ئەکتەر و ئەستێرە و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی “کلینت ئیستوود”“Clint Eastwood”، هەمیشە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی لێ نەکراوە، میدیا و ڕۆژنامەگەریش بۆ ماوەیەکی درێژ کارەکانی پشتگوێ خستبوو و بە چاوێکی کەم سەیریان دەکر و لە باشترین حاڵەتدا بە گوماناوی وەسپیان دەکرد و لە باشترین حاڵەتیشدا بە شتێک کە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، دایانە قەڵەم. وا دەرکەوت کە “کلینت ئیستوود” مۆرکی وێسترنە وێرانکەرەکانی سێرجیۆ لیۆنی هەڵگرتووە و، بێگومان ئەویش واتە لیۆنی یارمەتی لابردنی – سڕینەوەی – ئەو دیدگایەی نەدا. ڕۆڵە ڕۆمانسییە مشتومڕئامێزەکەی لە فیلمی “هاری چەپەڵ” نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە. لێ “کلینت ئیستوود” کەسایەتیەکی کۆڵنەدەرە، هەرگیز لە کارکردن نەوەستاوە و، لە ڕاستیدا هەرگیز لە سەرسامکردنی بینەر یان گەڕان بە دوای بواری نوێدا، نەوەستاوە و،ەک کەسایەتییەکەی لە فیلمی “جۆسی وێڵزی لە یاسادەرچوو”. ژیانی پیشەیی درێژی وی گەواهی گۆڕانکاریی و وەرچەرخانی زۆری لە پەیوەندیدا لەگەڵ ڕەخنەگراندا بەخۆیەوە بینیوە. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی کە فیلمەکانی چەندین خەڵاتیان بەدەستهێناوە و لەسەر کارەکەی “تا نووسینی ئەم کتێبە” بیست و پێنج ساڵی خایاندووە و لە سەرانسەری کیشوەری ئەمریکادا ستایشی زۆر دەکرێت. فیلمەکانی ئیستوود هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی وروژاندنی کاردانەوەی نەرێیی دەبنەوە. فیلمەکانی کە ئێستاکێ لە جیهاندا ناسراون، بە خێرایی پەسەند دەکرێن و سەرکەوتنەکەیان بە شتێکی چاوەڕوانکراو دادەنرێت و پێویستی بە گفتوگۆی زۆر نییە، پاشان بەرهەمەکانی “کلاسیکین” و پەیوەستن بە جۆرێک لە ڕوونی و مانای ڕاشکاو و تێگەیشتنی خێرا و دەستبەجێیوە. بەڵام مرۆڤ نابێت بە ئاسانی متمانە بە هونەری بەرهەمهێنەری سینەمایی بکات، چۆنکێ زۆر جار بە ڕژدی کاری کردووە بۆ شاردنەوەی پاڵنەرە قووڵەکان و واتا نهێنی و وردەکانی فیلمەکانی. لە هەقیقەتدا فیلمەکانی ئیستوود قوڵاییەکی زۆریان هەیە و، وی شوێنەوارناسێکی ماندوونەناسە لە گەڕانیدا بە دوای گەنجینەکاندا، هەمیشە هەڵدەکەنێت و خەون بەو ڕۆژەوە دەبینێت کە ڕەنگە کرۆکی شاراوەی سروشتی مرۆڤ بدۆزێتەوە.
لە فیلمی “Blood Work” ساڵی “2002” کە ئیستوود هەر خۆی دەرهێنانی بۆ کردووە، ڕۆڵی لێکۆڵەرێکی تاوان دەگێڕێت کە لێکۆڵینەوەی تایبەت لە شوێنی تاوانەکاندا ئەنجام دەدات، چەندین جار سەیری تەماشای تۆمارە ڤیدیۆییەکان دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا واتایەکی تری شاراوە دەدۆزێتەوە و نهێنییەکە ئاشکرا دەکات. بە هەمان شێوە، ڕاستی ئەم بەرهەمهێنەرە سینەماییە بە دیاریکراوی لە خودی فیلمەکە خۆیدا نەبێت، نادۆزرێتەوە، بەڵام بێگومان ئەمە لە بەرابەردا دەبێتە ئەرکێکی بێ کۆتا و، فێڵێک بۆ تێگەیشتن کە پێشتر لێی ئاگادار کرابووینەوە؛ “وەرزش و ڕاستی وەک هونەر وان، لە چاوی بینەردایە. باوەڕ بەوە بکە کە دەتەوێت و منیش باوەڕ بەوە دەکەم کە دەیزانم”.
“چ وێنەیەک؟ لە مشتێک دۆلارەوە تا هەڵاتن لە ئەلکاتراز”
” چووم بۆ ماتسۆن، کە فرۆشگایەکی وەرزشییە لە شەقەمی هۆڵیوودە، لەوێ ڤاتێکی ڕەشم کڕی و پێچامەوە، پێڵاوە و نەقیزە و هەردوو پشتوێنی دەمانچەکەم لە ڕۆهاید”Rawhide” برد و کڵاوەکەم لە دوکانێکی جلوبەرگ لە سانتا مۆنیکا دەستکەوت، جگەرە بچووکە ڕەشەکانیشم لە بیفرلی هیڵز کڕی، لە کاتێکدا ڕینکۆتەکەم لە ئیسپانیا کڕیبوو “. دوای دە ساڵ لە جێهێشتنی هۆڵیوود و ڕۆیشتنی بۆ ئیتاڵیا بۆ دەرهێنانی فیلمی وێسترنی کەم بوودجەی مشتێک دۆلار”A Fistful of Dollars” ساڵی “1964”، ئەمە قسەی ئیستوود بوو سەبارەت بە ستایلی داهێنانی دەرکەوتنی کەسایەتییەکەی. وێنە ئایکۆنییەکەی ئیستوود لەو فیلمەی سەرەوەدا ئەفسانەیەکی تەواو نوێیان بۆ ئیستوود دروست کرد، تەنانەت جگەرە بچووکەکەی و پاڵتۆکەیشی گرتەوە، ئەو دوو شتەی کە لە فیلمەکەدا ناوبراویان جیادەکردوە و بوونە هێما و سیمبولێک وەک گۆچان و پێڵاوەکەی چارلی چاپلن، یان عەزییە سپییەکەی مارلین مۆنرۆ، یان کراسەکەی جەیمس دین. سەرەڕای ئەوەی کە فیلمەکە دەرکەوتنی ئیستوودی وەک ئایکۆن و ئەستێرەیەکی نوێ نیشان دا – ڕەنگە بەناوبانگترینی ئەو دەیە بووبێت -، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە لەو کاتەدا ڕۆژنامەنووسان ئیستوودیان وەک ئەکتەرێک، بە جددی وەرنەگرت “کە لە پازدە فیلم و پتر لە دووسەد ئەڵقەی زنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهاید”Rawhide” دەرکەوتبوو”، ئەمە جگە لەوەی وەک دەرهێنەرێکیش نادیدەیان گرتبوو. یەکێک لە دژێتییەکانی ژیانی پیشەیی ئیستوود ئەوە بوو کە ناچار بوو بچێتە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆی واتە لە ئەمریکا سەرنجی بدرێت، بە دەربڕینێکی تر بۆ ئەوەی لە ئەمریکا ببێتە جێی سەرنج. دەرکەوتنی وی لە سێینەی فیلمی ” دۆلار “ی سێرجیۆ لیۆنیدا نیشانەی دەستپێکی ڕێگایەکی پڕ لە کێشە بوو لەگەڵ ڕەخنەگراندا، کە هێرشە تووندەکانیان دژی ئەو لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تەنها بەهێزی ستایشکردنی کارەکانی و خۆشەویستیان بۆی لە نەوەدەکان و دواتر، بەراود نادەکرێت. بە پشتیوانییەکی بێدەنگی زیادبووی – وردە وردە پشتیوانی جەماوەری – جەماوەری ئەمریکی و نیگای سووکایەتیپێکردنی ئیستوود لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، ئیستوود هەمیشە ئاگاداری ئەو بۆشاییە بوو و،اتە مەودای نێوان ئەو وێنەیەی کە خۆی پێشکەشی دەکات و ئەو وێنەیەی کە ئەوان لەسەر ئیستوود نیشانیاندا، لە سەرەتای ژیانی پیشەییەوە تا کۆتایی حەفتاکان، ئەو بۆشاییە بوو کە قەڵس و بێزاری دەکرد و بێوچان کاری دەکرد بۆ پرکردنەوەی لە فیلمێکەوە بۆ فیلمێکی تر.
“مەلەکردن لەگەڵ شەپۆلەکە”
“کلینت ئیستوود” جۆنیۆر لە “31/ 5/ 1930” لە سان فرانسیسکۆ، کالیفۆرنیا، لە باوکێکەوە کە میراتێکی ئینگلیزی – سکۆتلەندی هەڵگرتووە و دایکێک کە بە ڕەچەڵەک هۆڵەندییە – ئێرلەندییە، لەدایک بووە. کاتێک ئیستوود هاتە دونیاوە ئەمریکا چووە قۆناغێکی گەورەی قەیرانی ئابورییەوە، کە لە ئەنجامی داڕمانی گەورەی بازاڕی “وۆڵ ستریت”ەتەوە هاتە ئاراوە لەگەڵ دابەزینی سەرسوڕهێنەرانەی نرخی پشکەکان لە “24 و بۆ 29”ی تشرینی یەکەمی ساڵی “1929” و، ئەمەش کاریگەرییەکی شێرەبەفرینەی لەسەر توانەوەی ئابووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروست کر. وڵاتەکە تووشی داڕمانێکی گشتگیری بەکاربردن و بەرهەمهێنان بووەوە و، بازاڕی پشک چووە قۆناغێکی ناجێگیر – پشێوی -ەوە لەگەڵ دابەزینی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و، بەرزبوونەوەی حاڵەتی مایەپووچبوون و زیادبوونی خستنەڕوو، بۆیە گەلی ئەمریکا چووە حاڵەتێکی شۆکەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ سەردەمی زۆربوونی – کردنەوەی – چێشتخانە خێرخوازییەکان. بە شێوازی تایبەتی خۆی، ئیستوود واتر ئەو نەهامەتییەی خستەڕوو کە تووشی شارۆچکە بچووکەکانی و ناوچە گوندنیشینەکانی ئەمریکا بووبووەوە لە ماوەی ئەو قۆناغە سەختەدا. لە فیلمەکانی وەک “Honkytonk Man” ساڵی “1982”، دوا گەشتی سترانبێژێکی گوندەکی و ڕۆژئاوایی، کە بەرهەمهێنەرەکە واتە ئیستوود – کە هەم ئەکتەری سەرەکیی و هەم دەرهێنەر و هەم بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە – وەک خۆی وتی لەوەوە ئیلهامی وەرگرتووە کە لە منداڵێدا لە دەوروبەری خۆی و لە ئەلبوومی وێنەی خێزانەکەیدا بینیویەتی. بەڵام خێزانی ئیستوود هەرگیز تووشی ئەو هەژارییە کوشندەیە نەبوون کە شارۆچکەکانی گرتبووەوە لە سەردەمی قەیرانی گەورەی ئابووریدا، خاوەنی زەوییە بچووکە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا کە ناچار کران زەوییەکانیان بەجێبهێڵن بۆ گەڕان بە دوای خۆراکدا. لە کۆتایی بیستەکاندا باوکی ئیستوود فرۆشیاری قەواڵەی قەرز بوو و، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوکات، لە ئەنجامی قەیرانی داراییەوە، ئەم کارە وەک یەکێک لە نمایشە کۆمیدییەکانی لۆریل و هاردی”Laurel & Hardy” بە ناوی “Big Business” ساڵی “1929” لە دەرهێنانی جەیمس دەبلیو هۆرن، دەهاتە بەرچاو، کە تێیدا لۆریل لە ڕۆڵی ستان و هاردی لە ڕۆڵی ئۆلی، کە ڕۆڵی دوو فرۆشیاری داری کریسمس دەگێڕن لە هاویندا، بەڵام ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “کلینت ئیستوود” لە خێزانێکی چینی ناوەڕاست لەدایکبووە.
ڕەنگە بنەماڵەی ئیستوود بەهۆی قەیرانی داراییەوە تووشی جۆرێک لە هەژاری بووبن و خۆیان بەبێ هیچ پاشەکەوتێک بینیبێتەوە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی ئیستوود – بەرهەمهێنەری فیلمی “Honkytonk Man” بیری دێتەوە، لە منداڵیدا بە هیچ شێوەیەک نەبوونی نەبینیوە و، تەنانەت ئەو کاتیش لە پەناگەی خەیاڵاتی ڕۆژانەدا، ژیانی خەیاڵی گەش و جوانی هەبووە. دەرکەوت کە ئەمە یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی منداڵی ئیستوود کە دواتر بەشداری دەکات لە دەوڵەمەندکردنی ئەزموونە هونەرییە هەمەچەشنەکانیدا کە بیرۆکەی کوڕێک نیشان دەدات کە لە پەنجەرەیەکەوە سەریری جیهانێکی تر دەکات وەک لە فیلمی جیهانێکی نموونەیی”A Perfect World” ساڵی “1993” لە دەرهێنانی “کلینت ئیستوود” و، بیرۆکەی کچێک کە بە تەنها لە دارستانێکدا دەژی لە فیلمی سواری ڕەنگپەڕیو”Pale Rider” ساڵی “1985” لە دەرهێنانی “کلینت ئیستوود” و، ژنێکی تەنیا لە فیلمی “The Bridger of Madison County” ساڵی “1995” لە درهێنانی “کلینت ئیستوود”. لە بنەڕەتدا هەموو ئەم کارەکتەرانە خەون بە دەرکەوتنی کەسێکەوە دەبینن لە ئاسۆدا بۆ ئەوەی دوور بیانبات و لە بێزاری ڕزگاریان بکات و، بەڵێنی ژیانێکی تری پێ بدات. بێگومان خێزانی ئیستوود ساڵانی سییەکان بە گەڕان لە سەرانسەری کالیفۆرنیادا بەسەربرد و کلینتی لاو لەلایەن هەشت قوتابخانەوە وەرگیرا – واتە بەهۆی گواستنەوە لەم شار بۆ ئەو شاری لە کالیفۆرنیا کلینت هەشت قوتابخانەی دیوە – لەگەڵ هەر گواستنەوەیەکی نوێدا، ئەو پیانۆ بەنرخەی کە داپیرەی کلینت لەلای باوکییەوە دوای مردنی بۆ خێزانەکەی جێهێشتبوو، دەگوازرایەوە. باوکی ئیستوود هەندێک جار ئامادەنەبوو و هەندێک جاریش ئامادەبوو لە کاتی گەڕانی بە دوای کاردا – کاری کاتی – لە پیدمۆنت و ئۆکلاند و ڕیدینگ لە باکووری کالیفۆرنیا، پاشان دیسانەوە ئۆکلاند و پاسیفیک پالیسادێس “لۆس ئەنجلس” و ساکرامێنتۆ و گلینڤیۆ، پێش ئەوەی جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ پیدمۆنت کە لە کۆتاییدا لەوێ خێزانەکە بۆ ماوەیەک جێگیر بوون. دیارە ژیانی سەرەتایی ئیستوود کاریگەری زۆری لەسەری هەبووە، لاوەکە ناچار بوو ڕێگەیەک و ئاڕاستەیەک بگرێتەبەر کە هەڵبژاردنی خۆی نەبوو و، بیرۆکەیەکی ئایدیالی سەبارەت بە خێزانێکی بەختەوەری پەیوەست بەیەک لەلا دروست کرد، کە دواتر دەتوانرێت فراوان بکرێت بۆ گرۆ”گرووپ”ێک و، دواجار کۆمەڵگایەکیش. دواتر لە ژیانیدا، هەمیشە جەختی لەو دەکردەوە کە جڵەوی کاروبار و هەلومەرجەکانی کردووە و دەتوانێت ویستەکانی خۆی بەسەر جیهانی دەوروبەریدا بسەپێنێت، لەبری ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی هێزە دەرەکییەکانەوە.
لە تەمەنی هەرزەکاریدا، ئیستوود بووە گەنجێکی باڵابەرز و قۆز، بەڵام تا ڕادەی گۆشەگیریی، شەرمن بوو، ڕەنگە ئەم تایبەتمەندییە بنەمای شێوازە کورت و پوختەکەی دواتری بووبێت. سەرەڕای ئەوەی کە دەبێت یەکەم خرۆشان بووبێت لە ئەزموونی نواندنەکانیدا لە قوتابخانەی ناوەندی پیدمۆنت و دۆزینەوەی باڕێک کە مۆسیقای گوندەواری”Country Music” پێشکەش دەکرد لە سپرینگفیڵد و،ادیارە یەکەم ئەزموونی تایبەت، کاریگەریی لەسەر ئیستوودی لاو گەنج هەبووە لە نیوەی دووەمی ساڵانی چلەکاندا. زنجیرە ئاهەنگێکی مۆسیقی لەژێر ناوی ” زنجیرەی جاز لە جڤاتی مۆسیقا ” لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئۆکلاند لە ساڵی “1946” کە لەلایەن کۆڵمان هاوکینز و فلیپ فلیپس و لیستەر یۆنگ و چارلی پارکەر”ناسراو بە باڵندە”Bird”“ زیندووکرایەوە و، وای لە ئیستوود کرد کە بیەوێت ببێتە مۆسیقاژەن. هەرچەندە ئەو بە دڵنیاییەوە لەو کاتەدا گوێی لە بەرهەمەکانی ئارت تاتۆم”Art Tatum” و فاتس واڵەر”Fats Waller” دەگرت، بەڵام ئەو ئاهەنگە وەرچەرخانێکی گرنگی لە ژیانی ئیستوودی لاودا کرد و، کاریگەریی بەرچاوی هەبوو دوای ئەو ساتە لە دۆزینەوەی سەکسیفۆنیستی ئەمریکی چارلی پارکەر”Charlie Parker”. چارلی پارکەر، مۆسیقاژەنێکی جاز بوو، لێوان لیو بوو لە متمانەبەخۆبوون و ژەنینێکی قەشەنگ و ناسکی تێدا بەرجەستە بووبوو، بە ئیستوودی گەنجی نیشان دا کە چۆن بێئۆقرەیی و تووڕەیی کۆمەڵایەتی و وزەی ناسەرکوتکراو دەکرێت ببێتە فۆڕمێکی هونەری و بە هونەر گوزارشتی لێ بکرێت. هێشتا ئیستوود هەر زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە و، نەیدەتوانی جڵەوی ئەو هەستە بێدەنگانە بکات کە دوای یەکەم ئەزموونی لەگەڵ چارلی پارکەردا بەسەریدا زاڵ بوون و، تا ناوەڕاستی پەنجاکان لەگەڵ ڕەوتەکەدا ڕۆیشت، کەمێک دوای ڕەوتەکە کەوت و بە هەستەکانیدا دەگەڕا و، ڕەفتارەکانی نەرێیی بوون بەرابەر هەرشتێک کە دەهاتە ڕێی. دوای چارلی پارکەر”بێرد” و بەهۆی جاز”Jazz” و بۆپ”Bop یان بیبۆپ”Bebop” جۆرێک لە مۆسیقای جاز” و لە ساڵی “1951”، خەونی بە چوونە کۆلێژی مۆسیقا لە زانکۆی سیاتڵ دەبینی، بەڵام هەڵایسانی جەنگی کۆریا، پلانەکانی گۆڕی و ناچاری کرد پەیوەندی بە مەشقی سەربازیی بنکەی فۆرت ئۆرد”Fort Ord” لە مۆنتێری، بکات. لەوێ بوو بە فریاگوزار لە مەلەوانگەی سەربازگە و، هەر لەوێ یەکەمجار لوتی بە لوتی چەند ئەکتەرێک تەقی کە پێشنیاریان بۆ کرد بیر لە نواندن بکاتەوە بەهۆی سیما قۆزیەکەیەوە.
لەوکاتەدا هیچ شتێک ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام ساڵی “1953” ئیستوود بە فەرمیی چووە کۆلێژی لۆس ئەنجلس بۆ خوێندنی بەشی کارگێری کار، بەڵام زۆربەی کاتەکانی لە بەشی دراما بەسەر دەبرد و، شتێک بووە هۆی شتێکی تر و لە کۆتاییدا پەیوەندییەکی بەسوودی هەمەڕەنگی دروست کرد”لەگەڵ سینەماکار ئیرڤینگ گلاسبێرگ و دەرهێنەر ئارسەر لوبین”، کە وایان لە ئیستوود کرد یەکەم تاقیکردنەوەی نواندن لە ستۆدیۆی یونیڤێرساڵ لە هۆڵیوود لە ساڵی “1954” بەنجام بدات. ئیستوود لە ئەنجامەکان ترسا و بە زەحمەت لە بینینی خۆی بۆ یەکەمجار لە فیلمێکدا پێ ئەزم کرا و،ەک خۆی لە شوێنێکدا لەم بارەیەوە وتوویەتی ” وامزانی زۆر ناشرینم، کارەکە نایاب دەستی پێکرد و بە باشی وێنەی گیرا، بەڵام بیرم کردەوە ئەگەر ئەمە نواندن بێت، ئەوا من لە کێشەیەکی گەورەدام “. ساڵ هات و ڕۆیشت و نواندنەکەی لە فیلمەکاندا چاک کردەوە و، خۆی لەوەی کە بە “جوڵەی ناپێویست “ی دەزانی، ڕزگار دەکرد – بەردەوامیش بوو لەسەر ئەمە”خۆ پەروەردەکردن”، سەرەتا لەگەڵ دەرهێنەر سێرجیۆ لیۆنی و دواتر بەتەنیا، ئەویش بە بەکارهێنانی ستایلی کەمترین و دەرنەخستنی -شاردنەوە- هیچ هەستێک لەسەر سیمای و کەمترین جووڵەی جەستەیی، تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنەگران هێرشیان کردە سەری تەنانەت لە قۆناغێکی دواتری ژیانی پیشەییشیدا و، تۆمەتباریان کرد بەوەی کە وەک پێویست نواندنی نەکردووە، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک شتی تردا کە ڕەخنەگران بە هەڵەیان دەزانی لە فیلمەکانیدا.
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد