“پێشەکی”
کاتێک بیر لە پێشکەوتنی زانستی دەکەینەوە، زۆرجار وێنەیەکی ڕێکوپێک و ڕاستەهێڵمان دێتە پێش چاو؛ زنجیرەیەک لە زانایانی لێهاتوو، کە هەریەکەیان بە وردی مشتێک دەخاتە سەر خەرمانى هاوڕێی پێش خۆی، تا دەگەینە باڵەخانەی بڵندى تێگەیشتنی ئەمڕۆمان لە جیهان. ئەم تێڕوانینە باوە، کە پێی دەوترێت “مۆدێلی کەڵەکەبوو” (cumulative model)، وێنەیەکی سادەکراوە و زۆرجار نادروستە بۆ پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزتر و مرۆییتر. لە ڕاستیدا، مێژووی زانست پڕە لە گەڕانەوە بۆ دواوە، ڕێگای هەڵە، تیۆری ڕەتکراوە و، گرنگتر لە هەمووی، دۆزینەوەی چاوەڕواننەکراو کە ڕێڕەوی زانستییان بە تەواوی گۆڕیوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر دوو لایەنی زۆرجار پشتگوێخراو بەڵام گرنگی ئەم پرۆسەیە:- یەکەم، “هەڵە بەرهەمدارەکان” – ئەو هەڵانەی کە سەرەڕای هەڵەبوونیان، دەبنە هۆی پێشکەوتن. دووەمیش، “دۆزینەوە بە ڕێکەوت Serendipity “، ئەو دۆزینەوە بەختهێنەرانەى کە مێشکێکی ئامادە دەیانکاتە دەرفەت. دەمانەوێت بزانین چۆن ئەم دووانە یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی تێگەیشتنی ئێمە لە جیهان و چ وانەیەکمان پێ دەبەخشن.
“پێناسەکردنی هەڵەی بەرهەمدار و دۆزینەوەى بەڕێکەوت“
کاتێک باسی “هەڵە” دەکەین لە زانستدا؛ مەبەستمان تەنها شکستێکی پووچ و بێ ئەنجام نییە. “هەڵەی بەرهەمدار” (Productive Error) ئەو هەڵەیەیە کە وێڕای سروشتی هەڵەبوونی، دەبێتە هۆی وروژاندنی پرسیاری نوێ کە پێشتر بیری لێنەکراوەتەوە، بە واتاى پاڵفتەکردن و باشترکردنی میتۆدەکان و ئامێرەکانی توێژینەوە، ڕەتکردنەوەی گریمانەیەکی هەڵە و کردنەوەی دەرگا بۆ گریمانەی باشتر، یان تەنانەت دابینکردنی چوارچێوەیەک بۆ توێژینەوە کە دواجار دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ڕاستییەکی قووڵتر. بۆیە، دەتوانین بەوپەڕى قەناعەتەوە بڵێین کە هەڵەکردن یەکێکە لەرێگاکانى گەشەکردنى زانست. فەیلەسوفی بوارى زانست، کارڵ پۆپەر، لە کتێبی “گریمانە و ڕەتکردنەوەکان” (Popper, 2002) جەختی لەسەر گرنگی “توانای بەهەڵەخستنەوە” (falsifiability) کردۆتەوە وەک پێوەرێکی زانستیبوون. بە دیدی ئەو، زانست لە ڕێگەی دانانی گریمانە و هەوڵدان بۆ ڕەتکردنەوەیان پێش دەکەوێت. کەواتە، دۆزینەوەی هەڵەیەک لە تیۆرییەکدا، دەکرێت هەنگاوێک بێت بەرەو پێشەوە.
لە لایەکی ترەوە، “دۆزینەوەى بەڕێکەوت” یان Serendipity، کە مێرتن و باربەر (Merton and Barber, 2004) بە وردی شیکارییان بۆ کردووە، بە مانای “دۆزینەوەی شتی بەسوود و چاوەڕواننەکراو بە ڕێکەوت” دێت، بەتایبەتی کاتێک بەدوای شتێکی تردا دەگەڕێیت. بەڵام ئەمە تەنها “بەخت” نییە. وەک لویس پاستۆری زانای بەناوبانگ دەڵێت:”لە بواری تێبینی و چاودێریدا، ڕێکەوت تەنها یارمەتی ئەو مێشکانە دەدات کە ئامادەن” (Chance favors the prepared mind) واتە، زانای زیرەک و وردبین دەتوانێت ڕووداوێکی ڕێکەوت یان تێبینییەکی لاوەکی بکاتە سەرەتای دۆزینەوەیەکی گەورە. ئەمە پێویستی بە کراوەیی مێشک، حەزی زانین (curiosity) و توانای تێبینی ورد هەیە.
“نموونە مێژووییەکان”
تیۆری فلۆجیستۆن:- هەڵەیەکی “بەسوود”، لە سەدەی ١٧ و ١٨دا، تیۆری فلۆجیستۆن زاڵ بوو بەسەر تێگەیشتن لە سووتان و ژەنگ هەڵهێناندا. بەپێی ئەم تیۆرییە، هەموو ماددەیەکی سووتێنەر ماددەیەکی بێ ڕەنگ، بێ بۆن و بێ کێشی تێدایە پێی دەوترێت “فلۆجیستۆن”. کاتێک ماددەیەک دەسووتێت، فلۆجیستۆنەکەی ئازاد دەکات. سەرەڕای هەڵەبوونی لە بنەڕەتدا، تیۆری فلۆجیستۆن بۆ ماوەی نزیکەی ١٠٠ ساڵ چوارچێوەیەکی یەکگرتووی بۆ کیمیاگەران دابین کرد. یارمەتیدەر بوو لە پۆلێنکردنی کاردانەوە کیمیاییەکان و هاندەری ئەنجامدانی هەزاران تاقیکردنەوە بوو. دۆزینەوەی گازەکان وەک ئۆکسجین (لەلایەن شیلێ و پریستلی) سەرەتا لە چوارچێوەی ئەم تیۆرییەدا لێکدرایەوە. بەڵام کاتێک دەرکەوت هەندێک کانزا لە کاتی “سووتان” (ژەنگ هەڵهێنان) کێشیان زیاد دەکات، نەک کەم، ئەمە بووە ئاماژەیەکی بەهێز بۆ کێشە لە تیۆرییەکەدا. دواجار، ئەزموونە وردەکانی ئانتوان لاڤوازیێ لەسەر پاراستنی بارستایی لە کاردانەوە کیمیاییەکاندا، سەلماندی کە سووتان پرۆسەی یەکگرتنی ماددەیە لەگەڵ ئۆکسجین، نەک لەدەستدانی فلۆجیستۆن، و بەمەش شۆڕشێکی لە کیمیادا بەرپاکرد. تیۆری فلۆجیستۆن نموونەیەکی کلاسیکییە بۆ “هەڵەیەکی بەرهەمدار”؛ هەرچەندە هەڵە بوو، توێژینەوەی هاندا، داتای کۆکردەوە، و دواجار ڕێگای بۆ تیۆرییەکی باشتر خۆش کرد.
پەنسیلین:- هێزی ڕێکەوت و مێشکێکی ئامادە؛ دۆزینەوەی پەنسیلین، یەکەمین ئەنتی بایۆتیکی کاریگەر، چیرۆکێکی کلاسیکی “serendipity”یە لە زانستدا، وەک ڕۆبێرتس (Roberts, 1989) لە کتێبەکەیدا چەندین نموونەی تری خستۆتە ڕوو. لە ساڵی ١٩٢٨، زانای سکۆتلەندی، دکتۆر ئەلێکساندەر فلێمینگ، بە هەڵە یەکێک لەو قاپە شوشەییانەى کە تاقیکردنەوەى تیادا دەکرد، نەیخستە شوێنى تایبەتى خۆیەوە، بە کراوەیی لەسەر مێزى کارەکەى بەجێیهێشت و مۆڵەتێکى چەند ڕۆژەى وەرگرت. پاش گەڕانەوەى لە مۆڵەتەکەى، دەبینێت قاپەکە پڕە لە سپۆری کەڕووی Penicillium notatum . زۆر کەسی تر لەوانەیە ئەمەیان بە کێشەیەکی پیسبوونی تاقیگە دابنایە و فڕێیان بدایە. بەڵام فلێمینگ، بە مێشکە ئامادە و وردبینەکەیەوە، تێبینی کرد کە لەو ناوچانەی کەڕووەکە گەشەی کردووە، بەکتریاکان لەناوچوون. ئەم تێبینییە بووە سەرەتای دۆزینەوەی پەنسیلین، کە دواتر لەلایەن هۆوارد فلۆری و ئێرنست چەینەوە پەرەی پێدرا و بووە هۆی شۆڕشێک لە چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکاندا و ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگار کرد. چیرۆکی پەنسیلین بە جوانی دەری دەخات کە چۆن ڕێکەوتێک لەگەڵ مێشکێکی پرسیارکەر و ئامادە دەتوانێت ببێتە هۆی یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە پزیشکییەکانی مێژوو.
تیشکی ئێکس:- تێبینییەکی چاوەڕواننەکراو؛ لە ئێوارەیەکی ٨ی تشرینی دووەمی ١٨٩٥دا، ویلهێڵم کۆنراد ڕۆنتگن، لە کاتی تاقیکردنەوە لەسەر تیشکی کاتۆد، بە ڕێکەوت تێبینی کرد کە شاشەیەکی فلۆرەسێنت لە نزیکییەوە دەدرەوشێتەوە، تەنانەت کاتێکیش بۆرییە کاتۆدییەکە بە تەواوی داپۆشرابوو. ئەم تێبینییە چاوەڕواننەکراوە وای لە ڕۆنتگن کرد کە بە وردی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم “تیشکە” نوێ و نەبینراوە بکات. بۆی دەرکەوت کە ئەم تیشکە دەتوانێت بەناو زۆر ماددەی ناسکدا تێپەڕێت بەڵام لەلایەن ماددە چڕەکانەوە (وەک ئێسک) دەگیرێت. ناوی نا “تیشکی ئێکس” (X-rays) بەهۆی سروشتە نەناسراوەکەیەوە. دۆزینەوەی تیشکی ئێکس شۆڕشێکی لە بوارى پزیشکی و زانست بەگشتیدا بەرپاکرد و ڕۆنتگن یەکەمین خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیا لە ساڵی ١٩٠١ بەدەستهێنا. دیسانەوە، کراوەیی بەرامبەر بە داتای نائاسایی و ئامادەیی بۆ گۆڕینی ئاراستەی توێژینەوە کلیلی ئەم دۆزینەوەیە بوو.
“دەرئەنجامەکان بۆ پرۆسەی زانستی و پەروەردە”
ئەم نموونانە چەند وانەیەکی گرنگمان پێ دەبەخشن. یەکەم، زانست پرۆسەیەکی مرۆیی و خۆڕاستکەرەوەیە، نەک دامەزراوەیەکی پیرۆز و بێ هەڵە. هەڵەکان بەشێکی دانەبڕاوی ئەم پرۆسەیەن و میتۆدی زانستی یارمەتیدەرە لە دۆزینەوە و ڕاستکردنەوەیان. دووەم، پێویستە کەلتوورێک لەناو کۆمەڵگەی زانستی و پەروەردەدا دروست بکرێت کە ڕێگە بە “هەڵەی زیرەکانە” بدات؛ ئەو هەڵانەی کە دەتوانین لێیانەوە فێر بین، چونکە ترس لە هەڵەکردن داهێنان سنووردار دەکات. سێیەم، نموونەکانی “serendipity” جەخت لەسەر گرنگیی پەروەردەکردنی مێشکێکی پرسیارکەر، وردبین، و کراوە دەکەنەوە.
پوختە و دەرئەنجامی کۆتایی؛ لە کۆتاییدا، “هەڵە” و “ڕێکەوت” دوو ڕووداوی نامۆ و پەراوێزخراو نین لە مێژووی زانستدا. بەڵکو، بەشێکی سروشتی، دانەبڕاو، و زۆرجار بنەڕەتین لە پرۆسەی دۆزینەوە و پێشکەوتنی زانستیدا. بیرکردنەوە بونیانەرەکان و کارکردن بە پرەنسیپى (شکست هەوێنى سەرکەوتنە) لەم نمونانەى سەرەوەدا یەکدەگرنەوە. کورد دەمێکە وتویەتى (سوار تا نەگلێت، نابێ بە سوار). بۆیە، داهێنانە زانستییە پەتییەکان و پێشکەوتنەکانى زانایانیش دوور نییە لە پەند وەرگرتن لە هەڵە و شکستى ڕابردوویان. یان، ئەو نمونانەى کە ڕێکەوت واى کردووە داهێنانێک بخوڵقێت پێویستە وەک ڕاستییەک دانى پیادا بنرێت و لەڕەوڕەوەى پێشکەوتنى زانستیشدا چاوى لێ بکرێت.
سەرچاوەکان:-
١-بوبر، کارل (١٩٦٣(، خمينات ومنهج النمو العلمي، ترجمة: ماهر عبد القادر، دار النهضة العربية، القاهرة.
٢-كوهن، توماس (١٩٧٠)، بنية الثورات العلمية، ترجمة: شوقي جلال، الهيئة المصرية العامة للكتاب، القاهرة.
٣-الجمعية العربية لتاريخ العلوم (٢٠١٠)، دور الخطأ في التقدم العلمي. بيروت: دار النهضة العربية.
٤-Campanario, J.M. (1996) ‘Resistance to the discovery of the conservation of energy’, European Journal of Physics, 17(4), pp. 197-206.
٦-مجلة “العلوم” (2018)، “دور الصدفة في الاكتشافات العلمية”، المجلد 34، العدد 3.
٧-النشرة العلمية لجامعة الملك سعود (2019)، “أخطاء العلماء والتطور العلمي”.
٨-مجلة “المستقبل العربي” (2020)، “منهجية التعلم من الأخطاء في البحث العلمي”.
٩-موقع “العلیم ساینس al-aleem.science (٢٠٠٧). “عن أهمية الخطأ في العلم”.
١٠-رشيد، نعیمة (٢٠٢١). ” استثمار الخطأ في العملية التعليمية- التعلمية كاستراتيجية حديثة في التعليم “. مجلة “الکلم” المجلد 6 / العـــدد: 01