زانای فرەباڵای بواری توێژینەوەی میدیا و ڕایگشتی، دۆکتۆر (ئەلیزابێت نۆیلە نۆیمان) کە زیاتر لە شەست ساڵ بە توێژینەوە لە بواری کاریگەری میدیا و ڕای گشتی خەریک بوو، لەتەک ئەوەشدا دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشووی ناوەندی توێژینەوەی ڕای گشتی، ئەڵمانی بوو، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین ناوەندەکانی توێژینەوەی ڕایگشتی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا. لە ساڵی (۲۰۰۱) کتێبێکی بەناونیشانی (ئاوا ژۆرنالیستەکان درۆ دەکەن) بڵاوکردەوە و لەم کتێبەدا، نووسەر ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە کایەی ڕۆژنامەوانی و میدیایی ئەڵمانی و ڕۆژئاوایی دەگرێت و بە ئارگۆمێنت و نموونەی فراوان لەبارەی مێژووی پڕوپاگەندەوە تا ساختەهەواڵ دەدوێت و دەسەلمێنێت کە چۆن ژۆرنالیستەکان فاکت و زانیارییەکان بەشێوەیەکی لایەنگرانە پێشکەش دەکەن یان دەستکاریان دەکەن، زۆرجاریش بە تەواوی هەڵە و چەواشە و درۆ بڵاودەکەنەوە. دواتریش هەواڵی ساختە بەدرۆ دەخەنەوە و هەندێکجار ژۆرنالیستەکان کەسایەتییەکان دەمرێنن، وە هەندێکجاریش زیندوویان دەکەنەوە. نۆیلە-نۆیمان، له کتێبەکەیدا سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن میدیا تەنها ئەو هەواڵانە دەگەیەنێت کە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسی و مەنتاڵێتی کۆمەڵایەتی و کۆبیری جەماوەردا گونجاو بێت. هەوەها ئەوەش دەخاتەبەر باس کە میدیا چۆن کەسانی درۆزن و فێڵباز دەکاتە ئەستێرەی بەناوبانگ! لە نموونەی ئەمانەش (ئیدگار ئالان پۆ و مارک توەین) دوو فیگەری هەرە دیاری ئەدەبی جیهانی بە نووسین و بڵاوکردنەوەی چیرۆکی درۆ و هەڵبەستراو ناوناوبانگیان پەیداکرد.
ئەو توێژەرە ئەڵمانییە لە کتێبەکەیدا دبێژیت:”گەر مرۆ تێکستە ساختەکان و چیرۆکە ئەفسانەییەکان و چیرۆکە داهێنراوەکان ئەوەندە لە میدیاکاندا دووبارە بکاتەوە، ئەوا ڕۆژێک دەچنە نێو کتێبەکانەوە و دەبنە ههقیقهت.” ئەو نموونەی (پانزە کتێبە زنجیرەییەکەی کۆمپانیای بروک هاوس)ی چاپکراوی ساڵی (۱۹۹۷) وەک نموونە دەهێنێتەوە و دبێژێت: گەر خوێنەر لەو زنجیرەیەدا بەدوای وشەی (باستێل)دا بگەڕێیت ئەوا دەتوانێت ئەمەی لەبارەوە بخوێنێتەوە، لە دەسپێکی شۆڕشی فەرەنسا، لە ڕۆژی (١٤ی ۷ی ١٧٨٩) سیمبولی زوڵمی پاشایەتی هێرشی کرایە سەر و پاشان ساڵی (١٩٧٠) بە یەکجاری تێکشکێندرا. نەک تەنها لە کۆمپانیای بروک هاوس بەڵکوو لە کتێبە مێژووییەکاندا و لە پێشیاندا زانستەمرۆییەکان باسی مێژووی هێرش بۆ سەر باستیل کراوە. ئایا هەموو ساڵێک فەڕەنسیەکان لەسەر شەقامەکان هەڵناپەڕن بۆ ئەوەی ساڵڕۆژی هێرش بۆ سەر باستیل یاد بکەنەوە؟ ئایا یادی پاڵەوانەکانیان ناکەنەوە؟ یادی پانزە تۆپەکە کە بێپسانەوە ستەمکارانیان دا بووە بەر ڕێژنەی گوللە، یادی چەندین کاتژمێری شەڕە تفەنگی سەخت و دروستکردنی درزێک لە دیوارەکەدا کە لەوێوە میللەت هێرشی کردە ناو قەڵا سەختەکەوە؟ یادی نزیکەی سەد کوژراو و بریندارەکان ناکەنەوە؟ بەڵام ڕاستی شتێکی دیکەیە، باستیل لە ڕۆژی (۱٤ی۷ی ۱۷٨۹) دا هێرشی نەکراوەتە سەر. ئەوە دەسکەوتێکی بە نرخی مێژوونووس (جێرهارد فراوزەیە) کە ئەمەی وەک گەلێکیتر لە مێژووی ساختەکراو لە کتێبەکەی خۆیدا (هیچ کەسێک بە کۆڵۆمبۆس پێنەکەنێ) خستووەتەڕوو. ئەو لێدوانی ئەفسەر ئیلی لە فەوجی شاژن وەکوو خۆی دەنووسێتەوە:” باستیل هێرشی نەکراوەتە سەر بەڵکوو چۆڵکرا بوو پێش ئەوەی پەلامار بدرێ.”
ئەفسەر ئیلی پێکەوە لەگەڵ هولینی سویسری لە میانەی خۆڕادەستکردنی کردنی باستیل پاشتر وەکوو(هێرش کراوە سەر پیرۆز کراوە)دا وەک یەکەمین کەس چوونە ژوورەوە. یاریدەدەری ئەفسەر گۆ دی فلێڤێل یەکێک لەو سەربازانەی لەو ڕۆژەدا لەسەر باستیل ئەرکی هەبووە. ئەو لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: کە باستیل هەرگیز بە هێرش نەگیرا، تاکە یەک گوللە تۆپ لە (۱٤ی۷ی ۱۷٨۹) لە کاتی هێرش کردنە سەر باستیل دا تەقێندرا، بە هۆی شەڕەخۆری و تاڵانکاری و گڕتێبەردانی بنکە و بارەگا و سەنگەر و مەتبەخەکانی دەوری باستیلەوە بوو. لە بری ئەوەی بەند کراوەکان لە ژێر زەمینەکانەوە دەربھێنن ئەفسانەکە دەڵێت: “ئەوانە لە زیندانە ژێر زەمینە نامرۆییەکانەوە ڕزگار کران و بە ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنەوە بە ناو شاردا دەگێڕدران.” سەرەتا بە درێژایی چەندین کاتژمێر هەرچی کەلوپەل و مۆبیلیاتی گەورە و بچووک بوو تاڵانکران. پاشان بەند کراوەکانیان کەوتەوە بیر. تەنانەت لە وەرگێڕدراوە ئەڵمانیەکەش نامە و دوکۆمێنتی ڕزگارکراوەکانی باستیل بڵاو کراونەتەوە بە (ناونیشانی باستیل ڕزگارکراو یاخود چەند گوتارێکی گرنگ دەربارەی مێژووەکەی) لەوێشدا نووسراوە باستیل بە هێرش نەگیرا بەڵکوو دەرگاکانی لە لایەن پاسەوانەکانیەوە کرانەوە و ئەم واقیعە سەلمێندراوە و ناتواندرێت بە هیچ جۆرێک شک و نکۆڵی لێبکرێت. پەیوەند بە هەمان ڕووداو، لە چیرۆکی (قەڵای زۆرداری زاڵمەکە)دا ئەو پەیکەری ئێسک و پروسکانەیان هێنابوو کە لە حەوشەکەی باستیلدا دۆزرابوونەوە. ئایا ئەو مرۆڤانە هەر بەڕاستی لەوێ برسی کرابوون و تاکو ڕادەی مردن ئەشکەنجە درابوون؟ دیسان مێژوونووس فراوزە لەو بارەیەوە دەنووسێت:”ئەوانە دیلی پرۆتستانتی بوون کە لە باستیلدا مردبوون و لە حەوشەی قەڵاکەدا نێژرابوون، چونکە ڕێگەیان پێ نەدرابوو لە گۆڕستانە کاتۆلیکەکانی شارەکەدا بنێژرێن. ئەو ئەفسانانەی دەربارەی باستیل داهێنراون زۆر زیاترن وەک لەوەی بتوانین لێرەدا باسیان لێوە بکەین.”
