“ئاشناییسڕینەوە (Defamiliarization)“
ئاشناییسڕینەوە دەستەواژەیەکە کە یەکەمجار لە لایەن ڤیکتۆر “شکلۆفسکی” لە وتاری “هونەر وەکوو پیکۆڵکاری” (١٩١٩) باسی لێوە کرد. “شکلۆفسکی” ئەم دەستەواژەیەی لە هەمبەر بیردۆزی ئەلەکساندێر پوتبینا خستە ڕوو کە باوەڕی وابوو هونەر بیرکردنەوەیە لە چوارچیوەی وێنەکان، و وێنەکانیش سادەتر و ڕوونترن لە دەلالەتەکانی خۆیان. بەڵام “شکلۆفسکی” باوەڕی وابوو کە مانای هونەر لە توانایی “ئاشنایی سڕینەوە” لە شتەکان، پێشاندانیان بەشێوەیەکی نوێ و چاوەڕواننەکرا دایە. لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئێمە شتەکان و زەمینەکانی دەرکەوتنیان نابینین، چونکە تێگەیشتنی ئێمە بەپێی خوو و عادەتی ڕۆژانە و بەشێوەی ئۆتۆماتیکی ئیش دەکات. ئامانجی هونەر گواستنەوەی هەستی شتەکانە بەو شێوەیەی کە لێیان تێدەگەین نەک بەشێوەیەی دەیانناسین. هونەر لەڕێگەی دروستکردنی شێوە نامۆ و سەیر و سەمەرەکان و بە زیاترکردنی دژواری و هەروەها کاتوساتی پرۆسەی تێگەیشتن، لە شتەکان “ئاشنایی سڕینەوە” دەکات، چونکە پرۆسەی تێگەیشتن، خۆی لە خۆیدا، غایەت و ئەوپەڕی جوانیناسییە و دەبێت ئەم پرۆسەیە درێژ بکرێتەوە.
بەڕای “شکلۆفسکی” ئاشنایی سڕینەوە لە ئەدەبیاتدا لە سێ ئاستدا ئیش دەکات؛ لە ئاستی زمان، لە ئاستی چەمک و، لە ئاستی شێوازە ئەدەبییەکان. لە ئاستی زماندا، ئاشنایی سڕینەوە زمان تووشی دژواری دەکات و بەشێوەی ئەنقەست دەیکات بە لەمپەرێک؛ بۆ ئەم حاڵەتە دەتوانین ئاماژە بە نموونەی کەڵەکەکردنی دەنگە دژوارەکانی زمان و هەروەها بەکارهێنانی کێش لە شیعردا بکەین. لە ئاستی چەمکدا، ئاشنایی سڕینەوە بە هەڵگەڕاندنەوە یان بەراوەژووکردنی چەمک و ئایدیا قبووڵکراو و باوەکان و پێشاندانیان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، تووشی ئالنگارییان دەکات. بۆ نموونە “لیۆ تۆلستۆی” لە چیرۆکێکیدا، نالۆژیکی بوونی جیهانی مرۆڤ لە ڕوانگەی ئەسپێکەوە پێشان دەدات. لە ئاستی شێوازە ئەدەبییەکانیشدا، ئاشنایی سڕینەوە لەڕێگەی تێكشکانی پێوەرە زاڵە هونەرییەکان و خستنەڕووی پێوەرە نوێکان، و هەروەها لەڕێگەی بەرزترکردنەوەی ژانێرە ئەدەبییە لاوەکییەکان وەکوو گاڵتە و گەپ و چیرۆکی پۆلیسیی بۆ ئاستی هونەرە جوانەکان، و بەگشتی لادان لە لە ڕێکەوتنە ئەدەبییەکان دێتە ئاراوە. دەستەواژەی ئاشنایی سڕینەوە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا زۆر دەسکەوتی بەسوودی هەبووە. ئەم دەستەواژەیە “پرۆسە”یەکی باسکرد کە لەبارەی جۆرە جیاوازەکانی ئەدەبەوە ئیعتیبار و پێگەی هەبوو و ئەدەبیاتی لە جۆرەکانی دیکەی دەربڕین و قسەکردن جودا کردەوە. ئاشنایی سڕینەوە کۆمەڵێک بنەما و کۆڵەکەی پێکهاتوو لە توخمەکان لە ناو بەرهەمی ئەدەبیدا بەدی هێنا؛ بەم شێوەیە کە بنەما و کۆڵەکەی ئاشنایی سڕینەوە وەکوو بنەمای سەرەکیی ئیشی دەکرد و هەموو توخمەکانی دیکەش لە ژێر ڕکێف و کاریگەریی ئەودا بوون. لە ئەنجامدا، ئاشنایی سڕینەوە بوو بەهۆی تێگەیشتن و هەڵهێنجانێکی نوێ لە مێژووی ئەدەبیدا. هەڵهێنجانێک کە نەک لەسەر بنەمای نەریت، بەڵکوو لەسەر دابڕانی لەناکاو لە ڕابردوو و سەرهەڵدانی یاسا هونەرییە نوێکان بونیاد نرابوو. بیردۆزی ئاشنایی سڕینەوە لەسەر چەمکی “مەودادان”ی بێرتولت برێشت لە شانۆشدا کاریگەریی هەبوو. مەودادانان لە شانۆدا لەسەر ئەم خاڵە پێدادەگرێت کە ڕووداوەکان و پێشاندانیان دەبێت بە شێوەیەک گۆڕانیان بەسەردا بێت کە بینەر هان بدرێت تاکوو بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە چاو لە نومایش یان نواندنەکە بکات.
“ئایرۆنی (Irony)“
سەربوردە و مێژووی دەستەواژەی ئایرۆنی ناچارمان دەکات جیاکارییەکی ڕوون لە نێوان دوو بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دابنێین. لە مانای یەکەمدا؛ کە تا کۆتایی سەدەی هەژدەیەم مانای زاڵ بوو، ئایرۆنی ئاماژەیە بە لایەنێکی ڕیتۆریک یان دەربڕین “بەلاغەت یان جوانیناسیی دەربڕین”، واتە شاردنەوەیەکی ناوشیارانە لە لایەن کەسێکەوە کە شتێک دێنێتە زمان وا مەبەستی نییە یان لانیکەم هەموو مەبەستی ئەوە نییە. نموونەی ئەم مانایە لە گفتوگۆکانی سوقراتدا دەبینین. ڕیتۆریکناسانی کلاسیک ئایرۆنی بە فیگەرێکی داهێنەرانە و جۆرێک مەجاز زانیوە؛ تیۆریداڕێژانی سەدەکانی ناوەڕاستیش بەشێوەیەکی چەشنەکارانە لە ڕیزی یەکێک لە بابەتە لاوەکییەکانی تەمسیل یان شوبهاندندا دایانناوە: “شوبهاندن لەڕاستیدا، جۆرێکی دیکە لە دەربڕینە، شتێک دەوترێت بەڵام مەبەست شتێکی دیکەیە”. پێناسەی بێوێنەی “سامویل جانسۆن” لەگەڵ بەکارهێنانی نەریتیی “ئایرۆنی” گونجاو بوو کە وەکوو “لایەنێک لە دەربڕین و وتە” سنوورداری دەکرد کە تێیدا “مانای دەربڕین لە هەمبەر مانای وشەبەوشەی وشەکاندا دادەنیشت و دەوەستایەوە”.
ئایرۆنی بەم پێناسە و بەکارهێنانەوە، بەشێوەی زاتی ڕۆڵێکی چاککەرەوانە، ڕوون، بواردەرانە و ژێدەرانەی هەیە. بە هەمان شێوە کە شیکارانی نوێ پێداگرییان کردووە، “لادانی دووفاقییانە” کە کۆڵەکەی ئایرۆنیی قسەکردنە “تەنها لە سیستەمێکی نواندنەوە و ڕێکخستنی جێگیردا دەکرێت کە تایبەتمەندیی دیاریی ئیپیستیمە و مەعریفەی کلاسیکە”. ڤێین بووگات لە کتێبی ڕێتۆریکی ئایرۆنی(١٩٧٤) لە گەڕانەوە بۆ “ئایرۆنیی پایەدار” کە ئەو ڕێکخستن و سیستەمەی بەدیهێناوە، بەرگریی دەکات. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، تیۆریداڕێژانی ڕۆمانتیکی ئاڵمانی دەستەواژەی ئایرۆنییان لە مانای ئاڵۆزتری دووەمدا بەکار هێنا. پێناسەیەکی نوێ کە فریدریش ئێشلێگێل خستییە ڕوو گرینگە؛ ئایرۆنی “ناسینەوەی ئەم هەقیقەتەیە کە دنیا لە زاتی خۆیدا دژوازە و تەنها تێڕوانینێکی دووفاقانە دەتوانێت گشتییەتە پارادۆکسیکاڵەکەی تێبگات”. ئێشلێگێل باوەڕی وایە کە ئایرۆنی بەم مانایە و بەپێی ماهییەتەکەی هاوسەنگکەرەوە نییە؛ بەم مانایە وەکوو ئەقڵی سوقراتیانە خۆتەوەر و ناکۆتایە؛ “هیچ شتێکی جیاوازتر لە تەنز، مشتومڕ و ئایرۆنی نییە. ئایرۆنی لە مانا نوێکەیدا زاڵبوونە بەسەر جۆرێک لە ڕەخنەگرتن لە خود: تەنزێکی ناکۆتا”. ئەم ئایرۆنییە نوێیە “دۆخمەندە” بەهۆی خۆ بیرکردنەوەیی و هاوسەنگیی لە لێکداندا، نەگوازراوەیە و لەڕووی ئەخلاقیشەوە دیارینەکراوە و ئازادیی لە دەسەڵات و هێزی ئیلاهیی دەڕەخسێنێت. کارل ویلهێلم زولگێر دێتە پاڵ ڕکابەرەکەی خۆی واتە ئێشلێگێلەوە و دەڵێت: “کاتێک خودا ئینسانەکان و ژیانی ئێنسانەکانی دەئافراند، بەسەر سلووک و خوویدا جۆرێک ئایرۆنی بەرز و باڵا زاڵ بوو. لە هونەری ناسوتیدا ئایرۆنی ئەم مانایەی هەیە-سلووک و ڕێبازێک هاوشێوەی سلووک و ڕێبازی خوداوەند”. لە ڕوانگەی گیۆرگ فریدریش هیگلەوە، ئایرۆنی بەو مانایەی کە ئێشلێگێل مەبەستێتی، ناکرێت لە دەرکەوتنی زەینێکی نیهیلیستی جودا بکرێتەوە، لە حاڵێکدا “سورێن کەیرکێگارد” لە گشتییەتی ئایرۆنیی ڕۆمانتیکدا، گوشراوەیەک لە واقیع لە ڕوانگەی خودئاگایی مرۆڤی هونەرمەندی مەلوولدا دەبینێتەوە. تێگەیشتنی ڕۆمانتیکەکان لە هونەرمەند وەکوو داهێنەرێکی ئیلاهیانەی غەیری ئەخلاقی و ئافرێنەرێکی ئایرۆنی، ڕۆڵێکی زۆری لە فەرهەنگیی ئەدەبیی نوێدا گێڕاوە، و ئەم بابەتەش تا ڕادەیەک بە هۆی پێگەیەک بووە کە ئەم دەستەواژەیە لە بەرهەمەکانی کەسانێکی وەکوو توماس مان و ئاندرێ ژیددا هەیبووە؛ کەسانێک کە ئایرۆنی لە بەرهەمەکانیاندا “وا دەکات کە ئێمە گومان لە ناخی دڵەوە قبووڵ بکەین”. ئەو ئایرۆنیانەی کە لێکۆڵەرانی سەدەی بیستم بە “ئایرۆنیی قەدەر”، “ئایرۆنیی ڕووداو”، “ئایرۆنیی سرووشت”، “ئایرۆنیی عەنتیکە”، “ئایرۆنیی گەردوونی” و “ئایرۆنی مێتافیزیکی” ناویان بردوون، لە ڕاستیدا پاشکۆ تێکئاڵاوەکان یان ژێربابەتەکانی ئایرۆنیی “دۆخمەن” (موقعیتی)دن کە یەکەم جار ڕۆمانتیسمی ئاڵمانی پێناسەی کرد. “ئایرۆنی نومایشی” دەستەواژەیەک کە لە سەدەی نۆزدەیەم داهات، هێشتاش زائیقەی ئایرۆنی ناسەکان تاقی دەکاتەوە چونکە ئاماژەی بە ئایرۆنییەکە کە “وەکوو تراژێدیاکانی سوفوکلوس” هەم دۆخمەنەدە و هەر وتەمەند(کلامی).
دروستبوونی ئایرۆنی وەکوو دەستەواژەیەکی مۆدێڕنی ڕەخنە، هاوکات بوو لەگەڵ زاڵبوونی جۆرێک لە ڕەخنەی نوێ کە ئایرۆنیی دۆخمەندی سەرووتر لە ئایرۆنیی وتەمەند دەزانی. ئەی، ئەی، ڕیچاردز لە ساڵی ١٩٢٤ لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ئایرۆنی “کۆمەڵەیەکە لە…دژایەتییەکان” کە بەشێوەیەک دەگەنە هاوسەنگی. “ڕابێرت پێن وارێن” لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “شیعری دانسقە و نادانسقە” (١٩٤٢) هەوڵ دەدات تاکوو وتەکەی ڕیچاردز چاک بکات و لەباتی وشەی “دژایەتییەکان” وشەی “ململانێ” بەکار دەهێنێت، مانای ئایرۆنیی لە ڕەخنەی نوێدا لە ڕوانگەی کلینت بروکس زیاتر پەرەی سەند؛ ئایرۆنی نەک تەنها گشتیترین وشە بۆ ئاماژەدان بە تێگەیشتن لە ناهاوئاههنگییەکانە -کە سێبەری خستووەتە سەر هەر شیعرێک- بەڵکوو هەروەها “گشتیترین وشەیەکیشە کە ئێمە بۆ دەربڕینی ئەو کاریگەرییانەی کە توخمە جۆراوجۆرەکانی پاشکۆ لە پاشکۆ وەریدەگرن، لەبەردەستمانە” ئەنجامگیرییەک کە لە شێوەی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لە لایەن بروکسەوە بەدەست دێت ئەمەیە کە هیچ قسەیەک ناتوانێت بەتاڵ بێت لە ئایرۆنی. ئەندێشەی پاش پێکهاتەخواز بەشێوەیەکی ئاماژەدەرانە بایەخێکی زیاتر بە ئایرۆنیی دۆخمەند دەدات لەچاوەی ئایرۆنی وتەمەند و لەم ڕووەوە شوێنپێگری ڕەخنەی نوێیە. کاتێک کە بۆ نموونە پاول دوومان لە وتاری “ڕیتوریکی کاتمەندیی” (١٩٦٩) ئایرۆنی وەلاوە دەنێت، تەنها سەرنجی لەسەر “لایەنی ڕێتوریکی”یەتی. هایدن وایت لە کتێبەکەیدا لە ژێرناوی سەروومێژوو (١٩٧٣)، دان بە دەستەواژەی ئایرۆنی کە لە نۆرترۆپ فرای وەریدەگرێت، دەنێت، بەڵام تەنها بە “شێوەیەک لە بیرکردنەوەی دەزانێت کە لە بنەمادا لە سەر ڕەخنەگرتن لە خود بوونیاد نراوە”. بەزۆری پەرچەکرداری پاش پێکهاتەخوازان لە هەمبەر ئەم دەستەواژەیەدا بێدەنگی بووە و هۆکارەکەشی ڕەنگە پەیوەندیی ئایرۆنی لەگەڵ ڕەخنەی نوێدا بێت. ئەگەرچی ژاک دێریدایان بە مامۆستای ئەو جۆرە لە ئایرۆنیی زانیوە کە لەسەر بنەمای “توانایی قبووڵکردنی ڕاڤە و خوێندنەوە زۆر جیاوازەکان” چووەتە پێشێ. بەڵام بەدەگمەن و تەنها بە شێوەیەکی سەرپێیی دەستەواژەی ئایرۆنی بەکار دەهێنێت. جوزێف هیلیس میلیرش لە باسێک لەبارەی “نەبوونی دڵنیایی” کە لە کتێبی پێکهاتەشکێنی و ڕەخنە(١٩٧٩)دا هاتووە، بە جاروبار ئاماژە بە ئایرۆنی دەکات بەڵام هیچ کات “بەشێوەی ئاشکرا” ئەم وشەیە بەکار ناهێنیت. بە هەمان شێوە کە جۆزێف دێن بیرمانی خستووەتەوە “ئایرۆنی بە هەر شێوازێک کە پێناسە بکرێت، بوونی جۆرێک لە دەسەڵات دەگەیەنێت -تەنانەت ئەگەر ئەم دەسەڵاتە تەنها دەسەڵاتی کەسێک بێت کە میراتگری هونەرمەندی ڕۆمانتیک بێت؛ ڕەخنەگری پاش رۆمانتیک”.
سەرچاوە: ماکاریک، ایریا ریما (١٩٥١). دانش نامەی نظریەهای ادبی معاصر/ ترجمە مهران مهاجر، محمد نبوی، تهران: آگە، ١٣٨٣.
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن