چەمکی گەشەپێدانی بەردەوام یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٨٧ خرایە بەرباس و مەبەست لێی ئەو گەشەپێدانەیە کە لەپرۆسەکەیدا، پێویستیەکان و ئاسایشی نەوەی داهاتوو نەبێت و نەکرێتە قوربانی و فیدای ئاسایش و پێویستییەکانی نەوەی ئێستادا. واتە گەشەپێدانی بەردەوام جگە لە پاراستنی ژینگە مانایەکی تریشی هەیە و ئەویش چەمکێکی نوێی گەشەی ئابوورییە؛ گەشەیەک کە دادپەروەری و توانایی ژیان بۆ هەموو خەڵکی لە جیهاندا (نەک کۆمەڵێک و گرووپێک و تاخمێکی دیاریکراو و دەستەبژێرکراودا) و هەروەها تەواوی نەوەکانی داهاتووش بە بێ لە ناو بردن و نەهێشتنی زیاتری سەرمایە و پۆتانسێل و هێزی شاراوە و سەرچاوە سرووشتییە سنووردارەکانی جیهان لە خۆ بگرێت. واتە بە بێ پاراستنی تەندروستی ژینگەیی، پەرەپێدان و گەشەسەندن ڕووی نادات و ئەستەمە کە جێبەجێ بکرێت، بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژار کە ناتوانن پاڵپشتی لەم سیاسەتانە بکەن. هەموومان دەزانین کە ساڵانێکی زۆرە کە تەندروستی ژینگەیی و گۆی زەوی کراوەتە قوربانی و فیدای سیاسەتەکانی گەشەی ئابووری. ئەگەر چی ئەم لەناوچوونەی ژینگە لە ئێستادا نەبێتە هۆی هەڕەشەیەکی جیدی بۆ ژیان و مان و نەمانی مرۆڤ بەڵام، دەتوانێت کواڵیتی ژیان بکاتە ئامانج و ژیان قورس و ئەستەم کات و لە کواڵیتی ژیان کەم دابەزێنێت.
لەم نووسینەدا دوای خوێندنەوەی کۆمەڵە توێژینەوەیەک لە سەر گەشەپێدانی بەردەوام، بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوام باسی لێوە دەکرێت. جیاوازی و ناکۆکی گەورە لە نێوان وڵاتانی گەشەسەندوو و وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەیە سەبارەت بە ئەولەوییەتبەندی و ڕیزبەندی ژینگەییدا. بۆ نمونە لە وڵاتانی گەشەسەندوودا پرس و مەترسییە گریمانییەکان وەک گەرمبوونی گۆی زەوی، گەورەبوونی چینی ئۆزۆن و فرێدان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوە کیمیاوییەکان جێگەی نیگەرانی هەرە سەرەکیین و لە ئایندەدا کاریگەری بە سەر ژیانی مرۆڤەکاندا، دادەنێن؛ لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا تاوەکو ئێستا گیریان خواردووە بە دەست بابەت و پرسی زۆر سادە و سەرەتایی وەک پیسبوونی ئاو، داخوران یا ڕۆچوونی زەوی و برسێتی و هەژاریدا. بۆیە لێرەدا باس لە سێ پرسی سەرەکی دەکەین کە لە پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام پێویستە لە ڕیزبەندی و ئەولەوییەتی یەکەمدا بن، دەکەین واتە پرسی ئاو وەک ژیان و هۆکاری سەرەکی ژیان و مان و نەمانی مرۆڤایەتی و گیانداران و گۆی زەوی و سرووشت، هەژاری و برسێتی وەک گرنگترین هۆکاری هەڕەشە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ وتەندروستی ژینگە، وە سووتەمەنی وەک گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی ژینگە و ڕێکار و ڕێگەچارە پێشکەشکراوەکان دەکەین.
“بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو”
ئاوی پاک سەرچاوەی سەرەکی ژیانە کە رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر دەبێتەوە، ئاو بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤەکان، پاراستنی تەندروستی ژینگە و پەرەپێدانی ئابووری گرنگە و ئەمرۆکە ئاوی پیس ژیانی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی خستۆتە مەترسیەوە و هەڕەشە لە ژیانیاندا دەکات. ساڵانە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس لە سەر ئاستی جیهان- بە تایبەتی مناڵان – بە هۆکاری ئەو نەخۆشیانەی کە خواردنەوەی ئاوی پیسبوو (ناپاک) بە کار دێنن گیانیان لە دەست دەدەن. زیاتر لە یەک ملیار کەس لە جیهاندا لە خواردنەوەی ئاوی پاک و خاوێن بێبەشن و هەروەها ١.٧ ملیار کەسیش لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کە شیاو بێت بێ بەشن. پیسبوونی ئاوەکان دەتوانێت کاریگەری خراپی بۆ سەر ژینگە و هەمەچەشنی ڕووەک و گیانلەبەرەکاندا هەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئاو ڕۆڵێکی بایەخدار و گرنگی لە ئابووری بە تایبەت لە بەشە کشتووکاڵییەکان، پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزەدا هەیە، بۆیە گرنگیدان بە کواڵیتی ئاو دەتوانێت کاریگەرییەکی بەهێزی لە سەر ڕێڕەو و پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و پاراستنی ژینگە وسرووشتدا هەبێت. بەڵام بەداخەوە ئەم سەرچاوە و سامانە سرووشتییە لە زۆربەی وڵاتاندا بەڕێوەبردن و ئیدارەدانێکی لاوازی هەیە و ناتوانێت گەرەنتی گەشەپێدانی بەردەواممان بۆ بکات. خواست لە سەر ئاو ڕوو لە زیادبوونە و ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بەردەوام زیاد دەکات، بۆیە خواست بۆ بەرهەمە خۆراکی و خواردەمەنییەکان و لە ئەنجامدا خواست لە سەر ئاو لە بەش و کەرتی کشتووکاڵیشدا زیاد دەکات. بە هەمان شێوە، بە هۆی گەشەی ئابووری داوا و خواست لە سەر ئاو لە کەرتی پیشەسازی و بەکارهێنانی ناو ماڵانیش زیاد دەکات، لە لایەکی دیکە کواڵیتی و چۆنیەتی سەرچاوە ئاوییەکانی بەردەست بە هۆی ئاڵوودەبوون و پیسبوون کە دەرەنجامی پاشەڕۆ و پاشماوەی ماڵان و پیشەسازییەکان و بەکارهێنانی ماددە کیمیاوییەکانی ناو کەرتی کشتوکاڵین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.