دۆکتۆر ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان، سەرنج دەخاتە سەر کتێبە مێژووییەکان و دەنووسێت: “کتێبەکانی مێژوو پڕن لەم جۆرە ساختانە کە ژۆرنالیستەکان بە خۆشحاڵیەوە دوبارەیان دەکەنەوە.” لەو کتێبەدا ئەلیزابێت نۆیلە نۆیمان، باس لەسەرهەڵدانی پڕوپاگەنده دەکات و مێژووەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ساتەوەختی دەرکەوتنی چاپ و ڕۆژنامە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە مێژووی فرتوفێڵ و پروپاگەندە و خەڵەتاندن لە هەموو سەردەمێکدا بوونیان هەبووە. یەکەم سەرکەوتنی پروپاگەندەی ناسراوی مێژوو، فیرعەونی میسری (ڕەمسیسی دووەم) دایهێنا کە شەڕە بێ سەرەنجام کۆتایی هاتوەکەی دژی حیتیەکان نزیک کادێش ساڵی ١٢٩٦ی پێش زاین وەک سەرکەوتنێکی پرشگنداری گەورە پێشکەش کرد. جارێک کەسێکی بیرتیژی قسەخۆش دەبێژێت: پروپاگەندە ئەو هونەرەیە بتوانێت شەیتان بە دوو قاچی ساغ و سەلیم، ڕەسم بگریت. لەگەڵ ئەوەشدا پروپاگەندە بە هیچ جۆرێک هونەرێکی شەیتانی نییە. ئەو هونەرە بۆ یەکەمین جار لە ژێر ئەو مانایەدا پەیوەندیدار بە کاری تەبشیری کەنیسەی کاتۆلیکیەوە سەری هەڵدا. ساڵی (١٦٢٢) کاتێک (پاپا گریگۆری پانزەیەم)، (کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی ئیمان) دادەمەزرێنێت چیتر ئەو چەمکە لە دایک بوو. بۆیە وشەی پروپاگەندە لەوساتە وەختەدا بە هیچ جۆرێک ئەو مانایە نێگەتیڤەی ئەمڕۆی نەبوو، چونکە وشەی پروپاگەندەی لاتینی هیچ مانایەکی دیکەی نییە جگە لە بڵاوکردنەوە. کەواتە پروپاگەندە بە پێی مانای ڕاستەقینەکەی خۆی واتای ڕیکلامە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. ئەلیزابێت نۆیلە نۆیمان پێی وایە؛ لە ساتەوەختی داهێنانی چاپ لەلایەن گۆتەنبەرگەوە، ئیتر توانرا نووسینی تەنزئامێز زۆر بەهەرزانی و بەڕووبەرێکی جۆراوجۆرە بڵاو بکرێتەوە. ئەمە ساتە وەختی لەدایکبوونی نووسینی پروپاگەندەیی بوو، لەدەرەوەی دیوارەکان و مینبەرەکانی کەنیسەدا. یەکەمین سەردەمی زێرینی ئەو جۆرە نووسینە تەنزئامێزە سیاسیانەش بریتی بوو لە جەنگی سی ساڵە (١٦١٨ تا ١٦٤٨)لەکاتی ئاژاوەکانی شۆڕشی فەرەنسیدا پروپاگەندە بووە چەکێکی کاریگەرو تیژ لەدەستی توندڕەوەکاندا. بۆنموونە بۆ ڕۆبسپێر کەمێک باشتر بوو، چەکێکی ئاسایی پەیوەندیدار بوو بە ئەنارشیەوە، چونکە ئەنارشیەکان پەلەمارەکانی خۆیان وەکوو پروپاگەندەیی کردەوە پیرۆز دەکرد. مارکسیە- لینیەکان باشتر پلەیەکی زانستیان لەتێوری شۆڕشگێڕانەدا بەخشیە پروپاگەندە.
دۆکتۆر ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان، لەبەشێکی دیکەی ئەو کتێبەکەدا سەرنج دەخاتە سەر مەراییکردنی بێمانای ڕۆژنامەوانەکان و تەفاهییەتی کایەی سیاسەت و ژۆرنالیزم و دەبژێت: سیاسەت بووە بە نەریت و هونەری پیشاندانەوە، کە سیاسیەکان لە قەرەباڵغیدا مێکرۆفۆنەکان دەخرێتە نیو دەمیانەوە هەندێک جار وادەردەکەوێت ئەوەی ئێمە لە دەنگوباسی تەلەفزیۆنەوە دەبینین زیاتر لە کەشی جەنگ بچێت، هیچ دەگمەن نییە کە کامێرامانەکان چەندین کاتژمێر لە جێگایەکدا چاوەڕوان دەکەن تەنها بۆ ئەوەی چەند چرکەیەک وێنە بگرن کە پیشانی دەدەن چۆن سیاسیەکان لە ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕدا نزیک دەبێتەوە و بە هەنگاوی خێرا بەرەو دەرگایەک دەچێت. کارمەندی دەزگای تەلەفزیۆنی زێد دی ئێف، (پیتەر هاهنە) دەمێکە دانی بەوەدا ناوە کە ئەو جۆرە ڕاپۆرت نووسینانە فڕیان بەسەر کاری ڕۆژنامەوانی و دەنگوباسی ڕاستەقینەوە نییە ئەوانە نەریتن کە لەبەردەم کامێرەی تەلەفزیۆنەکاندا پێشکەش دەکرێن( هەرکەس وەکوو سیاسی ئەم شانۆگەرییەی لەبەر نەبێت و تەواو دەسەڵاتی بەسەردا نەشکێت ئەوا لەم سەردەمەدا ناتوانێت بمێنێتەوە) بەهۆی ئەوەشەوە کامێرامانەکان کاریگەری زۆریان لەسەر ئەوە هەیە کە سیاسیەکان بە چ شێوەیەک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەردەکەون، لە ژێرەوە وێنەیان بگرن گەورەتر و دەسەڵاتدارتر دەردەکەون، ڕوونکردنەوە و ڕوولە وێنەگرتنی نزیکدا ساردتر دەریدەخات، کەمێک تیشکی کەمتر گەرمتر و خۆشەویستانەتر دەریدەخا ئەوەی سیاسیەکان لەو چەند چرکە کەمەدا دەیبەخشن هەموو قسەیەکی سیاسی بەناوبانگ هەرچەندێک بێتام و لەزەتیش بێت بۆ نموونە وەکوو ئەو قسەیی ڕۆژانە دەیجوونەوە ئێمە خەریکی دیالۆگێکی چڕوپڕ پۆزەتیڤین، ئەمرۆ یەکسەر دەبێتە هەواڵی ئاژانسەکان ئەو شانسەی لەبەردەم چرکەی کامێرایەکدا ڕستەیەکی مانادار بڵێت ئەمرۆ هیچ سیاسییەک لە کیسی خۆی نادات. تەنانەت ئەگەر قسەکانیشی بریتی بن لەوەی کە هیچ شتێک نەڵێت! ئەوان بە دڵنیاییەوە جامی دەرگای ماشێنی ئۆتۆمبێلەکانیان دێننە خوارەوە و لایەکی سیاسییانە بۆ گۆڕانی بیروڕاکانیان دەسوڕێنن.
دۆکتۆر ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە چلۆن میدیاکان لە پێناوی ژمارەی خوێنەر و کێبەڕکێییان لەگەڵ یەکتریدا کەسایەتیەکان دەمرێنن و زۆرجارێش کەسایەتییەکان خۆیان هەواڵی مردنی خۆیان بڵاو دەکەنەوە. لەم بارەیەوە چەندین چیرۆک و نموونە لە کتێبەکەیدا دەنووسێتەوە: ئەوەی لە لایەن میدیاکانەوە دەمرێندرێن، زیاتر دەژین. لەوانەیە مارک توەین زۆر دڵخۆش بوبێت بەم حیکمەتە کاتێک ئەو هەواڵی مردنی خۆی لە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی دەخوێنێتەوە و لە لایەن دەستەی نووسەرانی بەرپرسیارەوە ئەم وەڵامە وەردەگرێت:” ئەوەی چاپ کراوە چاپ کراوە ئێمە هەرگیز هیچ شتێک ناگەڕێنینەوە بۆدواوە، هەرگیز لاوازی خۆمان دەرناخەین ئەوەی دەتوانین بۆت بکەین ئەوەیە ڕۆژی لە دایک بوونیکی تازەت بۆ دەربهێنین کە نرخەکەی دەکاتە یەک دۆلار.” نزیکەی لە هەمان کاتدا نووسەری ئەڵمانی (فریتس ڕۆیتەر) بەهەواڵی مردنی خۆی تووشی شۆک دەبێت ئەویش بەهۆیەوە دەست دەکات بە نووسینی نامەیەک بۆ ستافی ڕۆژنامەکە و دەنووسێت:”جا چونکە من حەز ناکەم و دژی ئەوەی بەزیندوویی بخریمە چاڵ تکا لەبەرێزتان دەکەم هاوڕێیانە لەژمارە نوێی ڕۆژنامە بەرێزەکەتان جارێکی دیکە دەرمبهێنەوە چونکە بەئومێدەوە چەند هۆیەکی تایبەتی پاڵنەرمن ئەگەر خوای گەورە حەز بکات ئەوا کەمێکی دیش لەناو زیندووەکاندا دەمێنمەوە.” هەروەها پیانۆژەنی نەمساوی (فرێدریک گۆڵدا) دەبێت هەواڵی مردنەکەی خۆی کە ڕۆژی (٢٨ی مارسی ١٩٩٩) لە لایەن ئاژانسی دەنگوباسی AFP بڵاو کرایەوە، خۆی بە دەستی خۆی بە دونیا دا بڵاوی کردبێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی لە تەمەنی ٦٩ ساڵی دا بزانێت پاش مردنی چی دەربارەی دەگوترێت، گوایە هۆی مردنەکەی بریتی بوو لە جەڵتەی دڵ لە فڕۆکەخانەی زوریخ، ئەوەی لە هەواڵەکاندا دەربارەی بەرهەمەکانی ژیانی گوترا دڵخۆشکەر بوو، ئەو وەکو پیانیستی مۆسیقای کلاسیک و جاز توانیبووی ناوبانگێک بۆ خۆی دروست بکات، بێجگە لەوەش بەردەوام پشتیوانی لە مافەکانی مرۆ کردبوو.
