“پێشەکی”
ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ لێکۆڵینەوە و خستنەڕووی مێژووی کورد، بەتایبەتی لێکۆڵێنەوە لە ڕابردووی سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی کورد وەک “شێخ سهعیدی پیران” ئەمەش بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانی ئەمڕۆ ئاشنا بکەین بهزیرەکی و لێهاتووی “شێخ سهعید”، ئەو هەوڵانەی “شێخ سهعید” داوویەتی بۆ بەدیهێنانی مافی ڕەوای کورد کە داوای سەربەخۆیی کوردیان دەکرد هەر لەوکاتەدا، کورد وەک هەمیشە دوژمن و نەیاری زۆر بووە، هیوادارم لەڕێگەی ئەم پارچە نووسینە توانیبێتمان تۆزێک لە هەوڵە گرنگەکانی شێخ و ئازایەتی و کۆلنەدانی “شێخ سهعید” باس بکەین، باس لە ئەزموونی سیاسی “شێخ سهعید” لەگەڵ گرنگترین شۆڕشەکانیمان باس کردووە، كاتێك كوردستان بەهۆی پەیماننامەی لۆزان دابەشكرا، لە باكوری كوردستان بەسەرپەرشتی “شێخ سهعید”ی پیران، ڕاپەڕینێك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ئەنجام درا، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە سەركەوتوو نەبوو، لە ٢٩ی حوزەیران “شێخ سهعید”ی پیران و ٤٦ لە هاوڕێیانی لە سێدارە دران، ئێستاش گۆڕی ئەوان دیار نییە و بەڵگەنامەكانی دادگایی كردنیان شوێن بزر كراوە.
“ناساندنی شێخ سهعید”
“شێخ سهعید” ”١٢٨١-١٣٤٤كۆچی”لە ناوچەی پاڵۆ لەدایک بووە. یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی تەریقەی نەقشەبەندی، لەپاش مردنی باپیرەی شێخ عەلی، باوکی ناوچەی پاڵۆی بەجێهێشتووە ڕووی کردووەتە شاری خنیس، ناوی باوکی ” شێخ مەحموود فەوزی ئەفەندی”و ناوی دایکی مەرڤەخانە.
“سـەرەتای کاری سیاسی”
“شێخ سهعید” خوێندنی ئایینی لەو شارە تەواو کردووە، پایەو ڕێزی کۆمەلایەتی و زیرەکی و لێهاتوویی و دەوڵەمەندی بووەتە هۆی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵەی سەربەخۆبوون پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتەو بە “شێخ سهعید”ەوە بکات. لەکۆتایی هاوینی١٩٢٣ یوسف زیبا کە سەرۆکێکی بزووتنهوهی کورد و جێگری کۆنی شاری بەتلیس بووە لەپەرلەمانی تورکیادا، چووەتە خنیس بۆ خزمەتی “شێخ سهعید” و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەلگیرسانی شۆڕشی نوێ بدەن. لە زستانی ١٩٢٣تا١٩٢٤ سەرۆک هۆزەکان و ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی سەربەخۆبوون کۆبوونەوەی فراوانیان لەناوچەی پاڵۆ بەست، تێدا باس لە فروانکردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاکیکردن لەپێناو بزووتنهوهی نهێنی و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەرینی نوێ، بۆ سەربەخۆیی کوردستان. ئەم کار و بڕیارەش تاڕادەیەکی بەرفراوان بەیارمەتیی شێخ مەحموودی حەفید و سمکۆی شکاک بوو، هەروەها بڕیار درا نوسراوێک دەربارەی پاڵپشتی نەتەوەی کورد بۆ کۆمەلەی نەتەوەکان”عصبە الامم” بنێرن.
گرنگترین هۆکارەکانی شۆڕش:-
- شۆڕشەکە مۆرکی نەتەوەیی هەبوو، وەک پەرچەکردارێک لەبەرامبەر سیاسەتی پڕ لە ستەم و زۆرداری کەمالییەکان دەرهەق بە گەلی کورد، بەتایبەتی دوای پەیمانی لۆزان لەساڵی “١٩٢٣زاینی”، کە نکۆلیان لە هەموو ئەو بەڵێنانە کرد کە بەکوردییان دابوو، لەوانەش دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد بوو لە تورکیا.
- یاسای نوێی دەوڵەتی تورکیای کەمالی، تەنها دانی بە بوونی نەوەی تورک دادەنا لەتورکیا، سەرجەم نەتەوەکانی تریشی بە تورک دانابوو، تەنانەت ناویان لە کورد نابوو تورکی چیایی. بەمجۆرە زمانی تورکی کرا بەزمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی کوردی قەدەغەکرا، هەموو ئەو یانە و ڕێکخراو و کۆمەڵە و گۆڤارە کوردیانەش کە هەبوون قەدەغەکران.
- سیاسەتی ڕاگواستن و دەربەدەرکردنی کورد لەسەر زەوی باب و باپیرانی بۆ خۆرئاوای ئەنادۆل و نیشتەجێکردنی تورک لەشوێنیاندا، هەروەها گرتن و دوورخستنەوە و کوشتنی سەرکردە و تێکۆشەرانی کورد.
- ئەو گوشارە ئابوورییەی کەمالییەکان لە کوردستان پیادەیان دەکرد، دەستیان بەسەر بە پیتترین زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد داگرت و دەیاندا بە تورک، بەمجۆرە تا دەهات جووتیارانی کورد بێ زەوی و بێکار دەمانەوە، بۆیە گرانییەکی گەورە لە کوردستان پەیدابوو، بەتایبەتیش دوای ڕەوانەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە تورکەکان بۆ کوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری ئەم پارچەیەی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی تردا بپچرێنن، وێرای ئەوانەش باج و سەرانەیەکی زۆریان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندبوو.
“شۆڕشی شێخ سهعید”
“شێخ سهعید” لەپاش هەڵبژاردنی بە سەرۆکی کۆمەڵەی سەربەخۆ بوون بڕیاری هەڵگیرساندنی بزووتنهوهی چەکدارانەی دا، بەڵام دەیویست بڕیارەکە مۆڕکی کوردستانی گەورە پێوە دیار بێت، لەبەرئەوەی عەلی ڕەزای کوڕی ناردە شارەکانی ئامەد و حەلەب بۆ زانینی بیرو بۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەلات بۆ زیاتر ڕێککەوتن لەسەر کاتی گشتی ڕاپەرینەکە. لەپاش کۆبونەوەیەکی گەورە لەشاری حەلەب، هەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد بەبێ شۆڕشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت. پاشان ڕۆژی ٣١ئازاری ساڵی ١٩٢٥ بەیەکەم ڕۆژی هەلگیرساندنی شۆڕش دانرا. لە نیوەی دووەمی مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٢٥دا “شێخ سهعید” گەشتێکی بەزۆرێک لەناوچەکانی کوردستاندا کرد، دەچووە هەر ناوچەیەک بەکۆمەل لایەنگر و دۆست ڕوویان تێدەکرد. لە٥ی شوباتی ١٩٢٥”شێخ سهعید” خانی بەجێ هێشت لەگەڵ سەد سوارە بەرەو گووندی پیران بەڕێ کەوتن بۆ مالی عبدول ڕەحیمی برای.
یەکەم ڕووبەرووبوونەوە؛ هەر لەو شەوەدا مەفرەزەیەکی تورک بەسەرۆکایەتی حوسنی ئەفەندی و مستەفا عالیم کە هاتبوون بۆ گرتنی چەن کەسێک لە گووند نشینەکان. “شێخ سهعید” ڕازی نەبوو کەس بگیرێت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە هەردوولا سەنگەر لەیەک بگرن، لەپاش شەڕو تەقەکردن چەندەها کەس لەمەفرەزەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بەدیل گیران. ئەم ڕووداوە لە پڕ بووە هۆی ڕێگرێکی سەرەکی ناوەخت لە کامل نەبوونی خۆئامادەکردنی ڕاپەرینەکەی “شێخ سهعید”. کاتێک شێخ تایەری برای “شێخ سهعید” ئەم هەواڵەی بیست، بێوەستان و چاوەڕوانی لە ١٠ی شوباتی ئەو ساڵەدا کۆنتڕۆلی شارۆچکەی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نوسین و نامە و تەلەگرافی نهێنی ڕژێمدا گرت، لەڕۆژی ١١ی شوباتدا، لەگەل ٢٠٠ هەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ. ئەم ڕووداوە و هۆکارانە بوونە هۆی سستبوونی هەندێ کاری شۆڕشەکە ڕێگەیان لەدواخستنی شۆڕشەکە گرت، بۆیە “شێخ سهعید” بەناچاری پێشوەخت بڕیاری دەستپێکردنی ڕاپەرینەکەیدا.
ئاماری مەزەندەکراو؛ بەپێی ئاماری ئەوکاتە، ژمارەی پێشمەرگە کوردەکان تەنیا لەچوار ویلایەتدا نزیکەی ٦٠٠هەزار کەس بوون بەرامبەر ژمارەی هێزە تورکەکان کە لە ١٠٠ هەزار کەمتربوون. لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدابوو.ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵملێکراوی ژێر دەسەڵاتی تورک بوون، بۆیە زۆربەیان لەشۆڕشەکەدا بەشدار بوون و “شێخ سهعید” سەرۆکایەتی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ و هۆزی مەستان و بۆتانی باشووری چیای کۆچەرانی دەکرد. هێزی سالح بەگی خان و هێزەکانی شێخ شەمسەدینیش هاتنە ناوچەی مادن و شێخ ئەیوبیشت لەگەڵ هەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ڕیزەکانی شێخ عبدل ڕەحیمی برای “شێخ سهعید” ، بەرەو رزگارکردنی شاری ئامەد ڕۆیشتن.
شەڕی ئامەد؛ “شێخ سهعید” لەسەرەتاوە هەستـی کرد کە هێزەکانی لەتوانایان نییە ئامەد رزگار بکەن، بۆیە بیری لەڕێگەی تر کردەوە، بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورک تا بوارێکی لەبار بۆ ڕاپەرینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێ. هەرچەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی هیچ جۆرە چەکێک بۆ خەلکانی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا ڕازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن، لەسەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە هێڕشی دەستپێکرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایەند، لەدەرگای ماردینی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەلکی شار یەکتریان گرتەوە و کەوتنە پەلامار بۆسەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لێ دابوو، لەهەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەربازیان زیاتر بوو، لەپاش شەڕێکی قورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا، کەرتی هێڕشبەری پێشمەرگە و خەڵک ملیان دایە بەر پاشەکشەکردن و گەڕانەوە دواوە لەپاش دووسێ هێڕش پێشمەرگەکان کە تێیدا سەرنەکەوتن، بەتەواوی بڕیاری واز هێنان لە گەمارۆی شارەکە درا.
شکانی هێز و خیانەتکردن؛ ڕیزەکانی شۆڕش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو شپرزەیی و پەڕش و بڵاوی دەچوو، بەتایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکوور و باشوورەوە بەهێزی زۆر هێڕشیان هێنا و گەمارۆکەیان پێچەوانە کردەوە. لە کۆتایی مانگی نیسان بەهۆی خیانەتی سەرۆکی هۆزی جبرانان و قاسم بەگی جبرانەوە، “شێخ سهعید” ، شێخ عەبدولا، عەلی غالب، ڕەشید و ٢٦شۆڕشگێری تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لەناوچەی گەنج بەدیل گیران. لەوکاتەی “شێخ سهعید”ی پیران لەزیندان بوو، دوو سەربازی تورک دەچنە لای شێخ پێی دەڵێن:- شێخ ئێستا عیسمەت پاشا دێت و تۆش داوای لێخۆشبوونی لێ بکە و ئازاد دەکرێیت، شێخ لەوەڵامدا گووتی:- من داوای لێخۆشبوون تەنها لەخودا دەکەم و هیچی تر، من هیچ کارێکی هەڵەم نەکردووە کە داوای لێخۆشبوون بکەم، بەو عیسمەتەش بڵێن گەر لەزیندان دەربچم، دووبارە دەست دەکەم بە خەبات و لەپێناو گەلەکەم دەجەنگم جارێکی تر. دواتر قسەکانی شێخ بۆ عیمسەت پاشا دەبردرێن و پاشاش دێتە زیندان بۆ دیتنی شێخ. عیسمەت پاشا بە شێخ دەڵێت: داوای لێخۆشبوون بکە و دان بنێ بە پەشیمانیت، بێ دوو دڵی ئازادت دەکەم، بەڵام شێخ گووتی: من کوردم، خوێنی کوردم لەلاشەیە، تا دەمرم هەر کورد دەبم، من سوود بە ئێوە ناگەیهنم.
کۆچی دوایی شێخ؛ لەدوای دادگای کردنی “شێخ سهعید” و هاوڕێکانی لەکۆتای مانگی ئایارەوە کە دەستی پێکرد و ماوەی یەک مانگی خایەند، جگە لەشێخ،٤٧ کەس لەهاوڕێ سەرکردە و تێکۆشەرەکانی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا و لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥لە ئامەد”دیاربەکر” لەسێدارە دران.
هەندێک لە وتەکانی شێخ سهعید:-
- زۆر لەو کەسانە مەکەن کە نیشتمانیان ناوێ، ئاخر نیشتیمان شەرەفە.
- تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک هات و ئێوەی کورد، کوردبوونی خۆتان لە بیرکرد، دڵنیابن دووژمن هەرگیز لەبیری ناکات کە ئێوە کوردن.
- وا ژیان خەریکە کۆتایی دێت و هەرگیز پەشیمان نیم لەوەی لەپێناو خودا کردوومە، ئێمە دڵمان خۆشە چونکە کوڕ و کچەکانمان لەبەر ئێمە شەرم دایانناگرێ لەبەردەم دوژمناندا.
“دەرئەنجام”
هەر شۆڕش و ڕاپەرینێکی کوردی کرابێت هەوڵی جدی دراوە بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی، لەبەرئەوەی دوژمن دەترسا لەوەی کورد دەسەڵاتی بەهێز بێت، ببێت بە دەوڵەت ”شێخ سهعید” دەستگیر کرا و لە ساڵی ١٩٢٥ لە سێدارە درا. کوردەکان بێ ئومێد بوون لە گەیشتن بە مافە کلتووری و مرۆییەکانیان، تورکیاش ویلایەتی مووسڵی لە بەرژەوەندیی عێراق و بەریتانیا لەدەست دا.
سەرچاوەکان؛
- شۆڕشی “شێخ سهعید”ی پیران و سۆڤێت، ئەفراسیاو ھەورامی، لە ساڵی ٢٠٠٢، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
- شۆڕشی ئاگری “شێخ سهعید”ی پیران – وێبگەی قادر زادە، سەردانی ٢٩-٧-٢٠١٠.