“The Departed”
زۆرێک لە فیلمەکانی مارتن سکۆرسێزی باس لە جۆرە پیاوانێک دەکەن کە هەوڵ دەدەن ببنە کەسێک کە پێیان وایە دەبێ ببن. ئەوەش چەندە ڕاستە بۆ تراڤیس بیکل، ئەوەندەش بۆ جەیک لامۆتا، ڕوپەرت پاپکین، هاوارد هیوز، دالای لاما، بۆب دیلان (ئەو کارەکتەرانەی کە لە فیلمەکانی پێشووتریدا نواندنیان کردووە) ڕاستە. فیلمی The Departed باس لە دوو پیاو دەکات کە هەوڵدەدەن ژیانی ئاسایی بژین، کە پێچەوانەی ڕیشەیی واقیعی خودی خۆیانە. هەوڵدانە بۆ بوون بە کەسێک کە دەکرێت تێکیان بشکێنێت، ئەمەش بە هەڵچوونە خودی یان بە خیانەتێکی کوشندە. گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان بریتییە لە لابرنث ئەخلاقی١(moral labyrinth)، کە تێیدا چاکە و خراپە دەمامکی یەکتریان بەستووە.
چیرۆکەکە لە فیلمی Infernal Affairs (٢٠٠٢)ی دەرهێنەر ئالان ماک و ئەندرۆ لاو وەرگیراوە، کە سەرکەوتووترین فیلمی هۆنگ کۆنگ بووە لە ساڵانی ڕابردوودا. لە ڕاستیدا، پێشتر خوێندنەوەیەکم بۆ ئەم فیلمە کردبوو لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بۆم دەرکەوت کە دەتوانم تەنها ناوی کارەکتەرەکان بگۆڕم و هەمان خوێندەنەوە بۆ فیلمی دیپارتد بکەم. بەڵام ئەوە تەنیا ڕووکار سادەی پڵۆت و هەندێک قووڵایی فەلسەفی دەگرێتەوە. ئەوەی ئەم فیلمە دەکاتە فیلمێکی سکۆرسێزی، نەک تەنها دووبارە بەرهەم هێنانەوەی فیلمەکە بێت، ئەوەیە کە چۆن ئەکتەرەکان و شوێنەکان و ڕووداوە هەژێنەرەکان ئەو هێڵە نهێنیانەیە کە لە چیرۆکەکەدا بەکاردەهێنێت. پێم خۆشە بڵێم کە فیلمێکە دەربارەی چیرۆکێک نییە؛ بەڵکو باسی چۆنیەتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیە. ئەم جۆرە گێڕانەوەیەش هەمیشە بۆ فیلمێکی سکۆرسێزی ڕاستە. ئەم فیلمە، فیلمێکی پۆلیس و باندەکانە کە لە بۆست وێنەگیراوە، نەک نیویۆرک یان ڤێگاس، بە دیمەنێکی ئامێری خواردنەوە گازییەکان دەستپێدەکات، کە هەمان دیمەن لە فیلمی گودفیڵسدا دەیبینین. بەڵام ئەوەی بە ئەنقەست وونە، ئەو خۆشبەختییە کە لە سەرەتای ئەو فیلمی Infernal Affairs هەستی پێدەکەیت. لەبری ئەوەی منداڵێک تێدا بێت کە خەونی گەورەبوونی ئەوەیە ببێتە مافیا، دوو منداڵمان هەیە کە گەورە دەبن و دەبنە فێڵباز:- یەکێکیان دەبێتە پۆلیسێکی نێهنی دەچێتە ناو باندێکەوە، ئەوی دیکەیان دەبێتە مافیایەک و دەبێتە لێکۆڵەرێکی پۆلیس.
