“خوێندنی فەرمیی”
بچوکترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەک بەکارھێنانی زمانی خۆیەتی، لە بواری خوێندندا، ھەروەھا یەکێک لە پێویستیترین مەرجەکانی گەشەکردنی زمان و پارێزگاریکردنی بوونی نەتەوایەتیی ھەر میللەتێک بایەخ دانە بەزمانەکەی (٤٩)، ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری١٩٧٠ بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد، تا بتوانێت بەرجەستەی مافە فەرھەنگی و زمانەوانییەکانی خۆی بکات، ئەویش بە بەکارھێنانی زمانی کوردی لە بواری خوێندندا (٥٠)، کە بەپێی بەندی یەکەمی ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتننامەیە، دان نرابوو بە فەرمیی ناساندنی زمانی کوردی ھاوشانی زمانی عەرەبی لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، ھەروەھا زمانی کوردی زمانی خوێندن بێت لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندن لە ناوچە کوردییەکان لەگەڵ زمانی عەرەبی و، لە ھەموو بەشەکانی تری ئێراقدا زمانی کوردی زمانی دووەم بێت لە چوارچێوەی یاسادا.(٥١)
ئەم ڕێکەوتننامەیە بووە ھۆی سەرھەڵدانی شۆڕشێکی پەروەردەیی لەکوردستان و شاری سلێمانی، گۆڕانێکی بنەڕەتی ھاتەکایەوە، خەڵکی بە ئازادتر لەجاران باسی مافی کورد و زمان و مێژووی کوردی دەکرد(٥٢)، گەورەترین و فراوانترین ھەنگاو ئەوەبوو، کە بە ھۆی ئەم ڕێکەوتننامەیە خوێندن بەزمانی کوردی بایەخێکی زۆری پێدرا و، بۆ یەکەمجار بڕیاردرا، کە خوێندن بەزمانی کوردی بێت لە ھەردوو قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی، کە پێشتر تەنیا لە قۆناغی سەرەتایدا بە کوردی دەخوێندرا(٥٣)، ھەروەھا حکومەتی ئێراق بڕیاریدا، کە دەبێت لە ھەموو ناوچەکانی ئێراقدا لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی و ئاماددەیی و، ھەروەھا لە زانکۆکانیشدا، وانەیەک بخوێندرێت بەزمانی کوردی(٥٤)، ھەروەھا حکومەتی ئێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی ھەموو دەرچوانی بەشی کوردی کۆلیژی ئاداب لەسەر میلاکی خوێندنی ئاماددەیی بۆ وتنەوەی زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکاندا، کردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە پێشتر داخرابوون، حکومەت ڕێگەیدا بە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکانی کوردستان داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کردنەوەی قوتابخانەی تازە لە ھەموو قەزاو ناحیە و دێھاتەکاندا، پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی کێشە و گرفتو پێویستیەکانی قوتابخانەکان و چارەسەرەکردنی گرفتەکان، گەڕانەوەی خوێندکارە دوورخراوەکان و، بەخشینی خوێندکاران لە دانی پارەی کتێبەکانی خوێندن(٥٥)، ھەروەھا دامەزراندنی مامۆستای نوێ نەک لە شاری سلێمانی بەڵکو لە ھەموو کوردستان گرنگیەکی زۆری پێدرا(٥٦)، بۆیە لە دوای ساڵی١٩٧٠ەوە تا ساڵی ١٩٧٤پرۆسەی بە فەرمیکردنی خوێندن بەزمانی کوردی ھەنگاوی مەزنی ناو، زانکۆی سلێمانی گەشەی کردو، زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی پەروەردەو فێرکردن لە قوتابخانەکاندا.(٥٧)
لەم قۆناغەدا یەکێتی مامۆستایانی کوردستان (ی.م.ک) ( ٥٨)، ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە گەشەپێدانی خوێندنی کوردی لەکوردستان و شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە مامۆستایان بە ڕێکخستنێکی نوێوە کەوتنە جموجۆڵ و لە٥/٨/١٩٧٠یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کۆنگرەی سێیەمی خۆیان لە ناوچەی (ناوپردان) بەئاماددەبوونی بارزانی بەست(٥٩ ). ئەم کۆنگەرەیە یەک لایەنی ئەنجامدرا لەلایەن مامۆستایانی سەر بەباڵی (بارزانی)، بێئەوەی ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی سەر بە باڵی (م.س) بەشداری بکەن، یان بەفەرمیی وەک (ی.م.ک) بانگھێشتیان بکەن و بەیەکەوە کۆنگرەیەکی بەرفراوان و سەرتاسەری بگرن و مامۆستایانی سەر بە ھەردوو باڵەکە تێکەڵ ببنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە ئەندامانی سەر بە باڵی (م.س) بەشێوەی تاک بەشدارییان تێداکرد، کە لەئاستی بەرپرسیارێتی دا بوون لە ڕیزەکانی مامۆستایانی سەر بە باڵی (م.س)، سەرەنجام کۆنگرەکە بەسەرکەوتووی ئەنجامدراو(٦٠)، لە ژێر دروشمی (ئاشتی و زانست و برایەتی)، (٢١٠) مامۆستا بەشدارییان تێداکرد و ماوەی سێ رۆژی خایاند(٦١)، چەند بڕیارێکیان دەرکرد بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەی مامۆستایان و چاککردنی شێوەی وتنەوەی خوێندنی قوتابخانەکان و ھاندانی خوێندنی وانەکان بە زمانی کوردی لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندندا(٦٢ )، ھەروەھا کتێبی خوێندن لەقوتابخانەکانی کوردستان بە جۆرێک بێت لەگەڵ پێویستی گەلی کورد و ئامانجەکانی بگونجێت، مێژوو و جوگرافیای کورد لە ھەموو قوتابخانەکانی ئێراقدا بوترێتەوە( ٦٣)، ھەروەھا کردنەوەی قوتابخانەی زیاترو، جگە لەوەش بڕیاردرا کەھەر لقێکی یەکێتی مامۆستایان گۆڤارێک یان ڕۆژنامەیەک تایبەت بە لقەکەی دەربکات و ببێتە زمانحاڵی یەکێتی مامۆستایان لەو پارێزگایە، سەبارەت بە شاری سلێمانی، لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان (گۆڤاری دەنگی مامۆستا) یان دەرکرد، کەژمارە (١) ی لە١/٢/١٩٧١و کۆتا ژمارەشی(١٠)، لە حوزەیرانی ١٩٧٣ دا دەرچووە(٦٤ )، ھەروەھا بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستایانی شارەزا و پسپۆڕ لە زمانی کوردی دا، دەستیان بە کۆبوونەوەو گفتووگۆکردن کرد، بۆ چۆنیەتی بەدیھێنانی خواستەکانی بواری خوێندن و دانانی مەنھەجێک بۆ بەکوردیکردنی خوێندن لەقۆناغەکانی ناوەندیی و ئاماددەیی و پیشەییەکاندا(٦٥)، چونکە تا ساڵی١٩٧٠ تەنھا خوێندن لەقۆناغی سەرەتایدا بە زمانی کوردی بوو لە شاری سلێمانی، لە دوای ئەمەوە لەقۆناغەکانی ناوەندیی و ئاماددەیی و پیشەییەکاندا دەستیپێکرد و، بەشی کوردی لەزانکۆی سلێمانی و کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغداش کرایەوە.(٦٦)
بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە ساڵی١٩٧١بڕیاریدا بە دانانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بە کوردیکردنی خوێندن لەقۆناغەکانی ناوەندیی و ئاماددەیی لەقوتابخانەکانی شاری سلێمانی و، ھەروەھا ھەوڵدرا ئەم لیژنەیە کاربکات بۆ بەکوردیکردنی نووسین لەدامودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانیش، ئەمەش بۆ ئەوەی جیاوازیی و گیروگرفت لەنێوان قوتابخانەکان و بەڕێوبەرایەتیەکان دروست نەبێت و ھەمووی لەسەر یەک شێوە بێتو کار بەیەک بەرنامە بکەن، لیژنەکەش بریتیبوون لە(شێخ محەمەدی خاڵ، شاکر فەتاح، فازڵ محەمەد عیرفان، کەمال جەلال غەریب، مەلا محەمەد مستەفای کوردی، ئەحمەد ھەردی، عومەر عارف، کەریم زەند، مستەفا ساڵح کەریم، عەبدوڵڵا میدیا، محەمەد ساڵح سەعید، محەمەد عەبدە، ئەحمەد عەبدولسەلام، رەوف ئەحمەد حەسەن، عەبدولکەریم مەحمود،…ھتد)، ئەم لیژنەیە فەرھەنگێکیان دانا بەناوی (زاراوەی پارێزگای سلێمانی)(٦٧)، بۆ گۆڕینی زاراوەی کتێبە عەرەبییەکان بۆسەر زمانی کوردی، جگەلەمانەش کۆمەڵێ مامۆستاو ڕۆشنبیری تر ھەبوون ھەر لە شاری سلێمانی ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە وەرگێڕانی کتێبە عەربییەکان و بە کوردیکردنی خوێندن، کە ئەوانیش بریتیبوون لە(موحەرەم محەمەد ئەمین، فایەق عارف، عەلی شەونم، ئەبوبەکر ھەوری، فەرەیدون محەمەد فەرەج، دارا عومەر .(٦٨)
لە ساڵی خوێندنی١٩٧٠-١٩٧١ لە شاری سلێمانی وەرگێڕانی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی لە پۆلی یەکەمی ناوەندییەوە دەستیپێکردو سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا، ئیتر لە دوای ئەوەوە پۆلی دووەمی ناوەندیی دەستیپێکرد، ئەم کارە بەردەوامی ھەبوو، تاوەکو دەست پێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی١٩٧٤ لەنێوان شۆڕش و ڕژێمی بەعس، توانرا پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبەکان تاوەکو قۆناغی چوارەمی ئاماددەیی ئەنجام بدرێت، تەنانەت مامۆستایانی پسپۆڕ لە دوای چوونە دەرەوەیان بۆ بەشداریکردن لە شۆڕش ھەر بەردەوام بوون لە وەرگێڕانی کتێبەکانو لە ھەوڵدا بوون پڕۆسەی خوێندن پەکی نەکەوێت( ٦٩)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردی سلێمانی لە ساڵی ١٩٧١دا خولێکی (٨) ھەفتەیی بۆ (٦٩) ڕابەر (مرشد) بۆ فێرکردنو وانە وتنەوە بەپوختی کردووەتەوە، ھەروەھا لە ساڵی١٩٧٢شدا (٣)خولی فێرکردن و ڕاھێنان بۆ (٣٢) مامۆستای کوڕو کچی قۆناغی ئاماددەیی کردۆتەوە.(٧٠) لە ماوەی ساڵانی١٩٧٠-١٩٧٤ لەقۆناغی ناوەندیی و ئامادەییدا، جگە لە ماددەی (زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی)، ئەگینا ماددەی (مێژوو، جوگرافیا، کۆمەڵایەتی، پەروەردە)، گۆڕانیان بەسەردا ھات(٧١ )، ھەروەھا بەڕێوبەرایەتی گشتیی خوێندنی کوردی لە بەغداد لەم قۆناغەدا ھەولێکی زۆریداوە بۆ وەرگێڕانی ژمارەیەکی زۆر لە ماددەکان بۆ زمانی کوردی.(٧٢). لە دوای ڕێکەوتننامەی ئازار ژمارە قوتابخانەکان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن بۆ ساڵی خوێندنی١٩٧٠-١٩٧١ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ دەستنیشان کردنی جێگە بۆ بنیاتنانی قوتابخانەکان و تەرخانکردنی بڕی (١٠) ھەزار دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ دروستکردنی ھەر قوتابخانەیەکی ناوەندیی و ئاماددەیی لە پارێزگاکانی کوردستاندا(٧٣)، جێگەی سەرنجە ھەر لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتی عێراقەوە (١٩٢١-١٩٥٨)، بەردەوام ھەوڵدراوە بۆ کەمکردنەوەو ڕوخاندنی قوتابخانەکانی شاری سلێمانی، کاتێک شۆڕشی١٤ ی تەمموزی ١٩٥٨ڕوویدا، تاڕادەیەک دەرگا کرایەوە بۆ گرنگیدان بە دروستکردنی قوتابخانە، بەڵام دوای کودەتای شوباتی١٩٦٣جارێکی تر قوتابخانەکان و بواری خوێندن کەوتەوە بەر پەلاماری ڕژێمی ئێراق، بەتایبەتی قوتابخانەکانی گوندەکان زۆربەیان داخران و ڕووخێنران، تا ئەوکاتەی کە ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری١٩٧٠ ھاتە ئاراوە، ئینجا لایەنی خوێندنو پەروەردە گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینی و ژمارەی قوتابخانەکانیش زیادیان کرد، تاوەکو پێش ڕێکەوتننامەکە نزیکەی (١٥٠) قوتابخانە ھەبوو لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە دوای ڕێکەوتننامەکە ئەم ڕێژەیە بەرزکرایەوە بۆ نزیکەی (٤٥٠) قوتابخانە، لەم قۆناغەدا لە پارێزگای سلێمانی، تەنھا لە خودی شاری سلێمانی قوتابخانەی دواناوەندیی ھەبوو، لە شاری (ھەڵەبجە) یەک قوتابخانەی ناوەندییو، لە شاری (ڕانیە)ش ھەر یەک قوتابخانەی ناوەندیی ھەبوو، ئیتر لە ھیچ ناوچەیەکی تری پارێزگای سلێمانی قوتابخانەی ناوەندیی و دواناوەندیی نەبوو، لەو کاتەشدا خوێندنی قۆناغی ناوەندیی و دواناوەندیی (پێنج) ساڵ بوو، واتە (١-٣) قۆناغی ناوەندیی بوو، دواناوەندیش (٤-٥)بوو.(٧٤)
لە ١١/٣/١٩٧٠-١/١/١٩٧١دا ئەم قوتابخانانە لە شاری سلێمانی دروستکران:(١ قوتابخانەی سەرەتایی شەش پۆلی لەسەرچنار، ٥ قوتابخانەی سەرەتایی لە ناو شار، ١ قوتابخانەی ئامادەیی لەناو شار، ١ قوتابخانەی ناوەندیی دوانزە پۆلی، ١ قوتابخانەی سەرەتایی لە بەکرەجۆ، ١ قوتابخانەی سەرەتایی لە ئابڵاخ، ١ قوتابخانەی ناوەندیی لە قەڵادزێ، ١ قوتابخانەی سەرەتایی لە دوکان.(٧٥) لەم قۆناغەدا قوتابخانەی ئێوارانیش گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و، بە جۆرێک تا پێش ڕێککەوتننامەکە لە شاری سلێمانی تەنھا (٢) قوتابخانەی ئێواران ھەبوو، بەڵام لە دوای ڕێکەوتننامەکە تەنھا لە ماوەی یەک ساڵدا (٧) قوتابخانەی ئێواران لە ھەر سێ قۆناغی (سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندیی) دا کرایەوە، لە قوتابخانەی ئێوارانیشیدا ئەو فێرخوازانە دەیان خوێند کە تەمەنیان ڕێگەی پێنەدەدان لە قوتابخانەی بەیانیان بخوێنن، یاخود پێشتر بەھۆی بوونی شەڕی نێوان شۆڕشی کوردو ڕژێمی بەغداد، یاخود ھەر ھۆیەکی تر وازیان ھێنابوو، جارێکی تر درێژەیان بە خوێندن دەدایەوە(.(٧٦). لەگەڵ زۆر بوونی ژمارەی قوتابخانەکان، ژمارەی خوێندکارانیش زیادیکردووە، زیادبوونی ئەمانەش پێویستی بە مامۆستای زیاتر بوو بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو قوتابخانانەی کە کێشەی کەمیی مامۆستایان ھەیە، مامۆستای تازەیان بۆ بنێردرێت و بۆشاییەکان پڕبکرێنەوە، بەمەش گەشە بە بواری خوێندن بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە شاری سلێمانی بەشێک لە فەقێی حوجرەی مزگەوتەکان و ھەروەھا ئەو کەسانەی کە خوێندنیان تەواو نەکردبوو، خولی ڕاھێنانیان بۆ کردنەوە و بوونە مامۆستا و بەشێک لە بۆشاییەکانیان پڕکردەوە (٧٧)، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی مامۆستا (سامی حسێن نازم ١١/٣/١٩٧٠-١١/٣/١٩٧٤(٧٨ )، کاری کرد بۆ دامەزراندنی مامۆستای زیاتر، ھەتا خۆی دەگەڕا بەشوێن ئەو مامۆستایانە کە دا نەمەزرا بوون، یاخود ئەو مامۆستایانەی خەریکی کاری تربوون، زۆربەیانی دامەزراند و خستنیە سەر پیشەی خۆیان و بۆشایی قوتابخانەکانی پێ پڕکردنەوە(٧٩ )، چونکە لەو کاتەدا لە شاری سلێمانی تەنھا پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان (دارالمعلمین) ھەبوو، کەساڵانە (٥٠-٦٠) مامۆستای کوڕو کچ تێیدا دەردەچوو، کەئەمەش بۆشاییەکانی پێ پڕنەدەکرایەوە و بەشی قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی نەدەکرد، بەتایبەتی کە لەو کاتەدا لە ھەموو شارو شارۆچکە و دێھاتەکانی پارێزگای سلێمانی قوتابخانە دەکرایەوە، ھەروەھا مامۆستا کوڕیش دوای دەرچوون دەبرانە خزمەتی سەربازیی بۆیە ئەمەش کێشەیەک بوو بۆ خۆی بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی مامۆستا، لەم کاتەشدا نزیکەی (٤٠٠) کچی دەرچووی قوتابخانەی ھونەری ماڵداریی (مدرسة الفنون البيتية)(٨٠ ) ھەبوو، کە ھەموو مەرجەکانی بوون بە مامۆستایانی تێدابوو، وانەکانی (دەرووناسی و ڕێگاکانی وانەوتنەوە…ھتد) یان خوێند بوو، بۆیە لە ساڵی١٩٧٢دا زۆربەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە دامەزرێنران، بۆ ھەر قوتابخانەیەک (٢ کچ) یان بەیەکەوە دەنارد، بۆ ئەوەی پشت بە یەکتری ببەستن و ھاوکاریی یەکتری بکەن و کێشەی کەمیی مامۆستا چارەسەربکەن، کە لەڕاستیدا ئەمەش ڕێگا چارەیەکی سەرکەوتوانە بوو، توانرا سود لەو بارودۆخە وەربگیرێت و گەشە بەخوێندنی کوردی بدرێت، ھەتا مامۆستا کچەکانی خانەقین زۆر بە دڵسۆزیی ھەوڵیاندەدا بەباشی ڕاھێنان بکەن بۆئەوەی بتوانن بەزمانی کوردی وانە بڵێنەوە. جگەلەوەی ئەو خوێندکارانەی لە قەزاو ناحیەکانەوە بۆ خوێندنی ئاماددەیی (صناعة) دەھاتن، بەشی ناوخۆییان ھەبوو، مانگانەش بڕە پارەیەکیان وەک دەرماڵە وەردەگرت.(٨١)
بە ھۆی ھاوکاریی وەزارەتی کاروباری باکوور (شؤون الشمال)، ھەر ناوچەیەکی کوردستان داوای کردنەوەی قوتابخانەیان بکردایە، ئەم وەزارەتە ڕەزامەندیی دەردەبڕی و شوێنیان بۆ دروستکردنی قوتابخانە و پێداویسییەکانی خوێندنیان بۆ دابین دەکردن، دوای تەواوبوونی قوتابخانەکەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، یەکسەر مامۆستای بۆ دەناردن، ئەگەر نیوەی ساڵی خوێندنیش تێپەڕبووایە، ئەوە ھەر مامۆستای بۆ دەنێردرا، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن دوانەکەوێت و خوێندکاران لە خوێندن بێبەش نەبن.(٨٢) ھەر لەم قوناغەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بەمەبەستی چاودێری بەسەر پڕۆسەی خوێندن و گەشەپێدانی بواری پەروەردەو خوێندن بەشێوەیەکی چالاک لە پارێزگای سلێمانی ژمارەیەکی زۆر مامۆستای پسپۆڕ لە ماددەکانی خوێندن و ھەروەھا بواری (چالاکیی قوتابخانەکان، بەشی سەرپەرشتیاری وەرزش و دیدەوانی، بەشی شێوەکاری، بەشی شانۆگەری، ھۆی فێرکردن، بەشی نەھێشتنی نەخوێندەواری، مەڵبەندی ئیشی دەست،…ھتد)، کە ژمارەی سەرپەرشتیارەکان لەماوەی ساڵی١٩٧٠-١٩٧٤ دەگەیشتە نزیکەی (٥١) سەرپەرشتیار، کە ئەمانە ڕۆڵیان ھەبوو لە بەھێزکردنی تواناو ئاستی مامۆستایان لە ڕێگەی کردنەوەی خولی ڕاھێنان بۆیان، ھەروەھا توانیان ڕۆڵێکی کارا ببینن لە برەودان بە چالاکیی وەرزشی و ھونەریی و زۆر لایەنی تر لە پارێزگای سلێمانی(٨٣)، کە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە پارێزگای سلێمانی ببێتە پێشکەوتووترین پارێزگاکانی ئێراق لەم ماوەیەدا لە بواری پەروەردە و خوێندن و کردنەوەی ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە و دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری مامۆستا، گرینگیدانی خوێندکاران بە وانەکانیان و بەرزبونەوەی ڕێژەی دەرچوونی خوێندکاران، لەچاو پارێزگاکانی تری ئێراقدا، کە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئێراقەوە سوپاس و خەڵات بکرێن و لە ئەنجامی ھەوڵی بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیارانی پەروەردە، بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بوو بە بەڕێوبەرایەتییەکی نمونەیی.(٨٤)
دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان شۆڕش و ڕژێمی بەعس لە١١/٣/١٩٧٤ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پەروەردە و خوێندکاران، لە شاری سلێمانی چوونە دەرەوە و پەیوەندیان بە شۆڕشەوە کرد، بڕیاریشدرا، کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بگوازرێتەوە بۆ ناوچەی (پێنجوێن) بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن پەکی نەکەوێت(٨٥)، مامۆستایان لەناو باخ و ژێر کەپر و خانووە ڕووخاوەکانی گوندەکاندا وانەیان بە خوێندکاران دەوتەوە و درێغییان نەکرد لە ئەنجامدانی ئەرکە پیرۆزەکەیان، لە پێنجوێن قوتابخانەی سەرەتایی ھەبوو، ھەروەھا چەند قوتابخانەیەکی ناوەندیی و ئاماددەیی و پیشەیش کرانەوە، توانرا لەو ساڵەدا پڕۆسەی پەروەردەو خوێندن بە ڕێکوپێکی درێژە پێبدەن.(٨٦) ھەر لەم ساڵی ١٩٧٤ مۆستایان توانیان پرسیارەکانی کۆتایی ساڵ بۆ پۆلی شەشەمی سەرەتایی و سێیەمی ناوەندیی و شەشەمی ئاماددەیی دابنێن و، ڕەچاوی بارودۆخی خوێندکاران بکەن، نەیانھێشت ڕەنجی ئەو ساڵەیان بە فیڕۆبڕوات و بەسەرکەوتوویی ئەم کارەیان بە ئەنجام گەیاند(٨٧)، ھەروەھا بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی توانی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ مامۆستایان، کە ھەر مامۆستایەکی سنووری پەروەردەی سلێمانی بڕی (٢٥) دیناریان پێدان، جگەلەوەش لەلایەن دانیشتوانی گوندەکانەوە ھاوکارییەکی باشی مامۆستایان دەکرا، بەمەش توانرا کێشەی کەمی و نەبوونی کتێبیش چارەسەربکرێت، بەوەی توانرا بەھاوکاریی بەرپرسی گەنجینەی پەروەردەی سلێمانی (عوسمان محەمەد سلێمان) یەک لۆری کتێب بگوازرێتەوە بۆ دەرەوە و گەیەنرایە دەستی خوێندکارانی ناوچە ئازادکراوەکان، ھەروەھا توانرا کاربکرێت بۆ چاپکردنی ژمارەیەکی زۆری کتێب لە شاری تاران و پاش ھێنانەوەیان بۆ کوردستان گەیەنرانە دەستی خوێندکارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش لە سنووری پەروەردەی سلێمانی.(٨٨)
کاتێکیش شۆڕش شکستی ھێنا لە ساڵی ١٩٧٥ ڕژێمی بەعس لە دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ شارەکان، بەشێکی زۆری لە مامۆستایانی شاری سلێمانی دوورخستەوە، ئیتر بەتەواوەتی دەستی خستەوە ناو بواری پەروەردە و خوێندنەوە و، پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی کردە بەشێکی دانەپچڕاو لەبەرنامەی حزبەکەی، ھەوڵیشیدا خوێندن لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی بکاتەوە بە زمانی عەرەبی(٨٩)، بەڵام نەیتوانی جارێکی تر دەستکاری مەنھەجی خوێندن بکاتەوە(٩٠)، جگەلەوەش لە ھەندێ ناوچەی ئێراقدا ھێشتا وانەی کوردی دەخوێندرا و لە پڕۆگرامی پەروەردەدا لانەبرابوو، جێگەی سەرنجە ھێندێک لەمامۆستاکانی شاری سلێمانی وتنەوەی ئەم وانەیەیان بە دەرفەت دەزانی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی مێژوو و جوگرافیاو کولتوورو زمانی نەتەوەی کوردی دەکرد، بەوەی، کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لەنەتەوەکانی ترو خاوەنی زمان و کولتوور و خاکی خۆیەتی، ھەروەھا ھەندێک جاریش مامۆستا بەشێک لە ڕێساکانی ڕێزمانی کوردی بە خوێندکاران دەوتەوە، لەو کاتەشدا مەنھەجێک تایبەت و دیاریکرا و نەبوو تاوەکو مامۆستا پشتی پێببەستێت، بەڵکو پشتی بەشارەزایی و لێھاتوویی خۆی دەبەست.(٩١)
لە ھەموو سەردەمێکدا پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە گرفتی ھەبووە، ئەو گرفتانەشی کە ھاتوونەتە بەردەم پڕۆسەی خوێندن لەم قۆناغەدا، چ لە کوردستان، چ لە شاری سلێمانی زۆربوون، لەوانە، داخران و نەمانی زۆرێک لە قوتابخانەکان، ھەندێک لە مامۆستایان لەبەر کەمیی مامۆستا، وانەی تەواوی قۆناغ و پۆلەکانیان دەوتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی پسپۆڕیی مامۆستاکە لەوانەکاندا، بۆشایی لە قوتابخانەکان و نەبوونی مامۆستا، بۆ وێنە، لە ماوەی ساڵی١٩٧٢- ١٩٧٣ لە قۆناغی ناوەندیی و ئاماددەییدا (١٨) بۆشایی مامۆستای وانەی (بیرکاری) ھەبووە، ھەروەھا لەو کاتەدا ژمارە خوێندکاران زۆر بوو، لە بەرامبەردا ژمارەی مامۆستا کەمبوو، سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی بەعس، کەبەردەوام لە ھەوڵدابوون بۆ کۆسپ خستنە بەردەم گەشەسەندن و پێشکەوتنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن و بەردەوام خەریکی پلانگێڕی بوون بۆ لەباربردنی ڕێکەوتننامەی١١ی ئازار، کە بەھۆیەوە بواری خوێندن و خوێندەواریی بەزمانی کوردی زۆر گەشەی سەندبوو(٩٢)، جگەلەوەش ھەندێک جار دەسەڵاتی کوردی کەمتەرخەم بووە لەوەی کە بتوانێت دەرفەت بھێنێتە پێشەوە بۆ بە کوردی کردنی مەنھەجی خوێندن، لەگەڵ بوونی کەرەستەیەکی زۆر و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایانی بواری زمانی کوردی، بەڵام سوودیان لێوەرنەگیراوە،…ھتد، ئەمانە گرنگترین گرفتەکانی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بوون لەم قۆناغەدا لە کوردستان بەگشتیو شاری سلێمانی بەتایبەتی.
پەراوێزەکان:-
- حینجە، واتە خوێندنەوەی پیت بەپیت بە (سەرو ژێرو بۆرو زەنەوە)، بەڵام حینجە بە سایە، واتە خوێندنەوەی یەکسەری وشەکان بە بێ وتنەوەی سەرو بۆرەوە. بڕوانە، پ. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ: س. پ، ل١٨؛ ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی رەشە: س. پ، ل١٣٣.
- مەحمود عەزیز حەسەن: یادنامەکانی ژیانی فەقێو دەنگی فەقێ، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٨، ل٥٦.
- ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی رەشە: س. پ، ل١٣٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥. حسێن کوڕی مەلا حەسەنی مەلا کەریمی فەقێ حسێنە، لە ساڵی١٩٥٤ لەگوندی گۆرەدیمی ناوچەی شارباژێڕ لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە خزمەت باپیریدا بووە، لە ساڵی١٩٧٠بووەتە قوتابی لەپەیمانگای ئیسلامیی سلێمانی، پاشان کۆلێژی شەریعەی بەغدادی لە ساڵی١٩٧٩بە پلەی نایاب تەواو کردووە، لە ساڵی٢٠٠٠ بڕوانامەی ماستەری لەبەغداد بەدەستھێناوە، ئیستاش مامۆستایە لەکۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی بە پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەرو نیشتەجێی شاری سلێمانییە.
- ئومێد ئیبراھیم محمد: ڕەوشی خوێندنی ئاینی ئیسلام لە شاری سلێمانی نێوان ساڵانی ١٩٢٢-١٩٥٨، نامەی ماستەر، بڵاونەکراوە، فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیو کۆمەڵایەتیەکان، زانکۆی کۆیە، ٢٠١٣، ل٣٣.
- حەمە کەریم ھەورامی: مێژووی پەروەردەو خوێندن لەحوجرەکانی کوردستاندا، ب١، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، ھەولێر، ٢٠٠٨، ل٢٩٩.
- ئومێد ئیبراھیم محمد: س. پ، ل٤٠-٤١.
- سەید مستەفا مەحموودیان (زمزیرانی): فەقێو فەقێیەتی لە کوردستان، چاپی یەکەم، چاپخانەی مەھارەت، تاران، ٢٠٠٤، ل١٠٤.
- سوختە، وشیەیەکی فارسیەو بەواتای (سوتان) دێت، گوایە ئەمجۆرە فەقێیانەش لە دەورکردنەوەو خزمەت و بەردەستی موستەعیددا دەسووتان. بڕوانە، محەمەد عەلی قەرەداغی: س. پ، ل٢٢.
- فەقێ، لەوشەی (فقە) عەرەبی وەرگیراوە، لەزمانی عەرەبیدا دەوترێ (الکلامای فھمە)، وتا (زانا)، بەڵام لەزاراوەی ناو حوجرە (فەقێ)، بەو قوتابیە دەوترا کە خوێندنی ئاینی بخوێنێت. بڕوانە، حەمە کەریم ھەوارامی: س. پ، ل٣٠٧.
- مەلا نووری ئاغجەلەری “نووری عەبدوڵڵا ێاڵح”: س. پ، ل١٢.
- چاوێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا بێستون عەلی کەریم)، سلێمانی، ٣٠/٤/٢٠١٥.
- عومەر شێخ لەتیف بەرزنجی: ڕەوشی حوجرە لە پێگەیاندنی زانا ئاینییەکانی شاری ھەولێردا، چاپخانەی منارە، ھەولێر، ٢٠٠٧، ل١٢.
- مستەفا زەڵمی (دکتۆر) : کاروانی ژیانم، ب١ ١٩٢٤-١٩٥٥، پێداچوونەوەی: مەسعود مستەفا زەڵمی- رێدار ئەحمەد، ب١، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، ل٤٤.
- حەمەکەریم ھەورامی: س. پ، ل٣٧٩.
- ئومێد ئیبراھیم محمد: س. پ، ل٥٢.
- مەلا نووری ئاغجەلەری “نووری عەبدوڵڵا ێاڵح”: س. پ، ل١٢.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥. فاتح شێخ محەمەد شێخ جەلال قەرەداغی لەساڵی١٩٥٠ لە قەرەداغ لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی فەقێیەتی لە حوجرەدا ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلیژی شەریعە بەدەستھێنانەوە، بۆماوەی (١٥) ساڵ بەڕێوبەری ئەوقافو کاروباری ئاینی بووە لە شاری سلێمانیو بەعقوبە، ھەروەھا (١٢) ساڵ ڕاوێژکاری ئایینی بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٤دا خانەنشینکراوەو ئێستاش نیشتەجێی شاری سلێمانییە.
- محەمەد عەلی قەرەداغی: س. پ، ل٢٣.
- مەلای دوانزە عیلم، ئەوەبوو کە فەقێی کورد دەبوو لەماوەی خوێندنیدا (١٢) مەنھەجی زانستی تەواوبکات، بەھۆی ئەوەوە پێیدەواترا مەلای دوانزە عیلم، زانستەکانیش بریتی بوون لە (نحو، صرف، البلاغة بة هةرسىَ بةشةكةيةوة، الفقة، اصول الفقة، المنطق، الاداب، الكلام، الفلسفة، الهيئة والفلك، الرياضيات والهندسة، الفقة اللغة). بڕوانە، محەمەد عەلی قەرەداغی: س. پ، ، ل٦٧-٦٨.
- مەحمود عەزیز حەسەن: س. پ، ل١٣-١٤ .
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥؛ مەحمود عەزیز حەسەن: س. پ، ل١٥-١٨.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥.
- ئومێد ئیبراھیم محمد: س. پ، ل٥٩.
- بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی سەرچاوەکانی بژێوی فەقێ لە شاری سلێمانی. بڕوانە، مەحمود عەزیز حەسەن: س. پ، ل٢٣-٣٧.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا بێستون عەلی کەریم)، سلێمانی، ٣٠/٤/٢٠١٥.
- عەلی باپیر: چەند مەڵۆیەک لە خەرمانی تەمەنم/ بیرەوەرییەکانم، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، ل٤٤.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا بێستون عەلی کەریم)، سلێمانی، ٣٠/٤/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- عەلی باپیر: س. پ، ل٤٤ -٤٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا نوری فارس حەمەخان)، سلێمانی، ١٥/١٢/٢٠١٥.
- چاوێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا بێستون عەلی کەریم)، سلێمانی، ٣٠/٤/٢٠١٥.
- نامەی مەلا مەحمودی گەڵاڵەیی لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنیەوە بۆ توێژەر، ١٤/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا حسێن حەسەن کەریم)، سلێمانی، ٢٠/١٢/٢٠١٥.
- عەلی باپیر: س. پ، ل ٤٦.
- نامەی مەلا مەحمود گەڵاڵەیی لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنیەوە بۆ توێژەر، ١٤/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- ئومێد ئیبراھیم محمد: س. پ، ل٢٧، ٩٥-٩٧.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (شێخ فاتح قەرەداغی)، سلێمانی، ٢٣/١٢/٢٠١٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا نوری فارس حەمەخان)، سلێمانی، ١٥/١٢/٢٠١٥.
- نامەی مەلا مەحمودی گەڵاڵەیی لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنیەوە بۆ توێژەر، ١٤/١٢/٢٠١٥.
- بێ ناوی نووسەر: پێویستی خوێندن بەکوردی لەکوردستاندا، گ. ڕزگاری، ژ (٤)، ساڵی یەکەم، یەک شەممە، ١٨ئایاری١٩٦٩، ل٨.
- عمر ابراھیم عزیز (دکتۆر): تگور التعلیم فی اقلیم کردستان مۆشرات ونوعیە، گ. ئەکادیمیای کوردی، ژ (٨)، ھەولێر، ٢٠٠٨، ل١٧٤.
- عبدالفتاح علي البوتاني (الدكتور) : في الذكرى لاتفاقية11 اذار 1970:لاول مرة اعترفت حكومة عراقية في وثيقة رسمية بالحكم الذاتي لكوردستان، موقع الكتروني صوت الاخر-اسبوعية سياسية ثقافة عامة، 11/3/2015
http://www.sotakhr.com/2006/index.php?id=24579.
؛ جیرارد جالیاند: م. س، ێ٢٣٩-٢٤٠؛ موحسین دزەیی: س. پ، ل٣٥٧؛ شاکرو خدو محوی: م. س، ص٣٨٥.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦. محەمەد باقی سەعید، لە ساڵی١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووەی خانەی مامۆستایانی بەغدادە لە ساڵی ١٩٥٦، یەکێکە لەدامەزرێنەرانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ساڵی ١٩٦٢، دەستەی نووسەرانی (گۆڤاری ئامانج) ی زمانحاڵی یەکێتی مامۆستایان بووە لە ساڵی ١٩٦٣، لە بواری (پەروەردەییو سیاسیو دۆزی کورد) بابەتی زۆری بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکان نوسیووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٣ خانەنشینکراوە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٨چۆتە وڵاتی نەرویجو تائێستاش ھەر لەوێ نیشتەجێیە.
- غازی حەسەن: خوێندەواری ڕێگەیەکی سەختو درێژ لە کوردستاندا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپو بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٨، ل٦٧؛ دڵشاد مستەفا وەسانی: کوردو بەغدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، ھەولێر، ٢٠١٤، ل١٢٠.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- ڕۆژنامەی ھاوکاری: ھاوکاریو وەزیری پەروەردەو فێرکردن، ژ (١٦)، شەممە، ٢/٥/١٩٧٠.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- غازی حەسەن: س. پ، ل٨٢ -٨٣.
- یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە١٥/٥/١٩٦٢ لە شاری سلێمانی دامەزراوە، (کامل حەسەن بەسیر) بوو بە سکرتێری یەکێتیە کەو، گۆڤارێکیشیان دەرکرد بە ناوی (گۆڤاری ئامانج). بڕوانە: محەمەد باقی سەعید مستەفا: بۆ مێژووو دامەزراندنو خەباتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٣، ل٥٢-٦٣.
- مەلا نووری ئاغجەلەری “نووری عەبدوڵڵا ێاڵح”: س. پ، ل٢١٠.
- محەمەد باقی سەعید مستەفا: س. پ، ل١٨٨.
- غازی حەسەن: س. پ، ل٧٥.
- مەلا نووری ئاغجەلەری “نووری عەبدوڵڵا ێاڵح”: س. پ، ل٢١٢.
- غازی حەسەن: س. پ، ل٧٥.
- محەمەد باقی سەعید مستەفا: س. پ، ل٢٢٤.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥. سامی حسێن نازم، لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، کۆلێژی پەروەردەی لە بەغداد لە ساڵی ١٩٥٣ تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٥٤ بووەتە بەڕێوبەری قوتابخانەی ناوەندی سلێمانی کوڕان، لە دوای ڕێکەوتننامەی ١١ ی ئازاری١٩٧٠ بووەتە بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی تا ساڵی ١٩٧٤، لەو پۆستەدا ماوەتەوە، لە سەردەمی ناوبراودا بواری پەروەردەو خوێندن لە پارێزگای سلێمانی زۆر بەرەوپێشچووە، دوای ھەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان شۆڕشو ڕژێمی بەعس لە ساڵی١٩٧٤چووەتەدەرەوە بۆ ڕیزی شۆڕش، دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی١٩٧٥ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دوورخراوەتەوە بۆ ڕومادییە، لەساڵی ١٩٧٩دا خانەنشینکراوە، ئێستاش نیشتەجێی شاری سلێمانییە.
- غازی حەسەن: س. پ، ل١ ٠٢.
- سامان حەمەغەریب: بەرنامەی (CV) لەگەڵ مامۆستا سامی حسین نازم، کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، سلێمانی، ٤/٧/٢٠١٠.
- غازی حەسەن: س. پ، ل٩٢.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥.
- غازی حەسەن: س. پ، ل ٩٤-٩٥.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- ڕۆژنامەی ھاوکاری: ھاریکاری کردن بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە لەناوچەی کوردستان، ژ (٣٢)، شەممە، ١٥/٨/١٩٧٠.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥.
- غازی حەسەن: س. پ، ل٨٥.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (م. ئەنوەر فەخری)، سلێمانی، ٢٣/٢/٢٠١٦. ئەنوەر فەخری واسف، لە ساڵی ١٩٣٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتاییو ناوەندیو ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٥٥ خانەی مامۆستایانی لە بەغداد تەواوکردووە، ھەر لەو ساڵەدا بووەتە مامۆستا، لە ساڵی ١٩٦٣ بووەتە بەڕێوبەری قوتابخانەی گۆرانی سەرەتایی، لە ساڵی ١٩٧٣ بووەتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە شاری سلێمانی، لە ساڵی ١٩٨٦ بووەتە سەرپەرشتیاری یەکەم، بۆ زۆرێک لە بڵاوکراوەکانی وەکو (ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەی ھاوڵاتی، ڕۆژنامەی ئامانج، گۆڤاری سلێمانی) بابەتی پەروەردەییو کۆمەڵایەتی نووسیووەو، لە ساڵی ٢٠٠١ خانەنشینکراوەو ئێستاش نیشتەجێی شاری سلێمانییە.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- بڕوانە پاشکۆی ژمارە (١١) سەبارەت بە ناو و ماوەی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٧٩.
- سامان حەمەغەریب: بەرنامەی (CV) لەگەڵ مامۆستا سامی حسین نازم، کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان، سلێمانی، ٤/٧/٢٠١٠.
- قوتابخانەی ھونەری ماڵداری (مدرسە الفنون البیتیە)، لە ساڵی١٩٥٧-١٩٥٨لە شاری سلێمانی دامەزراوە، یەکەمجار شوێنەکەی لەناو قوتابخانەی ئامادەیی کچانی سلێمانی بوو، بەرامبەر ماڵی شێخ قادری حەفید، بەڕێوەبەرەکەشی (مامۆستا نەسرین مستەفا مەزھەر) بوو، دواتر لە ساڵی١٩٥٨-١٩٥٩ گواستراوەتەوە بەرامبەر مزگەوتی گەورە، لەناو کۆگای مەعاریفدا بوو، بەڕێوەبەرەکەشی (مامۆستا گەلاوێژ عەزیز فەرەج) بووە. بڕوانە، ئەکرەمی ساڵحی رەشە: س. پ، ل٤٦١.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥.
- بەرنامەی لەیادتان ناکەین (ساتێک لەگەڵ مامۆستا سامی نازم حسێن)، تەلەفزیۆنی پەروەردە، سلێمانی، ٢٠٠٤.
- سامی حسێن نازم (مامۆستا): ھەولێک بۆ داڕشتنی ئەرشیفێکی تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پەروەردەییو پسپۆڕی لە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، گ. سلێمانی، ژ (٧٣)، ساڵی حەوتەم، ئابی٢٠٠٦، ل١١-١٤.
- بەرنامەی لەیادتان ناکەین (ساتێک لەگەڵ مامۆستا سامی نازم حسێن)، تەلەفزیۆنی پەروەردە، سلێمانی، ٢٠٠٤.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥.
- سامی حسێن نازم (مامۆستا): س. پ، ل١٤؛ عومەر محەمەد ئەمین، ئەنوەر ئەبوبەکر شارباژێڕی: س. پ، ل٧٩ -٨٠.
- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا سامی حسێن نازم)، سلێمانی، ٢٥/١٢/٢٠١٥.
- عومەر محەمەد ئەمین، ئەنوەر ئەبوبەکر شارباژێڕی: س. پ، ل٢٢٤ -٢٢٥.
- فەھمی ئەمین عەزیز: لە قوتابخانەکانی شار قوتابخانەی ناوەندیو دواناوەندی شۆڕش لە سلێمانی، گ. سلێمانی، ژ (٩٣)، تەمموزی٢٠٠٨، ل١٠-١١.
- بەرنامەی لەیادتان ناکەین (ساتێک لەگەڵ مامۆستا سامی نازم حسێن)، تەلەفزیۆنی پەروەردە، سلێمانی، ٢٠٠٤.
- پەیوەندیی تەلەفۆنی توێژەر لەگەڵ (مامۆستا محەمەد باقی سەعید)، ١٠/١/٢٠١٦.
- غازی حەسەن: س. پ، ل١٠٣-١٠٧.