“پێشەکی”
کتێبی “دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو” ساڵی “١٩٥٧”ی زایینی لەلایەن “ئالبێرت مێمی”یەوە نووسراوە و ساڵی “٢٠٢٥” لەلایەن “فواد کەریمی” لە فەڕەنسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە ئەدەبیاتی “پۆست کۆلۆنیالیزم”دا بەرهەمێکی سەرەکییە و بە ڕێکخستنی ڕوانگەی فەلسەفی، کۆمەڵناسی و دەروونناسی، لە پەیوەندیی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەکۆڵێتەوە. بە پێچەوانەی زۆرێک لەو شیکارییانەی کە کۆلۆنیالیزم وەک دیاردەیەکی تەواو سیاسی یان ئابووری دەبینن، “مێمی” کۆلۆنیالیزم وەک ئەزموونێکی دەروونی و دەروون- کۆمەڵایەتیی دوولایەنە دەبینێت: ئەزموونێک کە هەم داگیرکەر و هەم داگیرکراو تووشی “قەیرانی ناسنامە، ململانێ و لەخۆنامۆبوون” دەکات.
“ئالبێرت مێمی نووسەری بەرهەمی دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو کێیە؟”
“ئالبێرت مێمی” (Albert Memmi)، نووسەر، کۆمەڵناس و فەیلەسووفی توونسی- فەڕەسی و بە ئایین جوولەکە بوو. ناوبراو بەتایبەتی بەهۆی بەرهەمەکانی لە بواری کۆلۆنیالیزم و ناسنامە، بەناوبانگ بوو. “مێمی” ڕێکەوتی ١٥ی دێسامبەری ١٩٢٠ی زایینی لە “توونس” لەدایک بوو و ڕێکەوتی ٢٢ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی لە فەڕانسا کۆچی دوایی کرد. “مێمی” لە بنەماڵەیەکی جوولەکە لە شاری توونس لەدایک بوو. ئەو لە سەردەمی داگیرکاریی فەڕانسا لە توونس گەشەی کرد و ئەم ئەزموونە کاریگەریی قووڵی لەسەر ڕوانگەی ئەو لە بەرانبەر کۆلۆنیالیزم، ناسنامە و هەڵاواردن، دانا. ناوبراو لە زانکۆکانی توونس و دواتر لە پاریس خوێندی و لە بوارەکانی فەلسەفە، دەروونناسی و کۆمەڵناسی چالاکیی دەکرد. بەهەمەکانی “مێمی” لەسەر دیاردەی کۆلۆنیالیزمی زەینی، ململانێی ناسنامە و کاریگەرییە دەروونییەکانی کۆلۆنیالیزم لەسەر هەردوولا (داگیرکەر و داگیرکراو) جەخت دەکاتەوە. ئەو پێی وابوو کە کۆلۆنیالیزم تەنیا پێکهاتەیەکی ئابووری یان سیاسی نییە، بەڵکوو ددۆخێکی دەروونی و کولتوورییە کە کاریگەریی لەسەر هەردوو داگیرکەر و داگیرکراو هەیە.
“کورتەیەک لەسەر فواد کەریمی، وەرگێڕی کتێبی دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو”
“فواد کەریمی” ساڵی ١٩٨١ی زایینی لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینییەوە لە وڵاتی فەڕانسا و لە شاری پاریس دەژیت و لەوێ لە بواری IT زانکۆی تەواو کردووە. یەکەم کاری وەرگێڕانی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی “مادام دانیەل میتران” بووە؛ دووەمیان “شازدە چکۆل” و ئەمەش (دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو) تازەترین کاریەتی کە ماوەی شەش مانگ کاری لەسەر کردووە. فواد کەریمی، بۆ خۆی لەسەر ئەم کتێبە دەڵێت: “ئەم کتێبە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی سەدەی بیستەم لە بوارەکانی پۆست-کۆلۆنیالیزم، کولتوور و شوناسی نەتەوەیییەوە. ئەم کتێبە بەتایبەتی بۆ گەلی کورد زۆر گرنگ و پڕبایەخە، لەبەر ئەوەی باسی دۆخێک دەکات کە گەلی کوردیش بە درێژاییی مێژوو تێیدا ژیاوە.”
“پێکهاتەی کتێبی دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو”
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە: “١- دەموچاوی داگیرکەر ٢- دەموچاوی داگیرکراو”. “مێمی” لەم دوو بەشەدا نیشانی دەدات کە چۆن کۆلۆنیالیزم، سیستەمێکی دەروونی و ئایدیۆلۆجیی ئاڵۆزە کە لەسەر بنەمای دووانەیی، دژایەتی و پێکهاتەی پلەبەندی، هەم زاڵکەر سەرقاڵی ڕەوایەتیدان بە هەژموونیی خۆی دەکات و هەم ژێردەستە ناچار بە ناوەکیکردنی “خۆبچووکبینین” دەکات.
“بەشی یەکەمی کتێبەکە؛ کۆلۆنیالیست و قەیرانی ئەخلاقی- دەروونیی هەژموون”
مێمی کۆلۆنیالیست نەک هەر وەک فاکتەرێکی ئابووری یان سەربازی، بەڵکوو وەک سوبێکتێکی دەروونی کە خەریکی ململانێ نێوخۆیییەکانە، وێنا دەکات. بۆ ئەوەی درێژە بە زاڵبوون و هەژموونیی خۆی بدات، پێویستی بە شێواندنی واقیعی داگیرکراوە.
– پاساوهێنانەوە بۆ زاڵێتی؛ کۆلۆنیالیست بە گێڕانەوەی وەک “شارستانیکردن”، “ڕزگارکردن” و “بەخشینی پێشکەوتن”، ناچارە زاڵێتیی خۆی بە ئەخلاقی نیشان بدات.
– سووکایەتیکردن بە ئەوی تر؛ داگیرکەر بۆ پاراستنی باڵادەستیی خۆی، دەبێ وێنەیەکی دواکەوتووانە لە داگیرکراو دروست بکات. بە وتەی “مێمی”، داگیرکەر سووکایەتی بە داگیرکراو دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بە گەورە نیشان بدات.
– دوورکەوتنەوە لە واقیعی ئەخلاقی؛ تەنانەت کۆلۆنیالیزمی “مەبەست باش”یش لە کۆتاییدا دەبێتە بەرهەمهێنەری زاڵێتی، چونکە پێکهاتەی کۆلۆنیالیزم هەر مەبەستێکی ئەخلاقی پاسیڤ دەکات.
لێرەدا کۆلۆنیالیست تووشی جۆرێک لە دووانەی ناسنامەیییە: لە لایەک مەیلی ئەوەی هەیە باوەڕی بە مرۆڤایەتی هەبێت، لە لایەکی دیکەوە لە پراکتیکدا پەنا دەباتە بەر توندوتیژی و جیاکاریی سیستەماتیک. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ویژدان لە کۆلۆنیالیستدا.
“بەشی دووەمی کتێبەکە؛ داگیرکراو و دەروونناسیی خۆ بە بچووک بینین و لەخۆ نامۆبوون”
“مێمی” لە بەشی دووەمدا تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە دەروونی و ناسنامەیییەکانی کۆلۆنیالیزم لەسەر داگیرکراوان. بە باوەڕی ئەو، کۆلۆنیالیست تەنها بە زەبری چەک زاڵ نییە، بەڵکوو بە کاریگەریدانان لەسەر زەین و دەروونی تاکی داگیرکراو، دەیەوێت تاکی داگیرکراو بکاتە گوێڕایەڵی خۆی.
– ناوەکیکردنی سووکایەتی و خۆبەبچووکبینین؛ دوای دووپاتەکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ مۆرکی گاڵتەئامێز و سووکایەتیئامێز، وردەوردە داگیرکراو ئەم ڕوانگەیە بەنیسبەت خۆیەوە ناوەکی دەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ڕق لەخۆبوون، گومان لەخۆبوون و لەخۆنامۆبوون.
– دووبەرەکیی دەروونی؛ داگیرکراو لە یەک کاتدا هەم سووکایەتی بە کۆلۆنیالیست دەکات و هەم سەرسامی دەبێت. لە لایەک دەیانەوێت ئازاد بکرێن، لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت وەک کۆلۆنیالیست بن. ئەم دژایەتییە جۆرێک دەروونئاڵۆزی لە تاکی داگیرکراودا دروست دەکات.
– مەیل بە ئاسمیلاسیۆن؛ هەندێک لە کۆلۆنییەکان هەوڵ دەدەن بە وازهێنان لە زمان، ئایین و نەریتەکانیان و وەرگرتنی کولتووری کۆلۆنیالیست، خۆیان بخەنە نێو پێکهاتەی دەسەڵاتەوە. بەڵام “مێمی” نیشان دەدات کە ئەم پرۆسەیە هەمیشە شکست دەهێنێت، چونکە کۆلۆنیالیست هەرگیز وەک “خۆیی” قبووڵیان ناکات.
“کۆلۆنیالیزم وەک پەیوەندییەکی نا تەندروست”
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی نێو کتێبەکە، تێڕوانینی کۆلۆنیالیزمە وەک پەیوەندییەکی دەروونیی ناتەندروست. کۆلۆنیالیست بۆ ئەوەی ناسنامەی باڵای خۆی بپارێزێت، پێویستی بە سووکایەتیکردن بە ئەوی تر هەیە. هەروەها داگیرکراو بۆ دۆزینەوەی مانای بوونگەرێتیی خۆی، تووشی دژایەتیی نێوان “ڕەتکردنەوە و ڕاکێشان” دەبێت.
“کاریگەری و پێگەی کتێبەکە لە گوتاری پۆست- کۆلۆنیالیزمدا”
کتێبەکەی “ئالبێرت مێمی”، بەتایبەتی لەپاڵ بەرهەمەکانی “فرانز فانۆن” (پێستی ڕەش، دەمامکی سپی و دۆزەخییەکانی سەر زەوی)، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پێکهاتنی بیری پۆست- کۆلۆنیالیزمدا. هەروەها دیدگای دەروونیی ئەو، بنەمای شیکارییەکان لە بەرهەمەکانی “ئێدوارد سەعید” بووە. هەروەها بەرهەمەکانی “مێمی” کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر تێگەیشتن لە نیوکۆلۆنیالیزم، کۆلۆنیالیزمی کولتووری و تەنانەت دەروونناسیی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەکانی دوای کۆلۆنیالیزم هەبووە؛ لەوانەش لەسەر بابەتەکانی وەک قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی، بەرخۆدانی کولتووری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی ناسنامەی ڕەسەن.
“ئەنجام”
کتێبی “دەموچاوی داگیرکەر، دەموچاوی داگیرکراو”ی “ئالبێرت مێمی”، بە بەکارهێنانی ڕوانگەیەکی دەروونی و کۆمەڵناسی، لەگەڵ چینە قووڵ و نەبینراوەکانی پەیوەندیی کۆلۆنیالیزم ئاشنامان دەکات. ئەم بەرهەمە ئەوە دەردەخات کە کۆلۆنیالیزم تەنیا پرسێکی سەربازی یان سیاسی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی دەروونی و کولتوورییە کە شکڵ بە عەقڵییەتەکان دەدات و ناسنامەکان بنیات دەنێت و لە ڕێگەی زمان، پەروەردە، میدیا و نۆرمەکانەوە دەرفەتی بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی دەڕەخسێنێت. خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەکانی دوای کۆلۆنیالیزمدا، بۆ شیکردنەوەی میراتی دەروونیی کۆلۆنیالیزم و ڕزگاربوون لێی، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. چونکە “مێمی” بە شێوەیەکی ورد و قووڵ شرۆڤەی ئەو میکانیزمانە دەکات کە چۆن داگیرکەر هەوڵی لەنێوبردنی شوناسی نەتەوەیی، کولتوور و زمانی نەتەوەی داگیرکراو دەدات و چۆن ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەی داگیرکراو دادەنێت.
ئەم کتێبە دەتوانێت یارمەتیدەری ئێمەی “کورد”یش بێت بۆ؛
- گەشەپێدانی وشیاریی نەتەوەکەمان سەبارەت بە میکانیزمەکانی داگیرکاریی کولتووری و زمانەوانی.
- هاندانی خەڵک بۆ پارێزگاریکردن لە زمان، کولتوور و شوناسی کوردی.
- دروستکردنی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەزگا فکرییانەی کە داگیرکاری دروستی کردوون.