لیۆناردۆ دیکاپریۆ و مات دایمون ئەستێرەی فیلمەکەن. دایمون ڕۆڵی کۆڵین سولیڤان دەگێڕێت، ئەو منداڵەی کە لە فرۆشگای خواردنەوە گازییەکان لەلایەن فرانک کۆستێلۆ (جاک نیکۆڵسن) سەرۆکی مافیاکانەوە هەڵدەبژێردرێت. دوای ئەوەی کۆستێلۆ ساڵانێکی زۆر سولیڤانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە سیخوڕ، چونکە پێی وابوو بەهرەمەندە، پەیوەندی بە پۆلیسی ویلایەتەوە دەکات. دیکاپریۆ ڕۆڵی بیلی کۆستیگان دەگێڕێت کە فەرمانبەرێکی لێهاتووە لە پۆلیس کە لەلایەن کاپتن کوینانەوە (مارتین شین) بە نهێنی دەنێردرێت بۆ ئەوەی دزە بکاتە ناو باندەکەی کۆستێلۆ. هەردوو کارەکتەرەکە بە ناسنامەی ساختەکارییەکانیان سەرکەوتوو دەبن؛ کۆڵین لەناو هێزەکانی پۆلیسدا، بیلیش لەناو مافیاکاندا پلەیان بەرز دەبێتەوە.
ئەو گرژییەی لە چیرۆکەکەدا هەیە، کە پەیوەستە بە سروشتی مرۆڤەوە. دوای چەند ساڵێک، هەردوو کارەکتەر خۆیان بە ئەو پیاوانە دەناسێنن، واخۆیان دەرئەخەن کە ئارەزووی ڕەزامەندی ئەو پیاوانە دەکەن کە دەیانەوێت فریویان بدەن. ڕەنگە ئەمە جۆرێک بێت لە نەخۆشی ستۆکهۆڵم٢؛ لەم ڕووەوە بەردەوام لە سیاسەتمەدارەکاندا دەیبینین کە سەرەڕای ئەوەی کە دزن خۆیان بە خزمەتکاری خەڵکی دەزانن. ئەگەر دەتەوێت بیسەلمێنیت کە مافیایت، دەبێت ئامادە بیت بۆ ئەنجامدانی تاوان. هەروەها دەتەوێت بیسەلمێنیت کە پۆلیسیت، دەبێت ئامادە بیت بۆ ئەوەی کەسە خراپەکان بکوژیت، تەنانەت ئەگەر کەسێکیش بێت کە دەیناسیت. ئەگەر سەرکردە ڕاستەقینەکانت بپارێزی گوماناوی دەردەکەویت. لە فیلمی The Departed شتەکان چڕتر دەبنەوە چونکە هەر کەسێک تەنها لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە کەسەکانەوە ناسراوە لەو لایەنەی کە کار بۆ دەکات. ئەگەر بەڕێوبەرەکەی بیلی، کاپتن کوینان، بکوژرێت، کێ دەتوانێت شایەتی ئەوە بدات کە بیلی بەڕاستی پۆلیسە؟
مۆبایل و کۆمپیوتەر ئەم خیانەتە ئاڵۆزتر دەکەن، بەو پێیەی ئەگەری زۆرە ئەو دوو پیاوە سیخوڕە تووشی یەکتر ببن. ئایا لە کۆتاییدا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن بەبێ ئەوەی بزانن بەڕاستی کەسی بەرامبەر کێیە؟ وە کاتێک پۆلیس گومانی ئەوەی هەیە کە سیخوڕێک لە نێوانیاندا هەبێت، چی ئەگەر سیخوڕێکە دیاری بکەن بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە؟ فیڵ و خیانەتەکانی ژیانی سیخوڕی لە یەکێک لە ساتەکانی دڵخوازی منە لە فیلمەکەدا پیشانی دەدات، کاتێک بە یەکێک لە کارەکتەرەکان دەوترێت “ناونیشانێکی هەڵەم پێداویت. بەڵام تۆ چوویتە ناونیشانە ڕاستەکە”. هەرچەندە زۆرێک لە کارکردنی میکانزمی پڵۆتەکان لە فیلمەکەی سکۆرسێزی و فیلمی “ڕەسەن”ی هۆنگ کۆنگدا هاوشێوەن، بەڵام ئەمە بە تەواوی فیلمی سکۆرسویزییە، بەهۆی تێگەیشتنی ئەو لە تەوەرە ناوەندییەکە کە زۆربەی کارەکانی لە دەوریدا دەسوڕێنەوە: تاوانباریە. شتێکی گونجاوە کە گریمانەی ئەوە بکەین کە پیاوانی چینی کرێکاری شاری بۆستن بە ناوەکانی کۆستیگان، سولیڤان، کۆستێلۆ، دیگنام و کوینان وەک کاسۆلیکی ئەمریکی ئێرلەندی پەروەردە بوون، هەروەها ئەگەر یاساکانی کڵێسیان پێشێل کردبێت، سەباری ئەمەش نەیان توانیوە خۆیان لە هەستی تاوانباری ڕزگار بکەن. سکۆرسێزی چەند جارێک هاوسەرگیری کردووە جارێک پێی وتم کە پێی وایە دەچێتە دۆزەخەوە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی کڵێسا سەبارەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە، منیش باوەڕم پێی کرد. ئێستا بیر لە گوناهە بکەرەوە کە لە هەمان کاتدا (١) تاوان ئەنجام دەدەیت، (٢) ئەو پیاوانە فریو دەدەیت کە پشتیان پێ بەستوویت. بیلی و کۆڵین هەمان تاوان ئەنجام دەدەن، ڕەنگە تەنها زانای ئایینی کرستیەن بتوانێت ناوی گوناهە بزانێت. زانای ئایینی، یان شکسپیر، کە گوێ بە ئامۆژگارییەکانی پۆلۆنیۆس نادەن: “بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆتدا، دەبێت وەک ڕۆژ و شەو بێت، بەم شێوەیە ناتوانیت درۆ لەگەڵ هیچ پیاوێکدا بکەیت”.
کەسێکی دیکە کە پێشینەی ئایینی نییە بە ناوی هێمینگوەی، دەڵێت ئەگەر کارێکی باشەت ئەنجامدا و هەست بە باشە کرد، ئەوا کارێکی باشە، و ئەگەر خراپەیەک بکەیت ئەوە لە ئەنجامدا هەست بە نائارامی دەکەیت. کۆڵین و بیلی بەردەوام هەست بە خراپیی دەکەن، بۆیە ژیانیان نمایشێکی درۆینەی تێدایە. ئەوەش کلیلی نمایشی دیکاپریۆ و دایمونە:- ئەوە لە سرووشتی فیلمەکاندا هەیە کە ئێمە پێمان وایە زۆربەی کارەکتەرەکان بۆ خۆیان نواندن یان قسە دەکەن. بەڵام بەنزیکەی لە هەموو ساتێکی ئەم فیلمەدا، جگە لە چەند دیمەنێکی سەرەکی، ئەوان بەو شێوەیە نیین. هەردوو ئەکتەرەکە ئەم ململانێیە ناوەکییە بە ئازارە دەگەیەنن بۆ ئەوەی هەستی پێبکەین، بەڵام نایبینین؛ ئاڵا هەڵناکەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ فێڵەکەیان ڕابکێشن. بەم مانایە ڕاستگۆترین و دڵسۆزترین کارەکتەرەکانی فیلمەکە بریتین لە کوینان (شەین)، کۆستێلۆ (نیکۆڵسۆن) و دەستی ڕاستی کۆستێلۆ، فرێنچ (ڕەی وینستن، ئەکتەرێکی بەناوبانگی بەریتانیە کە هەر دێڕێک کە دەریدەبڕێت گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە). جێگەی سەرسوڕمانە کە جاک نیکۆڵسن و سکۆرسێزی پێشتر هەرگیز پێکەوە کاریان نەکردووە، چونکە پێدەچێت دووانەیەکی نایاب دروست بکەن؛ فرانک کۆستێلۆ ناکاتە باوکێکی ڕۆحی، سیخوڕێک، یان پیاوێکی خۆبەزلزان، بەڵکو وەک پیاوێکی زیرەک کە دواجار ڕووبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە کە ناتوانێت ڕزگاری بێت، چونکە زانیاری پێویستی لا نییە. ئەو لەم فیلمەدا ساتێک و دێڕێکی هەیە کە شانبەشانی کارەکانی جۆ پێسی وەستاوە کە ساتێکی هاوشێوەیە لە فیلمی گودفێڵسدا.
کارەکتەری دیکەش هەیە کە لە دۆخێکی ئەخلاقیدا گیرۆدە بووە، ڕەنگە هەستی پێبکات هەرچەندە بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانیوە درکی پێبکات. ئەوە کارێکتەرە مادۆلین (ڤێرا فارمیگا)ە، دەروونناسێکە و لە پۆلیس کاردەکات و بە ڕێکەوت کۆڵین و بیلی دەناسێت. دڵسۆزی ئەو بۆ بەڕێوبەرەکەی نییە بەڵکو بۆ نەخۆشەکانییەتی- بەڵام، ئای، دۆخەکە چەند ئاڵۆز دەبێت. جێگەی سەرنجە کە بپرسین سکۆرسەیزی لە فیلمەکەی هۆنگ کۆنگدا چی بینیوە کە ئیلهام بەخش بووە، بۆ ئەوەی دووەم فیلمی خۆی بەرهەم بهێنێت کە چیرۆکەکانی لە فیلمی ترەوە وەرگرتووە (دوای فیلمی کیپ فیر، ١٩٩١). پێم وایە ئەو ڕاستەوخۆ درکی بە لایەنە شاراوەکانی ئەم چیرۆکە کرد، کە دوو لایەنی هونەر و دەروونی خۆی بە ڕوونی نیشان دەدات. دەزانین کە ئەویش سەرسام بووە بە مافیاکان. لە دروستکردنی زۆر فیلم دەربارەی مافیاکان، سەبارەت بەو شتانەی کە لە ئیتاڵیا بچووکدا(ناوچەیەکە لە نیویورک کە دانیشتوانەکەی زۆرینەی ئیتاڵین) بینیوویەتی و دەیزانی، سەبارەت بە دیدگای خۆی بۆ سروشتی ئەوان، بە شێوەیەک لە شێوەکان زانیاریدەر بوو.
زۆرجار پێموایە زۆرێک لە ڕەخنەگران و هەوادارانی سکۆرسێزی تێناگەن کە کەنیسەی کاسۆلیکی پێشتری ڤاتیکانی دووەم چەندە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەروون هەبێت، یان لە چەند ڕووەوە سکۆرسێزی سینەماکارێکی کاسۆلیکە. ئەم فیلمە وەک پشکنینی ویژدان وایە، کاتێک بە درێژایی شەو بێداریت و هەوڵدەدەیت ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بە قەشە بڵێیت: دەزانم هەڵەم کردووە، بەڵام، ئای باوکە(ئەم شێوە بانگکردنە لە ئایینی کاسۆلیکیدا بەکارهاتووە بۆ قەشەکان)، چی بکەم لەوە زیاتر؟
١- لابرنث ئەخلاقی بریتییە لەوەی کە دوو شت یان دوو کەس کاریگەرییان لەسەر یەک هەبێت، پڕۆژەیەکی هونەری کارلێککارانەیە لەلایەن سارا نیومانەوە. ئەم کۆنتێکستەش بەدواداچوون بۆ ئاڵۆزییەکانی ئەخلاق و بەهاکان لە چوارچێوەی تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگادا دەکات. ئەم بنیاتنانە لە لابرنث فیزیکی و دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ بەشداریکردنی بەشداربووان لە تێڕامان و گفتوگۆی فەلسەفیدا سەبارەت بە پرسیارە ئەخلاقییە زەقەکان.
٢- نەخۆشی ستۆکهۆڵم دیاردەیەکی دەروونییە کە تاکەکان هەستی ئەرێنی بەرامبەر بە دەستگیرکەران یان ئازاردەرەکانیان پەرەپێدەدەن، زۆرجار لە دۆخێکدا کە فشاری زۆر، ترس، یان بەندبوونی درێژخایەنی تێدایە. ئەم وەڵامە بە میکانیزمێکی ڕووبەڕووبوونەوە دادەنرێت و نەک دەستنیشانکردنی فەرمی تەندروستی دەروونی. ئەوان بە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی هەستەکان تایبەتمەندن، لەوانە هاوسۆزی، تەنانەت دڵسۆزی بەرامبەر بە دەستگیرکەرەکەیان، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ڕەفتارەکانی وەک بەرگریکردن لێیان یان بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ڕزگارکردن.
سەرچاوە: کتێبی Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009)_ لاپەڕە ٢٥٦ – ٢٥٩
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا