوەندییەکانی ڕکابەری جاف، بەرەو قەوقاز چوون و شەڕیان بۆ ڕووسەکان دەکرد لە دژی عوسمانییەکان. ڕووسەکانیش چەکیان پێدان و ناردنیانەوە بۆ بەرپاکردنی ئاژاوە و پشێوی لە شارەزووردا. پاشان بە هاوکاری لەگەڵ تاقمەکەی عەزیز بەگی جافدا، هێرشێکیان کردە سەر محەمەد پاشای جاف و لە ساڵی ١٨٨٠دا کوشتیان. مەحمود پاشای جاف ئەرکی گەورەی کۆتاییهێنان بە یاخیبوونی هەمەوەوەندەکان لە باوکیەوە بە میرات بۆ مایەوە و هاوپەیمانەکانیان لە سەرانسەری ویلایەتی موسڵدا ئاژاوە و پشێوییان بەرپا دەکرد، کەوا ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا نیازێکی مکووڕانەی هەبوو بۆ خۆی قۆرخی بکات لە کاتی پەلکوتان و فراوانبوونیدا بۆ ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە قەوقازەوە لە کۆتایی ساڵانی ١٨٧٠کاندا. ویلایەتی موسڵ دەوڵەمەند بوو بە نەوت و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی نیازی تەواوی هەبوو بۆ هێشتنەوەی. تەنانەت چیتر متمانەیان بە والییەکانی خۆیشیان نەمابوو سەبارەت بە ئیدارەدانی هەرێمەکە و لە ماوەیەکی کورتدا دەیانگۆڕین. لە ڕاستیدا ویلایەتەکە لە لایەن خودی عەبدولحەمیدی دووەمی سوڵتانی نوێوە بەڕێوەدەبرا و ئاواتەخوازی ئەوە بوو کە جافەکان هاوپەیمانی ئەو بن و درێژە بە میراتی محەمەد پاشای جاف بدەن لە دژی هەڕەشەی هەمەوەندەکان. هەڵبەت جافەکان هەمیشە ڕقیان لە هەمەوەند دەبووەوە و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە هەموو هۆزەکانی تری کورد زیاتر متمانە بە جاف بکات.
بەرزنجییەکان، کە هێزیان لە سلێمانیدا لەوان کەمتر نەبوو، هاوپەیمانی پێشتری بابانەکان بوون. بۆیە عوسمانییەکان متمانەیان بە بەرزنجییەکان نەبوو، بەڵکو جافەکان سەرەکیترین هاوپەیمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوون و سوڵتان بە تەماحێکی گەورەوە چاوی بڕیبووە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ جاف دەکرد، چونکە کورد سەلماندبوویان کە سەربازێکی جێمتمانەترن لە سوپای عوسمانی خۆی و ئارەزووی ئەوە بوو کە هێزێکی کورد لە سەر شێوازی یەکە کۆزاکییەکانی ڕووسیای تزاری پێکبێنێت، کەوا ئاسایشی سەرەکیی دەوڵەتیان پێسپێردرابوو. ئەو هێزەش بە ناوی خۆیەوە ناوزەد کرابوو، واتە “سوارەی حەمیدی”. هۆزی هەمەوەند لە هەموو شوێنێک بە ناوچەکەدا بڵاوبووبوونەوە و هەڵمەتێکی قڕکردنی بەکۆمەڵیان دەستپێکردبوو لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی ڕووبەری ژیان و گوزەرانی زیاتر بۆ هۆزەکەیان. خودی موسڵ خۆی ناوەندی ئیدارەی عوسمانی بوو بۆ ویلایەتی موسڵ، هەروەها موسڵ ناوەندی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانیش بوو، کە بەردەوام دەکەوتە بەر هێرش و پەلاماری هەمەوەند، کە زۆر کەسیان کوشت و ئاژاوە و پشێوییان لە شارەکە دروستکردبوو. ترس باڵی کێشابوو بەسەر دانیشتوانی ئاشووریدا، چونکە خاوەنی هێزێکی ئەوتۆ نەبوون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست بەرگری لە خۆیان بکەن دژ بە هەمەوەندەکان. مەحمود پاشای جاف بە هانای ئاسوورییەکانەوە ڕۆیشت و دژ بە سوپای هەمەوەند بەرگریی لێکردن و هەر لە موسڵەوە تا گوڵعەنبەر بە توندی بەرەنگاریان بووەوە بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی باوکی. لە کۆتاییدا هەمەوەند بۆ قەسری شیرین هەڵاتن و لەوێ جاف گەمارۆی دان. ئیدارەی عوسمانی و دانیشتووانی ئاسووری سەد ماینیان بەخشییە لەشکری جاف وەک سوپاسگوزارییەک بۆ بەرگریکردن و هاوکاریی شێخ عوبەیدوڵڵا و ئینجیلییەکان لەگەڵ هۆزی جاف دوابەدوای جەنگی ڕووسیا و عوسمانی و ڕاپەڕینی دواتری ئەرمەنەکان لە ساڵی 1880دا. ئەمەش بە ڕێکەوت هاوکات بوو لەگەڵ لەشکرکێشییەکەی شێخ عوبەیدوڵڵادا بۆ سەر ئێران لە هەوڵیدا بۆ وەرگرتنەوەی ورمێ لە ویلایەتی موسڵ بۆ سەر شێخنشینییە نوێیەکەی خۆی کە ئەم شارەی کردبووە مەڵبەندی خۆی. شێخ عوبەیدوڵڵا یاخیبوویەک بوو کە لەگەڵ لەشکرەکەی لە ورمێ لەلایەن ڕووسەکانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکرابوو، پاش ئەوەی ڕووسەکان لە کاتی جەنگی ڕووسیا و عوسمانی و ئێراندا بوونی خۆیان لەوێ جێگیر کردبوو. ورمێ بووبووە ناوەندێکی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنیی لایەنگری ڕووسیا و بە هەمان شێوە لێرەوە دنەی ناسیۆنالیزمی کوردیشیان دەدا. جەنەراڵە ڕووسییە ئەرمەنییەکان لە کاتی جەنگی ڕووسیا و عوسمانیی ساڵانی ١٨٧٠دا سەرکردایەتیی هێرشەکانیان کردبووە ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لێرەوە ئیتر یارمەتیی هێزەکانی عوبەیدوڵڵایان دەدا. مەحمود پاشای جاف پێی وابوو کە مافی خۆیەتی سەربەخۆیی وڵاتەکەی ڕابگەیەنێت و کەوتە هاوکاریکردن لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵادا کە زۆر کاریگەریی ئەو مژدەدەر یان میسیۆنێرە پرۆتستانتانەی لەسەر بوو کە لە ئەمریکاوە هاتبوون و هانیان دەدا بۆ بەرپاکردنی شۆڕش و ڕاپەڕین.
میسیۆنێر جۆزێف کۆنکران لە ورمێی سەر بە عوبەیدوڵڵا، ویلیام ئابۆتی کونسوڵی بەریتانیا لە تەبرێز لە یاخیبوونی عوبەیدوڵڵا ئاگادار کردبووەوە و دواتر بە وردی چاوی لەسەر دۆخەکە بوو. ستراتیجی گەورەی بەریتانیای مەزن بریتی بوو لە قۆرخکردنی هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیا بۆ خۆی. مەحمود پاشای جاف کافی ئەفەندیی گەورەترین زانای لای خۆی نارد بۆ ئەوەی ببێتە نووسەری شەخسیی شێخ عوبەیدوڵڵا. ئەم پیاوە لە ویلایەتی موسڵدا بە هەموو ناوچە کوردییەکاندا دەگەڕا و بە بەڵگەی دەکردن تا شێخ عوبەیدوڵڵا زانیاری لەسەر هەموو شتێک و هەموو کەسێک لە ناو وڵاتەکەیدا پەیدا بکات. کافی ئەفەندی لەم گەشت و گەڕانەیدا گەیشتە موسڵ و تەواو سەرسام بوو بە قوتابخانە یەزدانییەکان کە ئاگریان دەپرست و ئایینی بنەڕەتیی جافەکان بوو لە شاخەکانی شاهۆ و جوانڕۆ لە ئێراندا (ڕەنگە لێرەدا جۆرە تێکەڵبوونێک لەگەڵ ئایینی ئێزیدیدا ڕوویدابێت – وەرگێڕ) و بڕیاریدا لە موسڵ نیشتەجێ بێت، زۆری نەخایاند کەوتە ژێر کاریگەریی کریستیانە ئینجیلییەکان و بوو بە بەشێک لە لیژنەی پێداچوونەوە بە کتێبی پیرۆز (ئینجیل) بە زمانی تورکی و ئەم لیژنەیە ئینجیلی وەرگێڕا بۆ سەر زمانی تورکی. لێرەوە کافی ئەفەندی کەوتە دەستهێنانی زانیاری لەسەر زۆربەی جیهانی ناسراوی ئەو سەردەمە و لەگەڵ زۆرێک لەو نوێنەرە نیشتمانییانەی کە هاتوچۆی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمیان دەکرد لە قوستەنتینیە بەرکەوتەی هەبوو. کافی ئەفەندی کاریگەرییەکی باشی هۆزی جافی بۆ بەشێکی زۆری جیهانی ڕۆژئاوا دروستکرد، چونکە سەعید پاشای کوردی سەر بە هۆزی جاف لە دواییدا وەک باڵیۆز لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دامەزرا، ئەو وڵاتەی کە دەبێتە هاوپەیمانی ژمارە یەکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. کافی ئەفەندی زۆر نزیکی یەکێک لە مسیۆنێرە سەرەکییەکان بوو، کە سەرۆکی نێردەکانی مسیۆنێرە ئینجیلییەکان بوو بۆ ئەرمینیا. دواتر نێردەکانی قەشە دوایت وەک ناوەندی لۆجستی و هەماهەنگی بۆ ڕاپەڕینە گەورەکانی ئەرمینیا لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٠دا خزمەتی کرد، کە بوونە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان. شێخ عوبەیدوڵڵا زۆرێک لە مەسیحییەکانی ئەرمەن چووبوونە ڕیزەکانی سوپاکەیەوە و سەرسامییەکی گەورەش بە شێخ عوبەیدوڵڵا هەبوو لەلایەن مەسیحییەکانەوە. شێخ پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ ئینجیلیەکان لە ناوچەکەدا پەرەپێدابوو، کە دواتر نێردەکانیانی وەک بنکە و بارەگا بۆ هێزەکانی بەکاردەهێنا. ئینجیلییەکانی وەک قەشە دوایت هانی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵایان دا بۆ ئەوەی هەل و دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ڕووخاندنی تەواوەتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەم شێوەیەش گەڕانەوەی مەسیحییەت بۆ ئاسیای بچووک. هێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ویلایەتی موسڵەوە هێرشیان کردە ناو ئێران و پاشان خاک و وڵاتی ئەردەڵانی دوژمنە کۆنەکانی جافیان داگیرکرد، کە لە سەدەی هەژدەدا جافەکانیان لە ناوچەی جوانڕۆی ئێران دەرکردبوو. دواتریش ناوچەکانی بۆتان و بادینان و هەکارییان داگیرکرد کە هەموویان لە چوارچێوەی ویلایەتی ئەردەڵانی قاجاریی کوردستاندا بوون و لایەنگرانی قاجاریان دەشکاند. بەڵام عەبدولحەمیدی دووەمی ئیمپراتۆری عوسمانی ڕێگەی بە شێخ عوبەیدوڵڵا نەدا هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتەکەی دروست بکات، بەتایبەتی لە ناوچەی هەستەوەری ویلایەتی موسڵدا، کە لەوەدا بوو ببێتە خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە دید و تێڕوانینی بۆ ئایندەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەبەر ئەوە بە هێزێکی عوسمانییەوە دای بەسەر هێزەکانی شێخ عوبەدوڵڵادا و بە هاوکاریی هێرشێکی پێچەوانەی قاجارییەکان شۆڕشەکەی شێخیان لە ماوەی یەک ساڵدا تێکشکاند و لەناویانبرد. پاشان شێخ عوبەیدوڵڵا خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان کرد و دوورخرایەوە بۆ ئیستانبوڵ، ئەو شارەی کەوا کافی ئەفەندیی ڕەعییەتی تێیدا دەژیا لە دژی جەماوەرەکەی ڕێپێوانیان دەکرد و لەگەڵ هێرشی دژە هێرشی قاجاریش لە یەک ساڵدا ڕاپەڕینەکەی دەچەوساندەوە. شێخ عوبەیدوڵڵا تەسلیمی عوسمانییەکان دەبوو و دەربەدەر دەکرا بۆ ئەستەنبوڵ، هەمان ئەو شارە کە کەفی ئەفەندی ڕەعیەتەکەی تێیدا دەژیا و هەردوکیان ساڵی ١٨٨٣ لە ئەستەنبوڵ مردن (سەرچاوە مێژووییەکان وای باس دەکەن کە شێخ عوبەیدوڵڵا لە مەککە کۆچی دوایی کردووە – و). هەرچەندە کوردەکان بوون بە مایەی بێزارییەکی گەورە بۆ سەردەمی عەبدولحەمیدی دووەم، بەڵام ئەمە لەو خواست و بڕیارەی پاشگەزی نەکردەوە بۆ ئەوەی بیانکاتە هاوپەیمانی سەرەکیی ئیدارەکەی و بەتایبەتی جافەکان. ساڵی ١٨٨٣ یەکێک لە جافەکانی کردە باڵیۆزی خۆی بۆ گرنگترین هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کە ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا بوو و ئەمیش سەعید پاشای کورد بوو، کە دواتر پلەی بەرزکرایەوە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئیدارەی عوسمانیی عەبدولحەمیدی دووەم.
