پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای کوردستانی پێک دەهێنن. هەر بۆیە زۆر جار هۆکاری گرنگی پێدان و پشتگیریی کردنی کوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو پێکەوەژیانەی نێوان پێکهاتەکان دەگەڕێتەوە کە لەم هەرێمەدا بوونی هەیە.
“پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ھەرێمی کوردستان”
لە ڕوانگەی (دادگای دادی نێودەوڵەتی)، مەبەست لە پێکهاتەکان گرووپێکن لە خەڵکی، کە لە چوارچێوەی سنووری نیشتمانێکی دیاری کراودا دەژین، خاوەن ڕەچەڵەک، ئایین، زمان و نەریتی تایبەت بە خۆیانن. بە هۆی شووناسی هاوبەشی ڕەچەڵەکی، ئایینزایی، زمانی و نەریتییان هەستی پێکەوەژیانیان لەگەڵ یەکتر هەیە. نەریت و ڕێوڕەسمەکانی خۆیان دەپارێزن و منداڵەکانیان بەپێی بنەما کلتوورییەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن. هەر لەم بارەیەوە “فرانسیسکۆ کاپۆتۆرتی” یاساناسی ئیتاڵی و شارەزا لە بواری پێکهاتەکان، دەڵێت:- “مەبەست لە کەمینەکان، گرووپێکن لە خەڵکی کە ژمارەیان لە تەواوی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتەی تێیدا دەژین کەمترە و لە پێگەیەکی نا باڵادەستیدان. ئەم گرووپە سەرباری ئەوەی سەر بەو دەوڵەتەن، بەڵام تایبەتمەندیی نەتەوەیی، ئایینی، کولتووریی و زمانەوانییان هەیە، کە تەواو جیاوازە لە زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە. لە هەرێمی کوردستان، جگە لە کورد و ئیسلام وەکوو نەتەوە و ئایینی زۆرینەی دانیشتوانەکەی، ژمارەیەک لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی دیکەشی تێدا دەژی. بە گوێرەی یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی 2015، (یاسای پاراستنی مافی پێكهاتهكان لە هەرێمی كوردستان)، كۆمهڵە نهتهوهییهكان پێکدێن لە: توركمان، كلدانی سریانی ئاشووری و ئهرمهن. وە كۆمهڵه ئایین و ئایینزاكانیش پێکدێن لە:- مهسیحی، ئێزدی، سابیئهی مهندائی، كاكهیی، شهبهك، فهیلی، زهردهشتی و هی دیکە.
یەکەم:- پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان؛ تورکمان سێیەم گەورەترین نەتەوەن لە دوای عەرەب و کورد لە ئێراق، دووەم گەورەترین نەتەوەن لە هەرێم لە دوای کوردەکان. ژمارەی ئەم پێکهاتە نەتەوەییە بەگوێرەی وتەی (هیمداد صباح بلال)، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە بەرەی تورکمانی، بە نزیکەیی (300 بۆ 350 هەزار) کەسە لە کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. شوێنی نیشتەجێبوونیان لە تەلعەفەر و باکووری موسڵ بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر شۆڕدەبێتەوە، لە باشووریشەوە بۆ پردێ بەرەو کەرکووک و قەزاکانی دووزخورماتوو، کفری و خانەقین و ناحیەکانی زڕباتیە، سەعدیە و جەلەولا دەڕوات.
دووەم:- پێكهاتەی مەسیحییەكانی كوردستان؛ مەسیحییەكانی كوردستان بەفرەیی پێكهاتەكانیان دەناسرێنەوە، بە جۆرێك لە چەند نەتەوەیەك پێكدێن، وەک:- كلدانی سریانی ئاشوور و ئەرمەن. ئەوانیش بەسەر ئایینزاكانی كاسۆلیك و ئەرسۆدۆکسدا دابەشدەبن، نەخشەی بڵاوبوونەوەی مەسیحییەكان لە كوردستان زیاتر لە دەورووبەری موسڵ، باشیك، قەرەقۆش، بەرتەلە، زاخۆ، دهۆک، عەنکاوە و هەولێر چڕبوونەتەوە. بە گوێرەی هەندێک لە ئامارە نافەرمییەکان و بەپێی وتەی (خالد جەمال ئەلبێر)، بەڕێوبەری گشتی پێکهاتەی مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ژمارەی پێکهاتەیی مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان، (٢٥٠ بۆ ٢٧٥ هەزار) کەسن.
سێیەم:- پێكهاتەی ئایینی ئێزدی؛ لەڕاستیدا بنچینەیی ئایینی ئێزدی و باسکردن لە تیۆرییەکانی سەرهەڵدانی، بابەتی گفتوگۆ و مشتومڕی ناو خانە و ناوەندەکانی توێژینەوەیە. بەڵام بەگشتی دەکرێت بڵێین، ئایینێکی کۆنی ناوچەکەیە و شوێنکەوتووانیشی لە شنگال، شێخان، تلکێف، بەعشیقە و بەحزانی لە پارێزگای موسڵ، زاخۆ و سمێڵ لە پارێزگای دهۆک بڵاوبوونەتەوە. ژمارەیان بە (450 هەزار) کەس دەخەمڵێنرێت لە هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکان.
چوارەم:- پێكهاتە ئایینیەکانی دیکە؛ پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی، لە ناوچەی هاوار لە پارێزگای هەڵەبجە، شارەزوور، چەمچەماڵ، پارێزگای کەرکووک، داقوق، کفری، کەلار، خانەقین و مەندەلی بوونیان هەیە. هەر بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ئەوقاف بە نزیکەی ژمارەیان (25 هەزار) کەسە. وە سەبارەت بە سابیئەی مەندائی وەک یەکێک لە کۆنترین ئایینەکانی میزۆپۆتامیا، لە ئێستادا بە نزیکەیی یەک هەزار کەس پەیڕەوی لێ دەکەن لە هەرێمی کوردستان.
ئەمە سەرباری ئەوەی پەیڕەوانی هەندێک لە ئایینەکانی دیکە، وەک: جو، زهردهشتی و بەهائی بە شێوەی پەرشوبڵاو لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. بەڵام بە هۆی نەبوونی داتا و زانیاری فەرمی لە بارەیانەوە دەستنیشان کردنی شوێنی نیشتەجێبوون و ژمارەیان، کارێکی ئاسان نییە. بەگشتی دەکرێت بڵێین، زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینى زیاتر پێكدێن، كە لە ڕووی ئایین، نەتەوە، زمان و فەرهەنگ جیاوازن. هەرێمی کوردستانیش، خاوەن کۆمەڵێک پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیە، هەر یەکێکیشیان داب و نەریت، کلتوور، مەراسیم و سروتی ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە.
“دانپێدانان و بەشداری پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان”
ئەگەر لە یاسای زمانە فەرمییەکانەوە دەست پێ بکەین، دەبینین لە ماددەکانی (٣، ٢٠ و٢٢)ـی یاسای ژمارە (٦)ـی ساڵی ٢٠١٤، (یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان)، هاتووە: زمانەکانى (تورکمانى، سریانی و ئەرمەن) لە پاڵ زمانى کوردیدا، لە یەکەى بەڕێوەبەرایەتى خۆیاندا و لە کاتى پێویستدا، زمانى فەرمیین. هەروەها بۆ پێکهاتەکانى ناو هەرێم ئەو مافەیان پێدراوە کە بە زمانى خۆیان میدیایان هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەر یەکەیەکى بەڕێوەبردن کە چڕی دانشتوانەکەى سەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکانى دیکە بن، زمانى خۆیان لە پاڵ زمانى کوردیدا دەبێتە زمانى فەرمی بۆ خوێندن، ئاخاوتن و کاروباری کارگێڕییان. هەروەها لە پێناو دهستهبهركردنی مافە سیاسی، مهدهنی و ڕۆشنبیرییهكانی پێكهاتهكان و چهسپاندنی زیاتری گیانی لێبوردهیی و پێكهوەژیان لەنێوان كوردستانیان، پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (٩)ـی ڕۆژی ٢١ی نیسانی 2015، یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی 2015، (یاسای پاراستنی مافی پێكهاتهكان لە هەرێمی كوردستان)ـی دەرچوواند. لە ماددەی (٣)ـی ئەو یاسایەدا هاتووە حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ماف و دەرفەتی یهكسان لە ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیریی، كۆمهڵایهتی و ئابووری لە ڕێگهی یاسا و سیاسهتی كاریگهر بۆ ئهو تاكهی سهر بە پێكهاتهیهكە مسۆگهر دهكات. لەگەڵ قهدهغه كردنی ههر بانگهشهیهكی ئایینی، سیاسی و ڕاگهیاندن، بە تاك، یان بە كۆمهڵ، ڕاستهوخۆ، یان ناڕاستهوخۆ، بۆ ڕق و قینه، توندوتیژی، تۆقاندن، دوورخستنهوە و پهراوێزخستن، كهوا لهسهر بنهمای نهتهوهیی، ئێتنی، ئایینی، یان زمانهوانی بیناكرابێت.
لە ماددە (٤)ـی هەمان یاسادا، ئەو مافە دراوە بە ههر ههر پێكهاتهیهك بە یهكسانی لهگهڵ زۆرینە بۆی ههیە ماف و ئازادییە بنهڕهتییهكانی بە ئازادی بیركردنهوه، ڕادهربڕین و ڕاگهیاندن و ئازادی كۆبوونهوە و دامهزراندنی كۆمهڵە و ڕابیتهكان پیادە بكات، حكوومهتیش پابهند دهبێت بە پاڵپشتی كردنی ئهو پیادهكارییانە بهشێوهیهكی یهكسان لەنێوان پێكهاتهكان بهپێی یاسا بهركارهكان. لەم چوارچێوەیەشدا و بە گوێرەی ئاماری پارتە سیاسییە تۆمارکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵە و ڕێکخراوکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکان خاوەنی (16) حیزبی سیاسیین. ئەمە سەرباری ئەوەی، ماددهی (6) لەو یاسایە مافی بهشداری كردنی پێکهاتەکان لە دهسهڵاتی یاسادانان و جێبهجێ كردنی ههرێم بهپێی یاسا بهركارهكان بەڕەوا دەبینێت.
لەم ڕوانگەشەوە پێکهاتەکان بەشدارییان لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبهجێ كردن لە ههرێم هەیە. ئەوان بەپێی سیستەمی کۆتا دەتوانن بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا بکەن. هەر بەپێی ئەو میکانیزمەش لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئهنجوومهنی نیشتمانی كوردستان لە 19ی ئایاری 1992، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی مهسیحییهكانی كوردستان (کلدان، کاسۆلیک، کەنیسەى ئاشووری و سریان) تهرخان كرا، كە چوار ئهندامیان بۆ لیستی بزووتنهوهی دیموكراتی ئاشووری و یەک ئهندامیش بۆ لیستی یهكگرتووی مهسیحییهكانی كوردستان بوو. دواتر لە هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی 2009، بە فەرمی كۆتا لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ پێکهاتەکان جێگیركرا، بە شێوەیەک کە (11) كورسی لە كۆی گشتی (111) كورسییەکەی پەرلەمانیان بۆ دابین كرا، بە جۆرێک (5) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان و (5) كورسی بۆ پێكهاتەی كلدان سریان ئاشووری و (1) كورسی بۆ پێكهاتەی نەتەوەیی ئەرمەن. لە پاش بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی لە کۆی (١٠٠) کوردسی پەرلەمانی کوردستان، (٥) کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.
هەروەها کورسی كۆتا بۆ پێكهاتەکان لە ئەنجوومەنە خۆجێیەكان، بە دەقی ماددە (32)، لە (یاساى ههڵبژاردنى ئهنجوومهنهكانى پارێزگاكان و قهزا و ناحیهكان له ههرێمى كوردستان)، ژمارە (4)ـی ساڵی 2009 جێگیر كراوە، بە جۆرێك لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر (2) كورسی بۆ پێكهاتەی کلدان سریان ئاشووری و (3) كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان. لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلیمانی (1) كورسی بۆ پێكهاتەی کلدان سریان ئاشووری و لە پارێزگای دهۆكیش (2) كورسی بۆ پێكهاتەی کلدان سریان ئاشووری و (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن دابین كراوە. هەروەها لە یاساى ژمارە (1)ـى ساڵى 2015، (یاساى ئیدارهى پارێزگاى ههڵهبجە لە هەرێمی کوردستان)، کورسی بۆ پێكهاتهى كاكهیی لە ئهنجوومهنى پارێزگاى ههڵهبجه تهرخان كراوه. سەبارەت بە بەشداری پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی جێبهجێ كردن، دەکرێت بڵێین، ئەگەرچی بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە (3)ـی ساڵی 1992، هیچ دەقێکی ڕوون و ڕاشکاوی تێدا نییە لەمەڕ تەرخان کردنی کورسی بۆ پێکهاتەکان لەم ئەنجوومەنە، بەڵام لە هەموو کابینەکانی حکوومەتی ههرێمی کوردستان، پێکهاتەکان بەشدارییان پێ کراوە، جا چ بە ڕاستەوخۆ لەسەر حیزبی پێکهاتەکەی خۆیان بووبێت، یاخود لە پشکی پارتە سیاسیە کوردییەکانی دیکە پێیان درابێت.
“هەڵوێستی ئەرێنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی كوردستان”
پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، وای کردووە وڵاتان و ناوەندە جیهانییەکان هەڵوێستی ئەرێنیان لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەبێت. بۆ نموونە “کۆمیسیۆنی ئەمریکی بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی”، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەبارەی ڕەوشی پێکھاتە ئایینیەکان لە نیسانی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە، لەو ڕاپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر چەند وڵاتێک، کە پێشێلکاری ئایینیان ئەنجامداوە، ئەو وڵاتانەش دیاری کراون کە لەم ڕووەوە پێشکەوتنیان بەدەست ھێناوە. سەبارەت بە ڕەوشی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان لە ئێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی چارەنووسساز بووە بۆ زۆرێک لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، بە جۆرێک ئەو ھەرێمە پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر کردووە، کە بەشی ھەرە زۆریان لە پێکھاتە ئایینیەکان بوون و ھەرێمی کوردستانیان بە نەوایەکی ئارام زانیوە کە تێیدا بتوانن بە ئازادی ژیانی تێدا بەسەربەرن.
هەروەها لە میانەی سەردانی سەرۆکى پێشووی هەرێمى کوردستان بۆ ڤاتیکان، لە شوباتی ٢٠٠٩، “ﺗﺎرﺳﯿسیۆ ﺑﺮﺗﯚﻧی” وەزیری دەرەوەى ئەو وڵاتە ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو: “ئێمە باش دەزانین ئەگەر لە ئێراقدا شوێنێک هەبێ بۆ کریستانەکان، کە بتوانن تێیدا بە ئازادى بژین، ئەوا هەرێمى کوردستانە”. بە هەمان شێوە، “فرانسۆ هۆلاند” سەرۆكی پێشووی فەرەنسا، لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان لە ١٢ی ئەیلولی ٢٠١٤، دەڵێت: “هەرێمی کوردستان نموونەیەکى جوانى پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى، تایفی، نەتەوەیی و ئایینیە. فەرەنسا بەلایەوە گرنگە ئەو فرەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام و پارێزراوبێت. مەسیحی و هەموو خاوەن ئایینیەکانى دیکەى ناوچەکەش، پێویستە لە ئارامیدا بژین، ئێمەش هەموو توانایەک لەم بارەیەوە دەخەینەگەڕ”. هەروەها لە میانەی سەردانی “پاپا فرانسیس”، بۆ هەرێم لە 7ی ئازاری 2021، كوردستانی وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆزدا وەسف کرد، کە بووه بە پەناگەی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارە، لە نێویشیاندا مەسیحییەکان، كە لەبەر ڕەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆرستان، زێدی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە هەرێم كردوە. ههروهها ڕۆڵی مرۆییانهی ههرێمی كوردستانی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هاوبەشی پێكردنیانی بەرز نرخاند.
كونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە هەولێر، هاتنی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی مێژوویی ناودەبات، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: “ئەم سەردانە مێژووییەی پاپا هەنگاوێکی ترە بە ئاڕاستەی برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکان، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانی کردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لەخۆگرتنی سەرجەم ئایینەکان و قبووڵکردنی هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکان، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ئێراق و تەواوی جیهان”. لە لایەکی دیکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێم، لە ڕاگەینراوێکدا دەڵێت: “هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم سی ساڵەی ڕابردوودا نموونەیەکی ئەرێنی گیانی یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە لە گشت ناوچەکەدا، شانازی دەکەین بە هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە مەراسیمی کردنەوەی کەنیسەیەک لە عەنکاوە، لە 26ی حوزەیرانی 2022، کاردیناڵ “لویس ڕۆفایل ساکۆ” پاتریاركی کەنیسەی کلدانی لە جیھان گوتی: “پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە پێناسە ناکرێت، ئەمە نیشانەیەکی شارستانیەتی مەزنی ھەرێمی کوردستانە و وادەکات کریستیانەکان ھەست بە دڵنیای ژیان بکەن، بەشێوەی کرداریش لە کوردستان ئەم دڵنیاییە بوونی ھەیە و جێگەی پێزانینی ئێمەیە. بەم جۆرە لە ڕوانگەی هەڵوێستی ئەرێنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش لە ڕووی چەمکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی سەرکەوتوو بێت و پەناگەیەکیش بێ بۆ تەواوی ئەو کەسانەی کە بەهۆی توندوتیژیی، ستەمی نەتەوایەتی، ئایینی، مەزهەبی و کۆمەڵایەتی ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون.