لە نۆڤەمبەری ١٩١٩، بۆسۆنی ئاوازدانەر، دیدارێکی خۆی لەگەڵ “جۆرج بێرنارد شۆ” شۆی نووسەر دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “دوێنێ، “جۆرج بێرنارد شۆ” شۆ، بۆ خواردنەوەی چایی هات و سەردانی کردم. پیاوێکی زۆربڵێیە و ناتوانێت خۆبەزلزانینی خۆی بشارێتەوە.” کاتێک بۆسۆنی وتبووی بەنیازە پارچەیەک میوزیک بۆ دیمەنی دۆزەخی “مرۆڤ و مرۆڤی باڵا” بنووسێت، شۆ وەڵامی دابوویەوە و وتبووی، هیچ قازانجێکی لێ ناکەیت. بۆسۆنیش پێیوتبوو: “ئەوەم بەلاوە گرنگ نییە. “شۆ”ش وەڵامی دابوویەوە و وتبووی: “بەڵام دەبێت لەبەرچاوی بگریت، هەموان دەبێت لەبەرچاوی بگرن. بێگومان وەک دەزانیت ئێستا من کەسێکی بەناوبانگم.” بەشێوەیەکی گاڵتەئامێزیش وتبووی: “دەتوانم قسە لەسەر پرسی گشتیش بکەم.” بەلای میوزیکژەنێکی وەکوو بۆسۆنی، کە سێ دەیە ناوی هەر بە گەشاوەیی مابوویەوە، ئەو لێدوانە کەمکردنەوەی شارەزایی بوو.
ئەم ڕووداوە یارمەتیدەر بوو لە ڕوونکردنەوەی ئەو دوژمندارییەی بەرانبەر شۆ بەرپا بوو. وێڕای ئەوەی ئێستا مردووە، بەڵام هێشتا دوژمندارییەکە هەر بەردەوامە. ئێدمۆن وێڵسۆنی ڕەخنەگر ئاماژەی بەوە داوە کە: “خۆبەلزانی، وەکوو ئەوەی شۆ، شەرمەزارییەکە، کە دەبێت بەدرێژایی ژیانت لەکۆڵی بنێیت. کە گەنج بوو، زۆر خوێن شیرین بوو، بەڵام لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی، بوو بە شتێکی قێزەون. یەکێک وتبووی دەردێکی بێ دەرمان بووە.” ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆرێک لە هاوسەردەمانی خۆی بە کەسێکی خۆپەرست و بێزارکەر کە بەڕێکەوت توانای پەیداکردووە ناوەزەندیان کردووە. بەڵێ، منیش هەمان بۆچوونم هەیە، نەک هەر من بەڵکوو سڵڤادۆر داڵی و کاسیۆس کڵایش هەمان ڕایان هەیە. لەنێوان ساڵانی ١٩٠٥-١٩١٥ و سەرەتای بەناوبانگبوونی، کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر بەریتانیا هەبوو، بەڵام دواتر زۆرێک هەستیان بەوەکردبوو کە کەسێکی خوێڕییە. بەریتانییەکان هەوڵیاندا بە پشتگوێخستنی ڕێگری لێبکەن؛ هەرچەندە کارێکی دژوار بوو، بەڵام هەر هەوڵی خۆیانیاندا. لەساڵی ١٩٥٦ و یادی سەدساڵەی شۆ، سەبارەت بە گەورەیی شۆی نووسەر و پێنەدانی هەقی تەواوەتی بەم نووسەرە لەسەردەمی خۆیدا، وتارێکم بۆ گۆڤاری سەندەی تایمز نووسی. کە وتارەکەم دەرکەوت، بینیم گۆڤاری تایمز وتارێکی أ. ج. ب تێڵەری بڵاوکردووەتەوە، لە وتارەکەدا باسی شۆ دەکات و دەڵێت: “شۆ سەردەمی بەسەرچووە و هەرزوو ئەوەندە نابات کارەکانیشـی لەبیردەچنەوە.”
دەتوانین جیاوازی من و تێڵەریش بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە کە ئەو پێش من لەدایکبووە و شۆی لەلوتکەی ناوبانگدا ناسیووە. من لەساڵی ١٩٣١ لەدایکبووم و ئەوکاتەشی چووم بۆ تەماشاکردنی فیلمی قەیسەر و کیلۆپاترا، شتێکی ئەوتۆم لەسەر شۆ نەدەزانی، هەموو ئەوەی دەمزانی لەڕێگەی کارەکانییەوە بوو. نەکەوتمە هەمان ئەو تەڵەیەی کە شۆ تێیکەوت، تا ئەوەی لەساڵی ١٩٥٦ کتێبی The outsiderبڵاوبوویەوە. لەبەرئەوەی کتێبەکەم “The outsider” بوو بوو بە پڕفرۆشترین و خۆم لە یانەی “لاوانی تووڕە” بینییەوە، هەستمکرد بەناوبانگ بووم، بەڵام ئەم لێدانی ناوبانگە جگە لە نەفامی هیچی تر نەبوو. هەموو تاکێک دەیزانی من کێم، بەڵام کەس نەیدەزانی دەمەوێت چ پەیامێک بگەیەنم. هیچ کەس گوێی بۆ قسەکانم نەدەگرت، چونکە قەناعەتیان بە خۆیان هێنابوو کە ئاگاداری پەیامەکانمن. کە باسی سارتەر و کامۆ و هایدیگەرم دەکرد، وەکوو لاوێک کە شتێک تووڕەی کردووە منیان دەبینی. چەند مانگێکی ویست تا درک بەوە بکەم، باشترین شت جێهێشتنی لەندەنە. سەرباری ئەمانەش چەند ساڵێکی ویست وێنەی گەنجە تووڕەکە لەبیربکەم.
لە بابەتی ناوبانگدا، هەرگیز شۆ هەلی لەبیرکردنی پێزانینی هەڵەی نەبوو. لە یەکەم شەوی نمایشی شانۆیی “دوورگەکەی تری جۆن پۆڵ”، بوو بە ئەستێرەیەکیی درەوشاوە، ئەوکات تەمەنی چل و پێنج ساڵ بوو. وەکوو کەسێکی برسی کە نانی کەوتبێـتە ڕۆنەوە، کەوتە نێو ناوبانگەوە، لەمێژ بوو چاوەڕێی ئەم ساتە بوو. شۆ بێ ئاگا لە بێزاری کەڵەکەبووی خەڵکی، لەسەر ئەم ڕێگایەی بەردەوام بوو، تا لە ساڵی ١٩١٤ هەڵوێستەکانی وایان لە خەڵکی بەریتانیا کرد بە توندی دژایەتی بکەن، ئەم کارە تەنانەت خوودی شۆشی سەرسامکرد. وێڕای ئەوەی شانۆیی “ماڵی بێوەژنان” هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی نوێ “بەڕای من”، بەڵام دەرفەتی کشانەوەی نەمابوو. لەو ساتە بەدواوە هاوسەردەمانی خۆی، پێیانوابوو لە مەبەست و پەیامی شۆ گەشتوون. تاکە ڕێگە بۆ ناسینی سروشتی ڕاستەقینەی شۆ، خوێندنەوەی کارەکانی بوو بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی لەسەر بزانی. لەم بارەیەشەوە، بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەبەخت بووم. دۆزینەوەی شۆ، هێشتا بە گرنگترین ڕووداوی ژیانم دەبینم. لەوانەیە دایک و باوکم هیچ شتێک لەسەر شۆ نەزانن، جگە لەوەی پیاوێکی ڕیشدار بوو. ناوی شۆم بیستبوو “جا کێ هەبوو نەیبیستبێـت”، بەڵام نەمدەزانی ئاخۆ نووسەرێکی سیاسییە یان لێکۆڵەرە. لە دە ساڵیمدا دەمویست ببم بە زانای ئەتۆم، بێگومان ئەم ویستەشم دەگەڕێتەوە بۆ سەرمەشقەکەم “ئەنیشتاین”. ئەوەندە گرنگیم بەم بوارەدا، تا تووشی ڕەشبینی کردم. تا زیاتر لە سروشتی ژیان قووڵ ببوومایەتەوە، زیاتر باوەڕم بەوە دەکرد کە بەهای مرۆڤایەتی هیچ و سنووردارە و جگە لە دەربڕینی پێویستییەکانی بایۆلۆژی هیچی تر نییە. مرۆڤ جگە لە ئامرازێک بۆ هەقیقەتی ڕەها هیچی تر نییە. لە تەمەنی پانزە ساڵیدا، لە ڕەشبینییەوە بازمدا بەرەو نیهیڵیزم.
خراپترین شت؛ هەستکردن بوو بە تەنیایی و نامۆ بوون لە ناو خەڵکیدا. دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ئێوارانێکی ساڵی ١٩٤٥، لە سینەماوە گەڕامەوە ماڵەوە و ڕادیۆکەم خستە سەر بەرنامەی سێی بەریتانیا. بەشێوەی دەنگی گوێم لە بەشی سێی شانۆیی مرۆڤ و مرۆڤی باڵا ڕاگرت. سەرەتا گوێ لێ ڕاگرتنی زۆر چێژبەخش بوو، ژیرانەترین شت بوو لە ڕادیۆوە گوێم لێ بووبێت، بەڵام دوای ئەوەی دۆن خوان باسی هۆی بوونی مرۆڤی دەکرد، بەشێوەیەک پێی کاریگەر بووم کە هەستمکرد سەهۆڵاوێک ڕژاوە بەسەر پشتمدا: “لە سایەی ئەقڵەوە ژیان خێراتر بوو. ئەوەی دەتوانین لەسایەیەوە پێیبگەین؛ هەر بە تەنیا ئاگایی خوودی نییە، بەڵکوو تێگەشتنی خوودیشە.” وەکوو تەقینەوەیەک وابوو، هەستی بێ ئومێدیم داماڵرا؛ کەسێک باسی کێشەیەکی کرد، کە پێموابوو قسەکردن لەبارەیەوە مەحاڵە. کاتێک چوومە سەر تەختەخەوەکەم، نیوەشەو لایدابوو. هەستم بە ماندوێتی و سەرسامی دەکرد. جگە لە پەشۆکاوییەکەم، بە شێوەیەکی قووڵ هەستمکرد ژیانم بە تەواوی گۆڕاوە.
کاتێک هەمان هەفتە بەرنامەکەیان دووبارە کردەوە، پێنج کاتژمێری تەواو بەردەوام بوو و منیش لە یەکەم خولەکەوە تا کۆتا خولەک بەدیارییەوە دانیشتم و گوێبیستی بووم. دواتر لە کتێبخانە کتێبەکەم هێنا، ئەوەندە خوێندمەوە، تا هەموویم وەکوو ناوی خۆم ئەزبەری کرد.
سەلماندی کە دیدگای ڕەسەنی خۆم، هیچ خراپییەکی نەبووە. “نا، من بە چەکدار و پاڵەوانەکان زەنگین نابم، بەڵکوو بە کەسێکی فەیلەسووف، فەیلەسووف: ئەو کەسەیە بەدوای دۆزینەوەی ئیرادەی ناوەکییە بۆ جیهانی دەرەوە، ئەمەش لەڕێگەی دۆزینەوەی ئامرازەکان تا بگاتە ئەو ئیرادەیە، لە ئەنجامی دۆزینەوەی ئەم ئامرازانەش، لەڕێگەی کردایەوە ئەم ئیرادەیە جێبەجێ دەکات.” ئیتر زانیم کاری من ئەوە نییە ببمە زانایەک، بەڵکوو ئەوەیە ببمە کەسێکی وەکوو شۆ. ئیتر بەمشێوەیە کتێبی فیزیا و کیمیام لابرد و دەستمدایە نووسینی شانۆیی. دەرئەنجام شکستم هێنا لەو تاقیکردنەوەیەی کە ڕێگای پیشەی زانابوونی بۆ ئاسان دەکرم. دوو ساڵەکەی دواتر، خراپترین ساڵەکانی تەمەنم بوو و ئێستاش کە یادی دەکەمەوە مچڕووکە بە لەشمدا دێت. ناچاربووم لە کارێکدا کار بکەم، کە ڕقم لێیدەبوویەوە؛ هەستمکرد کەوتوومەتە تەڵەی ڕۆتینێکی بێزارکەرەوە. بە دۆخێکی خەمۆکی توندا تێدەپەڕیم. بەشێوەیەک، کە کار گەشتە ئەوەی بیر لە خۆکوشتن بکەمەوە. شیعری زۆرم خوێندەوە و میوزێکی زۆرم گوێ لێڕاگرت. بەردەوام بیرم لەو شاعیرانە دەکردەوە کە ئەم جیهانە چارەنووسی قوتدان، ئەوانیش: کیتس، شیڵەر، پێدۆ، پۆو و جەیمس تۆمسۆن. گەشتبوومە ئەو قەناعەتەی چارەنووسی منیش هەمان شت دەبێت.
دیسانەوە ستایشـی پاراستنی گەشبینیی و ئاوەزم، دەگەڕێتەوە بۆ شۆ. سەرەتای من و شۆ لەیەکدەچێت. هەردووک کەسانێکی ڕۆمانتیکین، کە جیهان ڕەتدەکەینەوە. لە پێشەکی شانۆیی “هاوسەرگیرییەکی خراپ” دەبینین شۆ دوو جۆر ئەندێشە جیادەکاتەوە: یەکیان ئەندێشەی ڕۆمانتیکە، کە بەدوای جیهانی خەیاڵییەوەیە. یەکێکی تریش، ئەندێشەی واقعییە کە دەتوانـێ شتەکان وەکوو خۆی تێبگات، هەر ئەم ئەندێشەیەشە کە دەتوانێـت جیهان بگۆڕێت. هەستمکرد شۆ لەدوای مرۆڤ و مرۆڤی باڵا، هەوڵێکی ئەوتۆی نەدا لە چارەسەکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کە دەبێت چی بکات و چی نەکات. دەمویست باسی کێشەکانی فەلسەفەی بکردایە، بەڵام هەمیشە باسی سیاسەت و پەروەردە و هاوسەرگیری و ستەمی پزیشکی “کە ئەم بابەتەیان وایلێکردبووم، بە کەسێکی نامۆ بێتە پێش چاوم” دەکرد. دەرئەنجام لە تەمەنی شانزە ساڵیدا ڕەخنەم لە شۆ گرت و ئاماژەم بەوەکرد کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەو باشتر دەبم، بەڵام هەر ئەوەندەی کتێبێکی شۆم کردەوە، هەوڵە ڕەخنەییەکانم نەمان. دوای خوێندنەوەی چەند دێڕێک پێکەنیم، دواتر دام لە قاقای پێکەنین. نەک لەبەرئەوەی پێکەنیناوی بوو، بەڵکوو لەبەرئەوەی نوێ و پڕ خرۆشی بوو: “مامەیەکم هەبوو بەناوی مامە ویلیام، پیاوێکی باش و خاوەن کەرامەتێکی گەورە بوو. لە تافی لاوێتیدا هەر بەتەنیا ئاڵوودەی جگەرە نەبوو، بەڵکوو ئاڵوودەی شەرابیش بوو. پیاوێک گرەوی کرد لەسەر ئەوەی بارنی شۆ واز لە شەراب بهێنێـت، دواتر شەشی بەیانی پیاوەکەی خەبەر کردەوە و بەمشێوەیە گرەوەکەی لەبەرانبەر مامم دۆڕاند. ئەمە بەسەر هەموو پیاوێکی سەرخۆشدا دێت. ئەوەی زیاتر پێکەنینی بۆ خێزانەکەمان هێنا، ئەوەبوو مامە شۆم بۆ تەنیا جارێک بەتەواوی وازی لە جگەرە و شەراب هێنا، وازی هێنا تا سەرکەوت بەسەر خێزانی ئەوفکڵید.”
گەر شۆ لەبری: “لەپڕ مامەم بۆ تەنیا جارێک وازی لە جگەرە و شەراب هێنا…” بینووسیبایە: “وازی لە جگەرەو شەراب هێنا و خۆی تەرخانکرد”. ئەوەندە پێکەنیناوی نەدەبوو. شۆ، گەر شتێکی گرنگ نەڵێت، خۆی ماندوو ناکات بە قسەکردن. کاریگەرییەکانی کابوس لەسەر کافکا، لەدایکبوونی گرێ بوو، تا ئەوەی لە خەمۆکیدا خەوی موگناتیسی لێدەکەوت. بەڵام بابەتەکە لای شۆ جیاواز بوو: “ئەقڵ بەبوونی ئیرادە ناکەوێت.”
“چی لەبارەی شۆی بیرمەند؟”
شۆ دەیویست بە شۆی هونەرمەند و فەیلەسووف سەیر بکرێت. زۆربەمان دەزانین هونەرمەند بوو، بەڵام گومانمان لە فەیلەسووف بوونی هەیە. جارێکی تر دەیڵێمەوە، دەکرێـت ئەمە بگەڕێتەوە بۆئەوەی بەشێوەیەکی دروست سەیری کارەکانیمان نەکردووە. ئێمە هەمیشە بیر لە فەیلەسووفە دیارەکانی وەک: ئەفلاتون، سپینۆزا، ڵۆک، هیگڵ و وایتهید دەکەینەوە، دواتر لە خۆمان دەپرسین ئاخۆ شۆ سەر بە هیچ یەکێکیانە؟ کەچی دەشڵێین بۆ هیچ شتێک ناشێت. شۆ لە سەردەمی ڕەشبینی و ڕۆمانسیدا لەدایکبوو. فەیلەسووفانی ئابووریناس ڕایانگەیاند مرۆڤ ئامێرە و ئازادی وەهمە. ئایدیاڵیزمەکانیش دەیانوت بێگومان ئەقڵ بوونی هەیە، بەڵام مادە وەهمە. شاعیرە ڕۆمانتیکەکان هەر لە شیلییەوە تا ێتس هاوڕابوون لەسەر ئەوەی؛ ژیان دۆڵێکی قووڵ و تاریکی پڕ فرمێسکە و دۆخی مرۆڤایەتی دۆخێکی کارەساتبارە. کاتێک شۆ لەسەر تەختەکانی شانۆیی دەرکەوت، ڕۆمانتیکەکان ڕەگەزی مرۆڤیان کرد بە دوو بەشەوە: سەرکەشکارە گەمژەکان و ڕەتکەرەوەکانی جیهان. یان ئەوەی گەشبینێکی گەمژە بیت، یان ڕەشبینێکی زیرەک “تۆماس مان ئەمەی کرد بە بناغەی کارەکانی”. زیرەکییە خۆڕسکەکەی شۆ، شۆی بەرەو ئازار پەلکێش کرد. لە هیچ سەردەمێکدا نەبووە، باوەش بۆ فەلسەفەی ڕەشبینی کرابێـتەوە. لە “مرۆڤ و مرۆڤی باڵا” شۆ ئاماژە بەوەدەکات، کە مرۆڤ تاکە ئاژەڵە بە فیکر بوێری خۆی تیژ بکاتەوە؛ بە واتایەک هێزی ناوەکی مرۆڤ، پشت بە باوەڕی دەبەستێـت.
سەرچاوە؛ مجلة الأقلام
بەرواری دەرچوونی گۆڤار: یەکی جوونی ١٩٨٤، ژمارە ٦
نووسین: کۆڵن ویڵسۆن
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد