لەناو قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی درێژخایەنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی ( نەوت بەرامبەر مووچە ) وەک بژاردەیەک دەرکەوتووە کە لەلایەن بەغداوە سەپێنراوە و لەلایەن هەولێرەوە ناکۆکی لەسەرە. ئەم هاوکێشەیە لە غیابی یەکلاییکردنەوەی دەستووری ڕوون و ڕێبازێکی سەقامگیری ئابووریدا، لە ئامرازێکی دارایی یان ئیدارییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی فشاری سیاسی و کلیلێکی دانوستانی هەمیشەیی نێوان هەردوولا. بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییە، حکومەتی فیدراڵی گواستنەوەی مووچە دەبەستێتەوە بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە گەیاندنی بڕێکی دیاریکراوی نەوت، وەک ئەوەی مووچەی هەزاران فەرمانبەر مەرجدار بێت بە بەرمیلی نەوتی خاو. لە کاتێکدا بەغدا ئەم سیاسەتە بە “گەرەنتی دارایی” وەسف دەکات، هەولێر وەک ” ناچاری سیاسی” سەیری دەکات.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان پشتی بە سیاسەتێکی نیمچە سەربەخۆی نەوت بەستووە، گرێبەستی هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی ئەنجامداوە. بەڵام هەرێم سەرکەوتوو نەبووە لە بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەری ئەڵتەرناتیڤ، ئەمەش وایكردوە بەدەست ئابوورییەکی شێواوییەوە بناڵێنێت. دیارترینیان پشتبەستن بە مووچە وەک بزوێنەری سەرەکی بەکارهێنانی ناوخۆیی و شەرعیەتی دەسەڵات بوە. بۆیە گۆڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ موزایەدەکردن لە بەرامبەر رادەستكردنی نەوت، تەنها ڕێکارێکی کاتی نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی دارایی بەڵكو ڕەنگدانەوەی نەبوونی دیدێکی ئابووری گشتگیرە لە لایەن هەردوولا و بێتوانایی درێژخایەنە لە تێپەڕاندنی قۆناغی ئابووری تاکە سەرچاوە.
سیاسەتی مەرجدار كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە لە ژێر ناوی ( ڕێکخستنی سەرچاوەکاندا ) تێپەڕێندراوە، پرسیاری ڕەوا دەوروژێنێت: ئایا مووچە بووەتە ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی؟ ئایا دەکرێت مافی هاووڵاتیان مسۆگەر بکرێت لەكاتێكدا بژێوی ژیانیان بە بارمتە بگیرێت لەلایەن هێزی دەسەڵات و وزەوە ؟ لەلایەكی دیكەوە ئەم جۆرە سیاسەتە بوەتە هۆی ئەوەی ناسەقامگیری نێوان فەرمانبەران زیاد بكات، کە ئێستا مووچەکانیان وابەستەی ڕێککەوتنە سیاسییە ساتەکان بوون. هەروەها کاریگەری لەسەر توانای کڕینی خێزانەکان لە هەرێمدا هەبووە و چالاکیی ئابووری ناوخۆیی لاواز كردوە.
جێبەجێکردنی پراکتیکی، پووکانەوەی ئەم هاوکێشەیەی سەلماندندوە ، زۆرجار هەردوو لایەن تۆمەتی پابەندنەبوون ئاڵوگۆڕ دەکەن. بەغدا دەڵێت هەرێم ئەو بڕە پارەیەی لەسەری ڕێککەوتوون ڕادەست ناكات یان داهاتەکان بە شێوەیەکی شەفاف ئاشکرا ناكات، هاوکات هەولێر دووپاتی دەکاتەوە کە حکوومەتی فیدراڵی ئەو پرسە وەک موزایەدەی سیاسی بەکاردەهێنێت و هۆکاری بیرۆکراتی بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچە دەهێنێتەوە.
“دەرئەنجام”
هاوکێشەی نەوت بەرامبەر مووچە، پووکانەوەی پێکهاتەی دارایی لە ئێراقی فیدراڵی و نەبوونی میکانیزمی سەقامگیر بۆ دابەشکردنی سامان و سەروەت بەسەر پێکهاتەکانیدا ئاشکرا دەکات. وەئەگەر ناکۆکییە تەکنیکی و سیاسییەکان لەسەر ئەم پرسە چارەسەر نەکرێن، ئەوا پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم بە کۆت و بەندی هاوکێشە مەرجداری زیاتر دەمێنێتەوە، ئەمەش وادەكات لەم نێوەندەدا مافی فەرمانبەران ببەسترێت بە ئیرادەی سیاسی ناجێگیرەوە. بەم شێوەیە مووچە- كە مافێکی بنەڕەتیە- هەروەها خەرجییە سەروەرییەکان و داهاتەکانی دیکە، دەکەوێتە بەر سیاسەتی پارەدانی مەرجدار. وەکاتێک بژێوی ژیان بە بەرمیلێک نەوت مەرجدار دەبێت، متمانەی نێوان حکومەت وهاووڵاتیانی دەشکێت ودەرگا بەڕووی قەیرانی گەورەتردا دەکرێتەوە.