حکوومەتی عوسمانی ئاگاداری ئەو هەستە دروستکراوانە بوو کە مەحمود پاشای جاف لە کوردستان ورووژاندبووی، بۆیە بەرپرسانیان نارد بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت و بەڵگە کە ڕێگەیان پێبدەن لە هەڵەبجە لە پۆستەکەیی دووربخەنەوە. فەرماندەی بەرپرسی ئەم کارە نامیق پاشای قایمقامی بەغدا بوو. مەحمود پاشای جاف زانیاریی هەبوو کە نامیق پاشا لە لایەن حکوومەتی عوسمانییەوە نێردراوە بۆ ئەوەی سیخوڕیی بەسەریەوە بکات و بەم جۆرە هیچ میواندارییەکی پێ نەکرد. ئەم بێوێڵی و نامیواندارییە بەس بوو بۆ ئەوەی نامیق پاشا ڕاپۆرتێکی پڕ خەوش و کەموکووڕی بنووسێت و مەحمود پاشای جاف تۆمەتبار بکات بەوەی خۆی لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم هاوتا و یەکسان کردووە و هاوکاریی لەگەڵ دوژمنەکانی کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست بکات. لە ئەنجامی ئەم ڕاپۆرتەدا، ساڵی ١٨٨٨ – ١٨٨٩ ڕاگەیاندنێک دەرکرا و دوای ئەوە سوڵتان مەحمود پاشای جافی لە پۆستەکەی لابرد وەک سەرۆکی عەشیرەتی جاف و لە شوێنی ئەو عوسمان پاشای جاف بە سەرۆک دانرا. هەروەها بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لەم ناوچەیەی دووربخاتەوە، کرایە والیی ویلایەتی ئورفە. بەڵام مەحمود پاشای جاف ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە، بەڵکو لە ساڵی ١٨٨٠دا پەیوەندیی بە ڕاپەڕینی کوردەوە کرد کە بەدوای خاکدا دەگەڕا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی کوردنشینی ئۆتۆنۆمیداری سەر بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. خولیای عەبدولحەمید بەردەوام دەبێت لەگەڵ عوسمان پاشای برای مەحمود پاشای جافدا و پێکهێنانی فەوجەکانی سوارەی حەمیدی لە خێڵی جاف. ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی تێکشکاندنی یاخیبوونەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا و سوارەی حەمیدی بوو بە هێزێکی تێسرەوێنی سەرەکی لە ئاسایشی ناوخۆی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و هەموو چەتە و ڕێگرانی ئەرمەن و عەرەبی لەناوبرد و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیانی تێکشکاند. ڕووسیاش سڵی لەمانە دەکردەوە لە جەنگەکانی لەگەڵ عوسمانییەکاندا، بە جەنگی جیهانیی یەکەمیشەوە ٦، ٧.
دواتر دید و تێڕوانین بۆ داگیرکردنی ئێراق لەلایەن بەریتانیاوە دەگۆڕێت، بەڵام گرنگیی هۆزی جاف وەک بابەتێکی بەهادار بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا ناگۆڕێت. هێزە سیاسییەکانی بەریتانیا هەوڵیاندا هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان بکەن بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ پلانەکانیان بەدەستبهێنن. بەڵام مەحمود پاشای جاف ئامادە نەبوو هاوکاریی بەریتانییەکان بکات کە بەگومانەوە دەیڕوانییە نیاز و مەبەستی لەگەڵ گەلی کورددا. ئەم ڕووداوەی خوارەوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ نیازی بەریتانییەکان و هەروەها هەڵوێستی مەحمود پاشای جاف سەبارەت بەم مەسەلەیە. فەرماندە ئێدوارد ویلیام چارڵز نۆئێڵی (کە بە مێجەر نۆئێڵ ناسراوە – و) ئەفسەری سیاسی لە سلێمانی، لە هەوڵێکیدا بۆ دڵنیابوون لە زەمانەتکردنی دڵسۆزیی بۆ هێزەکانی بەریتانیا، چووە سەردانکردنی مەحمود پاشای جاف لە زەڵم (گوندی زەڵم لە دۆڵی ئەحمەد ئاوادایە لە ڕۆژهەڵاتی خورماڵەوە، پێموایە هەواری مەحمود پاشا و سەرۆکەکانی جافی کۆچەر ئەو دەمە لە دووئاوان بووە لەو شوێنەدا کە هەردوو چەمی سیروان و تانجەرۆ لێکیانداوە – و) . بەڵام مەحمود پاشای جاف بەرگی یونیفۆرمی عوسمانی لەبەرکرد لە پێشوازی کردنیدا و ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە کەوتە نێوانیانەوە:
فەرماندە نۆئێڵ گوتی: “ئایا مەحمود پاشا ئامانجی ئەم سەردانە دەزانێت؟”
مەحمود پاشا گوتی: “هیچ زانیارییەکم نییە و حەز دەکەم ڕاستەوخۆ لە ئێوە ببیستم”.
فەرماندە نۆئێڵ: “حکوومەتی بەریتانیا بەنیازە مژدەی خۆشی بداتە گەلی کورد لە کوردستان کە لە ستەم و دڕندەیی عوسمانییەکان ڕزگاریان بکات و دەیەوێت لەم ئەرکەدا پشتیوانیی کەسایەتی و سەرکردەی وەک ئێوە بەدەستبێنێت، وەڵامی ئێوە چییە؟”
مەحمود پاشا لە وەڵامدا وتی: “وەڵامی من ڕەتکردنەوەی تەواوەتییە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە، یەکەم: من پێموانییە مەبەستەکانت بەرانبەر گەلی کورد ڕاستگۆیانە بێت، ئەگەر ئامانجتان خزمەتکردنی کورد و ڕزگارکردنی بێت لە ستەم و دڕندەییەکانی وەک باسکراوە، ئەوا دڵنیابن لەوەی، تەنانەت بەبێ پشتیوانی منیش، سەدان کەس هەن کە ئامادەبن هاوکاریتان بکەن و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبن. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە من موسڵمانم و ئایین ڕێگریی هاوکاریکردنم لێدەکات دژی براکانم لە ئاییندا. هۆکاری سێیەم و کۆتایی پیری و بێتوانایی منە لە گرتنەبەری هەر هەڵسوکەوتێک.
دوای ئەم دیدارە، بەریتانییەکان دەستیان کرد بە فشار خستنە سەر مەحمود پاشای جاف و باج و خەراجی قورسیان بەسەر کورددا سەپاند لە کاتێکدا کە باری تەندروستیی تا دەهات لاواز دەبوو. دواجار لە ساڵی ١٩٢١دا کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی شاری سەعدییە بە خاک سپێردرا.
بیبلۆگرافی
1. C. Basbakanlik Devlet Arsivleri Genel Mudurlugu: Date: 10/S/1301(Hicri)File#:903 Folder#:71772 Group Code: I.DH
کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی وەزیران، بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ئەرشیفی دەوڵەت …
2. ئی. بی. بانیستەر سۆن، ڕاپۆرت لەسەر سلێمانی، بەغدا ١٩١٠
3. ئی. بی. بانیستەر سۆن، تێبینی لەسەر هۆزەکانی باشووری ئێراق، بەغدا ١٩١٨
4- بنەماڵەی جاف فەرمانی قاجاریان لایە بە دانانی مەحمود پاشای جاف وەک خان.
5. مینۆرسکی، هۆزەکانی ڕۆژئاوای ئێران، گۆڤاری ئینستیتیوتی شاهانەی ئەنترۆپۆڵۆجی بەریتانیای مەزن و ئێرلەندا، ل73 – 80، 1945. (ل78)
6. T.C. Basbakanlik Devlet Arsivleri Genel Mudurlugu: Date: 26 /Ca/1311(Hicri) File#:1 Folder#:32 Group Code:Y.. PRK. DFE.
کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتیی وەزیران، بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ئەرشیفی دەوڵەت …
7. ڕۆژانە یاداشتی مێجەر ئی. ئێم. نۆئێڵ لەبارەی: ئەرکی تایبەت لە کوردستاندا لە ١٤ی حوزەیرانەوە بۆ ٢١ی ئەیلوولی ١٩١٩. ئیدارەی بەریتانیا لە ئێراق ١٩١٤ – ١٩٢١. ئۆفیسی کۆمیسیاری مەدەنی، ١٩٢٠
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق




































