بۆیە خستنەڕووی ئاوی پاک و خاوێنیش کەمدەبێتەوە و جگەلەوەش ئەگەری سوودوەرگرتن لە سەرچاوە نوێیەکان سنووردارە و هەروەها تێچووی سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی نوێ زۆر بەرزترە لە تێچووی بەکارهێنانی سەرچاوەی بەردەستدا. لە ئیستادا زۆرن ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی قەیران و کیشەی کەم ئاوی بوونەتەوە و پیش بینی دەکرێت تاکو ساڵی ٢٠٣٠ زۆر وڵاتی دیکەش بێنە ڕیزی ئەم وڵاتانەدا، مەگەر ئەوەی کە خواستی گشتی لە سەر ئاو کەم بکەنەوە. بە وتەی (مالین فالکن مارک) پسپۆری سویدی سەرچاوەکانی ئاو و لە سەر بنەمای بەراوردکاری ئەودا لایەنی کەمی ئاوی پێویست بۆ پاراستنی تەندروستی هەر تاک یا مرۆڤێک لە یەک رۆژدا واتە رۆژانە ١٠٠ لیتر ( ٣٦.٥مەتر سێجا لە ساڵێک دایە). لە حاڵێکدا کە بڕی پێویست لە کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزە (٥ تا ١٠) هێندەی ئەم ژمارەیەدایە. هەر بە هۆی دابەزینی رۆژ لە دوای رۆژی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە شیاون بۆ بەکارهێنان، ژیانی مرۆڤەکان، تەندروستی ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام کەوتۆتە ژێر هەڕەشە، وە دەبێت هەر لە ئێستاوە بە دوای ڕێگەچارەی پێویست بین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پرسە و کیشەیەدا. زۆرینەی کێشەکانیش دەگەرێتەوە بۆ لاوازی لە ئیدارەدان یا بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا. زۆربەی کاتەکان سەرمایەگوزاری لە کەرت و بەشی (ئاو) لە لایەن دەوڵەتانەوە ئەنجامدراوە، بۆیە ئەم بەشە لە ژێر ئیدارەی دەوڵەتاندا بووە. کە هۆکارەکانی ئەم بابەتە لەم خاڵانەی خوارەوەدا سەرچاوە دەگرێت:-
یەکەم؛ سەرمایەگوزاری زەبەلاحی سەرەتایی بۆ ژێرخانەکان بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاودا.
دووەم؛ هەڵبەز و دابەزی زۆر توندی خستنەڕووی سرووشتی ئاو بە درێژایی مێژوودا.
سێیەم؛ ئاو لە هەندێ حاڵەتدا وەک کاڵایەکی گشتییە و ناتوانرێت بە ئاسانی لە بەکارهێنەرانیدا تێچوو یا نرخێک داوا بکرێت.
چوارەم؛ بەکارهێنانی فرەجۆر و سوودی جیاواز و جۆراوجۆری ئاو کاریگەری جیاوازی بە سەر ژینگەدا هەیە، کە ئەم فرەچەشنە سوود و بەکارهێنانە لە نرخی بازاردا ڕەنگ ناداتەوە.
بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەن حکومەتەکانەوە چەند خاڵێکی لاواز و نەرێنی هەیە کە:-
١- بە هۆی کەمی و دەگمەن بوونی، وڵاتان زۆربەی کات لە سەر بنەمای تێبینییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان تەرخان و دابەشی دەکەن نەوەک لە سەر بنەمای پێوەرە ئابوورییەکاندا.
٢- نرخدانان بۆ ئاو لە ئاستێکی نزمتر لە نرخی ڕاستەقینەیدا کە لە ئاستی جیهانیدا زۆر باو و بەربڵاوە، زۆر جار دەبێتە هۆکاری تەرخانکردنی نانمونەیی (کەمتر لە ئاست و پێوەر و ستانداردە نمونەییەکاندا) وە هەروەها سوودوەرگرتنی ناکارامە و نابەجێ و هەڵە لەم سەرچاوە گرنگەی ژیاندا. لە زۆربەی وڵاتاندا، جوتیارەکان بەرامبەر ئەو ئاوەی کە لە ڕێگەی سیستەمەکانی ئاودان بۆیان فەراهەم کراوە هیچ بڕە پارەیەک نادەن بۆیە ویست و پاڵنەرێکی بەهێز و پێویستیان بۆ دەست پێوەگرتنیدا نیە لە بەکارهێنانیدا. نرخی ئاوی بەکارهێنراو لە ناوچە شارنشینەکاندا زۆربەی کات زۆر کەمترە لە تێچووی بەرهەمهێنانیدا و دەست نیشان دەکرێت.
٣- بەکارهێنانی جیاوازی ئاو، بۆ نمونە بەکارهێنانی ناوماڵان، ئاوی بەکارهێنراو لە کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەرهەمهێنانی وزە، زۆربەی کات دەکەونە ژێر ئیدارە و بەڕێوەبردنی جیاواز و جیادا کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری نێوان بەشەکان و (دوو لایەنە)ی ئەم بەکارهێنانە جیاوازانەدا پشتگوێ بخرێن و لە ئەنجامدا ڕەنگە تەرخانکردنی نانمونەیی و نەگونجاو ڕووبدات و بڕێکی زۆر لەم ماددە دەگمەنەش بەفیرۆ بچێت.
پاراستنی تەندروستی ژینگە و کۆنترۆڵکردنی پیسبوون، کارێکی جوانکاری یا کاڵایەکی دەستی دوو نیە کە دوای گەیشتن بە گەشەی ئابووری ئینجا دەستیان بۆ بەرین، بەڵکو دەبێت وەک مەرجی پێویست بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام ڕەچاو بکرێت.
“بێ ژینگەیەکی تەندروست، گەشەپێدان زۆر ئەستەمە”
زۆرینەی کات ئاوڕێکی جیدی بە کواڵیتی ئاو و کۆنترۆڵکردنی پیسی ئاو نادرێت و وەک پێویست لە بەر چاو ناگیرێت. بەرێوەبردنی لاوازی سەرچاوەکانی ئاو نە تنها تەندروستی گشتی دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ لەناوچوونی زەوی و سەرچاوەکانی ئاو و لە زۆربەی وڵاتان تاوەکو ئێستا کەشی لەگەڵدا بێت مەرج و یاسا و ڕێسای پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاو، دەستنیشان و دیاری نەکراوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە پێشتر و لە کۆن پەنایان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوە ئاوییە نوێیەکان دەدا، واتە زیاتر تەرکیز لە سەر خستنەڕووی زیاتر بوو، بەڵام لە پرس و مەسەلەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی بەردەوام زیاتر جەخت لە سەر کۆمەڵە سیاسەتێک بۆ نەهێشتنی خاڵە لاوازەکانی ئیدارەدان (بەڕێوەبردن) و سوودوەرگرتن و بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایانە کراوە کە بتوانێت کارایی و ئەدای سوودوەرگرتن لەم سەرچاوە بەردەستانە زیاد و بەرزترکاتەوە. واتە زیاتر تەرکیز لە سەر خواستە، وە سیاسەتە پێشنیارکراوەکان لەم بارەوە بەم شێوەی لای خوارەوەن:-
أ- سوودوەرگرتن و بایەخدان بە ئاو وەک ستراتیژییەکی نیشتیمانی کە ڕەنگدانەوەی ئامانجە کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی بووە و وە لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندنی وردی سەرچاوە بەردەستەکان ئیدرە بدرێت و بکرێت. لەم حاڵەتەدا کاریگەرییەکانی نێوان کەرت و بەشەکان و ژینگەییەکای سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکان و سەرمایەگوزاریکردن لێیدا فەرامۆش ناکرێت و بایەخی پێ دەدرێت.
ب- خوڵقاندنی پاڵنەر و ئیرادە بۆ بەکارهێنانی کارامە لەسەر چاوە ئاوییەکاندا. بۆ سوودوەرگرتنی باشتر لەسەر چاوە ئاوییەکان و دواتر تەرخانکردنی باشتری ئاو لە نێوان بەکارهێنانە جۆراوجۆرەکان دەبێت خواست و ویستی پێویست بخوڵقێنرێت. یەکێک لە ڕێگە گونجاوەکان بۆ ئەم کارە نرخدانانی ڕاست و دروستە، بە شێوەیەک نرخەکان ڕەنگدانەوەی تێچووەکان و بەهای ڕاستەقینە بن.
ج- دانانی کۆمەڵە یاسا و ڕێنمایی توند سەبارەت بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو بە تایبەت ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستن و بۆ هەمووانە بە گشتی و باشتر و زیاتر ڕوونکردنەوەی مافی ئاو.
د- گرینگیدان بە کواڵیتی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگەی تایبەت و پەیوەست پێیدا. گرینگیدان و چاودێری و پاراستنی کواڵیتی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە لەم ئێستادا تێچووەکەی زۆر کەمترە تا ئەو کاتەی کە زیانی قەرەبوونەکراوی لێ دەکەوێتەوە.
ه- پێشنیار و هاندانی بەشداری تاک و لایەنە خاوەن بەڕژەوەندییەکاندا. بەشداری بەکارهێنەرانی سەرچاوە ئاویەکان لە داڕشتن و دیزاینکردنی پڕۆژە و پلاندانان و بەڕێوەبردنی چالاکیە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتەنیا ئەم سەرچاوانە خاوەنی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنێکی دڵسۆزانەتر بن بەڵکو پاڵپشتیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە پڕۆژە پەیوەندیدارەکانیش دەستەبەر بکرێت.
و- گرینگیدانی زیاتر بە خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە چینە کەمدەرامەت و داهاتەکاندا. بایەخدان بە تەندروستی ئاوی خواردنەوە و تەندروستی ژینگەیی لە ناوچە چڕەکانی دانیشتوان و هەژار نشینەکان ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە درمیەکاندا. نرخدانان بۆ خزمەتگوزاریەکانی ئاویش دەتوانێت بە شێوەیەک بێت کە بەلایەنی کەم بڕی ئاوی پێویستی ماڵان بە نرخێکی هەرزان پێشکەش بکرێت و بۆ بەکارهێنانی زیاتر نرخی بەرزتر دیاری بکرێت.
ز- پاڵپشتی و پشتگیریکردن لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و پەرەپێدان و گەشەپێدان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کەمتێچووەکان لە بواری پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و باشترکردنی کواڵیتیاندا.
“بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و برسێتی”
دوای پرسی ئاو، گەورەترین ئاڵنگاری کە جیهان و هەر کۆمەڵگەیەک گیرۆدەیەتی و ڕووبەڕووی بۆتەوە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکە بۆ ئەو ملیۆنان کەسەی کە لە هەژاری و برسێتیدان. تاکو ٢٥ یا ٣٠ ساڵی داهاتوو پێویستی دانیشتوانی گۆی زەوی بە خۆراک و خواردن دوو هێندە زیاد دەبێت. بۆ کەمکردنەوەی برسێتی، خستنەڕووی خۆراک لە ئاستی جیهانی و نیشتیمانی پێویستە و دەبێ فراوانتر بکرێت. ئەمە پرس و بابەتێکی گرنگ و پێویست و بنەڕەتییە، بەڵام بەس نیە، چونکە لە ئێستادا سەرەڕای بوونی سەرچاوەی خۆراکی پێویست لە سەر ئاستی جیهانی و سەرانسەری جیهاندا، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتونی جیهاندا بە دەست برسیەتی دەناڵێنن، تەنها بەم هۆکارە کە توانای کڕینی خۆراک و خواردنی پێویستیان بۆ ژیانێکی تەندروست نیە. هەڵبەت دەبێت ئەوە لەبەر چاوبگرین کە لە سی دەیەی ڕابردوودا ئاستی ژیانی خەڵک لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا باشتر بوە ؛ڕێژەی ئەو تاکانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدان کەمتر بۆتەوە، داهاتی تاک دوو هێندە بووە، ڕێژەی مردنی مناڵانی کۆرپە و تازە لەدایکبوو بۆ نیوە دابەزیوە و تەمەنی چاوەڕوانکراو بە شێوەی تێکرا ١٠ ساڵ زیادی کردووە. ڕێژەی بەرهەمداری کەرتی کشتوکاڵی بە شێوەی بەرچاو زیادی کردوە، ئەمە لە حاڵێکدا کە نرخی ڕاستەقینەی خۆراک ٣٠٪ کەم بۆتەوە. ئەم سەرکەوتنانە لە بارودۆخێکدا بە دەستهاتوون کە هەر لەم سەردەمەدا ژمارەی دانیشتوانی جیهان نزیکەی دوو هێندە بەرز بۆتەوە. بەڵام هەموو تاکێک بە یەک ڕێژە لەم سەرکەوتنانە سوودمەند نەبووە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تێکڕای داهات لە بیست وڵاتی هەرە دەوڵەمەندی جیهاندا نزیکەی ٣٧ هێندەی تێکڕای داهاتە لە بیست وڵاتی هەژاری جیهاندا. ئەم دوورییە و جیاوازییە لەم ٤٠ ساڵەی دواییدا دوو هێندە بووە.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و بەشداری نایەکسانی تاکەکان لەم سەرکەوتن و دەستکەوتانەدا بۆتە هۆکاری ئەوەی کە نزیکەی ١.٢٥ ملیار کەس بە داهاتی نزیک بە یەک دۆلار، لە ململانیی سەخت دابن لەگەڵ هەژاری و مان ونەمان لە ژیاندا. لە ١٥٪ ی دانیشتوانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو توشی بەدخۆراکین کە لە نێوانیاندا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن مناڵی خوار ٥ ساڵ هەن کە خۆراکی پێویست بۆ گەشەی فیزیکی و جەستەیی و مێشک وەرناگرن و لێی بێبەشن. ٢ ملیار کەس لە هەموو جیهاندا بە دەست کەمی خوێیەکان و ڤیتامینەکان (وەک ئەی و ئاسن و یۆد و …هتد) دەناڵێنن. خاڵە هەرە ناخۆشەکە ئەوەیە کە سێ لە سەر چواری خەڵکی برسی و هەژار، دانیشتوانی گوند و لادێکانن واتە ئەو شوێنەی کە خۆراک لێیدا بەرهەم دەهێنرێت. یک لە سەر چوارەکەی دیکەی خەڵک و دانیشتوانی شارەکانن کە بە هۆی بێکاری و بێکاری شاراوە بە داهاتێکی کەمتر لە دۆلارێک ژیان بە سەر دەبەن. پێشبینی دەکرێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەی خەڵکی هەژار لە ناوچە شارنشینەکان زیاتر بێت لە ناوچە گوندنشێنەکاندا. وە هەژاری و برسێتیش لە نێوان وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی نایەکسان دابەشكراوە. ٧٠٪ لە ئاسیا و خوارووی بیابانی ئەفریقادا. کەمکردنەوەی ڕێژەی برسێتی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک کارێکی ئاڵۆز قورس و گەورەیە. بۆنەهێشتنی ئەم کێشەیەدا پیویستە هەندێ هەنگاو بنرێت هاوکات لە ئاستی خێزان، نیشتیمان و جیهانیدا بە ئاراستە و لە پێناو ئەم ئامانجانەی لای خوارەوەدا:-
١-کەمکردنەوەی هەژاری؛ کەمکردنەوەی هەژاری و برسێتی بە شێوەیەکی سەرەکی بە ڕێگەی گەشەی ئابووری و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکانی وەدەستهاتوو لە گەشەی ئابووریدا دێتە دی. ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە توانیویانە کە بێ گەشەی ئابووری، هەژاری دابەزێنن و کەمی بکەنەوە زۆر دەگمەنن و بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. لە زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەرزبوونەوەی بەرهەمداری کشتوکاڵیدا دەتوانێت وەک بزوێنەری گەشەی ئابووری و ئابووریدا کار بکات و کارایی هەبێت.
