دۆستۆیۆفسکی، چارەنووسی جیهانی لە هەمان ئاسۆدا دەگێڕایەوە کە چارەنووسی نەتەوەکەی خۆی تێیدا دەخەمڵا. ئەمە شێوازی ئیشراق و موکاشیفەی هەموو نەتەوەخوازانە؛ بەپێی تێگەیشتنی ئەوان مرۆڤایەتی ناتوانێت گەشە بکات جگە لە ڕووبەرە نەتەوەییەکەیدا. ئەوەی کە گەورەیی چیرۆکی دۆستۆیۆفسکی بە چاومان دادەداتەوە گرێدراوتێتی و کاریگەریی دوولایەنە و ڕەهای نێوان یاسا میتافیزیکییەکانی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی و نەتەوەیە. هەر بۆیە لای ئەو هیچ جووڵەیەکی ژیان بە شێوەیەکی قووڵی ئینسانی نابینرێتەوە کە شوێنپێ و هەواری دیاری خۆی لە هەوارگەی ڕۆحی ڕووسیدا نەدۆزێتەوە. کورتە و گوشراوەی ئازادی لە هونەری درەوشاوەی ئەم نووسەرە ڕەنگە دەربڕینی ئەم جووڵە مرۆییە لە قەڵەمڕەویی ڕووسیادا بێت، جووڵەیەکی ئازاد و بزۆز لە چوارچێوەی نەتەوە “ئازاد بەڵام بەهەر حاڵ گرێدراو بە ڕەگەزەوە، وەکوو بڵێی ناتوانێت لێی دابڕێت”، بۆ تێگەیشتنی باشتری ئەم بابەتە دەبێت سەرنج بدەینە ئەو خەرمانە گەورەیەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی ڕووسیا کە بەهەر حاڵ، چاک یان خراپ، بە سەختی ماک و توخمە چیرۆکئاساکانیان لە ئاستێکی نزمتر لە بەرهەمەکانی دۆستۆیۆفسکی بەرهەم هێناوە. لەوێ بە بێگەردییەکی منداڵکارانەوە، مرۆڤ بەشێوەیەکی سنووردار لە چوارچێوەی نەتەوایەتی، مرۆڤێکی وابەستە بە نەتەوە “مرۆڤ وەکوو تاکەکەس یان مرۆڤ وەکوو دەرکەوتەیەکی کۆمەڵایەتی” وێنا کراوە و ئەم بووکەڵە باڵاپۆشە زیاتر نەفرەتبزوێنەی پانتای دەروونناسی، لە جێگەی خۆی نەبزووتووە و گیری خواردووە. بەڵام دەروونناسیی پاڵەوانەکان بە هیچ شێوەیەک بە خاڵی دەسپێکی کارەکانی دۆستۆیۆفسکی هەژمار ناکرێن.
خاڵی دەسپێکی کاری ئەو دەبێت لەو کەشە هێمنە، واتە ئەو “ئاورگای”[1] نەتەوەییەدا بدۆزینەوە کە خۆی دەڵێت جووڵەی مرۆڤانەی دانسقە لەوێوە دەست پێ دەکات. دەروونناسی تەنها دەرخەری بوونی سنووردار و داخراوی مرۆڤە. ئەوەی وا لە زەینی ڕەخنەگراندا وەکوو پرسیاری دەروونناسانە خۆدەنوێنیت لە ڕاستیدا مەبەستی دۆستۆیۆفسکی نەبوو چونکە ئامانجی ئەو نە هەڵکۆڵینی “دەروون”ی مرۆڤی ڕووسی بوو و نە شیکردنەوەی دەروونی مرۆڤێکی فێدار. بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕازی بەرهەمێکی هونەری، دەبێت ڕەخنەگر هەوڵ بدات تاکوو زەمینە و بەستێنی تایبەتی ئەم بەرهەمە بەدروستی بناسێت، ئەو دەبێت ڕژد بێتەوە تاکوو بە سەر ئەم زەمینەیەدا باز نەدات. و ئەگەر ڕەخنەگران، نووسەرێک تا ئاستی دەربڕ و گێڕەرەوەی دەروونناسانەی کەسایەتیی بەرهەمەکانی دابەزێنن، دەبێت ئەم کارەیان تەنها وەکوو شپرزەییەکی قێزەون بەنیسبەت سنوورەکانی