ئێوارەی ٢٧ی ئۆگەستی ١٩٥٠، لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا، لە تەنیشت وێستگەی پۆرتا نۆڤا، لە نهۆمی دووەم، کارمەندی میوانخانەی ڕۆما دای لە دەرگای ژووری ژمارە ٣٤٦. میوانی ژوورەکە لە دوێنێ شەوەوە سەری نەهێنابووە دەرەوە. دوای ئەوەی چاوەڕوانییەکەی زۆری خایاند، نیگەرانی کارمەندەکە پتر بوو. ناچار بە زەبری هێز دەرگاکەی کردەوە، کە دەرگاکەی کردەوە بینی وا میوانەکەیان بەبێ جووڵە و سەر لەژێر سەرین لەسەر تەختەخەوەکەی ڕاکشاوە، لە تەنیشتیشیدا پانزە قوتووی veronalدانراوە، لەسەر مێزی نزیک تەختەخەوەکەشی کتێبە دڵخوازەکەی بەناوی “دیدارەکانی لیۆکۆ” دانراوە. لە پەڕەی یەکەمی ئەم کتێبە نووسیبووی: “لە هەمووان خۆشدەبم، داوای لێخۆشبوونیش بۆ هەمووان دەکەم، باشە؟ ئیتر پێویست بە چەنەبازی زۆر ناکات.”
ئەوکات کارمەندی میوانخانەکە نەیزانیبوو، بوو بووە گەواهیدەری “خراپەیەکی گەوجانە”ی یەکێک لە شاعیرە دیارەکانی هاوچەرخی ئیتاڵی “چیزاری پافیزی”. تاکە خراپەی چیزاری ئەوە بوو بە درێژایی ژیانی ویستی خۆکوشتن ڕاوەدووی نابوو. فیکری خۆکوشتن زۆر ڕاووی نابوو. سێ ڕۆژ دوای مردنی “ئیلیکۆ پاراڵدی”ی هاوڕێی، بۆ خۆکوشتن سەر دۆڵێک کەوتبوو، بەڵام ویستی ژیان هێشتا لە ناخیدا ڕەگی داکوتابوو، هەر بۆیە خۆی دا بەدەستەوە و گولـلەکەی دارەکانی پێکا. لەو ساتە بەدواوە تارمایی خۆکوشتن هەرگیز لێی جودا نەبۆوە. پافیزی لە ژیانیدا ناوبانگێکی زۆری نەبوو، بەڵام دەنگێکی دیاری ئیتاڵیا بوو. ڕابەری هێمایەکی نوێ بوو لە ئەدەبی ئیتاڵیا. تەنیایی و دوورەپەرێزیی و وردەکارییەکانی ژیانی لە نووسین و بابەتەکانیدا ڕەنگی دابۆوە. لەپاڵ لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و وەرگێڕان، بەرهەمی هەمەجۆری لەنێو شیعر و ڕۆمان و نەزیلەدا هەبوو.
پافیزی پردێکی لەنێوان ئەدەبی ئیتاڵی و ئەمەریکی لەلایەک و ئیتاڵی و ئینگلیزیش لەلایەک بوونیاد نابوو. لەسایەی وەرگێڕانەکانییەوە، بۆ یەکەمینجار ئیتاڵییەکان ئاشنای هەر یەک لەم نووسەرانە بوون: هیرمان مڵفڵ، جەیمس جۆیس، ویڵیام فۆکنەر، چارڵز دیکنز، جۆن شتایبنک، دانیاڵ دیفۆ و چەندانی تر، تێزی دەرچوونەکەشی لە زانکۆی “تۆرین” دەربارەی شیکردنەوەی شیعرەکانی واڵت ویتمانی ئەمەریکی بوو. دوای مردنیشی دەقەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدران. هەندێک لە ڕۆمانەکانیشـی کران بە کاری شانۆیی و سینەمایی. ڕەخنەگرانیش بە سەرنجەوە لە سەرگوزشتەی چیزاریان دەڕوانی. چیزاری نۆ ڕۆژ پێش ڕووداوی میوانخانەکە لە یاداشتەکانی خۆیدا بە ناوی “پیشەی ژیان” بە دێڕی کۆتایی کە دەڵێت: “هەموو ئەمە بەدبەختییە! نە وشە، نە ئاماژەیەک، چیتر هیچ شتێک نانووسم.” گولـلەیەکی نابووە ڕۆحی خۆیەوە!. لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا کەیفی بەوە دەهات ماڵەکەی لە شەقامی لامامۆرا بەجێبهێڵێت و بە تەنیا بە شەقامەکانی ڕۆمادا پیاسە بکات، یان سەردانی خوشکەکەی و خوشکەزاکانی بکات، یاخوود لە یەکێک لە میوانەخانەکان بخەوێت.
ئێوارانێک لە یەکێک لە باڕەکانی ناوەندی شار، لەگەڵ هەندێک سەرنووسەر و ڕۆژنامەنووس کۆببوەوە، بەبێ ئەوەی نیازی خۆکوشتنی درکاندبێت.
ژووری ژمارە ٣٤٦
“سێبەری دایک”
وا دیارە وتەی “بەدوای ژنەکەدا بگەڕێ” لە مۆهیکان باربسـی ئەلکسەندەر دۆما، دەقاودەق لەسەر ژیانی چیزاری پافیزی جێبەجێ دەبێت. بەدرێژایی ژیانی هەستی بە پێویستبوونی خۆشەویستی هەر ژنێک کردبوو. ژن، کلیلی نەزیلە و هۆکاری بەدبەختییەکانیشی بوو. وێڕای ئەوەی چیزاری پافیزی لە نۆی سێپتەمبەری ١٩٠٨ لە خێزانێکی بەرژوازی لەدایکبوو بوو، بەڵام وردەکارییەکانی منداڵی بزوێنەری فیکری خۆکوژی و خەمەکانی بوون. شەش ساڵ پێش لەدایکبوونی ماریای خوشکی لەدایکبوو بوو، پێش لەدایکبوونی خۆشی سێ منداڵ مردبوون. کاتێک چیزاری پێنج ساڵان بووە، ئۆجینیۆ پافیزی باوکی، کە وەکوو ڕاوێژکار لە کۆشکی دی گۆستیزیا لە شاری تۆرینۆ کاری دەکرد، بەهۆی وەرمی مێشکەوە کۆچی دوایی کردبوو. هەموو ئەمانە بوونە هۆی لاوازبوونی تەندروستی دایکی و بوونە پاڵنەرێک بۆ توندبوون و سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر منداڵەکانیدا. لەوانەیە دوای مردنی مێردەکەی و سێ منداڵەکەی نەیویستبێت پەیوەندی سۆزدارانەی لەگەڵ منداڵەکانیدا هەبێـت. پێی باشتر بووە ئازاد بێت لە خۆشەویستی، وەک لەوەی بە لەدەستدانی ئازیزانی بشکێت. دەرئەنجامی ئەم ڕووداوانەش جێهێشتنی کوڕەکەی بوو لەلای پەرستارێکی شاری مۆنتیکۆ، دواتر لەگەل خۆی هینایەوە بۆ تۆرینۆ و پەرستارێک بەناوی ڤیتۆریا سکالیۆنی ئەرکی چاودێریکردنی لە ئەستۆ گرت.
دواتر دایکی ناچار بوو بە تەنیا ماریا و کوڕەکەی بەخێوبکات. لەگەڵ بەدبەختییەکانی خێزانەکە، پەروەردەی توندی دایکی هۆکارێک بوون بۆ خەمۆکی چیزاری و هەستکردن بەوەی خۆشویستراو نییە. پافیزی هەرگیز دیمەنی پشێوییەکەی دایکی لە کاتی سەرەمەرگی باوکیدا لەبیرناچێتەوە. ئەو وەختەی باوکی گیانەڵای بوو، لە دایکی چیزاری دەپاڕایەوە ڕێگە بدات بۆ کۆتا جار چاوی بکەوێت بە دۆستەکەی کە دراوسێشیان بوو، بەڵام ژنەکەی ڕەتی کردەوە و نەیهێشت. ئەودەم پافیزی لە مانای خۆشەویستی باوکی بۆ ژنێکی تر جگە لە دایکی تێنەدەگەشت. ئەوەی لە ناخیدا ڕەگی داکوتا، توندی و بێ بەزەیی دایکی بوو لە جێبەجێکردنی داوای پیاوێک کە لە قەراخی مەرگدا بوو. “مارتا ڕیڤیرا” “دی لا کرۆزی” لێکۆڵەر لە وتارەکەیدا بەناوی “ئافرەت لە سەرگوزشتەی پافیزی” دا دەڵێت ڕووداوەکانی چەند لێکەوتەیەکی لێکەوتەوە، لەوانە:- جیابوونەوە لە واقیع، لاوازی توانای لە دەرەقەتهاتنی چەڵەمەکان. نەمانی وێنەی پیاوەتی وەکوو ڕابەرێک، بووەتە هۆی لەمپەر لە پەیوەندیکردنی بە واقیع و جیهانی پیاوەتی. ئەمانەش لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر ڕەنگی دابۆوە.
“فرەیی ناو و یەک مەرگ”
ماوەیەک پێش مردنی، نامەیەکی نووسیبوو بۆ ڕۆمیڵدا پۆڵاتی “خۆشکی جولیۆسی بڵاوکار”کە ئەوکات تەمەنی هەژدە ساڵبوو و ناوی لێنابوو بیرینا:- ئەزیزەکەم بیرینا، ژیان هەرچەندە وشک و گاڵتەجاڕانە بێت، هێشتا وەکوو من لە کۆتا گڕی مۆمەکە نیت. تۆ گەنجی، بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراویش گەنجی! ڕێک لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵی من دەچی کە بەهۆی بێ ئومێدییەوە دەمویست خۆم بکوژم و نەمکرد. ئەوکات لاپرەسەن بووم دەربارەی خۆم و سبەینێ. ژیان بەلامەوە سامناکە، بەڵام هێشتا خۆم بە جێگەی بەزەیی دەبینم. خۆشەویستەکەم دەکرێت بڵێم تا ئێستا هەر وەخت بەخەبەرهاتبم، ژنێکم لە پەنای خۆم نەبینیوەتەوە و ئەوەشی کە خۆشم ویستووە بە ڕژدی لێمی نەڕوانیووە؟ ئەمە خەمە دەرۆست نەهاتووەکەی پافیزی بوو. بەدرێژایی ژیانی دەیویست خۆشویستراو بێت.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەی ١٥ی مەی ١٩٣٥ پافیزی تەمەن ٢٦ ساڵ بۆ تەواوکردنی ماوەی دەستبەسەرداگرتنەکەی کە سێ ساڵبوو، گەشتە گوندی برانکاڵیۆن لە هەرێمی کاڵابریا. لە ئەنجامی هەڵمەتێکی گرتنی دەستەیەکی ڕۆشنبیر کە سەر بە جووڵەی داد و ئازادی فاشیستەکان بوون، لەنێو کاغەزەکانی پافیزیدا نامەیەکی ئاڵتییرۆ سبینیڵیان دۆزیبوویەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ فاشیستەکان تۆمەتباریان کرد، بەڵام پافیزی لەم تۆمەتانە بێبەری بوو. نامەکە بۆ چیزاری نەبوو، بەڵکوو بۆ تینا بیزاردۆ بوو (هەروەک لە یاداشتەکانیدا بە ژنە دەنگ گڕەکە ناوی هێناوە) پافیزی تینای خۆشدەویست و تیناش یەکێک بوو لە ئەندامانی حیزبی نهێنی شیوعی لە ئیتاڵیا. ناونیشانی چیزاری بەکارهێنابوو بۆ نامە ناردن لەنێوان خۆی و سبینیڵی، بێگومان پافیزیش بەخاتری تینا قەبووڵی کردبوو. دوای ئەوەی لە مەنفی برانکاڵیۆن گەڕایەوە، زانی تینا لەگەڵ پیاوێکی تر زەماوەندی کردووە. ئەمە لەسەرووی توانای تامڵکردنی چیزاری بوو، چەندین ڕۆژ لە وەتاغێکی ماڵی خوشکەکەیدا مایەوە، نە نانی دەخوارد، نە دەخەوت، نە هیچیشی دەخوێندەوە، چووە دۆخێکی دوورەپەرێزی و تەنیایی کە دەرەتانی نەبوو، تەنانەت بیری لە خۆکوشتنیش کردبۆوە. نامەیەکی نووسیبوو بۆ تینا:-
ئەزیزەکەم، لەهەمان کاتدا هەم خۆشمدەوێیت، هەم ڕقییشم لێت دەبێتەوە. بەلای منەوە، تۆ ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژم. گەر بیرت بکەم، وەکوو ئەوەی قوم ببم نەفرەت بارانت دەکەم! کە لێشت دوورم، بەشێوەیەکی جەستەیی ئازار دەچێژم. تۆ بۆ من بە تەنیا ئافرەتێک نیت، خوودی بوونیشیت. کاتێک هەیت، ماڵەکەم و هەموو شتێک دەبنە کۆتا شت.
دواتر تینا بیزاردۆ لە یاداشتێکی دژدا بەناوی “بێ دووجار بیرکردنەوە” کە دوای مردنی بڵاوکرابۆوە، بەرگری لە خۆی دەکات بەوەی پۆلیس لیستێکی درێژی ناوی پێبووە هەرکەس سەردانی ماڵەکەی کردبێـت دەستگیری کردووە لەنێویشیدا پافیزی کە چەند دەقێکی شیعریان دۆزیبوویەوە. دەشڵێت تەنیا سێ جار خانووەکەی پافیزی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نامە بەکارهێناوە و زیاتر نا، ناوەڕۆکی نامەکەش دانانی وادەی ڕاهێنانی مەلەوانی و ڕێکخستنی گەشتی خلیسکێنە بووە. بەڵام تێدەگەم، شتەکەی لە ناخی خۆیدا گەورەکردبوو، شاعیرەکان هەر بەمشێوەیەن. ئەو هەمیشە بەمشێوەیەیە، بەدرێژایی کات هەست بە ڕەتکردنەوە و نەخۆشویستنی دەکات. چاوەڕێیە ئەقڵی بەر ڕووشانێکی بچووک بکەوێت تا قووڵتری بکات و ئازارەکەی گەورەتر بکات.
“مردن لەشێوەی چاوی تۆ دێت”
دوای مردنی کۆمەڵێک دەقی شیعری بە ناوی “مردن لە شێوەی چاوی تۆ دێت” بڵاو بوویەوە، کە خۆی دەبینییەوە لە دە دەقی شیعری کە هەشتی ئیتاڵی و دوانی ئینگلیزی بوو. لەنێوان ١١ی مارسی ١٩٥٠ بۆ ١٠ ی ئەپرێڵی ١٩٥٠ لە تۆرین نووسیبووی. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دوای مردنی لەنێو پەڕاوەکانیدا دۆزرایەوە. بە تۆنێکی پڕ شکان وخەم نامەیەکی نووسیبوو بۆ کۆنستانس داوڵینگی ئەکتەر (کە کۆتا خۆشەویستیشی بوو). لە کۆتا نامەیدا بۆ کۆنستانس دەربارەی ئەم قەسیدانە نامەی بۆ دەنووسێت و پێیی دەڵێت:- خۆشەویستەکەم، چیتر بڕستی نووسینی شیعرم نییە. قەسیدەکان لەگەڵ تۆ هاتن و لەگەڵ تۆشدا ڕۆشتن. لەو دەمەی لە میوانخانەبووم و بە دوودڵییەوە دەمویست پەیوەندیت پێوە بکەم، ئەم قەسیدانەم نووسی. وەکوو دەشبینی یەکەم قەسیدەکانم بە زمانی ئینگلیزی نووسیووە. ئەم قەسیدانە جێگەی ئەو هەموو ترس و سەرسامییەی تیادەبێتەوە کە لەم مانگەی کۆتایی تیایدا ژیام.
چیزاری کاتێک زانی کۆنستانس پەیوەندی لەگەل ئەکتەرێکی ئیتاڵی هەیە، لە ڕەتکردنەوەکانی تێگەشت. وێڕای ئەمانەش لە نامەیەکدا بۆی نووسیبوو:- بمبەخشە کە هەمیشە باسی ئەو هەستانە دەکەم کە تۆ ناتوانی پێمی ببەخشیت، بەڵام بەلایەنی کەمەوە لێی تێدەگەیت. دەمەوێت لە پای ئەو ڕۆژانەی لە ژیانی خۆت داتماڵی سوپاست بکەم.
“لەگەڵ خۆکوشتن”
چیزاری لەگەڵ مردندا ژیا. بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و باسکردنی ببووە خاڵێکی بنەڕەتی نامە و یاداشتەکانی؛ لەکاتە تەنگەکانیدا ئەوقی دەدا و لەسەرەتای پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ هەر ژنێکدا خۆی لەژێر پێستییەوە دەشاردەوە. لە یاداشتەکانیدا نووسیووی: “بنەمای من ئەو خۆکوشتنەیە کە هەرگیز ئەنجاممنەداوە و ئەنجامیشی نادەم، بەڵام دەمبزوێنێت.” ١٠ ی ئەپرێڵی ١٩٣٦، “گەورەترین هەڵەی خۆ کوشتن خودی خۆکوشتن نییە، بەڵکوو بیرکردنەوەیە لە خۆکوشتن و ئەنجامنەدانی.” نۆڤەمبەری ١٩٣٧
بیری خۆکوشتن ڕۆژانە لەگەڵیدا دەژیا. بڕوای وابوو کاتێک قەبارەی مرۆڤ لە ئاست چەڵەمەکانی ژیان و بەدیهێنانی خەونەکانی بچووک دەبێـتەوە، باشترە خۆی بکوژێت. بەدرێژایی ژیانی دەیویست لەو تارمایە ڕزگاری ببێت، بەڵام بەجۆرێک چووە نێو تاریکییەکی ڕەشەوە کە دەیوت: “هەرئەوەندەی بزانم یەکێک لە ئاشناکان زۆر نزیکمدەبێتەوە، من دەڕۆم.” وادەردەکەوت ژنانی میهرەبان سەرنجی پافیزیان ڕادەکێشا، بەڵام ئەو ژنانە نا کە جێگەی متمانە نەبوون. دەڵێت: “تاکە ئافرەت کە شایەنی ئەوەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکەیت؛ ئەو ژنەیە کە بۆ هاوسەرگیری ناتوانی متمانەی پێ بکەیت.” بەدوای ژنێکدا دەگەڕا، ئەوەی پێ ببەخشێت کە بە منداڵی پێ نەبەخـشـرابوو. ژنانی ئەمەکداری ڕەتدەکردەوە و ئەو ژنانەی خۆشدەویست کە کەسایەتییەکی سەربەخۆ و بێ وەفایان هەبوو و ڕەتیاندەکردەوە. هەموو ئەمانەش دەگەڕایەوە بۆ کاتی منداڵی. جارێک بۆ هاوڕێکەی نووسیبوو: “هیچ خۆشییەک ناگاتە لەزەتی ئازارچەشتن.” لە ٩ی مەی ١٩٣٦ لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت: “لەوەیە زەلیلبوونی خودد، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەزەتی هەبێت.” لە هەمانکاتیشدا بەدوای خۆشەویستی و سۆزێک بوو کە دایکی پێی نەبەخشیبوو. دەیویست لە ڕابردوو هەڵبێت و هەموو جارێکیش بە ڕەتکردنەوە و زەلیلبوون کۆتایی پێدەهات.
سەرچاوە:
وەرگێڕان: مەدینە ئەحمەد