“كورتە دیالۆگێك لەگەڵ ماهاتما گاندی”
“ماهاتما گاندی” لە ساڵی “1869” لە دەڤەری پۆربەندەری یەكێك لە ئەیالەتە بچوك و نا وبزرەكانی هیندستان لەدایكبووە، پۆربەندەر واتا “شاری سپی” و “موهانداس”یش كە نازناوی “گاندی”یەو لەلایەن “تاگوری”ی گەورە شاعیری هیندستان پێی بەخشراوە، بەمانای “رۆحی مەزن” دێت. “گاندی” بواری زانستە یاساییەكانی لە ساڵی “1891”دا خوێند، دوای جەنگی یەكەمی جیهانی كە بزووتنەوەیەكی گشتی سەرتاپای هیندستانی گرتەوە، هەوڵی دا رۆحی لێبوردەیی و مرۆیی و ئارامی لەنێو خەڵكدا بڵاوبكاتەوە. سەرجەم ژیانی تەرخان كرد بۆ پرۆسەی ئازادیی هیندستان، خزمەتی چینی هەژاران و جوتیاران و فێركردنیان، دابینكردنی ئایندەی گەش بۆ منداڵان، پەیداكردنی لانە و بژێوی ژیان بۆ هەتیو و لانەوازان. گرنگترین بەرنامەشی پەرەپێدانی خەباتی ناتووندوتیژی بوو، چەندین بەرهەمی كتێبی هەیە كە گرنگترینیان بەناوی “Experiments With Truth” بڵاوكرایەوە. دواجار گاندی لە “30”ی تەمموزی “1948ز” تیرۆركرا و بۆ هەمیشە چاوەكانی لێكنا، بەڵام كولتوورێكی هزریی نەمری بەناوی “هزری ناتووندوتیژی” لەدوای خۆی جێهێشت كە رۆژبەرۆژ لایەنگرانی لەزیادبووندایە.
- بۆچی تۆ دژی تووندوتیژیت؟ ئایا لەبەر ئەم فاكتەرەیە كە تووندوتیژی لە تێكۆشاندا بۆ سەربەخۆیی هیند ئامرازێكی ناكارا بوو؟ یاخود لەبەرئەوەیە لەو بڕوایەدابوویت لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەكارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن خەڵك لەپێناو تێكۆشان دژ بەتووندوتیژی، دەستدرێژییەكی نادادوەرانەیە؟.
گاندی:- من بەهۆی پەروەردە و كولتوورمەوە دژ بەتووندوتیژیم. ئەو شوێنەی لـێی گەورەبووم لە گوجارات “Gujarat”، ئایینی جاین “Jain” – كە ئایینێكی دژبە تووندوتیژییە- ڕۆڵێكی زۆری هەبوو. من دژبە نادادپەروەریم، من بە پشكی خۆم لە جەنگی جیهانیدا بەشداربووم. لە بەشی چارەسەرگهی بەرەی شەڕدا كارم دەكرد، هەڵبەتە هیندستان وەك وڵاتێكی هەژارو خوێنمژراو ڕێگایەكی بۆ تێكۆشان دژ بەخوێنمژینی بەریتانیا لەبەردەستدا نەبوو. سوپایەكی پڕچەك –تەنانەت دەسەڵاتدار- ناتوانێ بەسەر میلیۆنەها هاوڵاتی نایەكگرتوودا حكومڕانی بكات، كەواتە كاتێك ئێمە دژ بەبەریتانیا دەجەنگاین “چ بەڕێبازی تووندوتیژیانە یاخود ناتووندوتیژی” ئێمە هەر براوەی ئازادی بووین. هیندستان بەكارهێنانی تووندوتیژی دەیتوانی نزیكەی “10” ساڵ زووتر ئازادی دەستەبەر بكات، بەڵام ئێمە تەنها لەگەڵ بەریتانیادا نەدەجەنگاین، بەڵكو دژ بەهەریەك لە هەژاریی، بێكارییو ماددەهۆشبەرەكەرەكاندا خەباتمان دەكرد كە چینی “نەجس”ەكانی هێنابووە ئارا “لە هیندستان چینێك هەیە كە چینو توێژەكانیتر بە نەجس دادەنرێن، گاندی بەتووندی دژ بەم بیركردنەوەیە خەباتی كرد”.
میللەتێك كە دوای تێكۆشانی تووندوتیژانە ئازاد دەبێت، پێویستە دەسەڵات لە دەست ژمارەیەكی كەم دووربخاتەوە، ئەگەر هیندستان بە بەكارهێنانی تووندوتیژی بگەیشتایە بە سەركەوتن، كێشە و گرفتەكانی چینوتوێژە گەورە هیندییەكان بەبێچارەسەر دەمایەوە. من داوام لە هیندستان كرد دوای سەربەخۆیی، لەگەڵ ئینگلیزەكاندا بەشداری بكەن. كەواتە گواستنەوەی هێدی هێدی دەسەڵات كارێكی پێویست بوو.
– بەڕێز گاندی، من لە چەمكی ناتووندوتیژی و نافەرمانی مەدەنی گەیشتم، ئایا بەڕێزت بەراستی لەو بڕوایەدایت كە ئەو دوو چەمكە لە هەموو هەلومەرجێكدا كاریگەرن؟ بۆنمونە لە بەگژداچوونەوەی ئەهریمەنێكی نمونەی هێتلەریشدا؟
- ناتووندوتیژی بەمانای پێكەوەبوون نییە بەڵكو بەمانای تێكۆشانی بوێریی و ڕاستگۆییە لەپێناو ڕاستی، كاركردنە بە دادپەروەریی. بۆنمونە هەموو تێكۆشانەكان دەبێ بەرگەی ئازارو ڕەنجێكی زۆر بگرن، بەڵام “ساتیاگەراكان” دەبێ درێژە بەڕێگای خۆیان بدەن. سەركەوتنی من بە نافەرمانی مەدەنی لە ئەفریقای باشورو هیندستاندا بەئاسانی بەدەست نەهاتووە،. ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەم ڕێگایەدا بوونەتە قوربانی، گیانی خۆیان كردووە بەقوربانی لەپێناو تێكۆشان بۆ دەستەبەری هەقیقەت و دادپەروەریی. تیۆری “ساتیاگەراكان” لەسەرئەم بنەمایە بنیاتنراوە كە تۆ وا لەدوژمن دەكەیت، چاوەكانی بەڕووی نادادپەروەریدا بكرێتەوە. ئەمە تەنها لەكاتێكدا دێتەدی كە تۆ بڕوات بە خوداوەند هەبێت، بەهەمانشێوەش بە سروشتی پاكی مرۆڤ تا بتوانی لە هەڵەكانی ئەوان بگەیت. من وەك ساتیاگەراكان بڕوام وایە ناتووندوتیژی چەكێكی زۆر بەتوانایە لە بەرامبەر هەموو ئەهریمەنەكاندا، بەڵام ئەوەت بەبیر دەهێنمەوە كە سەركەوتن بەئاسانی بەدەست نایەت، هەروەكچۆن ڕێبازە تووندوتیژییەكانی وەك جەنگی چەكدارانەش بەسادەیی ناتوانێ سەربكەوێت.
– باپۆ تۆ هەموو ژیانی خۆت فیدای ئازادی هیندستان كرد، بەڵام بۆچی لە مەراسیمی15ی ئابی 1947 “رۆژی سەربەخۆیی” بەشداریت نەكرد ئازادی ئێمە دوای نەبەردێكی سەخت بەدەستهێنراوە، هەمیشە هەست دەكەم ئێمە دەبێ شایستەیی ئازادیمان هەبێت.
- نەمدەویست هیندستان بەهۆی دوژمنایەتیی و كینەبەرایەتی ئایینی پارچە پارچە ببێت. ئاژاوە ناوچەییەكان لە نواخالی “Noakhali” بەقوڵی منی خستەژێر كاریگەرییەوە. هەست دەكەم ئەو ئازارو ڕەنجانەی هیندییەكان تیایدا بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی، لەو ئازارو ڕەنجانەی لە ئینگلیزییەكانەوە سەرچاوەی گرتبوو كەمتر نەبووە، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی و ڕێزگرتنی یەكتر لەناو خەڵكدا بە ئەندازەی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی بێگانە جێگەی بایەخە. “دوای سەربەخۆیی هیندستان، محەمەد عەلی جەناح خوازیاری جیابوونەوەی موسڵمانانی پاكستان بوو لە هیندستان، گاندی لەگەڵ ئەم كارەدا ناكۆك بوو، هەربۆیەشە سەربەخۆیی هیندستان زۆر ئەوی خۆشحاڵ نەكرد”.
– دەكرێ لەبارەی ئەهیمسا “Ahimsa”ەوە بۆمان بدوێیت؟
– ئەهیمسا واتا ناتووندوتیژی. بەڵام لە تێڕوانینی منەوە مانایەكی زۆر باڵاتری هەیە. ئەهمیسا واتا بەرامبەرەكەت نەڕەنجێنی، تۆ نابێ سەبارەت بە بەرامبەرەكەت وێنایەكی نیگەتیڤو بێ ویژدانانەت هەبێت. تەنانەت سەبارەت بەو كەسەش كە بە دوژمنی دادەنێیت، ئەو كەسەی بەرگریی لەم تیۆرییە بكات، ئیتر دوژمنی نامێنێت. ئەو كەسەی بڕوای بەكاریگەریی ئەم تیۆرییە هەیە، دەگاتە باڵاترین قۆناغ، كاتێكیش ئامانجەكەی دەستەبەردەكات هەست دەكات دنیا لەژێر پێی ئەودایە. ئەگەر عەشقی “ئەهمیسا”ی خۆت ئاشكرا بكەیت بە شێوەیەك كە هەمیشە ئەوەی بەدوژمنی دادەنێیت بیخەیتە ژێر كاریگەرییەوە، ئەو ساتە بەرامبەرەكەشت هەمان عەشقت پێشكەش دەكاتەوە.
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد