توێژینەوەکەی “بێلا” (١٩٧٥)لەبارەی ئایینی تۆکۆگاوا (Bellah: Tokugawa Religion) تیشک دەخاتەسەر ئەوەی کە چۆن ئایینی تۆکۆگاوا لە گەشەسەندنی خێرای ئابووریی ژاپۆن بەشداربووە. “بێلا”، نەتەنیا لەبەر ئەوی کە ژاپۆن تەنیا وڵاتێکی نا-رۆژئاواییە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەستی بە بەپیشەسازیبوون کرد، بەڵکو لەبەر ئەو هۆیەش کە ژاپۆن نموزەجێکی تایبەت لە بەپیشەسازیبوون دەخاتەڕوو، خوێندنەوەی بۆ حاڵەتی ژاپۆن کرد. لە ژاپۆن لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا یەکەمین شەپۆلی بەپیشەسازیبوون نەک لە لایەن خاوەن کارگەکان، پیشەوەران و بازرگانەکان دەستیپێکرد، بەڵکو لەلایەن چینی سامۆراییەوە دەستیپێکرد. ئەوە چینی سامۆرایی بوو کە ئێمپراتوری بۆ دەسەڵات گەڕاندەوە، ژمارەیەکی زۆری خاوەنکاری بەرهەمهێنا و بناغەکانی مۆدێڕنیزاسیۆنی ژاپۆنی داڕێشت. “بێلا”، بەگرتنەبەری ڕێچکەی توێژینەوەی ماکس ڤێبێر، بە دوای ئەوە دەگەڕا کە ”ئایا فاکتەری ئایین لە حاڵەتی مۆدێرنیزاسیۆنی ژاپۆندا ڕۆڵی هەبووە یان نا؟” بە واتایەکیتر، ”ئایا لێکچوونێکی کارکردگەرایانە وەک ئەوەی کە لە ئەخلاقی پرۆتستاندا هەیە لە ئایینی ژاپۆنیەکانیشدا بوونی هەیە” کە بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی بەپیشەسازییبووی ژاپۆن؟
پێشینەی تیوریک (theoretical background): وەک قوتابییەکی پارسۆنز، “بێلا” بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەی مۆدێرنی بەپیشەسازیی بووی ژاپۆن و ئایین، سوودی لە زۆریک لە چەمکەکانی کارکردگەرایی وەرگرت. بۆ “بێلا”، چەمکی ”کۆمەڵگەی مۆدێرنی بەپیشەسازیی بوو”، ئاماژە بە کۆمەڵگەیەکی پشتبەستراو بە بەها ئابووریەکانی وەک بەئهقڵانیکردنی ئامرازەکان، گەردوونگەرایی و بەهاکانی بەدەستهێنان (achievement values) دەدات. بە بۆچوونی “بێلا”، بە بێ هەبوونی ئەم جۆرە بەهای مۆدێرنی ئابووری، ئەستەمە بتوانین ئابووریه لە بەربەستە تەقلیدییەکان ڕزگاربکەین و بخەینە دەست داینامیزمەکانی ئهقڵانییەت. چەمکی ‘ئایین’ لە توێژینەوەکەی “بێلا”دا ئاماژەیە بۆ ئاراستە و کرداری تاکەکانە کە ئەم ئاراستە و کردارانە بە دوایین بەهای (ultimate values) تاکەکەوە پشتبەستراون. “بێلا”، باس لەوە دەکات کە یەکێک لە کارکردە کۆمەڵایەتییەکانی ئایین بریتییە لە دیارکردنی کۆمەڵێک لە دوایین بەهاکانی مانادار کە ئەخلاق و بەها سەرەکییەکانی کۆمەڵگە لەسەری بونیات دەنرێن.
کاتێک کە ئایینە گەورەکانی جیهان لە دوای ئایینە سەرەتایی و جادوییەکانەوە سەریان هەڵدا، ئەم ئایینانە هاندەرێکی (impetus) بۆ سەر لە نوێ پێناسەکردنی بەها سەرەکییەکانی کۆمەڵگە لە تەقلیدییەییەوە بۆ ئهقڵانیەت فەراهەمکرد. بۆ ڤێبێر، پرۆتستانیزم لە ئەوروپادا ئەم جۆرە سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی فەراهەمکرد و بووە هۆی ڕەگ داکوتانی بەهای گەردوونگەرایی و بەدەستهێنان. “بێلا”ش خوێندنەوەی بۆ ئەو خەسڵەتانەی ئایینی ژاپۆنی کرد کە لەوانەیە بووەتە هۆی هێنانەدی ئەم جۆرە وەرچەخانە گرنگە لە بەها سەرەکییەکاندا.
ئایینی ژاپۆنی:- سەبارەت بە خوێندنەوەی ئایینی ژاپۆنی، “بێلا”، بە دوو سەرنجی سەرەکی گەیشت؛ یەکەم، سەرەڕای ئەو هەقیقەتەی کە چەندین ئایین لە ژاپۆن بوونیان هەیە (وەک کۆنفۆشیزم، بودیزم و شینتۆ)، بەڵام دەکرێ ئایینەکانی ژاپۆن وەک تاکە ئایینێک هەژماربکەین. چونکە چەندین داب و نەریتی ئایینی جۆراوجۆر کاریگەریان لەسەر یەکتر دروستکردووە و وەک شتێکی لە یەکتر جیانەکراو لێهاتوونە. بۆ نموونە، کۆنفۆشیزم و شینتۆ، مێتافیزیک و دەرونناسییان لە بوودیزم وەرگرتووە؛ بودیزم و شینتۆ، زۆرێک لە بنەما ئەخلاقییەکانی (ethic) کۆنفۆشیزمیان وەرگرتووە و کۆنۆشیزم و بودیزم بە تەواوەتی بە ژاپۆنی کراون. لە دەرەنجامدا، کۆنفۆشیزمی ژاپۆنی بە تەواوەتی لە کۆنفۆشیزمی چینی جیاوازە؛ هەروەها بودیزمی ژاپۆنیش لە بودیزمی هیندی جیاوازە. سەرنجەکەیتری “بێلا”، بریتییە لەوەی کە ئایینی ژاپۆن سیستەمی بەها سەرەکییەکەی کۆمەڵگەی داڕێشتووە. لە ڕووی مێژووییەوە، ئایینی ژاپۆن وەک ئەخلاقی (ethic) چینی شەڕکەری سامۆرایی بووە. دواتر، ئەم ئایینە لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی کۆنفۆشیزم و بودیزم وەها عامەپەسند لێهات کە بوو بە ئەخلاقی گشت ژاپۆنییەکان. تەنانەت بوو بە ئەخلاقی ئەو جوتیارانەش کە لە گوندە دورە دەستەکان دەژیان.
لەگەڵ ئەم دوو سەرنجە، چۆن “بێلا” پەیوەندیی نێوان ئایین و گەشەسەندنی ئابووری ڕوون دەکاتەوە؟ بە تایبەتیش کاتێک کە “بێلا” ئاماژە بە سێ جۆرە پەیوەندیی (corrolation) لە نێوانیاندا دەکات: ١. ئایین ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەخلاقی ئابووری دروست دەکات. ٢. کاریگەریی ئایین لەسەر ئابووری لە میانەی دامەزراوە سیاسییەکانەوە دەبێت. ٣. کارگەریی ئایین لەسەر ئابووری لە میانەی دامەزراوەی خێزانەوە دەبێت.
کاریگەریی ڕاستەخۆی ئایین:- سەرەتا “بێلا” خوێندنەوە بۆ تائیفەی (sect) بوودیزم لە ئایینی شینتۆدا دەکات. لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، شینتۆ هەبوونی ئێمان بۆ ڕزگاریی و گەیشتن بە ڕێگای ڕاست (salvation) بە کافی دەزانی و گرنگییەکی کەمی بە پێداویستییە ئەخلاقییەکانی دەدا. هەر بۆیەش هەر کەسێک هەر ئەندازە خرابیش بێت، دەیتوانی ڕزگاریی بێت. دواتر لە قۆناغەکانی ناوەڕاستدا (١٦٠٠-١٨٦٨) بە هۆی ڕێنماییەکانی ‘رێنیو شۆنین’، کە دواتر بە دووەمین دامەزرێنی بوودیزم هەژمارکرا، ڕزگاریی و کردەی ئەخلاقیی بوون بە دوو شتی پێکەو گرێدراو و لێکجیا نەکراو. چیتر باس لەوە نەکرا کە مرۆڤی خرابیش دەتوانێت ڕزگاریی بێت. کەواتە وەرچەرخانێک لە بەها ئایینییەکاندا ڕوویدا و بەمجۆرەش وەک هێمایەک بۆ ڕزگاریی، لەسەر کردەی ئەخلاقی پێداگری کرا. “بێلا” تێبینی سێ خەسڵەتی لەم پێداویستییە نوێیانەی ئەخلاقیدا کرد.
یەکەم، کاری بێوەچان لەم جیهانەدا؛ بە تایبەتیش هەر کەسێک و لە پیشەی خۆیدا، پێگەیەکی سەرەکی لە ئەرکە ئەخلاقییەکاندا وەرگرت.
دووەم، ئاراستەیەکی زوهدگەرایانە (ascetic) لەبارەی بەکاربردنەوە سەریهەڵدا کە لەم گوتانەی خووارەوەدا وەدەردەکەوێت:-
– هەمیشە بیر لە پشتیوانی خودا بکەوە.
– بەیانان و ئێواران بە خۆشحاڵییەوە کارە قورسەکان ئەنجام بدە.
– لە کارەکانی خێزاندا بێوەچان کار بکە.
– لە تەجەمولات کە هیچ سوودێکیان نییە دوور کەوە.
– قومار مەکە.
– لەبری ئەوەی کە زۆر ببەیت، کەم ببە (واتە قانع بە).
سێیەم، ئەگەرچی لە ڕووی ئایینیەوە بەدەستهێنانی قازانج لە ڕێگەی ناشەریفانەوە قەدەغەکرابوو، بەڵام بە پێی دۆکتۆرێنی بودیساتڤا (Bodhisattva) قازانج لە بازرگانی ئاسایدا ڕێگە پێدراوبوو. بە قسەی “بێلا” (١٩٥٧، ل١٢٠)، ڕێگە بە کاری پیشەوەران و بازرگانان درابوو چونکە وەها گریمانە دەکرا کە ئەم کارانە لە بەرژەوەندی بەکاربەردایە. بازرگانان و پیشەوەران بە سوودگەیاندن بە ئەندامانیتری کۆمەڵگە، مافی ئەوەیان هەبوو کە قازانج بکەن. ئەمەش بە مانای تەقوای هارمۆنی لەلایەن جێری-ریتای (jiri-rita) دێت. بۆ خستنەڕووی کاریگەریی ئایینی شینتۆ بەسەر ڕەفتاری ڕاستەقینەی بازرگانانی ژاپۆنیدا، “بێلا” ئاماژە دەدات بە: چڕی پەرستگەکانی ‘شین’ لە شاری بازرگانی ‘ئۆمی’، ناوی ژمارەیەکی زۆری بازرگان لە تۆماری پەرستگەکاندا و نووسینی ئەو کارە باشانەی کە ئەم بازرگانانە کردوویانە.
کاریگەری ناڕاستەوخۆی ئایین لە ڕێگەی سیستەمی سیاسییەوە:- لە وڵاتی چین، کۆنفۆشیزم پێداگری دەکرد کە ئامانج لە بەرهەمهێنان دەبێ هێنانەدی پشت بەخۆبەستن، هارمۆنی و ئیندیماج بێت لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا. بەڵام لە ژاپۆن، “بێلا” ئاماژە بەوە دەدات کە کۆنفۆشیزمی ژاپۆنی دوای تێکەڵبوونی بە بودیزم، ڕوانگەیەکی نوێی وەرگرت. کۆنفۆشیزمی ژاپۆنی لەبری پێداگریی لەسەر هێنانەدی هارمۆنی لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا، پێداگری لەسەر ملکەجییەکی فیداکارانەی گشت بەشەکان بۆ گشتێکی دەستەجەمعی (a single collective whole) دەکات. ئەم بنەمایەی ملکەجبوونە لە ئەخلاقی ئابووریی سامۆرایی ژاپۆندا ڕەنگیداوەتەوە. ئەرک و کاری سامۆرایی وەکو وەفادارییەکی بێکۆتایی سامۆرایی بە سەرووی (lord) خۆی سەیر دەکرێت. دەبوایا سامۆرایی ئەرکەکانی خۆی بەو پەڕی پابەندیی و بە بێ هیچ جۆرە چاوەڕوانییەک بە ئەنجام بگەیێنێت. بە بۆچوونی “بێلا”، ئەم ئەخلاقەی کاری سامۆرای لە سەردەمی تۆکۆگاوادا بە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبوویەوە و چاوەڕواندەکرا کە گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەفاداری سەرووی خۆیان بن و لە پێناو ئەو یاخود لە پێناو بەختەوەری نەتەوەدا تێبکۆشن. لە میانەی بانگەشە بۆ ئەم وەفادارییە بێسنوورە (limitless obligation)، کۆمەڵگەی ژاپۆنی بەرەو ئاراستەیەکی یەکگرتوو لە بەجێگەیاندنی وەفادارییەکانی بۆ سەرووی خۆی هەنگاونا.
ئەم بانگەشەیە بۆ وەفاداری بێسنوور، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی چینی سامۆرایی دەستیان بە گەڕانەوەی مێجی (Meji Restoration) کرد. ئامانج لە گەڕاندنەوە مێجی بریتی بوو لە هێنانەوەی ئیمپراتۆر بۆ دەسەڵات، دەرکردنی بێگانە بەربەرەکان و بەرزکردنەوەی هێزی نەتەوەیی. بە پێی قسەکانی “بێلا”، هاندەری سامۆرایی بۆ سەرکردایەتیکردنی گەڕانەوەی مێجی، زۆرتر هاندەرێکی سیاسی بوو نەک ئابووری. سامۆرایی، بەدوای بەرزکردنەوەی هێزی نەتەوەیی دەگەڕا؛ بۆیە بەرزکردنەوەی ئاستی سامان تەنیا ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە ئامانج. هەربۆیەش سامۆرایی لە قەبارەیەکی بەرفراواندا بوون بە خاوەنکاریی ماندوونەناس (vigorous entrepreneurs)، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەوان دەیانویست دەوڵەمەند بن، بەڵکو ئەوان دەیانویست لە میانەی گەشەی ئابووریەوە نەتەوەی ژاپۆن بپارێزن. “بێلا”، وەک ڕوونکردنەوەیەک بۆ خۆگونجاندنی ئەخلاقی سامۆرایی لەگەڵ خاوەنکاری مۆدێرن (enterpreneurship) باس لە ڕێساکانی کۆمپانیاکەی ئیواساکی، کە سامۆراییەکی دامەزرێنەری کۆمپانیای میتسۆبۆشیە دەکات و دەڵێت:-
– گشت کارەکان بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەنجام بدەن.
– هیچ کاتێک ڕۆحی هەقیقی خزمەتگوزاریی گشتی لەبیر مەکەن.
– ماندوونەناس بن، دەستبڵاو نەبن (frugal) و هزر لە کەسانیتریش بکەنەوە.
– فەرمانبەری شیاو دابمەزرێنن.
– لەگەڵ فەرمانبەرەکانتان بە باشی ڕەفتار بکەن.
– لە دامەزراندنی پیشەیەک بوێر بن، بەڵام لە بەدواداچوون بۆ کارەکانتاندا زۆر وردبین بن.
بە بینینی بەردەوامبوونی بەها سەرەکییەکانی تۆکۆگاوا لە سەردەمی مێجێدا، “بێلا”، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕاستیدا ئەوە بەها سیاسییەکانی سەردەمی پێشوو بوون کە دواتر بۆ ناو ئابووریی مۆدێرن و بەپیشەسازیی ژاپۆن درزیکرد.
کاریگەریی ناڕاستەخۆی ئایین لە ڕێگەی خێزانەوە:- بیرۆکەی وەفاداریی بێسنوور نەتەنیا بۆ حوکمڕانی بەسەر نەتەوەدا بەکارهێنرا، بەڵکو بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوە خێزانییە بازرگانییەکانیش (merchant house) بەکارهێنرا. دامەزراوە خێزانییە بازرگانییەکان وەک قەوارەیەکی پیرۆز سەیر دەکران کە بە سیمبولی پەرستشی باب و باپیران هەژماردەکرا. هەر وەک چۆن دایک و باب چاوەڕوانن، منداڵەکانیان ڕێزی ئەو خزمەتگوزاریانە بگرن کە بۆیان دابیندەکەن، یاخود خاوەنکارێک چاوەڕوانە فەرمانبەرەکانی وەفاداری کارەکانیان بن، بە هەمان شێوەش ئەم دامەزراوانە چاوەڕوانن کە گشت ئەندامەکانی وەفادار بن. ستاندەری وەفاداریی منداڵ-ئاسا (filial services) بۆ دامەزراوە بازرگانییەکان زۆر بەرزن کە لە ڕووی توندییەوە هاوشێوەی یاساکانی سامۆرایین. بە پێی ئەم ستاندەرانە، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خێزان دەبێ هەر کەسێک ئەرکە پیرۆزەکانی خۆی بەجێ بگەیێنێت، تەمبەڵی، دەستبڵاوی و ڕەفتاری ناشایستە سەرکۆنە کراون. هەروەها بریندارکردنی ناوبانگی دامەزراوەی بازرگانی یاخود لێدان لە کاری بازرگانی، دەبێتە هۆی شەرمەزاربوونی باوباپیرانی کەسەکە. کەواتە هاندەری ئابووری چینی بارزگان بەرژەوەندیی شەخسی نەبوو، بەڵکو ”قازانجی خێزانی” بوو. بە بۆچوونی “بێلا”، ئەم ئەخلاقەی وەفاداریی خێزانی بووە هۆی بەهێزکردنی ستاندەرەکانی دروستکاریی، یەکسانی و ئێعتیبار، بەهێزکردنی نۆرمە گەردوونییەکان لە جیهانی بارزگانی و بووە هۆی دروستکردنی هاندەری بەهێز بۆ بەئهقڵانیکردنی ئابووری لە ژاپۆنی مۆدێرندا.
ئەگەر خیزانگەرایی (familism) هانی مۆدێرنیزاسیۆن لە ژاپۆنی دابێت، بەڵام بۆچی خێزانگەرایی لە چین شکستی هێنا؟ بە گوتەی “بێلا”، چین لە ڕادەبەدەر خیزانگەرایە. لە چین، سیستەمی خێزان، لە کۆمەڵگەدا دامەزراوەی سەرەکییە و مڵکەجی منداڵ بۆ خێزان (filial piety) بنەمای ئەخلاقی کۆمەڵگەی چینی پێکدێنێت. بە باڵادەستبوونی خێزانگەرایی، ملکەجی بۆ سەرووتر یاخود بۆ ئیمپراتور زۆر بەرتەسک کرایەوە. تەنانەت چینی پلەبەرزی چین کە دەچنە ناو دامودەزگای حکومیدا، بەو هۆیەوە ناچن کە هێزی نەتەوەیی بونیات بنێن بەڵکو لە پێناو دەستەبەرکردنی داهاتوو و سامان بۆ خێزانەکەیان ئەم کارە دەکەن. بە دەربڕینی کارکردگەرایانەی “بێلا”، خەسڵەتی کۆمەڵگەی چینی بریتییە لە ئەولەویت بەخشین بە بەهاکانی ئیندیماجگەرایی وەک سۆلێدارێتی و هارمۆنی خێزان. ئەم بەهایانە پێداگریی لەسەر مانەوەی سیستەم دەکەن و خاوەنی داینامیکییەتی زاڵبوون بەسەر خەسڵەتی تەقلیدگەرایانەی خەڵک نین. بەڵام لە ژاپۆن، بەهۆی تێکەڵاوی کۆنفۆشیزم و بودیزم، ئەخلاقی وەفاداری شەڕکەرەکانی سامۆرایی وەک خۆی مایەوە هەر بۆیەش وەفاداری بۆ نەتەوە لە وەفاداری منداڵ بۆ خێزان (filial piety) زۆر بە بەهاتر و بەرزتر بوو. بە بڕوای “بێلا”، لە ژاپۆن بەهاکانی سیاسی و دەستەبەرکردنی ئامانجەکان بەهای زاڵن و هەر خودی ئەم بەهایانەش بوون بە بزوێنەری کۆمەڵگەی ژاپۆنی بۆ هاندانی بەرەو ئامانجە دەستەجەمعییەکانی بەهێزکردنی هێزی نەتەوەیی. بەم جۆرەش بە بۆچوونی “بێلا”، دەکرێ مۆدێرنیزاسیۆنی ژاپۆن و چین لە ڕێگەی ئەولەویەت بەخشین بۆ دەستبەرکردنی ئامانجەکان ڕوون بکرێتەوە. بە کورتی، توێژینەوەکەی “بێلا” لەسەر ئایینی تۆکۆگاوا، ڕوون دەکاتەوە کە ئەم ئایینە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە میانەی حوکمڕانی (polity) و خێزان، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەئهقڵانیکردنی ئابووری ژاپۆندا هەبووە.