بەرهەمی هونەری بزانرێت. نووسەر و ڕەخنەگر لە چاوی یەکدییەوە سووک و چرووک دەنوێنن مەگەر لەو جێگایەی کە نووسەر فۆرمی کۆنە و سواو بەکار بهێنێت، ئەوکات ڕەخنەگر دەتوانێت ناوێکی لەسەر دابنێت و ڕێک بەم هۆیەی کە ناوی لەسەر دادەنێت، دەکەوێتە ستایش و پێداهەڵدانی. بەڵام ڕەخنەگران دەبێت لە ئاوەها دۆخێک خۆ ببوێرن. مایەی شەرمە و هەروەتر هەڵەشە کە ئاوەها چەمکانێک بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی دۆستۆیۆفسکی بەکار بهێنین. لەباتی ئەمە دەبێت بەدوای ئەو دووبارەناسینەوەیەی بابەتی نەتەوەیی وەکوو مژارێکی مرۆیی کە کاکڵی ئەندێشەی دۆستۆیۆفسکییە “ئەندێشەیەک کە گیانی کردووە بە بەر جەستەی ئافرێنراوە هونەرییەکەیەوە” بگەڕێین.
“گەمژە” وەکوو هەموو کارە هونەرییەکانی دیکە لە ئەندێشەیەکی ناوەندییەوە هەڵخێزراوە. وەکوو نۆڤالیس وتوویەتی “خۆی لە خۆیدا پێویستیی بوونی خۆی هەڵگرتووە” تاقەکاری ڕەخنەگر دەبێت ڕۆشنگەریی ئەم ئەندێشە ناوەندییە بێت. ئەم ڕاستییەی کە “گەمژە” تەنها پاژێک لە کۆیەکی گشتیی “پاژێک لە ژیانی کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکە واتە شازادە میشکین” هەژمار دەکرێت، دەرهاوێشتەی کەش و ڕۆحییەتی سەرەکیی لە هاوکێشە ناوەکییەکانی ئەم بەرهەمەیە. ژیانی شازادە میشکین چ پێش و چ پاش ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە، بەشێوەیەکی بنەمایی هەر لە ناو تەمومژدا دەمێنێتەوە. هەندێکیان بەم هۆیەوە کە شازادە میشکین لە ساڵەکانی پێش ڕوودانی ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە لە دەرەوەی ڕووسیا دەژیا و ئانوساتیش پاش ڕووداوەکان گەڕایەوە بۆ ئەورووپا. بەڵام کام پێویستیی ئەوی ڕاکێشی ئەورووپا کرد؟[2] ژیانی ئەو لە ڕووسیادا وەکوو شریتێک لە قووڵایی سەردەمێکی تاریکی نیشتەجێبوونی ئەو لە دەرەوەی ڕووسیادا دەردەکەوێت. کام ڕووناکایی تیشک دەبەخشێتە ژیانی ئەو لە ڕووسیا؟ جگە لە هەڵە زۆر و زەبەندەکانی و چاکەخوازیی ڕەشۆداماڵراوی ئەو کە تایبەتمەندیی کردەوە و جووڵەکانی ئەون، ئەو لە ماوەی نیشتەجێبوونیدا لە ڕووسیا هیچ کارێک ناکات. ژیانی بە بێهوودەیی تێدەپەڕێت و تەنانەت لە درەوشاوەترین چرکەساتەکانی خۆیدا ژیانێکی نەخۆش بە بیردا دەهێنێتەوە کە لە هەمبەریدا دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە. هیچ یاسا و ڕێسایەکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت نزیکترین هاوڕێشی (ئەگەرچی هەموو چیرۆکەکە بەشێوەیەکی بنەمایی پێمان دەسەلمێنێت کە ئەو بەڕاستی هیچ دۆستێکی لەم دنیایەدا نییە) ناتوانن یارمەتیی بدەن تاکوو ژیانی مانا یان ئامانجێکی بەرچاوڕوونکەر و ڕێنوێنیکارانەی هەبێت.
ئەو لە تەنیایی ڕەهادا بەسەر دەبات، ئەگەرچی ئەم خاڵە زۆر بەر چاوان ناکەوێت. لە هەموو ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروست دەبێت خاڵێک وەدیار دەکەوێت کە وەکوو بڵێی هێزێکە؛ لەمپەرێک لە بەردەمی تاکوو لەو کەسانە نزیک نەبێتەوە. لەگەڵ هەبوونی خاکەڕایی تەواو و بێفیزیی کە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەون، هەمدیس بۆ کەسانی دیکە نزیککەوتنەوە لەو نامومکین و نەکردەیە. دەکرێت لە ژیانی ئەودا سەقام و جێگیرییەک بدۆزرێتەوە کە لە ناوەڕاستیدا گۆشەگیری و تەنیایی مۆڵیان داوە و ئەم گۆشەنشینییەی تا ئاستی لەبیرکردنی تەواوەتیی هەموو شتەکان دەڕوات. و کۆی ئەمانەش دۆخێکی ئاوارتە بەدیدەهێنن: چەقی کۆی ڕووداوەکان، تەنانەت هەر چەندەش لەوەوە دوور بن، هەمدیسان خودی ئەون. و کتێبەکە لەم ناوەندێتی و پەلکێشبوونەی هەموو شت و هەموو کەسێک بۆ لای یەک بوونەوەر لەدایک بووە. ئەگەرچی نە ئەوان دەگەن بە ئەم و نە ئەویش ئەندێشە و خەیاڵی هەڵاتن لەوانی لە سەردایە. ئالنگاریی بەم شێوەیە، سادە و پایەدارە: ئالنگاریی و زۆرانبازیی ژیان لە هەمبەر گەشەی ناکۆتای خود، ژیانێک کە چرکەسات دوای چرکەسات هەڵبەز و دابەزەکانی زیاتر دەبێت بەڵام هیچ نیشانەیەک لە نەمان و بەتەپوتۆزبوون تێیدا نادۆزرێتەوە. بۆچی شوێنی سەرەکیی ڕووداوەکانی پاولوفسک، ماڵی شازادەیە نەک ماڵی یەپانچینەکان؟
ئێمە تەنها شایەتحاڵی قۆناغێک لە ژیانی شازادە میشکینین تاکوو بەشێوەیەکی ڕەمزی لایەنی جاویدانەی ئەم ژیانە فام بکەین. بەڕاستی ئەم ژیانە بێدەنگنەکراوە، ڕێک وەکوو ژیانی خودی سرووشت کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵیدا هەیە. ڕەنگە سرووشت جاویدانە بێت بەڵام بەدڵنیاییەوە شازادە نەمرە و دەبێت لە ناو دەلالەتێکی مانەوی و ڕۆحانیدا لەم خاڵە تێبگەین. ژیانی ئەو وەکوو ژیانی هەموو ئەو بوونانەی دەوروبەری، نەمرە. ژیانی نەمر بە مانای ژیانی جاویدانەی سرووشت نییە، ئەگەرچی ئەم دووانە نزیک لە یەکدیش خۆ بنوێنن. چونکە لە ناخی ئەندێشەی جاویدانیدا جووڵەی ناکۆتابوون لەناو دەچێت لە حاڵێکدا لە ناخی ئەندێشەی نەمریدا ئەم جووڵەیە دەگاتە باڵاترین ئاستی خۆی. ژیانی نەمر(کە ئەم چیرۆکە وەکوو گێڕانەوەیەک لەو نەمرییە هەژمار دەکرێت) ڕێک بە مانای باوی وشەی نەمری یان ژیانی ئەبەدییە. ئەگەرچی ژیان تێیدا بمر و مەرگئامێزە بەڵام جەستە، هێز، کەسەکە و ڕۆح بە شێوازی جۆراوجۆر نەمر و ئەبەدی دەمێننەوە. گۆتە باسی لە نەمریی بکەرێک دەکرد. ئەو ڕۆژێک بە ئەکرمانی وت: “ئەرکی سرووشت ئەوە بوو کە بوارێکی نوێی کردە و جووڵە بدات بە ئێمە بەڵام لەوەش وا لێرە هەمانە بێبەشی کردووین”[3] هەموو ئەمانە زۆر دوورن لە مانای نەمربوونی ژیانێک کە تێیدا نەمریی ڕۆح دەکاتە بەر ژیان و بەرەو پێشەوە دەیئاژوێت. چونکە پرسیاری سەرەکیی لێرەدا تێپەڕینی کات نییە. بەڵام ژیانی نەمر ئەگەر مەبەست ژیانی سرووشت یان مرۆڤ نییە کەواتە بە چ مانایەکە؟ دەتوانین لەبارەی شازادە میشکینەوە وای بۆ بچین کە ئەو بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە واتە لە هەمبەر ژیاندا پاشەکشێ دەکات، وەکوو گوڵێک کە پشت دەکاتە عەتر و بۆنەکەی یان ئەستێرەیەک وا ڕوو لە تیشکەکەی وەردەگێڕێت.
ژیانی نەمر و ئەبەدی فەرامۆشنەکراوە و ئەمە نیشانەیەکە تا بتوانین بیناسینەوە. ژیانێکە بە بێ هیچ بینایەکی یادکردنەوە، بە بێ بیرەوەری و ڕەنگە تەنانەت بە بێ شایەت کە بە پێی پێویست لە فەرامۆشی هەڵدێت. ناشێت فەرامۆش بکرێت. ئەم ژیانە بێ ناوەرۆک و بێ بیچمە شتێکە کە تێناپەڕێت. و وتنی ئەمەی کە فەرامۆشنەکراوە تەنها بەم مانایە نایەت کە ئێمە ناتوانین لەبیری بکەین یان فەرامۆشی کەین بەڵکوو بەم مانایەیە کە لە جەوهەر و هەناوی خۆیدا فەرامۆشنەکراوە. تەنانەت لە کیسچوونی یادەوەریی شازادە میشکین لە دوانەخۆشیی خۆیدا ڕەمزی شتێکە کە لە ژیانی ئەودا بە فەرامۆشنەکراوی دەمێنێتەوە، چونکە ئەم بابەتە پاقژنابێتەوە و هەنووکە لە قووڵایی وشیاریی ئەودا جێگیر بووە، بە بێ ئەوەی خۆ زیت کاتەوە و دەرکەوێت. ئەوانی دیکە دێنە دیمانەی. دوادیمەنی کورتی چیرۆکەکە نیشانەی ئەمەیە کە هەموو کەسایەتییەکان، بۆ هەمیشە مۆرکی ئەم ژیانەیان پێوە نراوە، بە بێ ئەوەی خۆیان بزانن چ دەورێکیان تێدا هەبووە. بەڵام ئەو وشەیەی کە بەڕاستی ئەو ژیانە بە بارە ئەبەدی و نەمرانەکەیدا دەردەبڕێت وشەی “گەنج”ییە. و ئەمەیە هەنسکی حەسرەتباری دۆستۆیۆفسکی لەم کتێبەدا: شکانی شەپۆلی گەنجێتی. گەنجێک کە ئەگەرچی ژیانی ئەبەدییە بەڵام لە ناو تیشکەکانی خۆیدا ون دەبێت. دۆستۆیۆفسکی لە “گەمژە”دا سکاڵا لەمە دەکات کە ژیانی ئەبەدیی ڕووسییا-کە مرۆڤەکان دڵە گەنجەکەیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە-بەکاری ڕووسییا نایەت، ئەم ژیانە وەکوو دەنکە تۆوێک دەکەوێتە سەر خاکی بێگانە، ئیدی لە خاکی خۆیدا جێگای نابێتەوە. لە ئەورووپادا دەکەوێتە لمستانەوە “ئەورووپایەک کە بەردەوام “با” تێیدا هەڵدەکات”. دۆستۆیۆفسکیی دەرەوەست و وەفادار بە ڕێبازی سیاسیی خۆی، بە شێوەیەکی بەردەوام هیوای کۆتایی بە لەدایکبوونەوە و نوێبوونەوەی ڕۆحی نەتەوەیی ڕووسی پاراست. نووسەری “گەمژە” لە منداڵدا تاقەڕێگای ڕزگاریی گەنجان و ڕووسییای بینییەوە.
ئیدی هەموو شتێک ڕوون و ئاشکرایە؛ لەم کتێبەدا ڕوخساری کولیا وەکوو سیمای شازادە میشکین لە گەوهەری منداڵکارانەی خۆیدا، لە پاقژترین و بێگەردترین دەموچاوەکانە. چەند ساڵ دواتر دۆستۆیۆفسکی هێزی ناکۆتا و ڕزگاریبەخشی منداڵکارانەی لە برایانی کارامازۆفدا (تەنانەت بەهێزتر لەمەش) باس کردووە. بەڕاستی ئێشی ئەم گەنجانە، منداڵیی برینداربوویانە. چونکە منداڵیی برینلێکەوتووی مرۆڤی ڕووسی(خەڵکی ڕووسیا) هێزی لێ ئەستاندوون و سڕی کردوون. بۆ دۆستۆیۆفسکی بچووکترین گومان نەمایەوە کە تەنها لە زەینی منداڵێکدایە کە ژیانی مرۆ دەتوانێت بە هێواشی لە ناخی ژیانی خەڵکێکەوە دەست پێ بکات و پەل بهاوێت. دەبینین لە هەر جێگایەکیشدا کە دەربڕینێکی منداڵکارانە لە ئارادا نییە، زایەڵە و نەوای مرۆڤانەی دۆستۆیۆفسکیش دەگلێت و تێکدەشکێت. لە هەڵچوون و داچوونی ئەم خەمەی غوربەت(نۆستالژی) قۆناغی منداڵی-یان بە زمانی ئەمڕٶیی ئەم هیسترییە-کەسایەتییە ژنەکانی ناو “گەمژە” کاڵ و نابوود دەبنەوە: ئێلیزابێت پرۆکۆ فیوونا، ئاگلائە ئیڤانووا و ناستازیا فیلیپوونا. جووڵەی کتێبەکە وەکوو تەقینەوەی گڕکانە. جگە لە منداڵ و لە سرووشتدا ناکرێت مرۆڤایەتیی ببینینەوە. مەگەر لە چرکەساتی ڕوودانی کارەساتێکدا، لە تەقینەوەیەکی مەزن کە تێیدا مرۆبوون لەپڕێکدا خۆی بنوێنێت، کە دەناسرێتەوە و لەناودەچێت. ئەمەیە هیوای خەڵکی ڕووس: دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست لە نێوان ژیانی مرۆیی و مرۆڤێکی زیندوو، تەنانەت تا سنوورەکانی داکەوتن و نغرۆبوونی، بوون بە چاڵی قووڵی گڕکانێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەناویدا و لە تەقینەوەیەکی مەزندا، هێزێکی مرۆیی و تواناییەکی بێسنوور لەدایک دەبێت.
سەرچاوە: نشانەای بە رهایی، والتر بنیامین، ترجمە بابک احمدی، نشر تندر. تهران ١٣٦٦
[1] -Ourga پایتەختی ئایینیی مەغۆلە بووداییەکان
[2] -“گەمژە” یەکەمین شاکاری دۆستۆیۆفسکییە کە لە دەرەوەی ڕووسیا نووسراوە. ئەو نووسینی ئەم ڕۆمانەی لە پاییزی ساڵی ١٨٦٧ دەست پێ کرد و لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ١٨٦٩ تەواوی کرد. دوو ساڵ دواتر واتە لە ٨ی ژووییەی ساڵی ١٨٧١ گەڕایەوە بۆ ڕووسیا.
[3] -یۆهان پیتێر ئەکرمان دۆست و سکرتێری گۆتە بوو. ئەو لە ساڵی ١٨٣٧دا دوو بەرگ لە بیرەوەرییەکانی خۆی لەبارەی گۆتە بڵاو کردەوە کە دواتر و لە ساڵی ١٨٤٨دا بە بڵاوکردنەوەی بەرگی سێهەم کامڵی کرد. ئەم بەرهەمە ئێستا لە ژێر ناوی “گفتوگۆ لەگەڵ گۆتە لە دواهەمین ساڵەکانی ژیانیدا” دەناسرێت.
نووسین: ڤاڵتێر بێنیامین
وەرگێڕان بۆ فارسی: بابەک ئەحمەدی
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی