کاتێک ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت و بەشێک لەکاندیدە هەڵبژێردراوەکانی حیزبە جیاوازەکان دەبینن کە ناویان لە لیستی کاندیدە سەرکەوتووەکاندا نییە، دواتر هەستدەکەن وەک ئەوەی دنیا لەسەریان کۆتایی هاتووە بەوەی ماوەی چەند مانگێکە هەوڵیان داوە وماندوو بوون، چەندین خەونیان هەبووە کە بەدییانبهێنن، یاخود کۆمەڵێک هیوایان هەڵچنیوە و لەڕووی داراییەوە زیانێکی گەورەیان لێکەوتوە،کاتێک لەسەروبەندی بانگەشدا سەرفیانکردووە، بەڵام لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکاندا کەدەبینن وەک پێویست دەنگیان نەهێناوە، تووشی شۆکێکی گەورە دەبن و دۆخی دەروونیان تێک دەچێت بەجۆرێک ئەو شەوە بە تاڵی و خەمەوە بەڕێدەکەن.
ئایا ئەمە بە ڕاستی کۆتاییە؟ مێژوو شکست و سەرکەوتنەکانی سیاستڤان و سەرکردەکانی جیهانی بۆ مرۆڤایەتی تۆمارکردووە و بەپێی دنیابینی و خوێندنەوەمان بۆ رووداوەکان دەگونجێ زیانیاریمان هەبێت سەبارەت بە چیرۆکی ئەوانەی دوای شکست سەرکەوتنی گەورەیان لەژیانیاندا تۆمارکردووە، نمونەی وەک ئەبراهام لینکۆن، یەکێک لە مەزنترین سەرۆکانی ئەمریکا، دووجار لە هەڵبژاردنی پەرلەمان شکستی هێنا، بەڵام لەکۆتایدا بەپشوو درێژیی کۆڵینەدا و ، لە ساڵی ١٨٦٠دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نمونەی وینستۆن چێرچڵیش، ئەو پیاوەی بەریتانیای لە جەنگی جیهانی دووەم ڕزگار کرد، لە هەڵبژاردنی ١٩٤٥دا شکستی هێنا، بەڵام شەش ساڵ دواتر گەڕایەوە و بوو بە سەرۆک وەزیران،هەربۆیە ئەم نموونانە فێرمان دەکەن کە شکست تەنها وێستگەیەکە لە گەشتێکی درێژتری ژیانماندا،نەوەک کۆتایی ڕێگاکان بێت.
کەواتا کاندید لەم دۆخەیدا پێویستە چیبکات بۆ تێپەراندنی هەستە ئازار بەخشەکەی ؟
-یەکەم شت قەبوڵکردنی دۆخەکەیە دوای شکست، وابیربکرێتەوە کە ئەمە نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی مرۆڤایەتییە، پێویستە بەلایەوە ئاسایی بێت کە ماوەیەک خەمباربێت ڕێگە بە خۆت بدە بۆ ماوەیەک خەم بخۆیت، بەڵام گرنگە لەو خەمەدا بۆ ماوەیەکی زۆر نەمێنیتەوە دوای چەند ڕۆژێک کار لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوە نەرێنیەکان بکات،بەوەی شکست واتای ئەوە نییە کە تۆ شایستە نەبویت و یان ڕێگا و کەسی هەڵەت هەڵبژاردووە، بەڵکو واتای ئەوەیە کە کە ئێستا تۆ مرۆڤەکەی جاران نیت و فێری شتێکی نوێ بویت، دەکرێ ناوبانگت لەڕابردودا لەسنورێکی دیاریکراودا بوبێت بەڵام لەئێستادا بەجۆرێک فراوان بووە کە تەواوی کوردستان ناسێنراویت و پێگەی جیاوازترت هەیە لە نێو کۆمەڵگەدا.
-پێویستە کاندیدەکە دوای شکست پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژنەکات و شکستەکە بەتەنها نەخاتە سەر کەسانێک،دەکرێ هۆکارەکەی بۆ چەند لایەنێک بگەڕێتەوە بۆ نمونە دەگونجێت کەمپەینەکەی وەک پێویست کاریان بۆ نەکردبێت، یان پەیامەکانی بەباشی نەگەیاندبێت، یاخود لەگەڵ خەڵکی وەک پێویست قسەی نەکردبێت، یاخود ئامانجەکانی لەئاست داواکاری کۆمەڵگەکەیدا یەکی نەگرتبێتەوە، مەرجێکی سەرەکی بۆ کاندیدبوون ئەزمون و کرداری رابردویەتی تاچەند ناسراو بووەو کاری خێرخوازی و ئینسانی کردبێت، ئەگەرچی لەم هەڵبژاردنەدا وا ڕویدا کە کەهەندێک کاندید یاساشکێنیان کردو هێزی پارەیان بەکارهێنا بەسودوەرگرتن لەدۆخی خراپی دارایی هاوڵاتیان.دەگونجێت ئەوەش هۆکارێکی بەهێز بوبێت لەشکستهێنانی هاوڕێ کاندیدەکانی.
-لەم دۆخەدا زۆر گرنگە تاکەکە هەوڵی پاراستنی تەندروستی دەروونی بدات و خەم و بیتاقەتیی و قسەکانی دەرببڕێت و هاوبەشی پێبکات لەگەڵ خێزان و دۆستە نزیکەکانی چونکە ئەوان زیاتر لێی تێدەگەن و پشتگیری دەکەن.
-گرنگیدان بە تەندروستی جەستە،وەک ڕاهێنان و وەرزش و ڕاکردن و مەلەوانی و گەڕان و دەرچوون بۆ ئەو شوێنانیی کە دەزانێت دڵی پێی دەکریتەوە و، گرنیدان بە خواردنی تەندروست و خەو، بەوە جەستەیەکی تەندروست یارمەتی دەروونێکی تەندروستیش دەدات.
– خۆ سەرقاڵکردن، مەمێنەوە لە ماڵەوە و بیر لە شکست بکەیتەوە بڕۆ دەرەوە و کار بکە، چالاکییەکانی تر ئەنجام بدە کەپیشتر تێیدا چالاک بوییت.
دەتوانیت بەشداری ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکەیت، چالاکی خۆبەخشانە ئەنجام بدەیت، یارمەتی هاوڵاتییان بدەیت، کاری باش سنوورێک نییە بۆ شوێنێکی دیاریکراو.
-گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە لەبیرت نەچێت خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەچەندین شێوە دەکرێت، نەک تەنها لە ڕێگەی کورسی پەرلەمانەوە.
ئەگەر هێشتا ئارەزووی کاری پەرلەمانتاریت هەیە، ئەمڕۆ دەست بکە بە ئامادەکاری، لە هەڵەکانت فێربە، پەیوەندییەکانت بەهێزتر بکە، بنیاتی کەمپەینەکەت پتەوتر بکە چوار یان پێنج ساڵ کاتێکی زۆرە بۆ گۆڕانی یەکجاری،ئەگەر تەماشابکەین ۆر لە ئەندامانی ئێستای پەرلەمان یەکەم جار شکستیان هێناوە، جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەوان وازیان نەهێناوە.
کەوایە شکست کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکو دەستپێکی بەشێکی نوێیە – ئەگەر بە ئارامی و ورەوە هەنگاوی بۆ بنێیت.



































































