دزینی بەرهەمی ئەدەبی واتە لەبەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەوانی دیکە وپێشاندانی بەوەی کە بەرهەمەکە دەستنوسی خۆتە٠یان بە واتایەکی دیکە بریتیە لە فێلکردن و ساختەکردن لە بواری نووسین و داهێناندا. چونکە بەرهەمە رەسەنەکە هی کەسێکی ديکەیەو هەوڵ و ماندوبوونی بۆ داوە، بۆیە ئەگەر هەوڵی لە بەرگرتنەوەی بدەی ئەوا تۆ هەوڵ و ماندوبونی ئەوت دزیوە، بيگومان ئەمەش بەتەواوەتی پێچەوانەی یاسایە، بەڵام بە داخەوە ئێستا لە کوردستان ئەم کارە بۆتە دیاردەیەکی ناشیرینی بەربڵاو.
لێرەدا دەپرسین ئایا لە هەرێمی کوردستان هەوڵدراوە لە ڕووی یاساییەوە ئەم کێشەیە چارەسەربکرێ؟ خۆشبەختانە وەڵامەکە بەڵێیە. چونکە پاڵپشت بەحوکمەکانی بڕگەی (١) لە ماددەی (٥٦)ی یاسای ژمارە (١) ساڵی (١٩٩٢)ی هەموارکراو، کە لە سەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانی – ئێڕاق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی ژمارە (٣٠) لە ڕۆژی ١٧/١٢/ ٢٠١٢ گرێ درا، بڕیاری دەرکردنی ئەم یاسایەی دا٠ واتە یاسای ژمارە (١٧)ی ساڵی (٢٠١٢) کە یاسای مافی دانەر و مافە هاوسێکانیێتی لە هەرێمی کوردستان – ئێڕاق.
بەپێی ئەم یاسایە دزینی بەرهەمی ئەدەبی پێشێلکردنی یاساکانی هەرێمی کوردستانە. چونکە مەبەست لەم یاسایە پاراستنی هەر کارێکی ئەدەبی یان زانستی یان هونەری داهێنراو یان ئەو ڕواڵەتە داهێنەرەیە کەوا ڕەسەنایەتی دە بەخشێتە کارەکە، وە هەروەها بۆ پاراستنی کاری بە کۆمەڵ وکاری هاوبەش و وەرگیراو…هتد٠ دەتوانین بڵێین لە هەموویان گرینگتر پاراستنی مافی دانەرە، ئەویش ئەو کەسەیە کەوا بەرهەمەکەی داهێناوە. هەروەها مەبەست لە مافە هاوسێکانی بریتیە لە مافی هونەرمەندی بە جێگەیەنەر و بەرهەمهێنەرانی تۆمارە بیستراوەکان، دامەزراوەو ئێزگەو کۆمپانیاو دەستەکانی پەخشی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆو خانەکانی بڵاوکردنەوە بە بێ پێشێلکردنی مافی دانەرە ڕەسەنەکە٠دەتوانین بڵێین ئامانجەکانی ئەم یاسایە بریتین لە: پاراستنی مافەکانی دانەر لە بوارەکانی ئەدەب و زانست و هونەردا وە بۆ هاندانی بزاڤی هونەری و ئەدەبی و زانستی وپێشخستنیان وە هەروەها پێشخستنی پەیوەندیە کلتوریەکان ڵەگەڵ گەلانی تردا لە رێگەی دڵنیا بونەوەیان لە پاراستنی بەرهەمەکانیان کە لە هەرێمدا بڵاودەکرێنەوە٠ئەو کارانەی کە پاراستن دەیانگرێتەوە بە پێی ئەم یاسایە بریتین لە: کارە نوسراوەکان-ئەو کارانەی بە زارەکی دەگوترێنەوە, کارە شانۆییەکان, کاری سینەمایی, کاری فۆتۆگرافی,ئەو کارانەی بونەتە موڵکی گشتی…هتد
پیادەکردنی ئەم یاسایە بەسەر ئەو کەسانەوەیە کە هاوڵاتی هەرێمن یان ئەو کەسانەی کە نیشتەجێی هەرێم نین یان ئەو بیانیانەی کە یەکەم جار کارەکانیان لە هەرێمدا بڵاودەکرێنەوە٠دانەر مافی دارایی و مەعنەوی هەیە بەڵام مافەکانی ڵەگەڵ دانانی کارەکەی دێنە ئاراوە. مەرج نیە بۆ پاراستنی مافەکانی کارەکەی تۆمار کرابێت یان ڕێکارە ڕواڵەتیەکانی تری بۆ تەواو کرابێت٠ وە ماوەی پاراستن بە درێژایی ژیانی نوسەرەکەیە وە (٥٠) ساڵ دوایی مردنیەتی٠ دادگا بۆی هەیە لەسەر داواکاری خاوەن یان یەکێک لە میراتگر یان یەکێک لە جێگرەوەکانی چ پێش بەرزکردنەوەی داوا یان لە کاتی داواکەدا ڕێكارە پاراستنیەکان بگرێتە بەر کە لە یاساکەدا باس کراوە٠تاوانبارەکەش سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە یەک مانگ کەمتر نەبێ لە ساڵێک زیاترنەبێ وە بە غەڕامەیەک لە (٥٠٠) هەزار دینار کەمتر نەبێ و لە ملیۆنێک و (٥٠٠) هەزار دینار زیاتر نەبێ٠
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم جگە لە لایەنە نایاساییەکەی کارێکی زۆر نابەجێیە کە هەوڵی بردنی ماندوبونی کەسانی دیکە بدەین، وە زۆر گرینگە بتوانین ڕێز لە کاری کەسانی دیکە بگرین و هەوڵی خۆمان بدەین لە ژیاندا، چونکە لەوانەیە تاکە ڕێگای سەرکەوتن جیاوازبوون بێت.



































































