“پێشەکی”
لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە چاوەڕواننەکراوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و تەکنەلۆژیا و زانست، لەگەڵ سەرهەڵدانی چەندین کایەی نوێی فکری، زانستی، ئەدەبی، و … هتد، بەڵام هێشتاکە چەند درزێک هەیە بۆ مرۆڤایەتی بوونە بە کێشە و گرفتی چارەسەر نەکراو یان لانیکەم لە زۆربەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشدا چارە نەکراون. دەمارگیری یان دەمارگرژی”التعصب” یەکێکە لەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا هێشتاکە دیاردەی دەمارگیری کێشەیەکی چارەسەر نەکراوە. هەموومان ئەوە دەبینین کە لە ئەمریکا چۆن دەمارگیری ڕەگەزی “سپی پێست دژی ڕەش پێست” ئیش دەکات. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی مرۆڤ جیادەکاتەوە لە ئاژەڵ ئەقڵە، بەڵام زۆر کەس بە ئەنجامدانی کارێک کە ئاژەڵ نایکات، لە سرووشتی مرۆڤایەتی خۆیان لادەدەن. کاتێک بیرکردنەوەی دروست و هاوسەنگ غیاب دەبێت، بە بیروباوەڕ و گریمانە هەڵەکان جێگەی دەگیرێتەوە، مرۆڤ بەرەوو ئەو کردارانە دەبات کە زیان بە خۆی و کۆمەڵگەکەی دەگەیەنێت. دەمارگیرییش یەکێکە لەو پەتایانەی کە مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، و بە ئێستەشەوە مرۆڤایەتی پێوەی دەناڵێنێت. بابەتی ئێمە لێرەدا، دەمارگیری ئایینی و مەزهەبییە، بەپێی توانا هەوڵدەدەین بزانین؛ دەمارگیری ئایینی و مەزهەبی چییە؟ و کێشەکە وەک ئەوەی هەیە، بیخەینە بەرباس.
“دەمارگیری ئایینی”
دەمارگیری دیاردەیەکی دێرینە کە تێیدا چەندین چەمکی وەک؛ هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئایینی، چینایەتی، پەیوەستن پێوەیی، بەڵام بەرچاوترینیان دەمارگیری ئایینیە. وەک دەمارگیری بەرامبەر بە کەسێکی دیاریکراو، نەتەوەیەک، مەزهەبێک یاخود دینێکی دیاریکراو. کێشەکە لە وەرگرتنی زانست و زانیاری و ڕۆشنبیرییە لە یەک ڕەهەند و لایەنەوە، و فەرامۆشکردنی یاخود بە هەڵەدانانی ئەوانیترە. بۆ نموونە؛ ئەوەی شێخەکەم دەیڵێت ڕاستە و ئەوەی لە مەزهەبەکەمەوە فێربووم ڕاستی ڕەهایە کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەم و بەرگری لێبکەم. لە کاتێکدا ئێمە دەزانین هیچ کەس ههقیقهتی ڕەهای لا نییە. دەمارگیری ئایینی، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات بە ناسەقامگیرکردنی پێکەوە ژیانی گشتی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە و دابەزینی خۆشەویستی و سۆز و جێگرتنەوەی بە ڕق و کینە. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی و ناتەبایی کۆمەڵگە، و زەمینەیەکی بە پیت بۆ سەرهەڵدانی ململانێ و ناکۆکی لەنێوان تاکەکان، و ڕەنگە گەشە بکات بۆ شەڕێک کە خوێنی مرۆڤە بێتاوانەکانی تێدا بڕێژرێت. دەمارگیری ئایینی، لە نەزانی لە ڕێسا و و پرەنسیپ و مەبەستەکانی ئایین و تێڕوانینێکی ڕووکەش بۆ ئایین کە دوورە لە جەوهەر و ڕۆحی ئایین، پەیدا دەبێت. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک کەسێک ئایین لە تەنها کەسێکەوە وەردەگرێت و بۆچوونەکانی تر فەرامۆش دەکات. بۆ نموونە؛ کەسێک تەنها مەزهەبێکی پێ ڕاستە یاخود تەنها لە شێخ یان مەلایەکەوە زانیارییە ئایینییەکانی وەردەگرێت، ئەمەش وا دەکات کە هەموو بۆچوونەکانی تری پێ هەڵە بێت و بڵێت؛ ئێمە ڕاست دەکەین و ئەوانیش هەڵەن یاخود ئێمە ڕزگار بووین و ئەوانی دیکە جەهەننەمین.! لەگەڵ ئەم ناهۆشیارییەی کەسانی دەمارگیر، زۆرێک لە مەلا و شێخەکانیش ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، نموونەی لەم جۆرەشمان زۆر بەرچاو کەوتووە، هەر ئەوەی کە دەروێشێک ئامادەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە شمشێرێکەوە بە پێ بێت بۆ سلێمانی بۆ سەردانی شێخەکەی، ئەمەمان بۆ دەسەلمێنێت. ئەو کەسەی دەمارگیری ئایینیی هەیە بەبێ ئەوەی خۆی پێی بزانێت خەریکە ئەویتر نەفی یان ڕەتدەکاتەوە، بە مانایەکی تر، ئەو کەسانەی دەوروبەری کە سەر بەم جۆرە بیرکردنەوەیەی ئەو نین قبوڵ ناکات. بەم مانا دەتوانین چەند سیفاتێک بۆ کەسی دەمارگیری ئایینیی دەست نیشان بکەین، لەوانە؛
یەکەم:- کەسی دەمارگیر، نایەوێت زانیاری نوێ ببیستێت یان زانیارییە هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، پێی وایە ئەوەی ئەو دەیزانێت ئەوە ڕاستی تەواوەتییە و تەنها ئەو و ڕێبازەکەی ئەو ڕاستن.
دووەم:- نەهێشتنی بواری دیالۆگ، واتا کەسی دەمارگیری ئایینیی زوو سەبر لەدەست دەدات و بەرگەی دیالۆگ ناگرێت چونکە ئەو باوەڕێکی لە مێشکی خۆیدا دروست کردووە کە بە شێخەکەی یان مەلاکەی نەبێت ناگۆڕدرێت. هەر بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانیت دیالۆگ لەگەڵ کەسانی دەمارگیری ئایینییدا بکەیت، خۆ ئەگەر دیالۆگێکیش بکرێت لەگەڵ ئەو جۆرە کەساندا، لەو پێناوەدایە کە تۆ بدۆڕێنێت و خۆی وەک سەرکەوتوو نیشان بدات نەک ئەوەی بگەنە ئەنجامێکی لۆژیکی.
سێیەم:- زۆرجار کەسانی دەمارگیری ئایینیی ئەوەند تووند دەبن تا دەگاتە ئەو ئاستەی ئەویتری بەرامبەر وەک دوژمنێک تەماشا بکات، و فتوای خوێن حەڵاڵکردنی بدات. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین دیاردەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژوو شایەتیی ئەوە دەدات کە چەندین مرۆڤ، و بگرە زانا و فەیلەسوف بەهۆی فتوایەکەوە خوێنی حەڵاڵکراوە و کوژراوە. بەڵگە و نموونەش بۆ ئەم قسەیەمان زۆرە، دیارترینیان حلاج و ئیبن روشدە. هەر ئەو سارد و سووکییەی بەسەر ئیبن روشدی فەیلەسوفدا هات بەڵگەی ڕاستی ئەم قسەیەمانە…!
“دەمارگیری مەزهەبی”
دەمارگیری مەزهەبی لە ئێستادا کێشەیەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگە موسڵمانەکانە، تەنانەت بە ڕادەیەک ئەم کێشەیە بەربڵاوە کە مرۆڤ موسڵمان بێت دەبێت بیشارێتەوە پەیڕەو لە کام مەزهەب دەکات. تاوەکو ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان نەسەلمێندراوە کە کام مەزهەب لەوی تریان ڕاستترە، لە ئێستادا گۆڕینی دینەکەت چەنێک مەترسیت بۆ دروست دەکات گۆڕینی مەزهەبیش زیاتر نەبێ کەمتر نییە. بۆ نموونە منداڵێک کە دەگاتە تەمەنێک فام دەکاتەوە، و بیەوێ مەزهەبەکەی بگۆڕێت لەوەیە وەک لادەر یان دەرچوو لە دین حسێب بکرێت لەلایەن باوانیەوە، لە کاتێکدا مەرج نییە مرۆڤی موسڵمان پەیڕەو لە مەزهەبێکی دیاریکراو بکات، واتا قەیدی چییە موسڵمان تەنها پەیڕەوی قورئان و سوننەت بکات؟ من پێموایە ئەم چوار مەزهەبە ئەوەندەی بارەکەیان لەسەر شانی کەسانی موسڵمان قورس کردووە، سوکتریان نەکردووە، بۆیە کاتێک کێشەیەکیان دەبێت نازانێت پەنا بۆ کام لە مەزهەبەکان بەرێت تا کێشەکەت بۆ چارە بکەن، چونکە مەزهەبەکان بۆچوونەکانیان جیاوازە. بۆ نموونە؛ لەسەر پرسی لەباربردن هەندێکیان پێیانوایە لەدوای “٤٢” ڕۆژییەوە حەرامە کۆرپەلە لەبار ببرێت، هەندێکی تریان “٤٥” ڕۆژ، و هەندێکی تریان “١٢٠” ڕۆژییان داناوە، مرۆڤی موسڵمان لەم حاڵەتەدا نازانێت کامیان ڕاستدەکات؟
جا کێشەکە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە کەسانێک دەمارگیر دەبن بەرامبەر مەزهەبەکانیان، چونکە کەسانی دەمارگیری مەزهەبی مەجالی هیچ دیالۆگ و گفتوگۆیەک ناهێڵننەوە، پێیانوایە تەنها ئەو مەزهەبە ڕاستە و ههقیقهتی لایە کە خۆییان پەیڕەوی لێدەکەن و هەموو مەزهەبەکانی تر هەڵەن. بۆیە لێرەوە دوژمنایەتی و ناکۆکی لەنێوان خودی موسڵمانانیش دروست دەبێت، و کۆمەڵگەیەکی سەرلێشێواو دروست دەبێت، وەک چۆن ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕویداوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تاکی موسڵمان نازانێت بە قسەی کامە مەلا بکات؟ مرۆڤ نازانێت کام لەو مەلایانە ڕاستدەکەن و ئەوەی تریان هەڵە. مرۆڤ زۆر داماوە کاتێک تەنها سەیری دەمی مەلایەک، شێخێک یان مەزهەبێک دەکات و پێی وایە ههقیقهت تەنها لای ئەو کەس یان مەزهەبەیە، چونکە ئەشێت هەموو تەمەنی خەریکی عیبادەت بێت و لەسەر ڕێگایەکی هەڵە بێت. مرۆڤ چۆن دەتوانێت گوێ لە مەلایەک بگرێت کە خۆی دەمارگیرە بەرامبەر مەلایەکی تر؟! چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کەسێک زۆر بە شانازییەوە ڤیدۆی مەلایەکی دانابوو و نوسیبووی؛ زۆر شانازی بە خۆمەوە دەکەم کە بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە خزمەتتدا بوومە و گوێم بۆ گرتووی شێخەکەم.
مرۆڤی هۆشیار کاتێک لەم جۆرە بەناو دیندارانە دەبینێت دەبێت زۆر سوپاسگوزار بێت کە پەرستشی وی لە ئاستێکی زۆر باڵاترە و جگە لە خودا و کتێبەکەی هیچ کەسێکی تری موقەدەس نەکردووە. دەمارگیری مەزهەبی دەبێتە هۆکاری دەستبەرداربوون لە ڕۆحی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان، و دوژمنایەتی و ڕق و کینە لەنێوان خودی موسڵمانان، بەڵام ئەم دەمارگیرییەش هۆکاری خۆی هەیە، بابزانین هۆکارە سەرەکییەکانی چین؟
- لاساییکردنەوە؛ منداڵی موسڵمان هەر لەکاتی لەدایک بوونیەوە لەسەر ئەو مەزهەب و بۆچوونە ڕادەهێنرێت کە دایک و باوکی پەیڕەوی لێدەکەن، ئەمەش دەبێت بە هێڵی سوور لەلای ئەو منداڵە و بۆی نییە لەم بۆچوونەی دایک و باوکی لابدات، کاتێکیش بیەوێت بەدواداچوون بۆ مەزهەبەکانی دینەکەی بکات و بزانێت کامیان بۆ ئەو گونجاو ترە و بیگۆڕێت، لەوەیە توشی هەڕەشە ببێتەوە لەلایەن دایک و باوکیەوە.
- لایەنگری دەسەڵات؛ کاتێک تاکی موسڵمان لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی لەدایک دەبێت، و دەگاتە تەمەنێک دەبینێت لەلایەن فەرمانڕەوا و حوکمەتەوە یەکێک لە مەزهەبەکان جێگیر کراوە، ئیتر ئەم کەسە ئەو بیرکردنەوەیەی لا دروست دەبێت کە ئەمە ئەو مەزهەبەیە کە ڕاستە و ههقیقهتی لایە مادام جێگیر کراوە، لێرەوە تاک دەمارگیر دەبێت بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پەیڕەو لە مەزهەبەکانی تر دەکەن.
- پیرۆزکردنی ئیمامەکان؛ لە ئایینی ئیسلامدا جگە لە خودا و کتێبەکەی، و پێغهمبەرەکەی هیچ کەسێکی تر موقەدەس نییە، بەڵام ئەم ئیمامانە خراونەتە پێگەی پێغمبەری ئیسلامەوە ئەوەنە پیرۆز کراون، بۆیە کاتێک تاکێکی موسڵمان پەیڕەوی یەکێک لە مەزهەبەکان دەکات و دەبینێت ئەوەندە پیرۆز کراوە دەمارگیر دەبێت بەرامبەر ئەوانی تر.
دەمارگیری ئایینی و مەزهەبی یەکێکە لەو پەتا کوشندانەی لە کۆمەڵگەکاندا هەیە، تەنانەت ئێستا نەک هەر لەنێو تاکی موسڵماندا، بەڵکو لەنێو پیاوانی ئایینیشدا دەبینرێتەوە. لە کاتێکدا موسڵمان ڕوو دەکاتە مەلا و شێخەکان بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی دەقە پیرۆزەکان و شەریعەتی ئیسلام، بەڵام مرۆڤی موسڵمان چۆن گوێ لە قسەی کەسانێک ئەگرێت کە خۆیان بەرامبەر یەکدی دەمارگیرن؟!. بۆیە پێویستە تاکی موسڵمان بۆ ئەوەی توشی ئەم هەڵە گەورەیە نەبێت، بگەڕێتەوە بۆ خودی قورئان و سوننەت و فەرموودە سەحیح و قودسییەکان و قسەی ئەم هەموو مەلایە پشتگوێ بخات کە بەشێکی زۆریان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئایین بەکاردەهێنن. کاتێک مرۆڤ بە ناهۆشیارییەوە لە ئایین دەڕوانێت و بە شێوازێکی زۆر ڕووکەشیانە لە دین تێدەگات یاخود چەند پیاوێکی ئایینی دەکاتە پێشڕەو بۆخۆی و گوێڕایەڵی وتارە تووندڕەوەکانیان دەبێت، بە حەتمی کارەساتی کوشندەی لێدەکەوێتەوە. ئەوەی بۆ من زۆر سەیرە و جێگای سەرسووڕمانە؛ ئەوەیە کە مرۆڤێک چۆن ئەو حەقە بەخۆی دەدات ڕۆح لە کەسێکی تر بسەنێتەوە و ژیانی لێ زەوت بکات؟!. کۆمەڵگەی کوردی گەربێتو فریای خۆی نەکەوێت یاخود فریای نەکەوین، بارودۆخی هەموومان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە، و ئەگەری پێکەوە ژیانیش دوو ئەوەندە تەسکتر دەبێتەوە. بۆیە ئەوەندەی لە توانادا بێت پێویستە هۆشیاری لە نێوان تاکەکاندا بڵاو بکرێتەوە، و ڕۆحی لێبوردەیی و پێکەوەیی، و فرە ڕەنگی گەشە پێبدرێت.
لیستی سەرچاوەکان؛
١-التعصب الديني؛ عبدالبصير عيد، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٢-التعصب الديني أسبابه ونتائجه؛ علی بدر، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٣-ما هو التعصب المذهبي؟؛ محمد مناصير، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٤-التعصب المذهبي في التاريخ الأسلامي؛ د.خالد کبیر علال، دار المحتسب، ٢٠٠٨.
٥-دەمارگیرکی “فاناتیسم”؛ عەلی عەونی، سایتی “خواکورک”، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٦-التعصب المذهبي؛ سامح محمد عید، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٧- أسباب التعصب الديني؛ مصعب عاصي، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە؛
٨- بنەڕەتەکانی فەلسەفە؛ د.حەمید عەزیز، لا ٤٤، چاپی چوارەم، بێ چاپخانە و ساڵی چاپ.