لە سیپتەمبەری ساڵی ٢٠٠٠ دا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (جۆرج بۆش) کە تائێستا تەندروستی هەر باشە دەربارەی ئەو، ڕادیۆی (سی ئێن ئێن) لە ساڵی ١٩٩٢ ویستی بڵاوی بکاتەوە کە لە کاتی ئاهەنگیگران و خواردن و خواردنەوەدا لە تۆکیۆ کەوتووە بە زەویدا و مردووە، بەڵام ئەوە تەنها بورانەوەیەکی لاواز بوو، هەواڵەکە لە دوایین چرکەدا گێڕدراوە دواوە و بڵاو نەکرایەوە. شیاوی باسە، لەو کتێبەدا ئەوە بەدی دەکەین، لە سەردەمی مارک توەین و فریتس ڕویتەرەوە هیچ شتێک لەو بڵاوکراوە ڕۆژناماوانییە بێ لەزەتانە نەگۆڕاوە. ئەمانە هەم بەهۆی خەم ساردی و تەمبەڵییەوەن کە لەوانەیە هەموو دەستەی نووسەرانێکدا ڕووبدەن، وەلێ بە پێچەوانەوە خراپتر ئەو جۆرە هەواڵە درۆینانەن کە لە ململانێی ئەکتیڤ و لایک و کۆمێنتدا بە ئاگاییەوە بڵاودەکرێنەوە. لەبەشێکی دیکەی ئەو کتێبەکەدا، ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان، نموونەی ئەوە دەهێنێتە بەرباس کە چلۆن کەسانی فێڵزان دەبنە ئەستێرەی بەناوبانگی میدیاکان؟ ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان پێی وایە: ئەوەی ژۆرنالیست حسابی بۆ دەکات تەنها ئەوەیە لە ململانێی ڕۆژانەدا لە پێناوی تیراژی چاپ و ژمارەی خوێنەردا بتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە. تەنانەت گەر ئەو جۆرە درۆیانە ئاشکرا ببن ئەوە مەرج نییە داهێنەرەکانی چاوەڕوانی ئەوە بن قورسترین سزا بدرێن، ئەوە هیچ دەگمەنیش نییە خەڵات بکرێن. یەکێک لەوانە ئێدگار ئالان پۆیە، ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەمریکی نیویۆرک سەن گوتارێکی بە قەڵەمەکەی ئەو لە ڕۆژی (١٣ی ئاپریلی ١٨٤٤)دا بەم شێوەیە بڵاودەکاتەوە: فڕین لە ئۆقیانووسی ئەتڵانتیک لە سێ ڕۆژدا بەهۆی ئامێرێکی فڕینەوە. مەبەست لە باڵۆنێکی هەوایی گەرم بوو. ئایا ئێدگار ئالان پۆ وەک بڵێی فاڵچی بووە؟
ڕۆژی (١٢ی ئۆگەستی ١٩٧٨) ئابروزۆ و نیومان توانیان بە باڵۆنێکی جۆری (دەبلیو ئەی جەی ئێڵ ئای 2) لە پێنسیلڤانیاوە تا فەرەنسا بەسەر ئاوا دابفڕن. بەڵام ئایا چۆن ئێدگار ئالان پۆ توانی بۆ (نیویۆرک سەن) ساڵی (١٨٤٤) دەربارەی فڕینی بەسەر ئەتڵانتیکدا بە باڵۆنێکی هەوایی گەرم وتار بنووسێت؟ سەرچاوەی ئەم چیرۆکە هەر وەکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆ لەو سەردەمەدا لە هەمان حاڵەتی لەو جۆرەدا لە ململانێ و پێشبڕکێی توندوتیژدا بوو. ڕۆژنامەی سەن، ئەو کاتە لەگەڵ هێرالددا لە چەند ساڵەوە لە پێشبڕکێی سەختدا بوو لە پێناو ڕەزامەندیی خوێنەردا. مەسەلەکە بریتی بوو لە خێرایی، هەر لایەک پێش لایەنێکی تر هەواڵێکی گرنگی چاپ کردایە، ئەوا خاڵێکی سەرکەوتنی لە زۆری تیراژی چاپدا بەسەر ئەوی دیدا بەدەست دەهێنا. ئەوە ئێدگار ئالان پۆ بوو کە ویستی یەکێک لەو جۆرە سەرکەوتنانە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک سەن بەدەست بهێنێت. ئەو ئیدگار ئالان پۆیەی کە ئەمڕۆ بەهۆی چیرۆکە کورت و پۆلیسیەکانیەوە ناوبانگیێکی جیھانیی هەیە. سەرەتای ساڵی(١٨٤٤) نووسەرێکی تەواو ناوبانگ جیاواز بوو، ئەو تا ڕادەیەک موفلیس بوو، تەنها چوار دۆلار و نیو لە گیرفانیدا بوو. ئەرکی خواردن پەیداکردنی ژنێکی نەخۆش و دایکی لەسەر شان بوو. لە باڵەخانەیەکی کۆن و داروخاودا لە گەڕەکی گرینویچ ستریسی شاری نیویۆرک دەژیا. ئالان پۆ، پێویستی بەپارە بوو، بۆیە زۆر پێویستی بەوە بوو، هەواڵێکی سەرسوڕهێنەرانە بۆ ڕۆژنامەیەک بنووسێت، تا بتوانێت پێویستییە مادییە زۆرەکەی بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەیەک باشتر بکات. لە ڕۆژی ۱٤ی ئەپریلی ساڵی۱۹٤٤ ڕۆژنامەکە ئاشکرایکرد: مەسەلەکەی فڕینەکە لە مانشێتەکەی پێشویاندا بریتی بوو لە هەواڵێکی درۆ! بەڵام ئەو چیرۆکە درۆینە زیانی بە ئیدگار ئالان پۆ نەگەیاند، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو وەک یەکێک لە بەهرەدارترین ئەدیبەکانی وڵاتەکە چووە ناو مێژووەوە. هەروەها یەکەمین هەواڵی درۆینەی ڕۆژنامەگەرییانە کە (مارک توەین) دروستی کرد بریتی بوو لە (چیرۆکەکەی دەربارەی پیاوە بەردینەکە کە گوایە سەد ساڵ لەوە پێش مردووە و بووە بە بەرد.) توەین چاوەڕوانی ئەوەی کردبوو کە هیچ خوێنەرێک بڕوا بەو وتارە هەڵبەستراو و خۆشباوەڕهێنەرە ناکات، بەڵام بە هەڵەدا چوو، ژمارەی نامەی خوێنەران و گرنگیدان بە پیاوە بەردینەکە بێوێنە بوو، هەرچەندە درۆکەی توەین تەواو تازە نەبوو.
ئەلیزابێت نۆیلە-نۆیمان، باس لەوە دەکات لەو سەردەمەدا پێش بڵاوبوونەوەی تەلەگراف تا ڕادەیەک نامومکین بوو بتوانیت دەربارەی ڕادەی ههقیقهتی چیرۆکێک لە ناوچەیەکی زۆر دوور ڕووداو بپشکنیت، ئەمە زۆرێک لە ژۆرنالیستان کەڵکیان لێوەردەگرت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکانیان پڕ بکەن و ڕیکلامەرەکانیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی چیرۆکی سەرسوڕهێنەرانە و خۆشباوەڕی پێشکەشی خوێنەرەکانیان بکەن. یەکێک لەوانە مارک توەین بوو لە ساڵی ۱٨٦۱ ڕووی کردە نیڤادا بۆ گەڕان بەدوای زیو و ئاڵتوندا بەڵام توین هیچی دەست نەکەوتبوو، بۆیە بڕیاریدا هەروەکو چەند ساڵێک لەوە پێش بگەڕێتەوەو گوتار بۆ ڕۆژنامەکان بنووسێت و بە درۆیەک خۆی دەوڵەمەند بکات. شیاوی باسە، گەر مرۆ لە سەردەمەکانی پێشودا تەنها لێرە و لەوێ تووشی ئەفسانەی درۆ و نا ئومێدی بووبێت، ئەوا ئێستا لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد و ماس کۆمۆنیکەیشن کە بەدەیان هەزار ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی لەگەڵ یەکتری پێشبڕکێ دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی هەواڵی تازە دەدەن مرۆ تووشی پێشکەوتن و بوژانەوەیەکی تازەی درۆ دەلەسەی ژۆرنالیزم دەبێت. لە سەردەمی ئێستادا کە باسی (هەواڵی ساختە) و (دەستکاری زانیاری) زۆر فراوان بووە، کارەکەی نۆیلە-نۆیمان وەک پێشهاتێک بۆ ئەو گفتوگۆیانە دادەنرێت کە ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا بەردەوامە.