٢-بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ئاستی جیهانیدا؛ دەزانین کە خواست بۆ خۆراک دەکەوێتە ژێر کاریگەری و پەیوەستە بە گەشەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی داهات. لە سەر بنەمای هەموو پێشبینییەکاندا تاکو ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بۆ نزیکەی ٩ ملیار کەس بەرز دەبێتەوە و هەروەها تا ڕادەیەک بەرزبوونەوە لە داهاتەکاندا بەدی دەکڕێت کە خواست بۆ خۆاردن و مادە خۆراکییەکان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا لەوانەیە نزیک بێت لە دوو هێندە.
٣-پەرەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان؛ پەرەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان، بەرهەمداری کشتوکاڵی بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی هەژاری و برسێتی لەم ناوچانەدا و کەمبوونەوەی کۆچی گوندنشینەکان بۆ ناوچە شارنشینەکان یا شارەکاندا. جگە لەوەش بەرهەمداری زیاتر لە سەرچاوە سرووشتییەکانیش بەدوای خۆیدا دێنێت.
٤-باشترکردنی بارودۆخی تەندروستی و ڕجیمی خۆراکی خێزانەکاندا؛ بۆ کەمکردنەوەی برسێتی دەبێت پلانی دیاریکراو بۆ خۆراک و تەندروستی دابرێژڕێت. بەرزبوونەوەی داهاتی خانەوادەکان بە تەنهایی، بەکارهێنانی پێویستی مادە خۆراکییەکان گەرەنتی ناکات. ئەمرۆکە زۆرینەی خانەوادەکان بە سوودوەرگرتنی بەجێ و شیاو لە سەرچاوە بەردەستەکاندا ڕێگە لە بەدخۆراکی مناڵەکانیان دەگرن. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی گۆی زەوی هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد بە دەست بەدخۆراکی و کەمی ڤیتامینەکان دەناڵێنن. بۆیە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک پرسێکی گرنگە کە دەبێت هەر لە ئێستاوە بخرێتە پلان و بەرنامەی کابینەی نوێی حکومەتدا و بۆ ئەوەی کە وڵاتە تازەپیگەیشتووەکان بە تایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆی دوو یا چەند هێندە زیاد بکات و هەروەها هەژاری و برسێتی ڕیشەکێش بکات، دەبێت گۆڕانکاری و چاکسازی لە ستراتیژییەکان، سیاسەتەکان، جۆری سەرمایەگوزارییەکان، پلانەکان و پرۆژەکان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکات. پێویستە پسپۆرانی کەرتی کشتوکاڵی و دارێژەرانی سیاسەتە ئابوورییەکان دەست بخەنە ناو دەستی یەکتری و بە بەهێزی و یەکگرتوویی و پسپۆری و نیشتمان پەروەری بەرێگەی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی شێوازە نوێیەکانی بەرزکردنەوەی بەرههمداری لە کەرتی کشتوکاڵ بدۆزرێتەوە و بە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی ڕاست و دروست، چینی هەژار و برسیش لەم بەرزبوونەوە و زیادبونەی بەرهەمداری لە کەرتی کشوکاڵیدا سوودمەند بن. چارەسەرە پێشنیارکراوەکان لەم بوارەدا بۆ چوار گرووپ و دەستەی سەرەکی پۆلین دەکرێن؛ جێبەجێکردنی سیاسەتی گونجاو، بەرزکردنەوەی خستنەڕووی بەرهەمەکشوکاڵییەکان، دەستڕاگەیشتنی ئاسانتر بە خۆراک و ماددە خۆراکییەکان و سوودوەرگرتنی باشتر لە خۆراک و خۆراکییەکاندا.
أ-سیاسەتی گونجاو؛ بانکی جیهانی لەم بڕوایەدایە کە دەستوەردانی دەوڵەتەکان لە چالاکییەکانی بەرهەمهێنانی کەرتی کشتوکاڵیدا، خۆی بەربەستێکە لە بەردەم گەشەی بەرهەمەکانی ئەم بەش و سێکتەرەدا و دەبێتە هۆی تەرخانکردنی نەشیاو و ناشایستەی سەرچاوەکان، بۆیە ئەم سیاسەتانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:-
١- ئازادسازی نرخی بەرهەمەکان و دامەزراوەکانی کەرتی کشتوکاڵیدا.
٢- چاکسازی لە دامەزراوە گشتییە چالاکەکانی ئەم سێکتەرە.
٣-ڕووکردنە ئەو سیستەمانەی باج و نرخی ئاڵوگۆر کە هاندەر و پاڵنەری چالاکییە کشتوکاڵییەکانن.
٤- دەستگەیشتنی ئاسانتر بە بازارە جیهانییەکانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
تەنانەت ئەگەر خستنەڕووی خۆراک، بەرزبوونەوەی بەرچاویش بەخۆیەوە ببینێت، هەندێ وڵات لەوانە وڵاتی چین، هێشتا پێویستی بە هاوردەکردنی خۆراک دەبێت.
ب-بەرزبوونەوەی خستنەڕووی ماددە خۆراکییەکان.
١-هاندانی جوتیاران بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ گەشەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە سەر ئاستی سەدان و هەزاران کێلگەی بچوک ئەنجام بدرێت و شێوازە نوێیەکان جێگە و جێگرەوەی شێوازە سەرەتایی و کۆن و کەم بەرهەمدارەکان ببن. بۆیە سەرمایەگوزاری لە بواری لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان بۆ گەیشتن بە شێوازە نوێکان زەروورەتە و زۆر بایەخدارە.
٢- زیادکردنی کارایی لە ئاودێریدا. بەشی هەرە سەرەکی لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە سەدەی بیستەمدا، قەرزدار یان بە هۆی باشتربوونی شێوازەکانی ئاودێری بووە. ئەمرۆکە لە ٧٠٪ ی ئاوی تەرخانکراو و خواردنەوەی مرۆڤەکان بۆ ئاودێری و ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان تەرخان کراوە بەڵام، رۆژ دوای ڕۆژ پێشبرکێی نێوان کەرتی کشتوکاڵی و سێکتەرەکانی پیشەسازی و بەکارهێنانی ماڵان زیاد دەکات. بۆیە بەکارهێنانی باشتری هەموو سێکتەرەکان (لە سەرچاوە بەردەستەکان) دەتوانێت تا ڕادەیەکی بەرز و باش کێشەی کەمی ئاو چارەسەر بکات.
٣- چاکسازی لە بەرێوەبردنی سامان و سەرچاوە سرووشتییەکان.
جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پرۆژە بۆ ڕێگریکردن لە داخوران و تێکچوونی خاک و لەناوچوونی چینە بەپیتەکانی خاک و زەوی (وەک دروستکردنی دارستان و لەوەرگەی دەستکرد).
٤- هەندێ گرووپ پییانوایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تەنها بە ڕێگەی گۆڕانکارییە بایۆلۆژییەکاندا دەکرێت نەوەک پەرەپێدان و فراوانکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان وە یاخود داهێنانی سیستەمە نوێیەکانی ئاودێریدا. چونکە زەوییە بەپێتەکان و ئاو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبن. زۆرینەی زەوییە بەپیتەکان لە ئێستادا، بەکار دەهێنرێن و ئاویش بە ڕادەیەکی زۆر بۆ ئاودێری بەکار دێت و لە لایەکی ترەوە بەرفراوانتربونی ناوچە شارنشینەکان و پیشەسازی پێشبڕکێی زیاتری لە نێوان ناوچە لادێی و گوندنشینەکاندا بۆ ئاو دێنێتەکایەوە.
ج-دەستگەیشتنی ئاسانتر بە خۆراک و ماددە خۆراکییەکان.
١- بەهێزکردنی بازارە کشتوکاڵییەکان بە مەبەستی تەرخانکردنی گونجاوی سەرچاوەکان و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان ئەو نرخانەی کە لە لایەن جووتیاران وەرگیراون و ئەو نرخانەی کە بەکارهێنەران دەیدەن.
٢- دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و فێرکردن بۆ کچان و کوڕان. یەکێ لە ڕێگە کاریگەرەکانی کەمکردنەوەی هەژاری، پێشکەشکردن و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و ڕاهێنان و پەروەردەیی بۆ تاکەکان بە تایبەت ژنان. بەڵگەکان دەریدەخەن کە ئاستی داهاتی تاکەکان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئاستی خوێندنیاندا هەیە و بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان یارمەتیدەرە بۆ گەشەی ئابووری. خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەدەیی بۆ ئافرەتان زۆر گرنگە، چونکە ژنان ڕۆڵێکی بایەخداریان لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنەوەی هەژاریدا هەیە. هەرچەندە بارودۆخی تەندروستی و پەروەردەیی ژنان باشتر بێت بەرهەمداریان بەرزتر و زیاتر دەبێت و داهاتی زیاتریان دەست دەکەویت.
٣- سەرمایەگوزاریکردن لە ژێرخانەکان. لە ئەگەری هەبوونی هێڵ یا تۆڕی پەیوەندی گونجاو، جادە و ڕێگەکان، کارەبا و توانایی بە کۆگاکردن و خەزنکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، جوتیاران دەتوانن بە ڕێگەی بەدەستهێنانی زانیاری پێویست بەرهەم و کاڵایەک بەرهەم بێنن کە بەرزترین و زیاترین داهاتیان بۆ دەستەبەر بکات و بەدوای خۆیدا بێنێت. ئەمرۆکە بە هۆی بارودۆخی خراپی جادەکان و نەبونی توانایی باش و گونجاو و پێویست بۆ بەکۆگا کردنی بەرهەمەکان، نزیکەی ١٧٪ بەرهەمەکان لە نێوان کێڵگە و بازاری ساخکردنەوە و فرۆشدا لەناو دەچن. بەم جۆرە بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمی جووتیاران لە ناو دەچێت و تێچووی بەرهەمە خۆراکییەکان بۆ بەکاربەرانی ناو شارەکاندا بەرزتر دەبێتەوە. لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان، خواست و پێویستی بۆ ژێرخانە گونجاوەکانیش بەرزتر دەبێتەوە و زیاد دەکات.
٤- هاندانی بەشداری گشتگیر (هەمەلایەنە)
ئەزموون دەریخستووە کە پلان و بەرنامەکانی پەرەپێدان کاتێک سەرکەوتووتر و جێگیرتر و بەردەوام دەبن کە بەشداری بەرپرسان وهاوڵاتیانی ناوخۆیی و ناوچەیی لەگەڵدا بێت.
د-بەکارهێنانی باشتری بەرهەمە خۆراکییەکان.
هەر وەک ئاماژەی پێکرا زۆرینەی ماڵەکان دەتوانن بە سوودوەرگرتنی ڕاست و دروستی سەرچاوە بەردەستەکانیان ڕێگری بکەن لە بەد خۆراکی مناڵاندا. بەڵام ژمارەیەکی زۆر (دانیشتوان) بە دەست بەدخۆراکی، کەمی ڤیتامینەکان دەناڵێنن. یەکێ لە هۆکارەکان، نەبوونی ڕجیمی خۆراکی ڕاست و تەندروست و شیاوە، بۆیە ئەم سیاسەت و ڕێکارانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن؛
١- پیشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ڕاوێژکاری و تەندروستی بۆ چاکسازیکردن لە ڕجیمی خۆراکی ماڵان (خێزانەکاندا)
٢- سەرمایەگوزاری بۆ فەراهەمکردنی ماددە خۆراکییەکانی وەک ئاسن، یۆد و ڤیتامینی A لە سەر ئاستی گشتی.
خەملێنراوە کە لە وڵاتێکی ٥٠ ملیۆن کەسیدا زیادکردنی ڤیتامینی A و یۆد و خوێیەکان و ڤیتامینە پێویستەکان بۆ ئاو و خۆراک و خواردنی گشت هاوڵاتیان ساڵانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلار تێچووی دەبێت بەڵام کاراییەکەی ٤٠ هێندەی تێچووەکانیەتی.
“وزە و ژینگە”
لە ئێستادا بەکارهێنانی وزە لە وڵاتە تازەپیگەیشتووەکان نیوەی بەکارهێنانیەتی لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکاندا و بەکارهێنانی بۆ هەر تاکێک، یەک لە سەر دەی بەکارهێنایەتی لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا، بەڵام ئامار و لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە بەکارهێنانی وزە لەم وڵاتانەدا لە هەر ١٥ ساڵ جارێک دوو هێندە بەرز دەبێتەوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت کە بڕی بەکارهێنانی وزە لە سی ساڵی داهاتوودا پێنج هێندە زیاد بکات. لە هەموو وڵاتاندا ئەو ئەگەرە هەیە کە بتوانرێت بەکارهێنانی وزە کەمبکرێتەوە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی کارامەیی و کارایی بەکارهێناندا، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیا نوێیەکان و داهێنانی شێوازە نوێیەکان دەتوانرێت ڕێژەی پیسبوونی ژینگە دابەزێنرێت. لەلایەک کەمکردنەوەی یارمەتیەکان بۆ سووتەمەنی بەردینی و بەکارهێنانی کارەبا کە لە زۆربەی وڵاتاندا باوە و هەروەها داهێنانی شێوە نوێیەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارامەیی سوودوەرگرتن لە سووتەمەنی لە کارگە و کارخانەکان، بینا بازرگانیەکان، ماڵان و بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوە لە لایەکی ترەوە، توانیویەتی پاشماوە فیزیکی و ئابوورییەکان بۆ کەمترین ئاست دابەزێنێت. بۆ نموونە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، پێشکەوتنە تەکنەلۆژیاکان کارامەیی و کارایی وێستگەکانیان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەرز کردۆتەوە. بە شێوەیەک کە ڕێژەی بەکارهێنانی سووتەمەنی بۆ هەر یەکەیەکی کارەبا بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوودا لە سەدا 90 دابەزیوە بەڵام، خواست بۆ کارەبا لە ماوەیەکی 70 ساڵەدا هەر دە ساڵ دوو هێندەی لێهاتووە. ئەم بەرزبوونەوە تا ڕادەیەک بەو هۆکارە بووە کە سوودوەرگرتن و بەکارهێنانی کاراتر لە وزە دەبێتە هۆی دابەزینی تێچووەکان و نرخ. جگە لەوەش لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە لە چوار بەشی سەرەکیدا توانایی باشترکردنی شێوازەکان و دابەزاندنی ئاڵوودەبوون و یا پیسبوون لە ئاستێکی بەرفراوان بوونی هەیە و دەکرێت ئەم چوار بەشە سەرەکییە بریتی بن لە:-
١- سووتەمەنی بەکارهاتوو یا هێنراوی ماڵان؛ سوودەرگرتن لە دار و پاشماوەی ئاژەڵان وەک سووتەمەنی، پیسبوونی زۆری هەوا و لە ناوچوونی ژینگە بەدوای خۆیدا دێنێت.
٢- بەرهەمهێنانی کارەبا؛ سوود وەرگرتن لە خەڵووز لە بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددە ترشەکان لە هەوادا.
٣- ئامرازەکانی گواستنەوە؛ بە بەکارهێنانی بەنزین و گاز کۆمەڵێ ماددەی پیسکەرەوەی وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەکارهێنانی و دوان ئۆکسیدی نایترۆجین لە هەوادا بڵاو دەبنەوە.
٤- سوودوەرگرتن لە هەر جۆرێکی سووتهمهنی بەردینە؛ بڵاوبوونەوەی دووان ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا کە دەبێتە هۆکاری گۆرانکاری لە کەش و هەوادا.
“شیکردنەوەی شێوازە پێشنیارکراوەکان”
١-سووتهمهنی بە کارهێنراوی ماڵان؛ لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکانی بانکی جیهانی دەریانخستوە کە ڕێژەی پیسبوون و گەردیلەکانی ناو هەوا کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی دار و پاشماوەی ئاژەڵان وەک سووتهمهنی لە ناوچە لادێ نشینەکانە تۆمار کراوە چەندین هێندە بەرزترە لە سنووری ڕێپێدراو و دەستنیشانکراوی تەندروستی جیهانیدا. ئەم پیسبوونە بە تایبەت لە شوێنە داخراوەکان لە مرۆڤەکان هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان دروست دەکات و دەبێتە هۆی مردنی چوار ملیۆن مناڵ و کۆرپە لە ساڵێکدا، لە گەورەکانیش هۆکار بە بۆ هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و کێشەی دڵ. دیراسەکان دەریانخستووە کە بەرز بوونەوەی داهات بەکارهێنان و سوود وەرگرتن لە سووتهمهنی پاک و خاوێنەکان بەرز دەکاتەوە. ئەگەر داهاتی تاک بگاتە 1500 دۆلار ئەوە لەم دۆخەدا سووتهمهنی پاک دەبێتە جێگرەوەی تەواو و باش. بەڵام لە ئێستادا نزیکەی 70 وڵاتی جیهان بە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن کەس داهاتی هەر تاکێکیان کەمترە لە ١٥٠٠دۆلار و بۆیەش تا ماوەیەکی دوورودرێژ وابەستن و گیرۆدەی بەکارهێنان و سوودوەرگرتنن لە سووتهمهنی (دار و پاشماوەی ئاژەڵان، Bio-Fuels)بۆ بەکارهێنانی ماڵەکانیاندا. بۆیە پێویستە بە دوای ڕێگەچارەی کورتخایەنیش بین بۆ نموونە لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە گۆڕانکاری و چاکسازی لە کەلوپەل و کەرستەی گەرمکەرەوە وەک دروستکردنی شوشە بۆ سۆپاکان کاراییەکەی تا ڕادەی٣٠٪ تا ٥٠٪ بەرزدەکاتەوە و لە نێوان ٢٠٪ بۆ ١٠٠٪ لە پیسبوونی شوێنە داخراوەکان کەم دەکاتەوە. سوودوەرگرتن لە دار وەک سووتهمهنی کاریگەرییەکی تری خراپیشی هەیە بۆ ژینگە و ئەویش لە ناوچوونی دارستانەکان و داخوڕانی خاک و لە ناوچوونیەتی و ڕۆچوونی زەویش یەکێکیە لە دەرەنجامەکانە هەرە گرنگەکان بۆ ڕووبەربوونەوەی ئەم کاریگەریانە لە کورتخایاندا گۆڕانکاری لە شێوەکانی کشتوکاڵی و دروستکردنی دارستانە دەستکردەکان دەتوانێت کاریگەری ئێجگار زۆر گەورەی هەبێت.
٢- بەرەهەمهێنانی کارەبا؛ هەروەک ئاماژەیی پێکرا بەکارهێنانی خەڵوز وەک سووتهمهنی لە بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەردیلەکانی لە هەوادا و هەروەها نیشتنەوەی ماددە ترشەکاندا. لە دەیەکانی پەنجای ڕابردوودا هەندێ شێواز بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گەردیلەکانی لە هەوادا داهێنرا و لە شەست و حەفتاکان پرسی نیشتنەوە یان بارینی ماددە ترشەکان گرنگی زۆری پێدەدرا. وە لەم بواردە شێوازی دیکەی نوێ هاتەکایە و ئەم شێواز و تەکنۆلۆژیا نوێیانە لە ئاستی ئەو پیسبوونەی کە لە دەرەنجامی بەکارهێنانی خەڵوزەوە وەک سووتهمهنی دروست دەبوو کەمی دەکردەوە. وە دواتر دۆزینەوەی یەدەگی زەبەلاحی غاز و توانایی جێگۆڕکێی لە جیاتی خەڵووزی هێنایەکایەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە غاز و خەڵوز بە تەکنۆلۆژیا نوێکان بەڕێژێیەکی بەرچاو لە پیسبوونی ژینگەیی کەم دەکاتەوە.
٣- ئامرازەکانی هاتووچۆ؛ گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیی لە ناوچە شارنشینەکان و شارەکان لە ڕووی بڵاوکردنەوەی گەردیلە ژەهراویەکان لە هەوادا، مۆنۆکسیدی کاربۆن و ئۆتۆمبیلە بەنزینی و گازەکانن. وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تەسفیەکردنی بەنزین لە ماددە ژەهراوی و کوشەندەکان، کۆنترۆڵکردنی بۆریی گزۆزی ئۆتۆمبیل و… هتد توانیویانە تا ڕادەیەکی باش بەرەنگاری ئەم کێشەیە ببنەوە. لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم شێوازانە لە وڵاتە تازە پێگەشتووەکاندا ئەم پیسبوونە کە دەرەنجامی سووتهمهنی بەنزین و گازی ئۆتۆمبیلەکانە تا ڕادەیەکی بەرچاودا دەبەزێت و هەروەها لە وڵاتانی تازە پێگەشتوودا پرسی قەرەباڵغی و کۆنترۆڵکردنی ترافیکیش پێویستە زیاتر بایەخی پێبدرێت.
٤- گە رمبوونی گۆی زەوی؛ لە ئێستادا زیاتر لە سەتا 90 ی خواستی وزەی بازاردا بە ڕیگەی سووتهمهنی بەردینە، لە ٧٪ لە وزەی ئەتۆمی و ٣٪ لە ڕیگەی وزەی بەدەستهاتوو لە هێزی ئاودا دابین دەکرێت. سووتهمهنیە کۆن و کلاسیکیە نابازرگانیەکانی وەک دار، پاشماوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان و پاشەڕۆی ئاژەڵان، ١٠ تا ١٥٪ی خستنەڕووی ماددە سووتهمهنیەکان بەرز دەکاتەوە. لەم چەشنە بارودۆخەی ئێستادا بە چوار هۆکار بەکارهێنانی سووتهمهنیە بەردینەکان بەرز دەبێتەوە؛
أ- بە فراوانبوونی یەدەگی بەکارنەهێنراو لە جیهاندا یان دۆزینەوەی.
ب- سوودوەرگرتن لە سووتهمهنیە بەردینەکان لە بڕی دار و پاشماوە یاخود پاشەرۆی ئاژەڵان.
ج- پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بواری دەرهێنان و سوودوەرگرتن لەم جۆرە سووتهمهنیانە و دواتریش بە دڵنیاییەوە دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنان.
د- بەرزبوونی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و زیانمەندبوونی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرەی وزە بۆ ژینگە.
بۆیە کۆبوونەوە و هەروەها کەڵەکەبوونی دوان ئۆکسیدی کاربۆن لە دەوری گۆی زەویدا بەردەوام دەبێت مەگەر ئەوەی کە سووتهمهنی نوێ کە دووان ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم ناهێنن ببن بە جێگرەوە، هەڵبەت بەرزبوونەوەی کارایی لە بەکارهێنانی وزە، هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی ژینگەیی زۆر سوودبەخشە بەڵام، بەڵام ڕێگری ناکات لە کۆبوونەوە و کەڵەکەبوونی کاربۆن لە گۆی زەویدا. بۆیە پێشنیاز دەکرێت کە سەرچاوەی نوێی وزە وەک وزەی خۆر و وزەی سەوز و وزەی با و وزەی قوڵایی و دەروونی گۆی زەوی بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی زیاتر. هەرچەندە لە ئێستادا زۆر دیراسە و توێژینەوە لەم بارەیەوە کراوە و وزەی خۆر زۆر بە باشی توانیویەتی جێگە و پێگەی بەهێز بە تەکنەلۆژیا بۆ خۆی دەستەبەر بکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە فراوانبووندایە. ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیانە لە چەند تایبەتمەندیەک پێناسە دەکرێن کە:-
١- توانای بەرز بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدان؛ هەرچەندە پێشتر دۆزراوەتەوە بەڵام دەرفەت و مەجالی زۆر فراوانی بۆ گەشە پێدان و پەرەپێدانی زیاتر هەیە.
٢- کۆی گشتی ئەم بەرهەمانە دەتوانرێت و دەکرێت کە هەم لە قەبارەی گەورە و هەم لە قەبارەی بچووک سوودیان لێ وەربگرین.
٣- دەکرێت کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە کەمترین کات بینا بکرێن؛ کە بە پێچەوانەی دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانی جۆرەکانی تری وزە کە بنیادنانیان چەند ساڵێک دەخایەنێت.
٤- پێشبینیکراوە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بە تەرخانکردنی تەنیا لە ٥٪ی زەویە کشتوکاڵیەکانیان بۆ بەفەراهەمکردنی وزەی خۆر بە تایبەت (زەویە کەم داهاتوو کەم بەرهەمەکان) دەتوانن تەواوی وزەی پێویستی خۆیانی لێ دابین بکەن.
ئەم شێوازە نوێیانە لە ژێر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدان تا ئەو کاتەی کە بتوانرێت سووتەمەنیە نوێیەکان بە شێوەی بازرگانی بەرهەم بێنن و جێگرەوەی تەواوی سووتەمەنیە بەردینەکان بکرێن، لەوانەیە چەندین ساڵی پێ بچیت و زۆر درێژە بکێشیت و تا ئەو کاتە پێویستە بەدوای دۆزینەوەی کۆمەڵە ڕێگەیەک بین بۆ سوودوەرگرتنی کاراتر و کارامەتر و بە پیسبوونی ژینگەیی کەمتر لە سووتهمهنییە بەردینەکاندا. بە گشتی سیاسەت و ڕێکارە پێشنیارکراوەکان بۆ دابەزاندن و دابەزین لە پیسبوونی ژینگەیی کە (لە ئەنجامی بەکارهێنانی سووتەمەنی)ن بریتین لە؛
١- دانانی باج بە سەر سەرچاوەکانی پیسبوون و پیسکەرەکانی ژینگە.
٢- دامەزراندنی کۆمەڵە دامەزراوە و ئۆرگانیکی لۆکاڵ و ناوخۆیی و دانانی یاسا و ڕێسایی پێویست بۆ ڕەخسەندنی هەلی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پیسکەرەکان و ئەو کەسانەش کە زیانمەندن یا بوونە لە ئەنجامی پیسبوونی ژینگەدا.
٣-ڕاگرتن و وەستاندنی هاوکاریی ئەو پاڵپشتیانەی کە بۆ سووتەمەنیە بەردینەکان و کارەباییەکان دەکرێت.
٤- فراوانترکردنی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان بە مەبەستی گەیشتن بە شێوازی نوێی داهێنەرانە و داهێنان لەپێناو دابەزاندنی پیسبوونی ژینگە.
٥- هاندانی وڵاتان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا ناسراو و دۆزراوەکان لەپێناو دابەزاندنی پیسبوونی ژینگەییەکان.
٦- خستنە ڕووی تەکنۆلۆژییە نوێیەکان و سوودەکانی سووتهمهنیە نوێیەکان بەهێنانەکایەوە و بەمەبەستی دروستکردن و خولقاندنی خواست بوێان.
٧- سەرمایەگوزاری لە بواری پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێنان و شێوازە تەکنۆلۆژیە نوێیەکاندا.
“دەرئەنجام”
لەم ساڵانەی کۆتاییدا پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی ئابووری و ژینگە بۆ هەموو لایەن ڕوون و ئاشکرا بووە و سیاسەتە پێشنیارکراوەکان بۆ بەردەوامێتی و پەرەپێدان و گەشەسەندنی جێگیر لە ئاستێکی بەرفراوان و لە لایەن ڕای گشتی پەسەندکراوە. بەڵام لە زۆربەی وڵاتاندا شیکاریی سەرچاوە سرووشتیەکان، تێکچوونی ژینگە و پیسبوون و برسێتی و هەژاری هەر بەردەوامە. وڵاتە پێشکەوتووەکان بە گشتی خاوەنی سەرچاوەی مالی و دارایی زیاترن بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە ژینگە. جگە لەوە لەم وڵاتانە بازاری تا ڕادەیەک کارامە، بوونی هەیە. مافی خاوێنداریەتی (موڵکی گشتی) بە باشی پێناسەکراوە، یاسا و ڕێساکان دەربارەی ژینگە و تەنانەت لە بارەی باج کە لە سەر پیسکەرەکانی ژینگە دانراوە و ڕوون و شەفافن بەڵام لە وڵاتە تازە پێگەشتیوەکاندا بەو شێوەیە نیە. جگە لەوە گیرگرفتی دیکەشیان هەیە؛ )نرخدانانی کاڵا گشتییەکان لەم وڵاتانە زۆر نزمترە لە نرخی ڕاستەقینەی لە هەندێک لە ناوچە شارنشینەکاندا. وە لە زۆربەی ناوچە لادێیەکان و گوندنشینەکان هەژاری زۆر توند زاڵە. بەرهەمهێنانی کاڵای هەناردەیی ئەواندا زۆر پەیوەستە بەسەرچاوە سرووشتییەکان و زۆرینەیان خاوەنی گەشەی زۆر خێرای دانیشتوانن. ئەم هۆکارانە لە پاڵ ئەو بارودۆخەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد (نەبوونی سیاسەت و ڕێکارەکان، دامەزراوە و بازاری گونجاو) کێشەی ژینگەیی لەم وڵاتانە چەند هێندە کردووە. ئەو زیانەی بۆ سەر ژینگە دروست بووە دەبێتە هۆی لە دەستدان و بەفیرۆچوونی بەرهەمهێنان و سەرمایەی مرۆیی. سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان، هەر وەک ئاماژەی پێکراو، کەوتنە مەترسی تەندروستی مرۆڤ دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمداری هێزی مرۆیی؛ داخورانی خۆراک (ڕۆچوونی زەوی) و پیسبوونی ئاو،کەمی بەرهەمی لێ دەکەوێتەوە، لە ناوچوونی کەنار دەریاکان و ڕووبارەکان، بەرهەمهێنانی دەریایی (ماسی و ….) و کەمبوونەوە و دابەزینی کارامەیی و کارایی پیشەسازی گەشتیاری بە دوای خۆیدا دێنێت. لە ناوچوونی دارستانەکان بەرهەمداری خاکە بە پیتەکان دادەبەزێنێت. دەربارەی سەرمایەی مرۆییش توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆر هەن و کراوە کە پیسبوونی ئاو و هەوا لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان تەندروستی تاکەکان دەخاتە مەترسییەوە و مردنی پێشوەختەی لێ دەکەوێتەوە. لە دەستچوونی تواناکان یا توانای بەرهەمهێنان و سەرمایەی مرۆیی، پرۆسەی پەرەپێدان و گەشەسەندن تێکدەدات و ڕوبەڕووی گرفتی دەکاتەوە و کێشەی بۆ دروست دەکات. بۆیە نابێت تێڕوانین و ڕوانگەمان بۆ “تەندروستی ژینگە” و “کۆنترۆڵی پیسبوون” وەک کاڵایەکی لوکس سەیر بکرێت کە تەنها هەر لە دوای بەدەستهێنانی گەشەی ئابووری ئاوریان لێ دەدرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک بارودۆخی پێویست بۆ هاتنەدی گەشەپێدانی بەردەوام ڕەچاو بکرێت.
هەرچی زووە پێویستە قۆناغە تیۆری و بیردۆزەکان تێپەڕێنین و بچینە قۆناغی پراکتیک وکردار و جێبەجێکردنەوە و سیاسەت و ڕێکارەکانی پێشنیارکراو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە لە ناوچوون و تێکچوونی ژینگە-وەک پیسبوونی ئاوەکان، هەوا، چینی ئۆزۆن، سوودوەرگرتن وبەکارهێنانی لەڕادەبەدەر و زیادە لە سەرچاوە سرووشتییەکان- لە زۆر حاڵەتدا قەرەبوو نەکراوە و ناکرێتەوە. هەر بە هۆی چاوەڕوانکراوی و پێشبینیکراوی ژمارەی دانیشتوان لە ٢٥ تا ٣٠ ساڵی داهاتوودا، پێویستە هەر لە ئێستاوە کار و پلان و بەرنامە دابرێژرێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆراک و ماددەخۆراکییەکاندا. ئەگینا کارەساتی گەورە بە دوایی خۆیدا دەهێنێت و هەژاری و برسێتی وەک هۆکارێکی سەرەکی هەڕەشە بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ هەژمار دەکرێت. بە هیواین لایەنە پەیوەندیدار و سیاسەتمەدار و پلاندانەرەکان گرنگی بە هەستیاری و بایەخی زۆری ئەم پرسانەدا بدەن.
1.G. Feder. & G.L. Moigne, “Managing Water in a Sustainable Manner”, Finance & Development June. 2014.
- “How We Can Help the Poor”, Finance & Development, Dec. 2000.
- “Making Development Sustainable”, Finance & Development, Dec. 2023.
- W. S. Ayres & A.F. Mccall, “Rural Development, Agricultural and Food Security”, Finance & Development, Dec. 96.
- D. Anderson, “Energy and Environment؛ Technical and Economic Possibilities”, Finance & Development, Dec. 2024
- Mozaffar Qizilbash, “Sustainable Development؛ Concepts and Rankings”, The Journal of Development Studies, Feb. 2001.





































































